كلێسته‌ ئۆرتیز؛ خود فۆتۆگرافی

خوێن و گرێ


Loading

ڤان شێرزاد

”خوێن و گرێ”

ڤان شێرزاد

هێشتا منداڵێکی بچکۆلە بوو ڕەنگ و قژێکی کاڵی هەبوو. کاتێک پیاوانی ناو خانەوادەکەی ڕوومەتیان دەگوشی ئەودیوی ددانەکانی زیڕەیان لێ هەڵدەستا. نەیدەزانی تووندگوشینەکانی منداڵی بەناو”دڵسۆزی” بۆ بەو شێوەیە بێزارکەرن… ڕۆژ بە ڕۆژ گەورەتر دەبوو لەناو ئەو دەست لێدان و گووشینانەدا، جەستەی گەشەی دەکرد. پرسیارەکانی ناو سەری تا دەهات زیاتر دەبوون، کە بوو بە دوانزە ساڵ ئیدی پیاوەکان نەیاندەتوانی بیخەنە ناو باوەشی خۆیان و بیگووشن، لەبری ئەوە ڕوومەتیان تووندتر ئازار دەدا تا ڕادەی سور هەڵگەڕان.

ڕۆژێک لە دەرەوەبوو بۆ یاریکردن، کەس لە کۆڵانەکەیان نەبوو. مێردمنداڵێک بەلایدا تێپەڕی، گەڕایەوە بەبیانووی پرسیار کردن لێی نزیک بوویەوەو بەرەو خانویەکی تەواونەکراوی کۆڵانەکەیان پەلکێشی کرد. تووند خۆی پێوە نووساند لەگەڵ دیوارەکە کردبووی بەیەک. هەستی بە ئێشی پەراسووەکانی دەکرد لەنێوان دیوار و سینگی مێردمنداڵەکەدا، بۆنی نێرینەیی و ئارەقەی بن باڵی لووتیان دەکوروزاندەوە. مەمکە تازە هاتووەکانی ئازاریان هەبوو، جارێ گرێیەکی بچوک بوون سەریان دەرهێنابوو. تووند دەستی خستبووە سەر مەمکی و دەیگوشی، ئازاری مەمکەکانی چاویان سوور هەڵدەگەڕاند، دەیویست خۆی دەرباز بکات وەلێ نەیدەزانی چۆن. هەرچەند جووڵەی دەکرد و پەڵەقاژەی بوو زیاتر بەدیوارەکەوە دەینوساند و پاڵی دەنا. دەنگی دەرگایەک هات تێکەڵ بەدەنگی ژنێك و چەند منداڵێک. نەیدەزانی خۆشحاڵ بێت یان بترسێت، هاوار بکات ئابڕووی دەچێت، ناتوانێ بیر لەوە بکاتەوە دواتر چی ڕوودەدات…

دەنگی ژنەکە دراوسێیەکەیان بوو  هاتە دەرەوە. مێردمنداڵەکە گوێی لە دەنگی دەرگاکە بوو و ڕایکردە دەرەوە، ئەو هەروا بە دیوارەکەوە نووسابوو، نەیزانی چی بکات. دەیەویست بگری و نەشیدەتوانی بگری، نیوەڕۆیەکی گەرمی هاوینە بەڵام دەلەرزی، ددانەکانی تەقە تەقیان بوو، بۆنی نێرینەیی مێردمنداڵەکە لەبەر لووتی لا نەدەچوو… ئەم ڕووداوە چاوەڕواننەکراوە چەند خولەکێک بوو بۆ ئەو ببوو بە چەندین ساڵ، کات خاوتر تێدەپەڕی بۆی. وەک خەوێکی سی  وابوو لەناو خەونێکی درێژ کە سی ساڵ بخایەنێت، دەچێتە ماڵەوە.

قورگی وشک بووە ناو دەمێکی تاڵ، دەیویست زمان بە لێوە وشک بووەکانی دابێنیت و تەڕی بکات، زمانی بە لێوی خوارەوەیەوە دەنووسێت. پەرداخێک ئاو بە دەستە لەرزۆکەکانی دەگرێت و دەیخواتەوە، لە دەنگەکان دەترسێت. لە دەنگی دەرگا، ژاوە ژاو و جموجۆڵی دەرەوە، هاواری بەقاڵەکان، دەنگە دەنگی ژنانی کۆڵان، تۆقیوە لەهەر دەنگێک لەو دیوی ماڵەکەیەوە بێت. دەست دەگرێت بە هەردوو گوێی و نایەوێت هیچ دەنگێک دزە بکاتە کەلێنی نێوان دەستەکانی و گوێی نایەوێت ببیستێت. شەو ناتوانێ بخەوێت، چاوەکانی دادەخات مێردمنداڵەکە دێتەوە بەرچاوی، خەوی لێدەکەوێت، ڕادەچڵەکێ، وادەزانێ لە بەرزایی سەربانی ماڵەکەیانەوە هەڵدراوەتە خوارەوە. دووبارە دەخەوێتەوە تووندتر ڕادەچڵەکی لەهەمان شوێن هەڵدەدرێتە خوارەوە.

گەورەتر دەبێت ئەو ناتوانێ ئەو ڕووداوە لەبیربکات تازە ئیدی هەموو ڕوومەت گرتنەکان بۆ ئەو دەبنەوە بەژان و دەیخەنەوە نۆستالۆژیایەکی تۆقێنەر. ئەو بە ڕواڵەت کچێکی گەنجە چاوەکان تەنها ئەوە دەیبینن، بەڵام گووشین و ماچی شەهوەتبازی پیاوانی ناو خانەوادەکەی نابینن. ناوێرێت لە نێرینە نزیک بێتەوە ترساوە، ڕووبەڕووی چەندین ڕووداوی تر دەبێتەوە؛ دەست لێ خشانی سمتی لەلایەن پیرەپیاوەکەی ناوبازاڕ، دەستگرتنی دوکاندارەکە لەکاتی پارە پێدان، چاوداگرتنی کوڕە گەنجەکان… هەموو ئەمانە، وادەکەن بەردەوام بیربکاتەوە و بترسێت خۆی وەک ژەمێکی بەلەزەت ببینێ لەبەردەم هەموو ئەو چاوە پڕ حەزە نەفرەتیانەی لە نووکی پێیەکانیەوە سەیری دەکەن تا کۆتا تاڵی قژی. ئەوان لەناوەوەی ئەودا مۆنۆمێنتی مناڵێکی تۆقێنراویان تاشی بوو کە هیچ کات ڕووداوەکان لە یادەوەری ئەودا لەناو ناچن  لە یادەوەری ئەودا، یاد دەکرێتەوە.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌