دوا شریتی كراپ - بیكێت

دوا شریتی کراپ بێکێت و ڕۆژمێرێکی تۆمار کراو


Loading

سامۆێل بێکێت گەردوونێکی تایبەتمەندە بەخۆی و دەقە شانۆییەکانی ژانرێکی تایبەتی بێکێت-ە، کە لە مێژووی شانۆدا، ناوازەیە و لە دەقی هیچ نووسەرێکی تر ناچێت؛ ئەوەی ئەو نووسیویەتی، چ لە ڕووی فۆرم و چ لە ڕووی ناوەڕۆکەوە، دابڕانێکی سەرتاسەری و سەراپاگیرە لەگەڵ ئەوەی بەر لە بێکێت و ئەوەی لە دوای بێکێت-یشەوە نووسراوە. ڕەنگدانەوە و کاریگەرییەکانی ئەم تایبەتمەندێتییە لە ئەدەب و دەقی شانۆی جیهانیدا، بە ڕوونی ڕەنگیان داوەتەوە: هارۆڵد پینتەر، لاش نۆرێن، سارا کێن و یان فۆسە، تەنها چەند نموونەیەکن.

بێکێت لە ساڵی ١٩٥٨ دا و لە تەمەنی ٥٢ ساڵیدا، دوای شانۆنامەی (بەدەم چاوەڕوانی گۆدۆوە) مۆنۆدرامای (دوا شریتی کراپ)ی بە زمانی ئینگلیزی نووسیوە، دەقەکەیش یەکێکە لەو شانۆنامە کورتانەی بێکێت، کە بە چڕی و به‌ وردییه‌وه‌ کاری لەسەر کردووە؛ دەقەکە چەندە ساکارە، هێندەیش گران و ئاڵۆزە. بێکێت ئەم شانۆنامە کورتە یه‌کپه‌رده‌ییه‌ی بە تایبەتی بۆ ئەکتەری ئێرلەندی (پاتریک ماگێ) نووسیوە، کە لەوەوبەر لە زۆربەی دەقەکانی تری بێکێت دا ڕۆڵی سەرەکی بینیوە و بێکێت بە تایبەتی سەرسام بووە بە نەبرە و تۆنی دەنگی ئەم ئەکتەرە.

بێکێت نزیکەی ٣٠ کورتە دەقی شانۆیی و سیناریۆئامێزی نووسیوە، کە هەندێکیان لەسەر شانۆ، تەنها چرکە ساتێکی کورت دەخایەنن.

Samuel Barclay Beckett (* 13. April 1906 in Dublin; † 22. Dezember 1989 in Paris)

(دوا شریتی کراپ) یەکێکە لەو دەقە مۆنۆدرامایانەی بێکێت، کە بە بەردەوامی لەسەر شانۆکانی دونیا نەمایش دەکرێت، بەڵام چەندە ئەم دەقە وەک مەنەلۆژێک ئاماژەی بۆ دەکرێت و تەنها یەک ئەکتەر لەسەر شانۆیە، هێندەیش دەقێکی دایالۆگئامێزە، پەیڤێکی قووڵی سایکۆلۆژی و فەلسەفیشە لەگەڵ دەنگی (کراپ) لە هەموو تەمەنیدا. کراپ لەگەڵ خودی خۆی، لەگەڵ (من)ی تەمەنە جیاوازەکانیدا دەدوێت و یادەوەرییەکان چەندان (من)ی جودای زەمەنە جیاوازەکان لەخۆ دەگرێت و بەرجەستەیان دەکات.

کراپ، هەموو ساڵێک لە ڕۆژی لە دایکبوونیدا، شریتێک، کە پیاچوونەوەیەکی ئەو ساڵەیە؛ لەو ساڵە دا چی ڕوویداوە و هەستی بەچی کردووە و لەگەڵ کێ بووە، وەک یاداشتنامەیەکی دەنگی، تۆمار دەکات، ئەم کارەیشی هەر لە تەمەنی لاوێتییەوە کردووە. تۆمارکردنی ئەم یادەوەرییانەیش، گەڕانەوەیەکە بۆ ئەو کاتانەی بەسەرچوون. کراپ، کە ئێستا ٦٩ ساڵەی تەمەنی پڕ دەکاتەوە و وەک خۆئامادەکردنێک بۆ تۆمارکردنی ساڵی ڕابردوو، بە گوێگرتن لە هەندێک لە تۆمارە کۆنەکان دەست پێ دەکات، بۆ ئەو مەبەستەیش گوێ لە تۆمارێکی کۆنی خۆی، کە تەمەنی ٣٩ ساڵ بووە، دەگرێت. کراپ لەو شریتەدا باسی ئەوە دەکات، کە گوێی لە تۆمارێکی تری خۆی گرتووە، کە تەمەنی ٢٩ ساڵ بووە. ئەمەیش خویەکە، هەموو ساڵێک لە ڕۆژی لە دایکبوونیدا، بەر لە تۆمارکردنی شریتێکی نوێ، گوێ لە یەکێک لە تۆمارە کۆنەکانی دەگرێتەوە. بەم شێوەیە هەموو ژیانی لە نۆ قوتودا، کە شریتە تۆمارکراوەکانی تیا هەڵگرتووە، کۆکردۆتەوە. ئەوەی ئەویش بە درێژایی تەمەنی تۆماری کردوون، جۆرێکە لە ڕۆژمێرێکی تۆمارکراو.

بێکێت بەم شێوەیە وێنای ژیانێک دەکات؛ بە پەیژەکانی تەمەن دا لە گەنجییەوە بۆ پیربوون سەردەکەوێت، گەنجێک لەنێو پیاوێکدایە و پیاوێکیش لەنێو پیرەمێردێکدا. بێکێت لە چڕکردنەوەی ژیانی کراپ-دا، چەندان مەسەلە دەخاتە ڕوو، لە خۆ بێزاربوون، کە لە دڵەڕاوکێیەکی تەژی لە توڕەییەوە دێت، هەستێکی له‌پڕی دابڕان لە خود و یادەوەرییەکان، توانا و خۆشەویستی. لەنێو ئەو هەموو شریتانەوە، یادەوەرییەکان دێنە دەرەوە، بە تایبەتیش یادەوەرییەک؛ لەم شریتەدا کراپ پێوەندییەکی خۆشەویستی خۆی بە ئافرەتێکەوە بیر دەکەوێتەوە، ئەو ساتەی دەیانەوێت کۆتایی بەو پێوەندییە بهێنن، لە کاتێکدا ئافرەتەکە هیچ په‌رچه‌کردارێکی نابێت، لەگەڵ ئەوەیشدا، ئافرەتەکە سەیری ئەو دەکات. کراپ لەو تەماشاکردنەدا، لەو تێڕوانینەی ئافرەتەکەدا و لەو چرکه‌ساته‌دا، هەست بە کاریگەرییەکان دەکات. (کراپ) هەر لەو ساته‌یشدا هەست بەوە دەکات، کە ژیانێکی تر چاوەڕوانی دەکات. خۆشەویستی شتێکە لەگەڵ ئەو ناگونجێت، لەم ساتەی ته‌مه‌نیشیدا چۆتە تاریکییەوە، تاریکی دەروونی و ڕۆحی خۆی، کە لەوێدا خۆشحاڵە و هەست بە ئاسودەیی دەکات.

یەکێک لە دیمەنەکان بەلەمێکی باریکی بچووکە. کراپ لە پچراندنی ئەو پێوەندییە خۆشه‌ویستییه‌ دایه‌ بەو ئافرەتەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا خۆی داوە بەسەر جەستە ڕووت و قوتەکەیدا. هەردووکیان بێ جووڵەن، بەڵام بەلەمەکە لە ژێریاندا دەجووڵێتەوە، ئاوەکە ڕایان دەژەنێت و دەیان هێنێت و دەیان بات، تیشکی خۆرەکەیش بێدەنگییەکەیانی ڕووناک کردۆتەوە.

دەمووچاوم بە سنگییەوەنووساند بوو و دەستیشم بەوەوە. ئێمە له‌وێدا بەبێ ئەوەی بجووڵێین پاڵکەوتبووین. بەڵام لە ژێر ئێمه‌دا هەموو شتێک دەجووڵایەوە، ئێمەیشی دەجووڵان، لەسەرخۆ، بۆ سەرەوە و بۆ خوارەوە و لەم لاوە بۆ ئەولا.

(پشوو. سەری بەرز دەکاتەوە، چاودەبڕێتە بەرامبەر خۆی.)

دوای نیوە شەو. هەرگیز هەستم بە بێدەنگییەکی ئاوا نەکردووە. هەروەک ئەوەی کەس لەسەر گۆی زەوی نەژی.

(پشوو)

من ئا لێرەدا وەستاوم.

 

دیمەنەکە، وێنەیەکە باسی (کات) دەکات، هەموو دەقەکەیش بەرجەستەی کاریگەرییەکانی کات بەسەر مرۆڤەوە دەکات؛ کات دەڕوات و مرۆڤەکان دەگۆڕین، لە ڕووخسادا، لە تەمەندا و لە جۆری تێگەیشتن و بیرکردنەوە دا. ڕەخنەگرەکان ئەوەیان دووپات کردۆتەوە، کە بە هیچ شێوەیەک ڕێکەوت نییە، یه‌که‌م کتێبی بێکێت لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ك بووە سه‌باره‌ت به‌ “مارسیل پرۆست” و ڕۆمانی “گه‌ڕان به‌دوای کاتی به‌سه‌رچوو”، کە بریتییه‌ له‌ چڕبوونه‌وە له‌ کاته‌کانی ڕابردوو، ئێستا، هه‌روه‌ها ئایینده‌ و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی تێڕوانینێکی قووڵ و فەلسەفییە و کاریگەرییەکان گۆڕانکاری دیار و نادیار دروست دەکەن.

 

یادەوەرییەکان جێگای سەرنجی بێکێت بوون؛ ئەم نووسەرە یادەوەرییەکان لە چەمکەکانی کاتدا کۆ دەکاتەوە و (من)ەکان لە خودی یادەوەرییەکانەوە، لە کاتەوە، لە گۆڕانکارییەکانەوە، فۆرمی تر لەخۆ دەگرن، چۆن (من)، ڕامان و له‌خۆگه‌یشتن، بە بەردەوامی گۆڕانکارییان بەسەردا دێت. ئێمە چەند جۆرێکی جودا دەژین. کراپ هەندێک جار بێزی لە (من)ە کۆنەکانی خۆی دێتەوە، تەنانەت خەونە کۆنەکانیشی، بەڵام ئەم گۆڕانکارییانەیش، دەکرێت وەک قووتاربوون و سەرفرازییەک تەماشا بکرێن. یادەوەرییە لێوانلێو لە ئازار و تەنهاییەکی کوشندە و (من)ێک، کە لە خۆیدا سەرگەردان و نامۆ بووە، شانە گرینگەکانی دەقەکەن.

دەقەکە، وێنەیەکی نزیکی پیاوێکی بە تەمەنە، کە چرچییەکانی سیما و دەموچاوی له‌ژێر کارییگەرییەکانی کاتدا ئاوساون، چۆنییەتی تێڕامان و جووڵەی چاو، نەخشەی ژیانێکمان لەسەر مێزەکەی بەردەمیدا بۆ دەکاتەوە. بێکێت هەموو وردەکارییە پراکتیکییەکانی لە جووڵە و جۆری دانیشتن و هەڵسوکەوتێکی کراپ-ی لەسەر شانۆ ده‌ستنیشان کردووە. لەم ڕووەیشەوە زۆر توند بووە بەرامبەر هەر ریژیسۆرێک کاری لەم دەقەدا کردووە، کە ئەوەی ئەو تۆماری کردووە، بە تەواوی جێ بەجێ بکرێت؛ ریژیسۆری نەمایشەکەیش ناچار دەکات، کە شوێنپێی تێبینی و سیناریۆ و ئاماژەکانی بکەوێت و بە وردی لە نەمایشەکاندا بەرجەستەی بکەن، بۆ نموونە مۆزخواردنه‌که‌ی، مەی خواردنەوە بەردەوامەکەی کراپ لە دەرەوەی پانتایی شانۆکەوە، هەروەها ئەو شێوازە لێبوکییەی کراپ، کە هەمیشە بە جووتێ پێڵاوی سپییەوە، قاچەکانی لە ژێردەرگاکە دەگیرێت و سەرسم دەدات. بێکێت دواتر هەندێک نەرمی بۆ ئەم یاسایانەی تۆماریکردون، نواندوە. ئەو هونەرمەندانەیشی کاریان لەگەڵ بێکێت کردوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە بێکێت چەندە لە شانۆ و مەسەلە پراکتیکییەکان و دیدی ریژی نزیک بۆتەوە، هێندەیش بۆ گۆڕانگارییەکان و ئازادییەکی زیاتر بۆ ئەکتەر و ریژیسۆرەکان، دەکرێتەوە. ئەو خۆی لەکاتی کارکردن، بە تایبەتیش لەم دەقەیدا، گۆڕانکاری زۆری کردووە و هەندێک شتیشی لابردوە، تا لەگەڵ ئەو ئەکتەرەی کاری لەگەڵ کردووە، بگونجێت، هەر لەم ڕووەوە، ئەم دەقە لە دەستنووسە سەرەتاییەکاندا، مۆرکی لێبوکێکی لەخۆ گرتوە، بەڵام بێکێت وەک لەوەوبەر ئاماژەمان بۆ کردووە، چەندان جار کاری لەم دەقەدا کردووە و جار لە دوای جار پاکی کردۆتەوە و دایماڵیوە، تا ئەو ئاستەی زیاتر مەسەلەکانی بێئومێدی تیا چڕ و زەق کردۆتەوە.

(دوا شریتی کراپ) ئێستا لەسەر شانۆی پادشایەتی ستۆکهۆڵم نەمایش دەکرێت؛ ئەو ئەکتەرە پیرەی ئەم ڕۆڵە دەبینێت، بە قژ و ڕێشێکی سپی درێژەوە، بە هەنگاوی قورس و هەناسەی توندەوە، بە هەندێک جار جووڵەی خاوی جەستەیەکی ماندووی پیرەوە، دەقەکە دەگەیەنێتە ئاستێکی تر و ژیان دەکات بە بەری ڕەوشە خودگەراکاندا و لە هەست و هۆشێکی پیرە پیاوێکی ماندوو دا، ئاوێزانی دەکات.

توانای ئەکتەر لە کۆکردنەوە و پێکەوە بەستنی شتە بچووکەکاندا دەردەکەوێت، کە لە دیمەنە یەک لە دوای یەکەکاندا، وێنای شتە گەورەکانی پێ دەکات. لە وێنە گەورەکەدا، لە مەنەلۆژەکەی (کراپ)، لە دیالۆگەکانی لەگەڵ (من)ە جیاوازەکانی تەمەنیدا، چرکەساتەکانی ژیان لە ڕەوشە گەورەکان دا، بەرجەستە دەکات. بێکێت بەم شێوەیە و لەم مەنەلۆژەدا، چەندان ساڵ لە ئەزموونی کارەکتەری کراپ، لە یەک کاتژمێردا چڕ دەکاتەوە؛ بە مانایەکی تر چرکەساتێک لە کات دەوەستێنێت.

ئەم دەقە چەندە کورت و بچووکە، بەڵام پێویستی بە ئەکتەرێکی گەورە و بە توانا هەیە، ئەکتەرێک بتوانێت لە پیریدا خۆی بێت، ساتە شیعرئامێز و ڕەوشە گرژ و توڕەکان، گەڕان بە دوای (من) لە ڕابوردوو، هاوکات لەگەڵ ئەوانەیشدا، ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕووبەروویان بۆتەوە، پێوەندی پێیانەوە هەبووە و لەگەڵیان ژیاوە.

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین