بەکر عەلی - نوسەر و بیرمەند

کارەساتی جیابوونەوە، سەبارەت بە لەدایکبوونی تاک لە ڕۆحی جیابوونەوەوە


Loading

بەکر عەلی – نوسەر و بیرمەند

کارەساتی جیابوونەوە، سەبارەت بە لەدایکبوونی تاک لە ڕۆحی جیابوونەوەوە

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی هاوڕێیەتییەوە…

 بەکر عەلی

 

`لەلای من باوجودی ناس و ئەجناس

 کەسی کەی تیا نییە ئەم شارە بێ تۆ` –  نالی

`هاوڕێکەم، کە لە ڕادەبەدەر خۆشمدەویست، ئەو کە لەهەموو نەهامەتییەکاندا لەگەڵمدا بوو، ڕۆشت و تەنیا جێی هێشتم. کۆچی ئەو چارەنووسی خۆمی پیشاندام.` –  گەلگامیش لەمەرگی ئەنگیدۆی هاوڕێیدا.

 

`لەڕاستیدا من سەرسام بووم بەوەی کەسانیتر هێشتا زیندوون و کەچی ئەوەی من خۆشمدەویست مرد… لەوەش زیاتر من بەوە حەپەسابووم کەوا خودی خۆشم، کە منی دووەمی ئەو بووم، هێشتا زیندووم و دەژیم، ئەگەرچی ئەو مردووە.` –  ئەوگوستینوس. دانپێدانانەکان.

`لای من تاک نییە، بەڵکو جووت هەیە. تاک دەرئەنجامی دابەشبوونی جووتە` – سلۆتەردایک.

 

 

مرۆڤ بوونەوەرێکە بەردەوام لەنێو کایەکاندا دەژی. هەبوونی مرۆڤ لە بنەڕەتدا هەبوونێکی کایەدارییە، بگرە مێژووی مرۆڤ بریتییە لە مێژووی دروستکردنی کایەکان. کایەش بریتییە لەو شوێنە ڕۆحییانەی لە جەمسەرێک و لە لایەنێک زۆرتری تێدایە. هیچ هزرێک ناتوانێت وێنای کایەیەک و شوێنێک بکات کە تەنیا تاکێک و لایەنێکی ڕووتی تێدا هەبێت. چونکە گەر تەنانەت تاکێکیش لەڕووی فیزیکییەوە لە ناو شوێنکدا بەتەنیا هەبێت، ئەوا خودی ئەو تاکە بەرەنجامی دابەشبوونی جووتەکانە، هێشتا ئەو تاکە دەرەنجامی دووکەرتبوونی ئۆبیەکتە دووانەییەکانە. لێرەوەیە مرۆڤەکان هەمیشە سیفەتی سوریالیزمییان هەڵگرتووە، چونکە مرۆڤەکان هیچکات تاک نین، بەڵکو مرۆڤ هەمیشە دووان و زیاترە. گەر مرۆڤ بوونەوەرێکی تاک بووایە لە خۆیدا، ئەوا بوونەوەرێکی هەژار و کەم سیفەت دەردەچوو، بەڵام بەوەدا ئەو هەموو تیۆرییە جۆراوجۆرەی ناسینی مرۆڤ هەیە و زۆرینەیان جەخت لە فرەیی و پڕێتی و چەندینەیی ناوەوەی مرۆڤ دەکەنەوە ئەوا شتێکی دروستە گەر مرۆڤ وەک بووونەوەرێکی دەوڵەمەند پێناس بکرێت.

لەڕووی ئۆنتۆلۆگییەوە ئەوە سەلمێنراوە کەوا بوونی مرۆڤ بوونە لەگەڵ ئەوانیتردا، لەڕووی سۆسیۆلۆگیشەوە، مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە. بەڵام ئێمە دەبێت لەچ ڕوویەکەوە و لەکام کایەیەدا بگەڕێین بۆ سۆراغی تاک؟ تاک لەکوێدا دەبینرێت و تاچ مەودا و دووراییەک دەتوانێت وەک تاک لەنێو میکرۆکایەدا بژی؟ ئایا تاک لەچ ڕووداوێکەوە کایەی بچووک( میکرۆسفێر)ی خۆی دەگوێزێتەوە بۆ کایەی گەورەتر (ماکرۆسفێر)؟

ڕەنگە یەکێک لە دڵتەزێنترین ئەو ڕووداوانەی دەبنە مایەی وروژاندنی ئەم جۆرە پرسیارانەی هەر تاک و هەر خودێک لەخۆی بکات، لەڕووی مەعریفییەوە نەبێت، بەڵکو ڕووداوێکی زۆر وجودییانە بێت کە پتر وەک هەستی نامۆبوون و بەخودبێگانەبوون دەناسرێت. “خودبێگانەیی“ بریتییە؛ لە دووانەیی بوونی هەستی مرۆڤ لە دۆخی ژیان و لەناو بوارە تایبەتمەندییەکەی هەبوونی خۆیدا. بەڕادەیەک، تاک لە ڕووی هۆشیاری و ڕۆحییەوە دووکەرت دەبێت کە چیتر خۆی لا دەبێتە نامۆ و بێگانە. لێرەوە، دەستدەداتە خەباتکردن بۆ ڕەوینەوەی ئەم فانتۆمی نامۆییە و دەخوازێت دووبارە خۆی یەک بخاتەوە و ببێتەوە بە خودانی خۆی. هەموو تێۆری مارکس بۆ “نامۆبوون“ و هەموو دیدی هایدیگەر لەسەر “ناڕەسەنبوونی دازاین“ لەم دەستنیشانکردنەدا کورت دەبێتەوە؛ لەگەڵ خودنامۆبووندا مرۆڤ کار بۆئەوە دەکات ببێتەوە بە خودانی خۆی.

نامۆبوون لای هیگڵ و دواتر مارکس، هەروەها کەوتن و “ناڕەسەنبوونی دازاین“ لای هایدێگەر بریتین لەو کارەساتە دڵتەزێنە نێگەتیڤەی کە مرۆڤ بەرەو دۆخێکی پۆزەتیڤ هان دەدەنەوە، ئەمە ئەگەر جیاوازی جۆر و چۆنایەتی ئەو نامۆبوون و کەوتنە لەنێوان مارکس و هایدیگەردا لەبەرچاوبگرین.

لەم هەوڵەمدا بۆ ناسینەوەی `تاک لە کایەکاندا` ناگەڕێمەوە سەر دیدی ئەو دوو فیلۆسۆفە کە لەجێی تردا لەسەریان دوواوم، بەڵکو زۆرتر سەروکارم لەگەڵ تیۆری `کایەناسی سلۆتەردایک` دا دەبێت. لەبەرئەوەی پڕۆژەی کایەناسی ئەو هەمەکیترین تیۆری شوێنمان پێشکەش دەکات؛ کە شوێنەکان تەنیا جێگە فیزیکییەکان نین، بەڵکو دیوە ڕۆحییەکانیشن، ئەو پانتاییانەن کە لەنێوبەندیدا ئێمە هەین، وەک خۆشەویستی و هاوڕێیەتی کە بریتین لەو بوارانەی ئێمە پێکەوە دەبەستنەوە. واتە، ئەو کایانەن کە زیاد لە تاکێک لەخۆدەگرن، ئەوانە شوێنە گیانلەبەرەکانن.

ئێدوارد مونخ؛ مردن ، دایك و منداڵ

یەکەمین شۆک بەر مرۆڤ دەکەوێت مەرگ نییە، بەڵکو لەدایکبوونە. مەرگ بەسەر مندا بێت کۆتاییم دێت و هیچ مانا و شۆکێکم بۆ دروست ناکات، مەگەر مەرگی ئەوانیتر نەبێت، بەڵام ئەوەی مانا لای خود دەئەفرێنیت سەرەتا تەنیا لەدایکبوونە، هاتنە دنیایە لە کایەیەکی داخراوو دابڕاوەوە، کە منداڵدانی دایکە، بۆ نێو کایەیەکی کراوە و واڵا کە جیهانە. ئەم ڕووداوە بریتییە لەو تەقینەوە گەورەیەی لێوەی مرۆڤ لە ئەنجامیدا وەک تاک دێتە دنیاوە، بەر لەتەقینەوەکە، مرۆڤ لەهەناوی دایکیدا وەک دووان دەبینرێت، تەنیا دوای هاتنە دنیاوە، دووای دابەشبوونی دووانەکە ئیتر تاک لەدایک دەبێت. بەڵام لەڕەوتی ژیاندا و لەنێو هەلومەرجە توند و تاڵەکانی ژیاندا شتی سامناک ڕووداوی لەدایکبوون نییە، بەڵکو سامناکی بریتییە لە ڕووداوی مەرگی ئەویتر کە لای من دەبێتە مۆتیڤ و بزوێنەری سەرهەڵدانی هۆشیاری سەبارەت بە هەبوونی خۆم و ژیانی خۆم. لەنێو جیهاندابوونم و لەنیو ژیاندا بوونم لەڕێی خودی خۆمەوە دەرک بە کۆتادارییەکەی ناکەم، هەست ناکەم بوونم بەرەو کۆتایی بریتی بێت لە هۆشیارییەکی زگماک و خۆڕسکانە و لەگەڵ خۆمدا هەڵمگرتبێت، بەڵکو سەرەتا تەنیا لەڕێی مەرگی ئەویترەوە هۆشیاری کۆتاداریم تیادەچێ دەبێت. ئەویتر دەمرێت و دواتر هۆشیاریم بۆ مەرگ دەپژێت.

ئەویتر وەک؛ دۆست، وەک هاوڕێ، وەک خۆشەویست و کەس و هتد… بریتییە لەو بەشەی تری من کە لەناوەوەمدا تەواوم دەکات، تەنیاش بەهۆی جیابوونەوە و دابڕانەوە لێی دەرک بە بۆشایی و بە کەماسی ناو خۆم دەکەم، لەگەڵ جیابوونەوەی ئەویتردا ئیتر هەست بە تەنیایی و تاکانەیی خۆم دەکەم. ئەوەی وادەکات من هەست بە تاکبوونی خۆم بکەم ڕۆشتنی ئەوە و مانەوەی منە، کۆچکردنی ئەوە و بەجێمانی منە. گەر تێڕامانیش لەم تیۆرییە بکەین، ئەوا دەبینین لەنێوخۆیدا جۆرێک حەسرەت و خەم و دڵتەنگی هەڵگرتووە، بەڕادیەک زۆرێک لە دابڕان و کۆچەکان دەبنە مایەی دروستبوونی خەم و پرسەی دراماتیکیش، وەک لە حاڵەتی مەرگی ئازیزانماندا.

مرۆڤ بوونەوەرێکە هەمیشە پێشبینی لەکیسدانی کەسەکانی خۆی دەکات؛ پێشبینی مەرگ و کۆچ و دابڕان و جیابوونەوەی ئەویتری دۆستی دەکات. ڕوودانی کارەساتی جیابوونەوە، لەدووای ڕوودانی یەکەمین لەدایکبوون، بریتییە لە زادگەی لەدایکبوونی تاک لەجۆرێکی تردا. بەڵام لەم ڕووداوە کارەساتاوییەدا مرۆڤ بۆئەوەی بەرگەی ئازارەکان و ئەشکەنجەکانی بگرێت توانیویەتی کارەساتی جیابوونەوە بگۆڕێت بۆ شێوەیەکی تری ژیان، تا بتوانێت لێوەی درێژە بە هەبوونی خۆی بدات. بە نموونە لە دژی کارەساتی مردن، مرۆڤ هەر لە کولتورە دێرینە باڵاکانەوە گەڕاوە بە دووای نەمری دا، خولیایی دۆزینەوەی هێزە نادیارە باڵا میتافیزیکییەکەی هەبووە. چیرۆکی فەرهەنگەکان بەم جۆرە هاتوون، گەر لە “کایە بچووکەکاندا“ شکستیان هێنا بێت، ئەم شکستییەیان کردۆتە مادەیەکی باش بۆ گواستنەوە و گۆڕان بەرەو کایەی گەورەتر. بیرۆکەی داهێنانی ژیانی ئەودیو لەڕاستیدا جۆرێکە لەو تەکنیکانەی مرۆڤ بۆ بەرگریکردن لە هەڕەشەکانی جیهانی ئەمدیو دایهێناوە. لەمڕووەوە ئاین ڕەنگە بریتی بێت لە تۆکمەترین سیستەمی ئیمون کە کولتورە باڵاکان دایان هێنابێت، وەک سلۆتەردایک دەیبینێت.

تێگەیشتنی باو، ئەقڵی ترادیسیۆنی هەمیشە و تەنیا ڕووداوە دەرەکییەکانی بینیوە، تەنیا لەڕێی سەرهەڵدانی پسایکۆلۆگیاوە وەرچەرخانێک دروست بوو کە ئاراستەکە بەرەوناوەوە پێچ پێ بکاتەوە.  دەروونئارایی بووەتە جۆرە تەوژمێک وامان لێ دەکات شتەکانی دەرەوەش وەک ناوەوەیەکی گەورەببینین، ئەوەی `سلۆتەردایک` لە `پرۆژەی کایەناسیدا` ساغیکردەوە؛ ئێمە لەناوەوەیەکداین کە دەرەوەی هەڵگرتووە… دەرخستنی ئەو سیفاتە ئاوێتەییەی دەرەوە و ناوەوەیە لەیەک کایەدا. بێ هۆ نییە هەموو ئەو هەستانەی لە هەناو و قووڵایی دەروونماندا چێ دەبن، وەک؛ ترس، نیگەرانی، تەنیایی، وەڕزی، بێزاری، خۆشی و کامەرانی هەموو ئەو هەستانەن کە پەیوەستن بە ڕووداوەکانی دەرەوە. واتە دەرەوە فاکتۆری ناوەوەی منە.

دروستبوونی پسایکۆلۆگی ڕێک بۆ ئیشکردنە لەناو ئەو فاکتۆرە دەرەکییانەی لەناوەوەماندا دەبنە مۆتیڤ و بزوێنەری پسیکۆلۆگی. لێرەوەیە ڕۆح یان دەروون، کە بریتییە لە دیوی ناوەوەمان، پێکهاتەیەکی خودگەراو و بابەتگەرایە. گەر بەچەمکێکی فەلسەفی وەک سلۆتەردایک بڵێین، ئەوا چەمکی (( ڕۆحی جیهان)) واتە شتەکان و ڕووداوەکانی دەرەوە وەکو ناوەوەیەکی گەورە تەماشا بکرێن. هەڕەشەکانی دەرەوە ببنە بزوێنەری ترسەکانی ناوەوە. لەوکاتەوەی مرۆڤ دەرکی بەهەڕەشەکانی دەرەوە کردووە، لەناوەوە ترسی بۆ خودی خۆی لادرووست بووە.

هەڵبەت ئەم ڕووداوەش سەرەتا هەڕەشە لەئەویتری نزیکم دەکات و لەمەوە خود دەرک بە هەڕەشەکە بۆ سەر خۆی دەکات. مەرگی ئەویتر ڕووداوێکە لەنێو من دا ترسی هەمان چارەنووس دەوروژێنێت. لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕۆژێک دەبێت ئەویتری نزیکم، هاوڕێکەم، خۆشەویستەکەم، یاوەرەکەم لە کیس بدەم، سەرەتای دەرککردنە بە کۆتاداری بوونی خۆشم. وەک چۆن گەلگامیش لە مردنی ئەنگیدۆی هاوڕێیدا چارەنووسی خۆی دەبینێتەوە. بەڵام هەر لەو ساتەوە خود لەشوێن دۆزینەوەی یاوەر و هاوبەشی تری ژیاندا بووە، واتە لەپاش مەرگ و دابڕانی خود لە ئەویتری نزیکی، هێشتا دەستبەرداری ژیان نەبێت، بەڵکو بەبێ ئەوانیش هەر درێژە بەژیان بدات. وەک سلۆتەردایک دەڵێت: مەرگ دەبێتە شرینقەیەک بۆ دروستکردنی کایە و پەیوەندی تر. وەک چۆن ئەوگوستینوس بیری مەرگی هاوڕێ نزیکەکەی دەکاتەوە و ئەوەی تیا دەبینێت کە ئەگەرچی منی دووەم و تەواوکەری ئەو بووە، کەچی ئەو هەر بەردەوامە لە ژیان و دەگەڕێت بەدوای هێزێکی باڵای نادیاردا کە خودایە و مایەی دڵنەوایی و دڵدانەوەیەتی.

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌