ڕوانینێک لە ھونەر؛ لەڕوانگەیەکی فێمینیستانەوە

بۆ بینی گه‌له‌ری كرته‌ بكه‌ سه‌ر فۆتۆكان

ئاماده‌كردن /شێنا  محەمەد –
پرۆژەی کولتور مەگەزین و  ناوەندی غەزەلنووس لە ١٧/٥/٢٠١٧ ئێوارە کۆڕێکی لەژێر ناوی (فێمینزمو  ھونەر) بۆ ھەریەک لە (ھۆزان محمود، رێزان بەتولە، رێبین مەجید و ) سازکرد و ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین  دیالۆگه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌ ده‌برد. کۆڕەکە دیالۆگێکی کراوەبوو دەربارەی تێڕوانین لەھونەر لەڕوانگەیەکی فێمینیستانەوە. دیالۆگەکە بەڕوونکردنەوەی تابلۆیەکی مانێت لەلایەن ھونەرمەندی نیگارکێش رێبین مەجید کە خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە لەندەن، دەستی پێکرد. ئەو تابلۆیە یەکێکە لە تابلۆ دیارەکانی مانێت، کە لەمێژوودا بەتابلۆیەکی گرنگ دادەنرێت زۆری لەبارەوە وتراوە. مانێت لەتابلۆکەدا فیگۆری جەستەی ژنێکی لەشفرۆشی کێشاوە، کە سەیری کڕیارەکەی دەکات، بەپێچەوانەی ھەموو ئەو تابلۆیانەی پێشتر کێشرابوونء تێیاندا تەنھا فیگۆری جەستەی ژنێکی ملکەچ یان زوڵملێکراو پیشاندەدرا، کە ھەمیشە دەستیان لەسەر ئەندامەکانی جەستەیان دادەنا.

بەشێکی زۆری تابلۆکانی مێژوو جەستەی ڕووتی ژنان بوون

لەمبارەیەوە ڕبین مەجید وتی: “بەڕای زۆرێک ئەم تابلۆیەی مانێت پێماندەڵێت ژن لێرەوە بوونی خۆیمان پیشان دەدات، چونکە لە تابلۆکەدا بۆیەکەمجار سەیری چاوی کڕیارەکەی دەکات بێئەوەی ملکەچ بێت، چیدیکە سەری خۆی داناخات دەڵێت من ھەم و  ڕوانینی خۆم ھەیە، ئەمە بەشێکی زۆرە لەو شیکردنەوانەی کە بۆ تابلۆکە کراوە لەمێژوودا، چونکە بەشێکی زۆری تابلۆکانی مێژوو جەستەی ڕووتی ژنان بوون، کە ئارتێستەکان لەسەر خواستی خانەدانەکانء بۆرژوازەکان دەیانکێشان و  ناوی خوداکانیان لێدەنان و  پاشان خانەدانەکان بۆ خواستی غەریزیی خۆیان لەنێو ماڵەکانیاندا ھەڵیاندەواسین”.

بەشێوەیەکی گشتی لەزەمەنەکاندا بەشێوەیەکی جیاواز جەستەی ژن نمایش دەکرێت

بەڵام ھۆزان مەحمود سەبارەت بەفیگوری ژن لەسەردەمە جیاوازەکانی ھونەردا،  وەک وەڵامێک بۆ شیکردنەوەی تابلۆکەی مانێت گووتی:

سەرەتا ئەگەر باس لەفیگۆری ژن بکەین لەھونەردا بەشێوەیەکی گشتی لەزەمەنەکاندا بەشێوەیەکی جیاواز جەستەی ژن نمایش دەکرێت، بۆ نمونە لەوکاتانەدا کە پێویستە وەک داپۆشراوێک یان دایکێک یان ژنێکی ملکەچ یان وەک ئایدیالێک لەخێزاندا لەتابلۆ مەزھەبی و دینییەکاندا لەسەردەمی کریستیانەکاندا بەدیدەکرێت، لەزەمەنێکی تردا ئەم جەستەیە ڕووتدەکرێتەوەو وەک بابەتێک بۆ بینینی پیاو، کە خواستی زۆرینەی پاتریاركه‌کان و  پاشاکانه‌ بۆرژوازەکان بووه‌ و   کڕیاری ئەم تابلۆیانه‌ بوون . دیاره‌ لەو سەردەمەدا خواستی تایبەتیان ھەبوو بۆئەوەی فیگۆری ڕووتی ژن بوونی ھەبێت لەتابلۆکاندا بەکاردەھێنرێت”.

ھۆزان مەحمود گووتیشی:

“نابێت ئەوەشمان بیر بچێت، كه‌ لەم تابلۆیانەدا دەبێت باس لەنەتەوە و نەژاد بکەین بەجۆرێک، کە تەنھا ژنی بلۆند  قژزه‌رد و  سپی وەک ئایدیاڵێک بۆ جوانی وێناکراون، ھەرچەندە کراونەتە بابەتێک، بەڵام جوانی لێرەدا تەنھا ژنی بڵۆندە، ژنی ڕەش پێست یان ژنی ھندی و ژنی رۆژھەڵاتی نییە، لەدوایدا ژنی رەش پێست و  رۆژھەڵاتی دێنە ناو تابلۆکانەوە، ئەویش وەک کۆیلە یان خراوەتە خزمەتی ژنی بڵۆندەوە وەک قوربانیەکی دووەم لەدوای ژنی بڵۆندەوە، کە ئەویش بۆخۆی قوربانیە و  بەکارھێنراون و  لەدوای ئەو زەمەنەش دەبینین لەئەدەب و  شیعرو ھونەر و  تابلۆکانی ئەو سەردەمەوە ئالوودەبونێکی زۆر ھەیە بەژنانی لەشفرۆش و  وه‌ها وێنایانکردون ئەوان جارێکیتر کردویاننەتەوە بەقوربانی بەرھەمە ھونەریەکان و ئەوەمان پێدەڵێن کە ژن تەنھا بۆ حەزی پیاوانە”.

مانێت؛ ئۆلۆمپیا Manet: Olympia, 1863

ئایا ژن لەنێوان پاکیزەبوون و  لەشفرۆشبوون تەنھا رۆڵێک نییە، کە تۆی ھونەرمەند بەخشیوتە بەژن

ھۆزان مەحمود باس لەوەش دەکات: “لێرەوە دەمەوێت ئەو پرسیارە بکەم، کە ئایا لەپاڵ بەکاڵاکردنی فیگۆری ڕووتی ژن ئارتێستەکان یان ھونەرمەندەکان بەکاڵا نەکراون. حەزدەکەم لەڕوانینەکەی (جۆن بێرجەر)وە دەستپێبکەم کە خۆی ڕۆمانووس و ئاڕتیست و مێژوونووس و ڕەخنەنووسی ھونەر بووە، ئەو دەڵێت تەنانەت لەم پرۆسەیەدا ھونەرمەند خۆشی دەبێتەوە بەکاڵا، چونکە کاتێک سەرمایە دێتە ناوەوەو کڕینء فرۆشتن بەم بەرھەمە ھونەریانەوە دێتە ناوەوە. ئەوە تەنیا تابلۆکە و  ژنە ڕووتەکەی ناوی نییە کە دەبن بەکاڵا و  چێژیان لێوەردەگیرێت، بەڵکو ھونەرمەند خۆشی دەبێت بەکاڵا. ئەوه‌ی  دەپرسێت ئەم ھونەرمەندە ئیماجیشنەکەی کامەیە، ئایا ژنێکی پڕۆستیدوت واتە لەشفرۆشە یان ژنێکی ڕووتە یان ژنێکی دیندارە؟  ئەمە دەمانخاتە بەردەم ئەو پرسیارەی، کە ھونەرمەند لەسەردەمە جیاوازەکاندا بێلایەن نییە، بەڵکو وابەستە دەبێت بەو زەمەنەی تێیدا دەژی، مادە پێش دونیابینینی دەکەوێت”.

ھۆزان مەحمود سەبارەت بەشیکردنەوە مێژوییەکانی تابلۆکەی مانێت کە وەک سەرەتایەک بۆ شۆڕشی ژن ناسراوە لەھونەری نیگارکێشیدا دەڵێت:

“بەھەمانشێوە (جۆن بێرجەر) دەڵێت ئەمەی مانێت کردویەتی ئەوە نییە کە ژنیش ڕوانینی خۆی ھەیە بۆ ژیان، بەڵکو تەنھا ھاتووە ژنێکی ملکەچی زوڵملێکراوی ڕووتی لابردووە و ژنێکی لەشفرۆشی ڕووتی خستۆتە شوێنی، ئەو دەپرسێت ئایا ژن لەنێوان پاکیزەبوون و  لەشفرۆشبوون تەنھا ڕۆڵێک نییە، کە تۆی ھونەرمەند بەخشیوتە بەژن لەتابلۆکەتدا”.

ohn Peter Berger (5 November 1926 – 2 January 2017)

ھۆزان مەحمود ئاماژەی بەوەشدا: ڕوانینی فێمینیستەکان بۆ ئەم تابلۆیە و  ئەمجۆرە تابلۆیانە ڕەخنەی زۆری لەسەرە و کێشەسازە. ژن ڕزگارنەکراوە، به‌ڵكو  وەک فرۆشراوێک سەیری کڕیارەکەی بکات ئاوه‌ها  ملکەچ نەبێت! نەخێر، ئەو جارێکیتر ژنی کردووەتەوە بەکاڵایەک وەک لەشفرۆشێک، نەک وەک ژنێکی ڕووتی ئازاد یان تەنھا فیگۆرێکی رووت”.

ئاڕتێستە فێمینستەکان، کاتێک قسە لەسەر بکەربوونی خۆیان دەکەن، چۆن خۆیان پیشان دەدەن

ڕێزان بەتولە خاوەنی دوو بڕوانامەی ماستەرە لەبواری ھونەری شێوەکاری لەزانکۆی سۆربۆنی فەرەنسی، لەبارەی ھونەرو پیشاندانی ژن وەک بابەتێک گووتی: “سەرەتا دەمەوێت قسە لەبارەی پرسیارێکەوە بکەم، ئەویش ئەوەیە کە ئایا تەنھا دید و  نیگای پیاوسالارانەی ژنان وەک بابەتێک دەبینێت یان ئاڕتێستە فێمینستەکان، کە قسە لەسەر بابەتبوون یاخود بکەربوونی خۆیان دەکەن، چۆن خۆیان پیشان دەدەن، ئایا دووبارە جوینەوەی ئەو بەربینە نێرسالاریە نییە، کە بابەتێکی تر پیشان دەدەنەوە. من قسە لەسەر پیشاندانی جەستە دەکەم لەناو ھونەری شێوەکاری ھاوچەرخدا، باس لەچەند ئارتێستێک دەکەم کە باس لەبابەتبوونی خۆی دەکات لەچەند لایەنێکی کۆمەڵایەتی وەک سیاسەت و ئابووری و لایەنەکانی خۆی، کە دەیەوێت قسە لەسەر خۆی بکات، ئایا لەم ڕوانگانەوە چی نمایندەیەکی ھەیە بۆ خۆی، ئێمە چەند ئارتێستێکمان ھەیە وەک شیرین نەشەد، ماجدە قەتەری و شادی گاردێنی… بۆ نمونە ماجدە قەتەری کاتێک دەیەوێت قسە لەسەر پێگەی لاوازبوونی ژن بکات چۆن نمایندەی ئەم لاوازیە دەکات، دێت نارنجۆکێک بەدەستیەوە دەگرێت لەکارەکەیدا، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا ماجدە قەتەری کە بیەوێت قسە لەسەر لاوازبوونی پێگەی ژن لەکۆمەڵگەی مەغریبیدا بکات، دەبێت بگات بەو حاڵەتەی توندوتیژی، یاخود شادی گاردێنی کە ئارتێستێکی بەڕەگەز ئێرانیە باس لەبەکاڵابوونی ژن دەکات، ژنێک کە لەناو ماڵدا تەنھا کاری ناوماڵ  پاکردنەوە دەکات، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا ئارتێست لەسەر بابەتبوونی خۆی ھەمان ئەو بیرۆکە یاخود بەربینە نێرسالاریەی، کە کەسانێکی وەک (کۆربێ و مانێت) ناخەنەڕوو، ئایا چۆن ئارتێست مامەڵە لەگەڵ بابەتبوونی خۆی دەکات، ئایا بەھەڵەیەکی تردا تێناپەڕێتەوە”.

 ھونەرمەند پێغمبه‌ر نییه‌

ڕێبین مەجید سەبارەت بەھونەرمەندو بەرجەستەکردنەوەی دیدی ھەڵەی کۆمەڵگە بۆ ژن لەبەرھەمەکانیدا دەڵێت: “ھونەرمەند پێغەمەر نییە، ناشبێت بەو چاوە سەیریان بکەین، یاخود کارە ھونەریەکەی وەک یاریدەدەرێک بۆ ئەو پرسە سەیر بکەین، من دەمەوێت ئەوە بڵێم، کە ھونەرمەند چەندێک پیاوسالارە یان کارەکەی چەندێک پیاوسالارانەیە ئەمە لەزەمەنەکاندا دەگۆڕێت، ئەگەر شارێک یان کۆمەڵگەیەکت ھەیە، کە ژنی بەتەواوەتی بریندار کردوە و  وەک بابەتێک لەھەموو مافێک دایماڵیووە، ئەوسا ھونەرمەند لەڕێگەی تابلۆ یاخود بەرھەمەکەیەوە ئەمە پیشاندەدات، بەڵام لایەنیکەم ھونەرمەند پێتدەڵێت تۆ لەچی سەردەمێکدایت، ھونەرمەند لەوێدا ڕیکۆردی سەردەمی خۆی دەکات نەک پێغەمبەرێک بێت هەقیقەتت پێبڵێت”.

له‌كوردستاندا جیهانبینی جوانی ژنانه‌ له‌كوێی هونه‌ردایه‌

ھۆزان مەحمود لەسەر گرنگی ھونەری فێمینستی کە بۆچی دروستبووە دەڵێت: “قسەکردن لەسەر ھونەرو فێمینزم بۆئەوەیە لەو ڕوانگەوەیە پرسیار دروست بکەین، چونکە ھەموو ئەمانە لەکۆتاییدا بەشدارن لەدروستکردنی وێنەیەکی نەشیاو لەسەر ژن، چونکە ناکرێت ئەمانە ژێردەستەیی ژن بەرھەمبھێننەوە. ھەندێجار ئەم ھونەرمەندو شاعیرو نوسەرانە لای خۆیان ئەو مەبەستەی نییە، چونکە پەیوەندی بەو دونیابینین و ڕۆشنبیریەوە ھەیە، کە پێی پەروەردە بووە زانیاری ئەوتۆی نییە، کە کۆمەکی بکات. ئەم کارە ھەڵەیە، ئێمە لەکوردستان چەندین ھونەرمەندمان ھەیە دونیابینی جوان بۆ ژن لەپشت کارەکانیانەوە ھەیە و چەندین ژنمان ھەیە، کە لەڕێگەی کارەکەیەوە وێنای خۆی بەجوانی دەکاتء دونیابینینی جوان ھەیە لەپشت کارەکانیان، بەڵام چەندین شیعر ھەیە کە ژن نوسیویەتی، بەڵام ھەستدەکەیت پیاو نووسیویەتی، چونکە ئەو لەپیاوەو فێری ھونەرو شیعر بووە”.

ھەموو وڵاتەکانی دونیا لەسیستمێکی پاتریارکی و سەرمایەداریدان

ھۆزان مەحمود وتیشی: “(ئیلەین وشواڵتەر) کە رەخنەگرێکی ئەمەریکیە باس لەسێ زەمەنی بەرھەمی ئەدەبی ژنان دەکات، کە یەکەمجار ئەوەیە ژن ڕێگەی پێنەدراوە بەرھەمی ھەبێت، کاتێک دەستیپێکردوە ھەمان ئەو کارانەی بەرھەمێناوەتەوە کە پیاوان بەرھەمیانھێناوە، دواتر دەگۆڕێت دەبێت بەکارێکی ژنانە . ئه‌مه‌  تەنھا لەدونیابینینێکی ژنانەوە بەرھەمدەھێنراون، کە ئەمە لایەنی نێگه‌تیڤی خۆی ھەیە، بەڵام زەمەنی سێھەم ئێستایە، کە ژن وەک مرۆڤ دەنوسێتء، وەک مرۆڤ کار دەکات، بێگومان بەریەککەوتنەکانی لەگەڵ دونیای دەرەوە پێناسە دەکات، چونکە ئێمە بمانەوێت و  نەمانەوێت ھەموو وڵاتەکانی دونیا لەسیستمێکی پاتریارکی  و سەرمایەداریدان، ئەمەش لەسەر ئەساسی چینایەتی و  ڕەگەزیی بونیادنراوە، بەریەککەوتنی ژن لەگەڵ شتەکان جیاوازی ھەیە، وەک بەریەککەوتنی پیاوێک لێرەوە جیاوازی جێندەری پێوەی دەناڵێنین، بەتایبەت لەکۆمەڵگە خۆرھەڵاتیەکان، کە بارگاوین بەئایین و  موقەدەساتی ئایدۆلۆجی و  خێڵەکی، ھەموو ئەمانە ڕۆڵیان ھەیە لەسەر پەروەردەو دونیابینینمان”.

کاتێک ھونەری فێمینست ھات ئەم ڕوانگە پیاوانەیەی تێکشکاند

ھۆزان مەحمود باسی لەسەرھەڵدانی ھونەری فێمینست کرد و  گووتی: “سەرھەڵدانی ھونەری فێمینستی لەئەمەریکاو  بەریتانیاوە سەریھەڵدا، ئەویش لەوەوە بوو کە ھونەرمەندی ژن پەراوێزخرابوو لەمێژووی ھونەردا. ژمارەیەکی زۆر ژنی نوسەرو ھونەرمەند ھەبوو لەسەدەکانی پێشتردا، بەڵام تا چەند ساڵێک بەر لەئێستا زانیاری لەبارەی ئەم ژنە ھونەرمەندانەوە نەئەدرا بەخوێندکاران لەزانکۆ و  گەلەرییەکان. کاتکێش ژنێک دەیویست کارەکانی نمایشبکات، پیاوان کە خاوەنی گەلەریەکان بوون ڕێگەیان پێنەدەدان. هه‌ربۆیە نوسەرو ئارتێستەکان بەشێوەی جیاواز ھاتن چەندین ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان  کرد، بێگومان  لەڕێگەی کارەکانیانەوە، ئەویش لەڕێگەی ڕەخنەگرتن لەپیاوانەوە، کە ئەوە دونیابینینێکی پیاوانەیەو تەنھا لەڕوانگەی ئەوانەوە شیکردنەوە بۆ بیروبۆچونەکان دەکرێت ئەمەش وه‌های لەدروستبوونی ھونەری فێمینستی کرد کار بکات بۆئەوەی لەنوسینەوەی مێژووی ھونەر و  ڕەخنەی ھونەریی باسی ژن بکرێت، چونکە ژنیش بەرھەمە ھونەریەکەی مێژووەکەی لە ٤٠٠ ساڵ کەمتر نییە!   ئێستا کارەکانیان لەگەلەری و مۆزەخانەکاندا ھەن و  لەزانکۆکاندا دەخوێندرێن. ئەمە لەکاتێکدا ٣٠ ساڵ پێش ئێستا کەس ئەمانەی نەدەناسی. …

خود پۆرترێتی ئارتیمیسا جێنتێلسی Artemisia Gentileschi, Self-Portrait as the Allegory of Painting, 1638–9, Royal Collection

هه‌ره‌وه‌ها  هۆزان  گووتی: بۆ نمونە؛ لەسەردەمی لیۆناردۆ داڤنشی، ژنێک ھەبووە بەناوی (ئارتیمیسا جێنتێلیسی) کە بەھای کارەکانی لەڕووی ھونەریی و  کوالێتیەوە ھیچی لە (لیۆناردۆ داڤینچیی)، کەمتر نەبووە، کەچی دوای ٤٠٠ ساڵ ژنە ھونەرمەندەکانی ئەوروپا کەشفیان کرد ئێستا لەوحەکانی پیشاندەدرێت لە لەندەن، ئەم ژنە لەتەمەنی ١٧ ساڵیدا پاترۆنەکەی دەستدرێژی دەکاتە سەریء پەراوێز دەخرێت، یان (کامیل کلاودێل) کە تازە مۆزه‌خانه‌یه‌ك  کراوەتەوە بەناوی ئەوەوە، بەشێک لەکارەکانی نمایشکراوە، دەگووترێت ھیچی کەمتر نییە لەکارەکانی (ڕۆدان) کەچی ئەم ژنە لەفەرەنسا بۆماوەی ٣٠ ساڵ لە (شێتخانە) دادەنێن وەک ژنێکی تێکشکاو و ڕەدووکەوتوو خێزانەکەی ناوی دەبەن. کاتێک ھونەری فێمینست ھات ئەم ڕوانگە پیاوانەیەی تێکشکاند، بەو واتایە نا دونیابینینی پیاوی ڕه‌تکردەوە، بەو واتایەی ژنیش بوونی ھەیە و دەتوانێت وێنای خۆی بکات لەڕێگەی کارەکانیەوە.

بۆ بینینی كۆی دیداره‌كه‌ له‌یوتوب: 

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین – پڕۆژه‌ی كولتور

 

 

You might also like More from author

Comments are closed.