Claude Monet's Painting

باخچەیەکی ئەفسووناوی


Loading

شوێن ژووری نەشتەرگەرییە. کات دەمی دیارییکردنی تەمەنی ئەوە. ئەو ڕووتبووەتەوە لە هەموو شتێک. ئەوەی لەبەریدایە تەنها کراسێکی سپی تایبەت به نەخۆشخانەیە. قژێکی ڕەش و درێژی لەناو کڵاوێکی تەنکدا شاردووەتەوە و لەسەر تەختێکی باریک، بێبڕست ڕاکشاوە.

 

– شوێن گۆڕەپانی پارکێکی فراوانە. کات شەوە. دونیا پڕ له بێدەنگییە و جەستەی ئەو شەکەتی دانیشتنی درێژایی ڕۆژە. بە پرچی پەخشانەوە له توێی کراسێکی سپیدا بە خەونەکانی پۆشتەیە و بە گڕ و تاسەی فڕینەوە، وەختە سنگی چەشنی بەڕوویەک بتەقێ و دوو باڵی لێ بڕوێت.

 

Claude Monet’s Painting

پزیشک و پەرستارەکان دەوریانداوە. له مقۆمقۆی ئەوەدان نەخۆشەکەیان بەرگەی بەنجی گشتیی ناگرێت، بۆیە بڕیارە نەشتەرگەرییەکەی به بەنجی ناوچەیی بۆ بکرێت و لە کچەکه داوا دەکەن دەرهەق به ژان خۆڕاگر و لەگەڵ ئەوان پشوودرێژ بێت. ئەو که بێباکە له ڕوودانی هەر شتێک، تاکه داخوازی ئەوەیه بۆی هەبێت به درێژایی کاتی نەشتەرگەرییەکه بیستەری مۆبایلەکەی له گوێدا بێت.

 

– پارکەکه کەسی لێ نییە، تەنها خۆی و تۆ نەبێت. ئەو گوێ له هیچ دەنگێک ناگرێت، تەنها دەنگی ناو ڕۆحی تۆ نەبێت. تۆ دەگریت، هۆن هۆن دڵت له چاوەکانتەوە دەڕژێت، وەک حەسرەت له قوڕگی گورگێکدا کە بۆ مانگ دەلوورێنێت. بە شکاندنەوەی دیمەنەکه له ئەودا، بێحەواس له تاریکیی گەردووندا، وەک پەڕێک خۆی دەداتە دەم با. چوون پچڕاندنی زنجیر و کردنەوەی کۆت و پێوەند، پێی له پێڵاوەکان دەکاتەوە و نەرم نەرم دەکەوێته سەما.

 

پەرستارێکیان ڕاسپارد گڵۆپەکان خامۆش بکات، ئاسمانی ژوورەکه تاریک داهات. لەمپایەک بە تیشکێکی بەهێزەوە ئاڕاستەی سنگی دەکەن و بۆ هێورکردنەوەی ئاگاداری دەکەنەوە که هەموو شت باشە و هەمووان بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە ئامادەن. ئەو باش نییە، ئازار تەواو ناڕەحەتی کردووە. دەرمانێکیان داوەتێ هەستی له گەرووی بڕیووە. ئەو پێیوایه هەناسەی بۆ نادرێت. بێسرەوت سەری بەملاولادا دەکێشێت. دکتۆرەکان دڵنیای دەکەنەوە که ئامێرەکان نیشانی دەدەن که هەناسەدانی باشە، ئەوە تەنها هەستی خۆیەتی بەهۆی سڕبوونی گەروویەوە، بەڵام هەستی خۆی زۆری له حەقیقەتی وەهابوونی حاڵەتەکه کەمتر نییە. هەستی خۆی بەسە بۆ ئەزموونکردنی خنکان به هەموو ئاستەنگییەکانییەوە.

 

– لەسەر ئاوازی دڵی تۆ سەما دەکات، بەو هەستانەی له قووڵایی ناخیدایە دەجوڵێت. ئەو پێبەپێی خاووبوونەوە و گرژبوونتان شێوە سەماکەی دەگۆڕێت. (ساڵسا) و (فلامینکۆ)، (چامپیۆنس) و (تانگۆ)، تاوێ بە تەنیا و تاوێ لەگەڵ سێبەرەکەت، بە (ستیپ) دوور دەکەوێتەوە و بە (سلۆوفۆکس) دێتەوە باوەشت.

 

بە چاوی کراوەوە، لەو دەستە خوێناویانه دەڕوانێت که ئیش له جەستەیدا دەکەن. وەک بینینی خەوێک گفتوگۆیەکی خۆی و پزیشکەکەی دێتەوە گوێی که سەبارەت بە چۆنێتی نەشتەرگەرییەکه پرسیبووی:
+ دکتۆر ئێسکەکانم دەشکێنیت؟
– ئێسکەکانت ناشکێنم، ئێسکەکانت دەبڕم!
تێگەشتن لە مانای جیاوازی نێوان شکان و بڕین، لەنێوان تێکدان و چاککردندا، وایکردبوو کەمتر سڵ لەو مقەست و چەقۆیانه بکاتەوە که بەرەو ڕووی دەهاتن. لەگەڵ ئەوەشدا، دیمەنی دەستە سوورەکان، خاڵیی نەبوون له سام و داچڵەکان.

 

– لەوێ لەسەر باڵی تۆ، ئارامه، با جەستەی وێرانی ناسۆر و برینیش بێت. لەوێ له ئامێزی تۆدا، شازادەیەکی دڵنیا و شاهەنشای کات و زەمانە، با تیغی ژەهراوی قەدەر چەنێک قووڵیش توانیبێتی، لە هەناوی ڕۆژگارەکانی چەقیبێت. ئەوەتا لەوێ باخچەکە ڕەنگی ئەڤینی گرتووە، ئەستێرە له هەناسەتان دەبارێ و شەو ئەفسوونی خۆی تێکەڵی سینەی پڕ نوورتان کردووە.

 

نەشتەرگەرییەکە پاش خایاندنی کاتێکی زۆر، تەواو بوو. بەڵام ئەو دەمێ بوو ئاگای لای ئەوان نەمابوو. پێکەوە لەگەڵ ئەو دەنگەدا کە لە بیستەری مۆبایلەکەوە دەهات، ژووری نەشتەرگەرییەکه و ئازارەکانیان جێهێشتبوو. ئەوان دوور ڕۆیشتبوون و بەوەیان نەزانیبوو که به دۆخێکی ئێجگار ناهەموواردا تێپەڕیووە و چەند جار دڵی له وەستاندا بووە. وەختێ دەیانهێنایەوە هۆش خۆی، ناوچەوانیان دەسڕی و دەستیان دەگووشی. بانگیان دەکرد و دەیانوت: چ عەجیب بەهێزی تۆ، چ پەرجوویەکت خوڵقاند ئەمڕۆ.

 

– وەکوو بووک، بەسەر قۆڵتەوە، لەباوەشت گرتووە. دەگەڕێن ژێر درەختێکی لەبار بۆ گێڕانەوەی حیکایەتەکان دەدۆزنەوە. لە گۆشەیەکدا کە زیاترین تیشکی مانگی دەگاتێ، هەموو هەستەکانی دەروونتان دەپەیڤن. دەستتان لە دەستی یەکتری تووند کردووە و بڕیاری خۆشنەکردنەوەی عەشق دەدەن. ئەو بۆ شکاندنی سەرخەوێک، سەری لەسەر ڕانت دادەنێ و تۆ خەریکیت پرچی بۆ دەکەیت به پەلک.

 

بە وتەی دکتۆرەکان، نەشتەرگەرییەکه سەرکەوتوو بووە و دەکرێت تا خوا حەز بکات بژی. لێ لە ئێستادا فرە ماندووە. بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی هەرچەند (مۆڕفین)ی بۆ دەکەن هێڵنجی دێت و پتر ناڕەحەت دەبێت. شەو درەنگی کردووە، ئەو ناتوانێت بخەوێت. زەنگی تەلەفۆن لێدەدات، داوا دەکات بیستەری مۆبایلەکەی بکەنەوە گوێ. ئەوە یارە له شارێکی دوورەوە، دەنگی وەکوو ئاوازێکی جاوید دەڕژێت. یار دڵی لەگەڵ ژانی ئەم دەناڵێت. گەرەکێتی لەگەڵ چیرۆکێک بیبات و لەژێر تریفەی مانگ دا بینوێنێت. وا بۆ ناو بەسەرهاتی باخچەیەکی ئەفسووناوی دەستی دەگرێت. کچەکه بەدەم بزەوە، پێڵووەکانی بە خەوێکی شیرین قورس دەبێت.

 

April 2012

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین.
.