زۆرێک له ئێمه له‌سه‌ر هزر و بیرۆکه‌کان،له‌باره‌ی خه‌یاڵ و شیعره‌وه ده‌نووسین، که‌چی زۆر که‌م له‌باره‌ی ژیانی ڕۆژانه‌وه گوزارشت له خۆمان ده‌که‌ین. زۆرجار ئێمه قسه له‌سه‌ر درۆ، له‌سه‌ر ناڕاستییه‌کان ده‌که‌ین و که‌مجار به‌سه‌رهاته‌کان ده‌گێڕینه‌وه و له گێڕانهوهشیاندا به هه‌ند وه‌رناگیرێن، هه‌ر بۆیه گاڵته‌جاڕی و دزێوی ڕوبه‌ری گه‌وره‌ی جیهانی ئێمه‌ی داگیرکردووه. ئێمه ده‌بێت چیتر قسه‌کان له‌باره‌ی ڕاستی و جیدیه‌ته‌وه ئازاد که‌ین. ژیان بریتییه له هه‌موو ئه‌وه‌ی رۆژانه یه‌ک یه‌ک به ڕاست و درۆوه، به‌خه‌یاڵ و ڕاسته‌قینه‌وه دهیانگوزهرێنین. ئه‌وه‌ی ڕۆژانه شته‌کان نهگوزهرێنێت، ئه‌وه نه‌هاتۆته نێو ژیانه‌وه. ئه‌وه‌ی پێی له‌سه‌ر زه‌مین نه‌بوو، سه‌ریشی له‌هه‌وادا نابێت،ئه‌وه‌ی جیدیه‌تی نه‌بوو پێکه‌نینه‌کانیشی بێهۆن. گوێته‌ی شاعیر کتێبی ڕۆژژمێره‌که‌ی خۆی ناوناوبوو ((شیعر و ڕاستی)) ئه‌مه وه‌ک دوو واژه بۆ تێگه‌یشتن له ژیان له‌نێوان دووانه‌ی خه‌یاڵ و هه‌قیقه‌تدا، له‌نێوان درۆ و ڕاسته‌قینه‌دا. واته خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و دووانه‌یه ده‌بێته مایه‌ی دۆزینه‌وه‌ی ڕه‌هه‌ند و دووری سێهه‌م که نهێنی ژیان ئاشکرا ده‌کات.
له‌ڕاپه‌ڕین به‌دوواوه، ئێمه به ته‌نیا یان خه‌ریکی خۆله‌ناوبردن بووین، یاخود ته‌نیا نیهلیزممان به‌رهه‌م هێناوه، یان ته‌نیا سینیزمانه کامێرای فۆتۆگرافی واقیعمان به‌ده‌سته‌وه بووه، بۆیه سه‌یر نییه که ئه‌ده‌بیاتی نووسینی بیۆگرافی و ڕۆژژمێره‌کان و به‌سه‌رهاته‌کانی تاک و کۆ هیچ گرنگییه‌کی به دوورییه‌که‌ی تری خۆی نه‌داوه، که دوورییه ئه‌فرێنه‌ر و جیدیهکهیه. ئه‌وه‌ی له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه له ناو ئه‌ده‌بیاتی کوردی‌دا بۆ به‌سه‌رهاته ڕۆژانه‌ییه‌کان و فانتازیاکانی ئه‌و ڕۆژگاره بگه‌ڕێت، مایه پووچ دێته ده‌ره‌وه. لێره‌وه به‌شێکی گه‌وره‌ی هه‌ڵه‌کانی نێو جیهانی ئێمه له سه‌رچاوه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه ههڵناقووڵێن، به‌ڵکو ژێده‌ر و کانییه‌کی تریان هه‌یه که بریتییه له کایه‌ی ڕووناک‌بیری. له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه ئێمه لێره‌دا بانگه‌شه‌ی ئیدیایه‌کی تر ده‌ده‌ین.. ئیدیای گرنگیدان به به‌سه‌رهات و داستانه ئیندیڤیدووهکان، ئیدیای ئافهرۆزکردنی نیهلیزمی ڕۆژانه و وه‌لانانی سینیزمی ڕۆژنامه‌کان، ئیدیای پیاده‌کردنی ئه‌و عه‌شقه بێسنووره‌ی مرۆڤ بۆ زانین و توانین هه‌یه‌تی، ئیدیای بایه‌خدان به مه‌شقه‌کانی خود، به‌و چیرۆکانه‌ی ژیانی تاکی پاڵه‌وان تۆمار ده‌که‌ن. ئامانجی ئه‌م ئیدیایهش بریتیه له دووباره زیندووکردنه‌وه‌ی پاڵه‌وان له نێو ژیانێکدا که ڕه‌گه‌زه‌کانی ئه‌فراندنی ژیانی فه‌رامۆش کردووه. هه‌ڵبه‌ت لێره‌دا پاڵه‌وان که‌سێک نییه ماسولکه‌ی به‌هێزی جه‌سته‌یی هه‌بێت، به‌ڵکو هه‌موو ئه‌و تاکانه ده‌گرێته‌وه که له‌ڕووی ڕۆحیه‌وه سه‌رکێشی ده‌که‌ن بۆ پتر خۆپه‌روه‌رده‌کردن و خۆچاککردن و جیهان چاککردن مه‌شق و ڕاهێنان ده‌که‌ن. پاڵه‌وان ده‌شێت که‌سێکی تێۆریش بێت، واته به تێڕامانکردن به‌شداری ژیان بکات، که‌سێک بێت بیانووی بۆ مانه‌وه له جیهاندا بریتی بێت له بیرکردنه‌وه و له نووسین، وه‌ک حاڵه‌تی سیۆران که بهدگومانێک و بهدبینێکی سه‌رسه‌ختی ئه‌وتۆ بوو، بیرۆکه‌ی ئه‌وه‌ی، ئهوههرکاتێک بیه‌وێت ده‌توانێت خۆی بکوژێت، کردبووه بیانووی مانه‌وه‌ی له ژیاندا، یان وه‌ک فیلۆسۆف هۆسرڵ که ده‌یگووت، ئه‌گه‌ر فه‌لسه‌فاندن نه‌بوایه به‌رگه‌ی ئه‌م دنیایه‌م نه‌ده‌گرت. کرده‌وه‌یه‌کی وه‌هاش بریتییه له‌و مه‌شقه‌ی که تاکه‌کان وه‌کو جاوید و وه‌کو ئاسکێتیک بۆ چاککردنی خۆیان و جیهان پیاده‌ی ده‌که‌ن. ئێمه له نیتچه‌وه فێری ئه‌وه‌بووین که پاڵه‌وان له‌ڕۆحماندا ده‌رنه‌که‌ین. چونکه به‌ده‌رکردنی ئه‌م کاره‌کته‌ره‌ی ناوه‌وه‌مان ئیدی ژیان له هێزێکی کارا و ئه‌فرێنه‌ره‌وه ده‌بێته هێزێکی ناکارا و زه‌لیل و کزه‌ڵ. کزهڵهکانیش ئه‌وانه‌ن که به دۆخی ئارا ڕازین و ناخوازن هیچ گۆڕانکارییه‌ک بکه‌ن، نهبیردهکهنهوه و نه کار ده‌که‌ن، نه تێڕامان و نه ڕاهێنان ده‌که‌ن، نه جاویدن و نه هیچ هابیتۆسێکیان هه‌یه، له‌کاتێکدا مرۆڤی کارا له‌ناوه‌وه‌یدا پاڵه‌وانێک هه‌یه و فه‌رمانی پێده‌دا و پێی ده‌ڵێت :” تۆ ده‌بێت ژیانت بگۆڕیت.”.
ڤیتگنشتاین ده‌یگوت،جیهان بریتییه له هه‌موو ئه‌وه‌ی هه‌یه. هه‌ڵبه‌ت ((هه‌موو ئه‌وه‌ی هه‌یه)) بریتییه له‌کۆی ڕۆژانه‌کان،کۆی دۆخ و ساته‌کان،کۆی دیمه‌نه بچووک و گه‌وره‌کان. ئێمه بۆ ئه‌وه‌ی بێینه نێو جیهانه‌وه ده‌بێت مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ هه‌موو بچووکێک و هه‌موو گه‌وره‌یه‌کدا بۆ هه‌وڵی چوونه نێو جیهانه‌وه بێت. سلۆته‌ردایکیش پێیوایه جیهان بریتییه له هه‌وڵدان،ئه‌وه‌ی هه‌وڵ نه‌دات ناچێته جیهانه‌وه. ئایا چی وا له مرۆڤ ده‌کات هه‌وڵ بدات. دیاره هێزه ناوه‌کییه‌کان، هه‌سته‌کان و هۆشه‌کان و حه‌ز و نیاز و خواسته‌کانن، هێزی ئه‌و ڕۆحه بێئۆقرهیهی ناومانه له هه‌وڵدانیدا بۆ چوونه جیهانه‌وه.
ئه‌ده‌بی ده‌وڵه‌مه‌ند ئه‌وه نییه پڕێتی له خه‌یاڵ له‌پێناوی خه‌یاڵدا،به‌ڵکو ئه‌وه‌یه پڕێتی له ڕاستی سه‌رکێشی و به‌سه‌رهاته‌کانی خه‌یاڵی ڕۆژانه‌مان. ته‌نانه‌ت له فه‌لسه‌فه‌شدا بیرکردنه‌وه له گه‌ردوون و بوون و بابه‌ته‌کانی وه‌ک ئیتیک و عه‌قل و ڕۆح هیچ نیین جگه له کلیلێک بۆ کردنه‌وه‌ی ده‌رگای تێگه‌یشتن له ژیان، یان بابڵێین له‌و ژیانه‌ی ڕۆژانه هه‌ر تاک و کۆمه‌ڵێک ده‌یگوزه‌رێنێت و له‌نێو کایه‌یه‌کی خۆییدا یاخود کولتوریدا ده‌یژێنێت. مرۆڤ له‌هه‌ر جێیه‌کی ئه‌م جیهانه‌دا بێت و له نێو هه‌ر فه‌رهه‌نگێکدا په‌روه‌رده کرابێت،ئه‌و بوونه‌وه‌رێکه ڕۆژانه ده‌ژی،ئه‌م ڕۆژانهیهش بریتییه له خودی درێژخایاندن و له هه‌میشه‌یی. به‌ڵام کولتوره‌کان ڕۆژانهمانیان فه‌رامۆش و پێشێل کردووه،به‌تایبه‌تی کولتوری دینی و کولتوری جه‌ماوه‌ری و مێگهلگهراش هۆکارێکی تری دڵره‌قه لهپێشدهم ده‌رکه‌وتنی مرۆڤی ئه‌کرۆباتیک، مرۆڤێک بتوانێت یاری به هه‌مووشتێک، له‌هه‌موو شوێن و کاتێکدا بکات. ئه‌م جۆره کولتورانه هۆکارن بۆ فه‌رامۆشکردنی ڕۆژانه‌ی تاک و ئه‌و داوای بایه‌خدان به دواڕۆژ و به‌ژیانی گشتی ده‌کات. ئه‌م دیواره هێشتا توند له‌جێی خۆیدا به‌پێوه ڕاوه‌ستاوه و چه‌کوشێک نه‌هاتووه بیڕوخێنێت. ئیدیا نوێکان ده‌بێت ئه‌و کۆنسێپته بگرنه ده‌ست که‌وا ئه‌وه‌ی بۆ هه‌میشه ده‌مێنێته‌وه هه‌ر خودی ڕۆژانهکانن،خودی ئه‌و چرکه‌ساتانه‌ن که هه‌وڵی چوونه نێو جیهان ده‌ده‌ن. چونکه ئه‌وه‌ی نه‌توانێت ڕۆژه‌کانی خۆی بژی ئه‌وه ناچێته جیهانه‌وه.
ئه‌ده‌بی کوردی له ئه‌ده‌به هه‌ره هه‌ژاره‌کانی جیهانه له‌م ڕووه‌وه.تائێستا ده‌قێک شک نابه‌ین له‌باره‌ی گه‌شته‌وه هه‌بێت، ڕووداوه‌کانی ژیانی تاک و به‌سه‌رهاته کولتورییه‌کانی کۆمه‌ڵگا به هیچ مه‌ره‌که‌بێک نه‌نووسراونه‌ته‌وه. که‌م ئه‌دیبی کورد شک ده‌به‌ین قسه له‌باره‌ی ئه‌و ڕۆژانه‌وه بکات که لهڕۆژگارهکانی داهاتووشدا ئاماده‌بن. حاڵه‌تی وه‌ها ئێمه ته‌نیا لای مه‌حوی ده‌یبینینه‌وه،که‌باسی قه‌یرانه ڕۆحییه‌کانی ڕۆژگاری خۆی ده‌کات به‌ڵام بۆ ئه‌م ڕۆژگاره و هه‌میشه بۆهه‌موو ڕۆژگارێکی تریش ده‌بێت. بۆیه وه‌ک زه‌رده‌شت ده‌بێت بڵێین:ئێمه له گشت‌دا زۆرمان هه‌یه و له تاکدا که‌م.
هه‌ڵبه‌ت ئێمه گه‌لێک جار سۆراغمان کردووه و نا‌ئومێد بووین،چونکه له‌و سۆراغهماندا که‌ممان بینیوه‌ته‌وه، بۆیه ده‌بێت چیتر سه‌رده‌مێکی تر ببه‌خشینه فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بیاتی کوردی. ده‌بێت په‌نجه‌ره‌یه‌کی تریش بخرێته نێو خانووی ئه‌ده‌بیاتی کوردی،په‌نجه‌ره‌ی به‌سه‌رهاته‌کانی ڕۆژانه بۆ ڕوانینه جیهان، چونکه به‌بێ خوێندنه‌وه و نووسین و تۆمارکردنی ساته‌وه‌خته‌کانی ژیانی ڕۆژانه‌ی تاکه‌کان،ناتوانین ژیان له تێگه فراوانه‌که‌یدا بنووسینه‌وه. تێڕوانینه‌کان و ڕه‌فتاره‌کان ته‌نیا ڕۆژانه‌کان پێوهریانن. ژیاندۆستی لێره‌وه ده‌ست پێده‌کات که ڕۆژانه‌کان فه‌رامۆش نه‌که‌ین.
ڕووداوه‌کانی وه‌ک ((له‌دایکبوون)) و ((مردن)) که هه‌موو ڕۆژ ڕووده‌ده‌ن ده‌بێت قسه‌یان له‌باره‌وه بکرێت، به‌ڵام هاوکات به‌مه ده‌بێت قسه‌ش له‌باره‌ی هه‌موو ئه‌و ڕووداوه بچووک و گه‌ورانه‌ش بکرێت که له‌نێوان هه‌ردوو ڕووداوه گه‌وره‌که‌ی له‌دایکبوون و مردن‌دا ڕووده‌ده‌ن. ده‌بێت قسه‌له‌سه‌ر:سه‌ردان،دیده‌نی،گه‌شت،پیاسه‌کردن،وه‌رزش،تێرامان،ئازار،ئازایه‌تی، پێکه‌نین، ترس، ڕق، وه‌فا، دڵسۆزی، شکست،سه‌رکه‌وتن، دزێوی و به‌دکاری بکرێت. ئه‌م ئیدیایه ده‌بێت ببێته ڕه‌هه‌ندی سێهه‌می نووسین،ئیتر ده‌بێت له کولتوری 2D وه خۆمان بگوێزینه‌وه به‌ره‌و کولتوری 3D.
بۆ نموونه: ئه‌ده‌ب چی ده‌کات گه‌ر ئه‌و مردنه تۆمار نه‌کات که مرۆڤێک پاڵه‌وانانه یاخود ترسنۆکانه،جاویدانه یاخود بهربادانه به‌سه‌ریدا هاتووه. ئه‌ده‌ب چییه، گه‌ر ئه‌و ئاره‌زووه قووڵه‌ی مرۆڤ هه‌یه‌تی بۆ پشکنین و بۆ ناسینی دنیای تر نه‌هۆنێته‌وه. مێژووی مرۆڤایه‌تیش ته‌نیا ئه‌و مرۆڤه کۆچه‌رییانه نووسیویانه‌ته‌وه،ئه‌وانه‌ی شارستانیه‌تیان دروستکرد،کۆچه‌ره دوور ڕه‌وه‌کان و هه‌ڵۆ به‌رزه‌فڕه‌کان بوون، ئه‌وانه‌شی له‌هه‌رێمه‌کانی خۆیاندا چوارمشقی دانیشتوون،بریتی بوون له مریشکه دۆڕاوه‌کانی مێژوو.
ئه‌ده‌ب له‌چاوی مندا بریتییه له منداڵدانی گه‌شه‌کردنی زینده‌وه‌ره کۆچه‌ره‌کان. ئه‌ده‌بێک کاره‌کته‌ری له‌و جۆره نه‌هێنێته دنیاوه،ئه‌وانه‌ی سه‌رکێشی ده‌که‌ن،کۆچ ده‌که‌ن ،دوور ده‌ڕۆن،بۆ به‌رزاییه‌کان،بۆ نێو قووڵاییه‌کان،بۆ پێده‌شته‌کان له‌پێناوی هێنانه‌وه‌ی گه‌نجینه بزره‌کانی ڕۆح و سروشت، ئه‌و ئه‌ده‌به ته‌نیا وڕێنه ده‌چێنێت،ئه‌وه‌شی وڕێنه بچێنێت قه‌تیسبوون دروێنه ده‌کاته‌وه. ئه‌ی هاوڕێم… ئامۆژگاریم ته‌نیا ئه‌وه‌یه، ئه‌و ئه‌ده‌بانه بناسه، ئه‌وانه‌ی بۆ ناسینی مرۆڤ هه‌موو جیهان تهی ده‌که‌ن. ته‌نیا له کایه‌یه‌کی له‌م چه‌شنه‌دا مرۆ ده‌توانێت وانه‌ی ژیان فێر بێت،وانه‌ی بیرکرنه‌وه و یادکردنه‌وه، وانه‌ی ئازار و ئه‌وین، وانه‌ی به‌سه‌ر خۆدا هه‌ڵکشان فێر بێت.
ئه‌مه ڕه‌هه‌ندی سێهه‌می نووسینه که ده‌رخه‌ره‌وه‌ی واتایه‌کی تری شه‌ڕی هه‌موو دووانه لێکدژهکانه، ڕه‌هه‌ندی سێهه‌م بریتییه له کۆگایه‌ک بۆ هه‌موو دووانایهتییهکان. ئه‌وانه‌ی ته‌نیا له‌سه‌ر خه‌یاڵ ده‌نووسن،ئه‌وانه‌ی ته‌نیاش له‌سه‌ر واقیعی بینراو ده‌نووسن، ئه‌وانه ته‌نیا له کونێکی بچووکه‌وه ته‌ماشای ژیان ده‌که‌ن،که جگه له بڕگه‌یه‌کی دیمه‌نه‌که شتێکی تر نابینن. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی هه‌ردوو ئه‌و ڕه‌هه‌نده ده‌خوێننه‌وه،ئه‌وانه‌ی ڕاستههێڵهکانیان له دوو هێڵی ته‌ریب، یاخود پێچه‌وانه و دژ زیاتر ده‌کێشێت، ئه‌وانه هێڵی سێهه‌م و دووری سێهه‌می واتاکان ده‌کێشن ،که بریتییه له نهێنی ژیان. ئه‌وانه بوونه‌وه‌رێکی تر ده‌هێننه جیهانه‌وه،ئه‌وانه چاوی سێهه‌میان هه‌یه بۆ بینین.
له‌م بهرکوڵهوه ده‌خوازم تۆماری یه‌کێک له‌ڕۆژه خۆشه‌کانی ژیانی خۆم بنووسمه‌وه. ڕۆژیك، مێژوویه‌کی درێژی 200 ساڵه‌ی گه‌شه‌ی ڕۆحی و عه‌قلی و فه‌لسه‌فی به‌رجه‌سته‌ده‌کات. له فیشته و هیگلی سه‌ده‌ی نۆزده‌وه بۆ لای زافرانسکی و سلۆته‌ردایک له‌سه‌ده‌ی 21 دا. ئه‌وه‌شی پتر خۆشی ده‌به‌خشێته ئه‌م ڕۆژه ئه‌وه‌یه،ئه‌گه‌رچی من به ته‌نیا گه‌لێک ڕۆژی له‌و جۆره‌م له‌ژیانمدا ژیاندووه، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان به هاوبه‌شیم له‌گه‌ڵ هاوڕێمدا ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین گوزه‌رانم.
كاتێک کارتی بانگهێشتی به‌رنامه‌ی ((چوارینه‌ی فه‌لسه‌فی)) هه‌ردوو فیلۆسۆف ڕودیگه‌ر زافرانسکی و پیته‌ر سلۆتهردایکم پێگه‌یشت بۆ ڕۆژی یه‌کشه‌ممه 18.09.2011 به ته‌له‌فۆن ئیسماعیلم ئاگادارکرده‌وه ئه‌گه‌ر حه‌ز ده‌کات و ده‌توانیت ئه‌وا ده‌توانین پێکه‌وه بچین،ئه‌و ڕاسته‌وخۆ پێشوازی له داواکه‌م کرد. ئه‌مه به‌س بوو بۆ من تێبگه‌م ئه‌م هاوڕێیه‌م ڕۆحێکی کۆچبه‌ره،ئاماده‌یه سه‌فه‌ری شاره‌کان بکات له‌پێناوی ده‌ستکه‌وتی مه‌عریفیدا. ئه‌م هاوڕێیه،ئاماده‌یه پشووی کۆتایی هه‌فته‌ش پشوو نه‌دات و سه‌ده‌ها کیلۆمه‌تر دووری به‌ڕێ که‌وێت و له‌ڕۆژی یهکشهمهشدا چالاک بێت. که هیگڵ ده‌یگووت له کۆتایی مێژوودا خود‌و بابه‌ت پێک ده‌گه‌ن و له‌ڕۆحی ڕه‌هادا پرۆسه‌ی گه‌شه‌کردنی ڕۆح ته‌واو ده‌بێت،سلۆته‌ردایک ئه‌وه‌ی بۆ سه‌لماند که هیگڵ بیریاری کۆتایی نییه،به‌ڵکو بیریاری ته‌واوبوونه، وه هیگڵ له یه‌کشه‌مه‌ی مێژووشدا پشوو نادات،به‌ڵکو خه‌ریکی بایه‌خدانه به کاره‌کانی خۆی. له‌م ڕاڤه‌یه‌دا ڕۆحی ئه‌م هاوڕێیه‌م به‌و ڕاڤه‌یه‌ی سلۆته‌ردایک ده‌پێوا.
له‌کاتی دیاریکراودا ڕۆژی یه‌کشه‌مه ده‌مه‌و نیوه‌ڕۆیه‌کی باراناوی ئهوگهیشته به‌رلین، به‌رله‌وه‌ی باوه‌ش به‌یه‌کدا بکه‌ین، من خێرا ڕوانیمه ڕوخساری ئه‌و،شه‌وق و ئاره‌زوویه‌کی گه‌وره‌م له ڕوخساریدا ده‌بینیه‌وه، هه‌ستم به مه‌ستییه‌ک له ڕووخساری ئیسماعیل دا ده‌کرد،ئه‌مه‌ش منی شادمانتر ده‌کرد. دیاره مه‌ستی بریتییه له‌دایکی نووسین. لێره‌وه ئه‌م نووسینه له‌دایکبوو به هاوبه‌شی ڕۆژانه‌ی من و ئیسماعیل.
لەم ڕۆژه باراناوییه‌دا 18.09.2011 یه‌کشه‌مه‌یه و به‌رلین سه‌رقاڵی هه‌ڵبژاردنه‌کانی شاره‌وانیه‌کانه و من پشوو ناده‌م و ناشچم بۆ ده‌نگدان. به‌ڵکو گیانی من بۆ شوێنی گه‌وره‌تر ده‌چێت. گۆڕستانی ناوداران، که تیایدا گیانێکی ڕه‌های وه‌ک هیگڵ و خودێکی ڕه‌های وه‌ک فیشتهو شاعیرێکی گه‌وره‌ی وه‌ک برێشت ڕاکشاون. سه‌ره‌تا له‌م گۆڕستانه‌دا که هی هه‌موو ناوداره‌کانی به‌رلینه،چووینه سه‌ر گۆڕی هیگڵ،که گۆڕیچکهیهکی زۆر سادهه بوو، جاویدانه وێنه‌ی جۆراو جۆرمان له‌گه‌ڵیدا گرت که ئاماژه بن له‌سه‌ر عه‌قل و ڕۆح و ڕه‌هایه‌تی و دیالێکتیک،له‌پاڵیدا ڕاکشاین،ده‌ستمان ده‌خسته سه‌ر کێله‌که‌ی و باوه‌شمان پێدا ده‌کرد و ده‌مانپرسی له‌م سه‌رده‌مه‌دا گه‌ر هیگڵ بمایه چی بۆ فینۆمینۆلۆژیای ڕۆح و ڕۆحی ڕه‌ها و فه‌لسه‌فه‌ی ماف ده‌نووسی.ئایا له‌باره‌ی خۆرهه‌ڵاته‌وه که ئێستا به‌هاری خۆیان ده‌ژین چی ده‌نووسی، له‌کاتێکدا ئه‌و پێیوابوو خۆرهه‌ڵات،جیهانی ئیسلام، شتی نوێی به‌رهه‌م نه‌هێناوه،به‌ڵکو ته‌نیا ڕاڤه‌ی فیکری گریکیان کردووه.
هه‌ر له‌پاڵ هیگڵ دا فیلۆسۆفی مه‌زن،فیشته ڕاکشاوه،به‌هه‌مان شێوه کۆمه‌ڵێک وێنه‌ی سوریالیانهمان له‌پاڵ گۆڕه‌که‌ی ئه‌میشدا گرت،به‌شێوه‌یه‌ک گوزارشت له خودی ڕه‌ها و ئیدیالیزم بکات و ده‌مانپرسی.. له‌سه‌رده‌مێکدا که خود پووکاوه‌ته‌وه بۆ خودێکی به‌کاربه‌ر و مشه‌خۆر و چ ئیدیایه‌کی بۆ خود پێنه‌ماوه‌ته‌وه،فیشته له‌مڕۆژه‌دا چی ده‌گووت بۆ (من). پاشان چووینه لای گۆڕی شاعیر بیرتۆڵد برێشت که به‌رانبه‌ر ئه‌م دوو ڕۆحه مه‌زنه نێژراوه و ئاره‌زووی خۆشی هه‌ر ئه‌مه بوو.چونکه ماڵه‌که‌شی له ته‌نیشت ئه‌م گۆڕستانهوهیه و ژووری کارکردنه‌که‌ی په‌نجه‌ره‌کانی ده‌ڕوانێته سه‌ر ئه‌م گۆڕستانه.برێشت تکای وابووه لای هیگڵ و فیشتهوه بنێژرێت،به‌ڵام له‌پاڵ ئه‌واندا جێگه‌ی نه‌بووه،بۆیه به‌رامبه‌ریان جێگه‌یه‌کی فراوانی به‌رکه‌وتووه،که خۆشبه‌ختانه له‌وه‌ی هیگڵ و فیشته فراوانتره. هه‌واڵی ئۆرنێلا و مۆنتی و دایکه ئازا و بازنه‌ی تهباشیرمان له برێشت ده‌پرسی. هه‌روه‌ها چووینه سه‌رگۆڕی هاینریش هاینه و گه‌لێک زانا و ئه‌دیب و فیلۆسۆف و سیاسی و سه‌رکرده‌ی ناوداری تر. پاشان سه‌ردانی ماڵه‌که‌ی برێشتمان کرد که ئێستا مۆزه‌خانه‌یه‌که به‌ناوی خۆی و هاوسه‌ره‌که‌یه‌وه.
که له ماڵه‌که‌ی برێشت هاتینه ده‌ره‌وه باران هه‌ر ده‌باری و ئێمه‌ش چه‌ند کاتژمێرێکمان مابوو بۆ چوونه‌ژووره‌وه‌ی به‌رنامه‌که له کاتژمێری 7ی ئێواره‌دا،بۆیه به‌هه‌لم زانی چه‌ند شوێنێکی دێرین و کولتوری به‌رلین پیشانی هاوڕێکه‌م بده‌م.. چوینه سه‌ردانی دیواری به‌رلین، وچه‌ند قاوه‌خانه‌یه‌کی کولتوری ناودار و دواتر چوینه پاڵ په‌یکه‌ره قه‌به‌که‌ی مارکس و ئه‌نگلز و وێنه‌ی جۆراوجۆرمان گرت.
کات نزیک بووه‌وه له مه‌به‌سته سه‌ره‌کیه‌که‌مان، لهژووانه ڕۆحییهکهمان. ئیدی به تاسه‌یه‌کی گه‌وره‌یه به‌ره‌و ئه‌وێ ڕیمانکرد. چوینه ستۆدیۆ، له نهۆمی 14ی هۆتێلی ئینتهرکۆنتینێت،لهوبهرزاییهوه به ڕۆحێکی شاد و ده‌م به‌خه‌نده‌وه له‌په‌نجه‌ره‌که‌وه ته‌ماشای جوانی شاری به‌رلینمان ده‌کرد، من ئه‌مه بۆ دووه‌مجارم بوو به‌شداری به‌رنامه‌که بکه‌م، جه‌ماوه‌رێکی خوێنه‌وار و هه‌ڵبژارده ی ئه‌رستۆکرات ئاماده‌بوون، پێده‌چوو ئێمه تاکه نائهڵمانی میوانه‌کان بوو بین، بۆیه بووبووینه جێی سه‌رنجی هه‌ندێکیان، ئیسماعیل گووتی؛ ئێستا ئه‌وانه گاڵته‌یان پێمان دێت، گووتم نا ئه‌گه‌ر ژیر بن ده‌ڵێن ئه‌م دووانه له بێگانه زیره‌که‌کانن و نموونه‌ی دهستهبژێن. بۆیه هێنده‌ی پێ نه‌چوو خانمی ڕێکخه‌ری به‌رنامه‌که هاته لام و ناسیمیه‌وه و سڵاومان کرد و گووتی جێگهکهتانم له‌ڕیزی پێشه‌وه بۆ داناون.
ئیتر هێنده‌ی نه‌برد چووینه ژووره‌وه بۆ ناو ستۆدیۆ، ئه‌تمۆسفێرێکی زۆر سه‌رنجڕاکێش بوو، دانیشتین بۆ بینین و بیستنی تێمای به‌رنامه‌که له‌سه‌ر کولتوری شار. له کاتی ته‌واوی خۆیدا ده‌ست به به‌رنامه‌که کرا، پیته‌رسلۆته‌ردایک سڵاوی له میوانه‌کان و بینه‌ره‌کان کرد و له‌گه‌ڵ زافرانسکی هاوکاریدا میوانه‌کانیان ناساند و که‌وتنه پرسیارکردن و گفتوگۆکردن. به‌ڕاستی تێمایه‌کی گرنگ بوو، ئێمه بۆ ماوه‌ی یه‌ک کاتژمێر گوێبیستیان بووین تا به‌رنامه‌که کۆتایی هات و پاشان چووینه لای زافرانسکی و سلۆته‌ردایک و ئیسماعیل حهمهئهمینم پێناساندن و باسی گۆڤاری کۆنسێپتمان بۆکردن و زۆر سه‌رسام بوون پێی که به‌زمانی کوردی گۆڤارێکی وا قه‌به له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه هه‌یه. چه‌ند وێنه‌یه‌کی جوانی ئه‌م ساته خۆشه‌مان پێکهوهگرت، سلۆته‌ردایک گوتی له وێنه‌که‌دا من حه‌ز ده‌که‌م گۆڤاره‌که بگرم به‌ده‌سته‌وه. وه‌ک بڵێی له‌هه‌رکوێ و به‌هه‌ر زمانێک بیری فه‌لسه‌فی هه‌بێت ئه‌و پێشوازی لێده‌کات، چونکه بیرکردنه‌وه ده‌بێت گه‌ردوونیانه کۆچ بکات. پاش هاتنه‌ده‌ره‌وه له ستۆدێۆ به مه‌ستییه‌کی شادیهێنهوه من و ئیسماعیل چووینه قاوه‌خانه‌یه‌ک و بۆ ماوه‌یه‌ک دانیشتین و باسمان له‌و ڕۆژه خۆشهکرد که پێکه‌وه بردمانه‌سه‌ر. ڕۆژێک ده‌شێت هه‌ر یه‌کێک تێیدا به‌خته‌وه‌ر بوو بێت، به‌ڵام به‌و شێوازه‌ی ئێمه گومان ده‌که‌ین که‌سی تر هه‌ی بوو بێت. ئیدی ده‌بوو لێره به‌دوواوه ماڵئاوایی له‌یه‌کتر بکه‌ین، ئیسماعیل ده‌بوو سبه‌ی زوو بچێته‌وه سه‌ر کار و منیش هه‌روه‌ها، بۆیه هه‌ر ئه‌و شه‌وه به‌ڕێکه‌وته‌وه به‌ره‌و نورهنبێرگ، به‌ڵام به‌ڕۆحێکی پڕ کامه‌رانی و خۆشییه‌وه. ماوه‌ته‌وه بڵێم، هیچ شتێک له‌وه خۆشتر نییه، مرۆ ئاره‌زووی ئه‌وه‌ی تیا بێت له‌پێناوی زانین دا له‌سه‌فه‌ردا بیت.
ته‌واو