![]()
ڕۆمانی جرجەکان
کتێبی یەکەم؛ جرجەکانی ئەنفال

کیمیاویی بارانکردنی هەڵەبجە زۆر قووڵ برینداری کردم، هەستکردن بوو بە ئەو ڕۆحە بریندارەی، نەتەوەیەک لەسەر لێواری لەناوچووندا بوو. ئەنفال هات و چەکی کیمیاوی شانبەشانی هەر هەشت قۆناغەکەی ئەنفال ئەو دڕندەیە بوو لە هەواوە، لەبۆشاییەوە، لە هەموو کوون و کەلەبەرەکەوە پەلاماری جەستەی کوردیان دەدا و لەناویان دەبرد.
لەم ویژدانە بریندارەوە لە کیمیاوی بارانکردنی هەڵەبجەوە کە تەمەنم بیست و یەک ساڵ بوو تاوەکو ئەمڕۆ کە پەنجا و نۆ ساڵم، لە ژێر شۆکی ئەو قەڵاچۆکردنەدام. شۆکێک بەجۆرێک بوو یەک دێڕی ئەدەبیم لەسەر هەڵەبجە و ئەنفال وەک ئەدەب و هونەری باڵای گێڕانەوە بۆ نەنووسرا. دەموویست کارێکی ئەدەبی بنووسم لە ئاست ئەو ڕووداوەدا بێت، دوور لە هونەری پاڕانەوە و گریان و شیوەنکردن، دوور لە حەماس و بۆنەگەریی. دوای تێپەڕبوونی ئەم هەموو ساڵە ئێستا لەسەر ئەنفال و هەڵەبجە دەنووسم، لە گۆشەیەکی هزری ئەدەبییەوە، لە هونەری ڕۆمانەوە، هیودارام بەشێکی ئەم قەرزارباریە ڕۆحیەم، دابێتەوە.
ئەمە و زۆریتر لە ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکە.ئەمەو زۆرریتر دەمانباتە ئەودیوو ڕووداوەکان و جورجیزمەکەی (ئارامی حەسەن چۆلەکە) کە لە کتێبی یەکەمی (جرجەکان – جرجەکانی ئەنفال) بە نێو ڕووداوەکانی ئەنفال و کیمیاویبارانکردنی هەڵەبجە و کۆمپانیاکانی پیاوی سپی دا تێدەپەڕێت، تاوەکو دەگاتە ئەقڵی پۆست کۆلۆنیالی و خولیاکانی پیاوی سپی و جورجی سپی …
ڕۆمانەکە لە لایەن دەزگای (موکریان) چاپ بووە و لەم ڕۆژانەدا بڵاودەبێتەوە، زەمەن یار بێت بەشداری پێشانگای کتێبی هەولێر دەکات. سوپاس بۆ کارمەندانی دەزگای موکریانی ئازیز و بەتایبەت هاوڕێی شاعیرم (سمکۆ موحەمەدی) شاعیر و لێکۆڵەر، کە بە بێ هیلاکی ئەو، تەمەڵێکی وەک من لە بڵاوکردنەوەدا، ئەم کتێبە هەر لەسەر لاپتۆپەکەم دەمایەوە، سوپاسگوزاری دڵسۆزیی و خەمخۆریی ئەوم.

