![]()
شانۆ و درامای پۆستمۆدێرنیزم
دانا ڕەئووف

ئه‌مڕۆ واقعی مرۆڤی هاوچه‌رخ یان مرۆڤی ئه‌م سەردەمە پۆستمۆدێرنیزمە، شان به‌شانی گڵۆباڵیزم و گۆڕانكارییه خێراكانی تری جیهان، ڕووبه‌ڕووی جۆرێكی جیاوازی هونه‌ر و شانۆ بۆته‌وه. شانۆیش له گێژاوی ئه‌م گۆڕانكاریە خێرایانه‌دا، به‌هه‌مان شێوه هه‌نگاوی خێرای ناوه؛ له (ئه‌ڤانتگه‌رته‌وه) بۆ (پۆستمۆدانیزم) و له‌وێشه‌وه بۆ فۆرم و شێوازەکانی (پێرڤۆرمێنس).
مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه بێ هیچ گیروگرفتێک له‌نێوان ئاكار و داب و نەریتە ته‌قلیدییەکان و تێپه‌ڕاندنی ئه‌و ئاكارانه‌دا هاتووچۆ ده‌كات. ئه‌وه‌ی جێگای ئاماژه بۆ كردنیشه ئه‌وه‌یه، كه له‌م پرۆسه‌یه‌دا دید و ناوه‌رۆكی شته‌كان، یاخود ده‌قه‌كان، ئاستی نەمایشه‌كان دیاری ناكات، به‌ڵكوو خودی نەمایشه‌كان گه‌مه‌ی پرۆسه‌كه ده‌خاته‌گه‌ڕ. شانۆی پۆستمۆدێرنیزم یەکێک لە بنەما گرینگەکانی داب و نەریتە قووڵ و دێرینەکەی شانۆی ڕۆژئاوای تێک شکاندووە؛ بۆ نموونە، کە لە ڕێگای وەهمەوە ڕاستییەکانمان سەبارەت بە واقیع و ڕەوشی مرۆڤ و کۆمەڵگە بۆ بەرجەستە دەکرا، بەتەواوی بوونی نەماوە. دەقە شانۆییه‌كان له پرۆسه پۆستمۆدێرنیزمەکاندا هه‌ڵده‌وه‌شێنرێن و سه‌رله‌نوێ له بوونیادی نەمایشه‌كاندا، بە شێوەیەکی تر ڕۆ ده‌نرێته‌وه و گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه زه‌مه‌نێكی خه‌ونه‌ئامێز له‌خۆ ده‌گرێت. هاوکات ئەو پەیوەندییە بەهێز و قووڵەی لەنێوان دەق/ئەکتەر/کارەکتەر دا هەیە و بنەمایەکی گرینگی پرۆسەی نەمایش و کاری شانۆیە، لای شانۆیەکی پۆستمۆدێرنیزم، ئەو بەها بەرجەستەکارییەی نامێنێت. چی تر کاری ئەکتەر بەرجەستەکردنی ڕۆڵ و کارەکتەرەکەی نییە، بەڵکوو لە بری ئەوە ئەکتەر/ڕۆڵ/کارەکتەر دەبێتە بەشێک لەو دیدە هەمە لایەن و وێنە جیاواز و خوێندنەوەیەی دەق، کە لەم ڕەوشەدا تێک شکێنراوە و بوون بە بەشێکی بچووک لە وێنە گشتگرە گەورەکە.
دەق ڕێگا لۆژیکییەکەی خۆی لە خوێندنەوە و بەرجەستە کردندا ناگرێت، بەڵکوو دەبێت بە بەشێکی، هەندێک جار مینیاتری لە میکانیزمی نەمایشەکەدا. زۆر جار پێناسەی ئەکتەر لە شانۆی پۆستمۆدێرنیزمدا، بەوە دەکرێت، کە لە پاڵ ڕۆڵەکەیدا، خۆیشی وەک ئەکتەر/مرۆڤ ئامادەبوونێکی بەهێزی هەیە. ئەکتەر مامەڵە لەگەڵ ڕۆڵەکەی (کارەکتەر) بە هەمان شێوەی شانۆی نەریتگەرا ناکات و هەمیشە بوارێک لەنێوان خۆی و ڕۆڵەکەیدا هەیە. بەم شێوەیە ڕۆڵەکە بەردەوام بە تەنیشت ئەکتەرەکەوەیە، ئەکتەر و کارەکتەرەکە لە هێڵێکی تەریبی و لە دیدی دەرهێنەر و بنەما ئێستاتیکییەکەی نەمایشەکەدا، درێژ دەبێتەوە.
خاڵێکی تری گرینگ، کە پێویستە ئاماژەی بۆ بکەین، ئەوەیە کە نەستی تاک و کۆ، لە نەمایشە شانۆییە پۆستمۆدێرنیزمەکاندا، دەچێتە نێو پانتاییەکانی هەستەوە، بەمەیش خۆمان دەبینە وێنەیەک، یان بەشێک لە فیگور و کارەکتەرەکان. بێگومان زمانی جەستە لە شانۆی پۆستمۆدێرنیزم دا زاڵە، ئەم زمانە جەستەییە گوزارشت لە هیچ شتێکی شاراوە، یان نەستی ناوەوەمان ناکات، بەڵکوو بەشێکە لە زمانە شانۆییە بینراوەکەی، لەو ساتەدا لەسەر شانۆ و لە پرۆسە هونەرییەکەدا پیشان دەدرێت. تەکنیکە باڵاکانی شانۆی هاوچەرخ و مۆدێرنیش، جۆرە مەودا و جیاوازییەک لەنێوان ڕواڵەت و قووڵیدا دروست دەکات.
ئه‌وه‌ی پۆستمۆدانیزمه‌كان لە شانۆدا باسی ده‌كه‌ن، سه‌ره‌تاكه‌ی به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دید و بیروبۆچوونه تیۆرییە‌كانی (ئەنتۆنان ئارتۆ) ١٨٩٦–١٩٤٨ و دواتریش (گرۆتۆڤسكی) ١٩٢٢–١٩٩٩ ئه‌و دیده جیاوازه شانۆییانه، ئه‌مڕۆ له پرۆسه‌ی به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی زه‌مه‌ندا گه‌یشتونەتە قۆناغه‌كانی پۆستمۆدێرنیزم. هه‌روه‌ها یه‌كێك له‌ناوه‌نده گرینگه‌كانی شانۆیه‌كی پۆستمۆدێرنیزم شكاندنی هه‌موو به‌ربه‌سته ته‌قلیدییه‌كان و گه‌مه‌كردنه به‌و سنوره داڕێژراوه‌ی، كه له‌نێوان بینه‌ر و ته‌خته‌ی شانۆدایه. جووڵانه‌وه‌ی پۆستمۆدێرنیزم له حه‌فتاكاندا سه‌ری هه‌ڵداوه و ئه‌مڕۆیش گه‌یشتۆته ئاستێكی به‌رز، دەرهێنەری ئینگلیزی (ڕۆبێرت ویڵسۆن) ١٩٤١ – ٢٠٢٥ و (ڕۆبێرت لێباش)ی كه‌نه‌دی دوو ده‌نگی گرنیگی شانۆیه‌كی پۆستمۆدێرنیزمن. ئه‌م دوو دەرهێنەره به‌رده‌وام له‌سه‌ر زۆربه‌ی شانۆی وڵاته ئه‌وروپیه‌كان كارده‌كه‌ن و پلاتفۆرمێکی پۆستمۆدێرنیزمیان بۆ شانۆی ئەوروپی خوڵقاندووە و کاریگەریەکانیشیان بەسەر شانۆکارانی دنیا و ڕەوتی شانۆی جیهانییەوە بە ڕوونی دیارە.
له شانۆی پۆستمۆدێرنیزمدا ئاستێكی گرینگی جیاوازتر له پرۆسه شانۆییه‌كاندا ده‌به‌خشرێته پێگە و به‌های بینه‌ران و له دووتوێی كۆمه‌ڵه ڕووداوێكی ناته‌با، نالۆژیكی و كۆلاشئاسادا، بینه‌ر و شانۆ هه‌موو په‌یوه‌ندییه ته‌قلیدیه‌كانی خۆیان له‌ده‌ست دەدەن. كاره‌كته‌ره‌كان، هه‌ریه‌كه وه‌ك خودی سه‌ربه‌خۆ و دوور له یه‌كتری و له دەرەوەی بازنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانه‌وه، بەوپەڕی سەربەستییەوە ده‌جووڵێنەوه.
ستراكتۆره بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ئه‌م شانۆیه، وێنه‌ییه و کردەی (بینین) ڕۆڵێكی گرینگتری هه‌یه وه‌ك له کردەی (گوێگرتن). هەر لەم بنەمایانەیشەوە دەتوانین بڵێن، کە شانۆی پۆستمۆدێرنیزم گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ بنه‌ما ڕیتواڵی و داستان و ئه‌فسانه‌كان، بەڵام بە ئاڕاستەیەکی تر و پێچەوانەدا. جگه له‌و دوو دەرهێنەرهی لای سه‌ره‌وه ئاماژه‌م بۆ كرد، كۆمه‌ڵێک گرووپی تری گرینگیش له وڵاته‌كانی ئه‌وروپادا هه‌ن، بۆ نموونه گروپی Tg Stan، کە گرووپێکی به‌لچیكییە، له‌م بواره مۆدێرنه‌ی شانۆدا هه‌نگاوی گه‌وره و فراوانیان ناوه. ئەم گروپە به هه‌ناسه‌یه‌كی پۆستمۆدێرنیزمی درێژخایەن كارده‌كه‌ن، یه‌كێک له نەمایشه گرینگه‌كانی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییان شانۆنامه‌ی (Poguelin) بوو، کە لە هه‌شت شانۆنامه‌ی جۆراوجۆری (مۆلییر)ه‌وه ئاماده‌یان کردووە. ئەم گرووپە لەم نەمایشەدا لەسەر تێکشکاندنێکی تەواوی زمانی دەقەکان کاریان کردووە و زمانێکی مەجازی تەکنیکی و فۆرمێکی نزیک لە پێرڤۆرمێنسیان بە کار هێناوە. گروپی Forced Entertanment کە لە ساڵی ١٩٨٤ لە بەریتانیا دامەزراوە، ڕۆڵێکی گرینگ‌یان لە خوڵقاندنی شانۆیەکی پۆستمۆدێرنیزمدا دیووە، ئەم گروپە هەوڵی تێکشکانی ڕەوتی چیرۆکەکان دەدەن، مۆسیقا بەکاردەهێنن و کار لەسەر پەیوەندی نێوان ئەکتەر و بینەر دەکەن.
ڕه‌خنه‌گره‌كان له شڕۆڤەی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا ئه‌وه‌یان دووپات کردۆتەوە، كه به‌كارهێنانی زمان و بەو شێوەیە، ببووه یه‌كه‌یه‌كی گرینگی نمایشه‌كه: وشه‌ی پچڕ پچڕ، به‌كارهێنانی ڕیتواڵ، مۆسیقا، ده‌نگی جیاواز، پانتۆمیم، سەما و زمانی جەستە، ڕیتم، ته‌رتیله‌ی دینی و فۆلكلۆری و دابه‌شكردنی ده‌یالۆگەکان… هتد. ئه‌مه ته‌نها نموونه‌یه‌كه له‌نێوان هه‌زاره‌ها نموونەی پرۆژه پۆستمۆدێرنیزمەکاندا و مه‌سه‌له‌ی پۆستمۆدێرنیزمیش گه‌یشتۆته كۆتایی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه گه‌وره‌كان. ئه‌وه‌ی له‌م نه‌خشه نوێیه‌دا گرینگە ئاماژه‌ی بۆ بكرێت، ئەوەیە، کە په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، ته‌نانه‌ت هه‌موو جۆره ئایدۆلۆژیه‌تێكیش به‌هاكانی خۆی به‌ته‌واوی له ده‌ست داوه.
ئه‌كته‌ر و هونه‌ری نواندنیش له‌م پرۆسه پۆستمۆدێرنیزمه‌دا جێگای سه‌رنج و بایه‌خپێدانه؛ ئه‌كته‌ره‌كان به هیچ شێوه‌یه‌ك ڕۆڵی یان كاره‌كته‌ری ترادیشۆنی و نەریتگەرا نابینن، به‌ڵكوو له‌بری ئه‌وه زۆر به ڕوونی و ئاشكرا به بێلایه‌نی و دووره‌په‌رێزی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ رۆڵه‌كانیان ده‌كه‌ن. هه‌ندێک له ڕه‌خنه‌گره ئه‌وروپیه‌كان، به‌زمانێكی گاڵته‌ئامێزه‌وه ده‌ڵێن (پۆستبرێشتیزم)، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ته‌كنیكی نامۆبوون و دوور وه‌ستانی ئه‌كته‌ر له‌گه‌ڵ ڕۆڵه‌كانیاندا، هەروەک له شانۆ داستانییەکەی برێشتدا پەیڕەوی دەکرێت. ئه‌وه‌مان له یاد نه‌چێت، کە ئه‌م پۆستبرێشتییه نوێیه، مەبەستم (پۆستمۆدێرنیزم)، به پێچه‌وانه‌ی برێشت–ه‌وه، به هیچ شێوه‌یه‌ك پەیڕەوی بنەما سیاسییەکان، نە چەپ و نە ڕاست و نە لیبرالیزم، ناکات و هیچ جۆره ئایدۆلۆژییه‌تێک له‌خۆ ناگرێت.

