![]()
بەرگریی ڕەوا:
هاواری ناسنامە لە سەردەمی سڕینەوەدا
نووسینی: باران

کاتێک با بە ئاراستەی ویستی کەشتییەکان هەڵناکات، کاتی ئەوە نییە دەریاوان چاوەڕێ بکات، بەڵکو دەبێت زووبەزوو چارۆکەکان بەپێی ئەو شەپۆلانە ڕێکبخات کە ڕووبەڕووی دەبنەوە. گێژەڵووکەکان چەند تووند بن، تێپەڕن، لێ ئیرادە مانەوە فەراهەم دەکات. پاراستنی یەکگرتوویی ناوخۆیی لە ساتەکانی ناهەمواری و کەوتندا کرۆکی هێزە؛ کاتێک بارودۆخ پێچەوانەی ویستی ئێمە دەبێت، داوا لە ژیان ناکەین ئارام بێتەوە، بەڵکو داوا لە خۆمان دەکەین بەهێزبین و ژیرانەتر هەڵسوکەوت بکەین چونکە دەریاوانی لێهاتوو تەنها لەناو دەریای گلاراودا توانای خۆی دەبینێتەوە.
ئەم بنەمایە ئەم ڕۆژانە لە دوای ئەو هێرشە دڕندانەیەی سوپای سوریا بۆ سەر “ڕۆژئاوا” بەرجەستە دەبێت، کە گەڕەکەکانی “شێخ مەقسوود” و “ئەشرەفییە”ی بە بۆردومانێکی وەحشیانە کردە ئامانج. دوای خۆڕاگرییەکی بێوێنە لە بەرامبەر تفاقێکی سەربازیی زلهێزدا، چیرۆکی کچە شەڕڤانێکی لاو بە ناوی (دەنیز عەفرینی) تۆرە کۆمەڵایەتییەکانی هەژاند؛ ئەو نیشانەشکێنەی پێش ئەوەی لە دیمەنێکدا زۆر نامرۆڤانە سەربازەکانی سوپای سوریا تەرمەکەی لە باڵەخانەیەکی بەرزەوە فڕێ بدەنە خوارەوە، بە ئازایەتییەوە ڕووبەڕووی مەرگ بووەوە.
ئەوەی لێرەدا مایەی نیگەرانییە تەنها دڕندەیی بکوژ نییە، بەڵکو هەوڵی نەیارانی دۆزی کورد بۆ لادانی ڕاستییەکان لە ڕێڕەوی خۆیان جێی داخە؛ ئەوان لەبری ئەوەی ڕێز لە گەلێکی ستەملێکراو بگرن کە پیر و گەنجی بەرگری لە کەرامەتی خۆیان دەکەن، نەرێیانە دەستیان کردووە بە لاڵانەوە بۆ تەمەنی بچووکی (دەنیز) و هێزە کوردییەکان (هەسەدە و پەکەکە) بە ڕفاندنی منداڵان و بەسەربازکردنیان تۆمەتبار دەکەن.
دەنیز کە بەرەنگاری وەحشیگەرێتی سوپای سوریا و داگیرکاریی تورکیا و ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بووەوە، بە پاڵەوانێتییەکەی بوو بە ئەفسانەیەک کە لێی بترسن، بۆیە هەوڵ دەدەن ڕای گشتی لە پشت پەردەی ”بە سەربازگرتنی منداڵان”ەوە چواشە بکەن. لێرەدا پرسیار لە ویژدانە ساختەکەیان دەکەین: ئەگەر ئێوە بەڕاستی خەمخۆری بێتاوانیی منداڵانن، چۆن شاگەشکەن بەوەی تەرمەکانیان بەو دڕندەییە لە شوێنە بەرزەکانەوە فڕێ بدەنە خوارەوە؟ بۆچی خێزانەکانیان دەکەنە ئامانج و سوکایەتی بە کەرامەتیان دەکەن؟ ئەوەی حورمەتی جەستە و ژیان پێشێل بکات، بۆی نییە باس لە مافەکانی منداڵ بکات.
هەڵبەت ئێمە هاوڕاین لەسەر ئەوەی دوورخستنەوەی منداڵان و نەوجەوانان لە نەهامەتییەکانی جەنگ ئەرکێکی ئەخلاقی و یاساییە لە “بارودۆخی لەبار”دا یان تەنانەت لە بارودۆخی ئاساییدا، بەڵام ئەمە بۆ کاتێکە کە بڕیاری ئاڕاستەکردنی ڕێڕەوی کەشتییەکان لەدەست خۆتدا بێت! لێ کاتێک گێژەڵووکەی داگیرکاری دەلوورێنێت و ڕەشەبای چەوسانەوە هەڕەشە لە بوون دەکات، زەڕوڕەت حوکمی جیاواز دەسەپێنێت. لە نیشتمانە داگیرکراوەکاندا تێوەگلان لە خەبات خۆشبەختی و بژاردە نییە، بەڵکو قەدەرێکی گشتگیرە. کاتێک داگیرکەر لە دەستڕێژی فیشەکەکانیدا جیاوازی لە نێوان منداڵ و پیردا ناکات، ئەمە وادەکات بەرگری لە بوون ببێتە جەنگی ناچاری و باوبارانە بەهێزەکان ڕێڕەوێکی نوێ بکێشن کە تێیدا پاڵەوانێتی و منداڵی تێکەڵ بەیەک ببن.
مێژوو دەیسەلمێنێت هەمیشە نەبوونی جێگرەوە، “کەم تەمەنەکان” دەکاتە سووتەمەنی شۆڕشە نیشتمانییەکان؛ لە جەزائیر منداڵان “فیدایی” بوون دژی فەرەنسا، لە ڤێتنام هەرزەکاران دەمارگیری “جەنگی تونێلەکان” بوون، لە کوبا کاسترۆ “لیژنەی منداڵان”ی لێ دروست کردن بۆ سیخوڕی و ڕێبەری کردن، هەتا ”ڕاپەڕینی بەرد” لە فەلەستین منداڵی کردە سیمبولێکی جیهانی بۆ بەرگری.. “نموونەیی یاسایی” هەمیشە لەگەڵ “واقیعی چەوسانەوە”دا وەک پارادۆکس بەریەک دەکەون؛ کاتێک کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان مافی خەبات بە هەموو ئامرازەکانەوە بۆ ڕزگاری دەداتە گەلان و ڕێدەدات بە هەموو جۆرێک بەرگری بکەن، ئیدی ئەمە دەمانخاتە بەردەم حەتمییەتی ڕووبەڕووبوونەوەیەک کە کەس بەدەر ناکات لە دۆخەکە.
کاتێک جەنگ هەڵدەگیرسێت، هەمووان وەک یەک دەکەونە ناوجەرگەی گەردەلوولەکەوە. ئازاری کەرامەتی برینداری (حەمزە)، ئەو مێردمنداڵەی کە هیچی نەکردبوو جگە لە نانفرۆشتن لە کۆڵانەکانی شێخ مەقسوود بۆ بژێوی خێزانەکەی، کە کەوتە بەر تیغی سووکایەتی پێکردن و ئەشکەنجە و لێدان تەنها لەبەرئەوەی سەر بە پاشخانێکی تائیفی جیاواز بوو، تاڵییەکەی کەمتر نییە لە ئازاری لەدەستدانی (دەنیز)، ئەگەرچی قوربانیدانی دەنیز لە هەر شتێک باڵاترە. ئەم دیمەنانە پشتڕاستی دەکەنەوە کە لەسەروەختی جەنگ و پێکدادانی گرژییەکاندا، پەلامار و سەرکوتکردن جیاوازی لە نێوان شەڕڤان و مەدەنیدا ناکات ئەگەرچی منداڵیش بن. لێرەدا ڕوونە ئەو ململانێیەی کە دەسەڵاتی سوریا دەیسەپێنێت ململانێیەکی بوونگەراییە کە سڕینەوەی ناسنامە و لێسەندنی مافی ژیان دەکاتە ئامانج.
لە وەڵامی تۆمەتەکانی “ڕفاندنی منداڵان” و شۆردنەوەی مێشکدا، هێزە کوردییەکان جەخت دەکەنەوە کە ئەوەی دەگوترێت دوورە لە ڕاستی و پەیوەندیکردن و لەخۆگرتنی ئەم گەنجانە هەرگیز بە زۆر نییە، بەڵکو بژاردەیەکی تەواو خۆویستە لەلایەن ڕۆڵەکانی کوردەوە و پەرچەکردارێکی ڕاستەوخۆیە بەرامبەر بە سیاسەتەکانی ستەم و سەرکوتکاری. وەکتر بەڵێ ئەو هێزانە هەوڵ دەدەن “کەسایەتی شۆڕشگێڕ”ی هۆشیار پەروەردە بکەن کە مێژووی خۆیان بناسن، چونکە باوەڕیان وایە لە جیهانێکدا کە تەنها ڕێز لە هێز دەگیرێت، ئامادەکردنی نەوەکان بۆ (بەرگریی ڕەوا) تاکە ڕێگەیە بۆ پاراستنی ناسنامە و ڕێگریکردن لە جینۆسایدی کولتووریان.
تێگەیشتن لە واقیعی ڕاستەقینە و ڕەها وا دەخوازێت ڕێز لە بوێری و نەبەردی گەلی کورد بگیرێت. کوردستان، ئەم نیشتمانە پارچەپارچە کراوە، هەمیشە ئامانجی ڕەشەبای ناپاک بووە بەڵام بەشداریکردنی گەنجەکانی لە شۆڕشدا هەرگیز ئارەزوویەک نەبووە بۆ جەنگ، بەڵکو وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ بانگەوازی خاک و ناموس و بوێریی ڕۆحگەلێک بووە کە شکستیان قبوڵ نییە.
دواجار.. (با) هەر هەڵدەکات و شەپۆلەکان بەردەوام بەیەکدا دەکێشن بەڵام دەبێت بڵێین (دەنیز) و هاوشێوەکانی تەنها قوربانیی گەردەلوول نەبوون، بەڵکو خۆیان ئەو بایە بوون کە سەرکزی و سرەوتنیان ڕەتکردۆتەوە. لە خەباتی نیشتمانیدا جیاوازییەکانی نێوان ئەرک و تەمەن مەحو دەبنەوە و گیانفیدایی دەبێتە قیبلەنوما. ئەوەی ژیان هەڵینەبژاردبێت بۆ ئەوەی منداڵیی خۆی بە ئاشتی بژی، مێژوو ئومێدەوارانە هەڵیدەبژێرێت ببێتە بنیادنەری وەها کەناراوێک بۆ نەوەکانی داهاتوو کە گێژەڵووکەکان توانای شێواندنیان نەبێت.
سەرچاوە و ژێدەرەکان:
ڕووداوە مەیدانییەکان: ڕاپۆرتە دۆکۆمێنتارییەکان دەربارەی هێرشەکان بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە (جانیوەری ٢٠٢٦).
دۆکۆمێنتی مافەکان: بەیاننامەکانی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەربارەی پێشێلکارییەکان دژی مەدەنی و شەڕڤانان لە ڕۆژئاوا.
یاسای نێودەوڵەتی: “ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ” (١٩٨٩) و هاوپێچی پرۆتۆکۆڵە ئارەزوومەندانەکەی.
شەرعیەتی نێودەوڵەتی: بڕیاری کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارە (٣٢٤٦) کە شەرعیەت دەداتە خەباتی گەلان بۆ ڕزگاری، بە هەموو ئامرازە بەردەستەکانەوە.
ئەرشیفی مێژوویی: لێکۆڵینەوەکان دەربارەی بەشداری کەم تەمەنەکان لە “شۆڕشی جەزائیر”، “جەنگی ڤێتنام”، ”کوبا” و ”ڕاپەڕینی بەردی فەڵەستین”.
ئەدەبیاتی سیاسی: بەڵگەنامە فیکرییەکانی (هەسەدە) و (پەکەکە) دەربارەی چەمکی “بەرگریی ڕەوا” و پەروەردەی شۆڕشگێڕی.
جانیوەری ٢٠٢٦

