پشتیوان عەلی - پێشەوا کاکەیی
پشتیوان عەلی - پێشەوا کاکەیی

دیمەنی سەردەم و زمانی شیعر لە بەردەم مێدیا و خۆمێدیاییدا


Loading

دیمەنی سەردەم و زمانی شیعر لە بەردەم مێدیا و خۆمێدیاییدا

پێشەوا کاکەیی

پشتیوان عەلی - پێشەوا کاکەیی
پشتیوان عەلی – پێشەوا کاکەیی

پشتیوان عەلی یەکێکە لە شاعیرانی دنیای ئەمڕۆی هاوچەرخ و گواستنەوەی دیمەنە هاوچەرخەکان. بە زمانی هاوچەرخ و بیری هاوچەرخەوە. کە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و مێژوویی و زمانی شیعر هەر لە ڕێی گوتار و ڕەخنەی ناو شیعرەوە بۆمان بەیان دەکات. بە شێوازێکی دراماتیکیانە، دیمەنێکی نوێی بۆ سەردەم درووست کردووە. دیمەنی شیعر کە لە لایەن «مێدیای نوێ» و «خۆمێدیای نوێ»ـوە سەرچاوەی گرتووە. لە شیعری (چیرۆکی زمان لە وڵاتی مندا)ی پشتیوان عەلی، جۆرە شیعرێکە کە بێ پرسیارە و بەڵام پڕە لە دیمەنی پرسیارکردن لە خود و ئەوی دیکە. پرسیارمان بۆ درووست دەکات و قووڵمان دەکاتەوە لەوەی کە شاعیران دەبێت لەگەڵ کێدا قسە بکەن و دەنگی خۆیان دەرببڕن لە ڕێگەی ئەو جیهانەی کە بە وشە بنیات نراوە؟ ئەمەیش ڕێک ئەوەیە کە لەگەڵ ژیاننامەی گۆتێدا، [شیعر و ڕاستی و بانگەواز]ی (سیمۆن وایل) لە هاوینی ساڵی ١٩٤١ـدا دەنگ دەداتەوە بۆ ئەوەی نووسەران بەرپرسیارێتی بەدبەختییەکانی سەردەمی خۆیان لە ئەستۆ بگرن.

بێگومان پێویستە شاعیران لە ڕێگەی خەیاڵی مێژوویی کەسیی خۆیان و بەدواداچوونیان بۆ هەقیقەت و ڕیشەناسیی ڕۆحی خۆیان، ئەزموونی هاوچەرخ بە شێوەیەکی کەتوارییانە لە نووسینەکەیاندا بنیات بنێنەوە، بەمەیش «دادپەروەریی شیعری»ـی نووسینەکەیان بخەنە سەر شان. هەر سەردەمێک میکانیزمی تایبەتی خۆی هەیە بۆ شیعر. لە بانگەوازی ئەمڕۆدا کە تا دێت چڕتر دەبێتەوە بۆ دەربڕینی گوتاری کەتواری و ئەزموونی هاوچەرخ و کارلێککردنیان لەگەڵ فەزای گشتیدا، چۆن ئەزموونی کەتواری کەسی بگۆڕن بۆ ئەزموونی مێژوویی گشتگیر، چۆن کەتواری تاکەکەسی بگۆڕن بۆ کەتواری مێژوویی لە ڕێگەی زمانەوە، لە ڕێگەی داڕشتن و گۆڕانکارییەوە، بووەتە گەڵاڵەیەکی دوانەی شیعری و کۆمەڵناسی. شاعیر لەم شیعرەدا، دوو پرسی گرنگ دەخاتە ڕوو، ئێمە لە مێدیای نوێدا چین و چ کارەین و چۆن داماندەتاشن و گەورەمان دەکەن و هەر خۆیشیان چۆن دەمانکوژن. هەروەها لە ڕێگەی خۆمێدیای نوێوە چۆن تاکی کورد دەخاتە بەر ئەو شاشانەوە، بەر ئەو مێدیا گشتییانەوە کە نەک خۆمانی تێدا بەیان بکەین، بەڵکوو خۆمانی تێدا نمایش بکەین کە چۆن ‘مێدیای نوێ’ بێت و ‘خۆمێدیای نوێ’ـمان پەرە پێ بدات و ڕووتمان بکاتەوە تا ئەو شوێنەی کە ئیدی خاڵین لە بیرکردنەوە و شوێنپێی مێدیای نوێیان بکەوین. لە چوارچێوەی ئەم شیعرە هاوچەرخەدا، بوارێک دەکەینەوە کە بچینە ناو دیمەنەکانی ناو شیعرەکەوە.

یەکەم: شیعر و کەتوار

شاعیران دەبێت بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەرییەکی شیعری کە ئەزموونی ژیان، ئەزموونی کاتی و ئەزموونی کۆمەڵایەتی لە خۆ بگرێت، جیا بکەنەوە، بڕیار بدەن، خۆیان ڕێک بخەن، ڕاستی بکەنەوە، ئاماژەیان پێ بدەن و شایەتحاڵی ئەوە بن. بە تایبەتی لە نووسینی شیعردا، لە سەرانسەری قۆناغە جیاوازەکاندا، ئەم دادپەروەرییە شیعرییە بە هۆی گۆڕانکارییەکانی ئەزموونی هاوچەرخ و دەستپێشخەریی خودەوە، بەردەوام ڕێک دەخرێت و نوێ دەکرێتەوە. توخمە گوتاریی و جەختکردنەوەکانی جیاوازن، بۆ نموونە ڕۆشنگەری، مرۆڤدۆستی، مرۆڤایەتی، ڕەخنەی کۆمەڵایەتی، ئامۆژگاریکردن بۆ چاکە، پاککردنەوەی ڕۆحی، پێداچوونەوەی ئەخلاقی، دژە ئەخلاقبوون و بێئەخلاقی لە خۆ دەگرێت. بێگومان لە ڕووی تایبەتمەندییە سرووشتییەکانی شیعرەوە، شاعیر دادوەر و داواکاری گشتی و لێپرسینەوە و ناوبژیوان نییە.

شیعر و کەتوار پێکهاتەیەکی کارلێککاری ئاڵۆز و بەیەکەوە گرێدراوی بێوێنە پێک دەهێنن. (گەمەیەکە لە نێوان زمانی شیعری و وەفاداری جیهانی ڕاستەقینەدا)، نەک هاوسەنگەرێکی سادە. شاعیران لە گوتاری ڕاستەقینە و فەزای گشتی و ئەزموونی هاوچەرخدا دابڕاو نین. شاعیری ڕاستەقینە توانی ئەوەی هەیە دیدگای کەسیی خۆی و پێکهاتەکانی کەتوار و تاڵەکانی مێژوو بکاتەوە و چالاکیان بکات. توخمە کەسی و گشتگیرەکان، کاتی و بەردەوامییەکان، ناتوانرێت بە شێوەیەکی پۆلێنبەندی لە یەکتر جیا بکرێنەوە. نوقمبوونی شاعیر لە ئەزموونی کەسی و ژیانی تایبەتیدا، ناکرێت بیانوویەک بۆ دوورکەوتنەوە لە پرسە ڕاستەقینەکان و بارودۆخی مێژوویی گشتی. بۆیە فەزای گشتی لە شیعردا و ژیانی ڕاستەقینە و ئەزموونی هاوچەرخ، پێویستی بە سەرلەبەر ڕوونکردنەوە و تێگەیشتن هەیە. شیعر دەتوانێت هەم ژوورێکی دەنگدانەوە بێت و هەم دژە خاڵێکی هاوشێوەی پەنجە بێت بۆ ئێستا، هەروەها «ئاماژەدەرێکی دوور»یش بێت بەرەو ئێستا و داهاتوو. لە ڕوانگەی ئەرکی شیعرەوە، شایەتحاڵی شاعیر جەوهەرییە. هەروەها «ڕوو وەرگێڕان و بێدەنگی»ـی شاعیر لە بەرانبەر کەتواردا، جۆرێکە لە دەستێوەردان. لەبەر ئەوە شاعیر زۆر بە زمانێکی هاوچەرخیانە و زمانێکی سادە و قووڵ بۆ دەرخستنی کێشەکان و بیرکردنەوە لێیان، ڕووبەڕی هەموو کارەکەتەرەکانی نێو کۆمەڵی کوردەواری دەبێتەوە. شاعیر دەڵێت: (ڕۆژنامەکان هێندە کاریان پێمە/ تا هەواڵێکی درۆم لێ ساز دەکەن. جاسووسەکان ئەوەندە کاریان پێمە/ تاکوو ڕاپۆرتێکم لێ درووست دەکەن. مامۆستاکان ئەوەندە پێویستیان بە منە/ تا قوتابییەکانم پێ دەستەمۆ دەکەن.) 

 شیعر هێشتا دەتوانێت لەناو ناکۆکیدا کۆدەنگی بە دەست بهێنێت، بەتایبەت لەکاتی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتیدا. دەستێوەردانی کاریگەرانە لە فەزای گشتی و عەقڵانییەتی گشتیدا لەگەڵ پاراستنی خۆبژێوی و سەربەخۆیی شیعردا ناکۆکی نییە. شیعر دەتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر، هاوسەنگی لە نێوان [‘نووسین بۆ کەمینە’ و ‘خوێندنەوە بۆ زۆرینە’] درووست بکات، بەڵام دۆخی ئێستای نووسین گەشبین نییە. لە سەردەمی پێشکەوتنی خێرادا، هەموان ململانێ دەکەن بۆ دەربڕینی کەتوار، شاعیران چۆن دەتوانن دەرگای شاراوەی ئەو بەشانەی کەتوار بدۆزنەوە کە لە کەتوار دەرباز دەبن؟ پشتیوان عەلی لەم شیعرەدا دەرگا بە ڕووی زمان و مێدیای نوێ و خۆمێدیادا دەکاتەوە. زمان کەرەستەیەکە کە بە چوار لادا ئاڕاستەی کردووە. [‘زمان وەک پێ بیرکردنەوە’، ‘زمان وەک ئەو بیرکردنەوە’، ‘زمان وەک پانئاخاوتن’ و ‘زمان وەک دەستەمۆکردن’.] شاعیر لە ڕێی (زمان وەک پێ بیرکردنەوە)وە دیالۆگێک دەهێنێتە ئاراوە کە دراماتیکیانە لە مێدیای نوێ و خۆمێدیای نوێ و سێ ئاڕاستەکردنەکەی تری زمان دەدات.  

لەکاتی باسکردنی پەیوەندی شاعیر بە دۆخی کەتوارەوە، پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە چۆن شاعیر لە ڕێگەی گوتاری شیعرییەوە، سەردەمی خۆی خستووەتە ڕوو. شاعیر تا ئاستی زمانێک دەڕوات کە بۆ ئەوەی مێژووی سەردەمی هیچوپووچی کۆمەڵی کوردەوارییش وەک کۆمەڵگە جیهانییەکان دەر بخات، خۆی دەکاتە قوربانی و وەک کارەکتەرێک لە بەردەم هەموو فیگەرەکاندا خۆی بەیان دەکات، تاکوو ڕووتی ئەوان دەربخات کە [ئەوان… ڕۆژنامەنووس، جاسووس، هەواڵساز و ڕاپۆرتنووس… هەموویان لە ڕێی زمانەوە هاتوون شاعیر ڕووت بکەنەوە!] پەیوەندی نێوان شاعیر و کەتوار سادەتر دەکاتەوە تا ئەرکە جۆراوجۆرەکانی شیعر دەربخات. بەم شێوەیە دەبینین کە پەیوەندی شاعیر و کەتوار هاوتابوونێکی سادە یان نوێنەرایەتییەکی هێڵکاری نییە، بەڵکوو زۆر ئاڵۆزتر و هەمەچەشنترە. هەر بۆیە داهێنەری بێئەندازەی شاعیر لە زمان و گوتار و ڕەخنەدا، توانی تێکەڵکردنی تەوەری جۆراوجۆری خستووەتە ڕوو لە شیعرەکەیدا، ئەم گشتگیربوونی کارەکتەرانە، دەرگای کۆمەڵی کوردەوارییمان بۆ دەردەخات کە لە زەمەنی عەبدولخالق مەعررووفەوە، ئێمە لەنێو کۆمەڵێکی قەڵەباڵغدا دەژین نەک کۆمەڵگە. 

دووەم: شیعر و دادپەروەری، لێدان لە مێدیا و خۆمێدیایی

ئەگەر نووسینی شاعیر سەبارەت بە کەتوار وەک کردارێکی دیاریکراو سەیر بکەین کە لە دەوری ئەرکی کۆمەڵایەتی و کاریگەریی سیاسی و ئەخلاقی هاوچەرخی شیعر ناوەندی بێت، بە مەبەست بێت یان بێ مەبەست، ئەوا لە ناوەرۆکی شیعر و جەوهەری «زمان»ـی شاعیر لامانداوە. شاعیر زمانێکی نوێ لەناو زماندا درووست دەکات. تەنیا بە قووڵبوونەوە لە ناوەرۆکی شیعردا، چ بێدەنگی بێت یان چڕبوونەوە، دەتوانین میکانیزمە قووڵەکانی پشت دەرکەوتنە بەرجەستە و ئەزموونەکانی ڕۆژانەی شاعیر بدۆزینەوە.

پشتیوان عەلی وەک شاعیر لە ڕێی زمانی شیعرەوە، لە بەردەم مێدیا و خۆمێدیادا ڕووت دەکاتەوە و خۆی دەکاتە قوربانی تا کۆمەڵ بە ئاگا بهێنێتەوە. شاعیر بە ئاگاییانەوە دەچێتە ناو زمانەوە تا کەشفی ئەودیوی مێدیا و خۆمێدیایی تاکی کۆمەڵ بکات. ئەو لەو شاعیرانە نییە، خۆی بکاتە پاڵەوانی مێدیا و خۆمێدیایی، بەڵکوو لە ڕێی زمانی شیعرەوە و [لە دەرەوەی مێدیا]، دەچێتە ناو ئەو ڕووبەرەوە کە تاکی کورد کەوتووەتە ناویەوە و بکوژان وەک زنجیرەیەکی پێکەوەبەستراو کە سەرقاڵی کوشتنی کولتوور و ڕۆحی تاکی کوردن، لە شیعردا دەیانخاتە ڕوو. شاعیر زمانی هەریەکە لە [هەواڵساز و ڕۆژنامەنووس و جاسووس و چینەکانی تری کۆمەڵمان…] بۆ دەردەخات. شیعر و دادپەروەری، پێشمەرجێکە بۆ شاعیر. ئەگەر بەم مانایە دادپەروەری وەک ویژدانی کۆمەڵایەتی و هەستی بەرپرسیارێتیی شاعیر تێبگەین ئەوا قورسە و تاکە ڕێگەیش کە جێی متمانە بێت، هەر لە ڕێگەی شیعری و گوتاری ناو شیعرەوەیە، کە لە وشە و ماتەوزە و ئەزموون و خەیاڵ پێک هاتووە، نەک تەنیا پشت بە بابەتی پێشوەختەی ئەخلاق و کەتواری گشتی ببەستێت بۆ تێپەڕاندنی مانا بوونناسییەکەی شیعر. 

جگە لەوەیش، شیعر بەرپرسیارێتی قسەکردنی هەیە یان هەڵوێستی خۆی لەسەر کەتوار و سەردەم لە ڕێگەی جوانی و ئەخلاق و یاسا و ویژدانەوە دەردەبڕێت؛ بێگومان پێشمەرجەکەیش وەک شیعر دەمێنێتەوە. شیعر، لانیکەم (نەک بە تەواوی)، بەرهەمی بەربەستە ئەخلاقییەکان نییە. میلۆس لە شوێنێکدا، لە باسکردنی تەوەرە کەتوارییەکانی شیعری پۆڵەندیدا، جەختی لەوە کردووەتەوە کە (شوێنی تێکەڵبوونی ناوازەی کەسی و مێژووییە، واتە ئەو ڕووداوانەی کە هەموو کۆمەڵگەکەیان بەسەردا زاڵ دەکەن، لە لایەن شاعیرێکەوە هەستیان پێ دەکرێت و بە شێوەیەکی زۆر کەسی دەیجووڵێنن؛ بەم شێوەیە شیعر چیتر نامۆ نابێت.) پشتیوان عەلی دەچێتە ناو وێرانەیی و شیعرییەتەوە تا لە وێرانەیی و شیعر تێبگەین کە ئێمە لە کوێی سیستەم و کۆمەڵ و مێدیای نوێ و خۆمێدیاییی پووچداین. ئەو هەموو چینەکانی کۆمەڵمان بۆ دەخاتە ژێر پرسیارەوە و دێت و دەڵێت: 

(دووکاندارەکان هێندە پێویستییان پێمە/ تاکوو کڕیارەکانی پێ لەخشتە دەبەن. تەنیا شاعیرانی شێت باخەکانم دەبینن/ تەنیا ئەوان دەزانن من تاڤگەم هەیە ژنە جوانەکان خۆیانی لە بەردا دەشۆن.) 

شاعیر کەتوار و دادپەروەری دەخزێنێتە ناو زمان و شیعرەوە. شاعیر چ لە ڕووی ژیانی کەسی وەک خودی ناو شیعر یان کەتواری گشتیی سەردەمەوە، ناتوانێت تەماشاکەرێکی تەواو یان تاقانە قسەکەر بێت. لە کاتێکدا شاهیدی هەقیقەت ئامادەیە کە دەربڕینێکی گونجاوە بۆ شێوازی نووسینی شاعیری هاوچەرخ و زۆر نووسەریش هەن کە کوێرانە شوێن کەتوار دەکەون. ئەو زنجیرەیەک چینی ناو کۆمەڵمان بۆ ڕیز دەکات کە سەرقاڵن بە کوشتنی جوانی و شیعر و دادپەروەرییەوە. هەموان لە بەردەم مێدیا و خۆمێدیاییدا بەتاڵی خۆیان دەردەخەن. شاعیر زۆر ئاگاییانە و بێ ترس ڕووبەڕووی چینە تێکچووەکانی ناو کۆمەڵ دەبێتەوە. ئەو لەو شیعرەدا، زمان دەکاتە کارەکتەری چینەکان و وەک گێڕەڕەوەیەکی نەخۆشی چینەکان دەیخاتە ڕوو. کە وایە شاعیر لە ڕێی زمانێکی پێ بیرکردنەوەوە دێت زمانەکانی وڵات بەر باس دەدات کە مرۆڤی ئەمڕۆ وەک پەتایەک تووشی بوووە و نازانێت ئەرکی زمان خۆی چییە و لە کوێدا پێویستە بپەیڤێت و بێدەنگ بێت و هەڵوێستە بکات، تەنیا هەر قسە دەکات تاکوو شاشە داگیر بکات.

شاعیر دەست دەخاتە سەر پرسە سەرەکییەکانی سەردەم و بژێوی ژیان و مێدیا و خۆمێدیایی، شیعرێکە بۆ تێگەیشتن لە سەرپێچی و سەردەمی پڕوپووچی و شوێنکەوتنی «مێدیای بیرتاڵی بەتاڵ». ئەم مێدیا بەتاڵانە دەورە دراوە بە ڕۆژنامەنووسی بیرتاڵی بەتاڵ، هەواڵسازی بەتاڵ، پەیامنێری بەتاڵ، پێشکەشکاری بەتاڵ… بەتاڵ لە بیر و پڕکردنەوەی کات و ‘شاشە وەک بابەتی سەرەکی’ و ‘خود وەک خۆمێدیاییی بەتاڵ’. بە ڕوونی لە ڕوانگەی دادپەروەریی شیعرییەوە، شاعیر هێڵێکی زۆر گرنگ دەکێشێت کە ئێمە تێیدا داگیر کراوین، ئەویش [بۆشایی ئێمە وەک بوونێکی ڕەسەن، ئامادەیی نییە!] لە بۆشاییدا بوون هەبێت، ئەوا قسەکردن لەسەر ئەزموونی هاوچەرخ حەتمییە؛ بەڵام کاتێک کەتوار و فەزا و ئەزموونی هاوچەرخ دەچنە ناو دەقی شیعرییەوە، ئەوەی لە کۆتاییدا سەر هەڵ دەدات، پێکهاتەیەکی ئاڵۆز و گشتگیری ئەزموونە تێکەڵاوبوونەکانە و یاریکردنێکە لە ئەزموونی خودی هەر تاکێکی کۆمەڵ کە ڕووبەری ئێمەی داگیر کردووە.

جەختکردنەوەی سارتەریش لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا کە دەڵێت: (ئێستا زیاتر لە جاران دەستێوەردان پێویستە!) لە سەردەمی ئێستای ئێمەشدا بە توندی دەنگی داوەتەوە. سەرەڕای ئەو ئارگیومێنتەی سارتەر کە شیعر بە هۆی سرووشتی زمانەوە بۆ دەستێوەردان ناگونجێت. نە نووسین و نە خوێندنەوە و نە ڕەخنە ناتوانن بە تەواوی خۆیان لە مەیلە کۆمەڵناسی و ئەخلاقییەکان بە دوور بگرن. بۆیە پشتیوان عەلی نیگەرانی خۆی و سەردەمی خۆی و چینەکانی کۆمەڵ هەمووی لە بێژینگ دەدات. داواکارییەکانی بوونی شاعیر و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی، چوارچێوەی ئایدیۆلۆژییەکی ماددی نییە و بەڵکوو دەستڕاگەیشتنە بە شیعر بۆ بینەرێکی فراوانتر. پێویستە جەخت لەوە بکەینەوە کە نزیکبوونەوەی شاعیر بۆ ژیانی گشتی و کەتوارێکی لەقاڵبدراوی دەست چینەکانی کۆمەڵ، لەسەر بنەمای ‘زمانی پێ بیرکردنەوە’یە. ڕەوانبێژی و هونەر، بیر و خەیاڵ، گوتار و ڕەخنە، کۆی ئەم شیعرەی داگیر کردووە کە سیستەمێکی پووچ هەموومانی داتاشیوە. زمان پێویستی بە تازەبوونەوە هەیە، کەتواری شیعریش هەروا. 

شاعیر بە ئاگاییانەوە دەستێوەردان، بیرکردنەوە، پێشکەشکردن و دەربڕینی خۆی دەخاتە ڕوو کە وەک پەیوەندی نێوان خود و بابەتی پرسیارکراو لە خۆ دەگرێت. کە دەڵێم زەمینەسازی کردووە لەم شیعرەدا، ئەوەتا [لە ڕۆژنامەنووسەوە بۆ پلەدار و وتاربێژ…] هەموان دەخاتە بەر نەشتەر. پشتیوان عەلی خۆی دەکاتە قوربانی زمان لەپێناو هۆکارەکان. وەک خودێک زمان واڵا دەکات تا هەریەکە لە [ڕۆژنامەنووس و پلەدار و وتاربێژ] بێن بە زمانی مێدیا و خۆمێدیاییەوە خۆیان هەڵڕێژن. زۆرێک لە شاعیرانی هاوچەرخ لەکاتی خەریکبوون لەگەڵ کەتوار و ئەزموونی هاوچەرخدا، لە یەک کاتدا ورووژاون، بەڵام بە گشتی چاوپۆشی لە مەترسییەکانیان کردووە. پشتیوان عەلی دێت زمانە ئاڕاستەکراوەکان هەڵدەوەشێنێتەوە و بە زمانێکی باڵا، مرۆڤی باڵای ناو ئەو کۆمەڵە دەردەخات کە بارگاوی نەبووە بە زمانەکانی ئاڕاستەکراو. شاعیر دەڵێت: 

(بەڵام هیچیان ناتوانن وانەکەن ‘پیتەکانم’ چڵکی ئەم ڕۆژانە نەگرن/ تەنیا ئەو منداڵە بچووکە نەبێت کە لە بەردەم ئاوێنەیەکدا وەستاوە و خۆی دەدوێنێت.) 

وەک دەبینین پشتیوان عەلییش هاوشێوەی ئێلیۆت دەنگە شیعرییەکانی بۆ سێ بەش پۆلێن کردووە: شاعیر کە لەگەڵ خۆی یان کەسانی دیکەدا قسە دەکات؛ شاعیر کە لەگەڵ ئامادەبوانێک قسە دەکات؛ شاعیر کە لە ڕێگەی دەنگێکی درۆوە یان لە ڕێگەی کارەکتەری دراماتیکەوە قسە دەکات. ئەم دەنگانە لە هەموو سەردەمێکدا پێکەوە دەژین، بەڵام تەنیا یەک دەنگە کە مەیلی زاڵبوون بەسەر ئەوانی دیکەدا هەیە. بە تایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا، خۆگوتار و گوتاری گشتی گرنگییان بە خۆوە بینیوە؛ بەڵام کاتێک مێدیای هەواڵ و خۆمێدیا و بڵاوکراوە چاپکراوەکانی هاوبەش بەشدار دەبن، ئەوا «دەنگی کەسی» نییە کە لە کۆتاییدا چاوخستەسەر و گەورەکردن و سەرنجی بەرفراوان وەردەگرێت، بەڵکوو دەنگێکە کە لەگەڵ خەڵکدا قسە دەکات. بە واتایەکی تر، کاتێک شیعر ناوەوەی خۆی بە جێ دەهێڵێت و دەگاتە خوێنەر و پانتایی خوێندنەوەیەکی فراوانتر، پرسیارەکان سەبارەت بە شیعر بێ کەمبوونەوە دەمێننەوە. دەپرسین کە دیمەنە سرووشتییەکان و دیمەنی سەردەمی ئێمە چۆن پەیوەندییان بە چاو و قسەی شاعیرەوە هەیە؟ دیمەنی سەردەمێک لە کۆتاییدا خۆی لە فەزای گشتی و تایبەتدا دەردەکەوێت، وەک شارەکان، گوندەکان، گەڕەکەکانی دەرەوەی شار، ناوچە پەراوێزەکانی شار- گوند، کارگە و بیناکان. تەلارسازی و فەزای گشتی بە تایبەتی توانی ڕەنگدانەوەی ئەخلاقی زۆرینەی چینەکانی کۆمەڵ. ئەمەیش دیمەنێکی تایبەت بە سەردەمێک و دیمەنێکی ئەزموونی هاوچەرخ پێک دەهێنێت. تەنانەت لە سەردەمە ناوازەکانیشدا، فەزا گشتییەکان دەتوانن ببنە شایەتحاڵی کۆمەڵ و سیاسەت. 

سێیەم: شیعر و کەتوار و فرەڕەهەندییەکەی

ئایا شیعری ئەم سەردەمە دەتوانێت تێگەیشتنێکی قووڵتر لە دیمەنی ڕۆحی و کۆمەڵایەتی خۆی دابین بکات؟ ئایا شاعیرانی ئەم سەردەمە ژیانی مەعنەوییان جیاوازە لە ژیانی ڕابردوو؟ هەمیشە هۆشدارییەکەی شێکسپیرم لە بیرە کە دەڵێت: (وشەی بێ هزر، ناتوانێت بچێتە بەهەشتەوە.) بۆیە توانی ڕۆحی شاعیری هاوچەرخ پێویستی بە هەندێک تێڕامان هەیە. شاعیرانێکی زۆری ئەمڕۆ لە ژیانی ڕۆحی خۆیاندا قووڵ نین و ناچنە ناو کایەکانەوە. دەست بۆ زۆر شت نابەن کە سیستەمێکی ئاڕاستەکەر هەیە. زۆرێک لە دەوری شیعری دەردەدڵیدا دەسووڕێنەوە. شاعیرە دەگمەنە ڕاچڵەکێنەرەکانی ئێمە کەمن، پشتیوان عەلی لەو شاعیرانەیە کە دژی شیعری کوێرانەی لیریکی و ئاخاوتنێکی هەرزەگۆییە. 

لە سەردەمی مێدیای هەمیشە کراوەدا کە هەموان خەریکی دەربڕینی خۆیانن، شیعری هەمەچەشن تا دێت دەگمەنتر دەبێت، لێ پشتیوان عەلی بە دوای هۆکاری پەیوەندیداری ناو مێدیا و خۆمێدیاکردندایە کە هەم ماتەوزە و هەم بە ئەزموونی ڕۆحی و خەیاڵی شاعیربوونەوە دەجەنگێت بۆ دەرخستنی دیاردەکان کە وەک کولتوورێک عەقڵی مرۆڤی ئەمڕۆی داگیر کردووە. پەیوەندی نزیکی شاعیر بە ژیانی ڕۆژانە و و کەتواری کۆمەڵایەتییەوە، بابەتیبوونی شیعر دەخاتە ناو ئامادەیی و لێرەبوونەوە، بەڵام بابەتی زۆر ڕوون ئەوەیە کە ئەخلاقی چینەکانی کۆمەڵە و بە چاوێکی شیعرییەوە دژی سیستەمی کولتووری بەمێدیاکردن دەوەستێتەوە. شیعری ڕۆژانە و هەواڵ و هاوچەرخ و بابەتی… تا دێت زیاتر باو دەبێت، بە چاوپۆشی لەو ڕاستییەی کە شایەتحاڵی شیعر جێی متمانەترە لە شایەتحاڵی هەواڵ. پشتیوان عەلی توانیویەتی شیعر لە شتە ڕۆژانەییەکاندا دەربخات، نەك بە زمانی ڕۆژانە بنووسێت. 

دیمەنی سەردەمی ئێمە زۆر جار کایەیەکی ئاڵۆزە لە ڕووناکی و سێبەری سەریەککەوتوو، پیرۆزی و ناتەبایی. کاتێک دیمەنە هاوچەرخەکان و ئەزموونە هاوچەرخەکان دەخرێنە ناو شیعرەوە، پێویستە فرەچین و فرەڕەهەندیش بن، لەگەڵ فەزای ناوەوە و دەرەوە، ڕێک بخرێن و لە چوارچێوەی هەمان فەزاشدا، پەیوەندییەکانی نێوان بابەت و شتە جیاوازەکان بخرێنە ڕوو. ئەم فەزای فرەچین و هەمەچەشنە هاوتایە لەگەڵ چاودێریکردن و وێناکردن و جۆرە دەربڕینەکانی کە بە هەمان شێوە هەمەچەشنن. 

پشتیوان عەلی دەچێتە ناو ئازاری وشەکانەوە، ئەگەر بیانخاتە ڕوو لە بەردەم مێدیا و خۆمێدیاییدا، شار وێرانتر دەبێت. بۆیە دەچێتە سەر شوێن و فەزا، ئەوەتا دەڵێت: (گەر بچمە جەستەی ئەو وشانەوە کە کچە ئازاکان لە بەرانبەر باوکیاندا دەری دەبڕن، شار دەبێت بە گۆڕێکی بەکۆمەڵ/ گەر ئازایانە و بێ پەردە بگەمە گوێکان، شاعیرەکان دەکوژرێن/ گەر ئازاد بکرێم، کەسە بوێرەکان لە ئاساییش دەبرێنە ژووری تاکەکەسی/ گەر بە ئازادی بچمە سەر پەڕەی ڕۆژنامەکان، لە هەولێر قوتابییەک لە بەردەم زانکۆدا دەڕفێنرێت و تەرمەکەی لە موسڵ فڕێ دەدرێت.) هەر لەم ڕوانگەیەوە، کە ڕاستەوخۆ قسە لەسەر ‘شوێن’، ‘فەزا’ و ‘دیمەن؛ دەکات، کە هەندێک لە شاعیران تا ڕادەیەکی دیاریکراو ڕەهەندە فرەچینەکانی کەتواریان کردووەتەوە. 

[[حەز دەکەم لێرەدا شتێک بخەمە ڕوو کە شاعیرانە نامەوێت خۆم بهاوێژمە ناو خوێندەوەی شیعرەوە، لە کتێبی- (لە پەنجەرەوە، دەڕوانمە گوێدرێژەکەی نالی) دێڕێکم گوتووە لەسەر ئەو دیمەنە. لەوێدا دەڵێم: (هەر درەخت نا، سەری هووجامیش بڕراوە. دەفتەری نامەکانی سەردەشت لە مووسڵ سووتێنرا، دوايين لاپەڕەی نووسیبووی: تەرمەکەم مەشێوێنن! من داوای کچەکەی بارزانیم کردبوو. بەڵام بە دەستی خۆی و کوڕەکانی کوژرام و فڕێیان دامە ئێرە!) {ل.٥٣: ٢٠٢٢} یەکێک پرسیاری کردبوو کە ئایا ئەو دیمەنە شیعرییەی پشتیوان عەلی بە ناوی قوتابییە ڕفێندراوەکە، لەو دیمەنەی سەردەشتی ناو شیعرەکەی تۆوە نزیک نییە؟ پێشتر لەسەر وەرگرتن قسەم کردووە. بە پێویستم زانی هەر لێرەدا بە کورتی بیخەمە ڕوو کە «دیمەنی بینراو و ڕووداو، موڵکی کەس نییە و هەریەکە بە شێوەیەک و لە پەنجەرەیەکەوە لێی دەڕوانێت.» چونکە دیمەنەکە ڕوویداوە، هەریەکەمان بە جۆرێک کەتوارانە لێی دەڕوانین، ئەوەی کە پێویستە مێدیا و خۆمێدیایی نەیشارێتەوە و دەری بخات، کەچی مێدیا و خۆمێدیاکان دەیشارنەوە و ئێمە لێرەدا دەری دەخەین. ئەم دەرخستنە یەکە، نەک شیعرەکە. چونکە کەتواری شیعریمان دژ بە مێدیا و خۆمێدیاییە.]]

ڕەوایەتی گوتارێک بە ڕوونی پەیوەستە بە هەردوو «چی دەگوترێت» و «چۆن دەگوترێت». پەیوەندی شاعیر لەگەڵ کەتوار و تەنانەت لەگەڵ سەردەمیشدا، لە کۆتاییدا تەنیا لە ڕێگەی زمانەوە دەتوانرێت بە دی بهێنرێت، چونکە شەرعیەت پەیوەندییەکی شیعرییە و کەتوار پێویستی بە هاتنی دووەم هەیە لەناو دەقی شیعریدا. ئەمەیش پڕۆسەی ناوەکیکردنی کەتواری دەرەکییە بۆ ناو هەستی کەتوار خۆی، نەک خوێندنەوە و ناسینەوەی خووی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی. تەنانەت لەناو هەمان فەزای ژیانیشدا ئەو کەسانەی ئەزموونی جیاوازیان هەیە، ئەزموونی شتەکان دەکەن و تەنانەت هەست بە شتەکان دەکەن بە شێوەیەکی جیاواز. جارێک مارکێز هۆشداریدا و دەڵێت (نۆستالژیا هەمیشە ئازارەکان پشتگوێ دەخات و بەختەوەری گەورە دەکات.) نووسینی هاوچەرخ پەیوەست بە لادێ و نۆستالژیا و ڕەخنەکانی مۆدێرنیتە/ نوێیەتی و شارنشینی، لە لایەک جۆرێکە لە ستاییشکردن بۆ نۆستالژیا و لە لایەکی دیکەشەوە جۆرێکە لە ڕەخنەی ڕادیکاڵ. پاشەکشەی ژیانی ڕاستەقینە هاوتای سەرکەوتنەکانی زمان نییە. چ ستاییشکردن یان ڕەخنە، مافی ئەوەت هەیە بە ئیرادەی تەواوەوە دەرببڕیت و بگێڕیتەوە، بەڵام ئەدەبی ڕاستەقینە بە ڕوونی داوای زیاتر دەکات. بە هەمان شێوە، پشتیوان عەلی ڕاستییەکی چارەنووسساز لە نووسیندا دەخاتە ڕوو کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت. زۆرێک لە شاعیران ئەمڕۆ لە دیمەنە هاوچەرخەکان نزیک دەبنەوە و دەیانخەنە ڕوو کە لە ڕادەبەدەر ڕووکەش و سواو و یەکسانن. بۆیە جەخت لەوە دەکەمەوە کە بەرپرسیارێتیی شاعیر تەنیا دەربڕینی شتەکانی ئێستا و ڕۆژانە نییە، بەڵکوو لەوەیش گرنگتر و قورستر ئەوەیە کە فەوتاو و سنووردارەکان بگۆڕێت بۆ شتێکی مێژوویی و ئەبەدی. بە واتایەکی تر، شاعیر توانی گواستنەوەی کایەی بینراوی هەبێت بۆ ناو کایەی نەبینراو و تێگەیشتن لە بەرزترین ڕیزبەندی کەتوار لە کایەی نەبینراودا.

شاعیر خاوەنی ئامێرێکی چوارچێوەسازی ناوازەیە کە لە ڕێگەیەوە دیمەنی سەردەم گەورە دەکات و چڕی دەکاتەوە، چونکە هەموان نایبینن، ئەگەرچی بەریشی دەکەوین و تێیدا نوقم بووین. هەر لەبەر ئەمەیشە کە نووسین ناتوانرێت بە تەواوی لە لایەن وشە سەرەکییە کۆمەڵناسییە باوەکانەوە بگرێتەوە. نووسین تەواوکردنی زنجیرەیەک ڕووداوی ڕۆحییە. بەم پێیە نووسین بەئاگابوونەوەی خۆی و ئەوانی ترە، توانی بەئاگاهێنانەوەی ئەزموونە هەمەچەشنەکانی هەر تاکێکی هەیە. جگە لە توانی شاعیر بۆ چاودێریکردن و داڕشتن و پێدانی شێوە، کارامەیی لەوەش چارەنووسسازتر توانی گۆڕین- ​​قووڵبوونەوە و گەیشتن بە هەقیقەتی زمانە. ئەم گۆڕانکارییە لە کۆتاییدا شیعری نمایشی لێ دەکەوێتەوە. لە بۆشایی نێوان ڕاستەقینە و ڕۆحیدا، ئاستێکی باڵاتر لە ڕاستی و وەحی سەر هەڵ دەدات. وردە وردە لە ڕێگەی ئەم توانایەی گۆڕانکاری و کاریگەری ئەلێگۆرییەوە، شاعیر توانی ئەوەی هەیە کە نەبینراو لەناو وشەکاندا دیسانەوە ببینێتەوە و نیشانمان بداتەوە و هەڵوێستە لەسەر دیمەنەکان بکەین کە خۆمان بووینەتە وێنەی تەواوکەری دیمەنی سەردەمەکە. لە بەرانبەر دیمەنە سرووشتییەکان و دیمەنی سەردەمدا، شاعیر پێش هەموو شتێک چاودێرە. لە سەردەمی خێرابوونی گواستنەوە و شارنشینیدا، نیگاکە تا دێت قورستر دەبێت،- نیگایەکی چۆڵ و سەرلێشێواو و زوو تێپەڕ، جێگەی نیگای نووسەرانی ڕابردوو دەگرێتەوە. لە شیعری پشتیواندا و بەتایبەت لەم شیعرەدا، فرەڕەهەندیی دیمەنەکان دەگوازێتەوە لە هەواڵسازێکەوە بۆ مامۆستایەک کە [هەر قسە دەکات و جگە لە پیت هیچی دی جێ ناهێڵێت.) دیمەنە کشتوکاڵییەکان، دیمەنە سرووشتییەکان، دیمەنە هاوچەرخەکان، دیمەنە مێژووییەکان، دیمەنە سیاسی و نەتەوەییەکان… لە یەک کاتدا دەردەکەون. ئەوە چاوی شاعیرە کە ئەم بەشە جیاواز و ناتەبایانە لە کۆیەکی یەکگرتوودا یەکدەخات- یاری یەکتر دەکەن و یەکتر چالاک دەکەن. یەکگرتن و تێکەڵبوونی ئەم دیمەنە فەزاییانە لە کۆتاییدا دیمەنێکی ڕۆحی دەخاتە ڕوو کە لە ڕێگەی خودێتی تاکەکەسی شاعیر و هەستکردن بە کەتوار و خەیاڵی مێژوویی کەسییەوە چڕکراوەتەوە. دیمەنی بابەتیی و بێلایەنی سەردەم، لە ڕێگەی ڕێکخستنەوە و چاودێریکردن و گۆڕینی شاعیرەوە، هێزی بەرزکەرەوە و سیفەتە هەمەلایەنەکان بەدەست دەهێنێت. 

ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە کە ئایا دیدگا و بابەتە هەڵبژێردراوەکان دەتوانن ببنە وێنەیەکی قووڵی سەردەمەکە و پڕۆژەکردنی ڕۆحی تەواوی سەردەمەکە و لایەنە ڕۆحییەکانی خەڵک؟ کاریگەری مامەڵەکردن و پێشکەشکردنی دیمەنی هاوچەرخ، بە ناچاری پرسیارێکی دیکەی بە هەمان شێوە گرنگ دەورووژێنێت. هەڵوێستی نووسەر بەرانبەر بە دیمەن و فەزا- جا چ ناسینەوە، ستاییش، نکۆڵیکردن، ڕەخنە، بێدەنگی، یان بێلایەنی بێت، شاعیر لە ڕێگەی «ڕێبەرە بینراوەکان»ـی دیمەنی هاوچەرخەوە، وامان لێ دەکات پەیوەندییە سرووشتییەکەی نێوان دڵەڕاوکێی جیهانی ڕاستەقینە، دابەشبوون، بێزاری، خراپبوونی ئەخلاقی، شلبوونەوەی ڕۆحی و ئازاری زۆر و نووسین لە بەرچاو بگرین  و ئایا ئەم ئەزموونە ڕۆحییانە بە تەواوی لە جیهانی دەقدا دەردەکەون یان نا. پشتیوان عەلی سەرقاڵە بە گواستنەوەی چینەکانی ناو کۆمەڵ و گۆڕانی بەستێنەکانی نووسین، پەیوەندی نێوان زمان و جیهان، لە نێوان شاعیران و کۆمەڵدا گۆڕیوە. 

بەشی چوارەم: شیعر و دەستکاریکردنی کەتوار

شیعر هەم دەربڕینێکی ئاڵۆزە لە جیهانی وردی ڕۆح و هەم ئاشکراکردنی ڕەوتی سەردەم و کۆمەڵی ئێمەیە. جەختکردنەوەی شاعیر بۆ کەتوار و گۆڕینی بۆ کەتوارێکی تر، بە هێزی خەیاڵێکی تر دەیخاتە ڕوو. بە تایبەتی لەسەر پرسە سەرەکییە کۆمەڵایەتییەکان و ڕووداوە گشتییەکان، هەرگیز وەک ئەمڕۆ چڕ و ڕاستەوخۆ نەبووە. دیمەنی سەردەمی ئێمە ئەوەندە ئاڵۆزە و ئاخۆ چۆن شاعیران کەتواری زمانەوانی درێژ دەکەنەوە یان فراوانتری دەکەن، یان تەنانەت سەرلەبەری نوێتر دەکەنەوە، ئەوا ئەرکێکی چارەنووسسازە. بەتایبەت لە چوارچێوەی ئەمڕۆی بەربڵاوی شیعری ڕۆژانەدا، چۆن شاعیر دەتوانێت لە ڕۆژانەوە بیگۆڕێت بۆ ئێستا و داهاتوو و فەزایەکی زۆر جیاواز ببینێت و پێی ببەخشێت، ئیتر ئەمەیش دەبێتە شتێکی چارەنووسساز. مرۆڤ وەک شاعیرێک دەبێت ڕووبەڕووی سنوورداربوون و سنوورداربوونی خۆتێگەیشتن و ئەزموون ببێتەوە. بۆیە ئەو بابەت و کەتوارانەی کە لە نووسیندا باس دەکرێن، دەرەکی نین، بەڵکوو لەگەڵ چەندین شێوازی ژیان و سەرقاڵبوونی ڕۆحیدا دەگونجێن. ئەمە بە تایبەتی لەکاتی لێکۆڵینەوە لە شاعیرێک لە ڕوانگەی ئەخلاقی فەزایی و دیمەنی کۆمەڵایەتییەوە ڕاستە. لە بەرانبەر دیمەنی چیندار و هەمەچەشنی سەردەمی ئێمەدا، شاعیر دەبێت خاوەنی توانی «چاوی تازە» و «گوێی تازە گەشەسەندوو» و «خەیاڵبەر» بێت. تەنانەت لە تاریکی شەویشدا دەتوانێت دەنگی وردی شتە زوو تێپەڕەکان دەستنیشان بکات. پشتیوان عەلییش یەکێکە لەمانە کە بەرانبەر وردەکارییەکان و تەنانەت کەتوارە بەرفراوانەکانی ئەم ڕۆژگارە کە ڕووبەری گشتی داگیر کردووە، مەودای دەربڕینی خۆی بۆ شیعر فراوانتر کردووە، نەک هەر وەک بینەرێک لە دیمەنکان بنواڕێت و بە بابەتی کەتواری و تەوەرە کۆمەڵایەتییەکان خۆی قەتیس بکاتەوە. شاعیر لە شیعری (چیرۆکی زمان لە وڵاتی مندا)، نموونەی ئەمە دەخاتە ڕوو. لە کاتێکدا کە بە ڕواڵەت شیعری بابەتییە، ڕاستییەکەیشی خاوەنی مەودای ئاماژەیەکی فراوانتر و دادپەروەریی شیعری فرەچینە. چاودێری سەردەمێک یان شوێنێک دەبێت خاوەنی کەسایەتییەکی ئارام و دیدێکی نایاب بێت بۆ «پاراستنی وردەکارییەکان» لە ڕێگەی حاڵەتێکی تێڕامانەوە. ئەم وردەکاری و کردارە تاکەکەسییە دەتوانێت لە یەک کاتدا دیمەنی گشتیی سەردەم و ڕەوتی ڕۆحی بەیەکەوە ببەستێتەوە. پێویستە گرنگییەکی تایبەت بەو شتانە بدرێت کە بە فلاشدا تێدەپەڕن و هەرگیز دەرنەکەونەوە، ئەویش بۆ ئەوەی پەیوەندی گواستنەوەی نێوان وردەکارییەکان و تاکەکان بپارێزرێت. بەم شێوەیە چارەنووسی مرۆڤ و ڕووەکێک لە شیعردا لە بنەڕەتدا جیاواز نییە، بەڵکوو هەمان «جۆری شیعری»ـی هەیە، کە مانای ڕاستەقینەی دادپەروەریی شیعری دەگەڕێنێتەوە. برۆدسکی لە ‘منداڵانی شارستانییەت’ـیدا لە شوێنێکدا دەڵێت: (مرۆڤ و دار ڕووبەڕوو وەستاون، هەریەکەیان بە هێزی ڕەسەنی خۆیانەوە، بە بێ هیچ پەیوەندییەک، هیچ کامیان ڕابردوویان نییە و داهاتووشیان باشتر دەبێت یان نا، دیار نییە؛ هەردووکیان دەرفەتی یەکسانیشیان هەیە.)

شاعیر بە کەسایەتیکردنی مێژوو، دیمەنسازکردنی فەزا، نمایشکردنی کەتوار و وردەکاری بابەتەکان، دیمەنی کەتوار و سەردەم فراوانتر دەکات. لێرەدا شاعیر دەست دەخاتە سەر لایەنی پەروەردە، بنکە ڕۆشنبیرییەکان،  دیندارە توندرەوەکان، دادگا، خۆفرۆشەکان و بەکرێگیراوەکان… (لێرە مامۆستاکان تا بەردەرگای ناسینی پیتەکانم دەبەن/ فێستیڤاڵەکان تا پێش دەرگای خەڵاتەکان ڕێنوێنیم دەکەن/ ترسنۆکەکان تاکوو لە سزای دادگاکان خۆ بپارێزن، لە سنووردا بە کارم دەهێنن/ ئیماندارەکان بۆ ئەوەی لە سزای خودا بەدوور بن، وەک شێرێکی بریندار دەمبەستنەوە/ دەخوازم تەواوی ڕۆژەکان لەپاڵ شاعیراندا بم، چونکە زۆر کەمن ئەوانەی سەرسامیی خۆیان بە دونیا لە ڕێی وشەکانەوە بۆ درووست دەبێت.) ئیشی شاعیری ڕاستەقینە ئەوەیە کە چیتر پشت بە ئەزموونی جیهانی ڕاستەقینە نەبەستێت، چونکە نەک هەر لە کۆتاییدا ماندوو دەبێت، بەڵکوو ئەزموونی جیهانی ڕاستەقینە خۆی بووەتە شتێکی دیارخراو. بە تایبەتی سرووشتی کارلێککارانەی مێدیای نوێ و خۆمێدیا، بووەتە هۆی یەکگرتنی تێگەیشتنە شیعرییەکان و دابەزینی توانی هەستکردنیان. بۆیە پشتیوان عەلی لەنێو ئەم کەتوارەدا، سەرقاڵی کەتوارێکی ترە بە خەیاڵێکی تر. مشتومڕی بەردەوام لەسەر شاعیر و کەتوار، و شیعر و ژیان، بووەتە هۆی تێگەیشتنی جیاواز لە کەتوار و هەستی کەتوار لەنێو نووسەراندا. کەتواری ڕۆژانە و کەتواری شیعر دوو شتی جیاوازن و شاعیریش لە فرەڕەهەندییەکەیدا باش لە کەتواری ڕۆژانە و کەتواری شیعر تێگەیشتووە. هەر ئەوەی کە دەڵێت: (لێرە مامۆستاکان تا بەردەرگای ناسینی پیتەکانم دەبەن/ فێستیڤاڵەکان تا پێش دەرگای خەڵاتەکان ڕێنوێنیم دەکەن.) دوو کەتواری ڕۆژانەن، بەڵام وەها دەیخاتە ناو کەتواری شیعرەوە کە ‘پەروەردە’ و ‘ڕۆشنبیری’ دەخاتە ژێر پرسیارەوە. بۆ ئەوەی شاعیر بیت لەم زۆنگاوەدا، دەبێت شەڕ بکەیت و نەچیتە ناو فێستیڤاڵە بۆشەکانەوە کە سەرۆکی لیژنەی شیعری زۆرینەی فێستیڤاڵە قەبە و ناوەرۆک بۆشەکان، بێئاگان و زۆرینەیان ڕاسپێردراون. شاعیر لەم کەتوارییەدا، وێنە و دیمەنی ‘مامۆستا’مان بۆ دەستکاری دەکات و دەیگوازێتەوە بۆ شوێنێکی تر. ئەم جۆرە وێنە و دیمەنەی مامۆستا، هەمیشە جۆرێک بووە لە ‘نۆستالژیا’ بۆمان کە فیریان کردووین و بیری ‘وانەکان’ و ‘ڕابردوو’مان بکەین، ئەمە کەتواری ڕۆژانەیە. کەتواری شیعر ئەوەیە کە ڕەخنە دەگرێت و دێت زانین و مەعریفەی مامۆستا دەخاتە ژێر پرسیارەوە. شاعیر تێدەگات کە لە دەرەوەی ‘پەروەردە’ و ‘بنکە بە ناو ڕۆشنبیرەکان’، زیاتر دەچیتە ناو شیعر و فێربوونەوە، چونکە ویستێکی ئارەزوومەندانەیە. ئێمە بەردەوام باس لە دادپەروەریی شیعری دەکەین لە وەڵامی دیمەنە کۆمەڵایەتییەکان و فەزای کەتواری و ئەزموونی هاوچەرخدا، بەڵام دەبێت ئاگاداری ئەوەیش بین کە ئەو پرسانەی ڕووبەڕووی شیعر دەبنەوە، کەیسی گۆشەگیری نین، بەڵکوو جیهانی و گشتگیرن. لە ڕوانگەی دیمەنی سەردەم و فەزای ناوخۆییەوە، پێکهاتە و دیمەنێکی فەزایی جیهانی فراوانتر و ئاڵۆزتری سەردەم دەدۆزێتەوە. ئەمەیش پێویستی بە توانی شاعیر هەیە کە سنوورەکانی دادپەروەریی شیعری لە ڕێگەی ئامرازە شیعرییەکانەوە بە دی بهێنێت یان زیاتر فراوانتری بکات کە پشتیوان عەلی کردوویەتی.

تشریی یەکەمی ٢٠٢٥

شوێنپێ: قەڵادزێ- ئاسیا- زەوین

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین