“بۆچی ناتوانم ببم بە تارکۆڤسکی؟” ئەم ڕستەیە ڕۆژێک لە ڕۆژان لە مێشکی هەر سینەفیلیایەکدا هەبووە. بەڵام بەڕاست بۆچی ئێمە ناتوانین ببین بە تارکۆڤسکی؟ لە ڕاستیدا هەم ناونیشانی فیلمەکە و هەم ناوەڕۆکی فیلمەکە وەڵامی ‘موراد دووزگونئۆغڵوو‘ـە کە بۆچی ساڵانێک لەمەوبەر فیلمێکی بازاڕیی وەک “دووبارە لەلای من دەمێنیتەوە – ٢٠٠٧” بۆ تەلەڤیزیۆن دروستکرد و ئێستاش پاش تێپەڕین بە سەر یەکەم ئەزموونی سینەمایی خۆیدا، خەونی بوون بە تارکۆڤسکی دەبینێت؟!
هەڵبەت وەڵامەکە غەمگینە و وەک گۆدار دەیگوت؛ “چەند غەمگینە سینەما هونەرێکە بە بێ پارە دروست ناکرێت….”
موراد وەڵامی ئەو پرسیارە ڕاستەوخۆ دەگەڕێنێتەوە بۆ ئارەزووی کۆمەڵگه. بە گشتی بەرهەمهێن و کۆمپانیای فیلمسازییە تورکییەکان هەمیشە لە هەوڵێکدان تا سەر ئیسقان لێکچوون و هاوشێوەیی (تەنانەت لە خراپترین فیلم)ـی هاڵیوودی. وەک گلوبێر ڕۆشا دەڵێت؛
“ کۆمەڵگەیەک کە موعتادی مۆدیلی ئەمریکی و پۆپ-ستار و دەربڕینی I love you ـە. ڕوانگەیەکی سینەمایی (ئەگەر ئەم دەربڕینە ڕاست بێت) کە چاوەڕێی دروستکردنی بازاڕ و بە بەردەوامیی فڕۆشتنی بلیتی هۆڵی سینەماکان و بینەری گەنمەشامیخۆرە، بینەرگەلێک کە هەمیشە لەبەردەم شاشەدا چاوەڕێی ئەوەن بهێنرێنە پێکەنین یاخود گریان…“
بەهادیر دەیەوێت فیلم دروستبکات، ئاشقی تارکۆڤسکیە، شیعر دەخوێنێتەوە و دەیەوێت درێژە بە میراتی سینەمای شیعری بدات. بەڵام کۆمپانیاکان سیناریۆی بازاڕیی دەدەنێ و ئەو دەبێت خەریکی فیلمی بازاڕی بێت.
لە جێیەک (بەهادیر) سیناریۆکەی پێشکەش بە پرۆدیوسەرێک دەکات و ڕەتدەکرێتەوە، لەبری ئەوە پێشنیاری
فیلمێکی بۆ دەکەن لەسەر دوو ژن و پیاوێک، ئهمه هەمان ئەو چیرۆکە بازاڕیانەن كه لە دراماکاندا دەیبینین. هەر زوو پرۆدیوسەر دەڵێت؛ تارکۆڤسکی، کیاڕۆستەمی و بێرگمان بۆ ئێرە نابن، کەس ئەوانەی ناوێت!
بەهادیر دەپرسێت مەگەر ناتوانین، بەرهەمهێنەرەکە بە ڕستەیەک تەواوی زهیهنی کاربەدەستانی سینەما لە ڕۆژهەڵات دەردەخات: “بە پارەی باوکتان، بۆ نا” …ئێمە بە درێژایی فیلمەکە گهواهی نەویستنی تارکۆڤسکین لەلایەن کۆمەڵگه وە؛ کاتێک هاوڕێکانی بەهادیر بەدیار فیلمی (ستاڵکەر) ی تارکۆڤسکییەوە دانیشتوون و گڵۆبەڕۆژە دەتروکێنن. هەر زوو بێزار دەبن و خەریکی تاوڵە دەبن، کاتێک لە شیعریترین جێی فیلمی( ئاوێنە) دا خۆشەویستەکەی بەهادیر دەخەوێت پڕخەی دێت و… بۆچی ناتوانم ببم بە تارکۆڤسکی؟