١
بەیەکگەیشتین بێئەوەی کەسمان گلەیی لەو ساتە ڕاکردووە بکەین
یاخود باسی لەو وێستگە زوهرەییانە بکەین، بەردەوام لەخەونەکانماندا بەدوومانەوەن .
دوێنێ، بۆ یەکەمجار دوای جێهێشتنی نەرمەژێی ودڵدارییە پڕجۆشەکانی نیشتمان
خەونمان بە هەنارەوە بینی.
٢
کاتێک پیرەدایک لەژێر نەرمە هەتاوی ڕەشەمێ سەرخەوی دەشکاند،
حەزم دەچووە سەر بەهێ بۆندارەکان و دەمزانی لەمانگی خەزەڵوەردا
هەناسەی دڵداریەکی دێرین چاوەڕێم دەکات.
٣
کوا خۆر بۆئەوەی دنیایەک نەهامەتی ڕاکردووی پێ ڕام کەم،
کەی ( بۆرخیس ) لەسویسرا پیردەبێت؟!
٤
لە هەموو کەنار دەریایەکداپەشیمانیەک هەیە،
لەهەموو وێستگەیەکی شەمەندەفەردا، ماچێکی گەرمی هیلاکم دیووە
لەسەر کورسەیەک وەنەوز دەیـباتەوە و چاوەڕوانی هیچە…
٥
دوێنێ شەو ئاسکە پەمەیییەکان سەردانیان کردم،
چونکە ماوەیەک بەر لەهەناسەکانی ڕەشەبا، منیان بەسەر تەنافەکانی مەنفاوە بینی بوو،
منیان وەک توێکڵە پڕتەقاڵێک بینی،
گەڕاوە لەخەونەکانی بهفر، لەبیرەوەریەکانم دەڕوانی.
٦
سێوێک لەمن هیلاکترە،
منیش لە لێمۆیەکی بەیانیان بێدارترم.
٧
هاوڕێکەم لەنێو بەستەڵەکدا جگەرەی دەکێشا و لەوێش ڕەقەوە بوو…
کە بەمردوویش لەنێو شەمەندەفەرەکانی فرانکفۆرتدا گرتیان گووتی؛
هاتووم بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوڕێی دێرین لەم پەنجەرانەوە گاڵتە بەدەریا بکەین،
لەگەڵ (بۆرخیس) دا پیربین . ..
نورنبێرگ – یانوار 1999
-
خۆرخێ لویس بۆرخێس ١٨٩٩ – ١٩٨٨؛ چیرۆكنوس و شاعیری ئهرجهنتینی.