فه‌نتازیا چییه؟
فه‌نتازیا جیهانێكی خه‌یاڵیی ئه‌فسانه‌ئامێزه، هه‌ندێك له حیكایه‌ت ده‌كات. زۆرجار له سه‌ده‌ی ناوه‌ڕاست ده‌چێت به كۆشك و ته‌لار و سوارچاكانه‌وه. له چیرۆكه فهنتازیاییهكاندا، ئه‌ژدیهای گڕهاوێژ، ده‌عبا و جادوگه‌ر و پاڵه‌وان و یار و نه‌یاریش هه‌یه. هه‌ندێك له‌و چیرۆكانه، له دوو جیهان پێكدێن، چوونه ناو هه‌ر جیهانێكیان، ده‌كرێت له ڕێی هه‌ر جۆره ده‌روازه‌یه‌كی سیحرییه‌وه بێت، وه‌ك ده‌رچه‌ی دۆڵابێك یاخود كونێك له دره‌ختێكدا …
له‌م چیرۆكانه‌دا، زۆرجار كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی، كه پاڵه‌وانه، ئه‌ركێكی هه‌یه جێبه‌جێی بكات. ئه‌و كه‌سێك ڕزگارده‌كات یاخود به‌دوای یه‌كێك یان شتێك‌دا ده‌گه‌ڕێت. ڕووداوه‌كان ڕێگای به‌ره‌و ئامانجن، به‌وه‌ی چۆن كه‌سه‌كه ڕزگارده‌كات، یان چۆن ده‌گاته خاڵی ئامانجی وه‌ك ئه‌وه‌ی گه‌نجینه‌یه‌ك بدۆزێته‌وه كه بۆی ده‌گه‌ڕێت. بۆئه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتێكی خه‌یاڵیی، ته‌واو سه‌رنجڕاكێش بێت، پێویسته پاڵه‌وانه‌كه دوچاری ئاسته‌نگی و دژواری ببێته‌وه، ئه‌مه ده‌كرێت له فۆڕمی دوژمن یان هه‌ر به‌ربه‌ستێكی تردا بێت. له‌م جۆره چیرۆكه خهیاڵییانهدا، هه‌ردووك له كاره‌كته‌ری به‌د و باش سیحر و جادوو به‌كارده‌هێنن.
نووسینی خه‌یاڵیی
وه‌ك چۆن جۆره‌ها نوسه‌ر هه‌یه، جۆره‌ها شێواز بۆ نووسینی خه‌یاڵی فه‌نتازیش هه‌یه. من خۆم كتێبی ماجه‌رایی و پۆلیسی و خه‌یاڵیش ده‌نووسم. له كتێبه خه‌یاڵییه‌كاندا ئازادی ته‌واو ده‌ده‌م به خۆم و لێده‌گه‌ڕێم ئه‌ندێشه‌م له‌به‌ری بڕوات.
زۆر نووسه‌ر به‌ر له نووسین، جیهانی چیرۆكه‌كانیان چێده‌كه‌ن و زمانی تازه و تایبه‌ت به‌خۆیان ده‌هێننه كایه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی جۆرج ر. ر. مارتین كردوویه‌تی له به‌سه‌رهاته‌كانی (گه‌مه‌ی ته‌ختی پادشاییهكان)دا، كه حیكایه‌تێكه ده‌رباره‌ی ئاو و ئاگر، ر. ر. مارتین تیایدا چه‌ندین جیهانی بنیادناوه.
هه‌روه‌ها نووسه‌ریش هه‌یه له سه‌روه‌ختی نووسیندا، به‌سه‌رهاته‌كان ڕێك له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه ده‌نووسێته‌وه، ته‌نها له ڕێی ئه‌وه‌وه كه بیرۆكه‌یه‌كی هه‌بێت ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه چۆن بێت.
باشترین شێواز بۆ نووسینی به‌سه‌رهاتی فه‌نتازی تایبه‌ت به خۆت، ئه‌وه‌یه هه‌وڵبده‌یت سروشێكت بۆ بێت كه پێشتر كه‌س له‌باره‌یه‌وه نه‌ینووسیبێت. بۆ ئه‌مه، ده‌شێت شتێكی ڕۆژانه بهێنیت و به‌رگی ئه‌فسانه‌ی بكه‌یته به‌ر، یان جیهانێكی خه‌یاڵیی تایبه‌ت به خۆت بدۆزیته‌وه، به‌ڵام وریابه نه‌كه‌ویته داوی ئه‌وه‌وه كه نووسینه‌كه‌ت له لایساییكردنهوهی ده‌قی پێشتر نووسراو بچێت.
یاداشت و بنیادنان
نووسینه‌وه‌ی پێشوه‌ختی بۆچوون و بیرۆكه‌كانت یارمه‌تی زۆرت ده‌دات له بنیادنانی چیرۆكه‌كه‌تدا. ئاسانترین ڕێگا بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌مه، به‌كارهێنانی ده‌فته‌ری یاداشتكردن یاخود ئه‌و پارچه كاغه‌زه بچكۆلانه‌یه كه تایبه‌تن به یاداشتكردنی تێبینی و ده‌لكێنرێن به دیوار و كه‌لوپه‌له‌وه و له ڕه‌نگی جۆراوجۆر هه‌ن.
بۆ بنیادنانی چیرۆكه‌كه‌ت؛ له‌سه‌ر ئه‌و پارچه كاغهزانه، ئه‌و بیرۆكانه بنوسه كه دێنه سه‌رته‌وه، هه‌ر بیرۆكه‌یه‌ك له‌سه‌ر پارچه‌یه‌ك كاغه‌ز تۆمار بكه. بیر له به‌شه جیاوازه‌كانی كتێبه‌كه بكه‌ره‌وه، له ڕووداوه‌كان، مرۆڤه‌كان، شوێنه‌كان و هه‌ر توخم و لایه‌نێكی تری … پاشان ده‌رباره‌ی هه‌ر یه‌كێك له‌وانه، زانیاری و تێبینی پێویست له‌سه‌ر پارچه كاغه‌زه‌كان بنووسه.
به زانیاری و تێبینییهكانی سه‌ر پارچه كاغه‌زه‌كاندا بچۆره‌وه و ورده‌كاری زیاتریان بخه‌ره‌سه‌ر، به‌ڵام نه‌ك هه‌موو چیرۆكه‌كه بنووسیته‌وه له سه‌ریان، به‌ڵكو ته‌نها وشه‌ی بیرخه‌ره‌وه بۆ كۆمه‌ككردن یاداشت بكه و سه‌ره‌تا و ناوه‌ڕاست و كۆتایی دیاریبكه. ئه‌گه‌ر له‌و كه‌سانه‌یت كه كۆتاییهێنانت به چیرۆك له‌لا قورسه، باشتر وایه ده‌ست به نووسینی سه‌ره‌تا نه‌كه‌یت، تا كۆتاییهكهیت بۆ دێت و یاداشتی ده‌كه‌یت. ئه‌گه‌رنا زۆر به ئاسانی ده‌كرێت تووشی گرفت ببیت و چیرۆكه‌كه‌ت بۆ ته‌واو نه‌كرێت.
پارچه كاغه‌زه‌كان به دیواردا هه‌ڵبواسه، به‌و جۆره ڕیزیان بكه كه به‌پێی ئه‌و ڕیزبه‌ندییه بێت كه ده‌ته‌وێت ڕووداوه‌كان هه‌یانبێت. چه‌ند جارێك پیایاندا بچۆره‌وه، چه‌ند پێویست بكات، جێگۆڕكێیان پێبكه، لێیان كه‌م بكه‌ره‌وه و بۆیان زیاد بكه، تا ئه‌و كاته‌ی هه‌ست ده‌كه‌یت، پرۆسهكهت ئه‌وه‌نده به‌ره‌وپێش چووه، كه كتێبێكی باشی به كۆتاییه‌كی جوانه‌وه، لێده‌ربچێت. ئه‌و كاته، وه‌ختی ئه‌وه‌یه دابنیشیت ده‌ست به نووسین بكه‌یت.
دانانی پێڕست
شێوازێكی باش بۆ كاركردن، ئه‌وه‌یه به یارمه‌تی پێڕست كاربكه‌یت. ئه‌مه به دوو جۆری جیاواز سوودی ده‌بێت. به‌وه‌ی كه ده‌بێته ته‌واوكه‌ری پارچه كاغه‌زی تێبینیی و یاداشته‌كان، هه‌روه‌ها كارئاسانی ده‌كات بۆ بیرهێنانه‌وه و چوونه‌وه سه‌ر به‌شه‌كانی پێشتر، كاتێك ده‌ته‌وێت به خێرایی بزانیت تیایاندا باست له چی كردووه.
من به كۆمپیوته‌ر، له به‌رنامه‌ی مایكرۆسۆفت وۆرددا، دوو ستوون ده‌كه‌م، له ستوونی یه‌كه‌مدا ده‌نووسم به‌شی یه‌ك و به‌شی دوو هتد … له ستوونی به‌رامبه‌ردا، كورته‌ی ئه‌وه ده‌نووسم كه له‌و به‌شه‌دا باسم كردووه. هه‌ندێجار ده‌كرێت باس له‌وه‌ش بكه‌م كه ده‌مه‌وێت له به‌شی دواتردا له‌سه‌ری بنووسم. به‌م جۆره، پێڕست ده‌بێته ته‌واوكه‌ری پارچه كاغه‌زی تێبینی و یاداشتهكانت.
من له كاتی نووسینی دوو كتێبمدا ده‌رباره‌ی جه‌نگی جیهانی دووهه‌م، ده‌ستم به دانانی پێڕست كرد. له‌به‌رئه‌وه‌ی هاوكات كارم له دوو كتێبدا ده‌كرد، ئاسان نه‌بوو پارچه كاغهی تێبینییه‌كان لێكجیابكهمهوه. بۆیه پێڕستم بۆ هه‌ر یه‌كێكیان دانا، وێنه‌ی به‌رگی كتێبه‌كانیشم خسته سه‌ریان بۆئه‌وه‌ی به ته‌ماشاكردنێك، زووبه‌زوو بزانم پێڕستهكه هی كام كتێبهیانه.
ئه‌م جۆره كاركردنه، ئاسانكاری زۆری بۆ من كرد. چونكه كاتێك ده‌مویست شتێكی تایبه‌ت و دیاریكراو بدۆزمه‌وه، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی په‌ڕه په‌ڕه به‌ناو به‌شه‌كاندا بگه‌ڕێم، ده‌متوانی سه‌یری پێڕسته‌كان بكه‌م و به‌ئاسانی ئه‌وه بدۆزمه‌وه كه مه‌به‌ستمه.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر له یه‌ك كاتدا دوو كتێب له‌سه‌ر یه‌ك بابه‌تیش نه‌نووسیت، به‌كارهێنانی پێڕست هه‌ر پێویسته، بۆئه‌وه‌ی به‌ئاسانی بتوانیت به‌شه جیاوازه‌كانی به‌سه‌رهاته‌كه بدۆزیته‌وه. به‌ڵام بوونی پێڕست، له گرنگی به‌كارهێنانی پارچه كاغه‌زی تێبینی و یادداشتكردنهكان كه‌مناكاته‌وه. هه‌رچه‌نده ده‌شتوانیت له‌جیاتی پارچه كاغه‌زی تێبینیش، هه‌ر پێڕست به‌كاربهێنیت. ئه‌مه وه‌ك نه‌خشه‌یه‌كی هێڵكاری لێدێت، به‌وه‌ی كورته‌ی ئه‌وه‌ی ده‌ته‌وێت له ستوونی بچووك بچو‌وكدا بنووسیت. له هه‌موو بارودۆخێكدا، گرنگه له گۆڕانكاری نه‌ترسیت، به‌پێی پێویست له به‌شه‌كان كه‌م و زیاد بكه و جێگۆڕكێ به پهڕهگرافهكان بكه … به‌م شێوه كاركردنه، به‌رهه‌مه‌كه‌ت به‌ره‌وپێش ده‌چێت و كاره‌كه‌ت باشتر ده‌بێت. به‌ڵام له‌وه دڵنیابه‌ره‌وه كاتێك ده‌ست به نووسینی چیرۆكه‌كه‌ت ده‌كه‌یت، پێویسته بناغه‌یه‌كی چه‌سپاو و جێگیرت هه‌بێت.
كات و سروش
چ كاتێك له شه‌و و ڕۆژدا، گونجاوترینه بۆ تۆ، كه تیایدا بنووسیت؟ ئایا به‌یانیانه، دوانیوهڕوانه، ئێوارانه یان شه‌وانه؟ كاتێك هه‌ڵبژێره و ڕۆژانه له‌و وه‌خته‌دا كه‌مێك بنوسه. تا زۆرتر ئه‌مه دووباره بكه‌یته‌وه، كاره‌كه ئاسانتر ده‌بێت.
ته‌واوی ڕۆژ له‌گه‌ڵ چیرۆكه‌كه‌تدا بژی، لێگه‌ڕێ له‌گه‌ڵتدا بچێته ناو نوێنهكهشتهوه، با تا خهبهربوونهوهت، كاتێك نوستوویت، به‌شه‌كانی تر له نه‌ستدا بكوڵێن. با چیرۆكه‌كه له بیرتدا بێت، كاتێك كه پیاسه ده‌كه‌یت، ده‌چیته بازاڕ و داده‌نیشیت و ده‌خوێنیته‌وه. سرووش له هه‌موو ئه‌و شتانه وه‌ربگره كه ده‌یبینیت و ده‌یبیستیت. گه‌ر كرا، با به‌رده‌وام ده‌فته‌ر و قه‌ڵه‌مت ئاماده بێت بۆ یادداشتكردنی ئه‌و بیرۆكانه‌ی كه بۆت دێت، ده‌شتوانیت له تهلهفۆنهكهتدا، به ده‌نگ، بیرۆكه‌كان تۆمار بكه‌یت.
هه‌روه‌ها ده‌توانیت سرووش له ئه‌فسانه یۆنانییه‌كان و حیكایه‌ته‌كانی باكوور و ئایسلاند و جۆره‌ها كتێبی تری خه‌یاڵئامێز وه‌ربگریت، به‌ڵام بیرت بێت، تۆ فه‌نتازیا ده‌نووسیت نه‌ك حیكایه‌ت.
كاره‌كته‌ره‌كان
كارێكی باش ده‌كه‌یت ئه‌گه‌ر پێشانگایه‌ك بۆ كه‌سایه‌تییه‌كان چێبكهیت. واته، ڕوونكردنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه یادداشت بكه كه له چیرۆكهكهتدان. ئه‌مه ته‌نها بۆ به‌رچاوڕوونیی خۆت، نه‌ك بۆ نووسینیان له كتێبه‌كه‌دا. هه‌بوونی وێنه‌یه‌كی ڕوون له‌سه‌ر چۆنییه‌تی كاره‌كته‌ره‌كان، سوودمه‌نده و كارئاسانیی بۆ ئه‌وه ده‌كات كه بگه‌ڕێیته‌وه سه‌ریان و بزانیت كه‌سه‌كان، جلوبه‌رگ، ڕه‌نگی چاو، ڕه‌نگی قژ و ئه‌فسوون و تایبهتمهندییهتیهكانیان چۆن بووه …
شتێك كه بۆ خوێنه‌ر سه‌رنجڕاكێشه، ئه‌وه‌یه ده‌رباره‌ی پێشینه‌ی كه‌سایه‌تییه‌كان بزانن؛ وه‌ك ئه‌وه‌ی چی وای له‌و كه‌سایه‌تییه كردووه كه به‌و جۆره‌ی ئێستای بێت؟ ئایا شتێكی تایبه‌تی به‌سه‌رهاتووه؟ ڕووداوێكی تایبه‌ت به‌سه‌ر خێزانه‌كه‌یدا ڕوویداوه؟ كاره‌كته‌ره‌كه خه‌ونی هه‌یه؟ هاوڕێ و دوژمنی هه‌یه؟ چۆن به‌هره‌ی سیحری وه‌رگرتووه؟ و هتد …
كهسایهتییهكانت به‌هۆی پێشینهیانهوه سه‌رنجڕاكێش و زیندوو بكه، به‌ڵام ئاگاداربه به‌جارێك زیاد له پێویست ده‌رباره‌یان نه‌نوسیت، به‌ڵكو جارجار ڕۆشنایی بده و خوێنه‌ر به تامه‌زرۆیی بهێڵه‌ره‌وه.
په‌لكێشكردنی خوێنه‌ر
له ڕێگای ئه‌وه‌وه كه چیرۆكه‌كه به سه‌رنجڕاكێشی ده‌ستپێبكه‌یت، یه‌كڕاست خوێنه‌ر په‌لكێش ده‌كه‌یت. ده‌كرێت وا ده‌ستپێبكه‌یت كه شتێك به‌سه‌ر كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كیدا بێت. زوو خوێنه‌ر بخه‌ره ناو بهسهرهاتهكهوه، به‌بێئه‌وه‌ی ئاماده‌كاری و ڕوونكردنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه بده‌یت كه ڕووده‌دات. با كۆتایی به‌شه‌كان سه‌رنجڕاكێش بن، بۆئه‌وه‌ی خوێنه‌ر له خوێندنه‌وه به‌رده‌وامبێت. ده‌شتوانیت له كۆتایی به‌شه‌كاندا كه‌سایه‌تییه‌كه بخه‌یته مه‌ترسییه‌وه، تا خوێنه‌ر تامه‌زرۆ و چاوه‌ڕێی به‌شی داهاتوو بێت.
كاتێك ده‌گه‌یته كۆتایی نووسینی كتێبه‌كه‌ت، گرنگه هێشتان وزه و مه‌یلی سه‌ره‌تای نووسینت مابێت. زۆر كتێب هه‌یه، كۆتاییه‌كه‌ی كرچوكاڵه و پێوه‌ی دیاره كه نووسه‌ره‌كه حه‌وسه‌ڵه‌ی نه‌ماوه و ویستویه‌تی زوو ته‌واوی بكات. كاتی ته‌واو بده به نووسینی به‌شی كۆتایی، به ڕێكوپێكی چیرۆكه‌كه ته‌واو بكه. ئه‌گه‌ر بڕیار بێت چیرۆكه‌كه بكه‌یته زنجیره كتێب، ڕۆشناییهك بده به‌وه‌ی له كتێبی داهاتوودا چی ڕووده‌دات، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و هه‌سته‌ش بده‌یت كه ئه‌مه كۆتایی به‌سه‌رهاته‌كه بێت، ئه‌گه‌رنا خوێنه‌ر هه‌ست به هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن ده‌كات.
سه‌رچاوه: Kimselius-sida