سه‌ره‌تا سوپاستان ده‌كه‌م بۆ بانگهێشت كردنم بۆ سێهه‌مین كۆنفرانسی دابڕان و كۆنفرانسی دامه‌زراندنی فێمینیزمی ڕۆشنگه‌ری. به‌و هیوایه‌م بتوانین دیباتێكی جیدی له‌سه‌ر گرنگی هۆشیاری جێنده‌ری و فێمینیزم درو‌ست بكه‌ین.
سه‌ره‌تا به‌باشی ده‌زانم باسه‌كه‌م به ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی زۆر كورتی تێرمی جێنده‌ر ده‌ست پێبكه‌م و دواتر له كۆنتێكستی كوردستاندا باس له ئاڵۆزی ڕۆڵ و په‌یوه‌ندییه جێنده‌ریه‌كان بكه‌م، و له‌وێوه به كورتی باس له هه‌ندێك كار بكه‌م بۆ بردنه سه‌ره‌وه‌ی هۆشیاری جێنده‌ری.
له ڕوانگه‌ی فێمینیسته‌كانه‌وه (جێنده‌ر) دروستكراوێكی كۆمه‌ڵایه‌تیه، گه‌ر سێكس جیاكارییه‌كی بایالۆجی بێت. به‌واتایه‌كی دیكه؛ دابه‌شبوونی بایۆلۆجی -(سێكسی) مرۆڤ به‌سه‌ر ( نێر بوون و مێ بوون) دا سروشتیه و ئه‌وه‌ی ناڕه‌وایه ئه‌و چه‌وسانه‌وه زۆره‌یه كه ڕه‌گه‌زی مێینه به‌هۆی ئه‌م جیاكاریه بایۆلۆجیه‌وه به درێژایی مێژوو دوچاری بۆته‌وه. لێره‌وه سیفاتی ( نێرینه‌یه‌تی و مێینه‌یه‌تی) كه بۆ نێر‌و مێ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه و ده‌زگاكانیه‌وه دیاریكراوه و به‌رده‌وام به‌رهه‌مده‌هێنرێته‌وه و ئه‌و ڕۆڵه جێنده‌ریانه‌ش كه به‌درێژایی مێژوو به‌م دوو بونه‌ره‌وه هه‌ڵواسراون دروستكراوی كۆمه‌ڵایه‌تین.
به باشی ده‌زانم باس له یه‌كێك له تیۆریزانه گرنگه‌كانی بواری جێنده‌ر بكه‌م كه پرۆفیسۆری سۆسیۆلۆجی به ئه‌سڵ ئوستوراڵیه به‌ناوی (ڕایوین كۆنێل -Raewyn Connell) كه ستره‌كتوری په‌یوه‌ندیه‌كانی جێنده‌ر دابه‌شده‌كات و من له سێ خاڵدا كه په‌یوه‌ندی به باسه‌كه‌ی منه‌وه هه‌یه ده‌یانخه‌مه‌ڕوو. هه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ست له‌م دابه‌شكردنه ده‌رخستنی ئه‌و بونیاده سه‌ره‌كیانه‌ن كه كاراكته‌رایزی په‌یوه‌ندیه‌كانی جێنده‌ر ده‌كه‌ن. ئه‌وانیش:
یه‌كه‌م: دابه‌شكردنی كار ( كاری ده‌ره‌وه و كاری ناوماڵ)، كه كاری ئاگا لێبوونی منداڵ و ئه‌ندامانی تری خێزان وه‌كو كار\پیشه مامه‌ڵه‌نه‌كراوه و لێره‌وه نایه‌كسانی ئابووری دروستده‌كات و ئه‌م دۆخه خزمه‌تی ڕه‌گه‌زی نێر ده‌كات. چونكه ژن وابه‌سته ده‌كاته‌وه به ئابوری ئابوری پیاوه‌وه.
دووهه‌م: (دابه‌شكاری هێز) كه خزمه‌ت به‌پیاو ده‌كات و په‌یوه‌سته به خراپ به‌كارهێنانی هێزو ده‌سه‌ڵات و كۆنتۆرڵ كردنی ژنه له لایه‌ن پیاوه‌وه له په‌یوه‌ندیه‌كان و دامه‌زراوه‌كاندا.
سێهه‌م: سه‌باره‌ت به نۆرمه كۆمه‌ڵایه‌تی و وابه‌سته‌بوونه سۆزدارییه‌كانه. به واتایه‌كی تر نۆرمه‌گه‌ڵێكی باو له‌باره‌ی ژنه‌وه هه‌ن، به‌رده‌وام ژن ناچارده‌كرێت پابه‌ند بێت پێیانه‌وه.
له ئاسته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌یدا ژن و پیاو ده‌كه‌ونه (په‌یوه‌ندییه‌كی ناهاوتا) و ئاڵۆزه‌وه به‌هۆی دابه‌شكاریه‌كی ناهاوتای هێز و كار و نۆرمه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه. ده‌توانین (په‌یوه‌ندی ناهاوتا) ته‌نها له‌تۆڕی خێزانی‌دا قه‌تیس نه‌كه‌ین، به‌ڵكو له‌شوێنای ژنیش له‌ناو پارته سیاسییه‌كاندا ئه‌م په‌یوه‌ندییه ناهاوتایه دیاریبكه‌ین؛ بۆ نمونه یه‌كه‌میان غیابی (هاوسه‌رۆكی ژن) و ژن وه‌ك سه‌ركرده، كه یه‌كێكه له‌و دیارده ئاشكرایانه‌ی باشوور كه ژن متمانه‌ی ئه‌و پایه‌یه‌ی پێ‌نادرێت. دووهه‌م ئه‌م په‌یوه‌ندییه ناهاوتایه وه‌های كردووه كه ژن له‌باشووردا له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه كاتێك شوێنای حكومی یان په‌ڕله‌مانی یان سیاسی وه‌رده گرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ستكردنه‌ی به (گرێی كه‌می ) قه‌ره‌بوو بكاته‌وه، كه‌ده‌رئه‌نجامی (په‌یوه‌ندی ناهاوتایه ) ئه‌وا دێت و خێرا كاراكته‌ره‌كانی پیاو له‌خۆ ده‌گرێت. گه‌ر ژن له‌باشووردا پارێزگاری له‌كاركته‌ری خۆی بكات و ته‌عبێربێت له‌ژن ئه‌وا شوێنای پێ له‌قده‌كرێت.
لێره‌وه (ناهاوتایی هێز) درو‌ست ده‌بێت كه نمایشی ژێرده‌سته‌كردنی ژن ده‌كات. دیاره ئه‌م كۆنسێپته له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیستدا له‌لایه‌ن خانمه نوسه‌ر و فێمینیستی به‌ناوبانگی ئه‌مریكی خاتوو (چارلۆت پێركینسه -Charlotte Perkins ) وه به‌كارهێنراوه. خاتوو چارلۆت له‌و باوه‌ره‌دا بوه كه ( پیاو وه‌كو سه‌رچاوه‌ی مرۆڤایه‌تی ده‌بینرێن و ژنان وه‌كو هاوده‌مێك و ژێرده‌سته‌یه‌ك و ته‌نانه‌ت له‌په‌یوه‌ندیه‌كی نیسبیدان به پیاوه‌وه).. ئه‌م تێڕوانینه له نوسینه‌كانی (سیمۆن دۆبۆڤواریش) دا به ووردی ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه و لێره‌وه تێده‌گه‌ین كه پێناسه‌ی پیاو بۆ ژن له په‌یوه‌ند به خۆیه‌وه‌یه‌تی وه‌ك پیاو نه‌ك له په‌یوه‌ند به ژن خۆیه‌وه. له‌م پرۆسه‌یه‌دا ژن ده‌بێته (ئه‌ویتر) لایه‌نێكی ئه‌م به (ئه‌ویتر – بوونه) ئه‌وه‌یه؛ كه ژن ده‌كه‌وێته خانه‌ی به‌راووردكاری له‌یه‌كچوون و له‌یه‌ك نه‌چوونه‌كانی به پیاوه‌وه. ئه‌م ناهاوتایی و جیاكارییه جێنده‌ریانه پایه‌ی ژن له‌ق ده‌كه‌ن وئیمتیاز ده‌به‌خشنه پیاو.
له باره‌ی نایه‌كسانی جێنده‌ریشه‌وه خانمه فێمینیستی ئه‌مریكی ( جودیت لۆربه‌ر-Judith Lorber-) له‌و باوه‌ڕه‌دایه كه؛ (نایه‌كسانی جێنده‌ری ته‌نراوه به ڕێكخستنی هاوسه‌رگیری، خێزان، كاركردن ،ئابووری، سیاسیه‌ت، دین و هونه‌ر و به‌رهه‌مه كولتوریه‌كاندا. ته‌نانه‌ت له‌و زمانه‌شدا كه قسه‌ی پێده‌كه‌ین).
به واتایه‌كی تر زۆر جار ئه‌م جیاكاری و نایه‌كسانیه سیستیمیكه، بۆته به‌شێك له دام و ده‌زگاكانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ده‌وڵه‌ت كه به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیانمان به‌جێدێڵن. له ستیریۆ تایپ و ڕوانینی جیاواز بۆ ژن و پیاو سه‌رچاوه‌ده‌گرێت، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر چین و توێژه‌كان، نه‌ژاد، ته‌مه‌ن، كه‌مایه‌تی، و كه‌مئه‌ندامێتی ،جیاكاری جێنده‌ری به‌رهه‌م ده‌هێنرێته‌وه.
لێره‌وه پیاو بوون ئیمتیازه و ژن بوون جۆرێكه له لاوازی و كه‌م هێزی. هه‌ر بۆیه‌ش:
- پیاوبوون؛ هێزه، ده‌سه‌ڵاته، مه‌عریفه‌یه، یاسا دانه‌ره و به‌ڕێوبه‌ڕی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌كته‌ری یه‌كه‌مه و كه‌سی یه‌كه‌مه و پۆزه‌تیڤه. له‌ناو كوردا ؛ كه‌ڵ بژی و كه‌م بژی و كه‌ڵ ژیان وه‌ك دروشمی سیاسی به‌كارهێنراوه. مه‌ردبوون و پیاوی مه‌رد و پیاوی مه‌زن و پیاوی گه‌وره و پیاوی موخلیس و ده‌سته‌واژه‌ی بۆ من پیاو نیم و زۆریتر ته‌عبیره له‌و پیاوبوونه خێڵه‌كیانه‌ی كه ژن سفرده‌كاته‌وه له‌كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا. بۆ نمونه؛ (كه‌ڵه شاعیر، كه‌ڵه سیاسی، كه‌ڵه نوسه‌ر و كه‌ڵه ڕۆشنبیری گه‌له‌كه‌مان) كۆمه‌ڵێك سیفاتن كه‌له خه‌یاڵدانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا هێمایه بۆ مه‌زنی و گه‌وره‌یی ئه‌م جۆره پیاوانه. له كاتێكدا (كه‌ڵ) ئاماژه‌یه بۆ فالۆسی نێر له په‌یوه‌ند به مێینه‌وه. ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه پیاوانی نوسه‌ر و شاعیر و سیاسی كێشه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌م پێشناوه‌دا نیه تا ئێستا.
- ژن‌بوون؛ خوار ده‌سه‌ڵاته، گوێڕایه‌ڵه، لاوازه و كه‌م ئه‌زموون و له‌خوار ماناكانی ده‌سه‌ڵات و یاسادانه‌ری و به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌یه و پاسیڤه. بۆ نمونه گه‌ر ژنێك داكۆكی له خۆی بكات پێی ده‌وترێت فیتنه یان ده‌مه‌وه‌ر.
هه‌رچه‌نده گۆڕانكاری به‌سه‌ر ئاماده‌یی ژن و هاتنه ناو فه‌زای گشتیدا هاتوه له‌وه‌دا كه ژنانیش تا ڕاده‌یه‌ك بوونیان هه‌یه. به‌ڵام ئه‌م ئاماده‌ییه هێشت نه‌بۆته پته‌وكردنی پێگه‌ی ژنان و كه‌م بوونه‌وه‌ی ئه‌م دابه‌شكاریه جێنده‌ریانه.
دروستبوونی (ناهاوتایی) جێنده‌ری له‌كوردستاندا بۆته هۆكارێكی گه‌وره‌ی تێكدانی هاوسه‌نگی كۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌توانین بڵێن بۆته هۆی هه‌ڵكشانی (ڕێژه‌ی تاوانكاری) له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا. ڕێژه‌ی تاوان له‌چه‌نده‌ها وێستگه‌ی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیدا بره‌و به‌خۆی ده‌دات و ده‌بێته ژینگه‌یه‌كی له‌بار بۆ تێكدانی هاوسه‌نگی و ڕه‌وشی ئه‌منی له‌كۆمه‌ڵگه‌دا.
به‌دیوێكی تردا پابه‌ندكردنی ژن به ڕۆڵه كۆنه‌خوازه‌كان و نه‌ریتخواز و عورف ئاساكانی كۆمه‌ڵگه‌وه ، ڕێگرن له‌به‌رده‌م دروستبوونی گه‌شه‌كردنی مه‌ده‌نیانه له‌كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیدا. ئه‌م ڕۆڵه كۆمه‌ڵایه‌تیه دواكه‌وتووانه له‌وێناكردنی ژن له‌خه‌یاڵدانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا سه‌رچاوه‌ی هه‌ڵگرتووه به‌وه‌ی وێنای ژن وه‌ك سه‌رچاوه‌ی فیتنه، وه‌ك سه‌رچاوه‌ی لێكترازانی په‌یوه‌ندییه‌كان، وه‌ك سه‌رچاوه‌ی شه‌هوه‌تبازی و نائه‌قڵانیه‌ت به‌رهه‌مده‌هێنرێته‌وه.
ئه‌م ڕوانینه دواكه‌تووه ئیسلامه‌وییه ژنی كردۆته پله دوو له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا، كه جۆرێكه له (بونه‌وه‌ری نائه‌قڵانی) كه‌پێویسته پیاو وه‌ك بونه‌وه‌رێكی ئه‌قڵانی جڵه‌وی بكات و بیخاته ژێر كۆنترۆڵی خۆیه‌وه. ئه‌م كۆنترۆل و جڵه‌وگرتنه هه‌ر له ناو ماڵ و حیزب و دام و ده‌زگاكان و ته‌نانه‌ت فه‌زی گشتیشدا به زه‌قی هه‌ستی پێده‌كرێت. ژنان به گشتی مافی خاوه‌ندارێتی جه‌سته و سێكسوالیتی خۆیان نییه، به‌ڵكو ئه‌م مافه له ڕێگه‌ی شه‌رع و داب و نه‌ریته كۆنه‌كانه‌وه سپێردراوه به پیاو، خێڵ، ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌ت و دام و ده‌زگاكانی.
لێره‌دا به پێویستی ده‌زانم ئاماژه به‌وه بكه‌م، كه (نایه‌كسانی جێنده‌ری) و توندوتیژی له‌سه‌ر بنه‌مای جێنده‌ر به ته‌نها په‌یوه‌ندی به ژنه‌وه نییه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به پیاویشه‌وه هه‌یه. بۆ نمونه؛ كۆمه‌ڵێك ڕۆڵی قورسی پیاوانه هه‌ڵواسراوه به ڕه‌گه‌زی نێره‌وه و ناچاره بۆ سه‌لماندنی پیاو بوونی خۆی پابه‌ند بێت پێیانه‌وه. بۆ نمونه نان په‌یداكردن، هاوسه‌رگیری و خۆ پابه‌ند كردن به پرۆسه‌یه‌كه‌وه كه له‌باری ماددیه‌وه ئه‌ركێكی گه‌وره‌یه بۆ پیاو. ئه‌مه‌ش ده‌لاقه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له‌نێوان ژن و پیاودا دروستكردووه.
هه‌ر ئه‌و پیاوه‌ی كه‌قوربانی پیاوگه‌راییه، بۆ هێنانی ژنێك ئاماده‌یه خۆی بخاته ژێر قه‌رزی قورسه‌وه، ته‌نانه‌ت له‌ڕووی جێنده‌رییه‌وه قسه‌بكه‌ین؛ به‌شێك له دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه‌پیاوان ده‌سه‌ڵاتی حكومی و سیاسی به‌كاردێنن بۆ ڕازیكردنی داواكارییه‌كانی ژنه‌كانیان. سه‌یر له‌وه‌دایه و ئه‌مه‌ش پارادۆكسه‌كه‌یه، كه هه‌ر ئه‌م پیاوانه گه‌ر ژنێك له په‌یوه‌ندیه‌كی یه‌كسان و بێ به‌رژه‌وه‌ندیدا بێت له‌گه‌ڵیاندا به سووك و به‌كارهێنراو سه‌یریده‌كه‌ن. له‌وه‌ش سه‌یرتر ڕاپۆرته‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه‌هه‌ر ئه‌م جۆره پیاوانه ئاماده‌ن بۆ سۆزانیه‌كان شار به‌شار و وڵات به وڵات بگه‌ڕێن و پاره‌ی خه‌یاڵی له‌م گه‌شته‌یاندا خه‌رجبكه‌ن. نمونه‌ی ئه‌و ( پۆڕن ستاره) عه‌ره‌بی و ئه‌ورپیانه‌ی به‌ناوی هونه‌رمه‌ند و كاری مرۆڤایه‌تی دێنه ئه‌م هه‌رێمه باشترین نمونه‌ی ئه‌م گه‌نده‌ڵییه‌ن كه باسمان لێوه‌كرد. لێره‌وه له‌م دونیابینیه‌دا مامه‌ڵه‌ی به‌شێك له پیاوان له‌گه‌ڵ ژن، مامه‌ڵه‌ی كۆیله كڕین و سۆزانی كڕینه به‌پێیی گیرفان و ده‌سه‌ڵات.
(كولتوری به‌رخۆری) و دروستبوونی مۆڵه‌كان خاڵێكی تری جیاكاری جێنده‌ریی و چینایه‌تییه له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا. له‌ڕاستیدا شتومه‌كه گرانبه‌هاكان كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ی به‌ره‌و (تاكگه‌راییه‌كی خۆپه‌رستانه) بردووه. خه‌رجكردن و كڕین و به‌كارهێنانی بێوێنه‌ی شت و مه‌ك فه‌وزایه‌كی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی دروستكردوه، كه سێكس و سێكسوالیتی مرۆڤه‌كانیش كه‌وتونه‌ته ژێر كاریگه‌ری ئه‌م گۆڕانكاریانه‌وه. به‌ئۆبجێكتكردنی ژن و به‌كاڵاكردنی جه‌سته و له‌شفرۆشان ده‌كرێ بچنه‌وه خانه‌ی به‌رخۆری و فۆرمێك له ئه‌زموونكردنی ده‌سه‌ڵات و نمایشی پیاوگه‌رای له‌لایه‌ن پیاوه‌وه.
بێگومان ڕۆڵی نێگه‌تیڤی میدیا له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا فاكته‌رێكی دیكه‌ی جیاكاری جێنده‌رییه. میدیا به‌رپرسه له‌به‌رهه‌مهێنانی وێنای ژن وه‌كو كاڵا و ئۆبجێكت، هه‌روه‌ها وه‌ك جۆرێك له‌به‌رخۆری پیاوانه. ته‌نانه‌ت زۆرێك له‌به‌رنامه و فیلم و گۆرانی و موزیكه‌كانیش كه به‌رهه‌می دێنن خاڵی نین له‌م وێناكردنه‌ی ژنان وه‌كو كۆمه‌ڵێك ئۆرگانی سێكسی بۆ ڕوانین و حه‌زی پیاو. دوونمونه‌ی به‌رچاو هه‌ن؛
یه‌كه‌میان: ئه‌ڵقه توركی و عه‌ره‌بی و كۆرییه‌كان كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی كولتوری ملكه‌چی ژنانن.
دووهه‌میشیان: ڕادوێی ته‌كسی و به‌رنامه‌ی شایه‌ره‌كانه له تی ڤییه‌كانمان؛ كه‌ئه‌مانه دوورن له هه‌موو به‌هایه‌كی مرۆیی و به‌رهمێنانه‌وه‌ی توندوتیژی و دژه‌ژنی و ڤه‌ڵگه‌ریزمه.
ئه‌م دوو دیارده‌یه ڕۆڵی (گه‌نده‌ڵكردنی ڕۆحی) ده‌بینن و وێنای ژن وه‌ك سۆزانی و ملكه‌چ و بووكه شووشه‌ی سێكسی وێنا ده‌كه‌ن. لێره‌دا ئه‌و پرسیاره ده‌كه‌م: وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری له‌كوێی ئه‌م كولتوره‌دایه؟ ئه‌م پرسیاره به‌كراوه‌یی به‌جێدێڵم.
لێره‌وه به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه و گرنگیدان به زانست وه‌ك بوارێك بۆ بردنه سه‌ره‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری و ئاگایی ژن و پیاو له لاوازبووندایه. بۆ نمونه؛ هه‌ڵبژاردنی شاجوانی زانكۆكان یه‌كێكه له‌و نمونانه‌ی كه كچان به‌ره‌و گرنگی دان به ڕوخسار و گه‌نجێتی و جوانی بده‌ن و له بازنه‌ی فێمینین بووندا قه‌تیسیان بكات وه‌كو جه‌سته‌یه‌كی فه‌رمان پێكراو و ئاراسته‌كراو كه ده‌بێت جوان بێت.
هه‌وڵێك هه‌یه بۆ دابڕینی ژنان له وه‌رگرتنی زانست و خۆ په‌روه‌رده‌كردن له ڕێگه‌ی خوێندن و بردنه سه‌ره‌وه‌ی ئاستی مه‌عریفیان. ئه‌و هه‌موو ڕیكلامكردن و پاڵپێوه‌نانه بۆ ئه‌وه‌ی كچانی كورد سه‌رقاڵی جوانی و نه‌شته‌رگه‌ری و جل و به‌رگ و ڕوخساریان بن ڕاگرتنیانه له‌و قاڵبه‌ی كه تۆی ناسك و مێینه باشتره به‌لای زانست‌دا نه‌چن…
لێره‌وه له‌باره‌ی ژن و زانسته‌وه خانمه فێمینیست و ئه‌كادیمی به‌ریتانی (لین سیگاڵ) له‌و باوه‌ڕه‌دایه كه؛ له زۆربه‌ی سه‌رده‌مه‌كاندا ژن و زانست وه‌كو دوو دژی یه‌ك مامه‌ڵه‌ده‌كرێن، هه‌ربۆیه‌ش گه‌ر ژنان خۆیان بدایه له قه‌ره‌ی زانست و زانیاری مه‌ترسی ئه‌وه‌ی هه‌بوو كه گاڵته‌جاڕ بكرێن و هه‌ڵدرێنه ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه…یان له باشترین حاڵه‌تدا وه‌ك خاتوو (لین) ده‌ڵێت؛ ژنان ده‌بوایه ڕه‌گه‌زی خۆیان وازلێبێنن! لێره‌وه جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر گرنگی خێزانی هێترۆنۆرماتیڤ و ژن وه‌ك دایك و به‌رهه‌مهێنه‌ری منداڵ و كابانی ماڵ، ده‌مانخاته به‌رده‌م ئه‌و ڕاستیه‌ی كه به‌رده‌وام له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه ژنان پاڵیان پێوه ده‌نرێته‌وه به‌ره‌و چواردیواری ماڵ.
سه‌پاندنی هێترۆنۆرماتیڤ بوون و دانپێدانانی یاسایی به ته‌نها به یه‌ك فۆرم له هاوسه‌رگیری و پێكه‌وه ژیان كه قه‌تیسكراوه له ژن و پیاودا، بۆته هۆی كه‌وتنه ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وانیتری وه‌كو هۆمۆسێكسواله‌كان بۆ ده‌ره‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان. ئێمه ناتوانین باس له جێنده‌ر بكه‌ین به ته‌نها و ئاماژه به مافی هۆمۆسێكسوال و ترانسجێنده‌ره‌كان نه‌كه‌ین. بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌كی پڵوراڵمان هه‌بێت پێویسته مافی هه‌موو مرۆڤه‌كان وه‌ك یه‌ك له‌به‌ر چاوبگیرێت. هه‌یمه‌نه‌ی ئاین و پیرۆزی داب و نه‌ریت و كۆمه‌ڵێك خورافه له‌سه‌ر ژن به درێژایی مێژووی ئێمه ژنی كردۆته كۆیله.
گۆڕانكاری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و بردنه سه‌ره‌وه‌ی هۆشیاری جێنده‌ری له‌م كۆنتێكسته‌دا، لێدانه له‌پایه‌كانی نێرسالاری و ئه‌و جیاكارییه جێنده‌ریی و كڵێشه كۆمه‌ڵایه‌تیه دواكه‌تووانه‌ی، كه كۆمه‌ڵگه‌ی نه‌ریتخوازی پێوه‌ی پابه‌نده.
چه‌ند پێشنیارێك:
- وه‌زاره‌تی كو‌لتور كه به هه‌ڵه لای ئێمه پێی ده‌وترێت (وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری) ئه‌ركی پاراستنی كۆمه‌ڵگه‌ی له‌سه‌ره، له‌و كولتوره توندویژ و دژه ژن و دژه منداڵ و پۆڕن ئاساییه‌ی بێ هیچ فیلته‌رێك له‌هه‌موو ماڵێكدا ئاماده‌گی هه‌یه. كورد هه‌مووی ده‌ساڵ زیاتر نابێت كه خاوه‌ن میدیایه، ئه‌مه‌ش پێویستی به‌وابه‌سته‌كردنێتی به‌به‌ها یونیڤێرسالییه‌كان.
- وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده له‌ڕێگه‌ی ڕێنماییه‌وه وه‌ك به‌رنامه پێویسته وانه‌ی شانۆیان هه‌بێت كه‌له‌شانۆی منداڵانه‌وه ده‌ستپێبكات تاوه‌كو شانۆی گه‌وره‌كان له‌ئاماده‌ییه‌كاندا. شانۆگه‌رییه‌كان گرنگه به زمانێكی په‌روه‌رده‌یی دابڕێژرێت، كه‌به‌هاكانی یه‌كسانی جێنده‌ری و مافی مرۆڤ و دژه ڕه‌گه‌زپه‌رستی و ڕۆحی پابه‌ندبوون به كۆمه‌ڵگه‌وه پته‌وتر بكات.
- وانه‌ی جێنده‌ر و فێمێنزم له‌پۆلی چواری ئاماده‌ییه‌وه بگوترێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له ته‌مه‌نێكی گونجاو‌دا گه‌نجان ئاشنا بكرێن به به‌ها گرنگه‌كانی هۆشیاری جێنده‌ری و فێمینیستی.
- تێكه‌ڵكردنی خوێندكاری هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز له‌قوتابخانه‌كاندا له‌هه‌موو قۆناغه‌كاندا. بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌و نامۆبوونه‌ی كه هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز هه‌یانه به‌رامبه‌ر به یه‌كتر.
- له‌هه‌مووی گرنگتر كاركردن بۆ سێكۆلاریزم به‌ڵام ئه‌مه‌ش به‌بێ دیموكراتیزه‌كردنی هه‌موو كایه‌كان نه‌بێت روونادات، له‌هه‌مووی گرنگتر شه‌ڕكردن له‌دژی گه‌نده‌ڵی، سێكسیزم و جیاكاری جێنده‌ری له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كاندا.
سوپاس بۆ گوێگرتنان
سوود له‌م سه‌رچاوانه وه‌رگیراوه:
Gilman, Charlotte Perkins, 1860-1935.Women and Economics- University of California Press -1998.
Judith Lorber, 1990 The Social construction of gender- Sage Publications.
Raewyn W. Connell ( 2014) -Gender and Power: Society, the Person and Sexual Politics- John Wiley & Sons.
Segal, Lynne. Why Feminism? : Gender, Psychology, Politics. New York :Columbia .University Press, 1999.
Beauvoir, Simone de. (1989, c1952) The second sex /New York, Vintage Book.