زۆرجار و بە ئەنقەست لە ئەمەریکاش و لە کەنەداش پیاوێکم بە ” مێم ” بانگکردووە واتە خاتوون . ژنێکیشم بە ” سێر ” بانگ کردووە واتە کاک یان ئاغا . تەماشام کردووە بۆئەوەی بزانم کاردانەوەی چی دەبێت. سەیرم کردووە زۆر بە ئاسایی وەرگیراوە، نە ژنەکە و نەپیاوەکەش تووڕەنەبوون وناوچەوانم هەڵنەتۆقێنراوە .کۆمەڵگهیهك بەیەک چاو تەماشای هاوڵاتیەکانی خۆی بکات، جیاوازییەک بێجگە لەڕووی زمانەوانیهوه و لەدەمی ناوهێنان و بانگکردنیان نەبێت، هیچی دی لەنێوان نێرومێ دا نییە.
نێرومێ هەردووکیان هاوڵاتی ناو کۆمەڵگهکانن، هەردوو بەیەکسانی گرفت و ژیان دابەشدەکەن. یەکسانیکردنەوەی نێر و مێ هەر بەتەنیا کارێکی سادە و فۆرمخوازی نییە بۆ میدیا و ڕاگەیاندنبێت، بەڵکو کارێکی ئێجگار قووڵ و بنجکۆڵە و دەبێت و ڕەنگدانەوەی لەناو هەموو کایەکانی ژیان دا هەست پێبکرێت. تاوهكو ئەو کاتەش ژن و بانگکردنی ژن بە (شوورەیی) بزانرێت کۆمەڵگه هەنگاوێک بۆ ئازادی و بۆ کرانەوە هەڵناگرێت . بۆیە زۆر ئاساییە پێشگری (خاتوون ) بەناوی پیاوەوە بنرێ و پێچەوانەش پێشگری (کاک) بە ژنەوە بنرێت و هەللامەیێک دروست نەبێت.
خۆ ئەوە تەنیا گەمەیهكی زمانەوانی نییە، بەڵکو هەڵوێستێکە کە ژن بۆ ناو دونیایێک ڕابکێشرێت کە پڕی جوانی و بەرپرسیاری بێت و ئیدی هاوشانێکی دڵسۆز و کارامە بێت لە دونیای ئێمەدا. تا بوونی ژنیش لە پاڵمانەوە ئامادەیی نەبێت، مەحاڵە هەنگاوێک لە شوێنی خۆمان ببزوێین. دەبێت هەوڵبدەین کۆمەڵگای کوردی لەکۆمەڵگهیكی (یەک ڕەنگی )و (یەک دەنگی) بۆ کۆمەڵگایێکی (فرە ڕەنگ) و (فرە دەنگ) بگوازینەوە . کۆمەڵگهی کوردی چیدی کۆمەڵگای نێر نەبێت بەڵکو کۆمەڵگهیهكی مێر بێت !