چاکبوونەوە بە گۆرانی

Loading

 

چەند ساڵێک لەمەوپێش لێرە، ڕێکەوتی دکتۆرێکی باش و مهیرەبانم کرد، دوای سەعاتێک گفتوگۆ و پرس‌وجو؛ لە کۆتاییدا هەستا و گوتی: “بەداخەوە توانا، ئێمە لە زانستی پزیشکیی دەروونییدا؛ حەپێکمان نییە مەسەلەی (خودا) لەسەری خەڵکدا، چارەسەر بکات. ئەوە شتێکە دەبێ خۆت لەگەڵ خۆت یەکلایی بکەیتەوە، بەڵام مۆسیقاش دەتوانێ هاریکارییت بکات.

“فرێزی کۆتای قسەکانی دکتۆر بۆ من گەوهەرێ بوو، کە من خۆم وەک هەمووان پێشتر هەمبوو، بەڵام لێم ونببوو.

 

کاروان عومەر شانۆکارو سەماکار ؛ سۆناتای تریفەی مانگ"ی بیتهۆڤن
کاروان عومەر شانۆکارو سەماکار ؛ سۆناتای تریفەی مانگ”ی بیتهۆڤن

 

لەو ڕۆژەوە من هەموو بەیانییەک پێش نان: (فەیروز)م هەیە..

دوای دەوام و باقی ڕۆژەکە “ڕادیۆی موزیک” گوێدەدەم.

کە دڵم تەنگ ببێت؛ گوێ لە (نەسیر شەممە) دەگرم.

ئەگەر بیری یار بکەم؛ پاژێکی “ماجیدە ڕومی” گوێ لێ دەگرم.

 

دوای ئەم ئەزموونانەی خۆم لەگەڵ مۆسیقا، بۆم سەیر نەبوو کە هەفتەی پێشوو لە پەیجێکی فارسی ڕەچەتەیەکم بینی، کە تێیدا؛ دکتۆرێکی فارس (شەجەریان)ی بۆ نەخۆشێک نووسی بوو. ئێستا ئازیز، نیگەران مەبە، ڕۆژێک دەبێ دکتۆرەکانی وڵاتەکەی من و تۆیش (خالقی) و (کامکار) و (شەهرام نازری) بۆ خەڵک بنوسن.

بەڵام خەڵک؛ هۆشیاریی خۆپارستنی نییە، تۆ بچی گوێ لە گۆرانی خەراپ بگری، ئێ وەڵا وا نەخۆش دەکەوی، بە حەوت حەکیم؛ ئا‌هـت پێدا نایە..

خۆلاسەی کەلام؛ ئەگەر دەتەوێ ئاگات لە دەروونی خۆت بێت، دەبێ لەپێشدا ئاگات لە گوێچکەت بێت.