نیتشەو هەقیقەت و تارماییەکانی

Loading

بە پرۆبلیماتیککردن و بە کێشەکردنی حەقیقەت ;  نیتشەو حەقیقەت و تارماییەکانی.

هەقیقەت خولقێنراو و دروستکراوی ئـیرادەی ھێزە.
“مەپرسە هەقیقەت چییە، بپرسە کێ ئـەم پرسیارە دەکات و کێ هەقیقەتی دەوێت “

مێژووی فەلسەفە تاوەکو  نیتچە گەڕان و گەشت بووە بە دووی حەقیقەتدا، لە سوقراتەوو بە دیکارت و تا ھیگڵیش کە چرکەساتە گرنگ و یەکلاکەرەوەکانی فەلسەفەبوون، دەسبەرداری گەڕان نەبوون بە دوای هەقیقەتدا.لە کاتێکدا لە زۆر چرکەساتدا دەبایە ئـەوەی بە دویدا گەڕابان نا-هەقیقەت بوایە.ھیچ غەریب و سەیرو نامۆش نییە کە سەرجەم ئـەم نەریتە بە دیسکورسی جیاواز لە ناو میتافیزیکیای هەقیقەت ڕزگاریان نەبووە.

تەنانەت ئـەو ھەوڵە فکری و ئـیدۆلژیانەش کە سەروکارێکی ڕەخنەیی و ھەڵگەڕانەوەو دژبوونیان ھەبووە بەرامبەر ئـەم گوتاری گەڕان بە دووی هەقیقەتدا، تەنیا ئـەو میراتەیان بەرھەمھێناوەتەوە و لەو گوتارە میتافیزیکییە دەربازیان نەبووە.باشترین نمونەش مارکس و نەریت و گوتاری بیرکردنەوەی مارکسیە کە ھەر لە ناو میتافیزیکیای هەقیقەت و گەشتدا بووە بەدووی هەقیقەتدا. گەڕان بەدوای هەقیقەتدا مەرج نییە ئـاستێکی ئـۆنتۆلۆژی و تیولۆژی و ئـەبستراکتییانەی ھەبووبێت، بەڵکو گەڕان وگەشت بووە مەبەستی دۆزینەوەی دورکەوتنە سۆسیۆ-مێژووییەکان حەقیقەتدا. نیتشە جیاواز لە ھەموان چرکەساتێکی یەکلاکەرەوەی بەرکەوتن و سەروکاربوونە لەگەڵ حەقیقەتدا.

نیتشە کاری بوو بە ئـیشکالکردن و بە ئـیشکالیکردن و بەپرۆبلیماتیکردنی هەقیقەت و تارماییەکانی هەقیقەت. فەلسەفە بە شێوەیەکی گشتی گرنگییان بە هەقیقەت و پرسیاری حەقیقەت دەدا تا وەڵامی جیاواز بۆ ئـەم پرسیارە بەرھەمھات.وەڵامی جیاواز بە گوێرەی ئـەو میتۆدو شێوازی بیرکردنەوەیەی گرتبوویانە بەر.بەڵام مامەڵەکردنێکی جیاواز لە گەڵ حەقیقەت لە گەڵ نیتچەدا دەردەکەێت.بۆ نیتچە پرسیارەکە لە چییەتی و ماھییەتی حەقیقەتدا نییە کە، حەقیقەت خۆی ماھییەتێک نییە.

نیتچەو نەریتی نیتچەیی بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ هەقیقەتدا بازدانێک بە سەردا کات، نیتشە پڕسیارەکەی “هەقیقەت چییە ؟ گۆڕی بۆ ( کێ ئـەم پرسیارە درکات و ئـەوە کێیە هەقیقەتی دەوێت؟)اتە هەقیقەت دراو و پێدراوێکە لە ناو ویست و ئـیرادە و ململانێی ھێزەکاندا.کەسێک یان ھێزێک پرسیار دەکات هەقیقەت چییە، ئـامانج تەمەلوک و خاوەندارێتی هەقیقەتە تا لەڕێگەیەوە گەمەکە بباتەوەو پارسەنگ و قورسایی ھێزەکە بەلای خۆیدا بشکێتەوە. واتە ویست و ئـیرادەیەک بۆ هەقیقەت بە ئـامانجی ھەیمەنە و سەرکەوتن و مۆنۆپۆلکردن. لە گەڵ نیتچە دا  ھەڵگەڕانەوەو سەرەوخوارکردنەوەی میتافیزیکیا دەردەکەوێت.

نیتچە
نیتچە

  تێپەڕاندنی مەسەلەو پرسی هەقیقەت چییە.لەو شوێنەی نیتچە ڕوئـیایەکی نوێی بۆ هەقیقەت داھێنا (ھیراکلیتس) ئـامادەبوو. گەڕانەوەی چەمکی دونیاو گەردوون وەک سەیرورە. دونیای ئـێمە وەک نیتچە دەڵێت؛ لە ئـیرادەی مەقدیرەو ھێزدایە، ئـەمەش دونیایەکی نا دڵنییاکەرەوەو گۆڕاوە. دونیایەکی خۆڵەمێشی و لوغزاوی کە فەوزاو کەیاس بەڕێوەیدەبات.  وێرانکردن و بیناکردنە، فیچقەکردن و قوڵپدانە لەھەموو ئـاراستەکانەوە. پەرت دەبێت و زۆر دەبێت، دونیایەکی چڕە. بەمشێوەیە دەبینین مەعریفەو زانینی حەقیقەت دەبێتە کێشەو کێشمەکێشم و گیروگازو بگرەو بەردەو تەنگ و چەڵەمە، تەنانەت دەبێت بە تراژیدیا، لەدونیایەکدا کە جگە لە سەتح و ڕووتەخت ھیچی دیکە نییە، ھەرچی ڕودەدات لەسەر ڕووکەشی و ڕووتەختەکانە. نەقوڵایی ھەیە و نە باڵایی.

هەقیقەت نە لە تاریکیدایەو نە لە ڕۆشناییدا. دونیایەک کە ھیچ ئـەسڵ و فەسلێکی نییە. ھیچ ئـەسڵ و ئـۆرگیناڵێتێک بوونی نییە. لەم دونیایەدا کە ئـەوەی ڕوودەدات لە ڕێگەی ڕێکەوت و ھەڵاوێردەوە و ڕووداوی کتوپڕەوەیە، نامۆ و پارادۆکساڵە.

لێرەدا دەبێت تەماشای هەقیقەت بکەین کە تەئـویل و ڕاڤەکردنی دونیایە. کۆمەڵێک ڕاڤەو تەئـویلی کۆتا نەھاتوو. بەتایبەت لە پاش مەرگی خودا لە زەمین و لە بەھاو پرونسیپە مۆراڵییەکاندا.ئـەوەی دێتەبوون کۆمەڵێک تەئـویل و ڕاڤەیە کە شیکارو تەئـویل و ڕاڤە گەردونی و سەراپاگیرو شمولییەکانیان تێپەراندووە.  تەماشاکردن و بینینی دونیا وەک تۆڕێک لە خزان و دەرچوون و ئـاراستە کە ھیچ نین جگە لە نیشانەگەلێک، دونیای ڕووتەخت و  ڕووکەش  وەک نیتچە دەڵێت؛ دونیایە کە نە قوڵایی ھەیەو نە تەعالی /باڵایی.

سەتح و ڕووتەختیش وەک خۆدەرخەر و سەتحیبوون نا، بەڵکو بەو واڕایەی سەتح و ڕووتەخت مانای پۆزەتیڤیان ھەیە. ھەر ئـەم دیدگایەیە فەیلەسوفانی ڕەواقی و کەلبییەکان (کینزمەکان) مومارەسەیان کردووە و نیتچە ھێناونییەتیەوە. دیارە ئـێمە ھەولی سپینوزامان لە یادناچێت لە سەرلەنوێ چاوخشاندنەوەی بە چەمکی تەئـویل و ڕاڤەکردن وەک ئـەوەیە بۆ ھەموو کەسێک ڕەخساوەو ڕەوایە. بەڵام بەشداری و پشکت نیتچە لە دەربازکردن و ڕزگارکردنی چەمکی تەئـویل و راڤەکردن لە ھەرکەسێکی دیکە زیاتر جێگە پەنجەی دیارە. واتە نیتچە ڕاڤەو شیکار و تەئویلی لە ڕەھەندە مۆراڵی و بەھاییەکەی خاڵیکردەوە. بەوشێوەیە ئـەرزشی پێدا،بەوەی  جۆرێکە دژە بیرکردنەوە لە چەشن و وێنەی ھونەر. ھونەری خوێندنەوەو ھونەری بە پرۆبلیماتیککردن و بە ئیشکالکردن ( کێشەکردن)، ھونەرێکی ھەڵکۆڵین و ھەڵکەندنی فیلۆلۆژییانە سەبارەت بە هەقیقەت.

مانا و بەھای ھەرەگەورەی ئـەم دیدگایە لەوێدایە، کە  هەقیقەت وەک دراو پێدراو دەبینێت، وەک خوڵقێنراوێک نەک گەڕان بە دوای لێکچوون و ھاوشێوەیـبووندا. بەڵکو وەک ماناو واتایەک لە واقیعدا دروستکراو و خوڵقێنراوی دەستی ئـیرادەی ھێزو ئـیرادەی ھێزەکانە.  هەقیقەت مانایەکە، واتایەکە، پاشماوەی پەیوەندییەکانە، مانایە کە ئـیرادە و ویست و خوازێک لە ڕێگەی کردەی خوڵقاندنەوە بەرھەمی دێنێت.خوڵقاندنی بەھا. بەمشێوەیە دەتوانین بڵێین؛ کە هەقیقەت بەھایەکی ئـیرادەییە نەک ماھییەتێکی جەوھەری کە ئـیرادە دەیخولقێنێت نەک سروشتێکی میتافیزیکی وئـۆنتۆلۆژی ھەبێت. لە لایەکی دیکەوە پێوەری هەقیقەت ناگەڕێتەوە بۆ ھاوشێوەبوون و چوون یەکبوون و لیکچوون بەراووردی لەنێوان ئـەقڵ و بووندا، بەڵکو لە تەئـویلکردنێکدایە کەئـیرادە بەرھەمیھێناوە  و بۆلکاندنی بە ژیانەوە و پاڵنانە بە(پڕۆسە) و سەیرورەکەوە.

* کولتور مەگەزین : ڕێنوس و چەمکەکان  تایبەتەبە نوسەری ئازیزمان خۆی، بەکەمیک دەستکاریەوە!