پاش خوێنه‌وه‌ی” کۆمه‌ڵی به‌رخور”
نوسینی: ژان بودریارد
لێکدانەوە و ڕانان
پاش شه‌ڕی جیهانی دووهه‌م گشه‌کردنی ئابووری زۆر زیادیکرد، ئه‌مه‌ش خووی خه‌ڵکه‌که‌ی گۆڕی، له‌وه‌دوا گەلەبه‌رخوری به‌کۆمه‌ڵ په‌یداده‌بێ. چۆن ئه‌مه هاته ئاراوه چۆن تاکو ئێستا به‌رده‌وامه؟
بێگومان ناتوانین باسی ئه‌و گه‌شه ئابووریه بکه‌ین بێ ئاماژه‌کردن به زه‌مینه‌ی پێش ئەو که شۆڕشی پێشه‌سازیی هێنایه ئاراوه. داهێنانی ئامێر و ماشێن ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین کاری ده‌ستی و ده‌ستره‌نگینیی سڕییه‌وه ئه‌وه ئێجگار که‌میکرده‌وه. گه‌شه‌ی ئابووری بواری ئیشی زیاترکرد، پاره‌ی به‌دوادا هات. له‌لایه‌کی دی به خودی به‌رخوریی و کڕینی ئامێری ناوماڵ کار‌و ئه‌رکه‌کانی ژنان که‌مبوونەوه و له‌ساییه‌ی ئه‌مە هه‌لومه‌رجی ژنان به‌ره‌و باش چوو و سه‌ربه‌ستیی زیاتریان وه‌ده‌ستهێنا. هه‌موو ئه‌مانه بوونه فاکته‌رێکی سه‌ره‌کیی بۆ خه‌رجکردن؛ لێره‌وه گەلەبه‌رخور په‌یدا بوون. په‌یدابوونی ته‌له‌ڤیزیۆن له‌گه‌ڵ خۆیدا شۆڕشێکی کلتووریی هێنا، به ملیۆنەها که‌س له شاشه‌کانییه‌وه ته‌ماشای ژیانی نوێ و کلتووری جیاوازی میلله‌تان ده‌که‌ن، ئه‌مه‌ش مەیل و خه‌ون دروستده‌کات. به هاتنی کۆمپیۆته‌ر و ئینتەرنێت و ئای فۆن و ئای پاد ئه‌م شۆڕشه چه‌ند ره‌هه‌ندێکی تری خسته سه‌ر ئه‌و تێڕوانینه و وای کرد کە کلتووری نێونه‌ته‌وه‌یی ته‌نها به چه‌ند هه‌نگاوێک لێمانه‌وه دوور بێت. به‌رخوریی، به‌ده‌ر له تێرکردنی پێداویستیه‌کانمان، به تایبه‌تی بۆ ئه‌وه‌ش به‌که‌ڵک دێت خۆمان له‌وانی دی پێ جودابکه‌ینه‌وه، به‌وه‌ی ئه‌و شتانه بکڕین که تاکێتی”من”ی پێ ده‌سه‌لمێ.
فه‌یله‌سوف و سۆسیۆلۆگی فه‌ره‌نسی ژان بودریار له کتێبی کۆمه‌ڵی به‌رخور له ساڵی 1970 به‌وردیی و قووڵیی باسی ئه‌م گه‌شه‌کردنه‌ی کردووه. لێره‌دا کۆمه‌ڵێک له‌و تێڕامانانه‌ی بودریارد ده‌خه‌ینه به‌رچاو به هه‌ندێ لێکدانه‌وه‌ی تایبه‌تی و تێکه‌ڵی ده‌که‌ین به بۆچوونی که‌سانی دی که له فیلمێکدا به ناونیشانی په‌رستگاکانی به‌رخور له ده‌رهێنانی هێلێن کلۆداڤیسکی، قسه‌یان کردووه.
کۆمه‌ڵی به‌رخور هاتۆته ئاراوه تاکو تاکه‌کان له ڕێی خه‌رجکردنه‌وه خۆیان له‌وانی تر جیابکه‌نه‌وه، تایبه‌تمه‌ندی ئه‌م جیاکردنه‌وه‌یه‌ش جێی ئه‌و جیاوازییه ڕاسته‌قینه‌ییه‌ی نێوان تاکه‌کان ده‌گرێته‌وه که له سروشتیاندا جیاوازن. بودریارد له سێ ته‌وه‌ری سه‌رکییدا بۆچوونه‌کانی ڕوونده‌کاته‌وه: یه‌که‌میان، ده‌یخاته پێش چاومان که مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه به‌رامبه‌ر به ماده خۆی ده‌کێشێته‌وه و ته‌نیاییه. ڕوونیده‌کاته‌وه، چه‌نده نیشانەکان هه‌مه‌چه‌شنن، تا ئه‌و ڕاده‌ییه‌ی به‌شێکیان به‌رده‌وام له تارماییدا ده‌مێننه‌وه و ده‌رناکه‌ون. که‌چی زاڵبوونی هه‌ستی ترس له‌وه‌ی چیتر نه‌توانین خه‌رج بکه‌ین، وادەکات کە ئه‌و به‌شی تارماییەی هێنده به‌هێزه دا‌پۆشێ و ته‌نها ده‌سه‌لاتی ئه‌و به‌شه ڕووناک و جوانه‌مان ده‌خاته ڕوو که به‌هه‌رچ نه‌رخێک بێت ده‌بێ هه‌ر خۆی نوێ بکاته‌وه. لێره‌وه کۆمه‌ڵی به‌رخور به‌رده‌وام پێویستی به به‌رهه‌مهێنانی کاڵای نوێیه تاکو دواتر له‌ناویبدات و به هی نوێ جێیبگرێته‌وه، به‌مه‌ش بوونی سیسته‌مه‌که‌ی دەسەلمێنێ و مسۆگەری دەکات.
له ته‌وه‌ری دووهه‌مدا ده‌ڵی، به‌رخوریی سه‌رچاوه‌ی وابه‌سته‌ییه. لێره‌دا بودریارد لۆژیکی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ وابه‌ستبوونمان به خه‌رجکردنه‌وه نیشان ده‌دات. له کۆمڵی دیموکراسیدا ئامانجی سه‌ره‌کیی به‌ره‌و ئه‌ولایه ده‌مانبات که هه‌موو مرۆڤ یه‌کسانن و دابینکردنی پێداویستیش له‌و یه‌کسانییه به‌ده‌ر نییه.
له ته‌وه‌ری سێهه‌میشدا، بودریارد ئاماژه به‌و هانده‌رانه ده‌کات که کاریگه‌رییان به‌سه‌ر به‌رخورییه‌وه هه‌یه. لێره‌دا نووسه‌ر ده‌ڵێ، ژن بین یان پیاو، پیربین یان گه‌نج، که‌سمان ناتوانین له بازنه‌ی به‌رخور ده‌ربازبین، چونکە میتۆدی جیاواز به‌کارده‌هێنن و کارمانتێدەکات، به ئه‌خته‌بوتێک ده‌چێ په‌له‌کانی به هه‌موو لایه‌کدا بهاوێژێ. سه‌رتاپای جه‌سته‌مان ده‌بێته ئه‌و پاژنه‌ییه‌ی ئه‌شیل (ئەخیلۆس) و خۆی له‌و خاڵه لاوازه تیاماندا جێگیر ده‌کات که ئێمه‌ش وه‌ک هه‌مووان خه‌رجبکه‌ین تاکو ”ببین”، بوونمان بسەلمێنین. به کورتیی، هه‌موو ته‌وره‌کانی بودریارد له‌وه‌دا چڕدەبێتەوە که هه‌رچی کاریگه‌ریی سۆسیۆلۆژی و تاک ڕەوییە له پێناو یه‌ک ئامانج فشار ده‌خه‌نه سه‌رمان ـ هه‌تا ده‌توانین زیاتر خه‌رجبکه‌ین هه‌ر به‌م هۆیه‌شه‌وه هه‌ردوو ڕووی خۆکێشانه‌وه‌و وابه‌سته‌ییشمان به کاڵاوه ده‌به‌ستین.
له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێمه‌دا سه‌نته‌ری کۆمێرسیالcentre commercial ، یاخود مۆڵ گه‌وره‌ترین شوێنی به‌رخوری به‌کۆمه‌ڵه. مۆڵ ئه‌و شوێنه گه‌وره و داخراوه‌یه که خه‌ڵک له ده‌ور خۆی خڕدەکاتەوە و ده‌سوڕێنێته‌وه، ئه‌و قیبله نوێیه‌یه که پێکه‌وه بۆی ده‌چن، ئه‌و په‌رستگا نوێیه‌یه که مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه به جانتا و جزدان و دروشکەی کاڵاکڕین زیاره‌تی ده‌که‌ن. ئه‌م به‌هه‌شته داخراوه، ئه‌م به‌هاره هه‌میشه‌ییه که که‌شوبای به‌رده‌وام خۆشه، ده‌چین و شت لەوێ ده‌کڕین، پیاسه‌ی له نێودا ده‌که‌ین، منداڵانی پێ ئاشنا ده‌که‌ین، چاوپێکەوتن و دیدارەکانمان لەوێیە و یه‌کتری تێدا ده‌بینین، خۆیشمانی تێدا ونده‌که‌ین. ئه‌م شانه‌ی هه‌نگه ئه‌لته‌رناتیڤی شاره (میکرۆکوزمی شارە)، داخستنه به‌رامبه‌ر به کرانه‌وه‌ی پانتایی بازاری پێشووی نێو شار. ئه‌مه‌ش مه‌سه‌له‌ی پاراستن و کۆنتڕۆڵکردنی خه‌ڵک ئاسانتر ده‌کاته‌وه. له مۆڵه‌کانی ئه‌وروپا و ئه‌مریکا کۆنتڕۆڵکردنێکی ته‌واویی مۆڵه‌کان هه‌یه به شێویه‌کی نادیار له پشت شاشه‌ی تایبه‌تی و کامێراکان. ئێمه ده‌چینه مۆڵه‌کان بۆ شتکڕین، واته ئه‌گه‌ر که‌سێک ڕه‌وتی ئه‌و شتکڕینه تێکدات له ئاست خۆی ده‌یوه‌ستێنن.
مۆڵ خه‌ڵک له خۆی کۆده‌کاته‌وه؛ له ناوه‌وه‌یش، ته‌واو له نێوه‌ندیدا دووجار خه‌ڵکی له بازنه‌یه‌کدا خڕدەکاتەوە، به کۆگەل شمه‌ک ده‌کڕن و بە کۆگەل پاره خه‌رجده‌که‌ن.
مۆڵ به‌رهه‌می فیکری ته‌نیاکانیشه که ته‌نها له‌و به‌کۆمه‌ڵایه‌تیبوونه‌دا ده‌توانن ببنه که‌سێک، له نێو کۆی جه‌ماوه‌ردا ببن. له سارد‌و سڕیی ته‌نیاییدا باوه‌ش به‌گه‌رمای ئه‌و خه‌ڵکه‌دا بکه‌ن که هه‌موو پێکه‌وه بۆ یه‌ک ئامانج و له یه‌ک جێ ئاماده‌ن. به‌رامبه‌ر به یاری تۆپی پێ(فوتبۆڵ) که به به‌رفراوانی جه‌ماوه‌ری ناسراوه ته‌نها مۆڵ ته‌نیایی تاکه‌کان ده‌کڕێته‌وه. ئێمه ته‌نانه‌ت به ئۆتومبیل هاتوچۆ ده‌که‌ین تاکو به‌ته‌نیا بین. کڕینی ئۆتۆمبیل به‌شێکی ته‌واوکه‌ره له پرۆسه‌ی به ته‌نیایی بوون و ته‌واوکه‌ری خه‌رجکردنه، کڕینی پانتایی جێیه‌کە بۆ خۆ جوداکردنه‌وه، به ونبوون له نێو کۆی ئه‌و ئۆتۆمبیلانه‌ی ته‌نیاکانی تر لێیده‌خوڕن. مۆڵ چاره‌سه‌ری بۆ ئه‌وه‌شمان دۆزیوه‌ته‌وه، پارکی ئۆتۆمبیل لە نزیک و به‌ژێر هه‌موو مۆڵێکه‌وه دروستکراوه، ئێمه ته‌نیاین و له نێو خه‌ڵکداین، ئاماده‌ین و وونین، ئاماده‌بوون له یه‌ک شوێن بۆ مه‌به‌ستێکه- پێکه‌وه خه‌رجکردن. کاتێ وونبوون له پێناو داهێناندا بێت ئه‌مه جودایه له‌گه‌ڵ وونبوون بۆ ئه‌وه‌ی خه‌رجبکه‌ین. پانتایی مۆڵ ئه‌وه‌شه که له یه‌ککاتدا ڕاکه‌ڕاکه‌ت له‌کۆڵ ده‌کاته‌وه و خۆیشت له نێو کۆی ئه‌وانی تردا قبوڵده‌که‌ی.
به پێی تیۆلۆژیناس و سۆسیۆلۆگ ژۆن پاڵ (Jon Pahl) له فیلمی په‌رستگاکانی به‌رخوریی، بیناسازیی مۆڵه‌کان درێژه‌پێدانی په‌رستگایه. له هه‌موو مۆڵێکدا ئاو و نافوره‌ی لێیە، وه‌ک سیمبو‌لی خاوێنبوونه‌وه، بە وێناکردنی شت و ئاو، ئێمه بێ ئاو ناژین، واته بێ شتکڕین ناژین، ئه‌وێ جێیه‌که بۆ خه‌رجکردن، به‌و جۆره مۆڵ وه‌ک هه‌رچ په‌رستگایه‌ک یاسای خۆی ده‌سه‌پێنێ. هه‌مان بیرۆکه بۆ ڕووناکی وه‌ک ووزه‌یه‌ک، له هه‌موو لایه‌کی مۆڵه‌کانه‌وه تیشکی خۆڕ به تیژیی دێته ناوه‌وه و به گڵۆپی هه‌مه‌جۆر ڕووناککراون. (لە ئێستادا مۆسیقایەکی ئارامبەخشیش لە پیانۆی ئۆتۆماتیک لێدەدرێ). هه‌ر وه‌ک به‌رزیی بنمیچه‌ی کلێسه‌کان هی مۆڵه‌کانیش به‌رزن؛ له ناویاندا مرۆڤ خۆی به بچووک ده‌بینێ، واته له ئاست گه‌وره‌یی مۆڵدا ئێمه میناتۆرەکانیین، بچووکین، هەر چۆن به‌رامبه‌ر به یه‌زدان ئێمه بچووکین، به‌رامبه‌ر به مۆڵیش وه‌هاین، ته‌نها به کڕین و خه‌رجکردن گه‌وره‌ده‌بین. ئه‌مه‌یش وێنه‌یه‌که له ده‌سه‌ڵاتی گه‌وره به‌رامبه‌ر به نه‌بوونی ده‌سه‌ڵات له‌لای ئێمه‌ی بچووک. دار و درەختە‌کانی نێو مۆڵه‌کانیش هه‌رده‌م گه‌شن، ماییه‌ی به‌خته‌وه‌ریی و ئاسایشن و ئه‌و لایه‌نه ناسک‌و هەستیارەمان ده‌پارێزن، وێنه‌یان پێمان ده‌ڵێ که له ناوه‌ندی مۆڵدا ئێمه ده‌توانین گه‌شه‌که‌یه‌ن، گه‌وره‌بین و نه‌مرییمان ده‌خه‌نه به‌رچاو. خه‌رجکردن ته‌نها پرۆسه‌یه‌کی فڕۆشتن نییه، به‌ڵکو کارکاردنێکی تۆکمه‌یه له‌سه‌ر بزاوتنی هه‌سته‌کانی مرۆڤ تاکو به‌ره‌وپیری مۆڵه‌کان بچێت و له‌وێ گیرفانی به‌تاڵکات و به‌یانی بچێته‌وه سه‌ر کار و دیسان گیرفان پڕکات و له کۆتایی رۆژ و هه‌فته و مانگ و ساڵه‌که‌دا هەر بکڕێ و بکڕێ، خه‌رجبکات، خۆشڕابوێرێ، گه‌شت بکات و حیسابی بانکی بێته‌وه ژێر سفر.
ژان بۆدریارد له کتێبی کۆمه‌ڵی به‌رخور ده‌ڵێ: له‌گه‌ڵ مۆڵدا نه‌ک ته‌نها شار ده‌گۆڕێ، به‌ڵکو تێڕوانینشمان بۆ جیهان ده‌گۆڕێ. ئه‌م پانتاییه‌ی به‌گشتیی بۆ خه‌رجکردن ته‌رخانکراوه، ده‌بێته پانتایی ته‌واوی به‌سه‌ربردنی ژیان. ئه‌م مۆلانه به‌ره‌و کوێ ده‌مانبه‌ن؟
ساڵانه به ملیۆنەها که‌س بۆی ده‌چن و پاره‌ی تێدا خه‌رجده‌که‌ن، ئاماری ئه‌م جۆره مۆڵانه ئه‌گه‌ر به مۆزه‌خانه‌ی لووڤه‌ری پاریس و مۆمای نیۆیۆرک به‌راوردی بکه‌ین سه‌رسامده‌بین له‌وه‌ی ژماره‌ی هاتوچۆکه‌رانی مۆڵه‌کان زۆر زۆر زیاترن، له هه‌ندێ ولاته‌دا ساڵانه ده‌گاته 250 ملیۆن که‌س.
ده‌کرێ بپرسین کۆمه‌ڵی به‌رخور به خودی پرۆسه‌ی به‌رخوربوونی قه‌یرانێکه؟ ئه‌م پرسیاره ناکاته ئه‌وه‌ی خه‌رجکردن به ئازادیی له مرۆڤ قه‌ده‌غه‌که‌ی. هه‌موو ده‌زانین که کۆمه‌ڵی سه‌رمایه‌داریی کار له‌سه‌ر پێداویستی ده‌کات، به‌و واتایه دروستیانده‌کات، به‌رهه‌میانده‌هێنێ تاکو خه‌رج بکرێ. ئه‌وه‌ی خه‌رجی ناکات ده‌چێته په‌راوێزه‌وه، لێره‌شه‌وه کۆمه‌ڵی به‌رخور به‌ره‌و بیرۆکه‌ی دروستکردنی سه‌نته‌ری کۆمێرسیال (مۆڵ) ده‌چێ. هه‌ر بۆیه وێنه‌ی پێشووی که‌سه زاناکان و ناوداره‌کانی مێژوو ده‌گۆڕێ بۆ ئه‌ستێره‌کانی سینه‌ما و وه‌رزش و شازاده‌کانی جیهان. وێنه‌ی ئه‌مانه زاڵده‌بێ که له ریکلامێکدا و له ژیانی رۆژانه‌یان له گۆڤاره‌کان و سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌ڤیزیۆنه‌کان به‌تەوژم نمایشی مارکه‌ی شمه‌ک و کاڵایه‌کی تایبه‌ت ده‌که‌ن، ئه‌وه‌ی ئه‌وان نمایشی ده‌که‌ن ئێمه پاره‌ی بۆ خه‌رج ده‌که‌ین تاکو ده‌ستمانکه‌وێ. خودی ئه‌م خه‌رجکردنه پاراستنه له پراوێزبوون و به‌خشینی هه‌یبه‌تێکه به که‌سه‌که؛ به‌و شێوه‌یه ئامێری جلشۆڕدن و هه‌رچ ئامێرێکی تر ده‌وری ئیسراحه‌ت به‌خش ده‌بینێ و له هه‌مانکاتدا وێنه‌یه‌که که خاوه‌نه‌که‌ی له که‌سێکی دی جودا ده‌کاته‌وه که نییه‌تی و به خودی ئه‌م وێنه‌یه ئه‌وی دی خۆی پاراستووه و ئه‌وی تریشیان که نێیه‌تی ده‌که‌وێته په‌راوێزه‌وه.
جگه‌له‌وه‌ی وه‌ها تێده‌گه‌ن که خه‌رچکردن تێرکردنی پێداویستییه‌کی سه‌ره‌تاییه. بودریار وه‌ک ئاگادارکردنه‌وه‌یه‌ک ده‌ڵێ که ئه‌مه پێداویستی ڕاستی و سروشتی نییه که له ناخی پێویستی تاکه‌کانه‌وه هه‌ڵقوڵابێ، چوونکێ ئه‌مه پێداویستی سیسته‌مێکی به‌رهه‌مهێنانه که کۆمه‌ڵێ واتای له خۆ گرتووه و زمانێکی تایبه‌تی بۆ په‌یوه‌ندی له نێوان تاکه‌کاندا پێكهێناوه که کار به کۆمه‌ڵێ جفره ده‌کات. ئه‌و زمانه هێزی ریکلام و پڕپاگه‌نده و میدیاکان به ڕێوه‌ی ده‌به‌ن و تاک له‌و سیسته‌مه‌دا تەنها ده‌بێته وه‌رگرێک (متلقي) و دەبێتە نیشانەیەک. له ئاکامیشدا تاکه‌کان وابه‌سته‌ی به‌رخوریی ده‌بن و سه‌ربه‌خۆییان له‌ده‌ستده‌ده‌ن، چونکو جۆری پێداویستیه‌کان سیسته‌مێک دایهێناون کە ده‌زانێ چۆن کڕیاری خۆی بۆ دروست بکات و دواجار هه‌ر ئه‌وانیشن ده‌ست به‌سه‌ر بازاردا ده‌گرن و ته‌نانه‌ت کاریگه‌ریی گه‌وره‌شیان هه‌یه به‌سه‌ر زه‌وق و چێژی کۆمه‌ڵدا؛ که‌سه‌کان تا ڕاده‌یه‌ک ملکه‌چی ئه‌و که‌لوپه‌له‌ن که له بازاردا بۆیان نمایشکراوه. ئه‌مه‌ش کۆنسێپتی به خاوه‌نبوونی سڕییه‌وه، له‌بری ئه‌وه کۆنسێپتی چێژ و حه‌ز و خه‌رجکردن جێیده‌گه‌رێته‌وه، که تۆ خاوه‌نی شمه‌ک بیت ئه‌مه ده‌مانباته‌وه بۆ تێگه‌یشتن له هه‌ڵگرتن و به‌رده‌وامیی به‌کارهێنانی کاڵاکان، له کاتێکدا تێکڕای کۆمه‌ڵگا پۆست مۆدیڕنه‌کان کار له‌سه‌ر تێرکردنی حه‌ز ده‌که‌ن، ئه‌م تێرکردنه‌ش دوایی نییه، ناشبێ دوایی هه‌بێ. به‌و شێوه‌یه ئێمه هه‌ڵبژاردنمان له‌به‌رده‌مدا نییه، ئه‌وان حه‌زو ئارەزوومان له‌لا دروستده‌که‌ن، تێری ده‌که‌ن و ده‌یگۆڕن بۆ شتێکی دی، پرۆسه‌ی به‌رخورییش هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێ.
به‌رخوریی له سه‌ره‌تاوه ڕیکخراوه که له خودی خۆیدا ببێته گوتارێکی سه‌ربه‌خۆ. به‌رخورەکان له هه‌مانکاتدا باڵاده‌ستییان هه‌یه (چوونکە کڕیاره‌کان و خه‌رجکه‌ره‌کان ئه‌وانن)، به مه‌رجێ باڵاده‌ستییان له‌سه‌ر ڕووبەری کۆمه‌لایه‌تی نه‌بێ، واته کاریگه‌رییان له بریاردان نه‌بێ، ئه‌وان ته‌نها حه‌زێک بن و تێربکرێن، باڵاده‌ستی راستی بۆ به‌رهه‌مهێنه‌رانه. دروستکردنی کۆمه‌ڵی به‌رخور له ڕێگای ئه‌و گوتاره‌وه ئه‌نجام ده‌درێ که خه‌ون و خه‌یاڵ به‌خشه، تاک چیدی هه‌وڵ نادات خۆی بسه‌لمێنێ، به‌ڵکو تێده‌کۆشێ که ئه‌وانی دی رازی بکات. به‌و شێوه‌یه‌ش مێگه‌لێک له تاکه‌کان دروستده‌بێ که هیچ دژایه‌تی ئه‌و سیسته‌مه ناکات و ره‌خنه‌یه‌کی نییه ئاراسته‌ی کۆمه‌ڵی بکات. له‌وانه‌یه به ملێۆنه‌ها که‌س له ریکلامه‌کانی ته‌له‌ڤیزیۆن ناره‌حتبن، که‌چی ریکلامەکان هه‌ر به‌رده‌وامیشن، چونکو خه‌می سه‌ره‌کی که‌سه‌کان خه‌رجکردنه؛ به‌هه‌رحاڵ کراوه به خه‌مێک. خه‌رجکردن ده‌بێته ئه‌و دوا ئاینه گه‌وره‌ییه‌ی به هه‌موو زمانێک داده‌به‌زێته خواره‌وه و قسه ده‌کات، هه‌موو که‌سیش لێی تێده‌گات و په‌یڕه‌وی ڕێنماییه‌کانی و یاساکانی ده‌کات. ده‌بێته یارییه‌کی گه‌وره هه‌موو که‌س پێیخۆشە تێدا به‌شدار بێت، لاسایی ئه‌ویدی بکاته‌وه و مه‌به‌ستێتی وه‌ک ئه‌و هه‌مان کاڵای هه‌بێ. ته‌نانه‌ت ده‌بێته یارییه‌کی ترسناک کە کلتوور و رۆشنبیری به‌ڕێوه ده‌بات، ئەگەرچی زمانی نوێشی بۆ داهێنێ. رۆشنبیریی ده‌بێته کاڵا، ده‌گۆڕێ بۆ ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵه به‌رخوره؛ وه‌ک نمایشی به‌رگ ده‌بێته جۆره مۆده‌یه‌ک هه‌موو که‌س پێی خۆشه له‌به‌ریدابێت. به‌و پێیه‌ش ده‌یسه‌لمینێ که له‌و کۆمه‌ڵه‌دا خۆی گونجانووه. هه‌رچی بواری کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و رۆشنبیریه ده‌گۆڕێ بۆ ژیانی تایبه‌تی له کار و خێزان و گه‌شتکردن و پشوودان و خۆشگوزاریی که به‌خه‌ته‌وه‌رییان بۆ مسۆگه‌ر ده‌کات. هه‌رچی نائارامی و هه‌ژاریی ژیانی خه‌ڵکی تره که له میدیاکاندا ده‌یبینن (وه‌ک برسێتی له ئه‌فڕیقا، بومه‌له‌رزه له هاییتی…)، به سه‌رقاڵبوونی ئه‌مان به خه‌رچکردنه‌وه چاره‌سه‌ر کراوه و ئاشتییه‌کی ناوخۆیی ده‌ستکرده‌یان پێ ده‌به‌خشێ که هه‌مووان بڵێن: ئۆخەیش ئێمه دوورین له‌و کێشه و قه‌یران و هه‌ژاریی و نائارامییه.
کۆمه‌ڵی به‌رخور به‌رپرسیارێتی خۆی ده‌گرێته ئه‌ستۆ به‌وه‌ی ژیانێک بۆ کۆمه‌ڵ مسۆگه‌ر ده‌کات؛ ئه‌مه تێپێکه له ژیان، واته ژیانێک به پێی قاڵبی به‌رخوریی بۆیان ئاماده‌کراوه، پێوانه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه و که‌س ناتوانێ له یاساکانی لادات و که‌سیس نایه‌وێ لێی لادات.
مێژووی شت چۆن ده‌ستی پێکردووه؟ یاخود کڕینی هه‌ندێ که‌لوپه‌ل که پاش به‌کارهێنان دواتر فڕێی ده‌ده‌ین چۆن به‌رهه‌مهاتووه؟
ئانی لیۆنارد (Annie Lionard)، له فیلمێکی کورت‌دا باسی مێژووی ”شت” ده‌کات و ده‌ڵی: شته‌کان له سیسته‌مێکدا جێگیربوونه به نێوه‌ندی ده‌رهێنان به تێپه‌ڕبوون به به‌رهه‌مهێنانیان و دابه‌شکردنیان و خه‌رجکردنیان و تێکشکانیان. ئه‌مه‌ش پێی ده‌وترێ ئابووری ماده. له ڕاستیدا وه‌ها ئه‌م پرۆسه‌یه ده‌بینین وه‌ک بڵێی ساده بێت و به چاکیی کاربکات، ته‌واو بێ کێشه‌یه؛ وه‌لێ وه‌ها نییه، ئه‌م پرۆسه‌یه ئاسان نییه. له نیوان هه‌ر قۆناغێکیدا مرۆڤ کار ده‌که‌ن، هه‌ندێکی ئه‌و مرۆڤانه‌ش ئه‌رکیان له‌وانی دی زۆرتره، کاری زۆرتر ده‌که‌ن؛ جگه له‌وه‌ی هه‌ر یه‌ک له‌و قۆناغانه سنووری خۆی هه‌یه که لێی ده‌وستێ. قۆناغی ده‌رهێنان، واته (سوود وه‌رگرتن له سه‌رچاوه‌ی سروشتی)، ئه‌مه‌ش به‌و واتایه دێت که ژینگه وێران بکرێ تاکو مۆڵی له‌سه‌ر دروستبکرێ. چوونکو له‌م جۆره پرۆژانه‌دا هه‌موو قۆناغی کارێک پێویسته و ده‌شکرێ. هه‌رچی سه‌رچاوه‌ی ئاوه به‌کارده‌هێندرێ، چیاکان ده‌ته‌قێندرێنه‌وه تاکو سوود له کانزایان وه‌رگیرێ و ڕێی هاتو چۆ خۆشبکه‌ن، ئاژه‌ڵ به هه‌موو جۆڕێک که‌مده‌بێته‌وه و له‌ناوده‌چن (پێستەیان، فه‌ره‌وکانیان، عاج، ددان، ئیسک به‌کارده‌هێندرێ…)، داری دارستانه‌کان ده‌بڕێن…هتد. ئه‌وه جارێ هه‌ر لێره‌دا به‌شێکی گه‌وه‌ره‌ی ژینگه وێرانکرا و بۆ داهاتوو نوقسانی بێ وێنه دروستده‌بێ.
ئاکامی ئه‌م نوقسانییەش له شوێنێک پاڵ به خه‌ڵکه‌که‌وه ده‌نا به‌ره‌و شوێنی تر بڕۆن و سوود له خاكی ئه‌وانی تر ببینن، ئه‌م خاڵه‌ش داگیرکردنی خاکی دی پێشنیار ده‌کات. که ئه‌م قۆناغه‌ش ئه‌نجامدرا، ئینجا به‌ره‌و به‌رهه‌مهێنان ده‌چن. لێره‌شدا، بۆ ئه‌م قۆناغه‌ش پێویست به سووتەمەنی و ووزه‌ییه، کێشه‌ش له‌وه‌دایه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ووزه‌ی سروشتی تێکه‌ڵ به‌و به‌رهه‌مه کیماوییانه ده‌کڕێ که ژهراوین بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین ووزه و بۆ درێژترین ماوه ده‌ستکه‌وێ. له ده‌رئه‌نجامدا، به‌رهه‌مێکی زۆری ئه‌و که‌لوپه‌لانه په‌یدا ده‌بن که ماده‌کانی له پێکهاته‌یه‌کی خراپ دروستکراون و زیان به ته‌ندروستی ده‌گه‌یەنن. به‌و جۆره به‌رهه‌می خراپ ده‌چێته ناو به‌رهه‌مهێنان و له‌وسه‌ریشه‌وه به‌رهه‌می خراپیش ده‌رده‌چێ.
ئامانجی سه‌ره‌کیش له‌م هه‌موو کاره خۆشگوزه‌رانیه، به دوی خۆشییدا بگه‌ڕێ تاکو زۆرتر خه‌رج بکه‌ی. هه‌موو بیرکردنه‌وه‌یەکی له‌و جۆره‌ش له خزمه‌تی زیادکردنی مانه‌وه‌ی خه‌ڵکه له‌و مۆڵانه. هه‌تا ماوه‌یه‌کی زۆرتر بمێننه‌وه زیاتر خه‌رج ده‌که‌ن، ئه‌مه‌ش ئامانجی به‌رهه‌مهێنه‌ران و بازرگانه‌کان ده‌پێکێ. مۆڵ ئه‌و شوێنه داگیرکه‌ره‌یه که له قازانجی جوانییه‌کی ده‌ستکرد سروشت ده‌سڕێته‌وه. له مۆڵێکی تایبه‌تی له ئاریزۆنا له ئه‌مریکا به‌شێکی زۆری جۆری ئه‌و ئاژه‌ڵ و باڵنده مردوـ زیندوانه تێیدا دروستکراوه که وێنەیەکی سارده له تابلۆی سروشتی مردوی هونه‌رمه‌ندێک، به ته‌نیشتیانیشه‌وه چه‌ک فڕۆشێک ترسناکترین چه‌کی کاریگه‌ر بۆ کوشتنیان ده‌فڕۆشێ. ئه‌م جۆره هاودژییه وێنه‌یه‌که له فرۆشتنی خه‌ونێکی ترسناک.
پێداویستی له کۆمه‌ڵی به‌رخور به‌ده‌ر له خواردن و پێداویستی سه‌ره‌کیی وه‌ها کاری تێداکراوه که به‌رده‌وام به پێی زه‌وق و چێژ و ئاره‌زوو و خۆتازه‌کردنه‌وه به دوی پێداویستی نوێ‌دا بگه‌ڕێی. ئه‌و حه‌زو ئاره‌زووه‌ش ته‌نها له وێنه‌یه‌کی هزردا هه‌یه که به‌رهه‌می خه‌یاڵه. ئه‌و جۆره پێداویستیه‌ش به‌هایه‌کی ئاڵوگۆڕکه‌ر و سیمبولیی هه‌یه نه‌ک به‌هایه‌کی به‌کارهێنان. دروستکردنی پێداویستی نوێش مه‌رجی به‌رده‌وامبوونی کۆمه‌ڵی سه‌رمایه‌دارییه که به‌رده‌وام به دوی بازاری نوێ‌دا ده‌گه‌ڕێ بۆ خه‌رجکردنی شمه‌ک و کاڵاکانیان له هه‌موو بوارێک‌دا، به گه‌شتکردن و رابواردنیشه‌وه. هه‌ر بۆیه کردنه‌وه‌ی مۆڵ له هه‌رچ کوێیه‌کی جیهاندا بێت به قازانجی ئه‌مان ده‌گه‌ڕێته‌وه، چوونکو ده‌بنه‌وه بازارێک بۆ خرجکردن. له‌م روانگه‌یه‌وه مرۆڤی به‌رخور مرۆڤێکی چالاکه و له‌گه‌ڵ سیسته‌می ئاماژه‌کانی به‌رخوریی به‌شووناس ده‌کرێ و خۆشی بێئاگایه له‌و به‌شووناسکردنه. بانکه‌کانیش هاوکاریی ئه‌و سیسته‌مه ده‌که‌ن، تاکو قه‌رزبده‌ن به‌وانه‌ی پێویستیان به خه‌رجکردنی زیاتره. بودریارد دیسان مرۆڤی به‌رخورده وه‌ک ماشێنێکی به‌رخور و تێربوون داده‌نێت که ده‌بێ شاد و به‌خته‌وه‌ر بێت و به‌و دۆخه رازی بێت، ئه‌وه‌ی رازی نابێ، به لاده‌ر دادەنرێ له سیسته‌مه‌که. به پێچه‌وانه‌ی وته‌ی هه‌ندێ سۆسیۆلۆگه‌کانیش، پۆست مۆدێڕنیزم دانه‌تاشراوه له ئایدۆلۆژی، ئه‌م ته‌نها ئایدۆلۆژی سیاسی وه‌رگێراوه‌ته سه‌ر دۆخێکی تر، هه‌موو کۆمه‌ڵێک بنچینه‌یه‌کی باوه‌ڕ و میتی (mythe) خۆی هه‌یه، به‌م واته‌یه‌ش ئایدیۆلۆژی خۆی هه‌یه.
بۆدریارد ئاماژه به‌وه‌ش ده‌کات که به‌رخوریی هه‌ڵگری گوتارێکی ئازادییه له ڕێگای ئاماژه و ڕۆڵ ئه‌نجامده‌درێ. گوتارێکه ژن ئاراسته‌ی ژنی ده‌کات، گه‌نج ئاراسته‌ی گه‌نجی ده‌کات. هه‌ر ئه‌م ئازادییه فه‌رمی و نارسیسیه‌شه (narcissique) که ڕێ له ئازادیی راستی ده‌گرێ. کاتێ گه‌نج و شۆڕش یه‌کسان ده‌که‌ین به‌یه‌ک، دوو چۆله‌که به به‌ردێک ده‌کوژین: گه‌نج ده‌بێته سیمبو‌لی یاخیبوون بۆ هه‌موو گه‌نجانی دی له کۆمه‌ڵ، به‌و شێوه‌یه یه‌که‌م له ڕێگای تیپێکی (فه‌رمی) ده‌ستنیشانکراو له کۆمه‌ڵ که تیپی ”گه‌نجه” ئامانجه‌که ده‌پێکێ. ئه‌وی تریشیان رۆڵی گه‌نجه که به وێنه‌ی یاخیبوون و ڕاپەڕین و شۆڕشه‌وه گرێی ده‌درێ. ئه‌م ئازادییه بۆ ژن ئاڵۆزتره، ژن له ڕێگای ئازادیی سێکسواڵه‌تییه‌وه ده‌بێته به‌رخوری له‌شی خۆی. ئازادیی سێکسواڵه‌تیش له ڕێگای ژنه‌وه به‌رخور ده‌کرێ. لێره‌شه‌وه کۆمه‌ڵی به‌رخور ئێش له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و جفرانه ده‌کات، به وردیی حیسابیان بۆ ده‌کات، توێژینه‌وه و لێکۆڵێنه‌وه‌ی بازار و به‌رهه‌مهێنان و حه‌ز و چیژی کڕیار لێکده‌داته‌وه و جفره‌ی تایبه‌تیان بۆ داده‌نا، کلیلی ئه‌و جفرانه‌ش له گیرفانی ئه‌و سیسته‌مه ئابووریه‌ییه.
دونیای ئه‌مڕۆ به تایبه‌تی له رۆژئاوا به‌ره‌و دروستکردنی سه‌نته‌ری کۆمێرسیال (مۆڵ) ده‌چێ. ته‌نانه‌ت نزیک گونده دووره‌کانیش مۆڵی لێیه تاکو شار و گوند دابرانی تێدا نه‌بێ و له هه‌موو لایه‌که‌وه پاره‌ی تێدا خه‌رجکه‌ن و سەعاتی سەر دیوارێکیش نەبێ لەسەر کاتمان پێ نیشان بدات جەندە ماوەمان لەو مۆڵە بەسەر برد، چەندە کات سەرقاڵی شت کرێن بووین، چوونکە بوونی سەعات دابڕان لە خەرچکردن دروست دەکات، هۆشت وەبەر دەهێنێتەوە کە کەی دەست هەڵگریت و بگەڕێیەوە ماڵ. ئه‌م ده‌رده نوێیه وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتیشی گرتۆته‌وه و کوردستانیش به‌ده‌ر نییه له‌وه. له‌گه‌ڵ جیاوازیی ئه‌وه‌ی کورد تایبه‌تمه‌نی خۆی له‌کیسده‌دات به نه‌مانی قه‌یسه‌ری و بازاری نه‌ریتی و خواردەمەنی خۆماڵێی و شمەک و کاڵای خۆماڵیی، چوونکو وه‌ک کۆمه‌ڵێک ئێمه به‌رهه‌مان نییه، یان نەماوە، ئێمە بێ کەسین، ئێمه بازارێکی به‌تاڵین به به‌رهه‌می وڵاتانی دی مۆڵه دەستکردەکان پر ده‌که‌ینه‌وه. خواردنی پلاستیکی و دەیان جار ”ڕیسایکلکراو” و گۆڕانی ”ژینەتیکی” کراو لە بری خواردنی خۆماڵیی تەندروست دەخۆین، پرۆژه‌ی مۆڵ پلانێکی ستراتیژیه، ڕووه ناشرینه‌کانی شه‌ڕی پێ داده‌پۆشن، دونیای ئه‌مڕۆ چیدی بێ مۆڵ وێنا ناکرێ. په‌لی ئه‌و ئه‌خته‌بوته ئه‌مڕۆ بێت یان سبه‌ی هه‌ر ده‌گاته ئه‌و شوێنانه‌ی خۆیان به عاسی ده‌زانن.
دواجار بێزاربوونی مرۆڤ پاڵی پێوه ده‌نا به دوی وێنه‌ی نوێ و شوێنی تردا بگه‌ڕێ. هه‌ندێ که‌سیش حه‌نینیان بۆ ئه‌و وێنه کۆنه‌ی پێشوو لەسەر شوێن هەیانبوو، تووشی قێزوەنی و نامۆییان ده‌کات، ئه‌وه‌ی له کاتی منداڵی ئه‌ودا جێی خۆشگوزه‌رانی بوو و جوانی بوو، له سه‌رده‌می گه‌وره‌بوونیدا وێرانه‌یه. مۆڵ خۆنوێکردنه‌وه‌ی پێویسته، ڕۆژێکیش دێ کە مۆڵی کۆنیش بۆ نوێ چۆڵده‌کرێ، که‌سی تێدا نامێنێ و کارمه‌نده‌کانی پێشویشی له ئێستای ئەو ساتەدا ده‌چه‌نه پاڵ بێکاره‌کانی تر دونیا.
سەرچاوەکان:
– Jean Baudrillard, La Société de consommation, Éd gallimard, Paris, 1970.
– Les Temples de la consommation, film d’Helene Klodawsky, écrite et commentée par Ariel Wiezman, Canada, 2008.
–Histoire des choses, Annie Lionard. http://www.terre.tv/fr
تێبینی؛ ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەری بابەت خۆی .