لەوێدا کوشتن، لەوێدا ھونەر

Loading

لەوێدا کوشتن، لەوێدا ھونەر
نمایشێکی سەما و موزیک لە پارکی دایک

لە کوێدا ژیان چەقی بەست، لەوێدا ھونەر دیوار و سنورەکان دەشکێنێت و ڕۆحێکی نوێ دەبەخشێتەوە بە ژیان، لە پێناو بەردەوامی و بۆ ئەوەی لە ژێر باری ژیاندا نەپسێین لە دێرزەمانەوە مرۆڤ ھانای بۆ ھونەر بردووە، ھونەر مانای ڕاستەقینەی شتەکانە بەبێ ئارایشتکردن و فریودان، ھونەر ھۆکارێکە بۆ پەردەلادان لەسەر ڕووی زدێوی مرۆڤ و ژیان.
ھونەری داھێنەرانە ئەو ھونەرەیە دەروازەی نوێ بەسەر ژیاندا دەکاتەوە، پەنجەرەی دیکە بۆ ڕوانین لە ڕووداوەکان و ساتەوەختە ھەنوکەیی و مێژووییەکان دەکاتەوە، نەک ھەوڵدان بۆ کۆپیکردنی ژیان وەکخۆی، چونکە ژیان وەکخۆی ھیچ نییە لە تاڵایی و ئازار و بارگرانی زیاتر، بەڵام ھونەر دێت و مانا بە تاڵایی و ئازار و بارگرانیەکانی ژیان دەدات.
سەمای ھاوچەرخ یەک لە ھونەرە نوێیەکانە، کە ئەمرۆ لە جیھاندا جێگەی بایەخ و گرنگیپێدانە، بەڵام ئەم ھونەرە لە دونیای ئێمەدا ھێشتا زۆر لەسەرەتادایە، کە جگە لە چەند ھەوڵێکی کەم بایەخێکی ئەوتۆ بەم ھونەرە نادرێت، بەھەرحاڵ ئەمە بۆ زۆرینەی بوارەکانی دیکەی ھونەریش ھەر ڕاستە، بۆیە قسە و باس لەو بارەیەوە زۆر ھەڵدەگرێت و تا ئاستێکیش بێسودە، چونکە ھونەر لە وەھا کۆمەڵگایەکی داواکەوتوودا کولتور نییە.
دوایین کاری (کاروان عومەر) کۆریۆگراف و سەماکار ، نمایشێکی سەمای ھاوچەرچ بوو لە پارکی دایک بە ناوی (چیرۆکەکانی ژنێک… سەمایەک) بە بەشداری ھەریەک لە موزیسیانان (شیلان عومەر و کەنار فەرھاد) بە ئامێری چەلۆ، ئەم کارە ھەڵوێستێک بوو بەرامبەر ڕووداوی کوشتی ژنێکدا کە لە ماوەی ڕابردوو لە ھەمان پارکدا ڕوویدا، بەڵام ھەڵوێستێکی تەواو ھونەری، کە ئەمەش خاڵی سەرەکی سەرکەوتنی کارەکە بوو.  لە ڕابردوودا زۆرینەی ئەو کارە ھونەرییانەی بۆ ڕووداوەکان کراون لە ھەوڵی کۆپیکردنی ڕووداوەکاندابوون لە ناو ھونەردا، نمونەش بۆ ئەمە زۆرینەی ئەو نمایشانەن کە بۆ ئەنفال و ھەڵەبجە و کارەساتەکانی دیکەی ئەم وڵاتە کراون، ئەمەش باسێکم بیردەخاتەوە، لە یەکێک لەو نمایشە شانۆییانەی لە شاری ھەڵەبجە بۆ کارەساتی ئەو شارە دەکرێت،پیاوێکی بە تەمەن ھەڵدەستێت و لە ناو بینەرانەوە ھاوار دەکات: ( ئەمە چییە بە ئێمەی نیشاندەدەن؟! ئێمە خۆمان بەڕاستی ئەو شتانەمان دیوە) لە قسەی ئەم پیاوەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت ئایا ئەرکی ھونەر چییە؟ بینەران چییان لە ھونەر دەوێت؟ گواستنەوەی واقیع یان بە ھونەرکردنی واقیع، لە ئاستێکی ستاتیکی و مەعریفی بەرزدا؟

کاروان عومەر ؛ نمایشی سەما لەپارکی ئازادی.
کاروان عومەر ؛ نمایشی سەما لەپارکی ئازادی.

ئەنجامدانی سۆڵۆ سەمای (چیرۆکەکانی ژنێک… سەمایەک) لەھەمان پارک و نزیک لە ھەمان شوێنی کوشتنی ئەو ژنە بە مانای ئەوەی لە ھەمان ئەو شوێنەی کوشتن ھەیە، ھونەریش ھەیە، بەڵام ھونەر بە بەھا گەورە مرۆڤدۆستانەکەی، چونکە دیمەنی کوشتن و سوتاندن و سەربڕینەکانی کە لەلایەن گروپ و دەستە تێرۆریستییەکانیشەوە ئەنجام دەدرێن ھەندێکجار بە شێوازێکی ھونەری وێنەدەگیرێن و بڵاودەکرێنەوە، بەڵام ئەوان بۆ دژایەتیکردنی مرۆڤ و لە پێناو ئایدۆلۆژیایەکی ناشیرینی نامرۆڤانەدان، یان ئەوەی کەنیسە و ئایین لە قۆناغێکدا دەیکات و ھونەر دەخاتە خزمەتی خۆیەوە دیسانەوە دژی ھونەری ڕاستەقینەیە و لە پێناو بیر و بۆچونێکی دیاریکراودا ھونەر لە قاڵب دەدات، کە ئەوەش دیسان داماڵینی ھونەرە لە بەھا بەرز و مرڤدۆستانەکەی، چونکە بەبێ ئازادی ناتونێت مانای ڕاستەقینەی خۆی بەرجەستە بکات، لەم پڕۆژەیەی کاروان و ھەریەک لەو ھونەرمەندانەی دیکەدا ئاستێکی بەرزی ھونەرییمان بینی، بینیمان کە ھونەر چۆن مامەڵەیەکی ستاتیکی لەگەڵ ڕووداوەکاندا دەکات، بینیمان کە چۆن موزیک بە تێکەڵبوون لەگەڵ جەستەدا کارێکی ھونەری ئاست بەرز پێشکەش دەکات.
ئەوەی لە (کاروان عومەر)دا سەرنجمان ڕادەکێشێت، بوونی جەستەیەکی ئامادەیە، ئامادە بۆ سەما، بۆ گێڕانەوە، بۆ دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان جەستە و موزیک و بینەراندا و لە ئەنجامدا ھێنانە ئارای ھاڕۆمۆنیەتێکی ستاتیکی، وەکچۆن موزیکسیانێک لە ڕێگەی ژەنینی ئامێرەکەیەوە خەریکە بابەتێک دەگێڕێتەوە، یان وێنەکێشێک لە ڕێگەی فڵچە و ڕەنگەوە، وەھاش (کاروان عومەر) لە ڕێگەی ژەنینی جەستە و تێکەڵکردنی لەگەڵ موزیکدا توانی چەند چیرۆکێکی تراژیکمان بۆ بگێڕێتەوە کە بەم دواییانە ڕوویاندا.

لەگەڵ ئەو ئامادەییەی جەستەی (کاروان)دا ئامادەیی ھەریەک لە موزیکسیانان (شیلان عومەر و کەنار فەرھاد)یش ھۆکارێک بوون بۆ ئەوەی کارەکە بەو ئاستە بگات، چونکە لە جۆرە پڕۆژەیەکی وەھادا تەواوی پێکھێنەرەکان پێکەوە و یەکانگیر کارەکە بە تەواوبوون دەگەێنن، بە بوونی کەلێنێک لە ھەر یەکێک لە پێکھێنەرەکاندا کەلێنێکی گەورەتر دەکەوێتە کارەکەوە، بۆیە جێگەی خۆیەتی ئاماژە بە ھێز و وزەی ھەردوو موزیکسیان بدەین، کە لە ئەنجامدا دەبوونە ھێز و وزە بۆ جەستەی کاروان و ھانیان دەدا ورتر و بە سەلیقەتر ساتەوەختەکانی بەرجەستە بکات.
ھەڵبژاردنی ھەریەک لەو ئامێرە موزیکیانەی لە کارەکەدا بەکارھاتبوون، کە پێکھاتبوون لە (دوو چەلۆ و دەفێک) لە کۆنتێستێکی ھونەری و بەشداریپێکردنێکی جوان و لە خزمەت کارەکەدا بوو، کە بە ڕوونی ھەستمان بەو دیالۆگ و ململانێیە دەکرد کە لە کۆتایی کارەکەدا لە نێوان ھەر یەک لە چەلۆکان و دەفەکەدا ھەبوون، چەلۆکان وەک دەنگی مێینە و دەفیش وەک دەنگی زوڵاڵی پیاو لە کۆمەڵگا دواکەوتووەکاندا، کە ھەمیشە دەنگێکی زاڵە بەسەر دەنگی ئافرەتدا، بۆیە لە ئەنجامدا ئەو لێشاوە توندو تیژیی و کوشتن و خراپەکارییەی لێدەکەوێتەوە کە ڕۆژانە لێرە و لەوی ڕوو دەدەن، بەڵام لەم کارەدا دوای ململانێ ئەم دوو دەنگە تێکەڵ دەبوو پێگەوە گوزارشتیان لە ژیان دەکرد.

بوونی ئەم کارە ھونەرییە لەو جێگەیەدا و لە کاتێکی وەھادا، مانای کوشتنی ئەو ئافرەتەی فراواتنرکرد، وایکرد جەختێکی زیاتر لەسەر کوشتنێک دروست بێت، لەوەش گرنگتر ئەو کارە کۆپی وێنەکانی واقیع نەبوو، بەڵکو بۆخۆی کارێکی ھونەری سەربەخۆبوو، ئەوەی دەمێنێتەوە مانای ھونەرە کە ھیچ کام لە ئایدۆلۆژیا و تدراسیۆنەکان ناتوانن لەقی بکەن، چونکە ھونەر لە ھەناویدا قوڵاییەکی مانادار و ستاتکی ھەڵگرتووە.