له‌نێو گه‌ڕه‌كێكدا بووین خانوویه‌كی تێدا نه‌بوو زستانان دڵۆپه نه‌كات، گه‌ر با یه‌كی به‌هێز هه‌ڵی بكردایه هه‌موو گه‌ڕه‌ك به‌ترسه‌وه هه‌ناسه‌یان هه‌ڵده‌مژی.
دایكم ده‌یگووت؛ خودایه له‌به‌ر من نا له‌به‌ر منداڵه‌كانم ڕه‌حممان پێ بكه.
سۆلینی خوشكم كه ئه‌و كات شازده ساڵان بوو ده‌هاته په‌نامه‌وه و ده‌یگووت؛ كاكه ئه‌گه‌ر كچێك له (با) بترسێت ئاساییه، به‌ڵام كوڕ نابێت وابێت، چونكه -با- یارمه‌تیده‌ره بۆ كوڕه‌كان تا له‌چێژی بینینی قژی خوشكه‌كه‌یان به ئاڵۆزكاوی بێبه‌ش نه‌بن.
منیش ده‌مگووت: ئه‌رێ گیانی كاكه -با- بۆمن چێژبه‌خشه، چونكه من خوشكێكم هه‌یه ترسنۆكه و له‌كاتی بادا خۆی دێته لام و له‌ترسی باكه ده‌ڵێ كاكه قژم بۆ بهۆنه‌وه.
من و سۆلین خوشك و برایه‌ك بووین چێژمان له‌باران و هه‌وره بروسكه و ته‌نانه‌ت له دڵۆپه‌ی خانووه‌كه‌ش ده‌بینی، سه‌یرمان پێده‌هات خه‌ڵكی داوای باران ده‌كات و له‌دڵۆپه‌ی خانووه‌كه‌ی بێزار ده‌بێت.
سۆلین ده‌یگووت؛ كاكه من خۆم ده‌ده‌مه به‌ر دڵۆپه‌كه و تۆ بیژمێره بزانه چه‌ند به‌رگه‌ی ساردیه‌كه‌ی ئه‌گرم.
سۆلین خۆی بێده‌نگ ده‌یژمارد كاتێك ده‌بوو به شازده خۆی له‌به‌ر دڵۆپه‌كه لاده‌چوو و ده‌یگووت؛ كاكه به‌پێ ساڵه‌كانی ته‌مه‌نم به‌رگه ده‌گرم ئیتر ناتوانم
منیش ده‌مگووت؛ گیانی كاكه ده‌بێت زیاتر له‌به‌ر دڵۆپه‌كه بوه‌ستی چونكه تۆ زۆرت ماوه له‌ژیان … ئه‌ویش ده‌چوه‌وه به‌ر دڵۆپه‌كه و تا ته‌واوی قژی ته‌ڕ ده‌بوو لانه‌ده‌چوو، ده‌مگووت؛ ئه‌ها سه‌یركه تۆ به‌قه‌ت تاڵه‌كانی قژت ده‌ژیت چونكه ئه‌وه‌نده به‌رگه ده‌گری …
ساڵی 1994 سۆلین گیانی له‌ده‌ستدا ،دایكم ده‌ڵێت چاوی حه‌سوود لێیدا، به‌ڵام دایكم له‌وه‌دا ڕاست ناكات چونكه سۆلین به‌رگوله‌ی وێڵی شه‌ڕی ناوخۆ كه‌وت.
ئه‌وكاته‌ی سۆلین ده‌یوسیت بپه‌ڕێته‌وه بۆلای هێژای ده‌سته‌خۆشكی كه خانووه‌كه‌یان ڕێك به‌رامبه‌ر به‌ماڵی خۆمان بوو گه‌یشتبووه ناوه‌ڕاستی كۆڵانه‌كه، له‌وكاته‌دا به‌رپرسێكی حزب كه له‌ده‌ستی دوژمنه‌كانی هه‌ڵهاتبووه گه‌ڕه‌كی ئێمه، نزیك ده‌بووه‌وه له ماڵی ئێمه به‌ڵام ئێمه بێ ئاگابووین له‌وه، ئه‌وان به‌سه‌یاره‌یك دوای به‌رپرسه‌كه كه‌وتبوون تا بیكوژن، به‌مه‌به‌ستی كوشتنی به‌رپرسه‌كه ده‌ستییانكرد به‌ته‌قه كردن، ته‌نانه‌ت كاتی هاواركردنێكیان نه‌دا به‌خوشكه‌كه‌م، یه‌كه‌م گوله له‌بری به‌رپرسه‌كه به‌ر سۆلین كه‌وت و ئیتر بۆ تاهه‌تایه براكه‌ی له‌بری ئه‌و هاوار ده‌كات.
ته‌واو