By Rene Magritte

شیعرو شاعیر لەبەرامبەر جیهانی ئامادەکراودا


Loading



پێشەكى: 
بۆ من هەميشە “ڕەگ، ڕيشە” جێگەى لێڕامان و وردبوونەوە بووە. وێڕاى ئەوەى دەمباتەوە سەر پرسيارە گرنگەكانى فەلسەفە (چۆن هاتين؟ چۆن دێين؟ دەبێ چي بكەين؟) پرسيارگەلێكى ديكەم بۆ دروست دەكات و لەناومدا پەرت دەبن و كاريگەرى دادەنێنە سەر تێكستە ئەدەبييەكانم. هەرئەوەشە وادەكات لە (لەدايكبوون، خێزان، گەشەكردن..) زياتر قوڵ ببمەوە. كاتێ هەست بەوە دەكەم لە خۆمدا، دەپرسم بۆچى ئەمانە بوونەتە كێشە بۆ من، يان بوونەتە خاڵى گرنگ و بنەڕەتيى؟ پێموايە بەهۆى بيركردنەوە لە (خێزان، هاوخوێنيى، خزم، چيڕۆكى سەرەتا ‘ئادەم و حەوا‘) زياتر ئەوەم تێدا خوڵقا. تايبەتيش (خێزان). لەوەتەى بيرم كردۆتەوە، خێزان يەكێك بووە لە تەوەرە هەرە گرنگ و هەستيارەكانى من. ڕەنگە بەو هۆيەى لە خێزانێكى قەرەباڵغ و پڕ ميواندا لەدايكبووم. خێزانێك كە شوێنى كەسێكى تەنياى بە ئاسانى تێدا نەدەكرايەوە. ميوان، كۆمەڵبوون، پێكەنين و ديالۆگى تێكەڵاو و هەندێكجار پڕ لە هەرايش. من كەسێك نەبووم كە باوكێكى زاڵم و دەست بە كوتەكم هەبێت (هەرچەندە باوكەكان لە خاڵێكدا هەموويان بەيەك دەگەنەوە) بەڵام باوك يان (برا گەورە) موگناتيس و ڕاكێشەرى بيرى من نەبوون. ئەوەى من سەرنجم لەسەرى نيشتەوە و واى كرد لە (خێزان) ورد ببمەوە، قەرەباڵغى، ميوان، نەبوونى تەنيايى بوو. چۆن دەتوانم لەناو جيهانێكى ئاوا قەرەباڵغ و كۆمەڵيدا جێگەى خۆم بكەمەوە و بۆ ساتێك تەنيا بم؟ ئايا دەتوانم لە كێشە و برينەكانيان هەڵبێم؟ دەتوانم بەشدارييان بكەم و بچمە سەر كۆمەڵەكە و ببمە ژمارەيەك؟ دەتوانم لە دوورەوە ڕاوەستم و بيريان لێ بكەمەوە؟ دەتوانم بەهەمان ڕێگەى ئەواندا بڕۆم؟ دواتريش كە كات زياتر ڕۆيشت پرسيم ( ئايا دەبێت خێزان هەر هەبێت؟ ڕێگايەكى تر هەيە؟) من لە بيركردنەوە لە خێزانى خۆم، بيرم لە هەبوون و نەبوونى خێزان كردەوە. پێش ئەوەى هەرچييەك لەو بارەوە بخوێنمەوە، برينەكە لە مێشكمدا گەشەى كردبوو.

بەڵام نابێت ئەوە لەبير بكەم كە من كێشە و بنبەستبوونى خێزانيشم دەبينى. تايبەت خێزانى كوردي و كۆمەڵگەى ئيسلامى. ئەگەر قەرەباڵغى و نەبوونى تەنيايى لەو خێزانەدا بۆ من بووبوو بە زام، ئەوا ديوار و سێبەرەكانيشى بە سەختى بێئومێديان كردبووم و (دەمكەن). كێشەى ژنم تێدا دەبينى، كێشەى ئاڕاستەكردن بە پەروەردەيەك و مێشك شوتنەوە، كە منداڵ بە هەموو جۆرێك ئاڕاستە دەكرێ و ناتوانێ لەو ئاڕاستەكردنانە بە ئاسانى ڕزگارى ببێت. كاتێ گەيشتم بە بابەتى ئاڕاستەكردن و دروستكردنى كێڵگەيەكى پەروەردەيى بۆ ئەوەى هەمان منداڵ دروست ببێتەوە كە خۆيان دەيانەوێ، پێداگرتر لەسەر بابەتى خێزان و سەرهەڵدانى خێزان گيرسامەوە. هەوڵمدا بزانم چۆن مرۆڤ دەتوانێ لە ناو خێزاندا بەختەوەر بێت؟

ئەم كێشە نەبڕاوە و هەڵايساوانە چين كە دانامركێنەوە؟ پرسيارم لە بارەى “شوێنى خوشك لە خێزاندا” كرد و كردم بە وتارێك بە ناونيشانى “خوشكەكان لە كوێى ئەم خێزانەدا دەژين؟”. كاتێ بيرم دەكردەوە و دەمڕوانى، دەمبينى خێزان چەقى هەموو كێشەكانە و دەتوانين لەوێوە لە هەموو شتەكانى تر بڕوانين، هاتم و دێم هەموو لايەن و كايەكم پەيوەنديدار كردەوە -دەكەمەوە بە خێزان و ئينجا لێم ڕوانين -دەڕوانم بزانم چى ڕوودەدات. خێزان چۆن هونەر لە خۆدەگرێت؟ سێبەرەكانى خێزان چى لە هونەر دەكەن؟ ئەم خێزانەى من تێيدا لەدايكبووم، ئەو كۆمەڵگە ئيسلامیيە چۆن لە هونەر و هونەرمەند دەڕوانێت؟ چەك و ئاڕاستەكانى ئەو خێزانە چين بەرانبەر هونەرمەند؟ ڕەنگە بەشێكى ئەم پرسيارانەم لە تاكە ڕۆمانەكەم (باڵۆنێك لە ئاسمانى سووردا) بووبن بە وێنە و ڕوودا و كارەكتەر.

هەموو ئەوانەم بۆيە گوتن تا بڵێم سەرەتا (ڕەنگ و ڕيشە) چۆن زياتر منيان جووڵاند و وايان كرد ئێستايش لە بابەتى “شێعر و شاعير و پەيوەنديان بە زمان” ڕوانگەيەكى تر بخەمە ڕوو. ڕوانگەيەك كە چەندە گريمانە و دەرگا كردنەوەيە بۆ بيركردنەوە لە (زمان، شێعر، گەشەكردن، پەروەردە، خێزان…) ئەوەندەيش پرسياركردنەوەى دووبارەيە لە (بوون، هەبوون، دەروازەيەك بۆ دەربازبوون، دووپاتەبوونەوە…) ئێستا كە من لە (خێزان) دوام و گوتم مۆڵگەيەكە بۆ ئاڕاستەكردن و خوانێكى ئامادەكراوە بۆ ئەوانەى لەدايك دەبن، دەتوانم فراوانتريشى بكەمەوە: كۆى جيهان و زەوى هاوشێوەى خێزان مۆڵگەيەكن بۆ ئاڕاستەكردن و خوانێكى ئامادەن بۆ ئەوانەى لەدايك دەبن و دێنە ناو ئەو جيهانەوە. تا ئێستا مرۆڤ توانيويەتى ڕێگايەكى تر بدۆزێتەوە بۆ ئەوەى دواى لەدايكبوون منداڵەكە بچێتە جيهانێك لەو جيهانە ئامادەكراوەى خۆمان نەچێت؟ نەچێتە ناو جيهانێك كە تا ئێستا خۆى دووبارە دەكاتەوە؟

ئێمە دەبێ زوو بە زوو بزانين ئەو جيهانەى تێيداين شتێكى نوێى ئەوتۆى تێدا نييە، بەو واتايە شتێكى نوێى تێدا نييە كە (گەشەكردن و پەروەردە و ململانێ و بينين و لەدايكبوون و مردن بەهەمان شێوەى خۆيان دووپات دەبنەوە) جيهانى ئامادەكراو جيهانێكە مرۆڤ تێيدا لەسەر ڕێڕەوى خۆى دەڕوات و جار جارەيش دەڵێت “مێژوو خۆى دووبارە دەكاتەوە”، يان “لەژێر ئەو ئاسمانە شينە هيچ شتێكى نوێ نييە” يان ئايينەكان كە خۆيان تەسليمى جيهانى ئامادەكراو كردووە و وەڵاميان بۆ خۆيان دۆزيوەتەوە و ئاسوودەگيان هەڵبژاردووە و بە سڕكراوى دەڵێن “ئەم جيهانە سەفەرێكە و جيهانێكى تر چاوەڕێمانە”، لە ڕاستيدا درووستكردنى جێهانێكى تر بەمشێوەيە كە ئاينزاكان چاوەڕێى دەكەن، گەورەترين خۆسڕكردنە لە ئاست جيهانى ئامادەكراو و هەبوو. بەتەواوى ئەم بيرۆكەى ئايينەكان وادەكات تەسليم بە جيهانى ئامادەكراو و هەبوو ببن و هەموو شتەكانى قبووڵ بكەن. ئەوان بێزاريى و ڕاڕايى و دڵەڕاوكێيەكان دەكوژن و پەرە بە دووپاتبوونەوە دەدەن. ناتوانن ڕێگەيەك بكەنەوە يان بير لە ڕێگايەك بكەنەوە جيهانى دووپاتبووەوە ڕزگار بكەن، ناچار خۆيان لەوەها پرسيارێك ڕزگار دەكەن و دەڵێن: “جيهانێكى تر هەيە”. بيرۆكەى هەبوونى جيهانێكى تر، دڵنياييان دەداتێ و وا دەكات بێزاريى و دوودڵييەكانيان وەلابنێن و خۆيان تەسليم بە چارەنووس و وەڵامى ئامادە بكەن. بەم شێوەيە ئەوان دەبنە داينەمۆى دووپاتكردنەوەى جيهان وەك خۆى. هەروەها دوژمنايەتیى هەموو ئەو ڕەوت و ئاڕاستانەيش دەكەن كە بير لە دەروازەكردنەوە بۆ جيهانێكى تر دەكەن لەناو ئەو جيهانەدا. بە نموونە “خەياڵ” بۆ ئەوانە كوشندەيە، و لێى دەترسن، چونكە خەياڵ لادانێكە و ترازانێكە لە “جيهانى ئامادەبوو” کە هەموو ئەو ڕێ و ڕێچكانەيش وا خەياڵ دەبێتە سەرچاوەيان، ئەوان سڵى لێ دەكەنەوە و هەوڵ دەدەن جڵەوگيريان بكەن.

لەدايكبوون و خوانى ئامادەكراو
گەر پێشووتر پرسيارمان كردبێ: گەلۆ دەتوانين لە جەنگ، لە ململانێ گەورەكان، لە داگيركاريى و خوێنڕشتن ڕزگارمان بێت؟ ئێستا دەتوانين بۆ ساتێك بپرسين: ئايا دەتوانين لەو جيهانە (جيهانى ئامادەكراو) ڕزگارمان بێت؟ من ناوى ئەم جیهانە دەنێم “جيهانى ئامادەكراو” يان “زەويى ئامادەكراو” كە لەناويدا ئاڕاستەيەكمان گرتووە و ناتوانين بچينە ناو جيهانێكى ترەوە. ناتوانين خۆمان لەوە بدزينەوە فێرى زمان نەبين، فێرى ئاماژە و جوڵە و ئاڕاستەكانى ئەو جيهانە ئامادەكراوە نەبين. فێرى ئەو هەموو شتانە نەبين كە مرۆڤ لە سەريان دەڕوات. منداڵى ساوا وەك كەرەستە و ئامێرێك ئامادە دەكرێت تا هەموو ئەو شتانەى لەسەر تۆمار بكرێت و ببێت بەو مرۆڤەى كە هەيە. بۆ ئەوەى بتوانێت بژى و بەرگە بگرێت. پڕۆسەى فێركارى جێكەوتووە و وەك ڕاهاتنێكى لێهاتووە، بەجۆرێك تێكەڵى مرۆڤ بووە هيچكەس نييە نەزانێت چۆن ئەمە دەكرێت. بەڕادەيەك وا دەبينرێت فێركاري بوونيشى نەبێت، بەڵكو ئەوەى هەيە منداڵ بەهۆى كەسانى دەوروبەرى دايك و باوكى و وەرگرتنى دەنگ و ڕەنگەكان خۆبەخۆ فێر دەبێت. ئێستا كەس هەيە ئەو منداڵە ڕزگار بكات و بيباتە جێهانێكى تر؟ شتێك هەيە وابكات ئەم منداڵە “زمان و هەموو فێركارييەكانى تر…”ى بەسەردا نەسەپێنرێن؟ كاتێ دەڵێين سەپاندن، مەبەستمان لەوە نييە منداڵ بە زۆر فێر دەكرێت و ستەمى بەرانبەر دەكرێت، بەڵكو پێ بە پێ ئەم فێركاريى و ڕاهاتن و خوگرتنانە لەسەر فێركاري و تۆماركردن بوونەتە لە جۆرێك قەتسيبوون و سەپاندن. سەپاندن شوێنى خۆى دەكاتەوە لە كاتێكدا هيچ ڕێگايەكى تر نابێت و نييە و ئەو كەسەيشى ئاڕاستە دەكرێت كەسێكى لاواز و كاغەزێكى سپييە، كورتييەكەى تازە لە دايكبووە و هاتووى نوێيە.

گرافیکی گونتەر گراس ؛ ساڵی سەگ
گرافیکی گونتەر گراس ؛ ساڵی سەگ

لێرە و لەمباسەدا ناتوانين خۆمان ببووێرين و ڕەها بكەين لە بابەتى بوونى مرۆڤ و چۆنييەتى سەرهەڵدان و گەشەكردنى مرۆڤ، چونكە پەيوەندييەكى تەواو هەيە لەنێوان بابەتى زمان و بوون، گەشەكردن و فێربوون، مێژووى گەشەكردن و بيناكردنى خێزان و  شارستانييەتەكان. زۆربەمان لەبارەى چيڕۆكى “تەڕەزان”ەوە دەزانين. چيڕۆكى تەڕەزان بۆ من يەكجار سەرنجڕاكێشە.

نووسەرى ئەمريكايى ئێدگار ڕايس، ساڵى 1912 ڕۆمانى “تەڕەزانى مەيموونان” بڵاو دەكاتەوە و دەيكا بە زنجيرەى ڕۆمان و لە سينەمايشدا چيڕۆكى تەرەزان دەنگدانەوەيەكى زۆر باشى دەبێت. دەكرێ چيڕۆكى تەرەزان بۆ ئەو باسە بە نموونە بگرين، كە چۆن كەسێكى ترازاو و جيابووەوە لە شارستانييەت و فێركارييە جێكەوتووەكانى مرۆڤ وەك كەسێكى نامۆ و سەيروسەمەرە دەردەكەوێت. واتە بۆ ئەوەى تەڕەزان ببێتەوە بە مرۆڤ دەبێ ڕازى بێت بەو ياسا و دەستوورانەى كە بۆ مرۆڤێك ئامادەكراون. تەرەزان ئاڕاستەيەكى تر دەگرێ و وەك ئاژەڵێك دەردەكەوێت، ئەو ئاماژە و هێماكانى ئاژەڵان لەبرى زمان و هێماكانى مرۆڤ بەكاردێنێت. بەڵام بۆ جيهانى مرۆڤان ئەمە ئەوپەڕى نامۆيە و لادانێكى گەورەيە. ئێستا دەتوانين لە دوو خاڵدا خوانى ئامادەكراو/ “زەوى ئامادەكراو” چڕبكەينەوە:

١. مرۆڤ لەدايك دەبێت، دەكەوێتە ناو جيهانێك كە هەموو شتەكانى بۆ ئامادەكراون و لەسەر ئەو شتانە ڕاهێنانى پێ دەكرێت و فێردەكرێت. ناشتوانێ بەرهەڵستى بكات و وەڵام بداتەوە كە ئەو ئەمانەى ناوێت و دەيەوێ ئاڕاستەيەكى تر بگرێتە بەر. وەك چۆن سيمۆن دى بۆڤوار دەڵێت “ژن دروست دەكرێت”، بە هەمان شێوە مرۆڤيش دروست دەكرێت. بەڵام مرۆڤ لە مەودا و زەمينێكى فراوانتردا و جيا لەوەى كە لەگەڵ ڕەگەزێكى ديكەدا تووشى هەڵاوێران و ڕووبەڕووبوونەوە بێت. كولتوور و دابونەريت و دەستوورەكان ژن دەكەن بەوەى كە دەیانەوێت یان چاوەڕوانی دەکەن. ئەمە دەكرێ گرێ بدرێتەوە بە قۆناغەكانى مێژوو و چۆنييەتى گۆڕانى دەستوور و ڕێساكان، پەيوەندیى نێوان ژن و پياو، چۆنييەتى جێكەوتنى كۆت و بەندەكان بۆ هێنانەدنياى ژنێك، كە درووستكراوە. مرۆڤ دروست دەكرێت، بەڵام بێ ئەوەى بتوانين وێناى جۆرێكى ترى مرۆڤ بكەين. ئەگەر بيكەين ئەو مرۆڤە چۆنە؟ ئەگەر بيكەين مرۆڤ دەبێ چ ڕێگايەكى تر بگرێتەبەر بۆ ئەوەى ئەو مرۆڤەى ئێستا نەبێت؟ ئايا دەتوانێت لەم ڕێسا و دەستوورانە ڕزگارى بێت كە بەستراون بە بوونيەوە و لەگەڵ لەدايكبوونيیەوە تێى دەئاڵێن؟

٢. ئايين لەبەرانبەر ئەو خوانە ئامادەكراوە، بێدەنگ دەبێت و ئاسانترين ڕێگا هەڵدەبژێرێت، كە بە كوشتنى خەياڵ و مانەوە لەسەر ئەو خوانە كۆتايى دێت. زانست لە زۆربەى حاڵەتدا نايەوێ لەو جيهانە دەرچێت، بەڵكو كەشفى ئەو جيهانە دەكات. هەرچەندە زۆرجاريش كەشفكردنەكانى ياريدەدەرن و ئاماژەن بۆ ڕێگاكردنەوەيەك. (لێرەدا باس لە چۆنييەتى ئەو كەشف و بەرەوپێشچوونانە ناكەين كە لە ڕێگەى زانستەوە هاتوونە دى و، كاريگەرييە باش و خراپەكانيشى ناخەينە ڕوو). زەوى ئامادە، خۆى دووپات دەكاتەوە و ململانێكانى ناوەخۆيشى بەردەوام دووپات دەكاتەوە، بەجۆرێكى وا كە زۆرجار سەرەڕۆيى دەگاتە كوشتارى گەورە و مرۆڤەكان چێژيش لە وێرانكاريى و لەناوبردن و هەراسانكردنى يەكتر دەبيننەوە. بەڕادەيەك كە بگوترێت ئەوە سرووشتى مرۆڤە كە تێكەڵەيەكە لە فريشتە و شەيتان، تێكەڵەيەكە لە ژيان و مەرگ، لە ڕق و ئەوين، بۆيە ڕاگرتنى هاوسەنگى زەوى لە ململانێكاندايە. كەواتە بەم پێيە مرۆڤ كاتێ دێتەبوون مەحكوومە بەوەى ژيان دووپات بكاتەوە و ئەو ڕێچكەيە بگرێت كە بۆى ديارى كراوە. “خوانى ئامادە” خوانێكە كە خواردنەكانت بۆ ديارى كراون و ئامادەكراون، بۆت نييە داواى خواردنێكى ترى جياواز بكەى، يان بڵێى من ئەو خوانە ڕەت دەكەمەوە. ئەگەر ڕەتى بكەيتەوە چى دەكەى؟ يان خوانێكى تر كامەيە؟

شێعر وەك خواردنێكى جياواز ـ جيهانێكى ديكە
تاكو ئێستا ئەوەى من هەستم پێكردبێت و لەبارەيەوە زانيبێتم، تاكە ڕێڕەو و دەروازە كە بكرێتەوە بەسەر جيهانێكى تر لە بەرانبەر جيهانى ئامادە و هەبوودا (جيهانى دووپاتبووەوە) دەروازە و ڕێڕەوى هونەر و ئەدەبە. چونكە:

١. هونەر و ئەدەب بە ياريدەى خەياڵ و خەياڵ جوڵاندن لەو جيهانە ئامادەيە دادەبڕێن، يان لێى لادەدەن و لادانى تێدا دروست دەكەن. مرۆڤ لە شوێن و ژينگەى خۆى دادەبڕن و وادەكەن بير لە شوێن و ژينگەى خۆيشى بكاتەوە. واتە ڕێگۆڕينى ئەوان چەندە لە پێناو دۆزينەوەى جيهانێكى ديكەيە، ئەوەندەيش لە پێناو دەسكاريكردنى جيهانى ئامادەيە.

٢. كەرەسە و ناوەڕۆكەكانى هونەر و ئەدەب كاركردنەوەى تەواو ڕوون و ئاشكران لەسەر هەموو ئەو دەستوور و ڕێسا سەپێنراوانەى كە مرۆڤ دواى لەدايكبوونى بەسەريدا دەسەپێنرێن، وەك: زمان، بيركردنەوە، خەياڵ، بينين، جووڵە، هەڵبژاردن، دياريكردن و ئيرادە… هتد. بەو واتايەى ئەوەى هونەر و ئەدەب دەيكەن چوونەوەيە بۆ ئەو ساتەيش كە مرۆڤ (منداڵ) هێشتا زمانى نەپژاوە، ئاڕاستە نەكراوە، كۆنتڕۆڵ نەكراوە…هونەر و ئەدەب لەوێوە بۆ هێنانە كايەى زمان و خەياڵ و فراوانتركردنەوەى مەوداكان دەكەونە كار. هەر بۆيە من دەڵێم تاكە جيهانێك كە لەبەرانبەر جيهانى ئامادە بكەوێتە كار و هەبێت، جيهانى هونەر و ئەدەبە. چونكە زوو بە زوو كار لەسەر دەستوور و ڕێساكانى دەكات و لەناوياندا ناتوێتەوە.

لێرەدا من شێعر بە نموونە وەردەگرم، چونكە دەمەوێ لەناو هەموو ئەو نەريتە سەپێنراوانەى جيهانى ئامادەكراودا، “زمان” بۆ ئەم باسەم بكەمە تەوەر. ئاشكرايە و ئاماژەيشمان پێدا كە ئەو جيهانەى تێيداين و ڕۆژانە مرۆڤى تازەى بۆ دێت، زمان و ڕێگاڕۆيشتن و ئاڕاستەكانمان بەسەردا دەسەپێنێت و فێرمان دەكات چۆن مرۆڤانى تر كردوويانە، ئێمەش هەمان شت پەرە پێ بدەين. زمان يەكێكە لەو سەپێنراوانە، كە مرۆڤ ناتوانێت لە فێرنەبوونى خۆى ببووێرت و خۆى لێ لابدات. منداڵان فێرى زمان دەكرێن و لەسەر وشەكان ڕادەهێنرێن، پێويستە هەر منداڵێك بزانێت ڕەنگى سوور –هەر ئەو ڕەنگەيە كە ئەوانيترى پێش خۆى پێيان گوتووە سوور. دەبێ فێرى ياساكانى زمان و چۆنييەتى دروستكردنى ڕستە بێت. نابێت وشەيەك بە خراپى گۆ بكات و شتەكان پاش و پێشبخات. ئەگەر وابكات تووشى كێشە دەبێت و سەرگەردان دەبێت. پێويستە لە دواتردا بەهەمان شێوەيش فێر ببێت هەموو ئەوانەى فێريان بووە وەك خۆى كە هەيە بنووسێت. ئێستا منداڵێكمان لەبەرچاوە كە لەدايكبووە و هاتۆتە سەر زەوى، چ ڕێگايەكى ديكە لەبەردەم ئەو منداڵەدا هەيە تا ڕووبەڕوو ببێتەوە لەگەڵ زمانێك كە سەپێنراوە و جێى خۆى گرتووە؟ منداڵەكە ناتوانێت فێربوونى زمان ڕەت بكاتەوە. خۆ ئەگەر لاڵيش بێت بە زمانى ئاماژە و لەڕووى هەمان ئەو زمانەى كە ئەوانيتر فێر دەكرێن ڕادەهێنرێت، ئەو ئاماژەكان بە جۆرێك دەكات و بەكاريان دەهێنێ كە لە ڕێيانەوە “زمان”ى ئێمە بەئاگا دەهێنێتەوە و لەو ڕێيەوە لێى تێدەگەين. شێعر جۆرێكى ترى زمانە، يان كاركردنە لەناو زماندا و لادانە لەو دەستوور و ڕێسايانەى كە هەر لە منداڵييەوە مرۆڤيان پێ ڕادەهێنرێت. لە شێعردا سوور هەميشە سوور نييە، هەميشەيش شتەكان لە شوێنى خۆياندا نين و ڕێزمانيش تێكدەشكێ و بەلادادێ. شێعر خواردنێكى ترە و جياوازە، خواردنێكە لە خواردنى خوانى ئامادە ناچێت. ئەوەى كە لە شێعردا ئاگر قسە دەكات و ڕووناكى بير دەكاتەوە، لە هيچ شوێنێكى تردا بوونى نييە و زمان هەرگيز لە هيچ كوێيەكى تر ئەمە بەخۆيەوە نابينێت. كەواتە شێعر بۆ يەكەمجار دەروازەيەكى جياواز و جيهانێكى تر دەبينێتەوە لە بەرانبەر زمانى سەپێنراو و ئامادەكراو بۆ مرۆڤ.

لەنێوان شاعير و منداڵدا ـ لەناوبردنى زمان يان كونكردنى زمان
زۆر كەس دەڵێن شاعير لە منداڵ دەچێت: هەندێك كەس چونکە پێيان وايە جيهانى شاعير پاك و بێگەردە وەك جيهانى منداڵی، هەندێكيش چونكە شاعير وەك منداڵ بە كەسێكى خەياڵيى خەياڵفراوان دەبينن، بە كەسێكيش كە بەپێی یاسا و دەستوورەکانی دەوروبەرر ناڕوات ـ وەك چۆن منداڵ بە پێى ياسا و دەستوورەكانى گەوران ناڕوات. منيش ئەو لەيەكچوونەى نێوان منداڵ و شاعير هەست پێدەكەم و دەبينم. بەڵام لەيەكچوونەكە زياتر دەبينم كاتێك شاعير هەوڵدەدات بگەڕێتەوە دۆخى منداڵيى و بچێتەوە ئەوكاتەى كە هێشتا فێرى زمان و ڕێوڕەسمەكانى تر نەكراوە. لەم ڕوانگەوە شاعير وەك منداڵێك دەبينم كە نايەوێت فێرى زمان ببێت و بچێتە جيهانى ئامادەكراو، بەڵام مرۆڤەكان ناچارى دەكەن بەو زمانە و كۆتى دەكەن. شاعير منداڵەكەى ناو سكى كە يەكجار بەهێزە و دەسبەردارى نەبووە، بە ئاگا دەهێنێتەوە و لەبەرانبەر زماندا ڕادەوەستێت. ئەو منداڵێكە بەهۆى خەياڵەكانى، بەهۆى بێزاريى و دووپاتبوونەوەكان نايەوێت بەردەوام بێت لەناو جيهانى هەبوو و ئامادەكراودا. لێرەدا شاعير وەك دوژمنى زمان دەبينين، ئەو نايەوێ بە زۆر بكرێتە ئەو مرۆڤەى ئەو هەموو ساڵە بوونى هەيە و پەرە بە جيهانى خۆى دەدات. شاعير دژى زمان، ئاڕاستەكردن، كۆنتڕۆڵكردن…هەموو شتەكانى ديكە دەوەستێت و دەبێتە تێكدەرى زمان – تێكدەرى ناو زمانى سەپێنراو. پێ بە پێ ئەو تۆڵە و خۆڕاپچكاندنانەى شاعير لەناو زماندا دەيانكات دەبنە داهێنان و ڕازاندنەوەى زمان.

لە كاتێكدا شاعير دەيەوێ لە زمان ڕزگارى بێت و دەریچەيەك بكاتەوە، هەروەها بگەڕێتەوە بۆ دۆخى بێزماني و كاتى ساوايى (ئەو كاتەى كە بێ زمان بوو). ئەمە بەرهەڵستييەكە شاعير لەبەرانبەر دەستوور و ڕێسا سەپێنراوەكانى جيهانى هەبوودا دەيكات. بەڵام شاعير كە ناتوانێت زمان لەناو ببات و بە ڕەهايى جيهانى ئامادەكراو ڕەتبكاتەوە، زمان تێكدەدات. وردە وردە بەرەنگاربوونەوەى شاعير لەگەڵ زمان، دەبێتە خۆشەويستى شاعير بۆ زمان. لە كاتێكدا شاعير بەو جۆرە زمانى خۆشدەوێت كە كودەتاى بەسەردا بكات و تێكى بدات. ئەمەيش وەك بەديلێك بۆ نەهێشتنى زمان و گەڕانەوەيش بۆ منداڵيى و سەرەتاى هاتنەبوون خۆبينينەوە لەناو زماندا. پێدەچێت شاعير ئەو ئەومنداڵە بێت كە زمانى خۆشناوێت (چونكە بەسەريدا سەپێنراوە) بەڵام ئەو شوێنەى لەناو زماندا خۆش بوێت كە دەكرێ لێيەوە گورز لە زمان بوەشێنێ و كودەتاى بەسەردا بكات، دووريش نييە شێعر هەر لەو شوێنە نيشتەجێ بێت.

كەواتە شێعر ئەو زمانە داهێنراوەيە كە مرۆڤ پەلكێشى جيهانێكى ديكە دەكات، لەبەرانبەر زمانى سەپێنراو و جيهانى ئامادەكراودا. شێعر دەبێتە كەناڵێك كە مرۆڤ لە جيهانى دووپاتبووەوە ڕزگار دەكات. زمان لە شێعردا ئاڕاستەيەكى تەواو جياواز وەردەگرێت و ئەو زمانە نييە كە مرۆڤ لەگەڵ هاتنەدنياى بەسەريدا ساغ دەكرێتەوە. هەر بۆيەش شێعر وەك زمانێكى لادەر لە جيهانى هەبوو، لەلايەن ئايينەكان كە پەرەپێدەرى جيهانى هەبوو و ئامادەن هێرشى گەورەى دەكرێتە سەر و بە زمانى درۆ و حەرام و كفر و لادەر سەير دەكرێت. تەنها ئەوكاتە ستايش دەكرێ كە جڵەوگير بكرێ و لەخزمەت جيهانى ئامادەكراو و هێڵە دينييەكاندا بێت (واتە جيهانى ئەوديو و جيهانى دووپاتبووەوە). لەمڕۆدا لەلايەن بەشێك لە زانستخوازانيش، بەزۆريش ئەوانەى شۆك دەبن و تووشى لێوەلەرزە دێن لەبەرانبەر دەسكەوتەكانى زانست، شێعر هێرشى دەكرێتە سەر و بە شتێكى بەسەرچوو و كۆن لە قەڵەم دەدرێت. چونكە پێيانوايە ئەوەى شێعر دەيەوێ بیڵێت، كۆتايى هاتووە و زانست وەڵامى هەموو شتێكى داوەتەوە و دەداتەوە. ئەوان هەڵوەدا و شەيداى وەڵامەكانن و پێى شاگەشكە دەبن، وەك چۆن ئايينخوازانيش هەڵوەداى وەڵامەكانن و گرەوى لەسەر دەكەن. شێعر زانست ڕەت ناكاتەوە و دژايەتىی ناكات، بەڵام بەشێوەيەكى جياواز لە زانست كار لەگەڵ زەوى و بوون و ژياندا دەكات. شێعر هەميشە بەدواى ئەوەوە نييە حەقيەقت كەشف بكات و  مەوداى نێوان ئەستێرەكان ديارى بكات. شێعر بە جۆرێكى زۆر جياواز كار لەگەڵ حەقيقەت و واقيعدا دەكات و ئەو ئەستێرانەيش كە لەناو زانستدا كەشف دەكرێن و مەوداپێو دەكرێن، لە شێعردا شتانێكى جياوازن و زۆربەى جار هەر ئەستێرەيش نين. چونكە زمانى شێعر زمانى زانست نييە، زمانى ئايينەكان نييە. ئەمە بە گشتى بۆ تەواوى ئەدەب و هونەريش ڕاستە.

شێعر تەسليمى جيهان و واقيعى هەبوو نابێت و زمانێكە لە بەرانبەر سەپاندنى زمان و تۆماركردن و باركردنى مرۆڤ پەيدا دەبێت. لە دواييشدا بەهۆى تێكدان و سەراوژێركردنەوەى زمان، دەبێتە داينەمۆ و تەكاندەرى زمان. ئەگەر شێعر لە بەرانبەر زمانى سەپێنراودا هەڵسێتەوە و ململانێ بكات، ئەوا ڕاستەوخۆ لەبەرانبەر هەبوون و بوونى مرۆڤيش بەو شێوەى كە هەيە بەرگرى دەكات. هەر بۆيەشە شێعر گرێدراو و وابەستەى بوونە و لێى جيا نابێتەوە.

شاعير كەوتۆتە خوارەوە ـ منداڵەكە ياری بە زمان دەكات
سيستەم بۆ منداڵ نامۆيە و هێشتا نەيخستۆتە سەر هێڵەكانى خۆى. تاكە قۆناغێك كە مرۆڤ لە هەموو قۆناغەكانى ديكە زياتر لە سيستەم دابڕاوە و لێى ياخى بووە، قۆناغى منداڵييە. منداڵ بەدواى ڕێكخستن و يەكگرتنەوەى شتەكاندا هەوڵ نادات. زۆربەى كات شتەكان وەك ئەوەى هەن تێكدەدا و گوێ بە ڕێكخستن نادات. ئەوەى منداڵ فێر دەكات بچێتە ناو سيستمەوە و ببێتە كەسێك ڕێز لە ڕێكخستن بگرێت گەورەكانن ـ ئەوانەن كە پێش منداڵەكە هاتوونەتە دنيا. منداڵ زمان نازانێت، كۆنهاتووەکان منداڵ فێرى زمان دەكەن. كاتێكيش منداڵەكە هەڵەيەك لە زماندا دەكات و كەمێك لە سيستەمە زمانييەكە لادەدات، پێى پێدەكەنن و وەك شتێكى سەير دەيبينن. منداڵ بۆى ئاساييە بە ڕەنگى سوور بڵێت شين، بۆشى ئاساييە بە باوكى بڵێ دايە. ئەمە بۆ هيچ كەسێكى ديكە ئاسايی نييە، جگە لە شاعير. شاعيريش چەشنى منداڵ لەگەڵ سيستەم و يەكەى ڕێكخراودا ناكۆكە. ئەو زياتر شتەكان تێكدەدا و يارييان لەگەڵدا دەكات. وەك چۆن منداڵ، بە خستنە ناو سيستمەوە و لە قاڵبدانى، لە منداڵييەتى دەخرێت و قۆناغەكەى دادەڕمێنن. وەك چۆن منداڵ لە سيستەم و ياسا و دەستوورەكانيدا دەتوێتەوە، ئاوايش شاعير لەناو سيستەم و كۆتەكانى تێكدەشكێ و خۆى لەدەست دەدات. بۆ منداڵ شتەكان زۆر ئاسان و ئاسايى ڕوودەدەن، هەروەك ئەوەى لە فيلمی كارتۆندا دەيبينين: ئاژەڵان قسە دەكەن و فيلەكان هەڵدەفڕن و كارەكتەرەكان لە جيهانێكى سەمەرەى خەياڵيدان. ئەوەى لە شێعريشدا دەی‌بينين لاى شاعير هەمان شتە و جياوازييەكى ئەوتۆى نييە. شاعير منداڵێكە بەرگە زۆر و زەوەندەكانى لە خۆى داماڵيون و چۆتەوە سەردەم گڕوگاڵيى و تێكدانى ڕێسا و دەستوورەكانى زمان. هەروەها بينينيشى وەك هى منداڵ لێكردۆتەوە و جيهانى بە جۆرێك وا لێكردووە كە ئەوانيتر پێيان ناكرێ بيبينن و تەنانەت ئارەزوويشى ناكەن، چونكە ئەوان يەخسير بوون لەناو سيستەمدا. كاتێک شاعير ڕووبەڕووى زمان دەبێتەوە و دەيەوێ شەڕى لەگەڵدا بكات، ناتوانێت لەناوى ببات، بەڵكو دەچێتە ناويەوە و دەست دەكا بە تێكدانى. كاتێك دەڵێين تێكدان، مەبەست لە تێكدانێكە كە زمانێكى ترى جياوازى لەناودا دروست دەكات.

كاتێک شاعير خۆى لەناو جيهانێكى تردا دەبينێتەوە كە لە بەرانبەر جيهانێكى داپۆشراو بە ئاڕاستەكردن و سەپاندندا درووستى كردووە، هەست بە غەريبي و تەنيايى دەكات. هەندێك لە شاعيران هەستى ئەوەيان لا دروست دەبێت كە ئەوان بوونەوەرێكى غەريبن و پێويستە فەرامۆش بكرێن. هەندێكيشيان وا هەست دەكەن لە ئەستێرەيەكى ديكەوە كەوتوونەتە خوارەوە و هەموو شتێكى ئەو جيهانەى كە هەيە بۆ ئەوان نامۆيە. ئەگەر سەرنج بدەين تەواو ڕاستيشە، چونكە شاعيران گەڕاونەتەوە ئەو قۆناغەى منداڵيى كە هێشتا زمان و فێركاييەكان دەستيان پێ نەكردووە، بە هێزى ئەو منداڵەيش جيهانێكى تريان بۆ خۆيان هەڵبژاردووە و نەچوونەتە ناو سيستمى ئەقڵ و زمان و دەستوورەكانى ئەوانى دى.

شێعر ڕەت دەكرێتەوە، شاعير فڕێ دەدرێت
هەركەس سەربردەى ژيانى شاعيران بخوێنێتەوە و لێی بكۆڵيتەوە، دەبينێ چەند شاعير لەدار دراون، تيرۆر كراون، فڕێ دراون، دەربەدەر كراون و كەوتوونەتە ژێر هەڕەشەى گەورە. ئەمە ئێستايش لە جيهاندا هەر بوونى هەيە و هێشتا زمانى شێعر زمانێكە لەژێر هەڕەشەى سيستەم، دەستوور، دادگە، مزگەوت، كڵێسا، ئايدۆلۆژيا و دەسەڵاتەكان…دايە. كاتێ ئەمە دەڵێين ڕەنگە بڵێن هەر شاعيران و شێعر نييە لەژێر هەڕەشەدان، زۆر كەسانى ديكە و بوارى تريش هەن بەهەمانشێوە لەژێر هەڕەشە و ڕاوەدوناندان. ئەمە ڕاستە. من نامەوێت شاعير و شێعر بە قوربانيبوونيان بەرز بكەمەوە و بيانخەمە سەر هەموو شتەكانى تر. ئەمە ڕێگەيەك نييە من بيگرمە بەر. بەڵكو دەمەوێت ڕوونى بكەمەوە بۆچى شاعيران بەمشێوەيە و، شێعر بەمجۆرە مامەڵەى لەگەڵ دەكرێت. چونكە:

لە سەرەتادا ئاماژەمان بەوەدا كە هيچ جيهانێك نييە جگە لە جيهانى ئەدەب و هونەر ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووى جيهانى ئامادەكراو و دووپاتەوەبوو ببێتەوە. هونەر و ئەدەب دووبارە زمان و وێنە و خەياڵێكى ديكە دەهێننە كايەوە و ناهێڵن ئەو جيهانە بە وەستاوى بمێنێتەوە و بكەوێتە ژێر سێبەرى سەپاندن  و سيستەمى ڕەقى جێكەوتوو.

من شێعرم هەڵبژارد تا لە زمان و زمانى شێعر بە تايبەت ورد ببمەوە. شێعريش وەك يەكێك لە ژانرەكانى ئەدەب، هەروەك ئاماژەمان پێدا، جيهانێكى تر خەڵق دەكا و زمانێكى تر دادەهێنێت. بەمە جيا دەبێتەوە لە زمانى وەستاو و ئامادەكراو، زمانێك كە تێيدا دەستوور و ڕێسا و حوكمەكان ياري دەكەن و ململانێ دووپاتبووەكانى خۆيان دووبارە دەكەنەوە. زمانى شێعر لەو ڕووبەرە زمانييە دەترازێ كە سيستەمێك دروست دەكات لێدەرچوونى نييە. ئايينەكان تەسليمى ئەو ڕووبەرە زمانييە بوون و ياسا و دەستوورەكانى خۆيان (چاكە و خراپە) – (حەڵاڵ و حەرام) – ( سپيى و ڕەش)…ى خۆيان لەناو ئەو سيستەمەدا جێ دەكەنەوە، كە سەر بە جيهانى ئامادەكراو و هەبووە. پێغەمبەرانيش هەر سەر بەو جيهانەن و خەڵوەت و گۆشەگيريى ئەوان لە پێناو جيهانێكە كە جيادەبێتەوە لە جيهانى شاعيران، ئەوان لانادەن و چەكوش لە سيستەم نادەن، بەڵكو بە هێز و گوڕێكى زۆرەوە دەيانەوێ ببنە سەردار و داينەمۆى سيستمێكى ڕێكخراوى توێنەرەوە.

ئايينەكان شێعر بە پێى جيهانى خۆيان ـ جيهانى ئامادەكراوـ كە جيهانێكى وەستاوە و ياسا و دەستوورەكانى خۆيان لە چاكە و خراپە و دەستوورەكانى تر دەپێون و دادگايى دەكەن. ئەو جيهانەيش كە دروستيان كردووە [پاداشت و سزا] دەیكەن بە مينبەرێك تاوەكو لە ڕێگەيەوە باشتر كار لەسەر جيهانى ئامادەكراو بكەن و سزا و پاداشتەكە فڕێ بدەنە ناو هەموو خانەكانى. لە كاتێكدا ئايينەكان شێعر سزا دەدەن و دادگايى دەكەن، شێعر زمان و جيهانى ئەوانى دەمێكە جێهێشتووە و بە پێوەرى زماني و دەستوورەكانى ئەوان ناتوانرێت بپێورێ. تەواو ئەو وێنە دێنينەوە بەرچاو كە منداڵەكە بە سوورى دەگوت شين و هێشتا لە سيستەمە زمانييەكەدا نەتوابووەوە، گەورەيەكيش بۆ وێنەكە زياد دەكەين كە لە سيستەمە زمانييەكەدا تواوەتەوە و فێركراوە سوور هەر سوورە و منداڵەكە لە سيستمەكە لايداوە. ئينجا بيهێننە بەرچاو ئەو گەورەيە منداڵەكە سزا بدات بەهۆى دەرچوونى لە سيستمەكە. سزاى ئايينەكانيش بۆ شێعر هەر لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە دەبينن شاعير چەشنى منداڵێك لە سيستمى ئەوان دەرچووە و جيهانى وەستاو و ئامادەكراوى ئەوانى جێهێشتووە. لەم بارودۆخەيشدا هەر پێوانەيەك لاسەنگ و هەڵە دەكەوێتەوە. چونكە “سوور”ى شاعير هەرگيز ئەو “سوور”ە نييە كە ئايين بە سوورى تێدەگەن و “فيل”ى شاعير فيلێكە كە ئايين پێى سەيرە چۆتە بن باڵى پەڵەهەورەكان.

 Artist; Saman Dartash Kareem
Artist; Saman Dartash Kareem

سەرەڕاى ئەوەيش جيهانى شێعر بەرينتر و فراوانتر لەو جيهانەيە كە ئايينەكان تێي دان،  بێجگە لە ديوە زمانييەكەى، ديوە خەياڵيى و خەونييەكەيشى ئايينەكان بە تەواوى جێدەهێڵێت و شوێنێك بۆ ڕاوەستان و چەقبەستن ناهێڵێتەوە. شێعر كاتێ جيهانێكى تر لەسەر ئەو جيهانە ئامادەكراوە بەرز دەكاتەوە، ڕاناكات و نابێتە خانەى سۆفييان. بەڵكو دەست دەكات بە درووستكردنەوە و هەڵوەشاندنەوە لە جيهانى ئامادەكراودا. كاتێک شاعير فڕێ دەدرێت و شێعر ڕەت دەكرێتەوە، ئەوا دەردەكەوێت كە مرۆڤەكان تەسليمى جيهانى ئامادەكراو و وەستاو بوون و لەناويدا پەرە بە دووپاتكردنەوە دەدەن. دەڵێن لە جيهانى ئيمڕۆدا شێعر بەسەرچووە و چيتر هچ ڕۆڵێكى نەماوە، هەندێك كەس دەڵێن شێعر مردووە و بەدواى تەرمەكەيشيدا مەگەڕێن. زۆربەيان کە بە كاريگەریی دنياى بەرهەمهاتوو و ئابڵۆقەدراو بە ئامێرەكان، كاريگەربوون بە زانستى مۆدێرن كە پێيانوايە وەڵامى هەموو شتێك دەداتەوە، هەڵگرى ئەم بۆچوونەن. لەسەر من نييە وەك ئەوان ڕۆڵى زانست بە هەند وەرنەگرم و لە دژايەتيدا بڵێم: نەخێر ئەوە زانستە هيچ ڕۆڵێكى نييە و لە گرنگ و بايەخەكەى كەم بكەمەوە. بەڵام دەتوانم ئەوە بڵێم شێعر لەسەر وەڵامدانەوە و دڵنيايى پێدان ناژى. شێعر زيندەوەرێكى پرسيارهێنە و لەناو نيگەرانييەكاندا گەرا دادەنێت. بەو واتايە نا كە شێعر لە ڕەشبينى و تاريكيدا بژى، بەڵكو بەو واتايەى شێعر لە بەرانبەر جيهانى هەبوو و واقيعدا چۆك دانادات و بەردەوام لە سيستەمەكان دەدات. پێدەچێت مرۆڤى ئەمڕۆ بەهۆى ئەم هەموو سێبەرانەى جيهانى ئامادە و وەستاو، چيتر چێژێكى ئەوتۆ لە شێعر وەرنەگرێت و خۆى تەسليمى سيستمەكان كردبێت. ئەوەى گيرۆدەى وەڵامەكانە و لە جيهانى ئامادەكراودا تواوەتەوە شێعرى بەلاوە گرنگ نييە و ناتوانێت باوەڕيش بكات كە شێعر هيچ جێگە و شوێنێكيشى هەيە لەناو جيهاندا.

بەر لە كۆتايى دەتوانم سەرنجەكانم لە چەند خاڵێكدا چڕ بكەمەوە:


١. زەوى، خوانێكى ئامادەكراوە بۆ ئەوانەى كە دێنە ناوى و هەموو شتەكان لە لايەن مرۆڤە كۆنهاتووەكان بەسەر نوێكاندا دەسەپێنرێن و نوێيەكان هيچ هەڵبژاردنێكيان نييە، جگە لەوەى بە جيهانى ئامادەكراو و خوانى ئامادە ڕازى بن. ئەدەب و هونەر (شێعر) تاكە كەناڵ و ڕێگەيەكن كە مرۆڤ لە جيهانى ئامادەكراو ڕزگار دەكەن و دووبارە كار دەكەنەوە لەسەر هەموو ئەو دەستوور و ڕێسايانەى بە زۆريان وەك ياسايەك بەسەر منداڵە هاتووەكاندا دەسەپێنرين.

٢. شاعير دەگەڕێتەوە قۆناغی منداڵیی بەر لە قسەكردن و ڕووبەڕووى زمان دەبێتەوە، نايەوێ زمان و دەستوورەكانى ديكەى بەسەردا بسەپێنن، لەوەدا هەروەك منداڵێك كە سيستمە زمانييەكە بە ئاسانى وەرناگرێت، زمان و ڕێزمان تێكدەشكێنێ و دەريچەيەكى تر دەكاتەوە بۆ ڕزگاربوون لێيان كە جيهانى شێعرە.

٣. شێعر (ئەدەب و هونەر) تاكە جيهانێكن ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووى جيهانى وەستاو و ئامادەكراو دەبنەوە. ڕێگەيەكى تر دەكەنەوە تا لە سيستەمەكان دەرچن.

٤. شێعر تەسليمى جيهان و واقيعى هەبوو نابێت و زمانێكە لە بەرانبەر سەپاندنى زمان و تۆماركردن و باركردنى مرۆڤ پەيدا دەبێت. لە دواييشدا بەهۆى تێكدان و سەراوژێركردنەوەى زمان، دەبێتە داينەمۆ و تەكاندەرى زمان. ئەگەر شێعر لە بەرانبەر زمانى سەپێنراودا هەڵسێتەوە و ململانێ بكات، ئەوا ڕاستەوخۆ لە بەرانبەر هەبوون و بوونى مرۆڤيش بەو شێوەى كە هەيە بەرگرى دەكات. هەر بۆيەشە شێعر گرێدراو و وابەستەى بوونە و لێى جيا نابێتەوە.

٥. شاعير كە ناتوانێت زمان لەناو ببات و بە ڕەهايى جيهانى ئامادەكراو ڕەت بكاتەوە، زمان تێكدەدات. وردە وردە بەرەنگاربوونەوەى شاعير لەگەڵ زمان، دەبێتە خۆشەويستى شاعير بۆ زمان. لە كاتێكدا شاعير بەو جۆرە زمانى خۆشدەوێت كە كودەتاى بەسەردا بكات و تێكى بدات.

٦. پێدەچێت شاعير ئەو ئەومنداڵە بێت كە زمانى خۆشناوێت ـ چونكە بەسەريدا سەپێنراوە، بەڵام ئەو شوێنەى لەناو زماندا خۆش بوێت كە دەكرێ لێيەوە گورز لە زمان بوەشێنێ و كودەتاى بەسەردا بكات، دووريش نييە شێعر هەر لەو شوێنە نيشتەجێ بێت.

٧. زمانى شێعر لەو ڕووبەڕە زمانييە دەترازێ كە سيستەمێك درووست دەكات لێدەرچوونى نييە. ئايينەكان تەسليمى ئەو ڕووبەرە زمانييە بوون و ياسا و دەستوورەكانى خۆيان (چاكە وخراپە) – (حەڵاڵ و حەڕام) –( سپيى و ڕەش)…ى خۆيان لەناو ئەو سيستمەدا جێ دەكەنەوە، كە سەر بە جيهانى ئامادەكراو و هەبووە.

٨. لەمڕۆدا هەوڵ دەدرێت شێعر پەراوێز بخرێت و وەك مردوویەك نيشان بدرێت، يان جيهانى ئێستا شێعر لە خۆى فڕێ دەداتە دەرەوە و وەك بەسەرچوو لێى دەڕوانێت. ئاشكرايە شێعر لەناو جيهانى ئامادە و گەمەكانيدا ناتوێتەوە، ئەمڕۆش ئەم گەمانە دەستيان بەسەر جيهاندا گرتووە و دەورى مرۆڤيان تەنيوە.مرۆڤێك دروستبووە و پەيدابووە كە لەسەر وەڵامەكان دەژى و هەڵوەداى نوێترين وەڵامە، ئەو ئيتر بە دەگمەن نەبێت هەڵوەداى پرسيار و چوونە ناو قوڵايى نيگەرانی و بابەتە ڕيشەيى و بنەڕەتييەكان نييە.گيرۆدەى دەستى ميديا و موعجيزەكانى زانستە، گەر گۆڕانێكيش بەسەر خواى ئايينەكاندا بهێنێت، دەيانكا بە خواى زانست و خواى دەسەڵاتداری. ئەو لە سيستەم و جيهانى خواكان ڕزگارى نەبووە و بووكەڵەيیبوون لە برەو و گەشەسەندن دايە. كەواتە پێويستە لەبارەى شوێنى شێعر لەناو جيهاندا لەسەر چۆنيەتیی ئەو مرۆڤە قسە بكەين كە وەبەرهاتووە و ئێستا لە جيهاندا هەيە.

ئەگەر شێعر شوێنى نەمابێت و بەسەرچووبێت، پێويستە لەوە وردبينەوە كە “جيهانى ئامادەكراو”، چۆن كۆنترۆڵى كردووين و لەناو سيستەم و دەستوورە سەپێنراوەكاندا نقوومی کردووین. قسەيش لەسەر ئەوە نييە كە ژانرە ئەدەبييەكان گورزيان لە شێعر دابێت و خستبێتيانە دواوەوە، چونكە ئەم پەراوێزخستن و بێ‌بايەخكردنە، هەموو ئەدەبيات و تەنانەت هونەريش دەگرێتەوە و جارجاريش فەلسەفەيش.

٩. ئايدۆلۆژياكانيش چەشنى ئايين جيهانێك (بەهەشتێك، خەونێك) دەخەنە بەردەست  و خۆيان تەسليم بە جيهانى ئامادەكراو دەكەن. بۆيە هاوشانى ئايينەكان لەگەڵ زمانى ئەدەب و هونەر –شێعردا دەكەونە ناكۆكى و هەوڵدەدەن كۆتى بكەن، يان بە فەرامۆشیی بسپێرن. جياوازيی ئەدەب و هونەر لەگەڵ ئايدۆلۆژيا و ئايينەكاندا ئەوەيە کە ئەدەب و هونەر جيهانێك لەسەر لادان و هەڵسانەوە و ياخيبوون لە سەپێنراوەكان دروست دەكەن و هيچ خەونێك، بەهەشتێك پێشكەش ناكەن، بەڵكو كاريان هەڵوەشاندنەوە و درووستكردنەوەيە. لەم ڕووەوە دەكرێ بڵێم تاكە جيهانێك كە خۆى تەسليم بە جيهانى ئامادەكراو –خوانى ئامادەكراو نەكردووە، جيهانى ئەدەب و هونەرە.

لە كۆتاييدا لە گرنگترين ئەو پرسيارانە دووپات دەكەمەوە کە لە باسەكەدا هەبوون و بابەتەكەيان جووڵاند، بۆ ئەوەى ئەم باسە تەوەر و ديالۆگ و ڕێگاى ترى لێ ببێتەوە و ئەوانەى بابەتەكەيش دەخوێننەوە لە خوێندنەوەى دووبارەى پرسيارەكان لەگەڵ بابەتەكەى مندا بكەونە ديالۆگ:

١. ئايا دەبێت خێزان هەر هەبێت؟ ڕێگايەكى تر هەيە؟
٢. خوشكەكان لە كوێى ئەم خێزانەدا دەژين؟ (ئەمە ناونيشانى وتارێكى بڵاوكراوەيشمە).
٣. خێزان چۆن هونەر لەخۆدەگرێت؟ سێبەرەكانى خێزان چى لە هونەر دەكەن؟
٤. ئەم خێزانەى من تێيدا لەدايك بووم، ئەو كۆمەڵگەيە ئيسلاميیە، چۆن لە هونەر و هونەرمەند دەڕوانێت؟ چەك و ئاڕاستەكانى ئەو خێزانە چين بەرانبەر هونەرمەند؟
٥. گەلۆ تا ئێستا مرۆڤ توانيويەتى ڕێگايەكى تر بدۆزێتەوە بۆ ئەوەى دواى لەدايكبوون منداڵەكە بچێتە جيهانێك لەو جيهانە ئامادەكراوەى خۆمان نەچێت؟ نەچێتە ناو جيهانێك كە تا ئێستا خۆى دووبارە دەكاتەوە؟
٦. ئايا دەتوانين لەو جيهانە (جيهانى ئامادەكراو) ڕزگارمان بێت؟
٧. كەس هەيە ئەو منداڵە ڕزگار بكات و بيباتە جێهانێكى تر؟ شتێك هەيە وابكات ئەم منداڵە زمان و هەموو فێركارييەكانى تر… ى بەسەردا نەسەپێنرێن؟
٨. ئەگەر بتوانين وێناى جۆرێكى ترى مرۆڤ بكەين، ئەگەر بيكەين ئەو مرۆڤە چۆنە؟ ئەگەر بيكەين مرۆڤ دەبێ چ ڕێگايەكى تر بگرێتەبەر بۆ ئەوەى ئەو مرۆڤەى ئێستا نەبێت؟ ئايا دەتوانێت لەم ڕێسا و دەستوورانە ڕزگارى بێت كە بەستراون بە بوونيەوە و لەگەڵ لەدايكبوونيەوە تێى دەئاڵێن؟
٩. مرۆڤ كاتێ دێتەبوون، مەحكوومە بەوەى ژيان دووپات بكاتەوە و ئەو ڕێچكەيە بگرێت كە بۆى ديارى كراوە. “خوانى ئامادە” خوانێكە كە خواردنەكانت بۆ ديارى و ئامادەكراون، بۆت نييە داواى خواردنێكى ترى جياواز بكەى، يان بڵێى من ئەو خوانە ڕەت دەكەمەوە. گەر ڕەتى بكەيتەوە چى دەكەى؟ يان خوانێكى تر كامەيە؟
١٠. زمانى شێعر چۆن سەرهەڵدەدا و پەيوەندیى چييە بە زمانی ڕێكخراو و هەبوو، زمانێك كە لە منداڵييەوە فێرى دەكرێين و لەسەر سيستەمە زمانييەكەى ڕادەهێنرێين؟
١١. شاعيران بۆچى زمان تێكدەدەن و ياريى لەناو زماندا دەكەن؟ لێكچوونەكانى نێوان شاعير و منداڵ لە تێكدانى زمان و ڕانەهاتنيان بە سيستەمى زمانی چييە؟
١٢. جياوازیی نێوان جيهانى شێعر و جيهانى ئايين چييە؟ زمانى ئەو دوانە چۆن لەيەكتر جيادەكرێتەوە؟
١٣. جيهانى ئيمڕۆ بۆچى شێعر بە گەرمى لەخۆى ناگرێت؟
١٤. شێعر لە جيهانى ئيمڕۆدا دەكەوێتە كوێ؟

تەواو

 28/11/2015

 مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی .
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی .