فلیمی باڵه‌كانی باوكم

شارەكان دژی پرۆژەى ڕیاكارانەى میترۆپۆلەكان


Loading

میترۆپۆلیس

لەیەكەم نیگادا، فیلمەكە [كە باسی هەلومەرجی چینی كرێكاری كورد و تورك دەكات لە ئەستەنبوڵ و هەلومەرجی ژیانیان دەهێنێتە سەر پەردەى سینەما و تێكەڵی عەشق و نائومێدیی دەكات] كتێبەكەى ئەنگڵس “بارودۆخی چینی كرێكار لە بریتانیا 1844″ی بەبیر هێنامەوە. لە شارە گەورە پیشەسازییەكان، لە میترۆپۆلیسەكاندا، لە پشتی هەموو درەوشانەوەى مۆڵ و باڵەخانە بەرز و شوشەییەكاندا، چینی كرێكاری گەورە نووستووە، كە خەون بە ئاوی پاكەوە، بە ژەمە نانێكی گەرمەوە دەبینێت بیخوات و بیخواتەوە. ئەو چینەى سامانی گەورەى كۆمەڵگا بەرهەم دەهێنێت و خاوەنی مۆڵ و مۆڵتی ملیاردێرەكان، دەستی بەسەردا دەگرن.

باسكردن لە دیدگای ماركسیستیی دەربارەى شار، میترۆپۆلیس و هەروەها لەڕوانگەى میترۆپۆلیس (گەورەشار)ـەوە ڕوانین دەربارەى ماركسیزم، ڕووبەڕووی گەلێك وەزیفە و ئەركمان دەكاتەوە. لەڕوانگەى میترۆماركسیست(شارسازێكی ماركسیست)ـەوە، ئەم جوڵە دووئاراستەیە، مەترسیی چوونە ئەمبەر و ئەوبەری نێوان دوو ئاراستەى ناكۆك یان كەوتنە داوی هێڵی ناوەڕاستەوە، هەمیشە بەرۆكمان دەگرێت و بەرمان نادات. لەم وتارەدا نامەوێت باسی میترۆپۆلیس، ڕوانگەى ماركسیزم بۆ شار و گەورەشار، یاخود میترۆماركسیزم بكەم، ئەمە لێكۆڵینەوەیەكی دوور و درێژی دەوێت. بەڵكو دەمەوێت لەڕوانگەى ماركسیستییەوە شیكارێكی میترۆماركسیستیی بۆ فیلمی “باڵەكانی باوكم” بكەم.

بۆیە لێرەدا نامەوێت لەسەر میترۆماركسیزم قسە بكەم، چونكە لێكۆڵەرانی شارنشینیی و میترۆبۆرژوازیی و میترۆلیبرالیزم (شار لەڕوانگەى ئەكادیمیی و ئابووریناسانی بۆرژوازیی و لیبرالیزمەوە) هەمیشە گومانییان خستووەتە سەر ماركسیزم و ڕیال سۆسیالیزم (یاخود سۆڤێت) و گوندنشینیی شۆڕشی چینیان یەكسانكردووە بەدیدگای ماركسیزم بۆشار. پێیانوایە; ماركسیزم هەمیشە شۆڕشە لەناو شۆڕشدا و لێرەوە ئەكتی پارتیزانی و چیانشینی و گوندنشینیی هەڵدەبژێرێت و دەبێتە گەریلا وەك ئەوەى لەشاردا نیشتەجێ ببێت، و ئەم وێنەیەش لە ئەكتی شۆڕشگێڕانەى چێ گیڤاراوە وەردەگرن و پێیانوایە بەكردەییكردنی ئەكتی شۆڕشگێڕیی، ڕوو وەرگێڕانی ڕادیكاڵە لەنێو دڵی ژیانی شار، و ماركسیزم دەبێتە زانستی هێرشبردنە سەر شار و لەنێو دەشت و سەحرا و چیاكاندا خۆی مەڵاس دەدات.

Leon Trotsky (1879 – 1940), 1930s. (Photo by Hulton Archive/Getty Images)

لەكاتێكدا ڕێك بەپێچەوانەوە، ترۆتسكی لە كتێبی “شۆڕش ئەدەبیات”دا یەكەم ئەكتی ئەم شۆڕشە و هاتنەئارایە دەبەستێتەوە بە پێشكەوتنی پرۆلیتاریای شارییەوە و میترۆپرۆلیتاریا وەك دەرەنجام و ڕابەری شۆڕشی جیهانیی دەبینێت و تەنانەت لە كتێبی “مێژووی شۆڕشی ڕووسیا”شدا، پێیوایە (كرێكاری شارنشین ) دەتوانێت ڕابەرایەتیی شۆڕش بكات و لە وتاری ناوبراودا دەنووسێت:

” هەموو چینی باڵادەست كولتووری خۆى دروستدەكات، و سەرەنجام، هونەری خۆی دروستدەكات. مێژوو باسی كولتووری خاوەن كۆیلەكانی شەڕق و سەردەمی كۆنی كلاسیك، كولتووری فیوداڵیی سەدەكانی ناوەڕاستی ئەوروپا و بۆرژوازیی دەكات كە ئێستا حاكمە بەسەر جیهانەوە. هەر لەبەر ئەمە، دەبێت پرۆلیتاریاش كولتوور و هونەری تایبەت بەخۆی بخوڵقێنێت”.

بەڵام ئایا بۆ ماركسیستەكان ڕەخنە لە مۆدێلی شارنشینی، میترۆپۆلیس (گەورەشارەكان) و میترۆبۆرژوازیی دەگرن؟ ئایا ئەم ڕەخنەگرتنە یەكسانە بەڕەتكردنەوەى شارنشینی؟ ماركسیستەكان بەتەنها لایەنگری ماركسیزم نەبوون، شۆڕشگێڕانێك بوون بەڵكو بەڕاشكاویش لایەنگری شارنشینی بوون نەك دژی بن. ئەوان، بەڵام لە بەرانبەردا، دەستیانكرد بە هێرشكردنە سەر هەڵكشانی كۆمەڵگای چینایەتیی میترۆبۆرژوازیی و شارنشینیی ناعادیلانەى نێو سیستەمی سەرمایەداریی و لە هەمانكاتیشدا بەرگری و پشتیوانیان لە تایبەتمەندیی و پۆتێنسیەلە شۆڕشگێڕییە شاراوەكانی ناو شارەكان كرد. ئەوان بەباشی لەدیالەكتیكی میترۆپۆلیسەكان تێگەیشتن، زانیان چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەرك و وەزیفەكانی بكەن و چۆنچۆنیش وزەشۆڕشگێڕییەكانی ناو شار و میترۆپۆلیسەكان، واتا پرۆلیتاریا، وەك وزەى شۆڕش ببینن. ئەستەنبوڵ ڕاستەوخۆ میترۆپۆلیسێكە )میترۆماركسیستەكان) دەبێت بەووردیی مامەڵەى لەگەڵدا بكەن، چونكە خاوەن گەورەترین چینی كرێكاری مۆدێرنە و ناعادیلانەترین میترۆپۆلیسە، هاوشێوەى مۆسكۆ و تاران و بەیجین و نیویۆرك و لەندەن و بەرلین و نیودەلهی و كەراچی و هتد، میترۆپۆلیسێكن بە مۆڵ و ڕازاوە و شاریی یارییە گەورەكان، بەڵام لەپشتی هەموو ئەم ڕازانەوە و جامخانانەى ئەم شارانەوە، بڕبڕەى پشتی كرێكارێكی هەژار وەستاوە، كە لەخوار هێڵی هەژارییەوە دەژیت. فیلمی “باڵەكانی باوكم” ئەم مۆدێلەى میترۆپۆلیسمان پیشان دەدات.

شار و سینەما

لێرە نە خواردنی بەیانی هەیە، نە خواردنی نیوەڕۆ و هیچ خۆشییەكیش لەم جیهانەدا نییە. لە پیاسەكردنە بێ پایانەكان، لە شەقامە هەژارنشینەكاندا، دەبێت هەم لاواز و هەم بەهێز بیت، كە هەردووكیان دووانەى سەگێكن. (پییر پاولۆ پازۆلینی، 1984)[2]

پییر پاولۆ پازۆلینی (1922-1975) سینەماكار و نووسەری بەناوبانگی چەپی ئیتاڵیی، سینەما وەك ماڵێك دەبینێت بۆ پیشاندانەوە و هێنانەوەى نەریتی شۆڕشگێڕانەى پرۆلیتاریا، سینەما چیتر شوێنی بەتەنها نمایشكردنی وێنەى جوان نییە بەڵكو سینەما دەبێتە چەكی شۆڕش. لەلایەكی دیكەوە مایاكۆڤسكی (1893-1930) لە بەیاننامەیەكیدا ساڵی 1923[3]، دەربارەى دژایەتیكردنی سینەمای هۆڵیوود، وێڕای هێرشكردنە سەر سینەما لە فۆرمە بۆرژوازییەكەیدا و بەمجۆرە ناوی دەبات:

ئەم سینەمایە تلیاكی گەلانە، ئەم سینەمایە و كڵێسا چەكگەلێكی مەرگەساتن لەنێو چنگی سەرمایەداریدا… بمرێ سیناریۆ ئەفسانەییەكانی بۆرژوازیی… بژی ژیان بەوجۆرەى هەیە”

بەڵام چەند دێڕێك دواتر دەڵێت؛ سینەما لای ئێوە دیمەنێكی نمایشییە، كەچی لای من بەڕادەیەكی زۆر ئایدیا و وێنەیەكە دەربارەى جیهان.

لیۆن ترۆتسكی لە وتارێكیدا بەناوی “ڤۆدكا، كڵێسا و سینەما”، 1923، پێیوایە ؛ سەرهەڵدانی هەشت سەعات كاركردن لەڕۆژدا، واقیعی ژیانی كرێكار دەگۆڕێت و لە ئەفسانە ڕیشەداكوتاوەكان دووریان دەخاتەوە، بەو مەرجەى بگەن بەو سەرگەرمییە پەروەردەییەى لە سینەمادا هەیە. بۆیە:

“پرسی سەرگەرمی و خۆشی لەم پەیوەندییەدا، بە وردبوونەوە لە كولتوور و پەروەردە، گرنگییەكی زیاتری هەیە. كارەكتەری منداڵ بەڕوونی لە گەمەكانیدا ئاشكرا و دروست دەبێت. كارەكتەری فەردێكی باڵق بەئاشكرا نواندنەوەیەكی گەمە و سەرگەرمییەكانییەتی. بەڵام لە دروستبوونی كارەكتەری كۆی چینێكدا كاتێك ئەم چینە وەك پرۆلیتاریای لاو و پێشڕەو وایە، سەرگەرمییەكان و گەمەكان دەبێت پێگەیەكی دیارتر و بەرجەستەتر وەربگرن…ڕیفۆرمیستی یۆتۆپیی گەورەى فەڕەنسی، فۆریە، زوهدانییەت (asceticism)ـە مەسیحییەكان و سەركوتكردنی غەریزە سروشتییەكانی ڕەتكردەوە و “فالانستەری”(phalansterie)یەكەى (واتا كۆمۆنەكانی داهاتوو)ی بەپێی سوودمەندیی ئەقڵانی و دروستێتیی غەریزەكان و حەزە ئینسانییەكان بونیاد نا. ئایدیایەكی قووڵە. دەوڵەتی چینی كرێكار، نە نەزمێكی ڕۆحانییە و نە ڕاهیبی یان خانەقایی(monastery). ئێمە خەڵك هەر وەك ئەوە دەبینین كە بە دەستی سروشت دروستكراون و بەو جۆرە سەیریان دەكەین كە لەلایەن سیستەمی پێشووەوە بەڕادەیەك پەروەردە كراون و بە ئەندازەیەكیش بەلاڕێدا براون. ئێمە بۆ پلانی حزب و هەرەمی دەوڵەتە شۆڕشگێڕییەكەمان لەم ماتریالە گرنگە ئینسانییەدا بەدواى گۆشەنیگایەكی پشتیوانییەوەین. حەزێكی لەڕادەبەدەر بۆ سەرگەرمی، خڵافاندن، حەزی تەماشاكردن، پیاسە و پێكەنین، ڕەواترین و شەرعیترین ئارەزووی سروشتی ئینسانە. دەتوانین و بەڕاستیش دەمانەوێت ئامرازەكانی دابینكردنی ئەم ئارەزووە بە چۆنایەتی و كوالیتییەكی هونەرمەندانەتر دابین بكەین و لە هەمانكاتدا، سەرگەرمی و خۆشگوزەرانی بكەین بە چەكێك بۆ پەروەردەى هاوبەش و گشتی، بەدەر لە كۆت و بەندەكانی مامۆستایەتی و هابیت و خووی تاقەتپڕوكێنی ئەخلاقگەرایی و مۆڕاڵیزم.

لە ئێستادا گرنگترین چەك بۆ ئەم پەیوەندییە، بەرزترین چەكێك لەهەر چەكێكی دیكە، سینەمایە. ئەم داهێنانە تەماشاییە سەرسوڕهێنەرە، بە خێراییەكی وەها سەركەوتووانەوە هاتووەتە نێو ژیانی ئینسانەوە كە لە ڕابوردوودا ئەزموون نەكراوە. لە ژیانی ڕۆژانەى شارە سەرمایەدارییەكاندا، سینەما وەك حەمام، بیرەفرۆشی، كڵێسا و دامەزراوەكانی دیكە تەنها بووە بە بەشێكی ژیانی پێرفێكت ستایشكراو. حەز و ئارەزوو بۆ سینەما ڕیشەى لەنێو ئارەزوو بۆ خۆخڵافاندن و خۆخەریككردندا هەیە، ئارەزوو بۆ بینینی شتێكی نوێ و نائاسایی، تاكو بگرین، پێبكەنن، نەك بۆ خۆتان، بەڵكو بۆ چارەڕەش و بەدبەختەكانی دیكەى دونیا. سینەما ئەم خواستە بە میتۆدێكی ڕاستەوخۆ، بینین، جوان، و زیندوو دابین دەكات كە پێویستی بە هیچ شتێكی بینەر نییە، تەنانەت پێویستی بەوە نییە بینەرەكەى خوێندەواریش بێت. بەم هۆیەوەیە بینەران عەشقێكی وەها زۆر و پڕیان بۆ سینەما هەیە كە سەرچاوەى ناكۆتایی هەستەكان و عاتیفەكانە. بە خاڵێك دەگەین (مەبەست لە هەمان خاڵ و گۆشەنیگای پشتیوانیی بۆ پلانی حزبی شۆڕشگێڕییە كە لە ڕستەكانی سەوەدا هاتووە) و نەك تەنها خاڵێك، بەڵكو مەیدانێكی گەورە بۆ بەكارهێنانی وزە پەروەردەییە سۆسیالیستییەكانی ئێمە”.

 

ڤالته‌ر بنیامین – ١٨٩٢ شارلۆتن به‌رگ -به‌رلین – ١٩٤٠ پۆرت باو – كاتالانیا
15. Juli 1892 in Charlottenburg; † 26. September 1940 in Portbou)

دوای لیۆن ترۆتسكی، ڤاڵتەر بنیامین (1892-1940) فەیلەسوفی ڕادیكاڵی چەوساوەكان، ماركسیستێكی دیكەیە بەقوڵی شیكاریی بۆ وزەى شۆڕشگێڕیی سینەما دەكات و دەیبەستێتەوە بەشارەوە. و هەروەها پێیوایە سینەما وەك ئامرازەكانی بەرهەمهێنانەوەى میكانیكیی، دەتوانێت كۆمەكی گەورە بە پرۆلیتاریا بكات لەڕێگایدا بەرەو شۆڕش. بەكورتیی ئایا دەكرێت سینەما وەك چەكێكی ئیمپریالیستیی لەدەستی هۆڵیوود دەربهێنین، یاخود هیچ نەبێ وەك ترۆتسكی دەڵێت ئێمەش بەكاری بهێنین و بیكەینە مەیدانی پیشاندانی “بێبەشكراوان، كرێكاران و هەژاران؟”. كرێكاران لە شارەكاندا كاردەكەن، بەڵام چۆن لە وشیارییە چینایەتییەكەیان ئاگاداریان بكەینەوە؟ ئەم وتارە دەربارەى سینەما و شار نییە، بۆ ئەوەى مافی فیلمەكە نەخۆم دێمە سەر ناوەرۆكی فیلمەكە.

 

هەلومەرجی چینی كرێكاری ئەستەنبوڵ

 

ئەستەنبوڵ یەكێكە لە گەورەترین میترۆپۆلیسەكانی جیهان، بە خاوەن گەورەترین چینی كرێكارەوە، ئەو چینەى هەموو شتێك دەكات و هەموو شتێك بەرهەمدەهێنێت و هیچیشی نییە و خۆشی لە نیگای سەرمایەداریدا هیچە، بەڵكو تەنها بەرهەمهێنەری قازانج و زیادەبەها و خستنەسەری سەرمایەیە، بۆ كەمینەیەكی باڵادەستی كۆمەڵگا: مۆڵتی ملیاردێرەكان كە دەوڵەتیشیان كردووە بە دەزگایەكی پاراستنی سامان و سەرمایەیان. لە ئەمڕۆدا و بەتەواوی، ئەوە تەنها پرۆلیتاریایە دەتوانێت ئەم سیستەمە بڕوخێنێت، و تەنهاش ئەو تا ئێستا توانیویەتی ئەم سیستەمە ڕابگرێت، تەنها پرۆلیتاریایە سامانی كۆمەڵگا بەرهەمدەهێنێت و بەو بڕە كرێیەى وەریدەگرێت، دەستاودەستی پارە لە كۆمەڵگادا دروست دەكات و گەڕانەوەى پارە بۆ دەستی بۆرژوازیی، وایلێدەكات، بیكاتە بەرزترین بوونەوەر. ماركس ڕۆژێك گوتبووی: “خوا لە ئاسمانەوە دابەزیوە و لەپارەدا بەرجەستە بووەتەوە”.

فیلمی “باڵەكانی باوكم” نیگامان بەرەو ئەم چینی كرێكارە ڕادەكێشێت لە ئەستەنبوڵ، گەورە میترۆپۆلیسی جیهان، ئەو چینە كە وەك ئەنگڵس دەڵێت؛ تەنها بەسەیركردنی نائومێدییەكەیان، تێدەگەین كە لەچ بارودۆخێكی خراپدا دەژین.

با بپرسین لەنێو نیگای فیلمەكەوە: ئەوە كێیە تاوەرە بەرزەكان و هەوربڕەكان بونیاد دەنێت كە دەبنە هۆى درەوشانەوەى میترۆپۆلیسەكان؟ بەڵێ: ئەوە كرێكارانن تەندروستی خۆیان دەكەنە قوربانیی، بۆ گەشەپێدانی ئابووریی. ئیبراهیم (مەندەریس سامانجلار) كرێكاری بیناسازییە لە بەرزاییەكانەوە كرێكاریی دەكات. ئەو هاووڵاتییەكی كوردە و لەئەستەنبوڵی میترۆپۆلیسی توركیادا خشتی هەوربڕەكان دەخاتە سەریەك، تەنانەت بەخەونیش نابێتە خاوەنی شوققەیەك لەم باڵەخانە بەرزانەدا، كە بۆنیشتەجێبوونی خەڵك بونیاد دەنێرن. ئەم كاری كرێكارییە، مەترسیدارە، چونكە خاوەن ئامرازە پێشكەوتووەكانی پاراستنی سەلامەتی كرێكار نییە، هەروەها لەلایەكی دیكەوە كرێی ناڕێكی ئیبراهیم كە لەكاتی خۆیدا وەریناگرێت، ساتەكانی خواردنیشی لێتێكدەدات. هەروەها ئەو دەبێ پارە بۆ هاوسەرەكەى و منداڵەكانیشی بنێرێت. بەهۆى بومەلەرزەوە ماڵەكەیان وێران و ئێستا لە دەرەوەى شار و لەماڵی خزماندا دەژین. سەرباری ئەمە، لە پەناوە، تووشی نەخۆشی بووە و پارەى تێچوونی نەخۆشییەكەشی نییە.

 

یوسف (موساب ئەكجی) برازای ئیبراهیمە. لەهەمان كۆمپانیا وەك كرێكاری بیناسازیی كاردەكات، بەڵام ئەو وەك مامی نییە، چونكە خەمی ماڵەوەى نییە تا پارەیان بۆ بنێرێتەوە، یوسف عاشقی كچێك دەبێت، كچێكی لەچكبەسەر، لەكاتێكدا دەچێتە بەرەى كۆمپانیا و لەگەڵ بەڕێوەبەرێكی بچووكی كۆمپانیاكەدا نزیك دەبێتەوە.

عەشق و نائومێدیی

فیلمەكە پڕییەتی لە ئومێدی خۆشەویستیی، عەشق و نائومێدیی؛ بەتەنها بریتی نییە لە كرێكاری بێ هەست و دەستوپەنجەنەرمكردن لەگەڵ خشت و بلۆك و چیمەنتۆ و شیش و لمدا. كرێكاران خاوەنی هەستێكی بەرزی ڕۆمانسین، ترۆتسكی لەوتارێكیدا بەناوی “خەبات بۆ گوتاری كولتووریانە”، یەكەم هەنگاوەكانی شۆڕشی پرۆلیتاریی دەبەستێتەوە بە ڕزگاربوون لە كولتووری كۆنەپەرستیی و ڕۆیشتن بەرەو پەیوەندییەكی ئینسانیی و پاككردنەوەى زمان لە زیادەڕۆییە بۆرژوازییەكانی ژیانی ڕۆژانە. ئەم فیلمە دەقاودەق ئەم دیدگایە بەرجەستە دەكاتەوە. دوای چەندین دیمەنی تراژیدیی، كە بریتییە لە ڕاگەیاندنی ئەنجامی پزیشكیی ئیبراهیم، كە تووشی سەڕەتان بووە، دیمەنی دووەم دەبینین، كە یوسف، برازاكەى ئیبراهیم، كوڕێكی مۆدێرن، گوارەلەگوێ لەگەڵ كچێكی موسڵمانی موحەجەبە بەناوی نیهال (كوبرا كیپ) پەیوەندیی عاشقانە دروست دەكات و بەردەوام داوای ژوانی لێدەكات. دیمەنەكان لەگەڵ نیهال، بەشێوەیەكی سوننەتیانە تێدەپەڕن، یوسف دەیەوێت ماچی بكات، ئەو ڕێگا نادات، لەبەر ئەوەى لەخێزانێكی موسڵمانەوە هاتووە، پاشان داوا لە یوسف دەكات گوارەكە لەگوێی بكاتەوە، ئەویش بەقسەى دەكات. بەڵام وردە وردە لە داخرانێكی كۆمەڵایەتییەوە بەرەو كرانەوەیەكی كۆمەڵایەتیی نوێ و پەیوەندییەكی نوێ دەچن. یوسف لەگەڵ هاوكارێكیدا كە یاسا دەخوێنێت، داوای لێدەكات شیعری بۆ بنووسێت و بە مۆبایل بۆ خۆشەویستەكەى بنێرێت. پاشان لەباوەشی دەگرێت و بەیەكەوە دەچنە نێو شایی و هەڵپەركێیەكی كوردییەوە لە شەقامێكی ئەستەنبوڵ. ئەم دیمەنانە ئەوپەڕی ئومێد و عەشق بۆ ژیان لەناو چینی كرێكار پیشان دەدەن، بەڵام كاتێك سەیری نیگای نائومێدیان دەكەی، كە خەون بە بوونی شوققەیەكی بچكۆلەوە دەبینن، تا لەگەڵ خۆشەویستەكەیاندا تێیدا بژین، بارودۆخی ژیانیان بەباشی دەبینی و دەزانی سەرەنجامی خۆشەویستییەكەیان نائومێدییە. ئەڵبەتە بەبێ ئەوەى فیلمەكە باسی سەرەنجام بكات، دیارە سەرەنجامیش بۆ بینەر بەجێناهێڵێت وەك “هەپی ئێند”ی پۆستمۆدێرنیزم، بەئارەزووی خۆت پڕی بكەیتەوە. سەیركردنی نائومێدیی چینی كرێكار، بینینی سەرەنجامە تراژیدییەكەیەتی ئەگەر فیلمەكە خۆیشی نەیەوێت دیمەنێكمان پیشان بدات. لەولاوە، ئیبراهیم بەدوای پارەدا دەگەڕێت، دەكۆكێت و نەخۆشییەكەى لەبەرزبوونەوەدایە. ئەمە زیاتر و زیاتر ترسی پێدەبەخشێت نەك ئومێد و بەختەوەریی.

وەك باسمكرد سەرەڕای ئەم نائومێدییەى دروست دەبێت، بەڵام فیلمەكە جۆرە چێژ و عەشقێكیش بۆ ژیان بەرز دەكاتەوە. لە دیمەنێكدا، كڤانچ سەزەری دەرهێنەر وێنەیەكی هێندە جوانی ئیبراهیم و یوسف پیشان دەدات بەدیار تێپەڕینی باڵندەكانەوە كە شیعر بەرهەم دەهێنن و دیمەنێكی شیعریی دروست دەكەن. بەڵام سەرەڕای نائومێدیی ئیبراهیم و خواستی یوسف بۆ هەبوونی شوققەیەك تا لەگەڵ مەعشوقەى دڵی خۆیدا بەئارامی بژیت، یوسف و نیهال هێشتا لەسەر پەیوەندییەكی بەهێز دەمێننەوە و هیوایان بەداهاتوو هەیە. ئەمە لەیەكەم نیگادا پێمان دەڵێت دەكرێت ئاسۆی سیاسیی چینی كرێكاری توركیا بەرەو داهاتوویەكی باش بڕوات ئەگەر بێتو لەبری نائومێدیی، بەرەو جۆرێك لە خەباتی باشتركردنی ژیانیان بڕۆن. ئومێد بەداهاتوو، وایان لێبكات دەستبەرداری ژیانیان نەبن، و بەو هەلومەرجە ڕازی نەبن كە تیایدان.

لەلایەكی دیكەوە، كاتێك مامەڵەى كۆمپانیاكان دەبینی لە كارگەكانیاندا لەگەڵ كرێكاران، هەلومەرجی چینی كرێكار بەڕادەیەكی زۆرخراپتر زەق دەبێتەوە. ئیبراهیم كوردە، شارەكەى تووشی كارەساتی وێرانبوون بەهۆى بومەلەرزەوە هاتووە، تەمەنی 54 ساڵە و كاتێك كچەكەى دەبینێت تابلۆی “باڵەكانی باوكم”ی وەك ئومێدی داهاتووی پێكەوە بوون كێشاوە، هێندەى دیكە ژیانی ئیبراهیم خەمبارتر دەكات، 1071 ڕۆژ بەڕەسمیی كاری كردووە، و بەهۆى نەخۆشییەكەیەوە ئەوەندە كاری كردووە، بەگوێرەى یاسای كۆمپانیا دەبوو 1800 ڕۆژ كاربكات. بەڵام هیچ پارەیەكی بیمە لەلایەن كۆمپانیاوە وەرناگرێت، دوای دەستەویەخەیەكی زۆر بێ هیوا دەبێت.

گۆڕهەڵكەنانی سەرمایەداریی: خەباتی چینایەتیی وەك ژیانی ڕۆژانە

ئەفسانەیەك هەیە دەڵێت؛ چینی كرێكار كۆتایی پێهاتووە. ئەم ئەفسانەیە لەسەر ئەوە وەستاوە كە پێیوایە ئەمڕۆ كرێكارانی یەخەسپی (یاخود فەرمانبەران) چیتر كرێكار نین، بەڵكو ئەوەى هەیە حەشاماتی خەڵكە، ئەم ئەفسانەیە لە شتێك تێناگات و شتێكیش نابینێت، ئەوەى لێیتێناگات ئەوەیە كە كرێكارانی یەخەسپیش هەمان كرێكارانی چەشنی بیناسازین، لەسەر پێوەرەكانی كاری بەكرێ و سەعاتی كاركردن، كاردەكەن، ئەگەر بڕێكی پارەكەیان زیاتر بێت لە كرێكارێكی بیناسازیی، دیسان بەو مانایە نییە كە كرێكار نییە، بەڵكو بەپێچەوانەوە، بەشداریدەكات لە بەرهەمهێنانی زیادەى سامان و قازانج، ئینجا لە دائیرەیەكی حكومی بێت، لای پزیشكێك بێت یاخود سكرتێری بەڕێوەبەرێك. ئەو شتەى ئەو ئەفسانەیەش نایبینێت، ئەو چینە كرێكارە گەورەیەیە كە لەپشتی بەرهەمهێنانی میترۆپۆلیسەكانەوە وەستاوە، هەوربڕەكان بونیاد دەنێت، قازانجی سەرمایەدارەكان بەرهەمدەهێنێت و خۆیشی هیچی نییە. تەنها شتێكی هەبێت و لەدەستی بدات، زنجیرەكانییەتی. بەڵكو هەموو قازانجی ئەم سیستەمە ئەم چینە كرێكارە بەرهەمی دەهێنێت، بۆیە هێشتاش بەهێزترین چینی كۆمەڵگا و زۆرینەى كۆمەڵگایە لە سیستەمی ئەمڕۆی جیهانیدا.

با بگەڕێمەوە سەر ناوەرۆكی فیلمەكە، ئیبراهیم لەگەڵ ئەوەى بەردەوام قەرزار دەبێت تا پارەیەك بەسەریەكەوە بنێت و پێیبگەڕێتەوە لای  هاوسەر و كچەكەى، چونكە دەزانێت دوایین هەناسەكانی ژیانی دەدات، و هێشتا ئومێدیشی بەوەیە بیمەكەى وەربگرێت، كەچی ڕۆژ بەڕۆژ بۆی دەردەكەوێت بەڕێوەبەرەكەى خەریكی فریودانی كرێكارەكانە. بۆیە ژیانی ئیبراهیم دەبەسترێتەوە بە خەباتی چینایەتیی بەردەوامەوە لەگەڵ ئەوەشدا كە هەست دەكات بەموتڵەقی بێدەسەڵاتە و هیچ هێزێكی نییە.

ئەگەرچی فیلمەكە بە سەركەوتنی خەباتی چینایەتیی كۆتایی نایەت و لە چاوپێكەوتنێكیشدا لەگەڵ دەرهێنەر، و ڕاستەوخۆ لەناو هۆڵی سینەماوە، ڕەخنەی ئەوەم لە دەرهێنەر گرت، كە خاوەن ڕوانگەیەكی سیاسیی نییە لە فیلمەكەدا بۆ خەباتی چینایەتیی و ڕێكخستن و یەكێتیی كرێكاریی، بەڵام دواجار فیلمەكە ئەكتی بەرەنگاریی تێدایە. وێڕای ئەوەى سەرەنجامی ئیبراهیم تراژیدییە و خۆی دەكوژێت، كاتێك كۆمپانیا دەیانەوێت بڕی 3 ملیۆن لیرە بدەن بە بنەماڵەى ئیراهیم، لەوێدا ئەكتێكی بەرەنگاریی لای خەدیجەى هاوسەری دروست دەبێت و ئیمزای كۆمپانیا ڕەتدەكاتەوە و وەك جۆرێك لە لەكەداركردنی كەرامەتی ئینسانیی دەیبینێت.

بەڵام كەرامەتی ئینسانیی هەموو شتێك نییە و بەس نییە، بەڵكو وەك ڕاستەوخۆ لە هۆڵی سینەما بە دەرهێنەرەكەم گوت، ئەوەى گرنگە بوونی ڕوئیایەكی سیاسیی ڕوونی خەباتی چینایەتییە، ڕاستە ئەكتی كۆتایی خەدیجە پیشاندانی كەرامەتی نانامۆبوو و خۆنەفرۆشتنییەتی بە دەسەڵاتی پارە، بەڵام هێشتا ئێمە بێبەشین لەوەى ڕوئیای یوسف و خەدیجە و كرێكارانی دیكە چییە. لەكاتێكدا خودی فیلمەكە بەجۆرێك لە ناڕەزایەتیی كرێكاران بەنهێنیی دەستپێدەكات و بەنیازی مانگرتن و ناڕەزایەتین، بەڵام لەناكاو ئەم دیمەنەش بزر دەبێت و نابێتە دیمەنێكی سیاسیی دیاریكراوی ناو فیلمەكە، فەكوسەكە دەچێتەوە سەر نەخۆشیی و خەباتە بەردەوامەكەى ئیبراهیم.

لە توركیا هەموو ڕۆژێك كرێكاران لەشوێنی كارەكانیاندا دەمرن، بەهۆی نەبوونی ئاساییشی كار و شوێنی كارەوە. كڤانچ سەزەر، زۆر بەجوانی خەبات بۆ پیشاندانی ئەم هەلومەرجە و گۆڕینی دەكات، كاتێك بەشێوەیەكی زۆر ئاسایی كرێكاران دەمرن و دەكەونە خوارەوە. مردنی یەكێك لە كرێكارەكان، دیمەنێك پیشان دەدات، كە دەبێتە هۆى ناڕەزایەتیی زیاتری كرێكاران، بەڵام دیسان ئەم دیمەنەش بزر دەبێت و سەزەر گوتی: دەمەوێت بینەر خۆى ڕوئیای سیاسیی خۆی دروست بكات. دواجار فیلمەكە كۆمەكمان پێدەكات زیاتر بچینە ناو وردەكاریی چینی كرێكار لە توركیا.

ململانێ یان خەبات؟

یەكێك لە خاڵە هەرە گرنگەكانی فیلمەكە، پشتڕاستكردنەوەى ئایدیای ئەنتەرناسیۆنالیزمی كرێكارییە، نەك لەسەر بنەمای ئایدیای ململانێی ئەتنیكی و كولتووری و زمانیی هەڵچنرابێت. لەڕاستیدا ململانێ ئەو خاڵەیە كە ماركس لە سەرمایەدا باسی دەكات و پێیوایە سەرمایەداران و خاوەنكاران هەمیشە خەبات كورت دەكەنەوە بۆ ململانێی نەك كرێكار و خاوەنكار، بەڵكو ململانێی كرێكار و كرێكار لەڕێگای پێدانی ئیمتیازاتێكی كورت بە هەندێك لە كرێكارەكان تا بیانكەن بە عامیل و بەكرێگیراوی خۆیان و سیخووڕ بەسەر كرێكارەكانی دیكە و هەروەها پەرتەوازەیی دروستكردن لەنێوان كرێكاران نەك یەكگرتووییان. فیلمەكە سەركەوتوو بووە لەوەدا پێمان بڵێت ئەو ململانێیەى هەموو ڕۆژێك لەنێوان كرێكاری كورد و كرێكاری توركدا دروستدەكرێت، دەستكردێكی بۆرژوازیی تورك و هەروەها بۆرژوازیی خاوەن بەرژەوەندی كوردیشە كە واپیشانی دەدەن كرێكارانی تورك و كورد دوژمنی یەكترن، بەڵكو بەپێچەوانەوە، وەك ماركس و ئەنگڵس لە مانیفێستی پارتی كۆمۆنیستدا باسی دەكەن، تەنها زەقكردنەوەى ئەزموونە مێژوویی و ئەنتەرناسیۆنالەكانی چینی كرێكار و بەرژەوەندییەكانی ئەو چینەیە لە ئاستی ئەنتەرناسیۆنالدا، نەك لە فۆرمی ململانێی نەتەوەییدا.

 

 

فیلم:

باڵەكانی باوكم

دەرهێنەر: كڤانج سەزەر

پەخش: تەممووزی 2016 (كۆماری چیك)

زمان: توركی-كوردیی (ژێرنووسی ئینگلیزیی)

شوێنی بەرهەمهێنان: توركیا-ئەستەنبوڵ

 

 

 

 

 

سەرچاوەكان

  1. Friedrich Engels, the Condition of the Working Class in England, Penguin Classics, 2009, London.

  2. Pasolini, Pier Paolo (1984) Selected Poems, trans. Norman MacAfee and Luciano Martinengo, with a Foreword by Enzo Siciliano. London: Calder.

  3. دو بیانیەى سینمایی از ولادمیر مایاكوسكی، ترجمە كاوە عباسیان، آرت كالت، شمارە یكم، مایند ماتور، 1385.

 

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین