هاوڕێیەکی پێشمەرگەم هەبوو ، لە پێشمەرگە قارەمانەکان بوو ، سەرەڕای دووجار بەسەختی برینداربوونی، چەندین جاریش ، لەلێواری مەرگ گەڕابۆوە . تەمەن یاوەریبوو ، راپەڕین بەرپابوو ، وڵات کەوتە خۆشی و زەماوەندەوەو حکومەتی هەرێمیش دامەزرا ،
ماوەی دوومانگ دەبوو هاوڕێکەم نەدەبینی ، لەبارەیەوە پرسیارم لەم و لەو کرد ، گوتیان نەخۆشەو لەماڵەوە کەوتووە .
چوومە سەردانی ، ڕەنگ زەردو لاوازببوو ، گەر بیویستایە دەرو ژورێبکا ، دەبوایە بچنە ژێرباڵیەوە .
هەندێکم دواندو گووتم: برا ئەوەندەی من و تۆ بەیەکەوەبووین، چیا لەئاستی ورەو بوێریت ، هەستی بەشەرم دەکرد! پێمناڵێی ئێستا بۆ وا لاوازو بیورەبووی؟!
زەردەیەکی خەماوی لە ڕوو گەڕاو گوتی :
سەید گیان، ئێستاش هەرکوڕەکەی جارانم، بەڵام ئەوەی منی کۆڵەوارکردووە ، گەلە کۆمەکێی نەخۆشییە ! تۆسەیرکە : شەکرەمە ، بەرزی پەستانی خوێنمە ، دوو بۆری دڵم گیراوە ، رۆماتیزمەمە ، شەقیقەمە ، بێ پووڵی ، ویزەویزی خاوەن خانو ، ئەوە بۆیە ئاوا بەسەرمدا زاڵبوون ، خۆ گەر تاکە .. تاکە بۆمبهاتنایە ، وا مەحاڵبوو لە رۆسکێم بهاتنایە ، هاوڕێکەم بەجێهێشت و هەفتەیەکی نەبرد ، ئاگاداریان کردم گوتیان : هاوڕێکەت کۆچی دوایی کردووە .
ئێستا خەڵکەکەی ئێمەش توشی ئەوگەلەکۆمەکێیە بووە.
دەنا شەڕی حکومەتی قاسمی کرد ، سەلامی کرد ، عارفی کرد ، ئەحمەد حەسەنی کرد، سەدامی کرد ، کیمیاوی و ئەنفال و راگواستنی بەزاند، براکووژی لە چاڵنا ، داعشی تێکشکاند ، چۆکی بەهەموویان دادا بۆخۆی نەنەوی. بەڵام ئێستا لەبەر گەلەکۆمەکێی ( بێ مووچەیی ، بێکاری ، بێ کارەبایی ، بێ سوتەمەنی ، بێ ئاوی ، پەتای گرانی ، بووک و خەسوویەتی لایەنە سیاسیەکان ) لە پەلوپۆ کەوتووەو دەروژووری بۆ ناکرێ و خوابکا ئاکامەکەی بە ئاکامی پێشمەرگە هاوڕێکەم نەگا .
۲٠۱٦ / ۱۲ / ۳٠