شانۆگەری مارا ساد ـ تیپی شانۆی با

دانا ڕەئووف: دەقی خۆماڵی ھەمیشە ڕۆڵێکی گەورەی گێڕاوە لە دروستکردن و بونیادنانی شانۆدا


Loading

شانۆ یەکێکە لە ھەرە زیندوترین ھونەرەکانی دونیا و، ڕۆژانە لە شارە گەورەکانی دونیادا چەندین نمایشی جدی بە چەندین شێواز و ڕێبازی جیاجیاوە پێشکەش دەکرێت، لە ھەرێمی کوردستانیش تاڕادەیەکی باش گرنگی بەم بوارە دراوە، ھەربۆیە بە پێویستمان زانی لەگەڵ ھونەرمەند (دانا ڕەئووف) دەربارەی گرنگی شانۆ ئەم دیدارە سازبدین؛

ساڵانی ڕابردوو کۆمەڵێک نمایشکران، کە زیاتر نمایشی شانۆیی کلاسیکی بوون و دەقەکانیان زیاتر دەقی وەرگێڕاو بوون، ئەم کارانە لە سەرەتادا بینەرێکی زۆریان ھەبوو، بەڵام وردەوردە ئەم بینەرە نەما تا ئەوکاتەی کۆڕی شانۆی با دەقی خۆماڵیان دروست کرد، دەقێک کە پێشتر نە بووە و خۆیان دروستیان کرد، بەستیانەوە بە بابەتە کۆمەڵایەتیەکانەوە وە دەقەکانیان باسکردن بوو لە ئەمڕۆو ئێستای ژیانی ڕۆژانەی خۆمان. ئەم کارانە بینەرێکی زۆریان ھەبوووە و بۆ چەند ڕۆژێکی زۆر نمایشکران، ھەست ناکەی تۆرانی بینەری ئێمە پێوەندی ھەبووە بەوەی کە ئەو دەقە وەرگێڕاوانە پێوەندیان نە بووە بە ئێستای کۆمەڵگای ئێمەوە؟ ھەست ناکەن بینەری ئێمە شانۆیەکی دەوێت بیبەستێتەوە بە واقیعی ژیانی خۆیانەوە؟

دانا ڕەئووف: پێش ھەموو شتێک دەقی وەرگێڕاو و شانۆی کلاسیکی، سەرچاوەیەکی گرینگ و پێویستی ھەموو شانۆ و بزووتنەوەیەکی شانۆییە، بەبێ شانۆی کلاسیکی یان ھەر دەقێکی تری وەرگێڕاو شانۆ کەلێنێکی گەورەی تێدایە، ئەو کەلێنەیش ھەرگیز بە دەقی خۆماڵی پڕناکرێتەوە. لە ھەموو دونیادا شانۆ تەنھا شانۆی خۆماڵی نییە و شانۆ پرۆسەیەکی پێکەوە بەستراوە و شتێکە ھەموو مرۆڤایەتی پێکەوە دەبەستێتەوە؛ ئەمەیش ھۆکارێکی زۆر ساکاری ھەیە، لەبەر ئەوەی شانۆ ھەمیشە پەیوەستە بە مرۆڤ و خەون و ھیوا و ئازارەکانی مرۆڤ و پێوەندییەکانی مرۆڤ بە یەکترییەوە. ئەگەر نەمایشکردنی دەقی وەرگێڕاو و کلاسیکی بینەری لە شانۆ تەکاندبێتەوە، ئەوە بەبێ ھیچ گومانێک ھەڵەی ئەو دەقە وەرگێڕاوە یان کلاسیکییە نەبووە و نییە، بەڵکو ھەڵەی ئەو کەسانەیە، کە نەمایشی دەکەن. شانۆنامە تازە و مۆدێرنەکان، لە پاڵ دەقەکانی شانۆی کۆنی گرێکی، شەکسپیر، مۆلییر، ستریندبێرگ، چێخەف، برێشت، پینتەر … و ھەزارەھای تریش، کە بەردەوام لەسەر شانۆکانی دونیا نەمایش دەکرێن، نەک ھەر بینەریان لە شانۆکان نە تەکاندۆتەوە، بەڵکوو وزەیەکی گەورەبوون بۆ شانۆ، شانۆکارەکان و بینەریان بێشوومار لە دەوری خۆیان کۆکردۆتەوە. دەبێ ئێمە ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین، چۆن و بۆچی ئەو ھەموو دەقە کلاسیکییە تا ئێستا بە بەردەوامی پێشکەش دەکرێن. گرفتەکە ئەوە نییە، کە ئێمە دەقی وەرگێڕاو یان شانۆی کلاسیکی پێشکەش دەکەین، گرینگ ئەوەیە چی ھەڵدەبژێریت و چۆنی پێشکەش دەکەیت. ھەر ئێستا، کە من وەڵامی ئەم پرسیارەی تۆ دەدەمەوە، ھەر کۆڕی شانۆی با-یش نەمایشێکی گەلێک سەرکەوتوویان لە شانۆی جیھانی و دەقێکی وەرگێراوەوە پێشکەش کردووە، کە ئەویش (مارا/ساد-ە. مارا/ساد) لە ماوەی ئەم سی چل ساڵەی ڕەوت و بزووتنەوەی شانۆی کوردیدا، لە چەند ھەل و مەرجی جیاوازی وڵات و شارەکەماندا نەمایش کراوە، بۆ نموونە، کە ئێمە لە ھەشتاکاندا و لە کاتی جەنگی عێراق/ئێران و لە تیپی شانۆی ئەزموونگەری مارا/سادمان نەمایش کرد، ھەمان ئەم نەمایشەی ئێستا نەبوو، ھەروەھا کە کۆمەڵێک برادەری تر و لە کەلاوەکانی ئەوسای ئوتێل حسیب ساڵح، دوای شەڕی عێراق/ئێران مارا/سادیان نەمایش کرد، ھەمان نەمایشەکەی ئێمە نەبوو. کەواتە گرفتەکە دەقی وەرگێراو یان شانۆی کلاسیکی نەبووە و نییە، بەڵکوو ھەڵبژاردن و چۆنییەتی نەمایشکردن و چارەسەرە ھزری، ھونەری و ئێستاتیکییەکانە. کە لە دونیایشدا بە بەردەوامی دەقی کلاسیکی نەمایش دەکرێت، لە فۆرم و شێواز و ستایلە کلاسیکییەکەیدا نەمایش ناکرێت، گەر وا بوایە شانۆ دەمێ بوو مردبوو. کاری شانۆکار و شانۆ ئەوەیە پرسیارەکانی ئەمڕۆ و ھەناسەیەکی نوێ لەو دەقانەدا بدۆزێتەوە: گرینگ نییە چی نەمایش دەکەیت، کلاسیک، مۆدێرن یان دەقێک خۆتان لە کاتی پرۆڤە و بەکاری ڕاگوزاری و ھاوبەش دەینووسن، گرینگ ئەوەیە بە ھەوای ئەمڕۆ و ئەم ساتە ھەناسە بدات و بژی. کاری شانۆ و شانۆکار ڕازاندنەوە و دروستکردنی مۆزەخانە نییە لەسەر شانۆکان، ھاوکات وەڵامدانەوەی پرسیاریش نییە، بەڵکوو وروژاندنی پرسیارەکانە، دەرخستنی ڕاستییەکانە و بێزارکردنی بینەرانە.

شانۆگەری مارا ساد ـ تیپی شانۆی با

من لەو بڕوایەدانیم کۆڕی شانۆی با یان ھەر شانۆیەکی تر چ لە کوردستان یان لە ھەر سووچێکی تری ئەم دونیایەدا بتوانێت پشت بکاتە ئەو کولتوورە دێرین و گەورەیەی شانۆی جیھانی و تەنھا خۆی دەقی خۆی بەرھەمبھێنێت. لەو کاتەدا زۆر کەموکووڕی تێدا دەبێت؛ نە شانۆ گەشە دەکات، نە تواناکانی ئەکتەر و نە دیدی ریژیسۆر. نووسینی دەقی خۆت و بە کاری ھەرەوەزی و پرۆسەیەکی ڕاگوزاری، لە قۆناخ و ڕەوشێکی دیاریکراودا ئەزموونێکی باش و دەوڵەمەندە و زۆربەی شانۆکارەکانی دونیایش، بۆ نموونە (ئاریان موشکین و پیتەر برووک)، کاری وایان کردووە، بەڵام پشتکردنە شانۆی جیھانی و دەقی وەرگێڕاو و کلاسیکی و تەنھا و تەنھا خۆت بە کاری ھەرەوزی دەقی تایبەت بە خۆت بەرھەمبھێنیت، ئەوا بێگومان تێنەگەیشتنێک ھەیە. دەکرێت شانۆنامەنووسێک بە بەردەوامی لەگەڵ گروپێک کار بکات و ئەو گروپە تەنھا دەقەکانی ئەو شانۆنامەنووسە بەکاربھێنن و نووسەرەکەیش لە پرۆسەیەکی گەشەکردوودا، لە دیدی ریژیسۆرەوە دەقەکانی نووسێت. ئەم جۆرە کارانەیش نموونەیان لە شانۆی جیھانیدا زۆرە و ئەزموونێکی گەلێک دەوڵەمەندە. مولییر بۆ ئەو شانۆیەی دەنووسی، کە خۆی کارەکانی تیا پێشکەش دەکرد، چێخەف بە تەواوی خۆی تەرخانکردبوو بۆ شانۆی ھونەری مۆسکۆ، داریۆ فۆ نموونەیەکی تری دانسقەیە، کە خۆی نووسەر، ئەکتەر و ریژیسۆر بوو … ھتد. ئێستایش زۆر شانۆنامونووس ھەن، کە پێوەندییان بە شانۆیەکەوە یان ریژیسۆرێکەوە ھەیە و پێکەوە کار دەکەن، ئەو دەینووسێت، ریژیسۆرەکەیش لەگەڵ ئەکتەرەکانی تاقی دەکەنەوە و لە گەشەیەکی دراماتۆرگی گرینگدا چ دەقەکە بەرەوپێشەوە دەچێت و چ دیدی ریژیسۆر و ھەروەھا ئەکتەرەکانیش.

شانۆگەری مارا ساد ـ تیپی شانۆی با

نەبونی دەقی کوردیە وای کردووە شانۆکارەکان دەقی وەرگێڕاوی ئەوروپی بەکاربھێنن بۆ بەرھەم ھێنانی کارێکی شانۆیی یان چی؟ ھەست ناکەی بینەری دەقی شانۆیی کوردی زیاتربێت؟

دانا ڕەئووف: ئەدەبی کوردی بنەماکانی لەسەر شیعر ڕۆناوە، شیعری کلاسیکی کوردی لە مەولەوی-یەوە بۆ شێرکۆ بێکەس سامانێکی گەورە و دەوڵەمەندە و ڕۆڵێکی گەورەیشی لە پارێزگاریکردن و گەشەی زمانی کوردیدا گێڕاوە. بە پێچەوانەوە ژانرەکانی تری ئەدەب، ڕۆمان و تەنانەت کورتە چیرۆک و دەقی شانۆیی ئەو مێژووە درێژەیان نییە و تا ڕادەیەک بە ئەدەبی کوردی نامۆن. خۆ ئەگەر کورتە چیرۆک لە حەفتاکانەوە ھەندێک ھەنگاوی جدی نابێت، ئەوە ڕۆمان لە کۆتایی ھەشتا و سەرەتای نەوەدەکانەوە زیاتر دەرکەوتوە و برەوی بە ئەدەبی کوردی داوە. نووسینی دەقی شانۆیی تا ئێستا نەبووە بە کولتوور و نەیتوانیوە وەک ژانرێکی سەربەخۆ دەربکەوێت و خۆی بسەپێنێت، ھەرچەندە چەندین ھەوڵی زۆر جدی ھەن و بەر لە ڕۆمانیش چەندان قەلەمی بەپێز و بە توانا دەقی شانۆییان نووسیوە، بۆ نموونە (عەبدلڕەحیم ڕەحیمی ھەکاری، پیرەمێرد، ئەلف با ھەوری و تا دەگاتە ئەنوەر قادر ڕەشید، فەتاح خەتاب، ئەحمەد سالار، دڵشاد مستەفا) … ھتد کە جێگا پەنجەیان دیارە و ھەنگاوی گرینگ و پێویستیان ناوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا نووسینی دەقی شانۆیی نەبووە بە کولتوور و نەیتوانیوە جێگای خۆی بگرێت. ھیچ کەسێکیش تا ئێستا سەت لە سەت خۆی بۆ ئەم ژانرە تەرخان نەکردووە. بە ڕای منیش یەکێک لە ھۆکارەکان گەشەنەکردن و بێھێزی شانۆی کوردییە، کە نەیتوانیوە چ لە ڕووی ریژی و چ لە ڕووی دراماتۆرگییەوە برەو بە توانای ئەو شانۆنووسانەی خۆمان بدات، ئەوەی ئەوان نووسیویانە لەسەر شانۆکان بەرجەستەی بکات. کاری شانۆنووسەکانی ئێمە بەو پرۆسە ھاوبەش و ھاوکارییە گرینگەی نێوان ریژیسۆر/شانۆنامەنووس، شانۆنامەنووس/ئەکتەردا نەڕۆیشتوە و سوودیان لە ئەزموونی یەکتری وەرنەگرتووە و بەرکەوتنێکی قووڵ و تێگەیشتنێکی دوولایەنە بۆ پرۆسەکە نەبووە. بێگومان لەم بارودۆخەیشدا شانۆکارەکان بە دەقی وەرگێڕدراو ھەوڵی پرکردنەوەی ئەو بۆشاییەیان داوە.
لەلایەکی تریشەوە دەقی خۆماڵی ھەمیشە ڕۆڵێکی گەورەی گێڕاوە لە دروستکردن و بونیادنانی شانۆدا، ئەوەی ڕاستی بێت دەقی سەرکەوتوو، ھاریکاری نێوان شانۆ، ریژیسۆر و شانۆنامەنووسەکان دروست دەکات، نەک بە پێچەوانەوە. چێخەف ڕۆڵێکی بێھاوتا و گرینگی لە دروستکردنی شانۆی ھونەری مۆسکۆدا بینیوە، ستانیسلاڤسکی ھەرگیز بەبێ چێخەف نەیدەتوانی ئەو شانۆیە دروست بکات، کە ڕۆڵێکی گرینگی لە مێژووی شانۆی جیھانیدا بینیوە؛ شانۆی ھونەری مۆسکۆ چێخەف دەکات بە شانۆنامەنووسێکی پلە یەک، بەھەمان شێوە چێخەف-یش شانۆی ھونەر دەکات بە شانۆیەکی ھونەری، کە ناوبانگەکەی سنوورەکانی ھەموو دونیا دەبەزێنێت.
بێگومان لەم بارەیشدا بینەر زیاتر لە شانۆکان کۆدەبنەوە، بە شێوەیەکی ئاسانتر خۆیان لەسەر شانۆکان و لەنێو ئەکتەرەکاندا دەدۆزنەوە، ئەوەی دەیبینن ڕاستەوخۆتر پەیوەستە پێیانەوە، ریژیسۆریش بە شیوە و فۆرم و ڕێگایەکی تر ھەوڵی چارەسەرکردنی دیمەنەکان دەدات و ئەو تەکنیکەی بەکاری دەھێنێت زیاتر لە واقیعی ژیانی ڕۆژانەی خۆمانەوە سەرچاوە وەردەگرێت. دەمەوێت سەرلەنوێ ئەوەیش دووپات بکەمەوە، کە ئەوەی پێشکەش دەکرێت، بۆ ئەوەی شتێکی زیندوو و نزیک لە واقیعی مرۆڤی ھاوچەرخ و مۆدێرنی خۆمانەوە بێت، دەبێت بە ھەوای ئەمرۆ بژی و ھەناسە بدات. دەبێت شانۆی کلاسیکی، مۆدێرنی وەرگێراو و دەقی خۆماڵی لە جووڵەیەکی دیالێکتیکی دا یەکتر تەواو بکەن و سوود لە ئەزموونی یەکتر وەربگرن.

ئەمڕۆ ساردو سڕیەکی زۆر لە ناو دنیای ھونەری ئێمەدا لە ڕوی نەبوونی ڕەخنەوە ھەیە، بەتایبەت ڕەخنەی ھونەری و شانۆیی. بەجۆرێ ئەو ھەموو کار و نمایشە تێدەپەڕێت کەس تەنھا دوو دێڕی لە سەرناڵێت، تۆ ئەمە بۆ کەمتەرخەمیی ھونەرمەندان دەگێڕیتەوە، کە گرینگی بە بواری نوسین نادەن یان ئەمەیش وەک ھەموو کێشەکانی تر پەتای نەبوونی نوسەری ڕەخنەی ھونەرییە؟

دانا ڕەئووف: دەبێت ئێمە ئەوە باش بزانین، ڕەخنەی شانۆیی یان ئەدەبی لەخۆوە دروست نابێت، ھەر بۆ نموونە، گەر تۆ رۆمانی کوردیت نەبێت و ھیچ ڕۆمانێک نەکەوێتە بازاڕەوە، ڕەخنەی ئەدەبیشت نابێت و کەس قسە لەسەر ڕۆمان ناکات. شانۆیش ھەمان ھاوکێشەیە، ئەگەر نەمایشی باش پێشکەش نەکرێت و شانۆ نەبێت و ھیچ ڕێپرتوارێکی شانۆیی لە ئارادا نەبێت، بێگومان ڕەخنەی شانۆیشمان نابێت. بزووتنەوەی شانۆی کوردی سستە و ڕێپۆرتوارمان نییە. بەڵام ئەوەی بەڕێزیشت لە پرسیارەکەتدا ئاماژەت پێکردووە، ڕاست نییە. لەم یەک دوو ساڵەدا، چ لە ھەولێر و چ لە سلیمانی کۆمەڵێک کاری باش پێشکەش کراون و لەسەریشیان نووسراوە و تەنانەت لە شوێنە گشتیەکاندا دانیشتن و گفتوگۆیشیان لەسەر کراوە. ھەندێک قەڵەمی باشیشمان ھەیە، کە لە شانۆ دەگەن و ئەوەی دەینووسن، لە خودی پرۆسە شانۆییەکەوە سەرچاوەی وەرگرتووە. من بۆ نموونە چەند ناوێک دەڵێم، کە بەڕاستی ھەوڵی جدییان لەم بوارەدا ھەیە؛ (حەمەسوار عەزیز، حیدەر عەبدرەحمان و ھەندێک تەقەلای ڕەخنەیی نیھاد جامی-یش).
لەم ڕۆژانەدا، کە لە سلیمانی مارا/ساد نەمایش کرا، چەندین گوتاریی ڕەخنەی جدیشی بە دوای خۆیدا ھێنا، ھەروەھا ماوەیەک لەمەوبەر، کە (شوان عەتوف) کارێکی مۆنوداراما، ھاوکات شانۆنامەی (سێ خوشک)ی چێخەف ھەر لە سلێمانی نەمایش کران، بەھەمان شێوە کۆمەڵێک گوتاری ڕەخنەییان بە دوای خۆیاندا ھێنا. کاری جدی ھەمیشە، کاردانەوەی جدیشی لێ دەکەوێتەوە.
ڕەخنەگری شانۆیی بەھایەکی گرینگی ھەیە و ڕۆڵی ئەو تەنھا ئەوە نییە، وەک ڕاوێژکارێکی بەسەلیقە، ڕێنمایی بینەر بکات، تا کارێکی باش ببینن و کارێکی خراپ نەبینن. ھەروەھا کاری ڕەخنەگریش ئەوە نییە، دوای بینینی نەمایشێک خاڵە باش و خراپەکان دەستنیشان بکات؛ ڕەخنەی شانۆیی زۆر لەوە گرینگتر و پرۆسەیەکی ئاڵۆزتریشە. ھەموو فۆرمەکانی ھونەر، شانۆ، مۆسیقا، وێنەکێشان… ھتد، بەبێ ڕەخنە و ڕۆڵی ڕەخنە، بەڕای من لەژێر ھەرەشەدایە. ھونەری مۆسیقا و وێنەکێشان بە تەواوی لەم بوارەدا فەرامۆش کراون و ھیچ شتێک لەسەر پێشانگا و کۆنسێرتە مۆسیقییەکان ناوترێت و نانووسێت، بە ڕاستی ئەمە کارەساتە.
شانۆ ھونەرێکی گرانە، ھونەرێکە بە ئاسانی ناگەیتە دوا ئەنجامەکان، ڕەخنەگری شانۆیش دەبێت ئەم ڕاستییە بزانێت، ئەو توانا و جورئەتەی ھەبێت، پەردە لەسەر نەک تەنھا ھەڵەکان، بەڵکوو لەسەر توانای ھونەرمەندەکانیش ھەڵماڵێت. باشترین ڕەخنەگرەکانی شانۆیش ئەوانەن، کە ڕۆژانە لە ھۆڵی پرۆڤەکاندا دادەنیشن و چاودێری پرۆسەی داھێنان و ھەنگاو بە ھەنگاوی کاری ئەکتەر و ریژیسۆر دەکات. ڕەخنەگر چاوی سێیەم و خوێنەری سێیەمی نەمایشەکەیە، دوای ئەکتەر و ریژیسۆر، ئەو نەمایشکە دەگەیەنێتە ئاستی گەشە و تەواوی پرۆسە پراکتیکی و کردەییەکە شیدەکاتەوە و توانای کردنەوەی کۆدەکانی ھەیە. من لەو بڕوایەدام، ھەندێک یان چەند ڕەخنەگرێکی دیاری کراو تا ئاستێکی باش ئەو توانایەیان ھەیە. بێگومان بینەر یاخود ریژیسۆر و ئەکتەرەکان چەند ھاوڕان لەگەڵ ئەوەی ڕەخنەگر دەینووسێت، ئەوە شتێکی ترە و گرینگیش نییە.

تیۆرەکانی دەرهێنانی شانۆیی – دانا ڕەئووف

ڕەخنەگری شانۆیی تا چەند پێویستی بە تیۆری شانۆ ھەیە بۆ ئەوەی رەخنەگرێکی باش بێت؟ ئایا بنەمایەکی تیۆری بۆ ڕەخنەگر پێویستە؟

دانا ڕەئووف: ڕەخنەگرێکی باشی شانۆیی دەبێت لە شانۆ بزانێت و لە ھونەری شانۆ بگات، شانۆ ئەدەب نییە و ئەو کەسەی ڕەخنەی شانۆیی دەنووسێت بە شێوەیەک لە شێوەکان پێوەندی بە شانۆوە ھەبێت. کاتی خۆی ئەو کەسانەی ڕەخنەی شانۆییان دەنووسی کەسانی پسپۆر نەبوون، بەڵکوو زیاتر ئەو کەسانەبوون، کە سەرقاڵی ئەدەب و ڕەخنەی ئەدەبی بوون، وەک کارێکی ئەدەبی باسی ناوەڕۆک و بنەما ھزرییەکان و دەقە شانۆییەکەیان دەکرد، نەک لایەنە کردەییەکە و ئێستاتیکای شانۆ. لە ھەشتاکانەوە ئەم ڕێچکەیە گۆڕاوە و ئەوانەی ڕەخنە دەنووسن بەشێکن لە شانۆ و کارە شانۆییەکان. من خۆم، بەرلەوەی بنووسم چ وەک ئەکتەر و چ وەک ریژیسۆر کارمکردووە، ئەزموونی شانۆ و لایەنە کردەیی و پراکتیکییەکەم گواستۆتەوە بۆ نێو گوتارە ڕەخنەیی و شانۆییەکان.
تیۆری شانۆیی و شیکردنەوەی دەق و تێگەیشتن لە پێکھێنەرەکانی تری نەمایشی شانۆیی، رەخنەگر لە نەمایش و سروشتی کارەکە زیاتر نزیک دەکاتەوە و دیدە ئێستاتیکییەکەی لە ڕاڤەی ریژیسۆر و خوێندنەوەی نەمایشەکەدا دەردەکەوێت. ئێمە نامانەوێت رەخنەگر ریژیسۆ و ئەکتەر بێت، بەڵام پێویستە لە کاری ریژیسۆر و ئەکتەر بگات، زانیاری لە مێژووی شانۆدا ھەبێت و لە بنەما دراماتۆرگییەکانی دەق/نەمایش بگات.
ڕەخنەیش چەندین ڕێباز و تەوژمی تایبەتمەندی خۆی ھەیە و دەبێت ڕەخنەگر بزانێت لە چ بنەمایەکی فەلسەفی، دەروونی، جوانکاری یان ھەر ڕیبازێکی ترەوە، نەمایشەکان دەخوێندێتەوە. ئەمەیش پێویستی بە ڕۆشنبیرییەکی قووڵ و گشتگر و ھەمەلایەن ھەیە. لەبەر ئەوە ڕەخنەگرێکی باش بەبێ بنەمایەکی تیۆری نابێت بە رەخنەگرێکی باش و ھەرگیز ناتوانێت کۆد و سمبۆلەکانی نەمایش بدۆزێتەوە و نووسینەکانیشی بریتی دەبێت لە داڕشتن و وشە ڕیزکردن.

سازدانی: شاخەوان سدیق 

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.