![]()
خۆرگیران لە ژێر کڵاوی پیاوێکی قەڵەو
سروشت نەوزاد

دواین شیعرم ئەگەر بنووسم،
ئەگەر نەمرم و تەنانەت بەو وێنەیەمدا
کە فڕۆکەکە لە نێو قژمدا نیشتۆتەوە، نەیەمەوە یادت،
ئەگەر ون ببیت، ئەگەر بڕوخێت زێدەکەم
بۆ چاوەکانت ئەگەر کالە سپییەکان
لە پێ بکەم،
ڕەنگە بۆ ڕۆژهەڵاتت بگەڕێمەوە
ڕەنگە کەش و هەوا نەگۆڕێت
ڕەنگە ئاشناتر هەست بە ڕێگاکە بکەم…
ئەگەر بە دوای هیچ بیۆگرافیایەکدا نەچم
بە قەڵەم و
وەرەقەیەکی بەتاڵەوە:
هەموان کلێتەی تەسک و سمێڵی هەڵگەڕاوەی
خانەدانێکی قاجاریی دەناسنەوە
دەزانن کەوا هیتلەر شکستی هێنا
تابلۆی منداڵەکە لەسەر خۆڵێکی شێدار تەواو بکات.
ڕەنگە باشتر بێت ڕوو لەو پەڵە هەورە نەناسراوە بکەم
سپی وەک لوتکەی چیایەک، لە چاوی شینی
ئەو ژنەوە دەبیندرێت بە تەنیشت پیاوێکەوە
وا لە کەنار دەریاکە تەخت لەسەر پشت لێی کەوتون.
ئەگەر نارنجۆکێک کەوا هەڵم گرتووە،
بە بەختی خۆمیدا نەتەقێنمەوە،
ئەگەر غەمگینییەکەم بەرەو تابلۆیەک گلۆر بێتەوە
لە گۆڤارێکی منداڵاندا
ئەگەر لە دامێنی شەقامە تەسکەکە
دەست لەو پاسەکە ڕابگرم و
پاشان لەسەر کورسییەکی یەک نەفەری
ڕوو لە پەنجەرەکە دابنیشم،
ئەگەر وەک هەمیشە بەرەو ماڵ بگەڕێمەوە و
دیمەنی لە ناکاوی باڵندەکە لە ئاسماندا بکەمە هی خۆم
تا فەرمان بەسەرم بکەم
لە هیچ نەخشەیەکدا نەینێژم
ئەگەر شاشەکە وەلا بنێم بۆ نەبینینی خۆرگیران لە ژێر
کڵاوی پیاوێکی قەڵەودا کە تازە هاوسەرگیرییەکەی بەتاڵ کردۆتەوە،
هەروەها وەلانانی دەستەواژە و تابلۆیەکانی بانگەشە
لەسەر دیواری باڵاخانەیەک بە کامێرای یەک چاوی برسییەوە.
ئەگەر بمرم و خیانەت لە پەنجە تووتەی چەپم نەکەم
هێشتاش دەتوانم قاوەیەکی دی بخۆمەوە
چونکە دەزانم هیچ کەسێکتان ڕەنگە نەزانن ئێستا
من لە کوێم!


