هەورەکان ئاسمانیان پڕ کردبوو، خۆر پەردەیەکی هەوری بەخۆیدا دابوو خەو بردبوویەوە، بێ ئاگا لەم جەنجاڵیەی شەقامەکە. ئێوارەیەک لێوان لێو لە بێ ڕۆحی. لە ڕۆخی شهقامهكه خۆی گرمۆڵە کردبوو، ئەژنۆکانی کۆکردبۆوە و هەردوو دەستی خستبونە سەر کڵاوهی ئەژنۆکانی و چەناگەی لەسەر دەستەکانی دانابوو، چاوەکانی وەک دوو مرواری کۆن دەدرەوشانەوە و کۆمەڵێ پرسیاری بێ وەڵامیان پەخش دەکرد، نیگای چاوە قەترانیەکانی پێیان دەگووتم؛ تۆ وەرە و جێم مەهێڵە، من ئیشتیاقی مامەڵەیەکی تۆم.
چاوەڕوانی ئەویشی وەک هەزاران، هەزار کەسی ئەم دونیایە بێقەرار کردبوو، دڵی لە دڵی ئاشقێکی سەر شێت دەچوو کەوتبووە ئیشتیاقێکی قووڵەوە. لێ چاوەڕوانی ئەم جودا بوو، وەک ئاشقێک چاوەڕێی هاتنی مەعشوقەکەی بێت، چاوەڕێ بوو بێت و پاكهتێكی بچوكی دهستڕی كلێنێكسی لێ بکڕێت، بەڕادەی دەست لەملانی ئەشق و مەعشوقێک کامەرانی دەکرد.
نازانم، چۆن دەبێت یەکێک لەسەر بنەمای ڕەنگ پێڵاوەکانی لەپێ بکات و تۆ پێیەکانت لەسەر زەوی سڕ ببێت بەدیار فرۆشتنی کلێنکسێکەوە. ئاخر چی بکەم، سەر لەم هەموو ناداپهروهرییهی ژیان دەرناکەم. نەمزانی تاوانی تۆ چی بوو، وا کەوتبوویە ژێر باری ئەم سزا قورسەی ژیانەوە. بینینی تۆ، ئەم شارەی بە وێرانی هێنامە پێش چاو، تۆ بڵێی لە ئاست بینینی تۆدا ڕۆحی ئێمەی مرۆڤ بۆ کوێ گوزەری کردبێت.
ئەی منداڵە خوێن شیرینەکە، ڕوحی پاکت جوانیەکی بە شەقامەکە بەخشیبوو، بێدەنگیت هەرایەکی لەم گوزەرەدا نابۆوە، بەڵام بمبورە ئێمەی نابیست و نابینا، دەنگە پڕ سەدایەکەت نابیستین و درک بە جوانی ڕوحی تۆ ناکەین…