ئیسلامیەکان بەخۆیان و خوتبەبێژو موجاهید و تیرۆریان بوونەتە جێگەی بابەتی کاریکاتێرستەکان. دیارە لێرەدا هەڵەی ئیسلامی سیاسیە کەپیرۆزی ئاینەکەی خۆی دەخاتە ژێر پرسیارەوە. لەلایەک شێخەکانی نەوتی سعودیە و قەتەر و کەنداو بەگشتی خۆیان بەنوێنەری ئیسلام تێدەگەن و پشتگیری جوڵانەوە توندڕەویەکانی وەک قاعیدە و تەنانەت داعش دەکەن، لەلایەکی دیکە جمهوری ئیسلامی ئیران و حزبوڵاهی لوبنان و ڕژێمی سوریا و حزبی دەعوە و شیعەی ئێراق خۆیان بەنوێنەری ڕاستەقینەی ئیسلام تێدەگەن!
ئێستاش داعش و دەوڵەتەکەی ئەبوبەکری بەغدادی خۆیان لەسەروو هەمووانەوە دەبینین. لەم نێوەندەدا بەهەزارەها خەڵکی بێتاوان و منداڵ و ژن و پیر ڕۆژانە دەکوژرێن.
بەگشتی ئەم گەمەیەی ئیسلامیەکان بەنێوەندگیر و پەڕگیڕ وحکومەتەکانیانەوە، دەرچوونە لەپرسی ئاین وەک کایەکی میافیزیکی و ڕۆحانیەتی گەورەی نێوان مرۆڤ و خواوەند .
خوا لەشوێنێکە کەتەنها مرۆڤ لەڕیگەی خودی خۆیەوە دەتوانێت قبوڵی بکات و دەشتوانێت بڕوای پێنەکات، مرۆڤ ئازادە بڕوای بەخوا هەبێت یان نەبێت .
ئاوەها ئیسلامی سیاسی دەیەوێت بەزەبری شمشێر و سەربڕین خوایەکت پێ بناسێنێت کە نوێنەری شمشیرە نەک جیهان ، لێرەوە بوون بەبابەتێکی باشی کاریکاتێرستەکان!