وەک چۆن سیستمێکی حوکمڕانی پاکژو دیمکراسی بەبێ بوونی کۆمەڵگەیەکی زیندوو و هۆشیار بە مافە سەرەتایی بنچینەییەکان بوونی نیە، ئاوەهاش سیستمێکی حوکمڕانی مافیاگەری و نادادپەروەر و دیکتاتۆر بەبێ کۆمەڵگەیەکی هەلاهەلا و کۆنترۆکراو و ژێردەستە بوونی نیە. ئەوەی مافیاکانی حوکمڕانی لەکۆی سیستم و بەرپرسیارییەتییەکانی دیکە جیادەکاتەوە ئەو تۆڕە وەحشیگەری و نائەخلاقییەیە کە لە تەونێکی نائینسانی و ئاژەڵییدا کۆی سەرچاوە دارایی و سیاسی و کارگێریی و ژیارییەکانی کۆمەڵگە تەونڕێژ و پەنهانگیر و داگیردەکات.
ئەم شکستە ئەخلاقییە ترسناکە، لە شکستی سیاسییەوە دەستپێدەکات تاشکستی حکومڕانی و پەرلەمانی و ئابوری و شارستانی و فەرهەنگی، ئەوانەی پێنوایە حیزبەکانی کوردستان حیزبگەلێکن و لە ململانێی سیاسیدان، کاڵفامن بەوەی کە ئەمانە بێجگە لەبەرپاکردنی هەڕاجخانەیەکی مافیاگەرانەو بەدئەخلاقانە هیچی دیکەیان بەرپا نەکردووە. هەر لەگەڕەلاوژێ و ستمەکاریی ئابورییەوە تادەگاتە ستەمی حیزبی و حکومڕانی و یاسایی و تا دواترپکی نادودوەری کۆمەڵایەتی و مرۆیی.
لەگەڕەلاوژێییەکی لەوجۆرەدا؛ حیزبی حکومڕان دەبێتە هێزێکی دڕندەو حاکمی موتڵەق و ستەمکاری و دیکتاتۆر، ئۆپۆزسیۆن دەبێتە هەزار پارچەی ترسنۆک و بێ دەسەڵات و سەرلێشێواو، حیزبە مەزهەبی و ئاینییەکان دەبنە واعیز و مەلای مردوو، ئەوانی دیکەش دەبن شەریکە دز و شەریکی مافیا و شەریکی ستەمکاریی.
ئەوەی لە کوردستاندا دەگوزەرێ بێجگە لەگەڕەلاوژێکی نائەخلاقی و نامرۆیی و ناشارستانی هیچی دیکە نیە، کۆمەڵگایەک کە سەرلەبەری جومگە زیندووەکانی پەکخراوە یان داگیرکراوە یان گلارکراوە بۆ بەرهەمهێنانی بێشومار کردەگەلی هەمەجی و نادادپەروەرانە و نائەخلاقیانە؛ ئیتر هەر ئومێدێک بەم سیستم و حکومڕانییە بێجگە لە گەمژەییەکی کاڵفامانە هیچی دیکەی لێ سەوز نابێت.
گەڕەلاوژێی حیزبی
ئەوە گەمژەکانن پێیانوایە یان لەو باوەڕەدان ئەوەی لە کۆمەڵگەیەکی وەک کوردستاندا دەگوزەرێ سیاسەتە یان کێبرکێی ئاستە جیاجیاکانی ستراتیژە سیاسییە لێکدژ و ناکۆکەکانە، شتیک نییە بە ناوی ناکۆکی ململانێ و عەقلانییەتی سیاسی و هزرگەرایی تیۆری و کڵێشەسازی و ئابوری و سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی، ئەوەی لەناو ئە مێگەلە حیزبییە بنەماڵە مشەخۆرو پیاوکوژانەوە بەرهەمهاتووە؛ بێجگە لە قۆرخکردن و پاوانکردنی پانتاییەکی بەرفراوانی دزی و راوڕوت و تاڵانخۆری لەئاستێکی باڵای هەمەجییەتدا؛ هیچی دیکە نیە.
باڵاترین ناوەندی بڕیار و بیرکردنەوە و داکۆکیکردن لە خەڵک و کۆمەڵگەو دەستور و دادگاییکردن و لێپێچینەوە لە وەزیر و بەرپرسە دزو تاڵانخۆرەکانی نیشتمان لەلایەن بنەماڵەیەکی هەلفوتی خێڵەکی و حیزبییەوە نەک هەر پەکخراوە بگرە ئێستا پەرلەمان بێجگە لەئاودەستخانەیەکی گەورە بۆ بەتاڵکردنەوەی قێزەوەنییەکانی حیزب هیچی دیکە نیە. حیزبەکانیش بێجگە لە کۆمەڵێک شەریکە مافیای بێدەنگ و بێ هەڵوێست و مەڕ هیچی دیکە نین.
بەپێی سەرجەم راپۆرتە جیھانییەکان و زۆرێک لە کەناڵە جیھانی و پرۆفیشناڵەکان و کەناڵە نێوخۆییە ئەھلی و ئازادەکان بە شایەتی کۆمەڵگەیەکی ٥ ملیۆنی ھەردوو حیزبی دەسەڵاتدار گەورەترین و مافیاترین ھێزی بە قاچاغبرنی نەوتن لەناوچەکەدا. ھەر کەسێکیش ئەم رەخنە و راستیانەی پێ قبوڵناکرێت دەتوانێت بڕوانێتە راپۆرتەکانی کەناڵی, KNN, BBC NRT ، جەزیرەو لڤین، راپۆرتەکانی رێکخراوە جیھانییەکان لەبارەی گەندەڵیەوە.
گەندەڵی تەنھا راوڕوتی دارایی نییە، بەڵکە خولقاندنی سیستمێکی یاساییە بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایە و شەرعیەتدان بەبڕینەوەی بودجەیەکی خەیاڵی بۆخۆت و شاردنەوەی سەرلەبەری نھێنییەکانی دارایی، بریتییە لەشاردنەوەی بودجە و خەرجییەکان، برتییە لەوەی حیزب خاوەنی ھەزاران ئەندامی موچەخۆری خەیاڵییە و دنیایەک پڕۆژەی کارتۆنی و وەھمی ریزدەکات بۆ سفرکردنەوەی بودجە و نھێنییەکان. لەڕاستیدا من ئەم دیاردەیەم ناو ناوە دیکتاتۆریەتی گەندەڵی.
لەژێر دەسەڵات و ھەمەجیەتی حیزبگەراییدا کۆمەڵگە وەک کیانێکی سەربەخۆو زیندوو وجودی نامێنێت، سڕینەوەی کۆمەڵگە یەکێکە لەمەھامە ھەرە گرنگ و بنچینەییەکانی دەسەڵاتە موتڵەق و دیکتاتۆر و دیماگۆجەکان، ئەم پڕۆسەی سڕینەوەیە تەنھا بریتییە نییە لەسڕینەوەی شوناس و زیندوێتی کۆمەڵگە وەک رووبەرێکی بەرھەمھێن و کاریگەرو پەیوەندیدار، نەخێر ئەم پڕۆسەیە بریتییە لەگۆڕینی شوناس و مەھامی کۆمەڵگە لەسەربەخۆییەوە بۆ وابەستەیی و پاشکۆیی، لەروبەرێکی زیندووەوە بۆ پانتاییەکی مردوو، لەکۆمەڵگەیەکی خۆژێنەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی بەکاربەرو موحتاج و موچەخۆر، گۆڕینی کۆمەڵگە لەپێکھاتەیەکی فرە جومگە و فرە رەنگەوە بۆ کوتلەیەکی کۆنکرێتی بێقسە و بێدەنگ و خامۆش.
گەڕەلاوژێی لەشکرییی
نکۆڵی لەوە ناکرێت کە پێشمەرگە هێزێکی گەورەی جیهانییە ئێستاکەو سەرلەبەری وڵاتانی جیهان و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لەسەر تیرۆر و لەشکری رۆژانە باس لە رۆڵ و کاریگەری ئەم هێزە دەکەن، بەڵام لەکوردستان ئەم هێزە دابەش بووە بەسەر چەند حیزبێکی نەخۆش و مافیای و تاڵنچیدا و خودی پێشمەرگە بە گیرفانی بەتاڵ و بەهەزاران خەمی دارایی و کۆمەڵایەتی و بژێوییەوە لە جەنگێکی گەورەدایە؛ ئەمە حەقیقەتێکەو نکۆڵی لێناکرێت، تەنها چڵکاوخۆرەکانی حیزب دەتوانن نکۆڵی لەم فاکتانە بکەن.
پێشمەرگە لەنێوان کۆمەڵێک بەرداشی ترسناکی کۆمەڵێک ستراتیژی مافیاگەریی حیزبەکان و دەوڵەتانی ناوچەکەدا لەبەردەم مەترسی گەورەدان، مەرتسی ژیان و نائومێدی و وەهم و درۆی گەورەی سەرکردە و بەرپرسە مافیاکان و تێکرای ئەو عەقڵیەتە نەخۆشەی کە سەرلەبەری سەرچاوە دارایی و سیاسی و سامانی نیشتیمانیان داگیرکردووە و ئەم هێزە لەشکرییەش کە گەورەترین سەرمایەی رەمزی و شارستانی نیشتیمانە لە ترۆپکی نەهامەتی و نەداریی خۆیدا دەژی.
گەڕەلاوژێی ئابوری و چەوسانەوەی ئابوری
پاش تاڵانکردنی کۆی سەرچاوە ئابوری و داراییەکانی نیشتیمان لەلایەن دەستەیەکی مافیاگەری حیزب لەهەردوو حیزبی دەسەڵاتدار و هەردوو بنەماڵەی حیزب و سەردەستەی چەتەکانی نەوت و بودجەی نیشتیمان، ئەوەی ئێستاکە دەگوزەرێت شەڕە لەسەر ئەو کەلاکە ئابورییەی کە ناوی نیشتمانە. ئەوەی لە کوردستاندا دەگوزەرێت لەهەر وڵاتێکی دیکەی دنیادا روویبدایە ئێستا سەرلەبەری ئەو مافیانەی حیزب یا لە تەنەکەخۆڵ و زبڵخانەکاندا دەبوون یان لەناو بەندیخانەکاندا و لەبەردەم بەتی سێدارەدا دەبوون.
چەوسانەوەی ئابوری لەم جۆرە کۆمەڵگەیەدا، چەوسانەوەیەکی ناشرین و بێئەندازە قێزەوەنە، لەسەردەمی دیکتاتۆرەکاندا دەسەڵات بەھەموو ھەژموونی خۆی و دنیابینی خۆییەوە مرۆڤەکان لەڕێی چەوسانەوەی سیاسی و فەرھەنگی و ئابورییەوە وێرانبکات، ھەرچەندە دەسەڵاتە نامۆدێرن و جاھیلەکانیش بەھەمان ئاڕاستە کاردەکەن بەڵام خراپترو وێرانتر دەکارن مرۆڤەکان لەخراپترین چەوسانەوەدا ژیان و گوزەرانیان وێرانبکەن، لەراستیدا چەوسانەوە ھەر چەوسانەوەیە، ئەو چەوسانەوەیەی کە دیکتاتۆرەکان ئەنجامی دەدەن ھیچ جیاوازییەکی نیە لەگەڵ ئەو چەوسانەوە ئابورییەی کە حکومەتە نادیموکرات و ناعادیلەکان ئەنجامیدەدەن.
لەڕاستیدا ئەوەی مافیاکان کاری لەسەر دەکەن بۆ بەرپاکردنی سیستمێکی حوکمڕانی و بەڕێوەبردن بێجگەلە لەکۆیلەکردن و دەستەمۆکردن و لەپەلوپۆخستنی کۆمەڵگە بە وەحشیگریترین شێوە و بەرنامەی دۆزەخی هیچی دیکە نین.
جیاوازی گەورە ھەیە لەنێوان مافیا و حیزبدا، کە رەنگە ھەمومان ئەو جیاوازییە بزانیین، بەڵام مەترسیدارترین ساتەوەخت ئەوکاتانەیە کە حیزب دەبێت بە مافیا..یان کاتێک حیزب دەقاودەق وەک مافیاکان رەفتار دەکەن، مافیاکان ئیشایان چییە؟
کوشتنی ئینسان بە نھێنی، سوتاندنی موڵک و ماڵی نەیارەکانیان، دزینی پارەو موڵک و ماڵی گشتی، رفاندن و ونکردنی ئەو کەسانەی دەبنە رێگر لەبەردەم مەرامەکانیان، ھاوکات مافیاکان کۆمەڵە بازرگان و مشەخۆرێکن کە لەسەر کۆمەڵگەو خەڵک دەژین وەک ستەمکارو ھێزێکی کوشندە. مافیای مۆدێرن لەئاستێکی ترسناکدا ئەو پرۆسەی تاڵانخۆریی و راوڕوتە گەورەیە بەرپادەکات، مافیاگەری حکومڕانی، مافیاگەری حیزبی، مافیاگەری لەئاستی چەواشەکاریی و لەئاستی وەهمی و لەئاستی سیاسی و سەرۆکایەتیدا.