!سیاسه‌ت و درۆی ئۆرگانیزه‌کراو 10
فه‌یله‌سوف و هونه‌رمه‌ند و ڕۆشنبیر و ئه‌دیب و سیاسی ڕاستەقینە، له‌گه‌ڵ درۆی سیاسه‌تدا ده‌که‌ونه ململانێه‌وه. ئه‌م ناکۆکیه‌ی نێوان هه‌قیقه‌تی ئه‌قڵانی ودرۆی سیاسی، له‌لایه‌ن فه‌یله‌سوف و بیرمه‌نده‌کانه‌وه کهشفدهکرێت، گومانکردن له‌دۆزه سیاسیه‌کان وه‌ک هه‌قیقه‌تی ڕه‌ها و موقەدەس، ده‌بێته ئه‌رکی ڕۆشنبیران، فه‌یله‌سوف و بیرمه‌نده‌کان.شتێک نییه له‌دونیادا پێی بڵێین بێده‌نگبوون، شتێک نییه بگوترێت ئه‌وه درۆیه‌کی گه‌وره‌یه و نوسه‌ر و بیرمه‌ند و ڕۆشنبیری جیدی ئاماژه‌ی بۆ نه‌کات.
دیاره لێره‌دا بۆئه‌وه‌ی نه‌که‌وینه هه‌ڵه‌وه ده‌بێت ئه‌وه بڵێین کهمیتۆدی ده‌ربڕین هه‌موویان وه‌ک یه‌ک نین به‌ڵام ده‌کرێت له‌ڕووی گووتنی هه‌قیقه‌ته‌وه یه‌ک ئامانج بێت. لێره‌وه کاتێک بیرمه‌ند قسه‌ده‌کات ته‌واو جیاوازه کاتێک ڕۆژنامه‌نوسێک یان چالاکهوانیک یان شۆڕشگێڕێکی مه‌یدانی باس لهههڵماڵینی درۆی ئۆرگانیزه‌کراو ده‌کات. دونیای بیرکردنه‌وه‌کان جیاوازان و کایه‌کانیان هه‌مه‌جۆرن، لێره‌دا ته‌عبیرکردن لهگووتنی (هه‌قیقه‌ته ڕیالستیهکان) وه‌ک خۆی ده‌کرێت چه‌نده‌ها شێوازی جیاواز وه‌ربگرێت، ئه‌وه‌ی کهڕۆژنامهنوسێک بهفاکتهوه قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌کات، جیاوازه له‌وه‌ی که بیرمه‌ندێک یان نوسه‌رێک قسه له‌سه‌ر ئه‌و فاکتانه ده‌کات.
لێره‌وه ئێمه نمونه‌ی (هانا ئاڕێنت) وه‌ک خۆی ده‌هێنینه‌وه، به‌وه‌ی له‌دادگایکردنی (ئادۆلف ئایشمان) هه‌رگیز وه‌ک ڕۆژنامه‌نوسێک هه‌وڵنادات وورده‌کاریه‌کانی دادگایکردنه‌که بگوازێته‌وه بۆسه‌ر ڕووبه‌ری ڕۆژنامه‌ی (نیوۆرکهر) که‌له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه ئه‌م خانمه فه‌یله‌سوفه نێردرابوو بۆ ئیسرائیل. (هانا ئاڕێنت) له‌ڕوانگه‌یه‌کی جیاوازه‌وه لهدادگایکردنهکهی ده‌ڕوانی، ڕوانگه‌ی فه‌یله‌سوف و نوسه‌رێک که‌ته‌واو له‌دیدی ڕۆژنامه‌نوسێک جیاوازه، دیدی ئه‌و ته‌واو له‌دیدی سیاسیه‌ک جیاوازه… بۆنمونه جڤاتی جوله‌که‌کان چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یان له‌م خانمه فه‌یله‌سوفه ده‌کرد کهبهڕاستهوخۆ ئیدانه‌ی (ئادۆلف ئایشمان ) بکات، به‌ڵام (هانا ئاڕێنت) له‌ڕوانگه‌یه‌کی زۆر فهلهسهفیانهوه لهفیگوری ئایشمانی ده‌ڕوانی وه‌ک نوێنه‌ری سوستمێکی فاشی و تۆتالیتاریزم. سانا ده‌بوو بۆ ئه‌م خانمه خۆی بکردایه به‌و پاڵه‌وانه‌ی که‌ده‌توانین به‌ئاسانی له‌گه‌ڵ گوتاری ئیدانه‌کردنی ڕاسته‌وخۆدا یهکیبگرتایهتهوه.
به‌ڵام ڕاسته‌وخۆ بیگوتایه ئایشمان و نازیه‌ت تاوانبارن و ده‌بێت له‌سیداره بدرێن. ڕاسته‌وخۆ بیگوتایه نازیه‌ت تاوانی دژی به‌مرۆڤایه‌تی کردووه و ده‌بێت له‌ڕه‌گه‌وه ههڵکێشرێ! ئه‌مه‌و چه‌نده‌ها بیروڕای دیکه که‌ده‌کرێت به‌ئاسانی بگوترێت. به‌ڵام کڕۆکی تۆتالیتاریزم ، جه‌وهه‌ری فاشیزم و تاوانه‌کانی له‌کوێی ئه‌م مرۆڤانه‌دان که‌تاوان ئه‌نجامده‌ده‌ن، بێئه‌وه‌ی هه‌ست به‌ئازاری ویژدان بکه‌ن؟ بۆچی وه‌ها هه‌ستده‌که‌ن که‌هیچیان نه‌کردووه و بۆیه‌ک چرکه‌ساتیش بێت بیریان له‌تاوانه‌کانیان نه‌کردۆته‌وه، به‌هه‌مان شێوه‌ش له‌هانا ئاڕێنتهوه ده‌بێت ئه‌م ئه‌زمونه بگوازینه‌وه نێو دونیای کوردی و بڵێین: بۆچی به‌عسیه‌کان نه‌ک هه‌ر هه‌ست به‌تاوان ناکه‌ن به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو تاوانه‌ی ئه‌نجامیانداوه، به‌ڵکو دێن و خۆیان لهسوستێمی دوای ڕووخانی سه‌دامدا له‌نێو ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌تی ئێراقی و له‌نێو پارته سیاسیه‌کاندا دووباره ده‌که‌نه‌وه؟. به‌ڕێز (ئه‌یاد عه‌لاوی) که‌سه‌رۆک وه‌زیران بوو له‌قسه‌کردن و گفتوگۆکانی تهلفیزۆنیدا و تائێستاش که‌باسی یاده‌وه‌ری خۆی ده‌کات، ئه‌وه‌نده جوان به‌ئه‌م و ئه‌و ده‌ڵێت (به‌عسی قه‌دیم)، به‌جۆرێک مرۆڤ وه‌های هه‌ستده‌کرد که ڕووخانی به‌عس تاوانێک بووه، نه‌ده‌کرا بکرێت، به‌ڵکو ده‌بوایه ڕیفۆرمی تێدا ئه‌نجامبدرایه! به‌ڕێز (ئه‌یاد عه‌لاوی) ئه‌وه‌نده‌ی ستایشی بهعسیهکۆنهکانی ده‌کرد مرۆڤ ئه‌و پرسیاره‌ی ده‌کرد، که‌ئایا ئه‌م پارته‌ی ئه‌م براده‌ره باسیده‌کات کامه به‌عسه که‌ئیمه نهماناسیوه؟، یان ئێمه گێل و ناتهگێشتووبووین و چه‌نده‌ها ساڵه شه‌ڕ له‌گه‌ڵ هێزێکی چاکه‌کاردا ده‌که‌ین!
نمونه‌یه‌کی دیکه‌ی کۆپیه‌کانی ( ئادۆلف ئایشمان) له‌ئێراقدا ، پیاوایکی ترسناکی ئیستخباراتی عه‌سکه‌ری سوپای سه‌دام بووه به‌ناوی (وفیق السامرائی) کهلهپیاوه ترسناکه‌کانی سه‌دام بوون و جێگری ده‌زگای ترسناکی ئیستخباراتی عه‌سکه‌ری سوپای ئێراق بوو، نه‌ک هه‌ر هه‌ست به‌تاوان ناکات به‌رامبه‌ر هه‌موو ئهواتوانه گه‌ورانه‌ی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وادا سوپای ئێراق ئه‌نجامیداون، له‌ماڵوێرانی کوردستانه‌وه بیگره تا کوشتنی شیعه له‌باشور و داگیرکردنی کوێت و کوشتنی مرۆڤ له‌ئێراقدا به‌گشتی.
ئه‌م پیاوه وه‌ک ئایشمان هه‌ست به‌تاوان ناکات، به‌ڵکو موزایهدهشمان به‌سه‌ردا ده‌کات و له‌ئێراقدا به ڕاوێژکار و خه‌بیر و چاودێری سیاسی سه‌رۆك تاڵه‌بانی. له‌دوای ڕووخانی سه‌دام خۆی نمایشده‌کات و وابزانم ئێستاش له ڕۆژنامه‌ی (شه‌رقولئه‌وسه‌ت ) ده‌نوسێت و بۆته شاره‌زای سیاسی و سه‌ربازی .
ئه‌مه‌و چه‌نده‌ها نمونه‌ی زیندوو ده‌توانین له‌ڕێگه‌ی (ڕۆشنبیر) و (بیرمه‌ند) له‌جه‌وهه‌ری به‌کاربه‌ریان تێبگه‌ین کاتێک ده‌که‌ونه ژێر شیکار و ڕاڤه‌وه. لێره‌وه ئه‌وه‌ی که‌شه‌ڕی درۆی ئۆرگانیزه ده‌کات و ده‌یخاته ژێر تیشکی شرۆڤه‌وه له‌پێناو دروستکردنی هۆسمهندیهکی گه‌وره له‌به‌رامبه‌ر سته‌م ، بیرمه‌ند و نوسه‌ره که‌نوێنه‌ری (هه‌قیقه‌ته ئهقڵانیهکانن )، وه‌ک ئاماژه‌ما پێدا (هه‌قیقه‌ته ئه‌قڵانیه‌کان) ئه‌و چوارچیوه فه‌لسه‌فی و پڕنسیبه گشتیانه‌ن که پرسی مۆڕال و ئه‌خلاق و چاکه‌و خراپه و په‌یوه‌ندی مرۆڤ به‌ئه‌ویتر و بهدوینای ده‌سه‌ڵات و دونیای ده‌ره‌وه‌ی خۆی دیاریده‌کات. به‌ڕای من هه‌قیقه‌تی ئه‌قڵانی که‌له‌دوایدا بیروڕای سیاسی له‌سه‌ر دروستده‌بێت، ئه‌و کڵێشه گرنگانه‌ن که‌مرۆڤ بۆ مامه‌ڵه‌کردنی دروست و ئازادانه‌ی پێویستی پێیه‌تی. گه‌ر ڕۆشنبگهری به‌ته‌عبیری (ئه‌مانۆیل کانت ) ته‌عبیر بێت له ئازادکردنی مرۆڤ لهبڕیاڕداندا وه‌ک خودیکی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ. ئه‌وا هه‌قیقه‌ته ئه‌قڵانیه‌کان ئه‌و وزه و هێزه‌مان پێده‌به‌خشن که به‌رامبه‌ر ناشرینیه‌کانی دونیا ببینه‌وه. ئه‌وه فه‌یله‌سوف و نوسه‌ره له‌ڕیگه‌ی بیروڕاکانیانه‌وه، ئه‌و ژینگه‌یه بونیادده‌نێن بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ له‌ئازادی خۆی و دونیا نێزیک بێته‌وه.
مه‌رگی درۆی ئۆرگانیزه‌کراو
درۆی ئۆرگانیزه‌کراو له‌لایه‌ن ڕۆشنبیران و بیرمه‌ندان و هونه‌رمه‌ندانه‌وه زه‌نگی ناکۆکی خۆی لێده‌دات. ماسکەکانی درۆی هەڵدەماڵرێت و دەم و چاوی ڕاستەقینەی ئاشکرادەکرێت، بێگومان گرنگی بیرمەند و ڕۆشنبیر بەگشتی لەم خاڵەدا کۆدەبێتەوە کەزەنگی مەترسی لەسەر ئازادیەکان لەپێش هەمووانەوە لێدەدات و لەگەڵ تەوژمی مێگەلی جەماوەریدا ناڕوات، وەک درۆزنی سیاسی گاڵتە بەئەقڵی گشتی دیاریکراو ناکات ، لێره‌دا لهگریکی کۆنه‌وه (ئه‌نتیکا) دووکه‌س دێته‌وه یادمان، یه‌که‌میان سوکراتهو دووهه‌میان دیگۆینی سێنۆپیه. مێژووی بازاڕه دێرینه‌کانی یۆنان، مێژووی سوکراته چۆن لەبازاڕەکانی ئەسینا گەندەڵی حوکمدارانی ئەسینای ئاشکرا دەکرد و گاڵتەی بەدادوەرە موزەیفەکان دەکرد، گاڵته‌ی بهخواوهنده موزهیفهکانیان ده‌کرد، و گه‌نجه‌کانی هانده‌دا ئازادبن، به‌قسه‌ی ئه‌و په‌ڕله‌مانتار یان سینتاته درۆزنانه نه‌که‌ن که‌ته‌نها به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ده‌بینن، له‌دوای مردنی سوکرات دیۆگین فیگوریکه به‌نێو بازاڕه‌کانی ئه‌سینادا به‌چرایه‌که‌وه ده‌هات و ده‌چوو بۆئه‌وه‌ی به‌خه‌ڵکی بڵێت ئێوه له‌ڕۆژی نیوه‌ڕۆدا له‌نێو تاریکیدا ده‌ژین، دیۆگین قسه به‌ناوبانگه‌که‌ی به ئهسکهدهرنی مه‌قدۆنی ده‌ڵێت (لاچۆ له‌به‌ر چاوم تۆ به‌ری خۆرم لێده‌گریت)…ئاوەها ئازیزان فەیلەسوف و ڕۆشنبیر و هونەرمەند، وەک سوکرات لەڕۆژی نیوەڕۆدا قسە لەسەر شتەکان دەکه‌ن وەک خۆی، نەک وەک ئەوەی دەسەڵاتێکی ئاینی یان سیاسی یان ئایدۆلۆژی دەیەوێت.
فۆکۆ و پرسیارێکی ساده
به‌مشیوه‌یه هەڵگرانی پەیامی هەقیقەت ئەو ئەکتیڤست و ڕۆشنبیر و فەیلەسوف و هونەرمەند و ئەدیبانەن کەدەبنە هەڵگری پەیامێک بۆ هەقیقەت، مێژووی مرۆڤایەتی لەسوکراتەوە بیگرە تاوکو ڕۆژانی ئەمڕۆ چەمکی ڕۆشنبیر و ئەدیبی بەچەمکی هەقیقەتەوە پابەند کردووە. میشێل فۆکۆ لهچاوپیکهتنطکدا له‌گه‌ڵ لۆمند به‌ناوی فەیلەسوفێکی ماسکدار ، که‌له‌ساڵی 1980 چاوپێکەوتنێکی له‌لایه‌ن کریستیان دیلاکامپاگن له‌گه‌ڵدا کراوه، لەوەڵامی پرسیاری ئه‌وه‌ی (ڕۆشنبیر کێیە؟) دەڵێت: ( زۆرانبازیه‌که له‌وکاته‌وه ده‌ستپێده‌کات کهفهیلهسوف و بیرمه‌ند ڕاستگۆیانه داوای پیاده‌کردنی هه‌قیقه‌ت ده‌کات له‌ده‌سه‌ڵاتی سیاسی..) 1-9
بەتێگهیشتنی (میشێل فۆکۆ) ڕۆشنبیر، فەیلەسوف، ئەدیب داوای ئه‌وه ده‌کات که‌چه‌مکی عه‌داله‌ت وه‌ک خۆی هه‌یه پراکتیزه بکرێت، دادوه‌ری له چوارچێوه‌ی دیالۆگێکی دیالکتیکیانه تاوتوێ بکرێت، نه‌ک لهچوارچێوهکانی سوودمه‌ندی سیاسیه‌وه. فۆکۆ دەربارەی ڕۆشنبیر وێنەیەکی هەیە ئەویش هەڵگری پەیامێکی هەقیقەتە. فۆکۆ دەڵێت (من لەئاسۆگەدا چەندەها دەوڵەتی بەڕەونەق دەبینم، کەڕۆشنبیریان لەزیندانەکانیاندا بەندکردووە..1-9)
له‌م به‌شه‌وه ڕێگه‌کان جیاده‌بنه‌وه له‌نێوان هه‌قیقه‌ت و سیاسه‌تدا، چونکه سیاسه‌ت ئامانجی هه‌قیقه‌تی ڕه‌هانیه و خۆی بهپڕنسیبهکانی ئه‌و ههقیقهتهوە پابه‌ند ناکات، به‌ڵکو به‌شێکی ته‌فسیرکراوی ئه‌و هه‌قیقه‌ته ئهقڵانیهی پێویسته که‌یارمه‌تی ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی له‌نێو گوتاری ده‌سه‌ڵاتدا به‌رده‌وام بێت. پارادۆکسی سیاسه‌ت لێره‌دا، له‌نێو کایه ئهقڵانیهکاندا ده‌ستپێده‌کات.
دروستکردنی بیروڕا
سروشتی سیاسه‌ت کارکردنه له‌سه‌ر (هه‌قیقه‌ته ڕیالیستیهکان) ئه‌مه‌ش ناکۆکی نێوان هه‌قیقه‌ت و درۆکردنە له‌سیاسه‌تدا. هانا ئارێنت دەڵێت (شه‌ڕی نێوان سیاسه‌ت و ڕاستگۆیی هه‌ر وه‌ک خۆی به‌رده‌وامی هه‌یه ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت هه‌قیقه‌ته ڕیالستیهکان جێگه‌ی هه‌قیقه‌ته ئه‌قڵانیه‌کان گرتۆته‌وه)بڕوانە: هانا ئاڕینت، سیاسەت و هەقیقەت، 2-20..
هه‌قیقه‌ته ئه‌قڵانیه‌کانی وەک پرسی ئاین و میتافیزیک، پرسی جیاکردنه‌وه‌ی ئاین له‌ده‌وڵه‌ت، پرسی ئازادی، لەدیالۆگێکی هەمیشەیدایە بەمشێوەیە وه‌ک هانا ئاڕێنت ده‌ڵێت : (هه‌قیقه‌ته فه‌لسه‌فیه‌کانیش وازیان هێنا داواکاریه ڕه‌هاکانیان به‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌دا بسه‌پێنن..).
میکرۆ تیۆری ڕه‌خنه‌یی
فه‌لسه‌فه له‌دنیای مۆدێرندا ئه‌و ڕاسته‌وخۆیه‌ی ونکرد که‌به‌سه‌ر سیاسه‌ته‌وه هه‌یبوو، لێره‌وه ئایدۆلۆژیه مۆدێرنه‌کان جێگه‌ی فه‌لسه‌فه‌و ئاین ده‌گرنه‌وه. لەدوای جەنگی جیهانی دووهەم (میکرۆ تیۆری) پەیدا دەبن، چیدی (فەلسەفەی زاتی) یان فەلسەفەی خودی ئەو کاریگەرییە گەوەرەیەی نامێنیت، فەلسەفەی زاتی مانای بوونی فەیلەسوفێکە لەچەقی تێوەرەیەکدا، وەک دیالکەتیکی هێگڵ، ئەقڵانیەتی کانت، وجودیەت و زەمەنی مارتین هایدگەر و زۆر لەفەیلەسوفانی تر کەنەیانتوانی ڕێگربن لەڕوونەدانی هۆلۆکۆست و ماڵوێرانی. لەدوای ئەم قۆناغە (میکرۆ تیۆری) پەیدا دەبێت، ئەویش ئەو فەیلەسوف و بیرمەندانەن بەدیدێکی ڕەخنەگرانەوە فەلسەفە پابەند دەکەنەوە بەڕووداوەکان. هانا ئاڕینت و هابرماز و ئادۆرنۆ و هۆرکاهایمەر و تادەگاتە سڵۆتێردایک و ژیژک وسافرانسکی و زۆریتر..لەهەموو کایەکاندا کاری تیۆری و ڕەخنەیی دەکەن. بەمەش هەقیقەتە ئەقڵانیەکان جاریکی تر دەچێتەوە نێو بوارەکانی ژیان.
ئیدی له‌نێوان بیروڕاکان و ڕاستیه‌کانی دنیای ده‌ره‌وه‌ی ئێمه‌دا په‌یوه‌ندیه‌ک هه‌یه پێویستی به‌دۆزینه‌وه‌ی توخمه پێکهێنەرەکانێتی، پێویستی بهههڵوێستهکردن هه‌یه له‌سه‌ری بۆ که‌شفکردنی میکانزمی کارکردنی. من پێموایە لەو گۆشەنیگایەوە قسه‌کردن له‌سه‌ر گۆڕانی واقعێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی دەبێته پڕۆژه‌یه‌کی مومکین.
دەکرێت هێشتا بڕوا بەو گوتەزایەی مارکس بهێنین کە فەلسەفە توانای گۆڕێنی دنیای هەیە. لێرەوە پەیدابونی فیگوری سیاسی جیدی، کەئەکتەری ڕاستەقینەی گۆڕانی دنیایە، خۆی لەنێو هەقیقەتە ئەقڵانی و ڕیالستیەکان فۆرمولەدەکاتەوە و دەتوانێت ببێت بەبکەرێکی سیاسی ڕاستەقینە. بێگومان ئه‌وه ئه‌قڵانیه‌تی سیاسیه که‌ئه‌و جیاوازیه ده‌دۆزێته‌وه و کاری له‌سه‌ر ده‌کات، ئه‌وه ئهقڵانیهتیه خۆی لهههقیقهته ڕیالستیهکان نێزیک ده‌خاته‌وه، له‌پێکهاته و جوڵه و دنیای ناوه‌وه‌ی ڕاستی کۆمه‌ڵگه تێده‌گات و هه‌وڵده‌دات له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌قڵانیه‌تی سیاسی دنیایه‌ک بگۆڕێت کهدێر زه‌مانێکه بوونی هه‌یه، به‌دونیایه‌کی دیکه‌ی جیاوازی خه‌یاڵبۆکراو.
درۆی سیاسی له‌وکاته‌وه ده‌ستپێده‌کات کهههقیقهته ئه‌قڵانیه‌کان دەبنە بیروڕایەکی سیاسی ناجۆر، بەپێچەوانەی جەوهەری خۆیانەوە بەکاردەبرێن. زۆر جار گروپه سیاسیه‌کان له‌ڕێگه‌ی هه‌قیقه‌تی ئهقڵانیهوە ده‌گه‌نه ده‌سه‌ڵات و پێگه‌یه‌ک بۆ خۆیان زامنده‌که‌ن، به‌ڵام نقومبوونیان له‌نێو دنیای خۆیاندا، خوماربوونیان به‌سه‌رکه‌وتنه‌کانیان نامۆبوونێکی سیاسی لێده‌که‌وێته‌وه، له‌دواجاریشدا نشوستی گه‌وره‌ی به‌دوادادێت. یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان نمونه‌یه‌کی زیندووی ئه‌و نامۆبونهیه به‌دنیای ناوه‌وه‌ی خۆی، به‌هه‌مان ئاستیش به‌دنیای ده‌ره‌وه….
ماویه‌تی بۆ به‌شی یازده‌هه‌م ..
بۆ خوێندنه‌وه‌ی به‌شی نۆهه‌م كلیك بكه
سه‌رچاوه‌کان
Michel Foucault. Short Cuts, s9. 2001 Verlag.1
2.Hanna Arendt, Wahrheit und Lüge in der Politik. Zwei Essays, Piper 1994