کارەساتی جیابوونەوە


Loading

کارەساتی جیابوونەوە; سەبارەت بە لەدایکبوونی تاک لە ڕۆحی جیابوونەوەوە

— لەلای من باوجودی ناس و ئەجناس.

کەسی کەی تیا نییە ئەم شارە بێ تۆ.  (نالی)

* هاوڕێکەم، کەلەڕادەبەدەر خۆشمدەویست، ئەو کە لەهەموو نەهامەتییەکاندا لەگەڵمدا بوو، ڕۆشت و تەنیا جێیهێشتم .

* کۆچی ئەو چارەنوسی خۆمی پیشاندام. (گەلگامیش لەمەرگی ئەنگیدۆی هاوڕێیدا)

* لەڕاستیدا من سەرسام بووم بەوەی کەسانیتر هێشتا زیندوون و کەچی ئەوەی من خۆشمدەویست مرد…لەوەش زیاتر من بەوە حەپەسابووم کەوا خودی خۆشم، کە منی دووەمی ئەو بووم، هێشتا زیندووم و دەژیم, ئەگەرچی ئەو مردووە.  (ئەوگوستینوس/ دانپێدانانەکان)

* لای من تاک نییە، بەڵکو جووت هەیە.( سلۆتەردایک)

مرۆڤ بوونەوەرێکە بەردەوام لەنێو کایەکاندا دەژی. هەبوونی مرۆڤ لە بنەڕەتدا هەبوونێکی کایەدارییە، بگرە مێژووی مرۆڤ بریتییە لەمێژووی دروستکردنی کایەکان. کایەش بریتییە لەو شوێنە ڕۆحییانەی لە جەمسەرێک و لە لایەنێک زۆرتری تێدایە. هیچ هزرێک ناتوانێت وێنای کایەیەک و شوێنێک بکات کە تەنیا تاکێک و لایەنێکی ڕووتی تێدا هەبێت. چونکە گەر تەنانەت تاکێکیش لەڕووی فیزیکییەوە لە ناو شوێنکدا بەتەنیا هەبێت، ئەوا خودی ئەو تاکە بەرەنجامی دابەشبوونی جووتەکانە، هێشتا ئەو تاکە دەرەنجامی دووکەرتبوونی ئۆبیەکتە دووانەییەکانە. لێرەوەیە مرۆڤەکان هەمیشە سیفەتی سوریالیزمییان هەڵگرتووە ، چونکە مرۆڤەکان هیچکات تاک نین، بەڵکو مرۆڤ هەمیشە دووان و زیاترە. گەر مرۆڤ بوونەوەرێکی تاک بووایە لە خۆیدا، ئەوا بوونەوەرێکی هەژار و کەم سیفەت دەردەچوو، بەڵام بەوەدا ئەو هەموو تیۆرییە جۆراوجۆرەی ناسینی مرۆڤ هەیە و زۆرینەیان جەخت لە فرەیی و پڕێتی و چەندینەیی ناوەوەی مرۆڤ دەکەنەوە ئەوا شتێکی دروستە گەر مرۆڤ وەک بووونەوەرێکی دەوڵەمەند پێناس بکرێت.

لەڕووی ئۆنتۆلۆگییەوە ئەوە سەلمێنراوە کەوا بوونی مرۆڤ بوونە لەگەڵ ئەوانیتردا، لەڕووی سۆسیۆلۆگیشەوە، مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە. بەڵام ئێمە دەبێت لەچ ڕوویەکەوە و لەکام کایەیەدا بگەڕێین بۆ سۆراغی تاک؟ تاک لەکوێدا دەبینرێت و تاچ مەودا و دووراییەک دەتوانێت وەک تاک لەنێو میکرۆکایەدا بژی؟ ئایا تاک لەچ ڕووداوێکەوە کایەی بچووک(میکرۆسفێر)ی خۆی دەگوێزێتەوە بۆ کایەی گەورەتر (ماکرۆسفێر)؟

ڕەنگە یەکێک لە دڵتەزێنترین ئەو ڕووداوانەی دەبنە مایەی وروژاندنی ئەم جۆرە پرسیارانەی هەر تاک و هەر خودێک لەخۆی بکات، لەڕووی مەعریفییەوە نەبێت، بەڵکو ڕووداوێکی زۆر وجودییانە بێت کە پتر وەک هەستی نامۆبوون و بە(خودبێگانەبوون) دەناسرێت. خودبێگانەیی بریتییە لە دووانەیی بوونی هەستی مرۆڤ لە دۆخی ژیان و لەناو بوارە تایبەتمەندییەکەی هەبوونی خۆیدا. بەڕادەیەک تاک لەڕووی هۆشیاری و ڕۆحییەوە دووکەرت دەبێت کە چیتر خۆی لەلادەبێتە نامۆ و بێگانە. لێرەوە دەست دەداتە خەباتکردن بۆ ڕەوینەوەی ئەم فانتۆمی نامۆییە و دەخوازێت دووبارە خۆی یەک بخاتەوە و ببێتەوە بە خودانی خۆی. هەموو تێۆری مارکس بۆ نامۆبوون و هەموو دیدی هایدیگەر لەسەر (ناڕەسەنبوونی دازاین) لەم دەستنیشانکردنەدا کورت دەبێتەوە، لەگەڵ خودنامۆبووندا مرۆڤ کار بۆئەوە دەکات ببێتەوە بە خودانی خۆی. نامۆبوون لای هیگڵ و دواتر مارکس، هەروەها کەوتن و ناڕەسەنبوونی دازاین لای هایدێگەر بریتین لەو کارەساتە دڵتەزێنە نێگەتیڤەی کە مرۆڤ بەرەو دۆخێکی پۆزەتیڤ هاندەدەنەوە، ئەمە ئەگەر جیاوازی جۆر و چۆنایەتی ئەو نامۆبوون و کەوتنە لەنێوان مارکس و هایذیگەردا لەبەرچاوبگرین.

لەم هەوڵەمدا بۆ ناسینەوەی تاک لە کایەکاندا ناگەڕیمەوە سەر دیدی ئەو دوو فیلۆسۆفە کە لەجێیتردا لەسەریان دوواوم، بەڵکو زۆرتر سەروکارم لەگەڵ تیۆری کایەناسی ( پیتەر سلۆتەردایک) دا دەبێت. لەبەرئەوەی پڕۆژەی کایەناسی ئەو هەمەکیترین تیۆری شوێنمان پێشکەشدەکات، کەشوێنەکان تەنیا جێگە فیزیکییەکان نین، بەڵکو دیوە ڕۆحییەکانیشن، ئەو پانتاییانەن کە لەنێوبەندیدا ئێمە هەین، وەک خۆشەویستی و هاوڕێیەتی کە بریتین لەو بوارانەی ئێمە پێکەوە دەبەستنەوە، واتە ئەو کایانەن کە زیاد لە تاکێک لەخۆدەگرن. ئەوانە شوێنە گیانلەبەرەکانن.

کتێبی کایەکان  بەشی دووهەم (گۆیەکان) / سڵۆتێردایک
کتێبی کایەکان بەشی دووهەم (گۆیەکان) / سڵۆتێردایک

یەکەمین شۆک بەر مرۆڤ دەکەوێت مەرگ نییە، بەڵکو لەدایکبوونە. مەرگ بەسەر مندا بێت کۆتاییم دێت و هیچ مانا و شۆکێکم بۆ دروست ناکات، مەگەر مەرگی ئەوانیتر نەبێت، بەڵام ئەوەی مانا لای خود دەئەفرێنیت سەرەتا تەنیا لەدایکبوونە، هاتنە دنیایە لە کایەیەکی داخراوو دابڕاوەوە، کە منداڵدانی دایکە، بۆ نێو کایەیەکی کراوە و واڵا کە جیهانە. ئەم ڕووداوە بریتییە لەو تەقینەوە گەورەیەی لێوەی مرۆڤ لەئەنجامیدا وەک تاک دێتە دنیاوە، بەر لەتەقینەوەکە، مرۆڤ لەهەناوی دایکیدا وەک دووان دەبینرێت، تەنیا دوای هاتنە دنیاوە، دووای دابەشبوونی دووانەکە ئیتر تاک لەدایک دەبێت. بەڵام لەڕەوتی ژیانداو لەنێو هەلومەرجە توند و تاڵەکانی ژیاندا شتی سامناک ڕووداوی لەدایکبوون نییە، بەڵکو سامناکی بریتییە لە ڕووداوی مەرگی ئەویتر کە لای من دەبێتە مۆتیڤ و بزوێنەری سەرهەڵدانی هۆشیاری سەبارەت بە هەبوونی خۆم و ژیانی خۆم. لەنێو جیهاندابوونم و لەنیو ژیاندا بوونم لەڕێی خودی خۆمەوە دەرک بە کۆتادارییەکەی ناکەم، هەست ناکەم بوونم بەرەو کۆتایی بریتی بێت لە هۆشیارییەکی زگماک و خۆڕسکانە و لەگەڵ خۆمدا هەڵم گرت بێت، بەڵکو سەرەتا تەنیا لەڕێی مەرگی ئەویترەوە هۆشیاری کۆتاداریم تیا چێ دەبێت. ئەویتر دەمرێت و دواتر هۆشیاریم بۆ مەرگ دەپژێت.

ئەویتر وەک، دۆست، وەک هاوڕێ، وەک خۆشەویست، وەک کەس و هتد بریتییە لەو بەشەی تری من کە لەناوەوەمدا تەواوم دەکات، تەنیاش بەهۆی جیابوونەوە و دابڕانەوە لێی دەرک بە بۆشایی و بە کەماسی ناو خۆم دەکەم، لەگەڵ جیابوونەوەی ئەویتردا ئیتر هەست بە تەنیایی و تاکانەیی خۆم دەکەم. ئەوەی وادەکات من هەست بە تاکبوونی خۆم بکەم ڕۆشتنی ئەوە و مانەوەی منە، کۆچکردنی ئەوە و بەجێمانی منە. گەرتێڕامانیش لەم تیۆرییە بکەین، ئەوا دەبینین لەنێوخۆیدا جۆرێک حەسرەت و خەم و دڵتەنگی هەڵگرتووە، بەڕادیەک زۆرێک لە دابڕان و کۆچەکان دەبنە مایەی دروستبوونی خەم و پرسەی دراماتیکیش، وەک لە حاڵەتی مەرگی ئازیزانماندا.

مرۆڤ بوونەوەرێکە هەمیشە پێشبینی لەکیسدانی کەسەکانی خۆی دەکات. پێشبینی مەرگ و کۆچ و دابڕان و جیابوونەوەی ئەویتری دۆستی دەکات. ڕوودانی کارەساتی جیابوونەوە، لەدووای ڕوودانی یەکەمین لەدایکبوون، بریتییە لە زادگەی لەدایکبوونی تاک لەجۆرێکی تردا. بەڵام لەم ڕووداوە کارەساتاوییەدا مرۆڤ بۆئەوەی بەرگەی ئازارەکان و ئەشکەنجەکانی بگرێت توانیویەتی کارەساتی جیابوونەوە بگۆڕێت بۆ شێوەیەکی تری ژیان، تا بتوانێت لێوەی درێژە بە هەبوونی خۆی بدات. بەنموونە لە دژی کارەساتی مردن، مرۆڤ هەر لە کولتورە دێرینە باڵاکانەوە گەڕاوە بە دووای نەمری دا، خولیایی دۆزینەوەی هێزە نادیارە باڵا میتافیزیکییەکەی هەبووە. چیرۆکی فەرهەنگەکان بەم جۆرە هاتوون، گەر لەکایە بچووکەکاندا شکستیان هێنا بێت، ئەم شکستییەیان کردۆتە مادەیەکی باش بۆ گواستنەوە و گۆڕان بەرەو کایەی گەورەتر. بیرۆکەی داهێنانی ژیانی ئەودیو لەڕاستیدا جۆرێکە لەو تەکنیکانەی مرۆڤ بۆ بەرگریکردن لە هەڕەشەکانی جیهانی ئەمدیو دایهێناوە. لەمڕووەوە ئاین ڕەنگە بریتی بێت لە تۆکمەترین سیستەمی ئیمون کە کولتورە باڵاکان دایان هێنابێت، وەک سلۆتەردایک دەیبینێت.

تێگەیشتنی باو، عەقلی ترادیسیۆنی هەمیشە و تەنیا ڕووداوە دەرەکییەکانی بینیوە، تەنیا لەڕێی سەرهەڵدانی پسایکۆلۆگیاوە وەرچەرخانێک دروستبوو کە ئاڕاستەکە بەرەوناوەوە پێچپـێـبکاتەوە. دەروونئارایی بووەتە جۆرە تەوژمێک وەهامان لێدەکات شتەکانی دەرەوەش وەک ناوەوەیەکی گەورەببینین، ئەوەی سلۆتەردایک لەپرۆژەی کایەناسیدا ساغی کردەوە: ئێمە لەناوەوەیەکداین کە دەرەوەی هەڵگرتووە. دەرخستنی ئەو سیفاتە ئاوێتەییەی دەرەوە و ناوەوەیە لەیەک کایەدا. بێهۆ نییە هەموو ئەو هەستانەی لە هەناوو قووڵایی دەروونماندا چێ دەبن، وەک ترس، نیگەرانی، تەنیایی، وەڕزی، بێزاری، خۆشی و کامەرانی هەموو ئەو هەستانەن کە پەیوەستن بە ڕووداوەکانی دەرەوە. واتە دەرەوە فاکتۆری ناوەوەی منە. دروستبوونی پسایکۆلۆگی ڕێک بۆ ئیشکردنە لەناو ئەو فاکتۆرە دەرەکییانەی لەناوەوەماندا دەبنە مۆتیڤ و بزوێنەری پسیکۆلۆگی. لێرەوەیە ڕۆح یان دەروون، کە بریتییە لەدیوی ناوەوەمان، پێکهاتەیەکی خودگەراو و بابەتگەرایە. گەر بەچەمکێکی فەلسەفی وەک سلۆتەردایک بڵێین، ئەوا چەمکی (( ڕۆحی جیهان)) واتە شتەکان و ڕووداوەکانی دەرەوە وەکو ناوەوەیەکی گەورە تەماشا بکرێن. هەڕەشەکانی دەرەوە ببنە بزوێنەری ترسەکانی ناوەوە. لەوکاتەوەی مرۆڤ دەرکی بەهەڕەشەکانی دەرەوە کردووە، لەناوەوە ترسی بۆ خودی خۆی لادرووست بووە.

هەڵبەت ئەم ڕووداوەش سەرەتا هەڕەشە لەئەویتری نزیکمدەکات و لەمەوە خود دەرک بەهەڕەشەکە بۆ سەر خۆی دەکات. مەرگی ئەویتر ڕووداوێکە لەنێو من دا ترسی هەمان چارەنوس دەورووژێنێت. لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕۆژێک دەبێت ئەویتری نزیکم، هاوڕێکەم، خۆشەویستەکەم، یاوەرەکەم لەکیسبدەم، سەرەتای دەرککردنە بە کۆتاداری بوونی خۆشم. وەک چۆن (گەلگامیش) لە مردنی (ئەنکیدۆ)ی هاوڕێیدا چارەنووسی خۆی دەبینێتەوە. بەڵام هەر لەو ساتەوە خود لەشوێن دۆزینەوەی یاوەر و هاوبەشی تری ژیاندا بووە، واتە لەپاش مەرگ و دابڕانی خود لە ئەویتری نزیکی، هێشتا دەستبەرداری ژیان نەبێت، بەڵکو بەبێ ئەوانیش هەر درێژە بەژیان بدات، وەک سلۆتەردایک دەڵێت: مەرگ دەبێتە شرینقەیەک بۆ دروستکردنی کایە و پەیوەندی تر. ( کایەکان. گۆ. ل١٦١). وەک چۆن ئەوگوستینوس بیری مەرگی هاوڕێ نزیکەکەی دەکاتەوە و ئەوەی تیا دەبینێت کە ئەگەرچی منی دووەم و تەواوکەری ئەو بووە، کەچی ئەو هەر بەردەوامە لە ژیان و دەگەڕێت بەدووای هێزێکی باڵای نادیاردا کە خودایە و مایەی دڵنەوایی و دڵدانەوەیەتی.

 

هاوکاتکردنی مەرگ یان تێپەڕاندنی مەرگ

توانای ئەوەی ساتە دڵتەزێن و جەرگبڕەکان تێپەڕێنرێت، بریتییە لەسیفاتە هەرە سەرەکیەکەی مرۆڤ. مرۆڤ بونەوەرێکە لەکوێشدا چارەی نەبوو لەوێدا هەر چارەیەک دەدۆزێتەوە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکانی. ئەگەر وەها نەبوایە ئەوا مرۆڤایەتی دوای ئەو هەموو کارەساتانەی بەسەریدا هاتووە تا ئێستا بڕی نەدەکرد. لێرەوەیە ژیان لە جەوهەردا بریتییە لە بەرگریکردن لە فەوتان، لە شەڕی مانەوە لەناو بووندا. بەپێناسەی سلۆتەردایک، مرۆڤ بوونەوەرێکی بەرگریکار و ئیمونیتیکییە ( هۆمۆ ئیمونیکوس).

وەک وترا، کارەساتی جیابوونەوە و دابڕان لەویتری نزیکم دەبێتە مایەی دەرکەوتنی تاک، واتە تا ئەوکاتەی تاک دەکەوێتە پەیوەندی بەلایەنێکی ترەوە هێشتا هەر تاک دەمێنێتەوە. دەبێت خود قەرەبووی لەکیسدانی هاوڕیکەی،خۆشەویستەکەی، دۆستەکەی بکاتەوە، گەر نەیتوانی ئەوا وەک تاک دەمێنێتەوە. پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی ئەویتر لە پەیوەندی بە مندا دروستیدەکات، بریتییە لە کۆششی ئەوەی خود دەخوازێت کایەی تر بەرفراوانتر و ساتار بکات. ئێمە لەجیهانیژانماندا کاتێک کەسێکی نزیکمان لێ دەڕوات، بەو کەسە دەڵێین هێشتا جێگەی دیارە یان شوێنی پڕ ناکرێتەوە. بەتاک و تەنیابوون ئەو دۆخەیە کە ئێمە نەتوانین قەرەبووی کەسی لەکیسچوومان بکەینەوە. (نالی)  دروست دەرکی بەو هەستە تەنیاییە وجودییە کردووە کاتێک لە غیاب و پیواربوونی خۆشەویستەکەیدا ئیتر هیچکەس ناتوانێت قەرەبووی ئەوی بۆ بکاتەوە؛ باوجودی ناس و ئەجناس کەسی کەی تیا نییە ئەم شارە بێ تۆ.

نالی ئەوەپیشان دەدات، کە بەکۆچکردنی ئازیزەکەی حەز دەکات هاوکات ئەویش کۆچبکات، کەسی عاشق حەز دەکات یان مەرگی پێکەوەیی یان ژیانی هەمیشەیی،لە ئەدەبیاتی ئەوروپیدا (ڕۆمیۆ و جولێت) و لەئەدەبیاتی کوردیدا( مەم و زین ) باشترین نمونەی داستانی ئەم حاڵەتەن. فەرەنسییەکانیش لەسەر کێلی مردووەکانیان دەنوسن: دوای کۆچی تۆ جیهان خاڵییە. سلۆتەردایک دەڵێت: کەسێک وەک تاک پێناس دەکرێت، کە نەتوانێت قەرەبووی کەسە لەکیسچووەکەی بکاتەوە، بەڵام هێشتا پەیوەندییەکی نێوەکییانەی لەگەڵ کۆچکردووەکەدا دەمێنێتەوە. لێرەدا ئەونمونەی چیرۆکی فیلمی تایتانیک دەهێنێتەوە، کە( ڕۆز) دووای مەرگی (جاک) هەموو تەمەنی بە تەنیایی دەژی و لەپەیوەندییەکی نێوەکیدا بەردەوام دەبێت. ل١٦٢. ئەمە هاوکاتکردنی مەرگە بۆئەوەی بە سەڵتی و تەنیایی نەژی. لەگەڵ ئەوەشدا کەسی کۆست کەوتوو چیتر دەبێت جیهان بەهەموو قورساییەکیەوە بەکۆڵەوە بگرێت.

لێرەوەیە تاکایەتی هیچ نییە جگە لەخۆڕاهێنان لەسەر توانای بەتەنیا مانەوە، لە بەجێمان. ئەوەی بەجێ دەمێنێت مەحکومە بە وەرگرتنی میراتی تاکایەتیبەجێمان بەتەنیایی لە فیگوری جۆراوجۆردا بەرجەستە دەبێت، وەک: سەڵتبوون، هەتیووبوون، بێوەژنبوون، بێوەپیاوبوون. ئەمانەش ئەو بەژنە تاکانەن کە مرۆڤ هەمیشە پێشتر لەبەرچاوی گرتوون، واتە بەرلە ڕوودانی جیابوونەوە خود پێشبینی تەنیا بوونی خۆیدەکات، وەک سلۆتەردایک دەڵێت: من بریتییە لە ئۆرگانی پێش ماڵئاواییکردن.(کایەکان. گۆکان ل١٦٤. چونکە خود پێشتر کۆچکردنی نزیکەکانی خۆی لەبەرچاوگرتووە. واتە هەموو تاکێک لەنێو خۆیدا لەمەشقی خۆئامادەکردندایە کەڕۆژێک دێت کەسی نزیکی لەکیسبدات. واتە بەر لەڕوودانی جیابوونەوە،تاک لەدەرککردنی بەجیابوونەوە لەدایک دەبێت، لێرەوەیە دڵتەنگی بەرایی و و خەمباری پێشوەخت خۆی وەک فاسیلەیەک بەیان دەکات.( کایەکان. گۆ ل١٦٥). بەڵام لە ئەوینی ئەبەدیدا ڕەفزی فاسیلەیەکی لەوجۆرە دەکرێتەوە و هیچ دڵتەنگییەکی پێشوەختی پێشبینیکراو قبوڵناکات و دڵدار و دڵبەر خۆیان وەک دووانەیەکی ئاوێتەبوو دەبینن کەهیچ هێزێک لێکیان جیاناکاتەوە و هیچیشیان نابێت کەلێنی وا بدات بەدەستەوە تا زەفەریان پێ ببات و ببێتە مایەی بەجێهێشتنی ئەویتر و مانەوەی بەتەنیا لەدنیادا.

بەڵام مرۆڤ ئاژەڵیکە بەرەنگاری هەڕەشەکان دەبێتەوە و زۆرانبازی بۆ مانەوە لەژیاندا دەکات. درێژەدان بەژیان لەدوای کارەساتە جەرگبڕەکانەوە، ئاماژەیە لەسەرئەوەی مرۆڤ بەرگەی نەهامەتیەکان دەگرێت و خۆی لەسەر ئەوەش ڕادەهێنێت هەڕەشەکان بکاتە مادە و هۆرمۆنێک بۆ دەستپێکێکی تری ژیان. کارەساتی جیابوونەوەی ئەویتری نزیک و ئاشنای نابێتە مایەی کۆتاییهاتنی خۆیشی. بەڵام ناشبێتە مایەی سڕینەوەی هەموو یادەوەرییەکانی کەسی بەسەرچوو، کەسی کۆچکردوو، کەسی مردوو، کەسی دابڕاو. لەڕووی کولتوریەوە (یادەوەری) هیچ نییە جگە لەبەشداریپێکردنەوەی مردووەکان لەناو جیهانیژیاندا (جیهان ـ ژیان). لێرەوە یادەوەری واتە پێدانەوەی شوێنێک بە ئاشنا کۆچکردووەکەمان، مەسەلەی سازدانی پرسە و شیوەنگێڕان بریتین لەو ڕیتوالانەی لێیانەوە جارێکیتر شوێنێک دەدەینەوە بە کۆچکردووەکان، سەیر نییە کاتێک کەسێکی ئاشنامان کۆچدەکات، ئیتر پێمانوایە هێشتا شوێن و جێگەی هەر دیارە. دەبینین پرسە وەک ڕیتوالێک لەنێو هەموو کولتورەکاندا دەبێتە فاکتۆری دروستکردنی شوێن. لێرەشدا شوێن بریتی نییە لەجێگایەکی فیزیکی، بەڵکو بریتیە لە کایەیەکی گیانلەبەر کە بەرجەستەی ڕۆحی کەسە کۆچکردووەکە دەکات. بەم جۆرە وەک سلۆتەردایک دەڵێت: پرسە مانای ئەوە نییە ئیش لە ئۆبیەکتێکدا بکرێت، بەڵکو مانای ئەوەی بزربووەکە بگوێزرێتەوە بۆ ناو شوێنێکی پەلکشاو. (کایەکان. گۆ. ل١٧١). لێرەوەیە زیندووەکان دەکەونە زۆرانبازی و ململانێ لەگەڵ ئەو کارەساتی خەمباری و مەرگەساتی پرسەیەوە کە ڕووداوی مەرگ و جیابوونەوە و دابڕان لەنێوانیاندا دەیخاتەوە.

سلۆتەردایک لە کتێبی کایەکان بەرگی دووەم بەناوی (گۆیەکان/ Globen) کە پشکنین و ڕامانێکی فەلسەفی، پسایکۆلۆژی، کولتورناسی و ئەنترۆپۆلۆژیە، دوو جۆر ڕووداوی مەرگمان بۆ دەخاتە بەرباس، کە هەریەکەیان سەر بەکولتور و سەردەمێکی جیاوازن.

سەرەتا داستانی گەلگامیش وەردەگرێت، کە وەک کۆنترین دۆکومێنتی گەردوونی لەسەر هونەری گێڕانەوە دەبینرێت و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی دووهەزار ساڵ بەر لەزاین.

لە داستانەکەدا، گێڕەرەوەکە وەها پێناسی گەلگامیش دەکات:

گلگامێش شیرێکی لەباوەشیدایە و لەگەڵ ئەنکیدۆ / ئاسەواری سۆمەری  These ceramic relief tablets were designed and hand sculpted by Neil Dalrymple, Ceramic Sculptor, UK.
گلگامێش شیرێکی لەباوەشیدایە و لەگەڵ ئەنکیدۆ / ئاسەواری سۆمەری
These ceramic relief tablets were designed and hand sculpted by Neil Dalrymple, Ceramic Sculptor, UK.

ئەوەی هەمووشتێکی بینی، تا کۆتایی دنیا

ئەوەی هەموو شتێکی دەزانی، هەموو شتێکی دەناسی

ئەوەی هەموو نهێنییەکانی دەبینی

دوولەسێی ئەو یەزدانە و

یەک لە سێی مرۆڤە.

ئەو پەنهانەکانی دەبینی، شاراوەکانی ئاشکرا دەکرد

پێشبینی بۆ هەڵایسانی زریانەکە هەبوو.

ئەو، بە ئازار و ئەشکەنجەوە، بەڕێگەیەکی زۆر دووردا ڕۆشت

هەموو ماندووبوونەکەشی لەسەر تابلۆیەک دەنوسیەوە.

ئەو دیواری بەدەوری شاری (ئوروک) دا هەڵچنی

بەژنی لەشی ئەو لە هی هیچ کەس نەدەچوو.

( داستانی گەلگامیش. ل٥).

گەلگامیش لەمەرگی ئەنگیدۆی هاوڕێیدا چارەنوسی خۆی دەبینێتەوە، بۆیە دەکەوێتە زۆرانبازییەکی توند و بێهودە، کە تا دوورترین تخوبەکانی ئەم سەرزەمینەی دەبات، تاوەکو (گیای نەمری) بهێنێتەوە بۆ ڕزگارکردنی ئەنکیدۆی هاوڕێی لەمردن. لێرەدا شەڕی بێئاکامی لەدژی مەرگ دەردەکەوێت، بەڵام دواتریش لێیەوە چارەنوسی خۆی لەلاشەی مردووی ئەنگیدۆدا دەبینێتەوە. (سلۆتەردایک) وەها ڕاڤەی ئەم داستانە دەکات، کەبریتی بێت لە فۆرمێکی گەورەی جیهانێک، تیایدا مردووەکان یان دەچنە جیهانێکی زۆر قووڵی ژێرەوە، یان خۆیان دەگەیەننە ئەوپەڕی دوورترین دنیا، بەشێوەیەک کەسە پرسەدار و غەمبارەکە تا ئەوپەڕی دنیا سەرکێشی دەکات بۆ هێنانەوەی دەرمانێک، هەم لەدژی جیابوونەوە وهەم لەدژی خۆلەناوچوون. واتە لەڕووی میتافیزیکیەوە گەلگامیش لەڕێی منە کۆنەکەی خۆیەوە (هاوڕێکەی) دەرک بە مەرگی خۆی دەکات. (گۆ. ل١٧٥). ئەمە یەکەمین خودهۆشیاری مرۆڤە تا ئێستا کولتورەکانی مرۆڤایەتی بۆی جێهێشتووین، مۆدێلێکە دواتر بەسەرهەڵدانی فەلسەفە و ئاین دەڕەوێتەوە و چیتر هۆشیاری بەمەرگ لەڕێی ئەویترەوە نابێت، بەڵکو لەڕێی هۆشیارییەوە بە کۆتایی و بە مردنی خودی خۆمەوە دەبێت.

مۆدێلی گەلگامیشی ئەوەیە مەرگی هاوڕێکەم، کەسە تەواوکەرەکەم، ئاشناکەم هۆشیاری لای خود بۆ مەرگی خۆی چێ دەکات، بەڵام لە مۆدێلی فەلسەفی و ئاینی دا تەنیا دەرککردن بە کۆتایی خۆم دەبێتە مایەی ناسینی مەرگی خۆم. ڕەنگدانەوەی مەرگی ئەنگیدۆ لە هۆشیاری گەلگامیشدا، وەهای دەترسێنێت کە هەڵدێت و ( بەتوولەڕێیەکی دووردا شۆڕدەبێتەوە نێو دۆڵ و شیوە قووڵەکانەوە. ل١٧٦). ئەم مەرگە گەلگامیش غەمگین و غەمبار دەکات، بەڕادەیەک ئەو وێنایەی لەو سەردەمەدا بابلییەکان بۆ سنووری دووری دنیا هەیانە، گەلگامیش تەی دەکات بۆ هێنانەوەی گیای نەمری. لێرەوە ئەم لێکدابڕان و جیابوونەوەیە لە کایەیەکی نزیک و بچووکەوە خۆی دەگەیەنێتە کایەیەکی دوور و گەورە. گەلگامیش بۆ هێنانەوەی گیای نەمری بۆ شاری ئوروک تا دوورترین سنووری جیهان دەچێت. خاڵێکی تری گرنگ سلۆتەردایک لە مۆدێلی گەلگامیشیدا بۆ مەرگ تێبینی دەکات ئەوەیە ئەم مۆدێلە هیچ وێناکردنێکی میتافیزیکی بۆ مردن شک نابەین، واتە لەو مۆدێلەدا هێشتا هزری ئەوە لەدایک نەبووە کەوا لەودنیا ڕۆحەکان یەکدەگرنەوە. هزرێک کە دواتر ئاینی مەسیحی دایدەهێنێت و پاشان هەموو ئاینەکان پێڕەوی دەکەن. (ل١٧٧).

غەمباری گەلگامیشی پاشا بۆ مەرگی هاوڕێکەی دەرەنجامەکەی بە هاوچەرەنووسی ڕەنگ دەداتەوە. رەنگدانەوەیەک کە گەلگامیش چیتر دەرک بە خودی خۆی دەکات بەوەی ئەویش دەشێت ڕۆژێک بمرێت. لێرەوەیە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی تەنیا بەجێ دەمێنیت پلەی یەکەمی سەرکەوتنە بەسەر پلیکانەی (خود) وەک تاک. چیتر ڕەنگدانەوەی ئاوێنە لاکانییەکە لەقۆناغیکدا نابێتە مایەی دەرککردن بە خود، بەڵکو ڕیفلەکسیۆنی مەرگی ئەویتر و پێشبینیکردنی دابڕان و جیابوونەوەم لەویتری ئاشنا و نزیکم بریتییە لە ئۆرگانی دروستبوونی من. لێرەوە سلۆتەردایک مۆدێلێکی تری غەمباریمان بۆ دەهێنێتەوە کە پەیوەستە بە لەکیسدانی هاوڕێ ئاشناکەم وەک منی دووەمم.

ئەوگوستینوس دانپێدانانەکان

ئەوگوستینوس ساڵی ٣٧٦ ی زاینی لە کتێبی (( دانپێدانانەکان)) دا باسی لەکیسدانی نزیکترین و ئاشناترین هاوڕێی خۆیدەکات، کەلە بیرەوەرییەکانیدا مەرگی لەناکاوی ئەم هاوڕێیەی دێتەوە یاد کە بەشێکی زۆری تەمەنی لەگەڵدا بەسەربردبوو، ئەمە بریتییە لە ئاماژەیەک بۆ هاوژیانی و هاوبوونی و هاوپەیمانی دووان پێکەوە، دووانەیەک کە تەنیا ئەو کەسە دەرکی پێدەکات کە بەتەنیا بەجێدەمێنێت و دەمێنێتەوە، لێرەوە ئاوگوستینوس مەرگی هاوڕێکەی دەکاتە ئامرازێک بۆ ڕاڤەکردنی ژیانی خودی خۆی، واتە زیندوو لەڕێی مردووەوە لەمانای ژیانی خۆی وەک تاکێک تێدەگات.

سانت ئەوگوستینوس لە بیرەوەرییەکەدا دەنووسێت: ئازاری ئەو لە ڕۆحمدا پەنجەرەیەک بوو کە تەنیا مەرگم لێوە دەبینی… نیشتمان لام بووە ئازار وئەشکەنجە. هەموو ئەو شتانەی کە پێکەوە لەگەڵ ئەودا کردبووم، لام بوونە ئازارێکی بێکۆتا…چاوانم لەهەموو جێیەکدا بەدووایدا دەگەڕاو کەچی ئەو هیچ خۆی پیشان نەدەدا… ڕقم لەهەموو شتێک دەبۆوە، تا من خودی خۆم لابووە مەسەلەکە. هەموو شت لام تاڵ بوو، تەنیا گریان شیرین بوو لام. لەڕاستیدا من سەرسام بووم بەوەی کەسانیتر هێشتا زیندوون و کەچی ئەوەی من خۆشم دەویست مرد...لەوەش زیاتر من بەوە حەپەسابووم کەوا خودی خۆشم، کە منی دووەمی ئەو بووم، هێشتا زیندووم و دەژیم، کەچی ئەو مردووە. . ڕاستە کە وتراوە، هاوڕێ نیوەکەی تری ڕۆحە. لەڕاستیدا من ئەو هەستەم هەبوو، کە ڕەوانی ئەو و ڕەوانی من تەنیا یەکێک بوون و لە دووجەستەدا نیشتەجێ بوو، وە ڕۆحی من لەڕاستیدا هەر یەکێک بووە و لە دوو لەش دا ژیاوە. لەبەرئەوە ژیان لام بووە شتێکی قێزەون، چونکە نەمدەویست وەکو نیوەیەک بژیم.( گۆ. ل١٧٩- ١٨٠).

هەر لەسەرەتاوە دەتوانین تێبینی جیاوازییەک لەنێوان هەردوو چیرۆکی مەرگەساتی هاوڕێکەدا بکەین، بەو جۆرەی سلۆتەردایک دەیخوێنێتەوە، لە چیرۆکە بابلیۆنیەکەدا غەمباری وا لە پاڵەوانەکە دەکات تا دوا سنووری زەوی تەی بکات لەپێناوی هێنانەوەی گیایەک بۆ دژایەتیکردنی شتێکی مەحاڵ و نەکردە کە مەرگە، بەڵام غەمبارە مەسیحییەکە لەڕێی مەرگەوە فێری وانە و پەندێکی گرنگ دەبێت. کە بریتییە لەوەی مەرگی دۆستە نزیک و کەسە ئاشناکە دەبێتە مایەی ئەوەی زیندووەکە شوێنی خۆی لەدنیادا سەرلەنوێ پێناسە بکاتەوە. لێرەدا سلۆتەردایک دەڵێت: نوسەری( دانپێدانانەکان) غەمبارییەکە هەم پلاتۆنیزە دەکات و هەم بە مەسیحییانە دەکات. لەوەدا بەپلاتۆنیانەی دەکات، کە خۆشەویستی لەشتێکی بەسەرچووەوە کردە شتێک بەسەرنەچێت و نەمرێت…هەروەها بەوەش کردییە مەسیحییانە، کە دڵسۆزی خۆی لە هاوڕێکەیەوە( کەبەلەرزوتا مرد) بداتە مەسیح، کە ئەمیش بۆئەوە مرد تا بەژیانە زیادەکەی خۆی مەرگ ببەزێنێت. هەروەها سلۆتەردایک پێیوایە هەردوو ئەم شێوازە بریتین لەگواستنەوە لەکایەی بچووکەوە(میکرۆسفێرەوە) بۆ کایەی گەورە (ماکرۆسفێر). (گۆ.ل١٨٠). واتە لەخۆشەویستی دیار و کۆتادارەوە بۆ خۆشەویستی نادیار و ناکۆتادار و هەمیشەیی، وەلەمەرگێکی سادەوە بچێت بۆ مراندنی خودی مەرگ. لەبەرئەوەی مەسیح خۆی بۆ پاککردنەوەی قەرز و گوناهەکانی مرۆڤ مراند. ئەوەی ئەوگوستینوس دەیکات بریتییە لە دوو ئۆپەراسیۆنی نموونەیی بۆ گۆڕینی میکرۆکایە بۆ ماکرۆکایە. لەڕووە مەسیحیەکەدا وەها کاردەکات: ونکردنی هاوبەشە نزیکە بچووکەکە بە پەیداکردنی هاوبەشێکی گەورەی دوور جێی دەگیرێتەوە، کەیەزدانە. چونکە ئەوەی نەیەوێت بەنیوەیەکی تەنیا و فەرامۆشکراوەوە بژی، دەبێت سۆراغی تەواوکەرێکی نوێ بکات. ل١٨٠. لە ڕووە پلاتۆنیەکەشەوە ئاشکرایە دووانەی عاشق و مەعشوق، سەرەتا وەکو یەک مرۆڤی جوان پاشان وەکو (جوان)ێک بەگشتی و لەدواجاریشدا وەکو خودایەک لە سەرووجوانی و لەسەرووباشەوە خۆی پیشان بدات. ل١٨١.

سلۆتەردایک پێیوایە؛ ئەوگوستینوس تیۆرییەکی ڕەخنەی خۆسەویستی داهێناوە، کە ناوەڕۆکەکەی ئەمەیە: مەسەلەکە بۆ ئەوەیەکە لایەنەکانی خۆشەویستی لێک جیابکرێنەوە و دواتر لایەنە دروستەکە هەڵبژێردرێت. ل١٨١. واتە ئەوەی ئەوگوستینوس دەیکات بریتییە لەوەی مرۆڤ بکاتە پردێک بۆ گەیشتن بە خودا. چونکە مرۆڤ لایەنە ڕاستەکە نییە لە عەشقدا، کە پلاتۆنیش وای دەبینی، بەڵکو ئەوە شتە نادیارەکەیە، کە ئەوگوستین دەیکاتە خودا، ئەوە لایەنە ڕاستەکەیە. ئیدی ئەو کەلێنەی مەرگی ئاشناکەم دەیخاتە بوونمەوە دەبێت بەیەکێکی گەورەتر و باڵاتر پڕ بکرێتەوە. لێرەوەیە ئێمە دەست دەکەین بە گریان و شین و شۆڕ بەدووای مردووەکانماندا. فرمێسکەکان یەکەمین شتن نەک هەر بۆ دڵدانەوەمان، بەڵکو جێگرەوەیەکی ڕۆحین بۆ پەیوەندی نێوان لایەنەکانی خۆشەویستی، لێرەوەیە ئەوگوستینوس دروست ماهیەتی گریانمان بۆ پێناس دەکات و دەڵێت فرمێسکەکان شیرینن، نەک سوێر. یان وەک سلۆتەردایک لەم نێوبەندییەدا دەڵێت: پەیوەندی ئامێزاندن دەگۆڕێت بۆ پەیوەندی گریاندن. ل١٨٢.

بەڵام فرمێسکەکانیش دەبێت ببەزێنرێن و بۆ دڵدانەوەمان بەرەو بوونەوەرێکی ترمان بەرن، فرمێسکەکان قەوارەی ئەو مەرگەساتە سووکتر و بچوکتر دەکەنەوە. لێرەوەیە لەڕووی کولتوریەوە سازدانی پرسە بۆ مردووان، بەپلەی یەکەم سازدانی دڵدانەوە و ئارامگرتنەوەیە بۆ زیندووان. بەمجۆرە پرسە یەکێکە لەو تەکنیکانەی بۆ ئەوە داهێنراوە مرۆڤی لێقەوماو، کەسی کۆستکەوتوو لێوەی دەستپێکێکی تر بۆ ژیان دەست پێبکاتەوە. کولتورەکان لەخۆیاندا، سادەبن یان ئاڵۆز، سەرەتایی بن یان پێشکەوتوو، وەکو کارخانەیەک وان بۆ بەرهەمهێنانی تەکنیکەکانی بەرەنگاربوونەوە. تا ئێستاش لەنێو هەموو گروپە کۆمەڵایەتی و ئیتنیەکاندا کولتور لەسەر ئەو ڕێچکەیە کاریکردووە ببێتە کارخانەی دروستکردنی سیستەمی بەرەنگاری. لەدوای کارەساتی مەرگی ئازیزانمانەوە، بەهیچ جۆرێک ئێمە بەرگەی مانەوەمان نەدەگرت گەر ئۆپەراسیۆنێکی وەکو (پرسە)مان ساز نەکردایە، سەرباری ئەوەی پرسەسازکردن لەخودی خۆیدا مانایەکی میتافیزیکی هەڵگرتووە. بێهۆ نییە لەسەرئاستی سیاسیشدا، کاتێک کارەساتێکی مرۆیی دەکەوێتەوە، دەوڵەتان ماوەی چەند ڕۆژێکی پەژارە و غەمباری ڕادەگەیەنن.

لێرەوەیە کارەساتی جیابوونەوە یاخود ڕوودانی مەرگ بریتی نییە لە فاکتۆری کۆتاپێهێنان بەڵکو بریتییە لە فاکتۆری بەرفراوانکردنی کایەی ژیان.

ـ تەواو ـ

سەرچاوەکان:

1.Peter sloterdijk, Sphären. II. Globen. Suhrkamp.1999.

2.Das Galgamesch Epos. Übersetzung von Hermann Ranke. Marix Verlag 2006

*   کولتور مەگەزین:   بۆ گوێگرتن سەمفۆنیای گلگامش کلیک بکە ئەم بەستەرەی خوارەوە  :

Epic of Gilgamesh (Robert Rumbelow)- Kamiakin HS Wind Ensemble