“بۆ فرانک یانسن، که تاوه‌کوو دوا ساته‌کانی ژیانی خه‌ونی بە چاپکردنی کتێبێکەوە دەبینی.”
کریستڵ ئه‌ڵشۆت ته‌له‌فۆنی بۆ کردم و پێی گوتم: “دێیت له‌گه‌ڵم پێکه‌وه بۆ پرسه و ناشتنی فراک یانسن بچین؟”
بۆ ساڵێک ده‌چوو ئاگام له فرانک نه‌مابوو، یان باشتره بڵێم تاقه‌تم له دۆستایه‌تیی ئه‌و پیاوه نه‌مابوو، چونکه هه‌ستم ده‌کرد من و ئه‌و هه‌موو شتێکمان باس کردبوو، ئیتر له‌و دوو ساڵه‌ی دوای ناسینیه‌وه هه‌ر چییه‌کمان ده‌گوت دووباره بوو.
کاتێک له‌گه‌ڵ کریستڵ چووین، بۆمان ده‌رکه‌وت که خۆی کۆتایی به ژیانی هێنابوو، وه‌کوو هۆڵه‌ندییه‌کان ده‌ڵێن “دابه‌زیبوو”، وه‌کوو ژیان شه‌مه‌نده‌فه‌رێک بێت و مرۆڤه‌کان که ده‌مرن؛ ساتێک له وێستگه‌یه‌ک داده‌به‌زن، هه‌روه‌کوو چۆن فرانک به خواستی خۆی له کاتێکی دیاریکراودا له‌و شه‌مه‌نده‌فه‌ره دابه‌زیبوو.
هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌وێ بوون و به خوشک و براکانیشیهوه، ئه‌و دابه‌زینه‌یان بۆ فرانک به باش ده‌زانی.
چیرۆکی ڕۆژی ڕه‌شنووس
سه‌ره‌تای مانگی چوار، له پاشکۆی گۆڤاری “کتێب”دا ڕیکلامێکم خوێنده‌وه: “له هۆڵی خراختی شاری ئه‌مستردام، پێنجه‌مین فێستڤاڵی ڕۆژی ڕه‌شنووس به‌ڕێوه ده‌چێت.”
هه‌روه‌ها له‌ژێر ئه‌و ناونیشانه‌دا نووسرابوو: “مه‌به‌ستی فێستڤاڵی ڕۆژی ڕه‌شنووس ئه‌وه‌یه که له وڵاتی هۆڵه‌ندا له ساڵێکدا زیاتر له سێ هه‌زار کتێب ده‌نووسرێت، به‌ڵام ته‌نها دوو سه‌د و په‌نجا تاکوو سێ سه‌د کتێب به‌ختیان به‌ر ده‌که‌وێت و چاپ ده‌کرێن و ژماره‌ی سپاردنیان پێ ده‌درێت، ساڵانه نزیکه‌ی سێ هه‌زار کتێبی ڕه‌شنووس بێبه‌خت ده‌بن و ده‌که‌ونه په‌راوێزه‌وه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته دوو چاپخانه سه‌رپه‌رشتیی ئه‌م فێستڤاڵه ده‌کات، تاوه‌کوو به‌ختی دووه‌م بده‌ن به‌و ڕه‌شنووسه بێبهختکراوانهی که له‌لایه‌ن چاپخانه‌کانه‌وه په‌سه‌ند نه‌کراون.”
ئه‌م چه‌ند دێڕه زۆر سه‌رنجی ڕاکێشام و بڕیارم دا له بیستی مانگی چواردا له هۆڵی خراخت له شاری ئه‌مستردام بۆ فێستڤاڵی ڕۆژی ڕه‌شنووس ئاماده بم، نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی منیش ڕه‌شنووسی کتێبێک یان زیاترم ئاماده‌ن یان وه‌کوو ئه‌و هه‌واڵه ده‌یگوت بێبه‌خت کراون، به‌ڵکوو منیش یه‌کێک بووم له‌وانه‌ی ته‌نها له خه‌یاڵمدا ڕه‌شنووسی ده‌یان چیرۆک بوونیان هه‌بوو.
پاشان له ڕێگای ماڵپه‌ڕی کتێبه‌وه بانگهێشتی که‌سێکم به ناوی فرانک یانسن خوێنده‌وه، که له دێیه‌کی بچووک له‌نێزیک شاره‌که‌ی من ده‌ژیا و به‌دووی هاوڕێیه‌کدا ده‌گه‌ڕا تاکوو له‌گه‌ڵیدا له باکووری هۆڵه‌نداوه بۆ شاری ئه‌مستردام هاوه‌ڵیی بکات بۆ به‌شداریکردن له فێستڤاڵی ڕۆژی ڕه‌شنووسدا. فرسه‌تم هێنا و وه‌ڵامێکم بۆ نووسی. دوای گۆڕینه‌وه‌ی چه‌ند کورتهتێکستێک، ڕێک که‌وتین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ڕۆژی بیستی ئه‌و مانگه کاتژمێر هه‌شتی سه‌رله‌به‌یانی له وێستگه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ری شاری گرۆنینگن چاوه‌ڕێی یه‌ک بکه‌ین.
کاتژمێر هه‌شتی سه‌رله‌به‌یانی گه‌یشتمه وێستگه، له هۆڵی چاوه‌ڕوانی هه‌ر له دووره‌وه سهروههیکهلی فرانک یانسنم ناسییه‌وه که پێشتر ته‌نها وێنه‌یه‌کیم له‌سه‌ر نێت دیبوو. کابرایه‌ک باڵای دوو مه‌ترێک به‌رز ده‌بوو، ته‌مه‌نی له‌سه‌روو شه‌ست ساڵه‌وه بوو، عهینهکلهچاوێکی سوورکاری ڕه‌قه‌ڵه بوو. فرانک یانسن هه‌ر له ڕێوه پێشوازییه‌کی گه‌رمی لێ کردم، وه‌کوو به هه‌موو ته‌مه‌نمان هاوڕێ و دۆستی یه‌کتر بووبێتین. سه‌ره‌تا باسی شتێکی ئه‌وتۆمان نه‌کرد که لێره‌دا شایه‌نی نووسینه‌وه بێت، پاشان گه‌یشتینه ناو ئه‌و شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌ی ڕاسته‌وخۆ بۆ شاری ئه‌مستردام ده‌چوو، له‌ته‌نیشت یه‌که‌وه جێگامان گرت.
بێ ئه‌وه‌ی من هیچ بڵێم و پرسیار له فرانک یانسن بکه‌م، ڕووی تێ کردم و له‌به‌ر خۆیه‌وه گوتی: “من زیاتر له چل ساڵه ده‌نووسم، په‌نجا ساڵه به‌به‌رده‌وامی ده‌خوێنمه‌وه.”
که فرانک ئه‌مه‌ی وت، له‌په‌سا قومی له قاوه‌که‌ی ده‌دا. شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌که که‌وته جووڵه، منیش له جێگای خۆمه‌وه به‌سه‌رسوڕمانێکه‌وه بێدەنگ لێم ڕوانی، له خه‌یاڵمدا له وه‌ڵامێکی شیاو ده‌گه‌ڕام، تاکوو وه‌ڵامی فرانک یانسن بده‌مه‌وه. ئه‌و ڕووی له من وه‌رگێڕا و ڕووی کرده ئه‌و ئافره‌ته‌ی به‌رانبه‌رمان دانیشتبوو. ئه‌وه‌نده به‌دیقه‌ته‌وه لێی ده‌ڕوانی؛ ئاگای لە من نه‌ما، منیش نه‌مویست له‌و سه‌رنجدان و خه‌یاڵه‌ی داببڕم. ئافره‌تێکی ڕێکپۆشی پرچ زه‌ردی چاو گه‌ش و شین بوو، ده‌مبه‌پێکه‌نین و ڕووخۆش دیار بوو، به‌رده‌وام ده‌ستی به خۆیدا ده‌هێنا و به‌ملا و به‌ولادا ده‌یڕوانی. ته‌مه‌نی په‌نجا ساڵێک ده‌بوو، له‌و ئافره‌تانه بوو تاکوو ده‌چنه ته‌مه‌نه‌وه شێوازی ڕوخساری لاوێتییان ون ناکه‌ن و پیری به‌ئه‌سته‌م زه‌فه‌ریان پێ ده‌بات. زۆری پێنه‌چوو پێکه‌وه که‌وتنه قسه و قاقالێدان، لێدوانه‌کانیان زۆربه‌ی به‌و دیالێکته بوون که باکووری هۆڵه‌ندا له‌ناو خۆیاندا پێی ده‌دوێن. ئه‌وه‌ندەی من لێیان تێگه‌یشتبێتم ئه‌وه بوو که فرانک یانسن به‌رده‌وام وه‌ک نووسه‌ر خۆی ناوزه‌د ده‌کرد و ئافره‌ته‌که‌ش به‌رده‌وام ئه‌وه‌ی ده‌گوته‌وه که خۆی به به‌ختدار ده‌زانێت ڕێکه‌وتی نووسه‌رێکی کردووه.
کاتێک ئه‌وان له گه‌رمه‌ی لێدواندا بوون، من له ناچاریمدا له په‌نجه‌ره‌ی فارگۆنی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌که‌وه بێده‌نگ له ده‌ره‌وه‌م ده‌ڕوانی، له‌و زه‌وییه سه‌وز و پارچه پارچانه‌ی ده‌که‌وتنه نێوان ماڵی جووتیاره‌کانه‌وه که یه‌ک یه‌ک و به کۆمه‌ڵ خێرا به‌پێش چاومدا گوزه‌ریان ده‌کرد، یان باشتره بڵێم شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌که خێرا به‌لایاندا تێده‌په‌ڕی.
نازانم له خه‌یاڵمدا له چ پارچه‌یه‌ک یان سه‌ره‌داوێک له ڕابردوومدا ده‌گه‌ڕام، ئه‌وه‌ندەی به‌بیرم بێته‌وه هێشتا له ده‌رگای هیچ سات و کاتێکم نه‌دابوو، ده‌ستێک به‌ر ڕانم که‌وت و له خه‌یاڵمی دابڕیم، کاتێک ڕوانیم؛ ئافره‌ته‌که ڕووی له من بوو. لێی پرسیم: “ئه‌ی تۆ خه‌ڵکی کوێیت؟”
له کاتێکدا ئه‌مه‌ی گوت، به ناز و مه‌کره‌وه قووڵ له چاوه‌کانمی ده‌ڕوانی. منیش پاش تاوێک سه‌رنجدانی، له وه‌ڵامدا گوتم: “خرۆنیگن”.
“نا، نا، پێشتر مه‌به‌ستمه!”
پاش تاوێک بیرکردنه‌وه و ڕوانین له لێوه سووره‌کانی که له‌په‌سا به زمانی ته‌ڕی ده‌کردنه‌وه، گوتم: “ئه‌مستردام”.
“نه‌خێر، به ڕه‌گه‌ز مه‌به‌ستمه!”
“هۆڵه‌ندا.”
“گرانی مه‌که لێم، به ڕه‌نگتدا دیاره تۆ به ڕه‌چه‌ڵه‌ک هۆڵه‌ندی نییت!”
“نازانم، پێویسته تۆ ئه‌و پرسیاره له باوکم بکه‌یت!”
“یانی خۆت به‌لاته‌وه گرنگ نه‌بووه و تا ئه‌م تهمهنهشت ئه‌و پرسیاره‌ت له که‌سوکارت نه‌کردووه؟”
“نه‌خێر.”
“ئه‌وه‌ندەی من به شێوازتدا ده‌یبینم، تۆ له تورک یان فارس ده‌چیت، یان تۆ یاری به ئه‌قڵی من ده‌که‌یت!”
“مه‌ته‌ڵه‌که‌ت هه‌ڵهێنا، ته‌واوه خۆیه‌تی.”
“یانی مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه که تۆ…”
پێش ئه‌وه‌ی ئه‌و قسه‌که‌ی ته‌واو بکات، من ڕووم لێ وه‌رگێڕا و دیسان له په‌نجه‌ره‌که‌وه له ده‌ره‌وه‌م ڕوانی. شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌که لاشه‌ی درێژ و گرانی خۆی به جیڕه‌جیڕ و ناڵه‌ناڵ کێشایه ناو چه‌ندین ماڵ و ئه‌پارتمانی شارێکه‌وه به ناوی شاری ئاسن، که بیست کیلۆمه‌ترێک له شاری خرۆنیگنه‌وه دووره. له وه‌ستانی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌که‌دا ڕوانیم ئافره‌ته‌که له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌یبۆڵاند، به‌تووڕه‌ییه‌وه خۆی کۆ کرده‌وه بێ ئه‌وه‌ی ماڵئاوایی له من و فرانک بکات؛ له‌و وێستگه‌یه دابه‌زی.
کاتێک شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌که که‌وته ڕێ، پاش تاوێک بێده‌نگی؛ فرانک یانسن له‌به‌ر خۆیه‌وه پێی گوتم: “دیاره خراپ نووستوویت؟”
”وا بزانم.”
“ده‌ڵێم به‌ڕێز، به موجامه‌له نه‌بێت و به ده‌ردی ئه‌و ئافره‌ته‌م لێ به‌سه‌ر نه‌یه‌ت، لێره له‌دایک بوویت؟”
“نه‌خێر!”
“ئه‌ی له‌کوێ له‌دایک بوویت؟”
“جێگایه‌ک له‌سه‌ر ئه‌م زه‌وییه!”
“بمبووره، دیاره ناته‌وێت له‌و باره‌یه‌وه بدوێیت؟”
“نه‌خێر.”
“بۆچی؟”
“ئێمه پێویسته فێر بین پێش هه‌موو شتێک ئه‌و پرسیاره له غه‌ریبه‌کان نه‌که‌ین که خه‌ڵکی کوێن! له یه‌که‌م نیگادا پێویسته ئه‌و که‌سه وه‌ک مرۆڤ قبووڵ بکه‌ین، پێش ئه‌وه‌ی بزانین خه‌ڵکی کوێیه و به ڕه‌گه‌ز کوێییه، یان هه‌ڵگری چ پره‌نسیپ و ئایدۆلۆژییه‌که. بۆ زانینت، من ڕۆژانه ئه‌و پرسیاره‌م لێ ده‌کرێت.”
“جا ئه‌وه ئاساییه!”
“پێده‌چێت به‌لای تۆوه ئاسایی بێت، به‌ڵام من لێی تێناگه‌م، ده‌توانم بڵێم خوویه‌کی ناشیرینه!”
“ئاخ، ئه‌وه‌نده له‌سه‌ر ڕۆحی خۆت گرانی مه‌که!”
“من خۆم هه‌زاران جار ڕێکه‌وتی ئه‌وه‌م کردووه که مرۆڤه‌کان لێره ئاماده نین ته‌وقه‌ت له‌گه‌ڵ بکه‌ن و بکه‌ونه لێدوان له‌گه‌ڵتدا تاکوو نه‌زانن به ڕه‌گه‌ز کوێییت، ئه‌وه‌ش کێشه نییه، کێشه‌که له‌وه‌دایه که گوتت خه‌ڵکی فڵان یان فیساره وڵاتم، بێبه‌ختییه‌که له‌دوای ئه‌و وه‌ڵامه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات، بۆ هه‌موو بێگانه‌یه‌ک یان خه‌ڵکی هه‌موو وڵاتێک پێشوه‌خت په‌یکه‌رێک له خه‌یاڵی هه‌موو هۆڵهندییهکدا داتاشراوه، ئیتر من و ئاستی ڕۆشنبیریی من و که‌سایه‌تیی من هیچ ده‌ورێکیان نامێنێت.”
“له‌وه‌یاندا له‌گه‌ڵتدام.”
“سوپاست ده‌که‌م. زۆر جار دێمه سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی کو‌لتوور و ڕه‌وشتی ناسیۆنالیستی هێشتا به‌سه‌ر ڕۆحی خه‌ڵکی ئه‌م وڵاته‌وه کاریگه‌ریی ماوه، جا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و کێشه‌یه له‌م وڵاته‌دا چاره‌سه‌ر ببێت، پێویسته بێگانه‌کان ڕه‌نگێک یان مۆرێکیان لێ بدرێت تاکوو له بازاڕ و شوێنه گشتییه‌کاندا ئاسان بناسرێنه‌وه، مه‌به‌ستم هه‌روه‌کوو چۆن نازییه‌کان له جه‌نگی جیهانیی دووه‌مدا بۆ جیاکردنه‌وه و ناسینه‌وه‌یان ئه‌ستێره‌یه‌کیان له سنگی هه‌موو جوویه‌ک دابوو، ئه‌وکات ئێمه و ئێوه‌ش له‌و سه‌رئێشه‌یه ڕزگارمان ده‌بێت، چونکه هێشتا ناشرینییه‌کانی ڕه‌گه‌زپه‌رستی به ڕه‌وشتی زۆر که‌سه‌وه ده‌بینرێت بێ ئه‌وه‌ی که‌س هه‌ست به خۆی بکات!”
“ده‌زانم له هه‌موو کۆمه‌ڵگەیه‌کدا ڕۆحیه‌تی جیاکاری بوونی هه‌یه، به‌ڵام، نا… نا، تکات لێ ده‌که‌م مهیگهیهنهره ئه‌و ئاسته. پێم وا بێت ئه‌و خانمه له‌بیری بردینه‌وه بۆچی ئه‌مڕۆ من و تۆ پێکه‌وه‌ین و بۆ چ مه‌به‌ستێک بۆ ئه‌مستردام به‌ڕێوه‌ین، تۆ بڵێی جادووی جوانییه‌که‌ی بووبێت، یان تۆ که‌مێک ئیره‌ییت به من برد کاتێک له‌گه‌ڵ ئه‌و قسه‌م ده‌کرد!”
“هه‌ر چییه‌ک بووبێت، ئیتر ئه‌و خه‌یاڵی شێواندین.”
“ئافره‌ت… ئافره‌ت، ئینجا ئه‌گه‌ر له سروشته‌وه جوانیش بن، ئاوا کاریگه‌رن وه‌کوو بینیت. ده‌ی با باسی ئه‌وه‌ت بۆ بکه‌م، من پێشتر ئه‌وه‌م پێ گوتیت که په‌نجا ساڵه ده‌نووسم و هه‌موو ژیانم بۆ نووسین ته‌رخان کردووه، باوه‌ڕ بکه به درێژایی ئه‌و ته‌مه‌نه زۆره‌م به‌رده‌وام له‌لایه‌ن ئافره‌تانه‌وه خه‌یاڵم داگیر کراوه و شێوێنراوه، هۆکاره‌که‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و په‌ستانه سێکسییه‌ی که له‌سه‌ر ڕۆحم دروست بووه. له ته‌مه‌نی بیست و چوار ساڵیمدا ڕێکه‌وتی ئافره‌تم کردووه، نه‌ک ته‌نها په‌یوه‌ندیی ڕۆحی، به‌ڵکوو به جه‌سته‌ش، ئه‌وه چاڵێکی قووڵی ڕه‌شه له ڕۆحی مندا، نه ڕۆشن ده‌بێته‌وه و نه بۆشم پڕ ده‌بێته‌وه.”
فرانک یانسن هه‌ناسه‌یه‌کی قووڵی هه‌ڵکێشا و چه‌ند جارێک له‌پی هه‌ردوو ده‌ستی به ده‌موچاویدا هێنان، پاشان به‌بێزارییه‌که‌وه ده‌ستی له یه‌کتری هه‌ڵگڵۆفین. نازانم ویستم چی به فرانک یانسن بڵێم کاتێک ئه‌و به‌رده‌وام بوو، گوتی: “لێت ناشارمه‌وه، تاکوو ئه‌مڕۆ نه‌ک ته‌نها کتێبێک چییه به‌چاپم نه‌گه‌یاندووه، به‌ڵکوو له هیچ ڕۆژنامه و گۆڤارێکیشدا نووسینم بڵاو نه‌کردووەته‌وه.”
“به‌ڕاستته! ده‌ی هۆکار چییه؟”
“بڵێم چی، یه‌که‌م بڕوابهخۆنهبوونم، دووه‌م ڕه‌شبینیم به‌رانبه‌ر به ژیان و بێهیوابوونم له مرۆڤ به‌گشتی، ئه‌وانه وام لێ ده‌که‌ن به‌رده‌وام ئه‌و پرسیاره له خۆم بکه‌م ئایا من بۆچی ده‌نووسم؟”
“که‌واته خواست و خه‌ونت نه‌بووه نووسینه‌کانت بڵاو بکه‌یته‌وه و له‌گه‌ڵ خه‌ڵکیدا به‌شیان بکه‌یت؟”
“خۆشم نازانم! به‌ڵێ، هه‌رده‌م خه‌ونم بووه، دایم خه‌مبارم به‌وه‌ی هێزی ئه‌وه‌م تێدا نه‌بووه نووسینه‌کانم بڵاو بکه‌مه‌وه! له ڕاستیدا ئێمه به‌رهه‌می خه‌یاڵمان له‌به‌ر ئه‌وه ده‌ینووسین که‌سی دووه‌م و سێیه‌م و بگره هه‌مووان بیبینن، ئه‌گینا بۆ ده‌ینووسین و بۆچی کۆپیی بیر و فیکر و به‌رهه‌می خه‌یاڵی خۆمان ده‌که‌ین!”
“له چ بوارێک‌دا ده‌نووسیت؟”
“تاکوو ئێستام ده ڕۆمان و زیاتر له سه‌د کورته‌چیرۆکم نووسیون، هه‌رده‌م مۆراڵ لای من زۆر گرنگ بووه، سیاسه‌ت، ئه‌وه زۆر خۆمی لێ ده‌پارێزم و نایه‌ڵم بۆنوبه‌رامی تێکه‌ڵی هه‌وای ئه‌و جیهانه ببێت. من له دێیه‌کی بچووکی چوار ماڵیدا گه‌وره بووم و تاکوو ئه‌مڕۆش له‌وێ ده‌ژیم، کارەکتهر و پلۆتی ڕووداوه‌کانم هه‌رده‌م نمایشی ژیان و ڕووداوگه‌لێکی مرۆڤی هاوشێوه‌ی وه‌کوو خۆمن، هه‌ڵبه‌ته دایم به‌و مه‌به‌سته نووسیومه، به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌و چینوتوێژهی ناو کۆمه‌ڵگەی هۆڵه‌ندا، هه‌ر بۆیه خۆم له قسه‌ی زل و فه‌لسه‌فه‌لێدان و وتارخوێنی پاراستووه، چونکه گێڕه‌ره‌وه له گێڕانه‌وه داده‌بڕن و زۆر جار بێ ئه‌وه‌ی نووسه‌ر هه‌ستی پێ بکات؛ خه‌یاڵی خوێنه‌ر ده‌شێوێنێ.”
“یانی تۆ به‌ئاگاییه‌وه بۆ چینوتویژێکی تایبه‌ت ده‌نووسیت؟”
“وه‌کوو پێم گوتیت، من له ڕۆمانه‌کانمدا به‌رده‌وام کار له‌سه‌ر مۆراڵ ده‌که‌م، که‌واته گرنگه بزانم چ چینوتوێژێکی ناو ئه‌م کۆمه‌ڵگەیه ده‌دوێنم.”
“نازانم، مۆراڵ لای من واتایه‌کی ئه‌بستراکتی هه‌یه، بۆ سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی به جیاواز ده‌یبینم، به‌تایبه‌تی له هونه‌ردا، ئه‌وه هونه‌ری ڕۆماننووسین هه‌رده‌م تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته پێویسته هه‌موو تاکێک به‌جیا وه‌ربگرین… پاشان هه‌ر چینوتوێژێکی نێو کۆمه‌ڵگە به‌تایبه‌ت جۆرێک له مۆراڵی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه، هه‌ڵبه‌ته بێجگه له‌و مرۆڤانه‌ی بۆ خۆناسین و به‌مرۆڤبوونیان ئایدۆلۆژی له پێشیان ڕێگره، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆر مه‌رگدۆستن!”
جووڵه و ده‌نگه‌ده‌نگ که‌وته ناو فارگۆنی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌که‌وه، ته‌ماشام کرد دوو جابی له‌وسه‌ری فارگۆنه‌که به‌رانبه‌ر ئێمه وه‌ستابوون، یه‌ک یه‌ک به‌سه‌ر سه‌رنشینه‌کاندا ده‌گه‌ڕان و ته‌ماشای پسووڵه‌ی مۆڵه‌تی سه‌فه‌رکردنیان ده‌کردن، ئێمه‌ش بێده‌نگ بووین تاکوو جابییه‌کان ته‌ماشای پسووڵه‌کانی ئێمه‌شیان کرد. له‌دوای ئه‌مه‌وه فرانک یانسن بێده‌نگ بووبوو، سه‌ری به‌سه‌ر کۆشیدا شۆڕ کردبووه‌وه، منیش له خه‌یاڵمدا سه‌رقاڵی تاوتوێکردنی قسه‌کانی پێشوومان بووم، له‌پڕێکدا فرانک وه‌کوو شتێکی بیر که‌وتبێته‌وه؛ ئه‌و بێده‌نگییه‌ی شکاند و له‌به‌ر خۆیه‌وه و به‌ئه‌سپایی، وه‌کوو نه‌یه‌وێت سه‌رنشینه‌کانی ناو ئه‌و فارگۆنه گوێیان لێی بێت، خۆی لێ نێزیک کردمه‌وه و پێی گوتم: “ده‌زانیت ئه‌م میراتییهم له باوکی ناڕهحمهتیمهوه بۆ به‌جێ ماوه؟”
“کام میراتی؟”
“نووسین… نووسین و خه‌ونی نووسه‌ربوونم مه‌به‌سته.”
“بۆ، باوکت نووسه‌ر بوو؟”
“نووسه‌ر… نووسه‌ر، به‌ڵێ، هه‌ر چه‌ند من باوه‌ڕم به‌وه نییه نووسین و به‌هره‌ی نووسین بۆماوەیی بێت، له سه‌ددا هه‌زار دڵنیام به‌هره‌یه‌کی سروشتییه، ده‌بێت له‌گه‌ڵتدا له‌دایک بووبێت!”
“ڕێژه‌یه‌کی که‌می هه‌موو مرۆیه‌ک له ئه‌زه‌له‌وه هه‌ڵگری جۆرێک له به‌هره‌یه، ئه‌وه‌ش ئه‌رکی خانه‌واده و که‌سانی چوارده‌وریه‌تی تێیدا وه‌دۆزن و بیورووژێنن تا له بوارێک‌دا گه‌شه‌ی تێدا ده‌کات.”
“باوکم نووسه‌ر بوو یان نا، چل ساڵ بۆ ڕۆژنامه‌ی په‌ڕه‌ی ڕۆژی باکوور کاری هه‌ڵه‌چنیی ده‌کرد، ئه‌وه‌نده‌ی بزانم به هه‌مان شێوه‌ی من هه‌نووکه خه‌ون و خه‌یاڵی لای نووسین و نووسه‌ربوون بوو، له ژیانیدا یه‌ک کتێبی شیعری چاپ و بڵاو کرده‌وه، به‌و هۆیه‌شه‌وه به هه‌موو ته‌مه‌نی خۆی وه‌کوو نووسه‌ر له‌قه‌ڵه‌م ده‌دا و شانازیی پێوه ده‌کرد، تاکوو مردیش به‌رده‌وام کتێبه‌که‌ی له‌به‌ر باخه‌ڵیدا بوو. باش به‌بیرم دێت کاتێک مناڵ بووم، تازه ئه‌و دیوانه‌ی به‌چاپ گه‌یاندبوو که چل کورته‌شیعرێکی له‌خۆ ده‌گرت، ئه‌و شیعرانه‌ی هه‌موو به من و خوشک و براکانم لەبەر کردبوون، تاکوو ئه‌مڕۆش هه‌موویانم له‌بیر ماون و ڕۆژانه له‌به‌ر خۆمه‌وه ده‌یانڵێمه‌وه. باوه‌ڕم پێ بکه ئه‌و کتێبه‌ی باوکم له ماڵه‌که‌ی ئێمه‌دا جێگای کتێبی ئینجیلی پیرۆزی گرتبووه‌وه. له‌دوای ئه‌و ڕۆژانه‌وه، هه‌رده‌م باوکم له پلانی ئه‌وه‌دا بوو کتێبی دووه‌م و سێیه‌می بنووسێت، به‌ڵام هه‌ر بۆی ڕێک نه‌که‌وت. سی ساڵێک پێش ئه‌مڕۆ کۆچی دوایی کرد، له سه‌ره‌مه‌رگیدا به‌جیا له برا و خوشکه‌کانم بانگی منی کرد و چرپاندی به گوێم‌دا: ‘کوڕم، هه‌وڵ بده بنووسه! ببه به نووسه‌ر، تۆ به‌هره‌داریت و ته‌نها مناڵی منیت که ئه‌و به‌هره‌یه‌ت له منه‌وه بۆ به‌جێ ماوه، ئه‌وه سه‌روه‌ته و له‌ده‌ست خۆتی نه‌ده‌یت!’ منیش له‌و ڕۆژه‌وه تاوه‌کوو ئێستام، باوه‌ڕم به‌و قسانه‌ی باوکم هه‌بووه.”
“ئاوا، ئێستا لێت تێگه‌یشتم!”
“ئه‌م میراتییه‌ی باوکم له‌ناو برا و خوشکه‌کانمدا ته‌نها به منی ڕه‌وا بینی و به من بڕا، له ژیانمدا زیاتر زه‌ره‌ری لێ دام وه‌ک له قازانج. برا و خوشکه‌کانم جیاواز له من هه‌موو ژیانی ئاسایی خۆیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن و وا بزانم ئاسووده‌ن، ئێستا من هه‌رده‌م ئيره‌یی به‌وان ده‌به‌م، بریا هه‌ر له سه‌ره‌تاوه خووم به‌م نووسینه‌وه نه‌گرتایه، به‌ڵام تازه هه‌موو ڕۆحی ته‌نیوم و من بووم به پاچه‌یه‌ک له نووسین و خه‌یاڵی نووسین، یان باشتره بڵێم خراپ خووم پێوه گرتووه.”
“بۆچی تۆ نووسین وه‌کوو خووه‌یه‌ک ده‌بینیت که ژیان و ڕۆحی تۆی به‌و جۆره داگیر کردبێت؟”
“بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی به‌هره‌ی نووسینیان نییه و خه‌یاڵیان سفره، ته‌نها خووپێوهگرتنێکه و لاساییکردنه‌وه‌ی ئه‌وانی تره، به جۆرێک نووسین به پێویست ده‌زانن. باشتره بڵێم که به پێویستی ده‌زانن ببن به نووسه‌ر. بێگومان بێبههرهکان به‌به‌رده‌وامی له شهڕیشدان له‌گه‌ڵ مه‌حاڵدا و ئازار ده‌چێژن، به‌ده‌گمه‌ن ده‌توانن داهێنان له بواری هونه‌ردا بکه‌ن، مه‌به‌ستم له هونه‌ره به هه‌موو فۆرم و شیوازه‌کانیه‌وه. مرۆڤی بێ به‌هره و خه‌یاڵ ته‌نها ده‌توانێت کاری وه‌رگێڕان و وتاری ڕۆژ بنووسێت و له بواره‌کانی میدیا کار بکات، وه‌کوو تر ئه‌سته‌مه له بواری هونه‌ردا داهێنانی هه‌بێت!”
“ئه‌ی تۆ خۆت به به‌هره‌دار ده‌زانیت، یان…”
“تاکوو ئێستاش نازانم! هه‌ست ده‌که‌م بیرکردنه‌وه و خه‌یاڵی نووسین هه‌رده‌م ئازارم ده‌دات، ده‌بێت ته‌واو خۆم مه‌ست بکه‌م و ده‌رزییه‌ک بچه‌قێنم به ڕۆحمدا، ئه‌گه‌ر وا نه‌که‌م؛ په‌ی به خه‌یاڵم نابه‌م و خه‌یاڵم ناجووڵێت تاوه‌کوو بنووسم.”
“چۆن… چۆن، به‌ڕاستته! ئه‌وه مۆدێل و پره‌نسیپی نووسه‌رانی کلاسیک بوو، خۆمه‌ستکردن و بێهیوایی و سێکسی به‌رده‌وام و پابه‌ندنه‌بوون به هیچ یاسا و ڕێسایه‌که‌وه، گۆشه‌گیری، ڕیسوابوون، دژی هه‌موو كۆمه‌ڵگه به چاک و خراپیه‌وه، هه‌ر چه‌نده ئێستاش له‌ناو هونه‌رمه‌نده شێوه‌کاره‌کاندا باوه، یانی تۆیش به‌و چه‌شنه کردار له‌گه‌ڵ ڕۆحی خۆتدا ده‌که‌یت؟”
“به‌ڵێ، به‌داخه‌وه، ئه‌گه‌ر بێتوو ته‌واو مه‌ست نه‌بم و له حه‌فته‌یه‌کدا له‌گه‌ڵ ئافره‌تێک دوواندا نه‌چمه ناو جێگاوه، ده‌ستم قه‌ڵه‌م ناگرێت و هه‌ست ده‌که‌م له هه‌موو شتێک به‌تاڵم، زۆر بێئارامم و له خۆمدا هه‌ست به ورووژانێکی ئاڵۆز ده‌که‌م، به‌رده‌وام وه‌ک ورچی برسی به ماڵه‌که‌مدا دێم و ده‌چم، گومانم نییه که ئه‌وه نیشانه‌ی بێبههرهییمه.”
“ئه‌وه کاره‌ساته!”
له‌پاش ئه‌م لێدوانه‌ی فرانک یانسن، که دوا وشه‌ی به‌ئه‌سته‌م ده‌توانی ده‌رببڕێت و چاوی پڕ بووبوون له فرمێسک و له‌وه‌دا بوون به ڕوومه‌تیدا بێنه خواره‌وه، به‌دڵته‌نگییه‌وه ده‌سته‌سڕێکی له گیرفانی چاکه‌ته‌که‌ی ده‌رهێنا و چاوی پێ وشک کردنه‌وه، ڕووی لێ وه‌رگێڕام و بێده‌نگ له ده‌ره‌وه‌ی ده‌ڕوانی و هه‌ردوو ده‌ستی توند له یه‌ک هه‌ڵده‌گڵۆفین، پاشان ده‌سته‌کانی له‌نێوان ڕانه‌کانی توند کردن، بینیم چۆن ئاره‌قه به لاجانگه‌کانیدا ده‌چۆڕانه خوار، له ته‌نیشتیه‌وه بێده‌نگ لێم ده‌ڕوانی و له خه‌یاڵی خۆمدا هه‌ستم به په‌شیمانی ده‌کرد بۆ ئه‌و پرسیارانه‌ی لێم کردبوو. ئه‌و دوو کاتژمێره‌ی له‌و شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌دا له شانی یه‌که‌وه دانیشتبووین، ئه‌و قسه‌که‌ر و منیش گوێگر بووم، ئه‌و ڕۆژه ته‌نانه‌ت فرانک یانسن پرسیاری ئه‌وه‌شی لێ نه‌کردم ئایا من کێم و چ کاره‌م و چی ده‌نووسم.
تاوه‌کوو گه‌یشتینه به‌رده‌م هۆڵی خراخت، فرانک هیچی نه‌گوت. له‌به‌رده‌م هۆڵه‌که‌دا سڵه‌مییه‌وه و به ده‌نگێکی به‌رز گوتی: “ده‌ڵێم کاتمان له‌پێشه، با له جێگایه‌ک بیره‌یه‌ک یان پێکێک شه‌راب بخۆینه‌وه!”
سه‌رم لێ ڕاوه‌شاند به مه‌به‌ستی ڕازیبوونم و له‌به‌ر خۆمه‌وه گوتم: “پێم باشه.”
سه‌نته‌ری شاری ئه‌مستردام بڕووخێت، به‌سه‌ر کافتریا و کۆفیشۆپدا ده‌گیرسێته‌وه. له کۆفیشۆپێک لامان دا و بیره‌مان داوا کرد. من هێشتا په‌رداخی یه‌که‌مم له‌ناو ده‌ست بوو که له نیوه زیاتری تێدا مابوو، دانیشتبووین و له په‌نجه‌ره‌یه‌کی گه‌وره‌وه به‌سه‌ر شه‌قامێکی جه‌نجاڵدا ده‌مانڕوانی، ئه‌وه‌ندەی بیرم مابێت له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بووم سه‌ری باسێک بکه‌مه‌وه و کۆتایی به‌و بێده‌نگییه‌ی نێوانمان بێنم، به‌ڵام هیچی وام شک نه‌ده‌برد، ئاگام لێ بوو فرانک دوای خێرا هه‌ڵقوڕاندنی چوار په‌رداخ بیره، بوتڵێک شه‌رابی داوا کرد و بێ ئه‌وه‌ی فه‌رمووی من بکات، پێم وا بێت هه‌مووی نیوکاتژمێری پێنه‌چوو، خێرا خێرا په‌رداخه‌که‌ی پڕ ده‌کرد له شه‌راب و ده‌ینا به سه‌ریه‌وه، له ناحاڵیبوونم له‌و کرداره‌ی ئه‌و؛ ڕووم لێ وه‌رگێڕا و بێده‌نگ له ده‌ره‌وه‌م ده‌ڕوانی، له‌ناکاو ده‌ستێکی خسته سه‌ر شانم و به ده‌نگێکی گڕ گوتی: “با بڕۆین، ئێستا من ئاماده‌م، ئه‌وه له‌بیرم چوو پێت بڵێم ئه‌مڕۆ من له هۆڵی خراخت پێنج خولەکێک کاتم پێ بڕاوه، تاکوو وه‌کوو نووسه‌ر خۆم بناسێنم.”
سه‌رم لێ ڕاوه‌شاند و به‌ده‌م ڕۆیشتنمه‌وه: “فرسه‌تێکی باشه.”
که گه‌یشتینه ناو هۆڵه‌که جێگای دانیشتن نه‌مابوو، دیار بوو فێستڤاڵه‌که ده‌ستی پێ کردبوو، خێرا به سه‌ر و خواری هۆڵه‌که‌دا ڕوانیم، ئه‌وه‌ی سه‌رنجی ڕاکێشام ئه‌وه بوو به‌ده‌گمه‌ن پیاوێکت ده‌بینی. شه‌ش ئافره‌ت له‌سه‌ر سه‌کۆی هۆڵه‌که بوون و یه‌ک یه‌ک له‌سه‌ر ئه‌زموونی نووسینی خۆیان ده‌دوان، فرانک یانسن ئاوڕێکی له من دایه‌وه و لێی پرسیم: “ئه‌ی تۆ ئه‌مڕۆ به‌ته‌مای چیت؟”
“هیچ، من ئه‌مڕۆ ته‌نها گوێگرم.”
“من ده‌بێت ئاماده بم که گوێم له ناوی خۆم بوو، به‌ڵێ ده‌بێت ئاماده بم! ته‌واو، ئه‌مه ڕۆژی منه و ئه‌وه ده‌ڵێم ڕه‌شنووسی ده ڕۆمانم ئاماده‌یه و هه‌رچ چاپخانه‌یه‌ک ده‌یه‌وێت ده‌توانێت چاپیان بکات، ڕازیم ئه‌گه‌ر داهاتێکی زۆر که‌میشم ده‌ست بکه‌وێت، گرنگ ئه‌وه‌یه چاپ بکرێن. ته‌واو، ته‌واو، هه‌ر وا ده‌ڵێم، بێ که‌م و زیاد!”
له‌دوای ئه‌م لێدوانه‌ی فرانک یانسنهوه تاوێک بێده‌نگ گوێمان له چه‌ند ئافره‌تێک گرت، باسیان له‌وه ده‌کرد که چۆن ساڵی پار له‌لایه‌ن یه‌کێک له‌و چاپخانانه‌وه هاوکاری کراون، بۆ جاری یه‌که‌م خه‌ونیان هاتووەته دی و کتێبیان بۆ چاپ کراوه، ئێستا به چاپی دووه‌میه‌وه سه‌رقاڵن، پاشان له بیری ئه‌وه‌دان کتێبه‌کانیان بۆ سه‌ر زمانه‌کانی ئینگلیزی و فه‌ڕه‌نسی وه‌ربگێڕن. دوای ئه‌و نووسه‌ره ئافره‌تانه، گه‌نجێکی ڕێکپۆش تاوێک ڕیکلامی بۆ چاپخانه‌یه‌ک کرد، پاشان کچێکی لاوی سوورپۆش هاته سه‌ر سه‌کۆکه و گوتی: “داوا له به‌ڕێز فرانک یانسن ده‌که‌م ته‌شریف بێنێته ئێره!”
ئاوڕم دایه‌وه بۆ لای شانی ڕاستم که پێشتر فرانک یانسنی لێ ڕاوه‌ستابوو، نه‌مبینی، گوتم له‌وانه‌یه به‌ناو ئه‌و جه‌نجاڵییه‌دا بۆ سه‌ر سه‌کۆی هۆڵه‌که به‌ڕێوه بێت، به‌ڵام کاتێک چه‌ند جار کچه سوورپۆشه‌که ناوی فرانک یانسنی دووباره و سێباره کرده‌وه و فرانک یانسن هه‌ر نه‌گه‌یشته سه‌ر سه‌کۆکه؛ که‌وتمه گومانه‌وه، به‌هه‌ڵه‌داوان به‌ره‌و هۆڵی چاوه‌ڕوانی و ته‌والێته‌کان چووم. کاتێک گه‌ڕامه‌وه، دیار بوو زۆرم پێچووبوو، که‌سێکی تر له‌سه‌ر سه‌کۆی هۆڵه‌که بوو، ئه‌ویش له گه‌رمه‌ی باسی خۆیدا بوو، ئاماده‌بووان بێده‌نگ و به‌سه‌رنجه‌وه گوێیان لێ گرتبوو، ویستم منیش وه‌کوو هه‌مووان سه‌رنج بده‌م و گوێی لێ بگرم، به‌ڵام نه‌متوانی فرانک یانسن فه‌رامۆش بکه‌م، له خه‌یاڵی ئه‌وه‌دا بووم بڕیاری ئه‌وه بده‌م و به خۆم بڵێم: “فرانک به ڕێگای خۆی و ئه‌وە کێشه‌ی من نییه!”
به‌ڵام هه‌ر چه‌ندێکم کرد نه‌متوانی و خێرا له هۆڵه‌که ده‌رچووم و چوومه سه‌ر شه‌قامی به‌رده‌می هۆڵی خراخت، هه‌ستم به ورووژانی ڕۆحم ده‌کرد، له‌شم ئاره‌قه‌یه‌کی ساردی کردبوو، خۆم گه‌یانده ئه‌و کۆفیشۆپهی پێشتر له‌گه‌ڵ فرانک یانسن لێی دانیشتبووین. کاتێک من بهشڵهژاوییهکهوه له باڕی کۆفیشۆپهکه نێزیک بوومه‌وه و بیره‌یه‌کم داوا کرد، باڕمه‌نه‌که هێشتا خه‌ریکی تێکردنی بیره‌که بوو که‌سێک ده‌ستی خسته سه‌ر شانی ڕاستم و گوتی: “نووسه‌ر بم یان نووسه‌ر نه‌بم، ئه‌وه‌یه مه‌سه‌له‌که.”
“فرانک، ئه‌وه چیت لێ به‌سه‌ر هات؟”
“ته‌نانه‌ت خواش بێئه‌قڵی ده‌نوێنێت، واز له‌وه بێنه، تۆ ئه‌گه‌ر شاره‌زای ئهمستردامیت، تکایه با تاوێک بگه‌ڕێین، ئه‌وه بۆ جاری یه‌که‌ممه ڕێم بکه‌وێته ئه‌م شاره!”