چاکسازییە هەنوکەییەکان، هەتا کار لەکار نەترازاوە
حکومەتی هەرێم لە دوا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە ٢٠/١/٢٠١٦ دا بۆ یەکەمجار دانی بە مەترسیی وەزعەکەو قوڵی قەیرانەکان نا، بەوەی کە لە “ساڵی ١٩٩١ ـهوه تا ئێستا قهیرانى وا له ههرێمى كوردستان نهبووه“. نێچیرڤان بارزانی هۆکاری سەرەکی پشت قەیرانەکانی گێڕاوە بۆ “دابهزینى نرخى نهوت“. ئەوەی راستیبێت قەیرانەکانی هەرێم ئەوەندەی پەیوەندییان بە چۆنییەتی بەڕێوەبردنی هەرێمەوە هەیە ئەوەندە پەیوەندیان بە دابەزینی نرخی نەوتەوە نییە. قەیرانەکانی هەرێم پەیوەندیان بە دروستکردنی ئەو بارە قورسەوە هەیە کە هەر ئەوانەی ئێستا لە حکومو لە حکومەتدان دروستیانکردوە. قەیرانەکان پەیوەندیان بە تێکەڵکردنی کایەی ئابوریو سیاییەوە هەیە کە ئەو نوخبە سیاسییە بەڕێوەبەرە خولقاندویەتی، ئەویش بەتاپۆکردنی حکومەتو موڵکو ماڵی گشتی بەسەر حزبو بەپرسە حزبییەکان. دابەزینی نەوت هێندەی پاساوە هێندە هۆکاری کێشەکان نییە. بۆیە هەر چارەسەرییەکو چاکسازییەک لە کوردستان دەست لەسەر کێشەو قەیرانە سەرەکییەکان دانەنێت نەک کێشەکان چارەسەرناکات بەڵکو هێندەی دیکە گەورەترو ئاڵۆزتریان دەکات. ئەم چەند پێشنیازەی لێرە خراونەتەڕوو هەوڵێکە بۆ پەنجەدانان لەسەر کێشە جەوهەرییەکانو چارەسەرە هەنوکەییەکان.
دیارە ئێمە ئاگادارین کە خەڵکێکی زۆر لە کوردستان هیچ هیوایەکیان بەوە نەماوە کە ئەم نوخبە سیاسییە حاکمە هیچ هەنگاوێک بەرەو چاکسازی باوێت. پێشیانوایە کە چاوەڕوانی چاکسازیی ڕوکەشانەش لەو نوخبەیە نیشانەی خۆشباوەڕیو سادەییە. سەرەڕای ئەمە من پێموایە خستنەسەر مێزی پێشنیازی لەم چەشنە گرنگی خۆی نەک هەر بۆ دەسەڵات بەڵکو بۆ خەڵکیش هەیە، لانیکەم بەرچاوڕوونی دەدات بەهەردوولا.
ئەو چاکسازییو پێشنیازو هەنگاوانەی لێرە خراونەتەڕوو هەندێکیان هەنوکەیینو هەندێکیشیان لەدرێژمەودا دەکرێت بەتەواوی جێبەجێبکرێنو کاریگەرییەکانیان دەرکەوێت. لێرە تەرکیزکراوەتە سەر چاکسازییە ئابورییو داراییەکان چونکە پێموایە ئێستاکانێ چاکسازیی سیاسی ئەگەری ئەوەی هەیە کە کێشەکان قوڵترو ئاڵۆزتر بکات.
لە بواری ئابوریو دارایی
یەکەم، داخستنی هەموو بارەگا حزبییەکان بە مەڵبەندو لقو ناوچەو کۆمیتەو مەکۆکانەوە لەگەڵ بڕینی نەسرییەکانیان. ئەم بڕیارە دەبێت هەموو حزبەکانی دیکەش بگرێتەوە. یەکسەر هەموو دامودەزگاو کەلوپەلەکانیشیان بفرۆشرێتو پارەکەی بخرێتە خەزینەی حکومەت. بۆ ڕایکردنی کاروباری حزبی، حزبەکان دەکرێت چەند نوسینگەیەکیان لە شارو شارۆچکەکان هەبێت. بەڵام بە هیچ شێوەیەک لە بودجەی گشتی پارەیان بۆ تەرخاننەکرێتو بەیاسا ڕێگری لە گەورەکردنیان بگیردرێت.
دووەم، بڕینی موچەو نەسرییەی هەموو حزبییەکان، بێهەڵاواردن، هەر لە مەکتەب سیاسییەکانەوە تا دەگاتە ئەندامێکی سادە.
سێیەم، بڕینی موچەی هەموو ئەو کەسانەی کە هاوڵاتی هەرێمنو لە یەکێک لە وڵاتانی دەرەوە دەژین، بەوانەشەوە کە بە موستەحەقی خانەنشینکراون، مەگەر بنەماڵەی شەهیدو ئەنفالکراوەکان بن.
چوارەم، داخستنی هەموو میدیا حزبییەکان بە تەلەفزیۆنو ڕادیۆو ڕۆژنامەو سایتو سەنتەرەکانی توێژینەوەی حزبی، بەوانەی سێبەریشەوە. فرۆشتنی دامودەزگاو کەلوپەلەکانیانو گێڕانەوەی پارەکان بۆ خەزینەی حکومەت.
پێنجەم، دامەزراندنی دەزگایەکی میدیای نیشتیمانیی کە لەلایەن دەوڵەتەوە بودجەی بۆ دابینبکرێت بەڵام سەربەخۆو ئازاد بێت، کە لە ڕێگەی چەند کەناڵیکی تەلەفزیۆنیو ماڵپەڕو ڕۆژنامەو ڕادیۆو هۆکارە مۆدێرنەکانی دیکەی پەیوەندیکردن هەواڵو ڕاستییەکان بە هاوڵاتییان بگەیەنێت. ئەوە بەو مانایە نییە کە ڕێگە لە میدیای دەرەوەی دەوڵەت بگیرێت بەڵام نابێت ڕێگەبدرێت حزبو لایەن سیاسییەکان، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، دەزگای میدیایی دامەزرێنن یان بەڕێوەبەرن.
شەشەم، خۆماڵیكردنی ههموو كۆمپانیا حزبیهكانو گواستنهوهیان بۆ ژێر ئیدارەی دەوڵەت. هاوکات کردنەوەی دەرگا بەڕووی کۆمپانیا ناوخۆییەکانو دەرەکییەکان بۆ کارکردن لە هەموو بوارەکان تاوەکو پێشبڕکێیەکی ئازادانە لەنێوانیاندا دروستبێت کە هاوڵاتی وەک بەکاربەر قازانجی لێبکات.
حەوتەم، گێڕانەوەی هەموو ئەو زەویو موڵکە گشتیانەی بەسەر حزبەکان یان ئەندامو لایەنگرو وەکیلەکانیان دابەشکراون.
هەشتەم، قەدەغەکردنی کاری بازرگانی لە حزبەکان، بەهەموو شێوەکانییەوە، بە بڕیارێکی پەرلەمان. هاوکات، بڕیارەکە وەک بەندێکو مەرجێک بخرێتە ناو یاسای حزبەکان. مەبەست لەمە جیاکردنەوەی کایەی سیاسیو کایەی ئابورییە، کە یەکێکە لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکان لەپشت زۆربەی کێشەکانی کۆمەڵگەی کوردستانییو حکومەتی هەرێم.
نۆیەم، فرۆشتنی ٧٥% ی هەرچی سەیارەی حکومی هەیە لە هەرێمی کوردستان. هاوکات گەشەپێدانی کەرتی هاتوچۆی گشتیی، هەم بەمەبەستی دروستکردنی هەلی کار هەم بۆ پاراستنی ژینگە.
دەیەم، دانانی باج بەڕێژەی ٢٠–٣٠% لەسەر هەموو ئەو کەسانەی کە داهاتیان لە سێ ملیۆن دینار زیاترە بەگوێرەی داهاتەکەیان، هەر ئێستاکانێ. لەدرێژخایەن دەبێت سیستەمێکی باجی عادیلو تۆکمە دابنرێت بەشێوەیەک کە هەر کەسێک داهات یان سامانی هەبێت باجی لێوەربگیرێت.
یازدەم، وەرگرتنی بەشێک بەڕێژەی ٢٠–٤٠% سەرمایەی هەموو ئەو کەسانەی کە لە حالی حازردا سەرمایەکانیان، بە ئەموالی مەنقولەو غەیرمەنقولە، گەیشتۆتە ملیارێک دینار. ئەم خاڵە نابێت هیچ دەوڵەمەندێک هەڵاوێرێ بە بەرپرسە باڵاکانی دەوڵەتو حزبەکانیشەوە.
دوازدەم، کەمکردنەوەی موچەی هەموو ئەو کەسانەی لە کوردستان لە ١٩٩٢ ـەوە تا ئێستا خانەنشینکراون، بە هەر پلەو پایەیەک خانەنشینکرابن، بە موستەحەقو ناموستەحەقەوە. سەرفکردنی تەنیا یەک ملیۆن دینار بۆ هەموو ئەوانەی کە موچەکانیان لەسەروی یەک ملیۆن دینارەو هێشتنەوەی موچەی ئەوانەی کە لە یەک ملیۆن کەمترە وەکو خۆی. دوای دەربازبوون لەم قەیرانە دەکرێت چاو بەو بڕگەیەدا بخشێنرێتەوە.
سێزدەم، هەر کەسێک لە ئەنجامی ئەم چاکسازیانە بێکاربێت، یان بێ موچە بمێنێتەوە (بە مەرجێک لە هیچ شوێنێک کەرتی گشتیو کەرتی تایبەت موچەی نەبێت)، ئەوە موچەیەکی بۆ ببڕێتەوە کە لە ٥٠٠ هەزار کەمتر نەبێتو لە ملیۆنێک تێپەڕنەکات.
لە بواری سیاسییەوە
یەکەم، لە دەرەوەی پرسو بڕیارە پەیوەندارەکان بەم چاکسازییانە، حکومەتی هەرێم وەک حکومەتی ڕاییکەری کاروبارەکان ڕابگەیەنرێت. وەزیرە دوورخراوەکان بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
دووەم، کاراکردنەوەی پەرلەمانو گێڕانەوەی سەرۆکەکەی بۆ سەر کاری خۆی.
سێیەم، دەستبەجێ دەستبکرێت بە ئامادەکاری بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ سەرۆکایەتی هەرێمو پەرلەمان، بە مەرجێک لە ساڵێک تێپەڕنەکات.
چوارەم، ئەم پێشنیازانە بەناوی حکومەتی بنکەفراوان پێشکەشبکرێنو هەموو حزبو لایەنەکان پشتیوانی لێبکەن، نەک یەکێک ببێت بە خاوەنیو یەکێکی دیکە بە دژ. بۆ زەمانەتکردنی ئەم یەکڕیزییە واچاکە هەموو حزبو لایەنەکان لەڕێگەی حکومەتو پەرلەمانەوە دەوڵەمەندی بکەن.
لەکۆتاییدا دەمەوێت بڵێم کە لەڕێگەی فشاری مەدەنی، واتە مانگرتنی سەرتاسەریو ناڕەزایی دەربڕینی ئاشتیانەی تەواوی خەڵکی کوردستان، بەتایبەتی خەڵکی هەولێرو دهۆک، نەبێت، پێموایە دەسەڵات ڕەچاوی هیچ کام لەم پێشنیازانە ناکات. بۆیە خەڵک نابێت تەنیا چاوەڕوان بن کە دەسەڵات چاکسازی بکات. نەک ئەم دەسەڵاتو نوخبە سیاسییە حاکمەی ئەمڕۆی کوردستان بەڵکو بەدەگمەن لە دنیادا دەبینرێت کە دەسەڵاتداران لە بێدەنگیدا چاکسازیو بەرنامەگەلێک بکەن بە پۆلیسیان کە لە قازنجی گشتیدابێت.