دووكه‌سی جیاواز له‌مێژوودا یه‌كه‌میان ڕیسوا و بێزراو و دووهه‌میان نه‌مر له‌كتێب و تێزه‌كانیدا: له‌لای ڕاسته‌وه‌ ڕیزی یه‌كه‌م له‌وه‌ستاوه‌كان ؛ ئادۆلف هیتله‌ر و له‌دانیشتووه‌كان له‌وپه‌ڕی چه‌پ ؛ لودڤیگ ڤیتگنشتاین – قوتابخانه‌ی ناوه‌ندی ١٩٠٤ – لینز – ئۆسته‌رایخ (نه‌مسا) Realschule in 1904 /Österreich – Lenz

فەلسەفە لە تراکتاتۆسدا


فەلسەفی

Loading

دڵشاد حامید ده‌روێش

فەلسەفە لە تراکتاتۆسدا

دڵشاد حامید دەروێش 

 

 

فەیلەسوفی مەزنی نەمسایی لۆدڤیگ جۆزێف یوهان قتگنشتاین  Ludwig Josef Johann Wittgenstein بۆ یەکەمجار شاکاری لێکۆڵینەوەیەکی لۆژیکی فەلسەفی ( تراکتاتۆس ) ی لە ساڵی ( 1921 ) بە زمانی ئەڵمانی بڵاوکردەوە ، ئەم پەرتووکە قەبارە مامناوەندە بە بانگەشە پەڕگیر و تێگە و تیوریا بنەغەیی و ڕادیکاڵەکانی بووەتە خاوەن شوێنپەنجەی حاشاهەڵنەگر لەسەر تەواوی فەلسەفەی زانست و کاریگەریەکی بەرچاوی لەسەر ڕەوتی پۆزەتفیستی لۆژیکی ( Logical Positivism ) بەتایبەت ئەندامانی بازنەی ڤیەنا ( Vienna Circle) داناوە ، نەک هەر ئەوەندە بگرە تا نهاش ئەم دەقە ناوازەیە و بابەتی مشتومڕ و گفتووگۆ و گەنگەشەی گەرم و لیکۆڵینەوەی ئەکادیمی ناوەند و خانەکانی فکر و فەلسەفەیە لە تەواوی جیهاندا.

تراکتاتۆس نوێنەرایەتی قۆناغی یەکەمی بیروبۆچوون و تێڕامانە فەلسەفیەکانی ڤتگنشتاین دەکات ، بەشی دووەمی فەلسەفەکەی کە خۆی لە کتێبی ( لێکۆڵینەوە فەلسەفیەکان ) دا گەڵاڵە دەکات، بەهیچ جۆرێک تەواوکەر و درێژەپێدەری سەرەتای گەشتە فەلسەفیەکەی نیە و هیچ ڕایەڵبەدنیەک لە نیوان ڤتگنشتاینی تراکتاتۆس و ڤتگنشتاینی لێکۆڵینەوە فەلسەفیەکاندا بەدیناکرێت، تەنها ئەوە نەبیت کە دواجار هەردووکیان کارکردنێکن لە یەک کێڵگەی فەلسەفیدا، بەڵگەشمان بۆ ئەمە توڕهەڵدانی زۆرێک لەو تیۆریا و تێگە بنەڕەتیانەیە کە لە تراکتاتۆسدا بانگەشەی بۆ دەکردن و وێنەیەکی ستاتیکی و رەقهەڵهاتووی زمانیان دەنەخشاند، هەرچی وێنە و چەمکاندنی زمانە لە لیکۆڵینەوە فەلسەفیەکاندا ڕەهەندیکی داینامیکی هەیە و زمان زیاتر پەیوەست کراوە بە بەکارهێنانەوە و لە ڕێگەی چەمکی گەمەکانی زمان Language Games  ، چەمک و بیژە و وشەکان بە زیاد لە ڕێگە و شێوازیک بەگەڕدەخرێن. (1)

 

دووكه‌سی جیاواز له‌مێژوودا یه‌كه‌میان ڕیسوا و بێزراو و دووهه‌میان نه‌مر له‌كتێب و تێزه‌كانیدا: له‌لای ڕاسته‌وه‌ ڕیزی یه‌كه‌م له‌وه‌ستاوه‌كان ؛ ئادۆلف هیتله‌ر و له‌دانیشتووه‌كان له‌وپه‌ڕی چه‌پ ؛ لودڤیگ ڤیتگنشتاین – قوتابخانه‌ی ناوه‌ندی ١٩٠٤ – لینز – ئۆسته‌رایخ (نه‌مسا) Realschule in 1904 /Österreich – Lenz

تراکتاتۆس ڕووی شێوەییەوە بەڕەچاوکردنی پرەنسیپی گوێزانی ئۆکام (Occam’s Razor)  (2) ولە رێگەی دەستەواژەی کورت و پوخت و چرەوە دارێژراوە ، هەر دەستەواژەیەکیش یاخود بڕگە و ئایدیایەک ژمارەی تایبەت بەخۆی وەرگرتوە ، ڕەنگە هەر ئەم کورتبێژی و چڕبێژیەش هۆکاری ئەو ناڕوونی و ڕاجیایی و دیدڵێڵیە بێت کە توێژەرانی ئەم کتێبە لەمەڕ چەمکهایەکی وەک ( شت ، جیهانی دەرەکی ، فاکتی ئەتۆمی و … هتد) دەرگیری بوون و بەناچاری دەست و پەنجەیان لەتەکدا نەرم کردوە ، بەهەرحاڵ ئەمە بابەتیکی دیکەیە ناشێت لێرەدا لەسەری ڕاوەستین .

بەشێوەیەکی گشتی تراکتاتۆس لە (7) تێزی بناغەیی پێکهاتووە کە بریتین لە تێزەکانی ( 1-2-3-4-5-6-7 )، بەڵام بە بڕوای خاکیانەی بەندە ناتوانین ڕەهابێژی لەمەدا بکەین ، نەخاسمە ئەوەتا ڤتگنشتاین خۆی لە بڕگەی (٠312 -4) دا دەنوسێت ( شیاوەکی پڕۆپۆزیشنەکان بەندە بە بنەمای نوێنەرایەتیکردنی بابەتەکانەوە ، بیرۆکەی بناغەیی من ئەوەیە کە : نەگۆڕە لۆژیکیەکان نوێنەرایەتی هیچ شتێک ناکەن) (3)

1- میتۆدی شیکاری Analytic Method

میتۆدی کارپێکراو لە تراکتاتۆسدا میتۆدێکی شیکاریە (Analytic) ، ئەو دوو بابەتە سەرەکیەشی لە تراکتاتۆسدا شیکاری دەکرێن بریتین لە هەریەکە لە چەمکەکانی (جیهان) و (زمان) .

لە ڕووی زمانەوانیەوە شیکردنەوە بە شیکردنەوەی شتی ئاوێتە دەگوترێت بۆ ڕەگەز و بنەما سەرەتاییەکانی . هەرچی لە ڕووی زاراوەییەوەیە بریتیە لە بەشکردنی شتێک ( فیزیکی یاخود مێنتاڵی ) بۆ بەشکانی لە بنچینە و تایبەتمەندیەکانی ، یان دابڕینی هێندێکە لە هیندێکی دیکە ، پاشان لێکۆڵینەوە و لیتوێژینەوەی یەک بە یەکی ئەم بەشانە بۆ گەیشتن بە زانین و درکپێکردنی پەیوەندی نیوانیان و پەیوەندیان بە هی دیکەوە . (4) کەواتە کەسی شیکار دواجار چاو لەوە دەبڕێت کە رەگەز و پێکهێنەرەکانی بابەتێک دەربخات و شۆڕبیتەوە بە ناواخنی ئەم یەکە و بنەما سادانەدا بەئامانجی دەستگەیشتن بە کۆمەڵێ زانیاری ورد لەمەڕ سروشت و پەیوەندیەکانی ئەم ڕەگەزانە .

جێی خۆیەتی ئەوە بڵێین کە شیکاریخوازی تەنها لە کایەی فەلسەفەدا وەگەڕناخرێت، بەڵکو میتۆدێکی دیاری نیو زۆرێک لە کایە گرنگەکانی دیکەی هونەر و زانستە و بەشێوەیەکی گشتیش دابەش دەبیت بۆ دوو جۆری سەرەکی :

شیکردنەوەی ئەستوویی

لێرەدا بابەتی شیکراوە ئەستووییە و وەک دیاردەیەکی فیزیکی – مادی لە دونیای دەرەکیدا خۆی دەردەخات، نموونەش بۆ ئەم جۆرە شیکردنەوەی ئاوە (H2O) بۆ هەریەک لە ڕەگەز و توخمە سەرەکیاکەنی (H) و (O).

شیکردنەوەی ئەقڵی یاخوود لۆژیکی

شیکردنەوەی ئەقڵی دەکەوێتە سەر بەبەتێکی نائەستوویی یاخوود بابەتە ئەقڵی و لۆژیکیەکان، بۆ نموونە ئەوەی کە فەیلەسووفی گەورە ئیمانوئێل کانت (١٧٢٤-١٨٠٤) دەیکات لە دابەشکردنی بڕیارەکان بۆ پێش ئەزموون (A priori) و دوای ئەزموون (A posteriori) لێکۆڵینەوە و قاڵبوونەوە و ڕۆچوون بە ناواخنی هەریەکەیاندا پڕۆسەیەکی شیکاری ئەقڵی یاخوود لۆژیکی بوو،بە هەمان شێوە شیکاری زمان لەلای ڤتگنشتاین سەر بەم جۆرەی شیکاریە.

 

تراکتاتۆس – ڤیتگنشتاین

2- تێگە وتیوریا بناغەییەکان لە تراکتاتۆسدا

جیهان

ڤتگنشتاین سەرەتا بە شیکردنەوەی جیهان گەشتەکەی سەر ڕێگا دەخات ، ئەو پێیوایە جیهان هەموو ئەوەیە کە لەوێیە ( تراکتاتۆس : 1 ) و کۆی فاکتەکانە (Facts) نەک شتەکان (تراکتاتۆس: 1-1)، جەغد دەکاتەوە و دەنوسێت جیهان شیدەبێتەوە بۆ فاکتەکان( تراکتاتۆس : 2 – 1) ، فاکتەکانیش فاکتی سەرەتایی- ئەتۆمین ( تراکتاتۆس : 2 ) ، ئێرەش دواسنورە کە پڕۆسەی شیکاری دەیگاتێ ، بەمانایەکی دیکە فاکتە ئەتۆمیەکان بچوکترین یەکەی لۆژیکی جیهانن ، ئێمە دەتوانین فاکتە ئاوێتەکان ( لێکدراوەکان ) شیبکەینەوە بۆ فاکتی ئەتۆمی ، وەلێ فاکتی ئەتۆمی تەعبیرە لە سادەیی لە ئەوجی خۆیدا و قابیلی شیکاری نیە ، بەڵام فاکتە ئەتۆمیەکان چین ؟!

بەبڕوای ڤتگنشتاین فاکتە ئەتۆمیەکان بریتین لە پێکەوەبەستنی شتەکان (تراکتاتۆس : 01 – 2 ) ، بێژەی ( پێکەوەبەستن ) یش ئەوە دەگەیەنێ کە تەنها ڕەگەزی فرەیی شت ( شمەکەکان ) ڕۆڵ نابینن لە دروستکردنی فاکتە ئەتۆمیەکاندا ، ئاشکرایە کۆمەڵێک شمەک بەبێ بوونی هاوبەندی و پەیوەندیەک فاکت دروست ناکەن ، هەروەک چۆن واژەکانی ( زایەڵە ، چرپا ، کازیوە ، پێنووس ) ناتوانن ببنە دەستەواژەیەکی واتا بەخش لە زماندا ، کەواتە فاکتە ئەتۆمیەکان بریتین لە کۆمەڵێک شت بە رێکخستن و پێکەوەبەستنێکی دیاریکراو . بەڵام دەبێت ئاگاداری ئەوەبین کە ( شت) لێرەدا ڕەگەرێکی شیکراوە نیە ، شت – شمەک زادە و دەرەنجام و لێکەوتەی شیکاری فاکتە ئەتۆمیەکان نیە ، ڕاستە شت واتای ناوە (تراکتاتۆس : 203 – 3 ) ، وەلێ (شت) بۆ ئەوەی (شت) بێت دەبێت لە فاکتێکدا بێت ، فاکتەکان ئەو چوارچێوەیەن کە تیایاندا (شت) دەچەمکێندرێت و وێنا دەکرێت ، وەک ڤتگنشتاین لە بڕگەی) 011 – 2 ) دا دەڵێت : بۆ شت گەوهەریە کە بتوانێت بەشێک بێت لە فاکتەکان ، بە کورتی تەسەوری بوونی ( شت ) ناکرێت گەر توخمێک ، رەگەزێک ، بەشێک ، یاخود پێکهێنەرێک نەبیت لە هاوکیشەیەکی دیاریکراودا ، بێژەی ( ئاسمان ) شت نیە تا خۆی نەخزێنێتە دووتوێی فاکتێکی وەک ( ئاسمان ساماڵە) .

زمان

زمان کۆو سەرجەمی پڕۆپۆزیشن یاخوود دەستەواژەکانە ( تراکتاتۆس : ٤) ، وەکچۆن پێشتر بینیمان کە فاکتی ئەتۆمی بچوکترین یەکەی شیکراوەبوو ، لێرەشدا پڕۆپۆزیشنە سەرەتاییەکان – ئەتۆمیەکان دوا سنوری پڕۆسەی شیکارین .

خالیک کە فتگنشتاین پیداگیری لەسەر دەکات و لە ڕیزی حەوت تێزە بناغەییەکاندا جێپیدەگرێت ئەوەیە کە پڕۆپۆزیشنە لێکدرەوەکان هاوبەندی ڕاستی پڕۆپۆزیشنە ئەتۆمیەکانە ، وەلێ پڕۆپۆزیشنی ئەتۆمی هاوبەندی ڕاستی خۆیەتی (تراکتاتۆس : ٥) ، بەو مانایەی ڕاستی و دروستی پڕۆپۆزیشنی ئاوێتەی (D K) پەیوەست و هاوبەندی راستی هەریەک لە پڕۆپۆزیشنە ئەتۆمیەکانی (K) و (D) یە .

 

تیوریای وێنەگری زمان

پەیوەندی زمان ( پڕۆپۆزیشن ) بە جیهانەوە ( فاکت ) پەیوەندی وێنەیە بە وێناکراوەوە ، ڤتگنشتاین لە بڕگەی ( 01 – 2 ) دا دەنوسێت : ئێمە بۆ خۆمان وێنەی فاکتەکان دەکێشین ، ئەم وێنە کێشانەی واقعیش دواجار لە زماندا گەڵاڵە دەبێت ، ئەمەش تیوری وێنەگری زمانە کە یەکێکە کە تیوریا هەرە بنەڕەتیەکانی تراکتاتۆس ( هەرچەندە دواتر لەکتێبی لێکۆڵینەوە فەلسەفیەکاندا کە نمایندەی قۆناغی دووەمی هزری ڤتگنشتاینە لێێ پەشیمان دەبێتەوە و زمان زیاتر گرێدەدات بە بەکارهێنانەوە).

سەبارەت بە چۆنیەتی دروستبوونی ئەم وێنانەش لە بڕگەی (0311 ، 4 ) دا دەنوسێت ( ناوێک بەرامبەر بە شتێکە ، یەکێکی دیکە بەرامبەر شتێکی دیکەیە و لە نێوخۆیاندا بەیەکەوە بەستراونەتەوە ، تێکڕاییەکە وەک وێنەیەکی زیندوو فاکتەکان وێنا دەکات) .

هەرچی پەیوەندی نێوان هزر و زمان و وێنەیە، ڤتگنشتاین لەو بڕوایەدایە کە زمان جەستەی وێنەیە و وێنەکانیش بیرۆکە و هزرن ، بۆ نموونە دەستەواژەکانی ( ئاسمان ساماڵە ) ، ( زەوی بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە ) هەر یەکەیان وێنەن بۆ فاکتێکی دیاریکراو ، یەکەمیان وینەی دۆخێکی تایبەتی کەش و هەوایە و دووەمیان وێنەی فاکتێکی کۆسمۆلۆجیمان نیشاندەدات ، ئەم وێنانە بیرۆکەن و لە زماندا خۆیان مانیفێست کردوە ، هەر لێرەشەوە دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە بیرۆکە و هزر هیچ نین جگە لە پڕۆپۆزیشنێکی پڕواتا . ( تراکتاتۆس : 3 و 4) .

پڕۆپۆزیشنەکان

سەرەکیترین پرسێک کە قتگنشتاین سەرگەرمانە لە تەکیدا دەرگیرە ( هەڵبەت لە نێو چەندین پرسی گرنگی دیکەدا ) بریتیە لەو جیاکاریەی کە لە نێوان ئەم سێ جۆرە لە پرۆپۆزیشندا دەیکات :

پڕۆپۆزیشنی پڕواتا: ئەمجۆرە لە پڕۆپۆزیشن وێنەی فاکتەکان دەگرن ، بەڵام مەرج نیە ئەم وێنەیەی لەهەناوی پڕۆپۆزیشنەکەدا خۆی مەڵاسداوە وێنەی راستەقینەی فاکتەکان بن ، پڕۆپۆزیشنەکان ( وینەکان ) وەک دەستەواژەگەلێکی پڕواتا شیمانەی ڕاست یاخود هەڵە هەڵدەگرن بەگوێرەی هاتنەوە و تەماهیکردن لەتەک ئەو فاکتانەی کە وێنایان دەکەن ، یاخود بەگوێرەی هاتنەوە لەتەک بوونی دەرەکیدا (تراکتاتۆس : 222 – 2 ) ، پڕۆپۆزیشنی ( ئاسمان ساماڵە ) واتابەخشە گەر ئاسمان ساماڵیش نەبێت ، لەبەر ئەوەی دواجار ئەم پڕۆپۆزیشنە قودرەت و پۆتاسیۆنی وێنەگرتنی فاکتێکی هەیە .

لێڕەشەوە دەگەینە بەرەنجامێکی بێئەنداز سەراسیمەکەر ئەویش ئەوەیە کە لەلای ڤتگنشتاین دەکرێت پڕۆپۆزیشن لەتەک فاکتە وێنەگیراوەکاندا نەیەنەوە یەک وەلێ واتابەخش بێت ، بەمانایەکی دیکە پرۆپۆزیشنی هەڵە دەکرێت واتابەخش بێت .

پڕۆپۆزیشنی بێواتا( بۆش ): ئەم جۆرەیان وێنەی فاکتەکان ناگرن ، کەواتە نە ڕاستن وهەڵەن لەبەر نەبوونی فاکتێک تا بتوانین بەرمەبنای کاری بەراوردکاری بکەین و حوکم لە دروستی بدەین ، گوتاری میتافیزیکیش وەک بەشێک لە جەستەی فەلسەفە بەمانا کڵاسیکیەکەی دەچیتە ئەم خانەوە .

پڕۆپۆزیشنی دەر- واتا: ئەم جۆرە لەنێوان دوانەکەی دیکەدا جێدەگرن، وێنەی فاکتەکان ناگرن وەک جۆری یەکەم، وەلی بێواتاشنین وەک ئەوەی لەجۆری دووەمدا بینیمان ، ئەمانە پڕۆپۆزیشنە لۆژیکیەکانن کە بەبڕوای ڤتگنشتاین سەرجەمیان هەمانبێژین ( تۆتۆلۆجی – تحصيل حاصل ) ، ئەمانە هیچیان نیە بۆ گووتن ، ئەوەی دەشیڵێن بە ناچاری دروستە . بۆ نمونە دەستەواژەی (ئاسمان ساماڵە یاخود ساماڵ نیە ) ، دروستە بەشێوەیەکی پێشینەیی (A priori) ، هەمان حوكميش دروستە سەبارەت بەوەی پێێدەگوترێت دژیەکی وەک دەستەواژەی ( ئاسمان ساماڵ و ساماڵ نیە ).تراکتاتۆس (461 – 4 و 464 – 4 و 1 – 6 و 11 – 6)

جێگەی خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بەوە بدەین کە خاڵی هاوبەش لەنیوان جۆری دووەم و سێیەم ئەوەیە کە هیچیان وێنەی فاکتەکان ناگرن ، ئەم دوو جۆرە تەنها بوونێکی زمانەوانیان هەیە ، هیج پردێک بە واقیعەوە نایانبەستێتەوە ، بەپێی ڕێسا گشتیەکەی ڤتگنشتاینیش ئەوەی خۆیدەربخات و فاکت دەرنەخات ناتوانرێت بگوترێت ، ئەوەشی نەشتوانرێت بگوترێت پێویستە بێدەنگەی لێبکەین ، وەلێ جیاوازیشیان هەیە و لەبەشەکانی داهاتووداو لە شوێنی گونجاوتردا ئاماژەیان بۆ دەکەین .

3-  فەلسەفە لە تراکتاتۆسدا

دوا ئامانجی تراکتاتۆس وەک لە پێشەکیەکەیدا ئاماژەیەکی سەرپێی بۆ کراوە بریتە لە دیاریکردنی ئەوەی کە دەتوانرێت بگوترێت، سەرەنجام دەسنیشانکردنی ئەو سنورەش کە پێویستە بێدەنگەی تێدا بکەین . بە بروای ڤتگنشتاین پڕۆپۆزیشنەکانە فەلسەفیەکان لە گوتن نەهاتون و لە بڕگەی ( 003 – 4 ) دا دەنوسێت : زۆربەی پرسیار و دەستەواژە فەلسەفیەکان ڕاست یاخود هەڵە نین ، بەڵکو بێواتان .. بۆیە بە بروای ئەو پێویستە فەلسەفە چاوببڕێتە شرۆڤە و ڕونکردنەوەی بیرۆکە و ئایدیاکان ، فەلسەفە ناشێت و ناکرێت خۆبە خۆ شتێک بڵێت ، تاکە کاری ئەو بریتیە لە شرۆڤە و ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە گوتراوە ، بەواتایەکی دیکە فەلسەفە تەنها ڕەخنەگرتنی زمانە ( تراکتاتۆس : 0031 – 4 ) ، لە کۆتا بڕگەی تراکتاتۆسیشدا ( بڕگەی 7 ) کە زیاتر لە ئامۆژگاری دەچێت ڤتگنشتاین دەنوسێت : ئەوەی مرۆڤ نەتوانێت لەبارەیەوە بدوێت، پێویستە بێدەنگەی لێبکات .

 میتافیزیک

بەشێوەیەکی گشتی فەیلەسوفەکان لە دیدگایەکی میتافیزیکیەوە گەشتە فەلسەفیەکانیان دەسپێدەکرد، وەلێ لە فەلسەفەی مۆدێرندا – بەتایبەت – شاهیدی ئاقار و ڕەتێکی تولانی فەلسەفین کە دژی بە میتافیزیک کاردەکات ، ئیمانوئێل کانت لە دیارترینی فەیلەسوفانی ئەم ڕەوتەیە و کتێبەکەی ( ڕەخنە لە ئاوەزی پەتی ) یش باشترین بەڵگەیە، وەلێ کانت پاش توڕهەڵدانی میتافیزیک لەدەرگاوە ، کەچی لە پەنجەرەوە و لەرێگەی چەمکگەلێکی وەک ( ئازادی ) و ( فەرمانی ڕەها ) و ( ویستی چاکە ) و چەندانی دیکەوە جارێکی دیکە میتافیزیک دەخزێنێتە نێو سیستمە فەلسەفیەکەیەوە . ئەم رەوتە درێژە دەکێشی و ڕادیکاڵتر دەبێت ، بەشێوەیەک لە بازنەی ڤیەنادا دەگاتە ئەوجی خۆی (5)، کاتێک کە فەیلەسوفانی بازنەکە بانگەشەی ئەوەیانکرد کە فەلسەفە تا ئەو سەردەمە بەم ( 3 ) جۆرە لە کێشەوە دەرگیر بووە : (6)

  • کۆمەڵێک کێشە و پرسیار دەربارەی بابەتە ئەزموونی ئیمپریکی ، ئەمانە کێڵگەی زانستە ئەزموونیەکانن .
  • هەندێک پرس و کێشەی پەیوەندیدار بەزمانەوە ، ئەمانە دەکرێت لە ڕێگەی ڕوونکردنەوەی چەمک و دەستەواژە و پڕۆپۆزیشنەکانەوە دەربازبین لێیان .
  • پرس و کێشەی میتافیزیکەکان ، کە بێوەڵامن .

بەمشێوەیە کۆڕ یاخود بازنەی ڤیەننا نەک هەر خۆیان لە میتافیزیک تەرێز دەکەن ، بەڵکو بەیداخی مەرگی فەلسەفەشیان بەرزکردەوە . ڤیتگنشتاینیش سەر بەم ئاقارە فەلسەفیەیە ، وەک ئاماژەمان پێدا لەلای ئەم جیهان ئەوەیە کە لەوێیە و کۆو تێکڕای فاکتەکانیشیەتی ، واتە ئەوەی هەیە فاکتە و هەڵکەوتەی لە ئارادابووە ، ئەم دیدگا ئۆنتۆلۆژیە بۆ جیهان بە تەواوەتی میتافیزیک دووردەخاتەوە ، بەوپێیەی فەکتەکان پێکەوەبەستنی شتەکانن . لێرەشەوە دەگەینە ئەو ئەنجامگیریەی کە جیهانێکی وەک جیهانی فۆڕمەکانی پلاتۆ و نۆمینای کانت و جیهانی ویست لای شۆپنهاوەر بوونی نیە ، ئەوەی هەیە ئەم جیهانە و فاکتەکانیەتی . بەکورتی میتافیزیک یاخوود وردتر بڵێین ئەو فۆڕمەی میتافیزیک کە هەڵگری بانگەشەی جیهانێکی دیکەی نائەستووییە جێگای نیە لە تراکتاتۆسدا .

ئاکار و ئێستاتیکا

بەبڕوای ڤتگنشتاین دەستەواژە و بنەما نۆرماتیڤەکان لەوانەن کە ناشێت بگوترێن ، ئەمەش دەرەنجام و لێکەوتەیەکی حەتمی چەسپاندنی تیوریای ( وێنەگری زمانە ). لەبەر ئەوەی پڕۆپۆزیشنە ئاکاری و ئیستاتیکیەکان ناتوانن وێنەی فاکتەکان بگرن . (تراکتاتۆس : 42 – 6 و 421 – 6 ).

ڤتگنشتاین پێی وابوو کە دوالیزمەی ( چاکە – خراپە ) ، بوونێک نین لە جیهاندا و خاسیەت و تایبەتمەندی جیهان نین ، جیهان لە خودی خۆیدا- گەر بۆمان هەبێت ئەم بێژە کانتیە وەگەڕخەین – نە چاکە نە خراپ ، نە جوانە نە ناشرین ، ئەوەشی سەرچاوە و کانگای چاکە و خراپە سوبێکتە( Subject ) و ئەمیش سەر بە جیهان نیە. بەو مانایەی کە جیهان خالیە لە حوکمی ئەخلاقی ، لەبەر ئەوەی دواجار ئەخلاق و ئیستاتیک وابەستەی خوودن و خودیش سەر بە جیهان نیە ، ئەو وەک چاو وەهایە، شتەکان دەبینێ وەلێ خۆی ناکەوێتە بواری بینینەوە ( تراکتاتۆس : 41 – 6 و 631 – 5 و 63331 – 5 ).

لۆژیک

 پڕۆپۆزیشنە لۆژیکیەکان هەمانبێژین

پێشتر ئاماژەیەکی خێرامان بۆ ئەەوەکرد کە لۆژیک لە تراکتاتۆسدا بریتیە لە هاوبێژی ( تۆتۆلۆژی) و دژیەکی (پارادۆکس)، ئاماژەشمان بۆ ئەوەکرد کە ڕاستی و دروستی هەریەک لەم دوانە وابەستەی فاکتەکان نیە ، پڕۆپۆزیشنە تۆتۆلۆژیەکان بە شێوەیەکی پێشینەیی دروستن و ناکۆکەکانیش نادروست ، یاخوود وەک ماک دونوە (Mc Dounough) دەڵێت : لە هاوبێژیدا ئێمە لەبەردەم ئاماژەدان بەخوود داین (7) ( Self- Reference ) ئاماژەدانیش بە خوود بەو مانایەی کە دەستەواژە لۆژیکیەکان هەڵگری وەڵامی ( ڕاست یاخوود هەڵە ) بوونی خودی خۆیانن بەبێ کاری بەراوردکاری لەتەک فاکتێکی دەرەکیدا .

نەگۆڕە لۆژیکیەکان نمایندەی هیچ نین

هەرچەندە نەگۆڕە لۆژیکیەکان پەیوەندی و وابەستەیی لە نیوان پرۆپۆزیشنەکاندا دادەمەزرێنن ، بەڵام خودی خۆیان نوێنەرایەتی هیچ ناکەن . (تراکتاتۆس : 42 – 5 )

پڕۆپۆزیشنە لۆژیکیەکان وێنەی جیهانن

لە بەشەکانی ڕابردوودا پرسیارێکمان وروژاند ، ئەویش ئەوەبوو کە بۆچی پڕۆپۆزیشنە دەرواتاکان ناچنە خانەی ( بێمانا ) وە؟ ! یاخوود جیاوازی چیە لە نێوان پرۆپۆزیشنە دەرواتا و بێواتاکاندا ؟

گەر بە وردی ڕۆبچینە ناواخنی تراکتاتۆسەوە دەبینین کە ئەم جۆرە لە دەستەواژە بەتەواوی خۆی لە جیهان دانەبڕیوە، لەڕاستیدا هەمانگۆی و ناکۆک بێواتانین، بەڵکو ئەوان سەر بە جیهانی سومبولین وەکچۆن سەر بە ڕێبازی سیمبولی ژمارەیە ، یاخود ئەوان دەرخەری لۆژیک و پەیکەری جیهانن. وبیرکاریش وەک میتۆدێکی لۆژیکی سەربەم جۆرەیە و هیچ دەرنابڕێت . ( تراکتاتۆس : 124 – 6 و 2 – 6  و 21 – 6 )

٤- زانست وەک تاکە کایەی گوتراو

بە بڕوای ڤتگنشتاین جگە پڕۆپۆزیشنەکانی زانستە سروستیەکان سەرجەم پڕۆپۆزیشنەکانی دیکە بەتایبەت فەلسەفیەکان لە گوتن نەهاتوون، ئەو لە بڕگەی ( 11 – 4 ) دا دەنووسێت ( تێکڕای دەستەواژە پڕماناکان سەرجەمی زانستی سروشتە یان تێکڕای زانستە سروشتیەکانن ).

ئەوپرسیارەی کە خۆیقوتدەکاتەوە لێرەدا ئەوەیە کە ئایە خودی تراکتاتۆس لە گوتن هاتووە ؟ مەگەر خودی تراکتاتۆسیش لەدەرەوەی پڕۆپۆزیشنەکانی زانستە سروشتیەکان نیە ؟

کاڕل پۆپەر ( 1903 – 1994 ) بۆ خۆ دەربازکردن لەرەخنەیەکی هاوشێوە پەنا بۆ ئەوەدەبات کە پڕەنسیپی(8) (فۆلسەفایبڵیتی Falsifiability ) کە بەبڕوای ئەو داوپێنگی جوداکردنەوەی زانستە لە نازانست دەکەوێتە بۆتەقەی فەلسەفەی زانستەوە نەک خودی زانست ، واتە ناتوانین ئەم پڕەنسیپە بەسەر خۆیدا بچەسپێنین ، لەبەر ئەوەی ئەوە زانستە کە دەبیت ملکەچی ئەم پڕەنسیپە بێت نەک فەلسەفەی زانست.

هەرچی ڤتگنشتاینە بەمشێوەیە دەرگیری ئەم پرسە دەبێت و لە برگەی ( 54 – 6 ) دا دەنووسێت : دەستەواژەکانم بەو رێگایە ڕووندەکەمەوە ، کە کەسێک لەمن تێدەگات لە کۆتایدا بەبێ واتایان دەزانێ، ئەگەر بەهۆیانەوە سەرکەوێتە سەرەوە تێیان دەپەڕێنێ ( ئەو دوای ئەوەی کە سەردەکەوێ وەک پەیژە پڕێی دەدات ) .

سەرچاوەکان

١-  بۆ زیاتر بڕوانە : لودفيك فتغنشتاين، تحقيقات فلسفية ، ترجمة : د . عبد الرزاق بنور ، مركز دراسات الوحدة العربية ، بيروت 2007 ، الفقرتان (1 و 2).

٢- بە گوێرەی ئەم بنەمایە ناتوانین بوونەوەر و شتەکان بەبی هیچ بیانوویەک زیاد و فرە بکەین . بۆ زیاتر لەمەڕ ئەم پرەنسیپە  بڕوانە :  جميل صليبا ، المعجم الفلسفي – الجزء الثاني . دار الكتاب اللبناني . بيروت ، 1982، ص ٤٦٩.

٣-  لۆدڤیگ ڤتگنشتاین، توێژینەوەیەکی لۆجیکی فەلسەفی ( تراکتاتۆس ) وەرگێڕانی لە ئەڵمانیەوە : د . حەمید عەزیز ، ناوەندی مێژوویی جەمیل ڕۆژبەیانی ، ٢٠١٥.

٤-  جعفر الحسيني ، معجم مصطلحات المنطق ( عربي – انجليزي – فرنسي )، دار الاعتصام للطباعة والنشر ، ب.س.ن، ص65.

٥- لەساڵی ١٩٢٩ نامیلکەیەک لە ژێر ناونیشانی (تێگەیشتنی زانستیانەی جیهان-کۆڕی ڤیەننا) بڵاوکرایەوە ، لە پێشەکیەکەیدا ناوی هەر یەک لە (هانزمان، ئۆتۆنیوران، ڕۆدۆڵف کاڕناب) هاتووە، ئەم نامیلکەیە یەکەم مانیفێستی (بازنەی ڤیەننا) بوو بەسەرۆکایەتی (مۆریتس شلیک)، وتێایدا نیگەرانی خۆیان لەمەڕ بڵاوبوونەوە و پەخشبوونەوەی هزری میتافیزیکی و لاهوتی دەربڕیوە. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە : د . حەمید عەزیز ، فەلسەفەی سەردەم لە ئەوروپا ، چاپخانەی ڕۆژهەڵات ، هەولێر ، ٢٠١٢، ل ١٦٠ و دواتر.

٦-  هەمان سەرچاوەی پێشوو ، ل ١٦٤.

7- Mc Dounough, The Argument of the Tractatus, state University of New York, 1986, P.7.

٨- بە گوێرەی ئەم بنەمایە بانگەشەیەک زانستیە گەر هات شیمانە و ئەگەری بەهەڵەخستنەوەی لەخۆگرتبوو .

  

سه‌رچاوه‌و په‌راوێزه‌كان:

[1] –  بۆ زیاتر بڕوانە: لودفيك فتغنشتاين, تحقيقات فلسفية, ترجمة: د. عبد الرزاق بنور, مركز دراسات الوحدة العربية, بيروت 2007, الفقرتان (1 و 2).

[2] – بە گوێرەی ئەم بنەمایە ناتوانین بوونەوەر و شتەکان بەبی هیچ بیانوویەک زیاد و فرە بکەین. بۆ زیاتر لەمەڕ ئەم پرەنسیپە  بڕوانە:  جميل صليبا , المعجم الفلسفي – الجزء الثاني. دار الكتاب اللبناني. بيروت , 1982, ص ٤٦٩.

 – [3] لۆدڤیگ ڤتگنشتاین، توێژینەوەیەکی لۆجیکی فەلسەفی (تراکتاتۆس) وەرگێڕانی لە ئەڵمانیەوە: د.حەمید عەزیز، ناوەندی مێژوویی جەمیل ڕۆژبەیانی، ٢٠١٥.

[4] – جعفر الحسيني, معجم مصطلحات المنطق( عربي- انجليزي- فرنسي), دار الاعتصام للطباعة والنشر, ب.س.ن, ص65.

[5] – لەساڵی ١٩٢٩ نامیلکەیەک لە ژێر ناونیشانی (تێگەیشتنی زانستیانەی جیهان-کۆڕی ڤیەننا) بڵاوکرایەوە، لە پێشەکیەکەیدا ناوی هەر یەک لە (هانزمان، ئۆتۆنیوران، ڕۆدۆڵف کاڕناب) هاتووە، ئەم نامیلکەیە یەکەم مانیفێستی (بازنەی ڤیەننا) بوو بەسەرۆکایەتی (مۆریتس شلیک)، وتێایدا نیگەرانی خۆیان لەمەڕ بڵاوبوونەوە و پەخشبوونەوەی هزری میتافیزیکی و لاهوتی دەربڕیوە. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە : د. حەمید عەزیز، فەلسەفەی سەردەم لە ئەوروپا، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر، ٢٠١٢، ل ١٦٠ و دواتر.

[6] – هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل ١٦٤.

[7] – Mc Dounough, The Argument of the Tractatus, state University of New York, 1986, P.7.

[8] – بە گوێرەی ئەم بنەمایە بانگەشەیەک زانستیە گەر هات شیمانە و ئەگەری بەهەڵەخستنەوەی لەخۆگرتبوو.

[9] – دکتۆر فاروق رەفیق، کۆرسی فەلسەفەی زانست، کڵاسی تایبەت بە کاڕل پۆپەر، سلێمانی، ٢٠١٦.

 

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و شێوازی نوسین و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌