لەوەتەی پرسی سەرۆکایەتی هەرێم هاتۆتەپێش پارتیو پارتییەکان قسە لەسەر چەند بابەتو پرسێک دەکەن کە لەڕاستیدا زۆربەیان وەهمن (illusion) کەچی ئەوان وەک حەقیقەتو فاکتی مێژوییو سیاسیی بەگوێی خەڵکی دادەدەن. بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەندێک نەک هەموو وەهمەکان لێرە هەوڵدەدەین تیشک بخەیەنە سەر بەشێکیانو شیکاریان بکەین.
بێڕکابەریی بارزانی
یەکێک لەو قسانەی کە پارتیو پارتییەکان لەڕێگەی میدیاکانو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان شەو و ڕۆژ دەیڵێنو دەیڵێنەوە “بێڕکبارەیی مەسعود بارزانی”یە لە سەرۆکایەتیکردنی هەرێمی کوردستاندا، یان نەبوونی کاندیدە لەلایەن حزبو لایەنەکانی دیکە کە بتوانێت لە هەڵبژاردنەکاندا پێشبڕکێ لەگەڵ بارزانی بکات.
ئەم قسەیە لەلایەک هەوڵێکە بۆ شاردنەوەی قەیرانی سەرەکی هەرێمی کوردستان کە خۆی لە بەسەرچوونی ماوەی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی دا دەبینێتەوە، لەلایەکی دیکەش دوورە لە ڕاستیی لەبەر چەندین هۆ، لەوانە:
یەکەم، لە کوردستان نەک یەکو دوو بەڵکو سەدان کەسایەتی سیاسیی هەیە کە دەتوانن زۆر چاکتر لە مەسعود بارزانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبەرن. خۆ ئەگەر نەشبێ ئەوە نیشانەی شکستێکی ‘بارزانی’یە لە دروستکردنی کەسانێک کە توانای ڕابەرایەتیان تێدابێت، چ لەناو پارتی چ لە دەرەوەیدا.
دووەم، ئێستا لە کوردستان پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک لەگۆڕێدانییە تاوەکو قسە لە بوون یان نەبوونی ڕکابەرو کاندید بکرێت. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان نەک هەر بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی نەداوە بەڵکو داوایەکی مەسعود بارزانی ڕەتکردەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.
سێیەم، ئێستا پرسی گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی لە کوردستان لەئارادایەو حزبەکان بە گەرمی سەرقاڵی دەستکاریکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمن، لە شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆکەوە تادەگاتە دەسەڵاتەکانی. لەئانوساتێکی وەهادا قسەکردن لەبوون یان لەنەبوونی کاندیدو ڕکابەری بارزانی نەک هەر هیچ بنەمایەکی نییە بەڵکو مەبەست لێی بەلاڕێدابردنی ڕای خەڵکە چونکە حزبو لایەنە کوردستانییەکان نەبەئاشکرا نەبەبەدزی بەیانی ئەوەیان نەکردوە کە کاندیدیان نییە.
چوارەم، ئەوە حزبەکانی دیکەن نین کە کاندیدیان نییە بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم بەڵکو ئەوە پارتییە کە بێجگە لە مەسعود بارزانی کاندیدێکی دیکەی نییە بۆ ئەو پۆستە. هۆکارەکەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ململانێ توندەکانی نێوان باڵو تەکەتولاتەکانی پارتی. پارتی پێیوایە بە لاچونی مەسعود بارزانی لە گۆڕەپانی سیاسی کێشەو ململانێکانی نێو پارتی وەک کێشەو ململانێکانی نێو یەکێتیی، کە لەگەڵ دوورکەوتنەوەی جەلال تاڵەبانی هاتنەپێش، ئیدارەدانی سەخت دەبێت.
کاریزمای بارزانی
پارتیو پارتییەکان زۆر قسە لەسەر کاریزمابوونی بارزانیو پەیوەندییە بەربڵاوەکانی ئەو زاتە دەکەنو گوایە سەقامگیریی هەرێمو پشتیوانی هێزە ڕۆژئاواییەکان لە کوردو لە هەرێم بۆ بوونی ئەو کەسایەتییەو پەیوەندییە
بەربڵاوەکانی دەگەڕێتەوە.
من پێموایە بارزانی ئەگەر کاریزماشی هەبێت ئەوە کاریزمای ئەو کەسایەتییە تەنیا لەناو ئەندامانی پارتی لەوانەیە بوونی هەبێت. لەدەرەوەی پارتی گومانم هەیە کە بارزانی ئەسڵەن کاریزمای هەبێت. ئەمەش لەبەر زۆر هۆکار، کە لێرە تەنیا ئاماژە بە هەندێکیان دەکەین:
یەکەم؛ سەرۆکێک لە ماوەی دە ساڵ سەرۆکایەتی تەنیا دوو سێ جار وتاری جەماوەری دابێت، ئەوانیش بۆ ئەندامانی حزبەکەی بووە نەک خەڵکی کوردستان، بەردەوامیش لە هەوڵی خۆدزینەوە بووبێت لە قسەکردن لەگەڵ خەڵک چۆن دەکرێت وەک کارەکتەرێکی کاریزمایی تەماشابکرێت.
دووەم؛ سەرۆکێک لە ماوەی بیستو سێ ساڵ لە تەمەنی میدیای بیستراو بینراوی هەرێم جورئەتی نەبووبێت تاکە یەکجاریش لە تەلەفزیۆنێک یان ڕادیۆیەکی کوردستان خۆی ڕووبەڕووی پرسیارەکانی رۆژنامەنوسێک، پەیامنێرێک یان بێژەرێکی سەربەخۆو لێهاتو بێتەوە دەبێت ئەم کەسایەتییە هەڵگری چ جۆرە کاریزمایەک بێت.
سێیەم؛ سەرۆکێک لەبەردەم ئەندامانی کۆنگرەی سێزدەیەمی حزبەکەی دوای ٣١ ساڵ لە سەرۆکایەتیکردنی ئەو حزبە کەچی لەکاتی وتاردانیدا دەستەکانی دەلەرزینو شڵەژاوی بەڕونی پێوەدیارە بوو دەبێت تواناو کارێکتەری کاریزمابوونی ئەو کەسایەتییە لە کوێ بێت.
هەموو ئەمانە پێماندەڵێن کە مەسعود بارزانی تواناکانی قسەکردنی لەگەڵ خەڵکو میدیا زۆر لاوازە. کەسێکیش قسەکەری گشتی (public speaker) نەبێت چۆن دەکرێت باس لە کاریزماییبوونی کەسایەتی بکرێت. ئەمە وەهمێکی پارتییەو بەس.
سەقامگیریی و بارزانی
بەڕێز مەسعود بارزانی دە ساڵ لە ترۆپکی دەسەڵاتی هەرێم دانیشت کەچی نەیتوانی کێشە بچوکەکانی کۆمەڵگەی هەرێم هەر لە ئاو کارەباوە بگرە تا دەگاتە دیاردەی ژنکوژیو بڵاوبوونەوەی سەلەفیزم لە کوردستان چارەسەربکات.
بارزانی دە ساڵە دەسەڵاتدارترینو دەستڕۆیشتوترین سیاسەتوانی هەرێمە کەچی نە وەک سەرۆکی هەرێم نە وەک فەرماندەی یەکەمی هێزی پێشمەرگەی کوردستان نەیتوانی کۆتایی بە پرسی دووئیدارەییو دووپێشمەرگەییو دووئاسایش بهێنێت.
لەوانەش گرنگتر بارزانی بە حکومی پۆستو دەسەڵاتەکانی بەرپرسی یەکەمە لە تەشەنەکردنی گەندەڵی لە هەرێم، هەروەها لەسەرهەڵدانی قەیرانەکانی هەرێم هەر لە قەیرانی بێموچەییو ئابوری بگرە تادەگاتە کۆچی بەلێشاوی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات.
هەموو ئەمانە پێماندەڵێن کە بارزانی نەک فاکتەری سەقامگیرییە بەڵکو هۆکارێکی ناسەقامگیرییە لە هەرێمی کوردستان.
شەڕی ناوخۆ و بارزانی
قسەیەکی دیکە کە پارتیو پارتییەکان لەم ماوەیە باسیلێوەدەکەن ئەگەرەکانی شەڕی ناوخۆو دووئیدارەییە ئەگەر سازان نەکرێت. دیارە مەبەست لە سازان لای پارتی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتییە بۆ بارزانی، ئەگینا هەموو کەس دەزانێت کە سازان لەسەر سیستەمی سیاسیو دەسەڵاتەکانی سەرۆک ئەمڕۆش نەبێت سبەی هەر دەکرێت. ئەم هەڕەشانە لەلایەک وەهمن لەلایەکی دیکە گەمەیەکی خەتەرناک، چونکە:
یەکەم؛ پارتی دەیەوێت لایەنەکانی دیکە بە نەسازان تاوانباربکاتو بیانکات بە هۆکاری شەڕی ناوخۆو دووئیدارەیی، ئەمەش گەمەیەکی ترسناکە چونکە لەڕاستیدا هیچ کامێک لە چوار حزبەکەی دیکە: یەکێتیی، گۆڕان، یەکگرتو و کۆمەڵ، هەڕەشەی لەم چەشنەیان نەکردوەو ئامادەیی خۆشیان بۆ سازان دەربڕیوە وەک لە کۆبوونەوە پێنج قۆڵییەکان دەردەکەوێت. یەکێتییشی لێدەرچێت سێ لایەنەکەی دیکە، لاینکەم لەم ساتە وەختەدا، نە دەتوانن شەڕی ناوخۆ هەڵگیرسێنن نەدەشتوانن ببن بە تەرەفێک لە شەڕی ناوخۆ چونکە چەکداریان نییە.
دووەم؛ پارتی لە هەولێر عەرزی عەزەلات دەکات، لە دێگەڵە تەشقەڵە بە هاتوچۆکەران دەکات، بە وتارو بەیاننامەی فەرمی گۆڕانو ڕێکخەرەکەی تەخویندەکات، لەپێناو مانەوەی بارزانی لە پۆستەکەی هەڕەشەی شەڕو دووئیدارەیی دەکات.
لەبەرئەوە دەکرێت بڵێین ئەگەر پارتی نەخوازێتو دەستپێشخەر نەبێت ئەوە ئەگەرەکانی شەڕی ناوخۆو “دووئیدارەیی” وەهمێکە کە پارتی دروستیکردوە.
بەکورتی لەپێناو سازانو سازش لەنێوان پارتیو حزبەکانی دیکە لەسەر دەسەڵاتەکانی سەرۆکی داهاتوی هەرێمی کوردستانو شێوازی حوکمڕانیو سیستەمی سیاسی واچاکە پارتی واز لەو وەهمانە بێنێت کە لەسەرەوە ئاماژەیانپێکراو پرسی بەسەرچوونی ماوەی سەرۆکایەتی ‘مەسعود بارزانی’یش وەک پرسێکی یاسایی نەک سیاسی تەماشابکات، ئەگەرنا ئەگەرەکانی سازانو سازش نەک هەر کەمدەبنەوە بەڵکو لەباردەبرێن.
تەواو
تێبینی: ڕێنوسی ئەم گوتارە تایبەتە بەنوسەر خۆی.