ئه‌گه‌رچی پهیوهندییەکانی جێنده‌ر (پەیوەندیی ژن و پیاو) له سه‌رانسه‌ری جیهاندا ڕەگاژووی سروکتوری پیاوسالارین، به‌ڵام پیاوسالاری به تەنیا ڕه‌هه‌نده فره و جیاوازه‌کانی خراپی و دژواریی بارودۆخی ژنمان بۆ ڕوون ناکاته‌وه. بۆیه پێویسته چه‌وساندنه‌وه‌ی پیاوسالاری بەڕێژهیی بکرێت و بەشێوازێکی ووردتر ڕاڤە بکرێت. ئه‌و بهڕێژهییکردن و ڕاڤەکردنهش دەبێت بە ئامانجی تێگەیشتنێکی قووڵ و هۆشیارانە بێت لە دۆخی ژن و پیاو، نەک وەک پاساو لە لایەن که‌س و گروپی چهوسێنهرەوە بەکاربهێنرێت[1].
پیاوسالاری بریتییه له سیسته‌مێکی کۆمه‌ڵایه‌تی که تێیدا پیاو سەردار و خاوەن هێزه، ده‌سه‌ڵات پیاده ده‌کات و ژنیش له‌ژێر فه‌رمانی پیاو و به‌پێی ئیراده و پێداویستییه‌کانی پیاو ستاتو و ڕەفتار و ژیانی رێکده‌خات. له چوارچێوه‌ی ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌دا ژن به‌ره‌و ڕووی چه‌وساندنه‌وه و هه‌ڵاواردن و زه‌بروزه‌نگ ده‌بێته‌وه. ئەمە مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە، به‌ڵام ژن له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی پیاو بەشێوەیەکی رەها بێ هێز و تەنیا قوربانی نییە، به‌ڵکو دۆخی ژن لەپهیوهندیەکی ئۆرگانیک دایە لەگەڵ دۆخی پیاو و ئەو ده‌سه‌ڵاته‌ی که ستاتوی ژن دیاریده‌کات و به‌ڕێوه‌ی ده‌بات. واتە ژن دەتوانێت ئەم دۆخ و ستاتوە بوەستێنێت، بەڵام ئەمە جگە لەهۆشیاریی کەسی چەوساوە (ژن) کار و فیکر و سەرچاوەی دارایی و مەعنەوی پێویستە.
ده‌سه‌ڵات به مانا کلاسیکییەکەی بریتیه له بهموڵکدارکردنی ئه‌ویدیکه (کۆیلە و لاواز و مافخوراو) لە لایەن کەسی زاڵ و سەردارەوە، هەروەها به‌کارهێنانی سه‌رچاوه ماتێریالی و مه‌عنه‌ویه‌كانی[2]. ئه‌و موڵکدارییهتییه. لێرەدا پەیوەندییەکی ئۆرگانیکی لە چوارچێوەی هاوکێشه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار و بێده‌سه‌ڵات، سه‌ردار و کۆیله دەهێنێتە کایەوە. کاتێك پیاو وەک به‌هێز و سه‌ردار دادەنرێ و بەوجۆرە مامەڵە دەکات و خۆی دەسەپێنێ، له به‌رامبه‌ریدا ژن وه‌ک قوربانی و بێده‌سه‌ڵات ده‌بینرێ و رووبه‌ری تواناکانی تەسک دەبنەوە و ئیراده و هێزی ژن ون ده‌بن. ئه‌م وێناکردنه، واته وێناکردنی حاڵه‌تی قوربانیبوونی ژن له خه‌یاڵی گشتیی کۆمەڵگەدا، له دوو ڕووه‌وه مه‌ترسیداره و ئه‌نجامی ترسناکی لێوه چاوهڕواندهکرێت.
له‌سه‌ر ئاستی یه‌که‌م: هه‌ستکردن و بەناوەکیکردنی حاڵه‌تی قوربانیبوون له ایه‌ن ژنه‌وه بواری سەربەخۆیی و پێشکه‌وتن بچوکده‌کاته‌وه و زیاتر له‌ناو دۆخی “بێده‌سه‌ڵاتیدا” جێگیری ده‌کات. مەترسییەکە لەوەدایە کە ژن خۆی خۆی وەک نزم و لاواز و بێدەسەڵات ببینێت، واتە ئەو بۆچوونە هەڵە گشتییەی کۆمەڵگە بەرجەستە و بەناوەکی بکات.
ئه‌مه‌ش مه‌ترسی دووه‌م ؛ دێنێته پێشه‌وه که‌بریتیه له زیاتر له‌په‌راوێزنانی ژن و دابڕانیان له ژیانی گشتی و پایه‌ی کار و بڕیاردان. ئه‌م له په‌راوێزنان و دابڕانه ستاتوی ژن زیاتر لاواز ده‌کات له‌به‌رژه‌وه‌ندی به‌هێزکردنی ستاتوی توخمی دووه‌م که پیاوه. لاوازی و بێهێزیش ڕێگا خۆش ده‌که‌ن بۆ زاڵبوونی زیاتری ئه‌ویتری زاڵ و پیاده‌کردنی سته‌م و زه‌بروزه‌نگ. واته ژن زیاتر ده‌بێته نێچیری پیاو و ئه‌و زهمینەیەی که پیاو هێز و بازووی خۆی تێدا بەکاردەهێنێت.
ده‌رچوون له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاستی هۆشیاری و کۆمه‌ڵایه‌تی له‌م دۆخەدا کار و هه‌نگاوی کردەنی ده‌وێت لە لایەن ژن خۆیەوە: ژن پێویستی به تێگه‌یشتنێکی قووڵی دۆخ و ستاتوی خۆی و ئەو هاوکێشەیەی سەردار و کۆیلە هه‌یه تا وه‌كو بتوانێت زه‌مینی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی باش بخوێنێته‌وه و له‌کرده‌وه و چالاکییه‌کانیدا پلان و ئامانج دیاری بکات و ستراتیژییه‌تێکی گونجاوی کاریگه‌ریش بگرێته به‌ر بۆ فراژووکردنی ئەو دۆخە کە ژن و پیاو هەردووکیان باجی گەورەی دەدەن.
لەم پرۆسەیەدا، ژن به‌ره‌و ڕووی کۆسپ و ڕوو به‌ڕووبوونه‌وه‌ی زۆر ده‌بێته‌وه؛ له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا که ژن وه‌ك ‘زەعیفە’ و مرۆڤی پله دوو سه‌یر بکرێ، ستاتو و کەسایەتی لەسەر ئەو بنچینەیە دیاری بکرێت، هەروەها پایه و شه‌ڕه‌فی پیاویش پابه‌ند بێت به ژێرده‌سته‌یی و سه‌ردانه‌واندنی ژن بۆ نۆرمەکان، بۆ کۆد و به‌ها کۆمهڵایهتییهكان، ئه‌وه کۆمەڵگە و ئەقلیەتی گشتی بە ئاراستەی داماڵینی ژن له هێز و ئیراده و تواناکانی کاردەکات. واته سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ڵچنراو له‌سه‌ر ئه‌خلاقیه‌تێكی پشئهستور به به‌هاو نه‌ریت و کۆده ئاینییه‌كان به‌جۆرێك ده‌چێته پێشه‌وه که رێگا له به‌هێزبوونی ژن و دابینکردنی مافه‌كانی ده‌گرێت بە ئامانجی ئەوەی ژن نه‌بێته بکەر و کەسێکی کارا و کاریگەر بۆ دروستکردنی دۆخێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی جیاواز، دۆخێک کە ژن تیایدا خاوه‌ن ماف و ده‌سه‌ڵات و شەرعییەت بێت.
پرسیارێک که پێویسته لێره‌دا بکرێت ئه‌وه‌یه: ژن چۆن ده‌توانێ له واقیعی باو و لە نۆرم و کۆدە سەپێنراوەکان دەرچێت، بوونی خۆی بسەلمێنێ ولە دۆخێکی نوێ‌دا خۆی بەرجەستەبکات و ستاتوی خۆی به‌هێز بکات. بە واتایەکی دیکە: ئامرازه‌کانی ژن بۆ به‌رگریکردن و هۆشیاری و خۆبەهێزکردن چین؟
ئەگەر تیۆریی میشێل فوکۆ بۆ دەسەڵات بەکاربێنین کە دەڵێ ده‌سه‌ڵات تەنیا له ده‌ستی تاکێک یا گروپێکدا نییه بۆ سه‌پاندن و زاڵبوون به‌سه‌ر تاک یا گروپێکی لاواز و دەستەمۆ که له جه‌مسه‌ره‌که‌ی دیکه‌ی هاوکێشه‌ی هێز و ده‌سه‌ڵاتدا ده‌بێته پانتایی بۆ پیاده‌كردنی هێزی سەردار/ ده‌سه‌ڵاتدار[3]. ده‌سه‌ڵات له لای فوکۆ بنچینه‌یه‌کی په‌یوه‌ندیدار و ئۆرگانیکی هه‌یه: واته له پیاده‌کردنی ده‌سه‌ڵات و په‌یوه‌ندیی ده‌سه‌ڵاتدار له‌گه‌ڵ کەسەکانی ژێردەستیدا، تاک به ته‌واوی بێده‌سه‌ڵات و قوربانیی هێزی سه‌پێنراوی سەردار و ده‌سه‌ڵاتدار نییە؛ به‌ڵکو تاک له په‌یوه‌ندییه کۆمهڵایهتییهكانیدا خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتە و دەتوانێ له رێگای به‌رگریکردن و بەرجەستەکردنی تواناکانییەوە خۆی بهێنێتە ئاستی بکەر. خۆبەدەستەوەدان و نه‌بوونی به‌رگری، دەستەمۆیی تاکه‌کان (لێره‌دا مه‌به‌ستمان ژنه) به‌رجه‌سته ده‌کات و له په‌یوه‌ندییشیان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدار (پیاو) بره‌و به‌هێزی ده‌سه‌ڵاتدار و چه‌وسانه‌وه دەدات، واتە دەبێتە مایەی درێژدان بە دۆخی سەرداری و کۆیلەیی. بەشێوەیەکی روونتر، لە په‌یوه‌ندییه‌كانی ژن و پیاودا، ده‌شێ ژن له‌و دۆخە پهیوهندیدارهدا وه‌ک جه‌مسه‌ری دووه‌می هاوکێشه‌ی سەردار و کۆیلە ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ست بهێنێت و ئەو دەسەڵاتەش پیاده بکات. دیاره پیاده‌کردنی ده‌سه‌ڵاتدا، له واقعێکی سه‌ختی وه‌ک کوردستاندا ژن له‌رووی کۆمه‌ڵایه‌تی و له رووی دەروونییەوە به‌ره‌ورووی کۆمه‌ڵێک مه‌رجی دژوار و ئاڵۆز ده‌بێتەوە.
کێشه و ناکۆکی به‌شێکی دانه‌بڕاون له ژیانی مرۆڤ و پراکتیکی سیاسیی راسته‌قینه و جوڵه و گۆڕانکاری دروستده‌که‌ن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر تێگه‌یشتن بۆ کێشه و چۆنییەتی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان بنچینه‌یه‌كی ئه‌قڵانییان نه‌بێت و پابه‌ند نه‌بن به‌پره‌نسیپی یه‌کسانی و رێزگرتن و دایەلۆگ ئه‌وه دەبنە مایەی شه‌ڕ و ئاژاوە و پێکدادان.
شێوازی گونجاو و مۆدێرنی به‌رگریکردنی ژن بریتین لە خۆپێگه‌یاندن له رێگای خوێندن و پەروەردە و هۆشیارییه‌وه، هەروەها گه‌یشتن به ئاستی ئه‌کادیمی و رۆشنبیریی باڵا و خۆرێکخستن له چوارچێوه‌ی رێکخراو و پێشخستنی پایه‌ی پیشه‌یی. لەبەرامبەر ئەمەدا، شێوازی نەریتی/ ترادیسیۆنالی به‌رگریکردن هەیە کە خۆی له به‌ده‌ستهێنانی ستاتویه‌ک به‌رجه‌سته ده‌کات تەنیا له ئه‌قلیه‌تی گشتیی کۆمه‌ڵایه‌تیدا پایه‌ی ژن به‌رزده‌کاته‌وه، وه‌ک شووکردن، بوون به دایک (به تایبه‌تی دایکی کوڕ)، لە هەندێ حالەتدا پیری، هەروەها رەگی بنەماڵەیی و عەشیرەتگەری (کچی کێی، خوشکی کێی، ژنی کێی. هتد). به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، ئه‌م حاڵهتانە له کۆمه‌ڵگه نەریتخوازەکان پایه و پله‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی ژنان دابین ده‌كه‌ن و ده‌بن به ئامرازی به‌رگری و بەدەستهێنانی جۆرێک له ده‌سه‌ڵات له سه‌ر ئاستێکی دیاریکراو وترادیسیۆنالیدا. له‌و کۆنتێکسته نەریتخوازەدا، ئه‌و ژنانه‌ی هاوسه‌ری پایه‌دار، یا برا و باوکی ناودار و به‌هێزیان هه‌یه ستاتویه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌هێزتر لە کۆمەڵگە به‌ده‌ست ده‌هێنن. دیارە ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی که ژن له رێگای ئه‌و ئامرازه ترادیسیۆنالانه به‌ده‌ستی ده‌هێنێت، ده‌سه‌ڵاتێکی دیاریکراو و سنوردارە: ده‌شێ ژنی خاوه‌ن مێرد یا کچ و خوشک و دایکی که‌سایه‌تییه‌کی کۆمەڵایەتیی و سیاسی یا حیزبیی ناودار (ته‌نانه‌ت شه‌هیدی ناوداریش) له رووی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌وه بگاته پایه‌یه‌كی به‌رزی کارگێڕی یا سیاسی و ته‌حه‌ددای هه‌ندێ له‌و هێزانه بکات که به پێچه‌وانه‌ی ئاراسته و به‌رژه‌وه‌ندیی ژن کارده‌که‌ن. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و هۆکار یا ئامرازه‌ی که ئه‌و ژنه‌ی گه‌یاندۆته پایه‌ی ئەمجۆرە ده‌سه‌ڵاتە، له سیسته‌مه کۆمه‌ڵایه‌تییه باو و پیاوسالارییهکهوه چه‌قییان گرتووه، ئه‌وه ژنان لە کار و پیشەکانییاندا هه‌رزوو به‌ره‌وڕووی دیوار و کۆسپ ده‌بنه‌وه. واته بێده‌نگ و لاواز ده‌کرێن به جۆرێ که ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان کاریگه‌ریی گه‌وره‌ی نابێت بۆ گۆڕینی واقیع و دیفاکتۆی کۆمەڵایەتیی ژن. لێره‌دا به‌ها کۆن و باوه‌کان و ئەقلیەتی پیاوسالاری به‌رهه‌م دێنه‌وه و و سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی و په‌یوه‌ندییه‌كانی جێنده‌ریش ناچنە پێشەوە و گۆڕانکارییان بەسەردا نایەت. دەتوانین بڵێن لە باشوری کوردستان ئەم جۆرە بەرگرییە ترادیسیۆنالە باوە بۆیە دیفاکتۆی کۆمەڵایەتی بەرقەرارە.
ژن چه‌ند خۆی له حاله‌تی مافخورا و قوربانیبووندا ببینێ و کار و چالاکی و تواناکانی به‌و پێیه سنوردار بکات ئه‌وه‌نده زیاتر ده‌خرێته په‌راوێزه‌وه
شێوازی دووه‌می به‌رگریکردن بریتیه له شێوازێکی مۆدێرن که دابڕاو نییە له شێوازی یه‌که‌م، به‌ڵام ئامرازه‌كانی به‌رگریکردنی جیاوازن. له‌م حاڵه‌ته‌ی دووه‌مدا، ژنان هه‌وڵی خۆپێگه‌یاندن و خۆبەهێزکردن دەدەن لە ڕووی فیکری و ڕۆشنبیرییەوە، هەوڵی هۆشیاری و خۆرێکخستن له‌ناو ستروکتوری رێکخراوه‌یی و بره‌ودان به کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ده‌ده‌ن. کارکردن به‌و شێوازه‌ی دووەمی به‌رگریکردن ئه‌گه‌ر به پێی پلانێکی ئه‌قلانی و ستراتیژیی کاریگه‌ر به‌ڕێوه‌بچێت، ئه‌وه ڕۆلی ده‌بێت له دروستکردنی تاکی بەتوانا و هۆشیار، لە دروستکردنی کۆمه‌ڵگه‌یەکی مه‌ده‌نیی و کاریگەری دەبێ لەسەر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و دیفاکتۆی کۆمەڵایەتی.
ئه‌م شێوازەی دووەمی به‌رگریکردن ده‌بێت رێگا خۆش بکات بۆ ژنانی هۆشیار و خاوه‌ن که‌سایه‌تیی پیشه‌یی و ڕۆشنبیریی کارا تا بگه‌نه پایه‌ی بڕیاردان و له رێگای پراکتیکی سیاسییەوە کە سازش قبوڵ نەکات، کاریگه‌ریی دابنێن له سه‌ر یاسا و په‌یڕه‌وی بیرۆکراسی و بره‌و به سیسته‌مێک بده‌ن که مافه‌کانی ژن به‌رجه‌سته بکات. واته ئه‌و شێوازی به‌رگریکردنه ژن له ڕۆلی ته‌قلیدی جیاده‌کاته‌وه به ئاراسته‌ی به‌شداریکردنێکی کردەنی له واری سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریدا. گه‌یشتنی ژن به‌و ده‌سه‌ڵاته کاریگه‌ریی ده‌بێ له‌سه‌ر به‌رجه‌سته‌کردنی داخوازی و خواست و پێویستییه‌کانی ژن و پره‌نسیپی یه‌کسانی و دادوه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ناو رۆژه‌ڤی سیاسیی ناوخۆ و نێوده‌وڵه‌تیدا.[4]
کێشه و ناکۆکی به‌شێکی دانه‌بڕاون له ژیانی مرۆڤ و پرۆسەی سیاسیی راسته‌قینه و جووڵه و گۆڕانکاری دروست ده‌که‌ن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر تێگه‌یشتن بۆ کێشه و چۆنییەتی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان بنچینه‌یه‌كی ئه‌قلانی و مۆدێرنیان نه‌بێت و پابه‌ند نه‌بن به پره‌نسیپی یه‌کسانی و رێزگرتن و دایەلۆگ ئه‌وه دەبنە مایەی شه‌ڕ و ئاژاوە و پێکدادان. له‌ئه‌نجامدا دەرفەت دروست دەبێت بۆ پیاده‌کردنی توندوتیژی و ئه‌و توندوتیژییه‌ش له سه‌ر جه‌سته و پانتایی ژیانی توخمی لاوازکراوی ناو کۆمه‌ڵگه، که ژنه، پراکتیزە ده‌کرێت.
خۆبه‌دوورگرتن له کێشه‌کان و ده‌سته‌وه‌ستانی و داماوی به‌دیار دۆخەکەوە له‌سه‌ر بنەمای ئەو بڕوایەی که زەحمەتە ئەم واقیعە بگۆڕدرێ و فراژووکردنی بارودۆخه‌که له ده‌سه‌ڵاتی ژن‌دا نییە، واته له‌ناوبردنی توانا و هێزی ژن له هرگریکردن و دروستکردنی گۆڕانکاری. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ که ژن ستاتوی خۆی له چوارچێوەی قوربانیبوون و مافخوراو و چه‌وساوه‌دا ته‌سک ده‌کاته و بره‌و به لاوازیی و دەستەمۆیی و دابڕان و پەراوێزنانی خۆی ده‌دات. دیارە تا ژن خۆی له حاله‌تی مافخورا و قوربانیبووندا ببینێ و کار و چالاکی و تواناکانی به‌و پێیه سنوردار بکات، ئه‌وه‌نده زیاتر ده‌خرێته په‌راوێزه‌وه. گرنگە تاک لە به‌رامبه‌ر چه‌وساندنەوە و بێمافیدا هۆشیار بێت، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌و هۆشیارییه له پێناوی خوێندنه‌وه‌یه‌كی قووڵ و مه‌وزوعیانه‌ی واقیعه‌که بێت بۆ دانانی ستراتیژییه‌تێکی گونجاو به‌ره‌و رزگاربوون نه‌ک بۆ خولانه‌وه له‌ناو بازنه‌یه‌كی داخراو و بچوککردنه‌وه‌ی رووانینی ئاینده‌یی و بەرهەمهێنانەوەی ئەقلیەتیی پیاوسالاری [5].
ماویه‌تی
ئەمە بەشی یەکەمی زنجیرە وتارێکە بەناوی کە بە سێ بەش لێرە بڵاوی دەکەینەوە.
ئەم بەشە کە بەشی یەکەمی ئەو زنجیرە وتارەیە، لە هەفتەنامەی هاوڵاتی ژماره 334 ، رۆژی چوارشه‌م 4/ 7/ 2007 بڵاوبۆتەوە. ل١٤ (بەناوی ‘پیاوسالاری: دەسەڵات، قوربانی’
سه‌رچاوه‌كان
[1]. Hollway Wendy (1996), Gender and power in organizations, in Violence and Gender relations: Theories and intervention; ed. B. Fawcett, B Featherstone, J Hearn, C. Toft, London, Thousand Oaks, New Delh, Sage, P 72.
[2] . Powell J. L (2007), Power in Ritzer, G. (ed) The Blackwell Encyclopedia of Sociology, Basil Blackwell, P. 3597.
[3]. M. Foucault (1980), Power/Knowledge: Selected interviews 1972- 77, ed. C Gordon, Brighton, Hervester.
.4. نه‌زه‌ند به‌گیخانی، چاوپێکه‌وتن، رێوان، سێنته‌ری رووناکبیریی و راگه‌یاندنی ژنان، سلێمانی، حوزه‌یرانی 2006.
[5] . هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو.