پاتریک مۆندیانۆ، ساڵی 1968 به یه‌که‌م کتێبی (جێگای ئه‌ستێره)ی له فهڕسا و له ماوه‌ی چوار تا پێنج ساڵدا له چه‌ندین وڵاتی ئه‌وروپاشدا ناوی په‌یدا کرد، وه‌کو نووسه‌ری (نۆڤێلست) ناسرا، ئه‌وکات نووسه‌ر له ته‌مه‌نی 23 ساڵیدا بوو، به‌رهه‌می یه‌که‌می مۆندیانۆ دوای پێنج ساڵ وه‌رگێڕدرایه سه‌ر زمانی هۆڵه‌ندی، له‌دوای ساڵی 1973وه تاکو ئه‌مڕۆ 20 به‌رهه‌می نووسه‌ر له لایه‌ن سێ چاپخانه‌وه کراون به هۆڵه‌ندی، تاکو دواین به‌رهه‌می (قاوه‌خانه‌ی ونبوونی مناڵی) ساڵی 2008.
پاتریک مۆندیانۆ، له ساڵی 1968وه تاکو ئه‌مڕۆ زیاتر له سی ڕۆمانی نووسیوه، پێش ئه‌مساڵ و ئیستاش که نووسه‌ر خه‌ڵاتی نۆبڵی له بواری ئه‌ده‌بدا پێ بڕاوه، سه‌رنج و ڕه‌خنه‌کان له مۆندیانۆ گۆڕانکاریان به‌سه‌ردا نه‌هاتووه، سه‌رجه‌م ڕه‌خنه‌و سه‌رنجه‌کان ده‌توانین له‌م دوو دێڕه‌دا کورتیان بکه‌ینه‌وه، (ڕۆمانه‌کانی هاوشیوه‌ی یه‌کن، بێجگه له‌وه‌ی که ناونیشان و که‌مێک جار جاده‌و کوچه‌و کۆڵانه‌کان له گهڕێکهوه بۆ گه‌ڕه‌کێکی تری پاریس ده‌گۆڕێت… جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆیان نییه). ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێت که نووسه‌ر له چه‌ند ڕۆمانێکیدا باس له هه‌مان کاتوو شوێن ده‌کات و ڕوداوه‌کانی هاوشیوه‌ی یه‌کن.
نووسه‌رێکی هۆڵه‌ندی (فرانک نۆییهر)له گۆڤاری نووسین-دا که خۆی سه‌رنووسه‌ریه‌تی ده‌ڵێت: ‘به‌ختێکی گه‌وره‌یه بۆ مۆندیانۆ، کاتی ئه‌وه هاتووه که جیهان سه‌رسام بێت پێی، چونکه به‌رزترین خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بی پێبڕاوه.’
له مانگی ڕابردوودا له سه‌رانسه‌ری جیهاندا، به‌تایبه‌تی له ئه‌وروپادا، هه‌مان پرسیار له‌لایه‌ن نووسه‌ران و ڕه‌خنه‌گرانی ئه‌ده‌به‌وه کراوه، ئه‌وه بۆ جاری یه‌که‌مه براوه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ ئه‌ده‌ب به‌و شیوه‌یه پێشوازی لێ بکرێت، له زۆرینه‌ی سه‌رنج و نوسینه‌کاندا ئه‌م دوو پرسیاره کراوه: ‘چ هونه‌رێکی تێدایه بۆ نووسه‌ر پاتریک مۆندیانۆ که هه‌موو کتێبێکی نوێی کۆپی ئه‌وی پێشتری بێت؟ چۆن ده‌بێت ئه‌و جۆره ئه‌ده‌به خه‌ڵاتی نۆبڵی پێببڕێت؟’
پێده‌چێت ئێمه‌ی خوێنه‌ر بتوانین به یه‌ک ڕۆژ دوو کتێبی نووسه‌رێک… مه‌به‌ست ته‌نها لێره‌دا به‌رهه‌می ئه‌و نووسه‌رانه‌یه که له سه‌د ساڵی ڕابردوودا خه‌ڵاتی نۆبڵ-یان پێبڕاوه بخوێنینه‌وه، به‌ڵام پرسیاره‌که لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که لێپرسراوی ڕاگه‌یاندنی خه‌ڵاتی نۆبڵ، له‌کاتی ئاشکرا کردنی براوه‌ی ئه‌مساڵدا (پاتریک مۆندیانۆ)دا ده‌ڵێت: ‘نووسه‌ر بۆ هه‌موان زۆر ئاسانه بۆ خوێندنه‌وه، کتێبێکی دوانیوه‌ڕۆ بخوێنه‌ره‌وه، پاش ناوبڕێک و خواردنی نانی ئێواره، دوای نانخواردن ده‌ست بکه به خوێندنه‌وه‌ی کتێبێکی تری.’
کریستیان ڤایتس: نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گر له گۆڤاری (ئه‌مستردام-ی سه‌وز)دا، له‌سه‌ر ئه‌م لێدوانه‌و نووسه‌ر مۆندیانۆ نوسیویه‌تی: ‘پێش نان خوارن ڕۆمانێک و دوای نان خواردن ڕۆمانێکی تری مۆندیانۆ، ته‌نها بۆ کات به‌سه‌ر بردن، یان… بێئه‌وه‌ی ڕۆمانی یه‌که‌م کاریگه‌رییه‌کی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر خه‌یاڵمان کردبێت، یان… ڕه‌نگێک، ئاسه‌واری ساردییه‌ک، گه‌رمییه‌ک، نه‌رمییه‌ک، یان ئاڵۆزییه‌ک… له‌سه‌ر خه‌یاڵمان جێ بهێڵێت، ده‌ست ده‌که‌ین به خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانی دووم دوای نان خواردن.
مۆندیانۆ له یه‌کێک له لێدوانه‌کانیدا ده‌ڵێت: (ڕۆژانه یه‌ک کاتژمێر ده‌نووسم، زیاتر سه‌رقاڵم به کاری تره‌وه، به‌ڵام به‌رده‌وام خه‌یاڵم لای نووسینه، چی ڕووده‌دات، یان بیرۆکه‌ی ڕۆمانێکی نوێ، هێڵی سه‌ره‌کی، ده‌رباره‌ی چی بێت؟ ئا ئا… ڕۆمانێکی نوێ.) مۆندیانۆ له‌و لێدوانه‌یدا دوای تاوێک بێده‌نگی و بیرکردنه‌وه‌ی، به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت، (ئه‌بێت ده‌رباره‌ی چی بێت؟ له‌وانه‌یه… با بیربکه‌مه‌وه… پیاوێکی گه‌ڕۆکی ونبوو پیاسه ده‌کات به‌سه‌ر شه‌قامه‌کانی… ئه‌بێت ئه‌مجاره‌یان چۆن بێت؟… پاریس! له‌کاتی گه‌ڕانه‌کانیدا بیر له چه‌ند که‌سانێک ده‌کاته‌وه که سی تا چل ساڵێک پێش ئێستا. یه‌ک ده‌بینن له قاوه‌خانه‌یه‌کی چهپکهوتوو تاریک‌دا، به یاده‌وه‌رییه‌کانیاندا ده‌چنه‌وه… ئه‌و یاده‌وه‌ریانه تارک و ڕون و خێرا تێده‌په‌ڕن، ده‌که‌ون به‌سه‌ر ده‌فته‌رێکی یادگاریدا… ڕۆژمێرێکی کۆن، ناوی جاده‌کان… به‌ڵێ، من هه‌روا ده‌که‌م! یان ئه‌وه ڕویداوه؟) ئاخ، به‌ڵێ، پاتریک، منیش به تاریک و ڕونی به‌بیرم دێت. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت ئه‌و کتێبه بێت که 45ساڵ پێس ئێستا نووسیوته؟ پاتریک مۆندییانۆ، سی جار له‌سه‌ر یه‌ک سی ڕۆمانی هاوشیوه‌ی یه‌ک ده‌نووسێت، به‌تایبه‌تی زه‌مه‌نی ڕوداوی به‌سه‌رهاته‌کان، که سه‌رجه‌م ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ساڵانی شه‌سته‌کان و شوێن پاریس به‌تایبه‌تی، ئه‌م نووسه‌ره جارێک نه‌بوو ده‌نگوو ڕه‌نگی خۆی بگۆڕێت، وه‌کو بیه‌وێت له خاڵێک یان فاریزه‌یه‌کی ونبوو بگه‌ڕێت له نووسینه‌کانیدا، یان له ساته‌وه‌ختێکی له ده‌ستچوو بگه‌ڕێت تاکو به نوسینی بکات و قووڵتر ڕۆچێته ناویه‌وه، به شیوه‌یه‌ک که هه‌ست بکات… دیمه‌نه‌کانی ئه‌وسای له ناو له‌پی ده‌ستی ئێستایدا ڕاگرتووه.’
ئه‌وه‌ی منی گێڕایه‌وه بۆ لای ئه‌م نووسه‌ره مۆندیانۆ، ئه‌و هه‌واڵه نه‌بوو که نووسه‌ر براوه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵی ئه‌مساڵه، به‌ڵکو ئه‌و ڕه‌خنه‌و سه‌رنجانه بوون که له سه‌رانسه‌ری ئه‌وروپا-و جیهاندا له نۆڤێله و ڕۆمانه‌کانی گیران.
خاڵێک له‌و خاڵانه‌ی که سه‌رنجی منی ڕاکێشا‌و بۆ ئه‌م بابه‌ته به‌دوادا چوونم بۆ کرد، ئه‌م سه‌رنجه بوو: له زیاتر له 10 کتێبی مۆندیانۆ-دا یه‌ک دیمه‌ن دووباره ده‌بیته‌وه، ئه‌ویش خوڵقاندنی ئه‌و که‌راکته‌ره هاوشیوهیهیه، (گه‌نجێک ته‌مه‌نی بیست ساڵانه، قژێکی قاوه‌یی و ڕێک پۆش، جوتێک پێڵاوی قه‌یفه‌ی پاژنه به‌رز.) من بۆ ئه‌م بابه‌ته ناچار بووم بچم بۆ کتێبخانه‌ی گشتی، بۆ گه‌ران له مۆدێلی ئه‌م که‌راکته‌ره له نۆڤێله و ڕۆمانه‌کانی مۆندیانۆ-دا، ئه‌وه‌ی سه‌نجی منی ڕاکێشا کتێبی یه‌که‌می بوو (جێگای ئه‌ستێره)ی، که هه‌مان مۆدێلی کاراکته‌ری ناوبراو بێ جیاوازی بوونی هه‌بوو، بێجگه له‌وه… وێنه‌ی سه‌ر به‌رگی کتێبه‌که، گه‌نجێکی قژ قاوه‌یی ڕێک پۆش، لاو دیاره‌و پێلاوه‌کانی قه‌یفه دیارن. بۆ به‌راورد کردنی مۆدێلی ئه‌م جۆره که‌راکته‌ره… هه‌نووکه له چه‌ندین کتێبی تری نووسه‌ردا بوونی هه‌یه، به‌ڵام به ده‌وری جۆرا و جۆر… سه‌ره‌کی یان لاوه‌کی، که به ته‌واوی هاوشیوه‌ی وێنه‌ی سه‌رده‌می لاوی مۆدیانۆ خۆیه‌تی.
بێگومان ده‌بێت ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێت که چه‌ندین نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گریش هه‌بوون که ڕای جیاوازیان هه‌بوو ده‌رباره‌ی به‌رهه‌مه‌کانی مۆندیانۆ، ئه‌گه‌ر لێره‌دا پوخته‌ی ئه‌و بۆچوونانه له چه‌ند دێڕێک‌دا کورت بکه‌وه: (مۆندیانۆ کار ده‌کات له‌سه‌ر کاراکته‌ر و ڕه‌وشتی تاک، به‌تایبه‌تی کات و ته‌مه‌ن چ کاریگه‌رییه‌کی هه‌یه له‌سه‌ر ئێمه‌ی مرۆڤ، ڕاسته که مۆندیانۆ زۆر جار له سنووری پاریس تێناپه‌ڕێت و ساڵانی شه‌سته‌کان و گه‌ڕان به‌ناو دیمه‌نه‌کانی سه‌رده‌می مناڵیدا له کتێبه‌کانیدا دووباره ده‌بنه‌وه، به‌ڵام ئه‌مه مانای ئه‌وه نییه که ئێمه ته‌نها به ڕه‌ش و سپی له به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌م نووسه‌ره بڕوانین، له کاتێکدا ئێمه باس له هونه‌ری نووسین ده‌که‌ین که ئه‌بستراکته‌و هیچ یاسا‌و ڕێسایه‌ک ناتوانێت بیخاته ژێر ڕکێفی خۆتیهوه.