بۆئەوەی هەر لەسەرەتاوە ئەوە بۆ خوێنەر ڕوونبکەمەوە، دەبێت ئاماژە بەوە بدەم کە لەم ڕاڤەکردنەی من دا بۆ جیهانبینی شاعیری گەورە شێرکۆ بێکەس، کۆششی داڕشتنی تیۆرەیەک بۆ تێگەیشتن لە بوون و لە ژیان وەک هونەرێکی ئیمونیتیکی دەدرێت. هونەرێک کە پێوەر و دۆزەرەوەی هەقیقەتێکی بەڵگەنەویستە سەبارەت بەوەی ژیان جگە لە بەرگریکردن لە ژیان بۆ مانەوە چیتر نییە. بەوەدا مێژووی چەند سەد ساڵەی کورد، چ لەڕووی سیاسی و چ لەڕووی ئەدەبی و کولتورییەوە بریتی بووە لە پاراستنی ڕەگەزی کورد لە فەوتان و لەناوچوون و لە بە بێگانەبوون..
مێژووی ئەدەبی کوردی ئەگەر بە باباتایەر دەستپێ بکات، ئەوا لەبەرئەوەیە کە یەکەمین شاعیرە بەزمانی کوردی نووسی بێتی. مێژووی خەباتە چەکدارییەکانی هۆز و بنەماڵە و ئەمارەتەکانی کورد تا دەگاتە خەباتی سیاسییانەی نوێمان تەنیا بریتی بوون لە خەباتکردن بۆ مانەوە. ئەوا هەموو گوتاری سیاسی و هەموو کایە کولتورییەکانمان، جا ئەکتیڤ بووبێتن یان پاسیڤ، خوڵقێنەر بووبێتن یان نەزۆک، ڕووناکی بوو بن یان تاریکی، ئیرادەدار بوو بن یان کزەڵ، بریتین لەو سیستەمە جۆراوجۆرانەی لۆگیکی ژیان دەسەلمێنن، کە بریتییە لە لۆگیکی خۆبەرگریکردن و بە ئیمونکردنی خود لە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی لەناوبردن دا. لێرەوە ئاوێنەبوونەوەی مێژوو لەگەڵ خەیاڵی ئەدەبیدا، بابەت لەگەڵ خوددا، کردار لەگەڵ ئەندێشەدا، وتراو لەگەڵ نەوتراودا، ناوەوە لەگەڵ دەرەوە دا، ئەو ڕاستییە بەڵگەنەویستەمان بۆ دەردەخەن کە چۆن تەواوی کایە و هێزەکانی ژیان لەپێناوی خودی مانەوە لە ژیان دا لە فۆرم و ئاستی جیاوازدا لە ململانێدان.
دەبێت هەر زووش هێما لەسەر ئەوە دابنێم کە چەمکی (( مانەوە)) و ((بەزیندوویی مانەوە)) لێرەدا هەڵگری چ واتایەکی نێگەتیڤانە نییە. واتە مانەوە بریتی نییە لە چەقبەستن و وەستان و نەگۆڕان، بەڵکو بەزیندوویی مانەوە لە کۆنتێکستی ئەم بەکارهێنانەی ئێمەدا هەڵسوڕێنەر و بزوێنەری ڕەوڕەوەی بەرەوپێشبردن و بەرەوسەرەوەبردنی ژیانە. واتە لەدیدی من دا بەزیندوویی مانەوە تەکنیکێکی زۆر عەقلانییانەی درێژەدانە بەژیان، تەنانەت گەر ئەو مانەوەیەش لەدۆخێکی مت و نێگەتیڤ دا بێت. بەنموونە بابڵێین هەندێکجار کورد دەستبەرداری شۆڕشەکان و بزووتنەوە چەکدارییەکانی بووە و لە هەندێک باریشدا بووەتە جاش و ئینتیمای بۆ دوژمن کردووە، بەڵام ئەمانە لەڕووی ئەنترۆپۆلۆژییەوە بریتین لەتەکنیکەکوردییەکانی خۆپاراستن و خۆهێشتنەوە لە نێو ژیاندا. کتومت وەک ئەو حاڵەتەیە کە فیلۆسۆفی ئەڵمانی پیتەر سلۆتەردایک پێی دەڵێت(( مەرگی ڕواڵەت Scheintod)) وەک چۆن هەندێک مێروو، یان ئاژەڵ لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی گەورەدا کە چ چارەیەک بۆ خۆبەرگریکردن شک نابەن، ئا لەوێدا چارەیەکی تر دادەهێنن کە بەڕواڵەت خۆیان بەمردوو پیشاندەدەن و بەم خۆپاسیڤکردنە خۆیان لەفەوتان ڕزگاردەکەن، واتە خۆپاسیڤکردن بکەنە ڕێچکەی خۆهێشتنەوە و خۆپاراستن. دیارە مەرگیڕواڵەت لە مێژووی ژیان و دازاینی کوردیدا، وەک تەکنیکێکی بەرگریکاری لەپێناوی مانەوە لەژیاندا، لە گەلێک وێستگەدا دەبینرێت، کە بەداخەوە تا ئێستا لە چ دیدێکی مرۆڤناسییەوە خوێندنەوەی بۆ نەکراوە.
لەژێر ڕۆشنایی ئەمەی سەرەوەدا من دەخوازم بگەڕێم بەشوێن زمانحاڵی ئەم گوتارەدا، ئەو زمانحاڵە لای من شێرکۆ بێکەسە. هەڵبەت ئەو توانیویەتی لە باڵاترین ئاستدا بەرجەستەکەری ئەم سیستەمی بەرگریکارییەی کورد بێت، ئەو زمانحاڵێکی ڕەها و تاقانەی ئەو بوونە کوردییە بێت کە چۆن لەبەردەم هەڕەشەکانی نەبوونکردندا هەمەچەشن تەکنیکی ئیمونی بۆ مانەوە لەژیاندا داهێناوە. لێرەدا دەستەواژەی زمانحاڵ دەستنیشانی دوو هێما دەکات (( زمان و حاڵ)) کە لە کەسێکدا دەردەکەوێت پێیدەگوترێت(( زمانحاڵ)). بەنموونە فریدریش نیتچە بە خۆی دەگووت (( زمانحاڵ Mundstück)) وە پیتەر سلۆتەردایک بەخۆی دەڵێت: پیانۆیەکی ئۆتۆماتیکییانەی ڕۆحی سەردەم. پێموایە هەردوو ئەم دەستنیشانکردنە بۆ شێرکۆ بێکەس دەست دەدەن، چونکە ئەو شاشەی سینەمای کارەساتەکانی کورد بوو، دەزگای تۆمارکردنی هەموو ڕووداوە کوردییەکان بوو.
لە زمانەوە بۆ ژیان و بۆ سەرووژیان
کورد لەوەتەی لە مێژوودا شتی تۆماردەکرێت بریتی نەبووە لە یەک کۆمۆنەی زمانەوانی، بەڵکو بە ئێستاشەوە بریتییە لەچەند کۆمۆنەیەکی زمانەوانی. هەرلێرەوەیە یەکێک لەخەونەکانی ڕۆشنبیرانی کورد بریتییە لە زمانی یەکگرتووی کوردی. واتە ڕۆشنبیرانی کورد لە سەردەمی خانی و حاجی بەدوواوە هەڵگری ئەو ئیدیالەن کە کورد ببێتە یەک کۆمۆنەی زمانەوانی.
هەڵبەت یەکێک لەو میدیۆم و ئامرازانەی کورد لەمێژووی خۆیدا توانیویەتی بەهۆیەوە لە بوون دا بمێنێت، بریتییە لە زمانەکەی. بەمپێیە زمان لەئامرازێکەوە گۆڕاوە بۆ خودی بوون خۆی. واتە چیترزمان ماهیەتێک نییە تیاماندا و ئێمە بەکاربەرێکی ڕووتی بین و بەس، بەڵکو لەڕێی بەکارهێنانەوە زمان دەبێتە ماڵی ئێمە. واتا زمان لەناوماندا نییە، بەڵکو ئێمە لەنێو زمانداین. ئەم ڕووە ئۆنتۆلۆژییە هایدێگەرییەی زمان یاریدەدەرێکی باشی تێگەیشتنمان دەبێت بۆ کورد وەک کۆمۆنەیەکی زمانەوانی، لەبەرئەوە هەر هەوڵێک کۆششی ئەوە بدات بوونی کورد لەدەرەوەی ئۆنتۆلۆژیای زماندا لێکبداتەوە دەکەوێتە نێو هەڵەیەکی دیاردەناسی و بوونناسییەوە.
بەمپێیە زمان بەرجەستەکەری گەلێکە پێیدەگووترێت کورد، واتە ئێمە لەنیشتمانێکداین پێیدەگوترێت زمان. بەڵام وەک وترا ئێمە هێشتا کۆمۆنەیەکی زمانەوانی نین، بەڵکو چەندین کۆمۆنەین، واتە هێشتا لەدیالەکتیکە جیاوازەکاندا هۆزی کوردی جیاواز نیشتەجێن. ئەوەی دەیەوێت هەموو ئەم هۆزانە بداتەوە لەیەک و یەک گەل یاخود یەک نەتەوە دروست بکات، دەبێت هەڵگری ئیدیالێکی تریش بێت کە بریتییە لە زمانێکی سەرووتر کە هەموو نەتەوە تێیدا نیشتەجێ بێت. گومانی تێدانییە تا ئێستا شاعیران لایەنی یەکەمی هەوڵدەری دروستکردنی زمانی نەتەوەبوون. جگە لە باباتایەر و خانی و حاجی قادر و بەتێپەڕین بە نالی و تادەگاتە گۆران، شێرکۆ بێکەس لە ئاستێکی زۆر بەرزی هۆشیاریدا بە شیعر و بە داهێنانێکی زمانەوانی نەبیستراو توانیویەتی ببێتە ئەو منەباڵایەی کەبەرجەستەکەری ئازار و کارەسات و تراژیدیاکانی نەتەوەی کردووە. ئەو لای من (( بەرزە من))ی کوردە لەم ڕووەوە. دیارە بەرزەمن چەمکێکی فرۆیدییە و لە شیکاری دەروونیدا لە دابەشکردنی هۆشیاری مرۆڤ بۆ هەریەکە لە: من، ئەو، بەرزە من. دایهێناوە. بەرزەمن لای فرۆید ئەو هۆشیارییە نەستییەمانە کە باڵادەستە بەسەر بیرکردنەوە و بڕیارەکانمانەوە، ئەو ڕێنماییمان دەکات و فەرمانمان دەداتێ. بەڵام لەم نووسینەی ئێمەدا بەرزەمن فونکسیۆن و چالاکییەکی تر دەنوێنێت. کە پتر وەک سەرچاوەی سەرەکی دەردەکەوێت. وەک سەرچاوەیەک کە دەبێت هەموولایەک بێ هیچ چەندوچۆنێک هەر ئیدیالێکی نەتەوەیی و هەر هونەرێکی ژیان و بەرگریکردنی هەبێت، بۆی بگەڕێنەوە.
شێرکۆ بێکەس بۆئەوەی خاوەنی گوتارێک بێت لێوەی ئەم بەرزەئیدیالە بەرجەستە ببێت، شیعر بە تەکنیک وفۆرم وبیرۆکە وئەندێشەی جۆراوجۆرەوە دەهۆنێتەوە. زمانێکی نەبیستراو لە وشە و دەستەواژەی ناباو دادەهێنێت، ئەو دەبێتە ئەکرۆباتیکی وشە و یاری بە وشە دەکات. لای ئەو هۆنینەوەی شیعر جۆرێکی سەرانسەرییانەی ئەو ئامرازە هەمیشە زیندووەیە کە هێندە بەرز وبڵندە تەنانەت مەرگ نایمرێنێت. شیعر لای ئەو دەبێتە خودی بەرگری لە خۆری ژیانێک کە نەلەڕووی ڕۆحی و نەلەڕووی فیزیکییەوە ئاوا نابێت. بەرزەمنی ئەو بریتی بوو لە شیعر. شیعر فەرمانی پێدەدا، بنووسە لەوێدا تراژیدیایەک قەوماوە. بهۆنەرەوە، لەوێدا فاجیعەیەک بەرپابووە، بخوێنەوە، لەوێدا ئافاتێکی قڕانکردنێک هەڵیکردووە. شێرکۆ لە دێڕە شیعرێکدا لە ڕۆمانەشیعری (( خاچ و مار و ڕۆژژمێری شاعیرێک)) دا ل ٩٤ دەڵێت: ئەگەر شیعر نەبووایە، لەداخاندا زوو دەمردی. ئەم ڕستەیە لەڕۆحێکی قووڵەوە نووسراوە، کە هاوئاستی وتەیەکی ئەدمۆند هوسرل ی فەیلەسوفی فینۆمینۆلۆگییە، کە لەنامەیەکیدا بۆ هاوڕێیەکی دەنووسێت: ئەگەر فەلسەفاندن نەبوایە، بەرگەی ژیانم نەدەگرت.
بەڵام دواجار خودی شێرکۆ بێکەس خۆی دەبێت بە بەرزەمنی هەموو مێژووی سیاسی و بوونگەراییانەی ئێمە. شیعر لای ئەو دەربڕی هەستە کورتخایەنەکان نییە، بەڵکو بریتییە لە دواندنی تراژیدیاکان و بەرکەوتنی ئازارەکان و تەماشاکردنی بوون و جیهانە لە دیدێکی شیعرییەوە. شیعر ڕەخنە و توڕەییەکی قووڵی وجودی و مۆرالییانە بووە بەڕووی میتافیزیک و سیاسەتی دووفاقییانەی جیهان. شیعری ئەو تۆمارکردنی هەناسەی خۆی بوو لەکاتی ڕوودانی کارەساتەکان دا، تۆمارکردنی هەناسەی قارەمانی مرۆڤێک بوو لە سەنگەرێکدا بەپێوە بەڕووی گازی ژەهر و تانک و فڕۆکەی هەموو دنیادا دەجەنگی. لە قەسیدەی ژەهرەکەیدا کتومت ئەوە تێبینی دەکەین چۆن تیرۆرکردنی ژینگە، بەربوونەوەی باڵندە و سیسبوونی گەڵا و شکانی بەرد و سەنگەر، دەکەوێتە پێشەوەی کوشتنی مرۆڤەکان. تیرۆرکردنی مرۆڤەکان سەرەتا بەتیرۆرکردنی ژینگەکەی دەست پێدەکات. لێرەوەیە من شێرکۆ بە دامەزرێنەری بیۆپۆیتیک دادەنێم. واتە تیۆریسازی شیعری ژیان و ژیانی شیعرییە. لە شیعری ئەودا ڕووە دەرەکییەکەی ژیان وێنا نەکراوە، بەڵکو قووڵایی و ئەودیوی ژیان و بوونمان لە ڕەهەندە سیاسی و وجودییەکەیەوە پیشان دەدات. شیعری ئەو ئاوێنەیەکی میتاژیانە، ئەو ژیانەمان پیشان دەدات کە دەکەوێتە دوای ژیان و سەرووژیانەوە. هەڵبەت مێژووی کورد لەم دیدگایەوە، هیچ نییە جگە لە خۆبەرگریکردن لەپێناوی مانەوە لەئەودیوی ژیانەوە.
یەکێک لە شاتەکنیکەکانی مانەوەی ئێمە لە بوون دا بریتی بووە لە زمان، ڕێکەوت نییە کە شێرکۆ ئەم شاتەکنیکەی هەڵبژاردووە کە لە فۆرمی جۆراوجۆردا، وەک هونەرێکی فرەدوورایی بە شێوەیەکی ئەکرۆباتیکی بەکاری هێناوە. چونکە ئەو دەرکی بەوەکردووە کە زمان ماڵی بوونە. زمان نیشتمانی نەتەوە بێنیشتمانەکانە. زمانی دایک بریتییە لە دایکی نەتەوە. ئەوەی شێرکۆ لەزمانی دایک شارەزایی هەبوو، هیچ نووسەر و شاعیرێک لە ئاستیدا نەبوو. لێرەدا پاول سیلانی شاعیرم دێتەوە بیر،کە شارەزایەکی زۆری زمانی ئەڵمانی بووە، گادامیر دەگێڕێتەوە: هایدێگەر پێی گوتم، سیلان لە من زیاتر شارەزای ڕووەک و ئاژەڵەکانی دارستانی ڕەشە. شێرکۆش لەهەموو گوندی و شارییەک زیاتر شارەزای زمانی ئەو ژینگانە بوو. ئەمە جگەلەوەی خۆی ئەفرێنەرێکی بێوێنەی دەستەواژە و وشەگەلێکی زۆری تایبەت بوو بە خۆی. ئەو خولقێنەری زمانێکی یونیڤێرسالی بوو، سەلماندیشی کە زمانی کوردی ماڵێکی ئۆنتۆلۆژی و بیۆلۆژی کوردییە. شیرکۆ شیعری کوردی لەڕووی زمان و ئەندێشەوە لەڕیشە سەلەفییەکانی هەڵکێشاوبەرەو زەمینی مۆدێرنەی برد.
تا ئێستاش کایەی ڕۆشنبیری کوردی هیچ پێنووس و هیچ مەرەکەبێک شک نابات، لەئاستی شێرکۆ دا بنووسێت. شێرکۆ وەک تەنیایەکی تاقانە لەسەر لووتکەی نووسینی پەخشانی کوردی، وەک بەرزەمنێک، بەخۆیی و پارادۆکسەکانییەوە، بەخۆیی و شەڕی دووانە لێکدژەکانیەوە، بەخۆیی و دەنگ و لەنجەکانی خوێندنەوەی دەقەکانیەوە، بەخۆیی و ڕۆحە گەردوونیەکەیەوە، لەسەر ئەو لووتکەیەدا دەشنێتەوە.
ئەگەر سۆکرات و دیۆگینیس فەلسەفەیان کردبێتە هونەری ژیان، ئەوا شێرکۆ شیعری کردە هونەری بەرگریکردن لە ژیان و لە بوون. شێرکۆ ئەو ئیمونۆلۆگەیە، ئەو بەرگریکارە هەمەکییەیە، کە بەبەکارهێنانی زمان لەو ئاستە فراوان و پەتییەیدا، هونەری بەرگریکردنی ڕەمزییانەی لەدژی پلانی قڕکردنی فیزیکییانەی کورد داهێنا. ئەو دەرمانسازێک بوو، زامەکان و دەردەکانی ژیانی بە گیراوەیەکی زمانەوانی چارەسەر دەکرد. ئەو باش بەوەی دەئاوزا، کە زمان بریتییە لە سیستەمێکی ئیمونی ڕەمزی و دەتوانێت بەر بە پەلامارە کۆنکرێتییەکان بگرێت. لێرەوە شیعرنووسین لای ئەو بریتی بوو لە جۆرە مەشقێکی زمانەوانی، کە لێوەی ژیان لە کوژانەوە و سڕینەوە ڕزگاردەکات و ژیان دەبات بۆ سەرووژیان. دەروازەی شێرکۆش بۆ چوونە ناو ژیانێک لەودیوی ئەم ژیانە کوژراوەوە، بریتییە لەو شیعرانەی کە بەزمانی دایکێکی هەمەکی هۆنیبوونیەوە، کەبریتی بوو لە زمانێکی تایبەت بەخۆی و لە هەموو شێوەزارەکوردییەکانەوە خواستبووی. لێرەوەیە جیهانبینی شێرکۆ گەڕان بوو بەدوای ئۆبیەکتی گەورەتردا. بۆیە ئەو ڕەنگە تاکە شاعیری هەموو ئەدەبیاتی کوردی بێت، کە پرسی ئۆنتۆلۆژی کردووە، ئیدیالێکی گەورەی بۆ خەیاڵدان و ئیرادەی سیاسیمان داڕشتووە.
شێرکۆ بێکەس، لای من، وەستای دروستکردنی شەرابێک بوو، لەترێی خانی و لە ترێی حاجی قادر ولە ترێی ڕەزی نالی گوشیویەتی. لەبەرئەوە شەرابی ئەو تامی هەموو ترێکانی تێدایە و تا بشمێنێتەوە خۆشتر و بەهادارتر دەبێت.
ئەو جووتیار نییە، وەرزێر نییە تەنیا بڕوێنێت و بچێنێت و دروێنە بکاتەوە. ئەو کەسێکی پیشەوەری وجودییە، هێشووی ڕەزە مێژووییە هەمیشەییەکان دەڕنێتەوە و شەرابی لێ دروست دەکات. ئەو مەیگێڕیش نییە بادە شیعرییەکانی بە لایەنە بەدمەستەکان بفرۆشێتەوە، ئەو خودی شەرابسازەکەیە کە بۆ نۆشی گشت لایەک دروستیکردووە. شێرکۆ بێکەس لەپاڵ قووڵترین زامی وجودییانەی ژیانی تایبەتی خۆیدا کە بەمەرگی زووی باوکی و دواتر شوکردنەوەی دایکی ئازارمەند دەبێت، کەچی هیچ کڕووزانەوەیەکی لێ نابیستین وەک کێشەیەکی تایبەتی، بەڵکو ئەم میحنەتەی ئاوێتەی کۆستێکی گەورەتر کردووە، کە تراژیدیای نەبوونی کیانی سەربەخۆی کوردە. لێرەوەیە، چەواشەبوونە گەر لای شێرکۆ بەدوای کوشتنی باوک دا بگەڕێین. بەپێچەوانەوە گەڕانێکی نەپساو لای ئەو هەیە بۆ دۆزینەوەی باوک. ئەو یەکەمین و دواهەمین کوڕی ئەو باوکەیە کە بۆ بەرگریکردن لەدایکبوو، نەک بۆ کوشتن، دواهەمین و یەکەمین کوڕی ئەو دایکەیە، کە دایکێکی گەورەتری دەویست. ڕستەیەکی نیتچە هەیە لە زەردەشت ئاوای گووت دا هاتووە، کتومت شێرکۆ دەپێکێت: تۆ دەبێت جەستەیەکی باڵا بئافرێنیت، یەکەمین جووڵە، چەرخێک کە لەخۆیەوە بتلێتەوە.
لای شێرکۆ باوک کانیاوێکە لێوەی ئاو هەڵدەگۆزێت و ئاودێری باخی ژیانی نەتەوەیەکی بێڕابەری پێ دەدات. شێرکۆ گرێی ئۆدیبی نییە بۆ باوک کوشتن، وەک چۆن ڕقی کافکاشی نییە لە باوک، بەڵکو ئەو وەک مۆزارت باوک دۆست بوو، وەک سارتەر کە بەبێ باوک گەورەبوو، وەک نیتچە کە لەنێو دایک و خوشکیدا بێ باوک گەورە بوو، وەک سلۆتەردایک کە بەبێ باوک گەورەبوو، ئەویش باوکی خۆشدەوێت و چ گرێیەکی دەروونی هەڵنەگرتبوو. جیهانبینی شێرکۆ چۆڵە لە گرێی باوک کوشتن. پۆست شێرکۆییەکان هۆشیارییەکی لەم جۆرە شک نابەن، بە پێچەوانەوە، ئەوان بە سێدارەی باوک کوشتنەوە هۆشیاری خۆیان هەڵواسیوە.
شێرکۆ بێکەس شیعر لەنێو زەمەنێکدا دەنووسێت کە ڕابوردووی مێژووییانە و ئاسۆی ئایندەی نەتەوە بەرجەستە دەکات، ئەو لەزەمەن و مێژووییەکی بەرجەستەوە هەڵقووڵاوە، بەڵام لە ئەودیوزەمەنەوە ڕوودەدات، شیعری ئەو ڕوودانێکی میتامێژووییە. ئەو شیعری لە شوێنێکدا نووسیوە کە لە هیچ ئەتڵەسێکی سیاسیدا جوگرافیاناسێک نەینەخشاندووە، کەچی ئەو تۆپۆگرافیایەکی ئەو دەربەندەی وەها بە شیعر و داستان و ڕۆمانەشیعر نووسیوەتەوە، کاتێک تەماشای گۆی زەوی دەکەین، دەبینین هەموو ئەو نەخشانە بەبێ نەخشەی وڵاتەکەی ئەو ناتەواون و بۆشاییەکی گەورە چۆڵکراوە، کە هی خاکەکەی ئەوە. کارەسات لای ئەو پارچەپارچەبوونی نیشتمانێکە، لە بنەڕەتەوە ئەو نیشتمانە بە یەکگرتوویی نەبینراوە. خودایە،،، ئەمە چ جینیالۆجیایەکە شێرکۆ ئیشی پێ دەکات؟
لەچاوی مندا مەسەلەکە پەیوەستە بەو تێڕوانینە کەینونییەوە، کە لای ئەو بوون بریتییە لەنێوـــ نیشتمانی ــ خۆتداــ بوون.
لێرەوەیە شێرکۆ هەرگیز تاک نەبووە، بەڵکو ئەو هەم خۆی بووە، هەم نەتەوە بووە، هەم خاک و نیشتمان بووە. بەمپێیە پێموایە ئەو بە بەردەوامی هەڵگری دوو جۆر یادەوەری ئۆنتۆلۆژی بووە، جۆری یەکەم: یادەوەری تاک، کە بریتییە لە ئەوتۆبیۆگرافیا درێژە ئازاراوییەکەی خۆی. جۆری دووەم: یادەوەری کۆ، کەبریتییە لە تەواوی مێژووی ستەمکاری و داگیرکاری دوژمنەکان و بەرگریکاری کورد لە دازاینی خۆی. لەم دوو یادەوەرییەوەیە کە شێرکۆ بوویەکی باڵای لێ دەردەچێت و بەشێوەیەکی ماتەریالییانە شیرکۆ دەکەنە (( بەرزە من))ی کورد.
لێرەوەیە پێویستە ئێمە هەموومان لەدواجاردا، شێرکۆیی، زۆرشێرکۆیی بین.
تێبینی:
ئەم نووسینە لە ئێوارەکۆڕێکدا، کە ڕێکخراوی(( بوون ))لە شاری بەرلین، بەبۆنەی مەرگی شاعیر شێرکۆ بێکەسەوە، سازیکردبوو، لەگەڵ چەند بەشداربوویەکی تردا، لەڕێکەوتی 09/08/2013 خوێندرایەوە.