سەڵاح بایەزیدی؛ قەڵەمی وەرگێڕ وەک قەڵەمی نووسەر ئازاد و ڕەھا نییە

Loading

 

قەڵەمی وەرگێڕ وەک قەڵەمی نووسەر ئازاد و ڕەھا نییە، بەڵکوو کۆمەڵێک سنوور و چوارچێوەی دیاریکراوی ھەیە.

(سەڵاح بایەزیدی) یەکێکە لە وەرگێرە ناسراو و دیارەکانی ئەم ساڵانەی دوایی ناو دونیای وەرگێڕانی کوردی و خاوەنی چەندین کتێبی وەرگێڕدراوە لە زمانی فارسییەوە بۆ کوردی، تایبەت بە پرۆسەی وەرگێڕان و تایبەتمەندیەکانی ئەم دیدارەمان لەگەڵ سازدا.

(بارگاس یۆسا) دەڵێت “وەرگێڕەکان شکست خواردووەکانی ناو دونیای ئەدەبن.” واتە ئەوانەی نەیانتوانیوە ببنە ئەدیبی باش ڕوویان کردۆتە وەرگێڕان و بوونەتە وەرگێڕی باش، ئەم بۆچوونە بە بڕوای تۆ تا چەند ڕاستە؟ تۆ بۆ دەستتکرد بە وەرگێڕان؟

 

نامۆ ـ ئەلبێر کامۆ، وەرگێڕانی: سەڵاح بایەزیدی
نامۆ ـ ئەلبێر کامۆ، وەرگێڕانی: سەڵاح بایەزیدی

سەڵاح بایەزیدی: بە ڕای من وەرگێڕان تا ڕادەیەک کۆسپە لە بەردەم ئەوەی ببیتە ئەدیبێکی باش، چونکە ئیتر ناتوانی وەکوو پێویست کات بۆ نووسینی خۆت تەرخان بکەی. لە نووسیندا تووشی وەسوەسەت دەکا، چونکە ئیدی بە ھەر دەقێک ڕازی نابی. یان دەنا ڕێگر دەبێ لە بەردەم ئەوەی ستایلێکی نووسینی تایبەت بە خۆت بدۆزیتەوە. ئەگەر وەرگێڕان بوو بە خولیا، بەردەوام ھەست دەکەی کاری وەرگێڕانت زۆرە و دەکرێ بیرۆکەکانی خۆت وەلاوە بنێی و دواتر کاریان لە سەر بکەی. ھەتا لە وەرگێڕاندا پڕکارتر بیت، لە نووسیندا تەوەزەلتر دەبی. ئەو کاتەی کە بۆ وەرگێڕان تەرخان دەکرێ، ئەگەر بێت و بۆ دەقێکی خۆت تەرخان بکرێ، بێگومان چەندەش لە سەرەتادا لاواز بێ، بە پێی ئەزموون دەگۆڕدرێ و شتێکی پوختی لێ دەردەچێ. محەممەدی قازی و ئیبراھیمی یۆنسی لەو دوو وەرگێڕە پڕکارە بە ڕەچەڵەک کوردانەن کە خزمەتی ئەدەبیی فارسییان کردووە و سەلماندوویانە کە دەکرا ئەدیبی باش بن. محەممەدی قازی بە ڕۆمانی “زارا” و “بیرەوەرییەکانی وەرگێڕێک” و ئیبراھیم یۆنسیش بە چەند ڕۆمانێک وەک “دادا شیرین” و “نزا بۆ ئارمێن”. لە لایەکی ترەوە، وەک چۆن کاری وەرگێڕان ڕەنگە زەبر لە نووسین و داھێنان بدا، ئەوەندەش ئەدیب بوون بۆی ھەیە زیانی بۆ وەرگێڕان ھەبێ. لەوانەیە ئەدیبێکی باش وەرگێڕێکی باش نەبێ. ستایل و سەلیقەی خۆی بە سەر دەقە وەرگێڕدراوەکەدا بسەپێنێ. بوودلێر شاعیر و نووسەرێکی بەناوبانگی فەرەنسییە، ھاوکات لە ئینگلیزیشەوە کاری وەرگێڕانی کردووە، لەوانە “قەلەڕەش”ەکەی ئێدگار ئالێن پۆی کردۆتە فەرەنسی، بەڵام بە ڕای زۆربەی ڕەخنەگران وەرگێڕانێکی بوودلێریانەیە، ئەوەندەی لە دەقەکەدا بوودلیر دەبینرێ، ئێدگار ئالێن پۆ نابینرێ. لە کوردیشدا نموونەی وامان ھەیە، وەرگێڕانی شیعرەکانی خەییام لە لایەن مامۆستا ھەژارەوە، وەرگێڕانێکی ھەژارانەیە. ئەوەندەی ھەژار دەبینرێ خەییام نابینرێ.
سەبارەت بە بەشی دووەمی پرسیارەکەشت دەبێ بڵێم ئەو حەزە گەورەیەی بۆ خوێندنەوەی ڕۆمان و ئەدەبی جیھانی ھەمبوو خولیای وەرگێڕانی لە مندا بەدی ھێنا. یەکەم بەرھەمی چاپکراوم وەرگێڕانی کورتە چیرۆکێکی تەنز بوو لە زمانی فارسییەوە کە کاتی خۆی لە گۆڤاری “سروە”دا بڵاو بۆوە. دواتر بە شێوەی جۆراوجۆر درێژەم بە کاری وەرگێڕان دا و لە ماوەی پانزە ساڵی ڕابردوو، لە ھیچ ھەلومەرجێکدا وازم لێ نەھێناوە و لێی پاشگەز نەبوومەتەوە.

ھەمیشە دەوترێت وەرگێڕان نووسینەوەی دەقێکی نوێیە لە لایەن کەسی وەرگێڕەوە، ئێوە چۆن لەمە دەڕوانن؟ پێتان وایە وەرگێڕان دەتوانێت ڕۆحی زیندووی تێکستەکان بگوازێتەوە؟

 

سەڵاح بایەزیدی: وەرگێڕان نووسینەوەی دەقێکی نوێ نییە، بەڵام ھیچی لە نووسین کەمتر نییە، بۆیەش وەرگێڕ دەبێ لە ھەمان کاتدا نووسەر بێ. بەڵام قەڵەمی وەرگێڕ وەک ھی نووسەر قەڵەمێکی ئازاد و ڕەھا نییە، کۆمەڵێک سنوور و چوارچێوەی دیاریکراوی ھەیە. لێرەدا، وەرگێڕ دەتوانێ بەرگێکی نوێ بە باڵای دەقدا ببڕێ. بۆ نموونە ئەگەر ڕۆمانێکی وەرگێڕدراوت خوێندەوە و ھەستت کرد کەسایەتییەکانی ناو ڕۆمانەکە جلی کوردیان لەبەر دایە یان فەزای گوند و شوێنێکی نیشتیمانی خۆت لە مێشکتدا وێنا بوو یان دەنا ھەست بکەی کەسەکان بە کوردی قسە دەکەن، ئەوە بزانە ڕۆحی زیندووی تێکستەکە گوازراوەتەوە.

شازادە چکۆلە ـ ئەنتوان دۆسات، وەرگێڕانی: سەڵاح بایەزیدی
شازادە چکۆلە ـ ئەنتوان دۆسات، وەرگێڕانی: سەڵاح بایەزیدی

ئێستا لە کوردستان پڕۆسەی وەرگێڕان لە زمانی دووەم و سێیەمەوە دەکرێت، پێتان وایە ئەم جۆرە وەرگێڕانە، وەرگێڕانی زیندوو بێت، ئایا تا چەند دەقەکە جوانیی خۆی دەپارێزێت لەم جۆرە وەرگێڕانانەدا؟
سەڵاح بایەزیدی: پەیوەندیی بەوەوە ھەیە ئەو زمانی دووەم و سێیەمە کام زمانن. ئەگەر ئەم زمانە دووھەمە زمانێکی ئەوروپی بێت، بە ڕای من گۆڕانکارییەکی زۆر گەورە ڕوو نادا، زۆر بە دڵنیاییەوە دەتوانی پشت بە وەرگێڕانێکی ئینگلیزی ببەستی کە لە ھەنگاری یان یۆنانییەوە کراوە، یان وەرگێڕانێکی فەرەنسی کە لە پورتوگالی و ئیسپانییەوە کراوە، چونکە گۆڕانکاریی بە سەر وشەکاندا نایە، ستروکتوری دەق ناگۆڕدرێ. ھەڵبەت دیسان ئەگەر لە زمانی یەکەمەوە بێ باشترە، بەڵام ھەندێک زمان ھەن، لەوانەیە لە ھەموو نەتەوەی کورددا یەک دوو ئەدیب ئاشنای نەبێ، بۆیە بە ناچاری لە زمانی دووەمەوە دەبێ وەربگێڕدرێن. ئەو پاشاگەردانییەی لەمەڕ وەرگێڕان لە لای خۆمان و جیرانەکانمان ھەیە، لێرە نییە یان کێشەکان لەو ڕووەوە بە ڕادەیەک چارەسەر کراون کە ئیتر نابینی باسی لێوە بکرێ. بەڵام بۆ زمانی فارسی وا نییە کە سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ وەرگێڕە کوردەکان. ناتوانی متمانە بە ھەر وەرگێڕێکی فارس بکەیت. فەوزایەکی گەورە لە وەرگێڕانی فارسیدا ھەیە. ئیتر وای لێ ھاتووە ھیچ سنوورێکی ئەخلاقی ناناسێ. من ڕۆمانێکی وەرگێڕدراوی فارسیم خوێندەوە وەرگێڕەکەی وشەی ”بەراز”ی لە نێو کتێبەکەدا کردبوو بە ئاژەڵ، ئاژەڵەکان. لە زۆر جێدا، پێش ئەوەی وەزارەتی ڕۆشنبیریی ئێران کارەکانیان سانسۆڕ بکا، بۆ خۆیان سانسۆڕی دەکەن بۆ ئەوەی بەرھەمە وەرگێڕدراوەکانیان بڵاو ببێتەوە. ئەمە تەنیا نموونەیەکی بچووکە لە سانسۆڕێک کە وەرگێڕ بە سەریدا سەپاوە یان دڵخوازانە کردوویەتی و زۆریش بێمانایە. ئیتر بمێنێتەوە ئەوەی دەقەکان دەفارسێندرێن، ئیدیۆم و دەستەواژەکان دەگۆڕدرێن. ھەست دەکەم لە نێوان زمانی فارسی و عەڕەبیدا پتر دەتوانی پشت بە زمانی عەڕەبی ببەستی و ڕەنگە ئەگەر ھەر ناچار بی وەرگێڕانێکی دەستی دوو و سێ بکەی، لە عەڕەبییەوە بێت کەموکوڕی کەمتر بێ.

ئەو بنەما سەرەکییانە چین کە دەبێت لە کەسی وەرگێڕدا ھەبن، ئایا زانینی زمانێک بەتەنھا دەتوانێ وا لە مرۆڤ بکات توانای وەرگێڕانی تێکستەکانی ھەبێت، وەرگێڕان پیشەیە یان زانستە یان ھونەرە؟
سەڵاح بایەزیدی: وەرگێڕان لە کوردستان ھێشتا نەبۆتە پیشە یان زانست و زیاتر ھونەر یان خولیا و حەزێکی تاکەکەسییە. پیشە نییە چونکە دەتوانم بڵێم ھەموو وەرگێڕێکی کورد لە پەراوێزی ژیانی ڕۆژانەدا کاری وەرگێڕان دەکا، بۆ بژیوی ژیان ناچارە پەنا بۆ کاری تر ببات و وەختی پشوو و حەسانەوەی بۆ وەرگێڕان دابنێ، وەرگێڕانی کوردی لە پەراوێز و بە ماندوویی دەکرێ و لەوانەیە ئەوەش بە نۆرەی خۆی کاریگەریی لە سەر کوالیتی وەرگێڕان ھەبێ. نەبۆتە زانستیش چونکە کۆڕ و ناوەندی تایبەت بە وەرگێڕان دروست نەبوون و وەرگێڕی کورد بە ھەوڵی خۆی، خۆی پێدەگەیەنێ و دەرچووی زانکۆ یان ناوەندێکی تایبەت بە وەرگێڕان نییە. دواتر بەرھەمی وەرگێڕدراویش، نە بە باش نە بە خراپ قسەی لەسەر ناکرێ و ھەڵناسەنگێنرێ.
سەبارەت بە وەرگێڕانێکی باش و سەرکەوتوویش، بە بۆچوونی من زانین و شارەزابوون بەسەر زمانی دەسپێک و زمانی مەبەستدا مەرجە، بەڵام بە تەنیا بەس نییە. وەرگێڕ دەبێ لەو بوارەدا ئاگادار بێ کە کاری لە سەر دەکا. دیارە ئەمڕۆکە ئەنتەرنێت لەچاو ڕابردوو دەرفەتێکی زیاتری بۆ وەرگێڕەکان ڕەخساندووە و لە ھەندێک ڕووەوە ئاسانکاری بۆ کردوون. بۆ نموونە وەرگێڕێک زۆر بە سانایی دەتوانێ سەبارەت بە فەرھەنگ و نەریتی ناوچەیەک یان سەبارەت بە ناو، شوێن، کەسەکان و زۆر شتی تر زانیاری بەدەست بێنێ. ھەڵبەت ئەمە لە پێشخستنی توانا و دەسەڵاتی وەرگێڕدا بەو شێوەیە دەور نابینێ و تەنیا دەتوانێ کێشە تەکنیکییەکانی چارەسەر بکا.

ژیان لەگەڵ چەترەکەمدا ـ ڕۆمەن گاری، وەرگێڕانی: سەڵاح بایەزیدی
ژیان لەگەڵ چەترەکەمدا ـ ڕۆمەن گاری، وەرگێڕانی: سەڵاح بایەزیدی

وەرگێڕان دەتوانێت چ ڕۆڵێک لە بەرەوپێشەوەبردنی کتێبخانەی کوردیدا بگێڕێت؟ بۆ ھەوڵ نەدراوە وەرگێڕانی پێچەوانە بکەن، واتە بەرھەمە کوردییەکان وەربگێڕنە سەر زمانە بیانییەکان، پێتان وا نییە لە ئێستادا ئەوە پێداویستییەکی گەورەیە؟

سەڵاح بایەزیدی: وەرگێڕان ڕەفە بەتاڵەکانی کتێبخانەی کوردی دادەگرێ و ڕەفەی نوێی پێوە زیاد دەکا، نەتەوەیەک چەندەش خاوەنی کتێب و نووسەر بێ، دیسان پێویستی بە وەرگێڕانە. خاڵی سەرنج ڕاکێش ئەوەیە ئەو نەتەوانەی خاوەنی زۆرترین کتێب و دەوڵەمەندترین زمانن، زیاتر لەوانی دیکە گرنگی بە وەرگێڕان دەدەن و لەو بوارەوە چالاکترن. کتێبی وەرگێڕدراویان لە ھی نووسراو پترە. وەرگێڕان، دەتوانێ بە ھانای کتێبخانەی کوردییەوە بێ، دەوڵەمەندی بکا و ڕەنگ و بۆی پێ ببەخشێ. دەتوانێ لە داھێنان و نوێگەریدا ڕۆڵێکی بەرچاو بگێڕێ.
لە وەرگێڕانی پێچەوانەدا، بە پێچەوانەی وەرگێڕان بە زمانی کوردی ھەوڵ و خولیای وەرگێڕ بە تەنیا بەس نییە، ھەندێک فاکتەری دیکە دێنە گۆڕێ: ھەڵبژاردنی دەق، دۆزینەوەی وەشانخانە، تیڕاژ و ڕێژەی خوێنەران. زۆر شت کە ڕەنگە لە وەرگێڕانی دەقێکدا بە کوردی بیری لێ نەکرێتەوە. ئەوەی ڕاستی بێ من خۆم تاقیم نەکردۆتەوە تا بزانم کەند و کۆسپەکانی بەردەمی چین.

ئەو دۆخەی ئێستا وەرگێڕانی پیادا تێپەڕ دەبێت لە ھەرێمی کوردستان چۆن دەبینن، پێتان وایە زۆر و بۆریی لە وەرگێڕاندا ھەیە، کێ بەرپرسیارە لەو دۆخە و چی بکرێت بۆ باشتربوونی؟

 

سەڵاح بایەزیدی: وەرگێڕان ھەتا زۆر بێ باشترە، ئەوەی لە کوردستان دەکرێ، زۆر نییە، ھێشتا بە سەدان شاکاری کلاسیک ھەن بۆ سەر زمانی کوردی وەرنەگێڕدراون، ڕەنگە بۆ خۆمان پێمان وابێ زۆرە چونکە درەنگ دەستمان پێ کردووە. بەڵام بۆربوون لە وەرگێڕاندا بەدی دەکرێ، پاشاگەردانییەک ھەیە و بە پلەی یەکەم دەزگاکانی چاپ و پەخش لێی بەرپرسیارن. ئەو دەزگایانە دەبێ ھەموو وەرگێڕانێک بڵاو نەکەنەوە و لیژنەیەک بۆ ھەڵسەنگاندنی ئەو کتێبانە پێک بێنن کە بە نیازن بڵاویان بکەنەوە و لە بڕیارداندا ھەستیارتر بن. بە تایبەت گرنگی بە زمانی کوردی بدەن کە یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی وەرگێڕانی کوردی.

 

بەشێک لە ژیاننامە:
سەڵاح بایەزیدی ساڵی ١٩٨٢ لە شاری مەھاباد لەدایک بووم. لەوێ تا دیپلۆمم خوێندەوە و ساڵی ١٩٩٩ لەبەر ھۆکارگەلی سیاسیی ڕۆژھەڵاتی کوردستانم بەجێ ھێشتووە و ڕووم کردۆتە باشووری کوردستان. چەند ساڵێک لە شاری سلێمانی ژیاوم و لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە لە سویسرا دەژیم. لە زانکۆی نۆشاتێل ساڵیک زمان و ئەدەبی فەرەنسیم خوێندووە و ئێستاش لە شاری نۆشاتێل نیشتەجێم. تا ئێستا زیاتر لە دە کتێبم بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕاوە و بە ھۆی شارەزاییم لە زمانی فەرەنسی و تورکیدا پتر گرنگیم بە ئەدەبیاتی فەرەنسا و تورکیا داوە.

 

 

سازدانی: شاخەوان سدیق

 

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.