سیاسەت وەک تەختی زۆران، ڕووبەرێک بۆ نمایشی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان

Loading

زۆربەمان بەو پێناسە باوە ئاشناین کە پێی وایە سیاسەت درێژکراوەی جەنگە، بەڵام بە شێوازی تر. سیاسەت جەنگە، بەڵام بە گوللـە و بارود نا، بەڵکو بە وشە و ئایدیا، بە تاکتیک و پلان، بە گۆڕینی توندتیژی لە فەزای جەستەییەوە بۆ کایەی زەینی، بۆ ململانێی بەرژەوەندی و دەستکەوتەکان. سیاسەت خۆبەخۆ هەڵگری زەبروزەنگێکی سیمبولی ئەوتۆیە کە لە فۆرمێکی قبوڵکراوی تەحەمولی مرۆڤدا بۆ خودی زەبروزەنگ خۆی دەردەخات کە پتر ململانێیە. بەڵام ململانێکان ڕاستەقینەن، بەتەنها هەندێک ڕووداوی تێپەڕ و سانا نین کە هەر وا زوو بتوانین لەسەریان ڕێبکەوین یا دیسان کەللەڕەقانە، لەسەر یەکاڵانەبوونەوەیان دەستبدەینەوە چەک. ئەوەی ناهێڵێت سیاسەت کورتبکرێتەوە بۆ دەستدانە چەک و پەلاماردانی فیزیکی، گواستنەوەی ململانێیە لە ڕووبەری جەستەییەوە بۆ ڕووبەری زەینی، له‌ باره‌گا‌ و گرد و ته‌پۆلكه‌ی سه‌ربازیه‌وه‌ بۆ مێزی گفتوگۆ و دیالۆگ و دواجاریش پێکهاتن لەسەر بەرنامەیەک بۆ پێکەوەکارکردن، پێکەوەژیان و ڕیفۆرمکردن.

ڕۆڵان بارت
ڕۆڵان بارت

گەر سەرنجێکی دونیای دوای لەدایکبوونی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی (بەتایبەتی گۆڕان) لە باشوری کوردستاندا بدەین، ده‌بینین هێزە دەسەڵاتدارەکانی هه‌رێمی كوردستان (یەکێتی و پارتی) بەردەوام جەختیان لەوە کردۆتەوە کە گوایە سیاسەت لە کوردستاندا گەشەی کردووە و بەرەو فۆرمێکی شارستانی لە ململانێ ڕۆیشتووە. بە وتەی زۆرێک لە بەرپرسانیش (دیارترینیان بەرهەم ساڵح و نێچیر بارزانی) سیاسەت لە دوای ڕێکەوتننامەی ستراتیژی (نێوان یەکێتی و پارتی) ەوە مۆتەکەی جەنگی ناوخۆی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ڕەواندۆتەوە، كه‌ ئه‌مه‌یش بۆته‌ جۆرێک لە مارکە و کاڵای ڕیتۆریکی سوواو و کەس تاقەتی نیە بیکڕێت. دیاره‌ باشترین بەڵگەی ئه‌وان بۆ نەمانی توندوتیژی و جێگیربوونی ململانێ بریتی بوو لە لەدایکبوونی هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی ملیۆنی (بزووتنەوەی گۆڕان) بەبێ کەوتنەوەی ئاگری جەنگ و دەستدانە ئێخەی یەکتری.

بەڕای من ئەم بۆچوونە بۆ بێنرخکردنی قەبارەی ڕاستەقینەی توندوتیژی و سەروەربوونی ململانێی سیاسیانە بە شێوه‌یه‌كی ئاشتیخوازانه‌ و بێ زه‌بروزه‌نگ، نەک هەر هەڵەیە بەڵکو خەڵەتێنەریشە، چونکە هەموو ئەو دیمەنە پڕ لە توندوتیژی و خوێناویانەی ناو کایەی سیاسەت لە باشوری کوردستانمان بیردەباتەوە کە بینیمان و گوزەراندمانن. ڕاستە بەراورد بە کەشوهەوای پڕ لە کەفوکوڵ و کۆڵنجئاسای جەنگی ناوخۆ وا دیارە کە جەنگ نییە، کە پۆلیس و سیخوڕ فەرمانڕەوایەتی ناکەن و کەس لەسەر باوەڕ ناکوژرێت، لێ لە بنەڕەتدا لەبەرئەوە نیە کە ململانێی دیموکراتیانە هەیە، بەڵکو لەبەرئەوەیە کە چەشنێک لە هونەری نواندنی سیاسی هاتۆتە گۆڕێ زۆر لێزانانە توندوتیژیەکە دەگۆڕێت بە نواندنێکی دیموکراسیانە و سەرلێشێوێنەر كه‌ هه‌ندێك جار ته‌نانه‌ت بۆ خودی نمایشکارەکان و بینەرەکانیش شتێكی نامۆ و سه‌یره‌، جۆرێک لە نواندن و نمایش کە دەکرێت هاوشێوەی ئەو شۆ و نمایشی زۆرانبازییە لێی بڕوانین لەسەر تەختی زۆران، کە ڕۆلان بارت لە بەشی یەکەمی کتێبی (میتۆلۆژیاکان)[1] دا بونیاد و فێڵەکانی لێکشیتاڵدەکات.

دەستنیشانکردنی ئاماژە و خاسیەتە سەرەکیەکانی گەمەی ململانێی سیاسی لەبەر ڕۆشنایی تێزەکەی بارتدا بۆ زۆرانبازی، دەتوانێت ئەو لێڵیەمان بۆ بڕەوێنێتەوە کە دەربارەی چەمکی ململانێ و لەئارادا نەبوونی جەنگ، لە واقیعی ئەزموونەکەدا لە ئارادایە.ارت زۆر بە وردیی و هەناسەیەکی درێژەوە لەسەر خەسڵەتەکانی زۆرانبازی وەک نمایشێکی دەروونهەژێن و وروژێنەری جەماوەر و بینەران، دەوەستێت. بە بۆچوونی ئەو، دەکرێت کۆپێکهاتەی ئەو نمایشانەی لەسەر تەختی زۆران نیشاندەدرێن لە چەند تایبەتمەندێتیەکدا کورتبکرێنەوە کە ئەوانیش بریتین لە:

 

  1. ململانێی هەڵبەستراو: مەبەست لە ململانێی ساختە ئەوەیە کە هەر لەسەرەتاوە بینەران دەزانن ئەوەی لە گۆڕێیە جەنگێکی ڕاستەقینە نییە، کەس کەسی تێدا ناکوژێت و کەس کەس نابڕێتەوە، هێندەی هەیە نمایشێکە دەکرێت و ئەرکی بینەر چێژبینین و خرۆشانە پێی.

 

  1. توندوتیژی ساختە: هەموو بینەرانی زۆرانەکە دەزانن لێدانەکان، شەقازلە و مستەکۆڵە و پێ لەقەکان ئازاربەخش نین بۆ جەستەی لێدراوەکە، گازگرتنەکان سووکن و پێست ناقڵیشێنن، بۆکسەکان دەم پڕناکەن لە خوێن و شەقەکان کە بەر ورگ و کەللەکە دەکەون، هەناسە لەبەر زۆرانبازەکە نابڕن.

 

  1. زیادەڕەویی لە جوڵەدا: زۆرانبازی بۆ ئەوەی فێڵ و تەلیسمەکانی خەڵاتاندنەکانی لەبەر چاوی بینەردا زۆر سادە نەبن، دەبێت جۆرێک دینامیک و زیادەڕەویی لە جموجۆڵدا وەک دەربڕین لە بوونی کاردانەوە، لە بوونی پەلاماردان و بەرنگاربوونەوە، نیشانبدەن. بە بەردەوامی پیشانی بدەن کە ئەم ململانێیە درێژە دەکێشێت و تەواو نەبووە، تا کاتی زیاتر ببەخشنە تەماشاکەر بۆ جێژبینین و خرۆشان و کەفوکوڵ و هەڵچوونی دەروونی، هەربۆیە کەس چاوی لە پاشکەوتەی لێدان و یەکتربەگیرهێنانەکان لە پنتێکی دیاریکراوی تەختەکە وەک خاڵی یەکاڵاکەرەوەی ململانێکە نیە.

 

  1. بێنرخی و گرنگنەبوونی ئەنجام: لەبەرئەوەی پێشوەخت تەماشاچی دەزانێت هاتووە بۆ سەیری زیادەڕەویکردن لە نیشاندانی ئەوپەڕی توندوتیژی دەستکردی دوو زۆرانباز بەرامبەر بەیەک، هەربۆیە دەرەنجامەکەی بۆ گرنگ نیە: دەرەنجامە چاوەڕوانکراوەکەی هەر بینەرێک لە ململانێیەک (لە کاتێکدا کە بەڕای بارت لە یاری جۆدۆ و بۆکسێندا ئامانجەکە بەو شێوەیە نیە)…بەمانایەکی دی، لە زۆرانبازیدا گرنگ ئەوە نیە کە باوەرمان بە خودی ململانێکەیە، گرنگ ئەوەیە چی دەبینین. بینەر چاوەرێی ئەنجام نیە بەڵکو گرنگ بینینی هەندێک هەڵچوون و خۆگیڤکردنەوە، خۆجیڕکردنەوە، پەنجەراوەشاندن و سنگدەرپەراندنە بەبێ ئەوەی ئەنجامە ڕاشناڵەکەی ململانێکە نرخێکی ئەوتۆی بۆ ژیانی تەماشاکارەکان هەبێت. ئەمە جگە لەوەی خودی کات لە نمایشەکەدا پچڕپچڕە، ئەو کاتەی هەستدەکەین تەواو بووە و دەستی براوە بەرزکراوەتەوە، دیسانەوە لە دەرەوەی تەختی زۆرانەوە ڕوداوێکی تر هەڵدەبەسترێت تا دۆڕاو بێتەوە ناوەوە و دەستبکاتەوە بە هێرش. جیاوازیەک لە نێوان کات و شوێنیشدا بەمان ترادسیۆنالیەکەی نامێنێت.

 

  1. مازۆشیزم و شەرم نەکردن لەوەی کە لێدراو بیت: زۆرانبازی بەگیرهێنراو شەرم لە فرمێسکەکانی ناکات، بەڵکو جۆرێک لە شانازی بە برینەکانیەوە دەکات. لاواز خەجاڵەت نیە لەوەی کە ئازارێکی زۆری پێ گەیشتووە و لاچاوی شینبۆتەوە، ئەوەی کە تەماشاکاران ببینین وەک پاڵەوانێکی ناو ستەیج و تەختی زۆرانی ڕۆمانی لەگەڵ ڕکابەر و زۆرانبازێکی زێدە دڕندە و تۆقێنەردا لە جەنگدایە کە لە هەموو لایەکەوە لێی دەدات و دایدەگرێتەوە، کە مستەکۆڵە دوای مستەکۆڵە ناو دەمی سوێر دەکات، خوێن لە دەمی دەهێنێت، لوتی دەشکێنێت و بە بۆکسەکانی بەرچاوی تاریک دەکات و پێویستی بەوەیە پزیشک فریای بکەوێت، یا ئەو چرکەساتە یەکاڵاکەرەوەی کە لە ژێر ڕەحمەتی دوا لێدانی ئەودایە و تەماشاکەرەکان بۆی دەپاڕێنەوە. واتە جەختکردنێکی تەواو هەیە لەسەر دوو ڕکابەری دڕندە کە یەکێکیان زۆر سادیستانە ئەوی تریان دەخاتە ژێرەوە بێئەوەی کەسی ژێرخراو شەرم لە مازۆشیبوونی ململانێکەی بکات کە زۆرانە.

 

هەموو ئەو بەرچاوڕوونیەی سەرەوە لە دەستنیشانکردنی خاڵە سەرەکیەکانی سروشتی نمایشی زۆراندا بۆ تێگەیشتن بوو لە ناوەرۆکی تێزەکەی بارت دەربارەی ئەو جۆرە لە ململانێ یا جەنگ کە بە نمایشکردنی توندوتیژی یان ململانێی ساختە ناوی دەبات، جۆرێک لە نمایشی توندوتیژی و ململانێی دەستکرد و بێ دەرەنجام کە لە ژیانی سیاسی ئێمەدا زیاتر خۆی دەنوێنێت و دەردەکەوێت، لەکاتێکدا پێمان وایە بەڕاستی ململانێیەکی ڕادیکاڵ و یەکلاییکەرەوە لە گۆڕێیە و بە ئامانج و ئەنجامێک دەگات.

ئایا ئێمە لەدوای دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنەوە چارەنوسی ململانێکان چۆن دەبینین؟ ئەی پاڵەوانەکانی ئەو ململانێیە چۆن دەرکەوتن؟

لەبەرئەوەی هەر لەبنەڕەتەوە پێمان وایە کە ململانێیەکی قوڵ و یەکاڵاکەرەوە لە گۆڕێ نیە و ئەوەی هەیە نمایشکردنی توندوتیژیەکە لەسەر مۆدێلی زۆرانبازی بەمانا بارتیەکەی، هەربۆیە ناتوانین هیچ هەنگاوێک بۆ بەدەستهێنانی دەرەنجام و ئەنجامێکی خوازراو ببڕین. سروشتی ئەو کەشە نمایشیە لە ئەزموونی باشوردا زۆر ڕوون نیشانەکانی دیارن کە دەکرێت نمونەی واقیعی و مێژووییان بۆ بهێنینەوە.

چونکە باوەڕ بە بوونی ململانێیەکی یەکاڵاکەرەوە لە نێوان لایەنەکاندا نیە و هەموویان پتر وەک هاوشێوە و تەواوکەری ئەو سترەکتوری گەندەڵیە دەبینرێن کە خانەبەخانەی جەستەی کۆمەڵگەکەی داڕزاندووە (دیارە کەم نین ئەو دەنگانەی کە پێیان وایە ئەمەی کە دەگوزەرێت، دەستی خۆیانی تێدایە. واتە لەبەردەم تیڤیدا چەقۆ لەیەک تیژدەکەنەوە و ئێواران لە مەیخانەکاندا پێکەوە شەراب دەنۆشن)، جۆرێک لە بێنرخبوونی دەرەنجامی ململانێکان و یەکاڵانەبوونەوەیان دەبینین. ئێمە دەبینین لەبەرئەوەی لە بنەڕەتەوە (جا با نائاگایەنیش بێت) باوەڕێک هەیە بەوەی کە ئەمە ململانێیەکی هەڵبەستراوە، توندوتیژیەکی ساختەیە و نمایشی نێوان چەند زۆرانبازێکە کە چاک لە فێڵی پشتدانە زەوی یەکتری شارەزابوون، واتە شارەزان لەوەی چۆن لە یەکتری بدەن بەبێ ئەوەی لەیەکتری بدەن، هەربۆیە دەرەنجامیش گرنگ نیە، چونکە خودی ململانێکە ململانێ نیە.

ئێمە دەبینین تا ١٠ ساڵی تر تیڤیەک ( KNN بۆ نمونە) هاواربکات و نیشانمان بدات کە ڕۆژانە چۆن بە تەنکەر نەوت بەشێوەیەکی قاچا‌غ دەفرۆشرێت کار لە کەس ناکات، هەتا ئێوارە (لڤین پرێس) بە ڤیدیۆ نیشانمان بدات چۆن کوڕە بەرپرسێک هاوڵاتیەک دەکوژێت، کەس ڕاناچڵەکێنێت، کچێکی وەک دونیا لەتوپەتدەکرێت، کەچی بکوژەکەی بەلاغی شەرەف دەخوێنێتەوە و داڵدەدەرێت و دەستخۆشیشی لێ دەکرێت.

لەسەر ئاستی گوتار و میدیا، هەموو ئەو بەرنامە بێتامانەی خۆگیڤکردنەوە و هەڕەشەکردن لەیەکتری، هەموو ئەو دیبەیتانەی کە پتر بۆ چاوسورکردنەوە و بێئابڕوکردنی یەکدیین (بەرنامەی کەوانە یا گفتوگۆکانی سەر NRTTV بۆ نمونە)، پێمان دەڵێن کە لە چ دۆخێکی نمایشکاری و ڕیاکاری ململانێکردندا دەژین، لە زۆرانبازیەکدا کە هەردوو لایەنی گفتوگۆ یەکتری بە هەمان درۆی هەڵبەستراو تاوانبار دەکەن، هەربۆیە زۆر سانا دەبینین بە هەمان لۆجیکی جموجۆڵکردن و زیادەڕەویکردن لە جوڵە کە میتافۆرەکەی بریتیە لە هەڕەشە و پەنجەڕاوەشاندن و خێسەکردن لە یەکتری، دەیانەوێت پێمان بڵێن کە بەڕاستی مەسەلەیەکی زۆر هەستیار و گەرموگوڕ لە گۆڕێیە و لە دینامیکی خستنەڕووی ڕاستیەکان و بەڵگەهێنانەوەکاندا ململانێکە یەکاڵا دەبێتەوە، بەڵام نەک هیچ دەرەنجامێک نادەن بە دەستەوە، نەک لە کۆتاییدا بە هیچمان ناگەیەنن، دوای ماوەیەکی تر هەمان دوو زۆرانباز لەسەر تەختێکی تری زۆران (تیڤی یان پرۆگرامێکی تر) دەبینیت هەمان چەشن و شێوە نمایش و ململانێی ساختە دووبارە دەکەنەوە.

وەستان لەسەر میدیا و تیڤیەکان لەو ئاستەدا گرنگە کە ئەو بەشەی زۆرانبازیەکەی ڕاگرتووە وەک کۆڵەکە کە گوایە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ململانێیەک هەیە لە ترۆپکی جموجۆڵ و بەریەککەوتندایە، بەڵگەیش ئەو هەموو دیدار و گفتوگۆ و ئاڕاستە و کەوانە و مێزگرد و (لەگەڵ ڕەنج) انەیە کە سەرمان ناپەرژێتە سەر دیمەنەکانیان و گەرموگوڕیی کێبەرکێکانی ناویان.

بەشێکی تری نمایشەکانی توندوتیژی ساختە و زۆرانبازی ئەو چێژە مازۆشیەیە بۆ خۆنیشاندان وەک لێدراو و ئازارپێگەیەندراو کە لەلایەن چەندین توێژی جیاوازەوە بینیمان، توێژی نوسەران و ڕۆژنامەنوسان (دەموچاوی ئاوساوی نەبەز گۆران و ڕێبین هەردی، سەرشکاندنی ئاسۆس هەردی و هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی ئەحمەد میرە بۆ نمونە)، توێژی سەربازی و پلەدار و دیپلۆماته‌كان (دارکاریکردنی پێشمەرگە ناڕازیەکانی گۆران لەناو یەکێتیدا) کە بە تۆمەتی ساختەکاری و سیخوڕیی هێنرانە سەر تیڤی. لێدان لە پەرلەمانتارانی وەک سەردار عەبدوڵا و عەلی حەمەساڵح، نمایشی سوتاندن و تەقەکردن لە تیڤی و بارەگاکان.. هتد (دیاره‌ لێره‌دا مه‌به‌ستمان نیه‌ باس له‌ ڕه‌هه‌نده‌ جێنده‌ریه‌كانی نمایشی بەردبارانکردنی دوعا وهوهاکێشان لە کچانی تەنورە لەپێ و توانج و پلارلێدانیان بكه‌ین)، هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن کە یان ئەمانە نمایش بوون، یان دەربڕی ململانێیەک نەبوون كه‌ ده‌بێت یه‌كاڵابێته‌وه‌ و سنوورێكی هه‌بێت، لانیكه‌م مافی خوراو وه‌ربگیرێته‌وه‌، ئەگەرنا چۆن نەبوونەتە مایەی دۆخێک کە ئیدی سنووریان بۆ دابنرێت و نەهێڵرێت دووبارە ببنەوە. ئایا ئەو کارەکتەرە لێدراوانە، ئه‌و جه‌سته‌ سوككراوانه‌ و ئەو بارەگا و تیڤیە سوتێنراوانە لە نمایشی مازۆشیانەی زۆرانباز له‌لایه‌ك و قەبەکردنی لایەنەکەی دیکەی زۆرانەکە و هۆڤاندنی له‌لایه‌كی تره‌وه‌، زیاتر تێپه‌ڕیوه‌؟ ئایا نه‌بوونی ئه‌و هه‌موو دڕنده‌یی و سادیزمه‌ به‌ ماته‌ریاڵێك بۆ سه‌روه‌ركردنی یاسا و لێپرسینه‌وه‌ له‌ بكه‌ره‌كانی مانای ئه‌وه‌ نیه‌ کە ته‌نها نمایشی توندوتیژیەکی ساختەن و دوای تەواوبوونی ماوەی شۆ و نمایشەکە، ئیدی لەبیرده‌کرێن و بیرده‌چنەوە؟

لەسەر ئاستی سیاسییش، کێشەی سەرەکی لەم نمایشی زۆرانبازیەدا، لەم توندوتیژیە هەڵبەستراوە و لەم برینە خۆشەویستەدا ئەوەیە کە ئۆپۆزسیۆنیش هەستدەکات ململانێی کردووە، هەست دەکات ئامانجی بردنەوە و دەستکەوتی زیاتر بووە بۆ ئێمەی بێکەس و ڕه‌شوڕووت و مافخوراو، لەکاتێکدا دەردەکەوێت کە پاش ئاشتبوونەوە خێراکانی و بەشداریکردنی لەگەڵ ڕکابەرە زۆرانبازەکانیدا بۆ دروستکردنی کوالیسیۆن و یەک لیستی و بەرەی یەکگرتوو، وەک هەمان ئەو هێزانەی دی و لەناو هەمان بازنەی توندوتیژییدا، لەسەر هەمان تەختی زۆران بەس نمایشی کردووە و بۆ ته‌نها ساتێكیش ئازاری پێنه‌گه‌یشتووه‌. ئەگەر وا نیە و لەسەرەتاوە نمایش نەبووە، گەر توندوتیژیەکی ساختە و نواندنێکی سینەماییانەی ئاکتێکی پاڵه‌وانان_قوربانیانە نەبووە، چۆن وا ئاسان دەتوانێت لەسەر هەمان تەختی زۆران و شانبەشانی هەمان زۆرانبازیباز کە بۆ ماوەیەک لەژێر زەبری چەپۆکەکانیدا دەتلایەوە و فرمێسکەکانی نیشان دەداین، چۆن دەتوانێت دەست لەدەستی هەمان چەپۆکوەشێن بەڵێن بە زۆران لەگەڵ زۆرانبازێکی دیکەی ڕکابەردا بدات کە هەمان دۆخی توندوتیژی دەژی؟

بێگومان دوو بۆچوون هەن بۆ سروشتی ململانێ لە کولتوری سیاسی ئێمەدا، یەکەمیان پێی وایە سەرچاوەکە لەبنەڕەتدا لایەنە سیاسیەکان (حیزبەکان) ن کە بە جەوهەری خۆیان دڕندە و هاوکاتیش هێزی ناڕه‌سه‌ن و ساختەن. دووەمیشیان پێی وایە کە نەخێر ئەوە جەماوەر (کۆمەڵگە) یە کە دڕندەیە و حەزی بەم ساختەگەراییە لە ململانێ و خوێنڕێژی هەیە وەک نمایشێک بۆ کاتبەسەربردن.

ئایا کێشەکە لێرەدا زۆرانبازەکانن یان بینەرانی زۆرانبازیەکە؟ ئایا گرفتەکە حیزبەکانن یان جەماوەری حیزبەکان؟

ئایا ئەوەی کە لەو چەند ساڵەی دوای سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆنە ڕوویدا ململانێ بوو یان توندوتیژی ساخته‌، ماكیاژ و برینی ده‌ستكرد بوو یان خوێنبه‌ربوون و هه‌لاهه‌لابوونێكی ڕاسته‌قینه‌؟ ئایا ئەوەی کە چەشتمان ئازار و ئەشکەنجە بوو یان بە تەنها گەمەیەک بوو، هەندێک ئاکت و ڕەفتاری توندوتیژ و پڕ زەبروزەنگی دەستکرد بوو کە زۆرانبازەکان نمایشیان کرد تا سەرمایەی خۆیانی پێ پێکەوە بنێن، هەربۆیە ئێمەیش وەک بینەران و جەماوەری توندوتیژی/ململانێکە، هەر زوو بیرمان دەچنەوە؟

 

 

[1] Roland Barthes: MYTHOLOGIES, Selected and translated from the French by ANNETTE LAVERS. THE NOONDAY PRESS – NEW YORK, 1957, p. 15-26.