سڵۆتردایک: ئەگەر نیۆلیبرالیزم مەمکی لە چیمەنتۆ بوایە، ئەوا لە (هایدی کلوم) دەچوو

Loading

  • ڕۆحی سەردەم لە مڕۆدا سەوزە و لە منیشدا هەر ئەوە کار دەکات.*
  • سەدەی بیست٠ ئەلدۆرادۆی کۆمەڵکوژییە.*

                   سلۆتردایک

دیداری (ڕۆژنامەی بازلەر) سویسری لەگەڵ فەیلەسوفی ئەڵمانی (پیتەر سڵۆتردایک)

 

بازلەر تسایتونگ (ڕۆژنامەی بازل): بەڕێز سلۆتەردایک، ئێوە لە دوو ڕۆژی تردا بۆ وتووێژێک دێن بۆ بێرن  BERN. ڕەنگە ئەو پرسیارەتان لێ بکەن: ئایا فەلسەفە چی دەوێت و چی پێ دەکرێت؟

 

سلۆتردایک: فەلسەفە لەمڕۆدا بووەتە دیسیپلینێکی خامۆش. لەکاتێکدا لەسەدەی ١٩ و لە نیوەی یەکەمی سەدەی ٢٠دا مێژوویەکی بێهاوتای پڕ سەرکەوتنی خۆی ژیاند لە پێکهاتنی سیستەمی ئیدیالیزمی ئەڵمانی دا، وە لەو ڕەوتانەی تردا کە بەدوایدا هاتن، هەروەها لە شیکاری پسیکۆلۆگیدا، کە دەتوانرێت ئەمەش وەکو فەلسەفەیەکی خۆگۆڕاو تەماشابکرێت.

 

بازلەر: کەواتە ئەوانە سەردەمە گەورەکانی فەلسەفە بوون؟

سلۆتردایک: لە سەدەی ١٩ و لە نیوەی یەکەمی سەدەی ٢٠ دا فەلسەفە دەسەڵات و هێزێکی جیهانی بوو، بەتایبەتی لە پەیکەرە زۆڵەکەی فرۆیدیۆ- مارکسیزم دا، کاتێک ئەم دوو سیستەمە گەورەیەی وەهم خرانە پاڵ یەک. بۆ دواجار فەلسەفە لە نەوەی ٦٨ دا هاوینێکی گەورەی خۆی ژیاندەوە. ئیتر تێۆری بریتی بوو لە جۆرێک لە خێرایی کە ئەم نەوەیەی بەرەو گەشتکردن دەبرد، بەڵام لەمڕۆدا شتەکە تەواو جیاوازدەردەکەوێت.

بازلەر :   واتە چۆن؟

سلۆتردایک: فەلسەفە پەراوێز خراوە. ئاپۆرەکان ئەمڕۆ چیتر باوەڕیان بە هێزی تیۆری نییە کەجیهان بجوڵێنێتەوە. بەڵکو ئەوان سوێند بە دەسەڵاتی پارە و ئینفۆرماسیۆن و داتا زلەکان و ئەو جۆرە شتانە دەخۆن. ئەمڕۆ تیۆری سەربە بواری داتا بچووکەکانە Small Data.

پرسیار. بەڵام ئێوە خۆتان کتێبی فەلسەفی دەنووسن. لەوانەیە ئێوەش ئەوەتان نەکردایە، ئەگەر بتانزانیایە کەوا فەلسەفە مردووە.

سلۆتردایک: بەلای منەوە فەلسەفە هەر لەسەرەتاوە بریتی بووە لە ڕەگەزێکی ئەدەبی، فۆرمێکی تایبەتمەندی پەخشان. لای من زۆر بەسەرهات و داستان هەن، کە هیچیان لە ٥٠٠ لاپەڕە کەمتر نین. خۆئەگەر قەبارەی بچووکترم پەسەند بکردایە، ئەوا لەماوەی ئەو ٣٠ ساڵەی ڕابوردوودا لەبری ئەو ٤٠ کتێبەم دوو هێندەم بڵاودەکردەوە.

پرسیار: تەنانەت کتێبە تازەکەتان<< منداڵە ترسناکەکانی مۆدێرنە>> کە ٥٠٠ لاپەڕەیە، بۆمن کتێبێکی ڕەشبینە.

سلۆتردایک: من دەستەواژەی <<ڕەشبینی>> پەسەند ناکەم. لەبەرئەوەی لەناو ئیشەکەی مندا هیچ تیۆرییەکی داڕزان و داڕووخان و دێکادێنس بە مانای وشەییانەی ئەو دەستەواژەیە بوونی نییە. بەڵکو ئەوە کتێبێکی زۆر ڕیالیستییە کە وەسفی کۆبەندی گرفتێک دەکات کە تا ئێستا لە هیچ جێگەیەکی تردا بەم فۆرمە هێشتا وەرنەگیراوە. تێزەبنەڕەتییەکەشی کەوتۆتە ناو ناونیشانەکەیەوە، کە پێیوایە تەواوی جیهانی مۆدێرنە لە مەسەلە سەرەکییەکەیدا بەرجەستەی ئەزموون و تاقیکردنەوەیەکی ئەنتی جینیالۆجی دەکات.

 پرسیار: یەکێک لەڕستە سەرەکییەکانی بریتییەلە:<< کۆن دەسەڵاتی خۆی بزر دەکات>>. هەمووان دەبێت بەبەردەوامی شتی نوێ بدۆزنەوە و چیتر کەس ناخوازێت لەناو نەریتی کۆندا بژی.

سلۆتردایک: من تەواو دڵنیا نیم، داخۆ ئەم پێناسەیەم تەواو دروست بێت. کاتێک ئێمە چاو بە دنیادا دەگێڕین، دوو شت دەبینین کە پێکەوە ناگونجێن: یەکەمیان بریتییە لە دابڕانێکی بەردەوام لە ترادیسیۆن، واتە بازدانێکی ئەنارشییانەی لاوان بەسەر میراتییەکاندا، بەڵام لەهەمانکاتدا ئەو هێزە نەریتییانەش دەبینین، کە مرۆڤ لەسەر ڕێچکەکەی خۆی ڕادەگرن.

پرسیار: ئایا میراتی یەک و بۆماوەیەکی لەوجۆرە چین؟

سلۆتردایک: دەسەڵاتە سەرەکییەکانی کۆنزێرڤاتیزمی کلاسیکی تاوەکو سەدەی ١٩ گرێدراوی شێوەژیانی لادێ بوون. ئەمڕۆ لە ئەڵمانیادا تەنیا نزیکەی لەسەدا دووی دانیشتوان لە لادێکاندا دەژین. واتە، هێزە جەوهەرییە ڕاستەقینەکەی کۆنزێرڤاتیزم، کە خەڵکی گوندەکان بوون، لەڕووی دێمۆگرافییەوە بەتەواوی ون بووە. لێرەوە نزیکەی هەموو جیهان گوازراوەتەوە بەرەو دۆخی مۆدێرنە. لە شارە گەورەکاندا نزیکەی لەسەدا ٦٠ ی دانیشتوانەکەی بە زگورتی و بەسەڵتی لە خانووی تاکەکەسیدا دەژین. بنەماڵە پڕ و تەواوەکان ئەمڕۆ مایەی سەرسامی هەموو لایەکن و لە داهاتوودا دەبنە مایەی لێکۆڵینەوەی ئامرازی گەلناسی. لەگەڵ ئەوەشدا خێزان هەر وەکو ئیدیالێکی کۆمەڵایەتی دەمێنێتەوە.

پرسیار:. لەم کتێبەتاندا ئامۆژگاری چۆنێتی ڕەفتارکردن کەمە، بەرامبەر بە کتێبەکەی ترتان<< تۆ دەبێت ژیانت بگۆڕیت>>. ئایا لە کۆمەڵگای مۆدێرنەدا ئەو شتە چییە کە خوار دەڕوات؟

سلۆتردایک: هەموو شتێک. من ئێستا خەریکی نووسینی کتێبێکم بەم ناونیشانە<< چی لەسەدەی ٢٠ دا ڕوویدا؟>>.

سەدەی بیست  دەتوانرێت وەکو ئەلدۆرادۆی کۆمەڵکوژی پێناسە بکرێت.(( ئەلدۆرادۆ لێرەدا میتافەرێکە بۆ سەدەی زێڕین. وەرگێڕ.)) هەڵبەتە دیاگنۆزە سەرەکییەکەی من بریتیە لەوەی جێگۆڕکێ و وەلاخستنێکی زۆر وزەبەلاحی چەوساندنەوە کە ڕوویدابوو. جاران سکاڵا لەوەدەکرا کەوا مرۆڤ مرۆڤ دەچەوسێنێتەوە، ئێستا مرۆڤ سروشتیش دەچەوسێنێتەوە. ئێمە بە ماشینەکان زۆر نەوەی کۆیلەی ماشینەمان خستە دنیاوە، کە ئیشی زۆر ئەنجام دەدەن. هەموو ئەو دۆخە خراپانەی ئەمڕۆ سکاڵای لێ دەکەین، بریتین لە داتاشراوەکانی ئەم جێگۆڕکێ یەی چەوساندنەوە. ئێمە بەشێوەیەکی زێدەڕەوانە زەوی دەچەوسێنینەوە و بەکاری دەهێنین، باری ئەتمۆسفێرمان زۆر گران کردووە، ئێمە لەوەداین کە لەڕووی بیۆلۆگییەوە دەریاکانیش لەناوبەرین. دیارە لیستەیەکی درێژی ئەو شتانە هەن کە کاندیدن بۆ ئەوەی خراپترین شتیان بەسەردا بێت.

سڵۆتێردایک؛ سکاڵا لەوە دەکرا کە وا مرۆڤ مرۆڤ دەچەوسێنێتەوە، ئێستا مرۆڤ سروشتیش دەچەوسێنێتەوە!
سڵۆتێردایک؛ اران سکاڵا لەوە دەکرا کە وا مرۆڤ مرۆڤ دەچەوسێنێتەوە، ئێستا مرۆڤ سروشتیش دەچەوسێنێتەوە!

پرسیار: ئەم دەستنیشانکردنەی ئێوە: چەوساندنەوەی زەوی، شتێکی ناسراوە. کەچی ئەمڕۆ هەمووان لەبارەی درێژەپێدان و درێژخایاندنەوە دەدوێن؟

سڵۆتردایک: دەستەواژەی ( درێژخایاندن) بەر لە چارەکە سەدەیەک هاتۆتە ناو زاراوەکانی ڕاوێژی پیشەسازییەوە و لەوێشەوە دزەیکردۆتە ناو خۆبەرجەستەکردنی کۆمپانیاکانەوە. هەموو کۆمپانیاکانی داکس  DAX ئۆفیسەری درێژخایاندنن دەخەنە کار، هەموویان ئێستا بەم کاتیگۆرییە تازە و مزگێنیهێنەرەوە تێوەگلاون. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە، کە لە هەمان کاتدا پرۆسێسە نادرێژخایاندنەکە زیاتر پەلدەهاوێژێت. لەوکاتەوەی ئێمە قسە لەبارەی زیانەکانی گازەوە قسە دەکەین، ئەوانە خۆیان دوو هێند کردووە.

پرسیار: لەبری ئەوەی ڕەفتار بنوێنن، تەنیا قسەیان کردووە؟

سلۆتردایک: ئەوە هەمیشە وا بووە: هەرکاتێک چەمکێکی نوێ یاخود ئاسۆیەکی نوێی تەماشاکردن دەردەکەوێت، مرۆڤ دەتوانێت دڵنیا بێت لەوەی کەوا خودی شتەکەش خۆی زیاتر گەشە پێدەدات. بەڵام ئێستا تەنیا یەک ناونیشان هەیە کە لێوەی دەشێت ئێمە لەسەر بارودۆخی هەنووکە زانیاری وەربگرین. لەوانەیە خەڵکی لەڕێی هەرەسهێنانەوە ئەوەیان بۆ ڕوونبکرێتەوە، کەوا ئەم فۆرمەی ژیان مەحکومە بە نغرۆبوون، بەرامبەر بەمە هیچ پروپاگەندەیەکی درێژخایاندن ناتوانێت شتێک دابمەزرێنێت.

(دیدارەکە  بەهۆی تەلەفۆنێکەوە کە بۆ سلۆتەردایک هات، بچڕا، کەبەدووایدا سلۆتەردایک گرێیدایەوە بە ناوەڕۆکی باسەکەیەوە و بەردەوام بوو…).

سڵۆتردایک: لەلایەن نەناسراوێکەوە ئۆنلاین بانکینگەکەم  (کاری بانکی ئۆنلاین) هاک کراوە و ترۆیانەکە تەقێنراوەتەوە، بەشێوەیەک کە ئێستاکە من تەواوی سیستەمی کۆمپیوتەرەکەم خاڵی بۆتەوە، دەبێت فێست پلاتەکە سەرلەنوێ فۆرمات بکرێتەوە و کۆنتۆیەکی نوێ دروست بکرێتەوە و پۆلیس تێ بگەیەنرێت. ئەمەش ئەمەش کارێکی تەواو شێتانەیە.

پرسیار: پەلامارێکی زیرەکانەیە بۆسەر تۆ؟

سلۆتردایک: نەخێر. ئەوە ئیشێک بوو کە تەنیا بە وزەیەکی تاوانکاریەوە ئەنجامدرا، لەوانەیە بۆئەوەی ئەو خەڵکە ڕووتبکەنەوە کە ئۆنلاین بانکینگ پێڕەو دەکەن.

 

پرسیار: شتی ئاوەها ئێمە تا پێش چەند ساڵیکی کەمیش لەمەوبەر بە شیاومان دانەدەنا.

سلۆتردایک: من تێناگەم، ئەم هاکەرە ڕۆمانتیکە لە کوێوە دێت؟ وەکو ئەوەی بریتی بێت لە فۆرمێک لە بەرگریکردن یاخود چالاکییەکی قڵپکەرەوە بێت بە شەبەنگ و تیشکدانەوەیەکی شۆڕشگێڕانەوە. من خودی خۆم تەنیا چەند جۆرێکی هاککردن دەناسم، کە سەربە کردەوە تاوانکاریەکانن.

پرسیار: ئایا هاککردن بریتی نییە لە فۆرمێکی بەگژداچوونەوە، هەروەکو ئەوەی لە ١٩٦٨یشدا ئەو شێوانەی بەگژداچوونەوە هەبوون؟

سلۆتردایک: مرۆڤ بەگژی چیدا دەچێتەوە، کاتێک کە هاکی کۆنتۆی تایبەتمەندی خەڵکێکی ئاسایی دەکات، ئایا بۆئەوە نییە کە تەوژمی پارەکە پێچ پێ بکاتەوە بۆ کۆنتۆی تاوانکاران؟ هەرکاتێک ئێمە تاوانکردنمان وەکو ڕۆمانتیک ڕاڤە کرد، ئەوا دەتوانین ئەوەش بە بەگژداچوونەوە ڕاڤە بکەین. وەکوتریش هەروەها هەندێک لە ٦٨  ییەکان کەسی تاوانکاریان وەکو برادووانەکەی کەسی شۆڕشگێڕ دەبینی.

پرسیار: ئێوە خۆتان لەو تەمەنەدا ٦٨ یەکی نموونەیی بوون!

سلۆتردایک: لە ساڵی ١٩٦٨ دا من ٢١ ساڵ بووم، واتە لە تەمەنێکی تەواو گونجاودا بووم بۆئەوەی لەهەموو ئەو وەهمانەدا کەم و زۆر بەجۆشێکەوە بەشداری بکەم. تاکە شتێکیش خۆشبەختانە کە لەمندا بەسەرچوو، بریتی بوو لە تای پراکسیس: واتە، من هیچ کات ئەکتیڤیستێکی سیاسی نەبووم، چونکە من سەربە گرووپەکانی چاکسازیکردنی ژیان بووم، بەهەموو ئەوشتانەی کە هی ئەوسا بوون، وەک: شێوەی تری ئەلتەرناتیڤی ژیان، خۆشەویستی ئازادانە، گەشتی خۆرهەڵاتیی و هەموو ئەو شتانەی هەر لە هێسەوە تاوەکو سالینگەر، وە هەروەها لەگەڵ بیتڵس بە هەڵهاتنە هیندییەکانیانەوە.

 پرسیار:ئایا ئێوە ئەوسا خۆتان بە چەپ نەدەزانی؟

سلۆتردایک: با، ئاماژە گشتییەکانی دۆخەکە چەپانە بوون، بەڵام لە ڕووە مارکسی و لێنینییەکەیدا نا. بەڵکو ئەوسا قسە لەبارەی (چەپێکی چێژگەرا) و (هێدۆنیزمەوە) دەکرا، کە منیش دەچوومە ئەو خانەیەوە.

 پرسیار:  لەسەر << شپیگل ئۆنلاین>> بەپێی کتێبە تازەکەتان وەکو کۆنەپەرست باست لێوە دەکەن؟

سلۆتردایک: ئەوە چەمکێکی تەواو پووچە، لەبەرئەوەی نە پێشکەوتنخوازی لەخۆیدا بریتییە لە بەهایەک و، نە بایەخدان بەپاراستن لە خۆیدا کۆنەپەرستییە. لە دنیادا شتگەلێکی ئەوتۆ هەن، کە دەبێت ئێمە هێشتا بیانپارێزین. بێگومان هێشتا جۆرێک لە زانستێکی بەربادانەی کۆنەپەرستی چەپە کۆنەکان لەئارادایە کە هێشتا جیهان دابەشی پێشکەوتن و دواکەوتن دەکات، بەڵام دیارە ئەمە لە سەدەی ١٩دا کاتیگۆرییەکی هەڵە و تەوەزەلانە بوو. هەڵبەت لەسەدەی ٢١دا چیتر ناخوازێت شتی وا بڵێت.

 پرسیار: ئێوە لە جێیەکدا ئەمەتان گووتووە: چەپەکان هەر بە دانیشتوویی ماونەتەوە و کاتی ژیانیان بەفیڕۆ دەدەن.

 

سلۆتردایک: مایەی دڵتەنگییە، ئەگەر یەکێک ساڵانی ژیانی لە تەمەنی ٢٠ ساڵییەوە بۆ ٧٠ ساڵی، واتە نیو سەدەیەک ژیابێت و فێری ئەوە نەبوو بێت. من پێموا نییە ئێمە ناچار بین بەوەی، بە وەفاداری ئەو شێواوییەی سەردەمی لاوێتی بمێنینەوە.

پرسیار: بەڵام لەسەر یوتیوب دەتوانین ئەوە ببینین، کە چۆن ئێوە بەرنامەیەکی تۆک شۆ بەجێدەهێڵن، بەو پاساوەی چونکە لەوێدا نیولیبرالیزم لەئاهەنگدایە.

سلۆتردایک: دەتوانم ئەوە باش بیهێنمەەوە بیرم. ئەوە تەنیا نیولیبرال نەبوو، بەڵکو من لەسەر مێشک شێواوێکی فاشیستی کلێریکالی/ کاتۆلیکی توڕە بووم، کە وەکو هاودووی من دانرابوو. من نەمویست بە مانەوە و ئامادەبوونەکەم زۆر سەنگێنی بکەم. (خانم هۆیلەر)ی پێشکەشکار چاک دەمارەکانی خۆی ڕاگرت بوو، کاتێک دەیویست هەر درێژە بە گفتوگۆکە بدات و هەروەک ئەوەی هیچ شتێک ڕووی نەدابێت. ئەم خانمە وەکو ئەو تاوە تیڤاڵە وابوو کە چینێکی زیادەی پێوەیە بۆ نەگەیاندن و ڕەنگ نەدانەوەی سووربوونەوەکەی.

 هایدی کلوم مەمکێک لەچیمەنتۆی نیولیبرالیزم !
هایدی کلوم مەمکێک لەچیمەنتۆی نیولیبرالیزم !

پرسیار: سەبارەت بە نیولیبرالیزم، ئێوە ڕستەیەکی جوانتان داهێناوە: (ئەگەر نیولیبرالیزم مەمکی لە چیمەنتۆ بووایە، ئەوا لە هایدی کلوم دەچوو!) ئایا ئەمە پۆزەتیڤە یاخود نێگەتیڤ؟

سلۆتردایک: خوێنەر دەبێت بڕیاربدات، داخۆ ئەوە بە توانجێک دەزانێت یان نا. بەشێوەیەکی گشتی دیاردەی هایدی قەڵسم دەکات. ئەوەی ئەو لەگەڵ ئەو کیژە گەنجانە دەیکات ستەمە، کە دەبێتە مایەی فشارخستەنە سەر تێڕوانینێکی هەڵەی بنەڕەتییانەی ژیان.

*((هایدی کلوم سوپەرستاری بواری فاشیۆن، بەرنامەیەکی لەتەلەفزیۆنی ئەڵمانیدا هەیە کە ساڵانە پێشکەشی دەکات و لێوەی دەگەڕێت بەدووای دۆزینەوەی ئەو کچانەی دەیانەوێت ببنە مۆدێلی ئەو بوارە، بەرنامەکە بە چەند قۆناغێکی سەخت و دژواردا دەڕوات کە فشار و چەوساندنەوەی ئەو کیژانە، بەوەی دەبێت هەموو ست بکەن و هەموو جلێک لەبەر بکەن، وا دەکات میدیای کاپیتالیزم کچانیش بکەنە باشتری کاڵای ئەو بازاڕە. وەرگێڕ.)).

پرسیار: ئێمە لەم ژوورەی ئێوەدا دانیشتووین و بەرامبەرمان ئامێرێکی تەلەفزیۆن هەیە، پێدەچێت تەماشای تەلەڤیزیۆنیش بکەن؟

سلۆتردایك: لەم ماڵەمدا سێ تەلەفزیۆنم هەیە، بەڵام من دایان ناگیرسێنم. بەر لە ماوەیەیش لەمەوبەر تەلەفزیۆنێکی زۆر جوانی ئێچ دییان لەژووی خەوتنمدا بۆ هەڵواسیم، تەنیا بۆ ئەوەی بیسەلمێنم کە من هیچ پێویستییەکم پێی نییە. من شتی ترم زۆر هەیە بیکەم. من نووسینم لاپەسەندتر و لە پێشترە. شەوانە من نامە بە هەموو ئاڕاستەیەکی ئاسمان دا دەنوسم. تێبینی ئەوەشم کردووە، هەر ساتێک تەماشای تەلەفزیۆن بکەم، ئەو شتانە دەبینم کە هیچ بە دڵم نین. لە هەندێک ڕۆژدا تەنیا زبڵ یان هەیە و بەخاشاک و بە شتی هیچ و پووچ دات دەبڕێنێت.

پرسیار: بەڵام ئێوە خۆتان ماوەیەک ئەستێرەی تەلەفزیۆن بوون وەکو هاوپێشکەشکەرێک لەگەڵ ڕودیگەر سافرانسکی لە بەرنامەکەتان دا<< چوارینەی فەلسەفی>> لە کەناڵی زێد دی ئێف ZDF.

سلۆتردایک: ئێمە ئەوەمان وەکو دژەپرۆگرامێک دانابوو، واتە تەلەفزیۆن لەدژی تەلەفزیۆن. ئێمە نەماندەویست بەرنامەیەکی تۆک شۆ لە فۆرماتێکی ئاساییدا بکەیەن، و بەرەنگاری ئەو بۆچوونە دەبووینەوە کە لەلایەن خودی تەلەفزیۆنەوە دەهات، بەوەی کە ئێمە دەبوو زۆرتر هاوار و شەڕ بکەین. شارەزاکان هەمیشە دەیانگووت، تەماشاوانەکان حەزیان لە شتی وەهایە. ئێمە خۆمان چەواشە نەدەکرد، ئێمە بە ڕێز و وریاییەوە ئەرگومێنتمان لەسەر وتەی ئەوانیتر دەدا. ئیتۆسی ئێمە لەوەدابوو، لێگەڕێ بەردەوام هاودووەکەت قسە بکات.

پرسیار: ئەی بەرنامەکە بۆچی لە ٢٠١٢دا ڕاگیرا؟

سلۆتەردایک: ئێمە دەمانویست دوای ئەو دە ساڵ و نیوە هێشتا ساڵێکی تریش درێژەی پێ بدەین، بەس خۆشمان بیرمان لەوازهێنانی کردبۆوە. ئەوەبوو کەناڵەکە پێش ئێمە کەوت.

 پرسیار: ئێوەبە تەنیا ڕەخنەگری تەلەفزیۆن نین، بەڵکو ڕەخنە لە میدیاکانی چاپەمەنیش دەگرن. هەروەها ئەوانیش ڕەخنە لە ئێوە دەگرن، لەبری ئەوەی بایەخ بە تێما ڕاستەقینەکان بدەن، تەنیا ڕادەکەن بەشوێن ڕاوکردنی ئاگاییە نوێکان دا.

سلۆتردایک: بەدڵنیاییەوە وایە. بەدیوەکەی تردا من تیۆرییەکی دروستکەرانەی میدیای جەماوەریم داهێناوە. کۆمەڵگای مۆدێرنە بریتییە لە جەستەیەکی گەورەی سۆسیال، کە توانای کۆبوونەوەی نییە. نەتەوەیەکی بچووکی وەکو سویسری هیچ کاتێک توانای کۆبوونەوەی نییە.

پرسیار: مەگەر ڕوتلی Rütli چیتر بەشی ئەوە ناکات؟

((ڕوتلی چیایەکی سەوزە کەدەروانێت بەسەر دەریاچەی ئورنەردا لە سویسرا، بەپێی ئەفسانەیەک کە بەم ناوەوە هاتووە، کانتۆنەکانی سویسرا لەسەر ئەم چیایە ڕاگەیەنراوە. وەرگێڕ.))

سلۆتردایک: بەڵام سویسرا بەو دیموکراتییە ڕاستەوخۆیەی تاڕادەیەک لەگەڵ بیرۆکەی کۆبوونەوەدا نزیک ماوەتەوە. وەکوتر لەهەموو جێیەکی تردا بیرۆکەی کۆبوونەوە زۆر بەتوندی بووەتە شتێکی ناماتەریالی. دەکرا ئەمەش ڕوو بدات، چونکە کۆمەڵگا مۆدێرنەکان لەڕێی ماشینەی تێماکانی میدیای جەماوەرییەوە بەردەوام سەرلەنوێ ئەنیماسیۆن دەکرێنەوە و هاوکات دەکرێنەوە و ئاوێزە دەکرێنەوە. ئەگەر پێویست بکات مرۆڤ ٨٠ ملیۆن ئەڵمان بەبەردەوامی بووروژێنێت، بۆئەوەی شتێکی وەکو ئەو یەکانگیرییە کۆمەڵایەتییە پەیدا بێت، ئەوا ئەمە شتێکی بچووک نییە. مرۆ دەبێت لەبەر تیشکی یەکێک لەو شیکارانەدا بە بڕێکی پێویست تیۆرییەکی پۆزەتیڤی ئامێزاندنی کۆمەڵایەتی لەڕێی میدیاکانی هوروژاندنەوە دامەزرێنێت.

 پرسیار:لە تۆک شۆیەکدا جارێکیان سکاڵات لەوە دەکرد کە ١١/٩ بۆ ماوەی چەندین هەفتە لە لاپەڕەکانیی پێشەوە دا باس دەکرا، لەکاتێکدا ئێوە پێتان وابوو دەبوو لە لاپەڕەی دوواوە باسکرایە. ئایا ئەمەتان بە هەند بوو یان هەروا گەڕکردنێک بوو؟

سلۆتەردایک: تەواو بە هەند بوو، بەتایبەتیش لەبەر هۆکارێکی زۆر وورد: کۆمەڵگای مۆدێرنە لەبەر پابەندبوونی بە هاوروژاندنەکانیەوە لەڕووی سۆسیال پسیکۆلۆگییەوە بەهەڵە دروست بووە. تا کردارێک قێزەونانەتر بێت، ئەوا بڕی ئەو ئاگاییەی دەدرێت بە ماسمیدیاکان بەرزتر دەبێت. ئەمەش من بە لادانێکی توندی بنەڕەتییانەی سیستەمی مۆدێرنی ئاگایی دادەنێم. لەبەرئەوەیە من دەڵێم: ١١/٩ دەبوو سەربە لاپەڕەی ٨ یان ١٠ وە یاخود ١٢ بووایە و، تاوەکو لە لاپەڕەکانی دواتر بێت، ئەوا باشترە. هەموو ئەوانی تر بریتین لە خۆژەهراویکردن و بەس. خۆئەگەر لەسەر لاپەڕەی ١ دا ئەوەمان نووسی، ئەوا ئێمە پەسنی تاوانەکە دەکەین. شیاوترین شتێک کە ئێمە هەمان بێت، بریتییە لە ئاگایی و هاوسۆزیمان. ناشبێت ئێمە هیچ کام لەم دووانە ببەخشینە خوێڕییە گەورەکان.

پرسیار:: ئایا ئەمەش بەهەمان شێوە بۆ تاوانەکانی دەوڵەتی ئیسلامی ((داعش)) دەست دەدات؟

سلۆتردایک: بەبێ هیچ چەندوچۆنێک. چونکە تیرۆر هیچیتر نییە جگەلە شیکارێکی پیادەکراوی میدیاکان. تیرۆریست باش دەزانێت، یارییەکە چۆن دەڕوات. هەروەکو لای (چارلی ئیبدۆ) وابوو، سێ کەس یەک تاوان ئەنجام دەدەن و دواتر ٦٠ ملیۆن کەس بەم هەواڵە بەوپەڕی ئەمانەتەوە لەیەککاتدا مۆنۆتێماتیک(بەیەک تێما) دەکات و لەڕووی فیکرییەوە چەندین ڕۆژ و هەفتە دەیانکاتە کۆیلەی ڕووداوەکە.

٩٥٠٠٠ ژەندارمە لەئامادەباشیدا بوون بۆ ڕێگرتن تەنیا لە سێ کەس. کەواتە ئەوەی ئەم ناکۆکی و دژیارییە نەبینێت، لە پێکهاتەی میدیایی واقیع هیچ تێنەگەیشتووە.

 

پرسیار: مانای وایە ئێوە لەنێو ئەو خۆپیشاندانە ملیۆنییەی ( من چارلیم) دا نەبوون؟

 

سلۆتردایک: من دەپرسم: ئایا من دەمەویت چەپڵە بۆ خاوەنی ئەو جۆرە تاوانانە لێ بدەم، کاتێک ئاگایی خۆمیان دەدەمێ؟ لەڕاستیدا ئەوە جۆرێکە لە چەپڵە لێدانێک، کە بەزۆر دراوە بەسەر خەڵکی دا، کاتێک کە بەدرێژایی چەند هەفتەیەک کردەوەیەکی قێزەونی ئاوەها لە لاپەڕەکانی یەکەم دا باس دەکرێت.

 

پرسیار: کەواتە ئێوە نەتانویست خۆپیشاندان بکەن؟

 

سلۆتردایک: من ناتوانم زۆر هاوکاری ئەو جۆرە هاووروژاندنانە بم، وەک ئەوەی لە فەرەنسادا دەرکەوت. شتی جوان لەوەدا، ئەوەبوو، کە (کۆمەڵگای هاوڵاتی ) بەئاگاهاتەوە. لەو جۆرە کۆبوونەوەیەدا کە لە پاریس دا لە ١١ی جانیوەری بوو، کەمێک ئەتمۆسفێری ڕوتلی دەبینرا. کەواتە کۆمەڵگا تەنیا گروپێکی ئەبستراکت نییە. بەڵکو بۆ ساتەوەختێک دەبێتە کۆمەڵگایەکی سوێندخۆری. واتە: خەڵکی بە بینینی ڕیالیستانەی یەکتری، ئیتر دەکەونە سوێند خواردن بۆ یەکتری، بەوەی لە ڕۆژگارە باش و خراپەکاندا دەیانەوێت سۆلیدارێتییانە پێکەوە بژین. کۆمەڵگای دیموکراتی دەبێت ناوبەناو ئەوە بگوزەرێنێتەوە، ئەگەر نەیەوێت بەتەواوەتی هەڵخلیسکێتە ناو ئەو پەرەسەندن و پێشهاتانەی کە میدیاکان دروستیان کردووە.

 

پرسیار:: تیرۆریستەکان مەبەستیان لە کاریکاتورەکانی موحەمەد بوو. ئێوە ئەوەتان پێ چۆنە لەگەڵ ئازادی بیروڕای بێسنووردا؟

 

سلۆتردایک: هیچ مافێک نییە بۆ ئەوەی لەو جوێنانە ئازادانە بۆی دەرچیت، بەتایبەتی مافێک نییە بۆ زێدەهەستیاری مرۆڤ. ئەگەر مافێکی وەها هەبووایە، ئەوا ئێمە ململانێیەکی بەدکارانەمان لەنێوان دەستە گروپەکانی ئەو هەستیارانەدا بەرپا دەکرد. ئەوساکە هەر لایەنێکی ئەو جوێن و سەرزەنشتانە داوای ئەو مافەی بۆ خۆی دەکرد، کە لەکەسانی تر هەستیار تر بێت. وەکو تریش دەڵێین: کاتۆلیکەکانی فەرەنسا لە موسڵمانەکان پتر جوێنیان پێدراوە. << چارلی ئیبدۆ>> لەم ٢٠ ساڵەی دوواییدا لەنەریتی ساتیری دژەکاتۆلیکەوە هەفتانە سەرزەنشتی خۆی بەسەر ئەم گروپەدا هەڵڕشتووە و کەچی هێشتا هیچ تاوانێکی کوشتنیان لێ نەوەشاوەتەوە.

 

پرسیار: لەم کتێبەتاندا ( تۆ دەبێت ژیانت بگۆڕیت)  پەتای بەفیڕۆدان بە شتێکی دزێو دەبینن. ئایا ئێوە سەوزن؟

 

سلۆتردایک: بەڵێ، بێگومان. ناتوانین لەوە خۆمان لابدەین. ڕۆحی سەردەم ئەمڕۆ سەوزە و، لەمنیشدا هەرئەوە لەکاردایە. زەحمەتە یەکێک هەبێت سەوز نەبێت، بێجگە لە باڵێکی دڕندانەی نیولیبرالەکان، ئەوانەی کە بەشێوەیەکی سیستەماتیکی نکوڵی لە گۆڕانی کەش و هەوا دەکەن. هەروەک چۆن ڕۆحی سەردەمی سەدەی ١٩ سوور بوو، ئاواش ئەمڕۆ ڕۆحی سەردەم<< تسایتگایست>> سەوزە. ئەوسا پێویستمان بە یاسای کۆمەڵایەتی هەبوو، وە پەرلەمانێتەکان بەشێوەیەکی جەوهەری ئەوەیان پێ هەڵسوڕا. ئەمڕۆش پەرلەمانەکان سەوزن، لەبەرئەوەی چیتر کەس ناتوانێت ڕێ بدات سیاسەت لە دژی ژینگە پیادە بکات.

 

پرسیار: بەوەدا کە ئێوە زۆر پاسکیل لیدەخوڕن، ئیتر دەبنە سەوزێک بەکردەوە؟

سلۆتردایک: ئای بەڵێ، من ساڵی چەند هەزار کیلۆمەترێک پاسکیل لێدەخوڕم. لەو بەینەدا خۆشم وەها ئۆرگانیزە کردووە، کە لەهەموو جێیەکدا، کە ساڵانە سەردانی بکەم، پاسکیلێکم هەیە، وەک لە ڤییەن، کارلسروە، کۆرسیکا، باشوری فەرەنسا. بەبێ پاسکیل ژیان بریتییە هەڵەیەک.

 

 پرسیار: یەکێک لە ڕستەکانی ترتان: << ئەو پاسکیلسوارەی دەگەڕێتەوە ماڵەوە، مرۆڤێکی باشترە>>.

سلۆتەردایک: هەڵبەتە ئەوە یەکێکە لەو زێدەڕەوییانەی کەمن پێی بەدناو بووم. بۆیە لەخۆڕا نییە کە من ئەوئینتەرڤیووانەی کە لەسەرووی ٣٠٠ دانەن لەماوەی ٢٠ ساڵدا لە کتێبێکدا لەژێر ناونیشانی << هەڵبژاردە زێدەڕەوەکان>> دا کۆکردەوە.

پرسیار: تێیدا ئەوەشمان بیردەهێنیتەوە، کەوا تۆ هەرگیز بە بۆینباخەوە نەبینراویت؟

سلۆتردایک: لەژیانمدا یەک جار بۆینباخم بەستووە. ئەویش لەکۆبوونەوەی پرسەیەکی ڕەسمیدا بوو، بۆئەوەی خەسووم دڵی نەڕەنجێت.وەکوتر لەناو دۆڵابی جلەکانمدا ئەم شتە دەرناکەوێت.

 


سەرچاوە: ڕۆژنامەی بازلەر تسایتونگی سویسری ڕۆژی ١٤/٠٣/٢٠١٥