ژیل دولوز، ڕیزۆم، ئۆنتۆلۆژیای ئامرازی بەستنەوەی فرەییە جیاوازەکان
ھاوڕێ لە گەڵ دولوز و گواتاریدا ئێمە لە گەڵ کۆمەڵێک ئاستی جیاواز و نوێی فکر و وێنەی فکرداین. ئێمە وێنەی درەختی یاخود وێنەی “دارئاسای” فکرو ژیان تێکدەشکێنین و تێیدەپەڕێنین. تیۆر و چەمکی ڕیزۆم تەواو دژو پێچەوانەیە بەرانبەر وێنەیەک کە بۆ سەدان سالە باڵی بە سەر فکردا کێشاوە. دارو ڕەگو ڕیشەو لق و پۆپەکانی وێنەی فکربوون، (ڕیزۆم) دێت و زۆر شت تێدەپەڕێنێت، یەک و سەرەتاو ئەسڵ و یەک تێکدەشکێنێت، لە بری ئەمانە : پەیوەندیی و بە یەکگەیشتن و پێکەوە لکێنراویی و پێکەوە بوون و ھیتیرۆژینیتێَ و فرەیی و جۆراوجۆری و ناچوون یەکی و وەکو یەک نەبوون و موڵتیپلیسیتێ ، جۆراو جۆریی و ھەمەجۆریی و فرەیی جیاو جیاوازو وەک یەک نەبوون لە ئاستە ئۆنتۆلۆژییەکەیدا و پاشان لە دەرکەوتە سۆسیوسەکانیشدا.
ئەوەی ھەیە ھێڵەکانە، ھێڵە جیاوازەکان، نەخشەکان و شوێن کەوتنی نەخشەکان لە بری وەستان و ڕاوەستان و چەقبەستن لە سەر پنتێک، گیرسانەوە لە سەر سەرەتایەک، لەسەر کۆتاییەک، لە سەر جیابوونەوەکان، شوێنکەوتنی نەخشەو کارتۆگرافییەکی بێ سەرەتاو بێ کۆتایی، بێ دەستپێک و بێ ئەنجامگیری، ھەمیشەیی نێوەند، دەسپێکردن لە ناوەندەوە.
ھەمیشە لە ناوەند و نێوەندا بوون. لێرەدا لۆژیکی گژوگیاوبوونە ڕیزۆمیەکان لە بری بوون و لۆژیکی دار و درەخت و ڕەگ و ڕیشاڵەکانی. ئێمە لە بەرانبەرە ھەڵگەڕانەوەی وێنەی “دارئاسا” ی بوون و فکرداین. ھەمیشە لە بری شار کۆچەریی و گەڕیدەیی ئۆنتۆلۆژییانەی ئیمانانتیی.
لەناو تەواوی فەزاکاندا لۆژیکی ڕیزۆمی: فەزای سیاسیی، ئابووری، کۆمەڵایەتی…. بوونی ئاسۆیی لە بری بوونی ستوونی…نەخشەیهكی کراوەیە، ئێمە لە بەردەم ھەڵگری تەواوی تواناكانی ھەڵگەڕانەوەو درێژبوونەوەو فراوانبوون و ئاست فراوانیی و ھەڵوەشانەوەو وەرگرتنی گۆڕان و گۆڕانکاری ھەمیشەیی و بەردەوامداین. فرەیی و جیاوازیی، جیابوون. پێکەوەبوون بە جیاوازیی و وەک یەک نەبوون. لە پێشینەییبوون و ئەولەوێتی ئامرازی بەستنەوەی جیاوازەکیان : و ، پاشان، لە پاشان، ئینجا…
ئێمە دەتوانین وێنەی نەخشەیەک لە سەر دیوار بکەین، وەک چۆن دەتوانین وەک کارێکی ھونەریش نیگاركێشی بکەین. وەک ئەکتێکی سیاسیی بینەخشێنین و نیگاری بکەین. لە گەڵ چەمکی (ڕیزۆم) ی دولوزو گواتاریدا؛ ئێمە لە گەڵ ئاوابوون و کۆتایی وێنەی دارئاسای فکرداین. ئێمە تەواو لە گەڵ وێنەیەکی دیکەداین : وێنەی ڕیزۆمی و ڕیزۆماتیکی فکرو ژیان. بۆ دولوز، لۆژیکی دار لۆژیکی تراسێندێتالییە نەک ئیمانانسی، لۆژیکی دەوڵەتە نەک کۆچەریی. لە گەڵ ڕیزۆمدا ئێمە لە گەڵ “ئامرازی بەستنەوەداین نەک “بوون”. ئۆنتۆلۆژیای ڕووداوەکان نەک ئۆنتۆلۆژیای ماھییەت و چییەتی، ئۆنتۆلۆژیای ھێڵەکان لە بری ئۆنتۆلۆژیای پنت و خاڵەکان، لە بری ئۆنتۆلۆژیای سەرەتاو کۆتاییەک ئۆنتۆلۆژیای نێوەند و ناوەنج، ئۆنتۆلۆژیای پەیوەندیی و پەیوەندگیریی.
دولوز لە کتێبی( ھەزار ڕووتەختدا) ڕووتەختێکی تایبەت کردووە بۆ چەمکی ڕیزۆم. دولوز و گواتاری پێشووتر و لە ساڵی ١٩٧٦ بە جیاواز وتاری “ڕیزۆمیان” چاپ و بڵاوکردبووەوە پێش ئەوەی بیکەن بە پێشەکی و ڕووتەختی کتێبی “ھەزار ڕووتەخت”. لەچاپتەری یەکەمی کتێبی “ئەنتی- ئۆدیپ” دا وێنەیەکی یەکەمینمان دەداتێ سەبارەت بەوەی “تۆڕێک” چییە؟، تۆرَێک چییە کە دواتر لە ناو چەمکی “ڕیزۆمدا” خۆی دەنوێنێت و خۆی دەردەخات؟
کارو ئامانجی یەکەمی دولوزو گواتاری فۆرمیولەکردنەوەو شکڵبەندکردنی تیۆرێکی ئارەزووە کە لە سەر چەمکی” ماکینەی ئاروزو” بینا کرابێت. بەشی یەکەمی کتێبی ئەنتی-ئۆدیپ ماکینەکانی ئارەزوون. ئەوان، دولوزو گواتاری دەیانەوێت دەرچن لە تەعریف و تەفسیرو ڕاڤەی “نوقسانی ” و تێیپەڕێنن، نوقسانی و چەمکاندن و تیۆریزەکردنی “نوقسانییە”یەک، کە لە ناو نەریتی فەلسەفەو دەرونشیکاریدا لە ئەفلاتونەوە تا فرۆید کاری لە سەر کراوە، وەک جەوھەرێک بیناکراوە.
یەکێک لە ئیدیا بنچینەییەکانیان ئەوەیە، کە ” نەستە” شانۆیەیەکی نواندن و ڕۆڵگێرانەکان نییە، شانۆیەک نییە کە تێیدا ، لە ناویدا ئۆدیپ و ھاملێت بۆ ھەمیشەو بە بەردەوامی ڕۆڵ بگێڕن بۆ سەرلەنوێ ڕێکخستنەوە داڕشتنەوەی تێکستەکە، بەڵکو نەست کارگەیەکە، سیستەمێکی بەرھەمھێنانە، کە لە سەر بەرھەمھێنانە کۆمەڵایەتییەکان چەق دەبەستێت و ڕادەوەستێت. ئەوان، نەست وەک زنجیرەیەک ماکینەی ئارەزووەکان دەبینین. لە ناو تەعریفی وەزیفییانەی ئەم ماکینانەدایە کە مۆدێلێکی “تۆرئاسا و تۆڕیی” دەردەکەوێت. ماکینەکانی ئارەزو ماکینەی دوانەیین binaire,، بە یاساو ڕێسایی دوویی، بە ڕژیمێکی ھاوبەش و پێکەوەبوو: ھەمیشە و بەردەوام ماکینەیەک دەچێتە ناو ماکینەیەکی ترەوە، ماکینەیەک دەخزێتە ناو ماکینەیەکی ترەوە.
سێنتێزی بەرھەمھێن، سێنتێزی بەرھەمدار، بەرھەمەَینانی بەرھەمھێنان، فۆرمێکی بە یەکگەیشتوو، پێکەوە بەسراو، بە یەکگەیەنراو : ” پاشان”، دواتر”….واتە ھەمیشە ماکینەیەکی بەرھەمھێنان بوونی ھەیە لە قوڵپدان و فیچقەکردنەکاندا، وە ماکینەیەکی دیکە دێت و دەخزێتەوە ناوییەوە، دێتە ناوەوە و پێیدەگات و پەیوەندی پێوە دەکات، بچڕاندنێک سەر پێدەخات، فیچقە دەکات و قوڵپدەدات، قەرەبووی دەکاتەوە” مەمک – دەمی مناڵ”. وەک چۆن یەکەمیان دەگات و پەیوەندی دەکات و کۆنێکت دەبێت بە دەوری خۆی لە گەڵ دانەیەکی تردا وەک بچرَان و تێخزان و ھاتنە ناوەوە.
زنجیرەی دووانەیی ” دوویی” لە ناو ھەموو ئاراستەکاندا پێکەوە لکاون و پێکەوە بەندن. لێرەدا و لە ناو ئەم پێناسەدا ئێمە لە بەرانبەر دوو خاڵ وەستاوین کە بە شێوەیەکی جەوھەری وامان لێدەکات “تۆڕێک ” بناسینەوە لە بەرانبەر، یان لە ڕێگەی ڕەگەزگەلێکی دیکەی چەمکی ڕیزۆمەوە. لێرەدا سەروکار لە گەڵ کۆنێکتیڤبوون و بە یەکگەیشتندا و پەیوەندی و بەستنەوەوی دووانەییداین ئارەزو و قوڵپدان و فیچقەکردن. ماکینەکانی ئارەزو وەزیفەیان ھاتنە ناوەوەو تێخزانە لە ڕێگەی بچڕاندن و دابڕانەوە لە سەر قوڵپدانەکان. کەواتە ماکینەیەک ھەیە کە قوڵپێدان بەرھەمدێنێت، دانەیەکی تر بوونی ھەیە کە قوڵپیدانەکە دەپچڕێت و دایدەبڕێت.
نمونەیە کی وەرگیراو لە لایەن دولوز گواتارییەوە “مەمکی دایکە، کە قوڵپدان و فیچقەکردنی شیر بەرھەم دێنێت، لە گەڵ دەمی زارۆکێک کە دەیپچڕێت. بەڵام ئەم قوڵپدان و فیچقەکردنە ھەمیشە لە لایەن ماکینەیەکی دیکەوە دەچڕێت کە پاشان و دواتر دێت و شوێنی دەکەوێت و ھەمیشە بە دویدا دەنەیەکی تر. ئەم بە یەکگەیشتنە پەیوەندارو پێکەوە لکێنراوە یەکەمین کارێکتێری تۆڕێک دروست دەکەن. پنتێکی تۆڕیی، تۆڕئاسا پەیوەندی بە پنتێکی دیکەوە دەکات و بە یەک دەگەن لە سەر مۆدێکی تەواو دوانەیی و دوویی. لێرەدا ئێمە بە ئاسانی دەتوانین ناو لە تۆڕێک بنێین وەک کۆنێکسیۆن و بە یەکگەیشتن و بەستنەوەیی ھەمیشەیی نەپچڕاو دانەبڕاو لە یەکتر. پەیوەندی دوو پنت و خاڵ. لێرەداو ھەر لە بەر ئەمەیە کە دەبێت بە گرنگییەوە تەماشای ” و، پاشان و دواتر ” ی ئامرازی پێکەوە بەستن و بە دووای یەکدا ھاتن بکەین.
کۆنێکسیۆن و پەیوەندی و بە یەکگەیشتنەکان پێکەولکێنراو و بە دوی یەکدا ھاتوون و ھەموو ئاRاستەکان دەگرنە بەر. بەو پێودانگ و پێوەرەی، کەسیستەمی “بەرھەمھێنانی ئارەزو” لەسەر سیستەمی “بەرھەمھێنانی کۆمەڵایەتی” دەوەستێتەوەو خۆی دەردەخات. ئەو مۆدێلەی کە لە ئەنتی – ئۆدیپدا دەردەکەوێت و دەیبینین دەتوانێت لە لە ناو بازنەی سوڕانەوەی ئاڵوێری شمەک و بازاڕدا خۆی پراوە بکات، لە نەوا فەزی ئابووریدا.لە قوڵپدانی پول و پارەدا خۆی دەرخات و خۆی پراوە بکات.
بەڵام لێرەدا ئێمە سەروکارمان لە گەڵ مۆدێلێکی کەمتریندا ھەیە کە خۆی تەواو دەکات لە بەرانبەر کۆمەڵە پێکھاتەو پێکھاتوویەکی چەمکی ڕیزۆم. چەمکی ڕیزۆم بڕێک دوورە دەستە لەوەی بە پەتی و بە تەواوی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری ، ئێمە ناتوانین چەمکی “تۆڕو رێزۆم” بە تەواوی وەک یەک و یەکتر تەواوکەر ببینین. ئامانجی دولوز و گواتاری وەدەرنان و دوورخستنەوەی کۆمەڵێک مۆدێلی بەرھەمھێنانە وەک ئەوەی لە وێناکردنی کلاسیکیدا بەرانبەر “دارێک” ھەمانە، دار و لق و پۆپەکانی، بۆ ئەوان زیاتر مۆدێلگەلی گژوو گیایی و گژووگیاناسی بوونی ھەیە، لەو شوێنەی کە دارو ڕیزۆم دژ دەکەونەوەو بەرانبەر یەک دەوەستنەوە.
سەرباری ئەوەی کتێبی “ئەنتی-ئۆدیپ” لە لایەکەوە وەستان و ھەڵوەستەکردنە لە سەر پرسە کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابوورییەکان، واتە ئاستە سۆسیوسەکانی ئارەزوو. ڕەگەزی یەکەم و یەکەمین کە ڕیزۆمێک پێک دێنێت : گرنگ نییە لە گەڵ چ پنت و خاڵێکدا پەوەندی دەگرێت و بە یەک دەگەن. ڕیزۆمێک، تۆڕێک سیستەمێکە، کە مومکین و شیاوە لە ھەر پنتێکەوە دەرچێت و پەیوەندی بە یەکگەیشتن لە گەڵ ھەر پنتێکی تردا ببەستێت. ئەمەش لە ڕێگەی فرەیی و مۆڵتیپلیستێی ڕێگاکانەوە، لە ڕێگەی بە یەکگەیشتنە دووانەیی و پێکەوە لکێنراوەکانەوە.لێرەدا ھیچ جیاوازییەک نییە لە نێوان وەسفی رژیمێکی بە یەکگەیشتوو بە یەکگەیەنراوی ماکینەکانی ئارەزو لە گەڵ ڕیزۆمێک.
ڕەگەزی دووەم کە ڕیزۆمێک دیاریدەکات و تایبەتمەندی دەکات پرەنسیپی ” ھیتیرۆژینێتی، جۆراوجۆری و نا جیاوازو نا چون یەک” . ئەو ڕەگەزانەی ڕیزۆمێک پێکدێنن بە ھیچ شێوەیەک ھەمان سروشتیان نییە. ئەوان پێکەوە بە سروشتی جیاوازو فرەییەوە ڕیزۆمێک پێک دێنن. لە ناو چوارچێوەی کایەی ئابوری و ھاتنە ناوەوەی بۆ ناو فەزایەک ، ئەم ڕەگەزانە دەتوانن ببن بە شوێنی بەرھەمھێنان، ببن بە فەزای دابەشکاریی و بەکاربردن، عەمبارکردن و ھەڵگرتن پاراستن.. کارگەکان، بانکەکان، پرۆژە ئابوورییەکان…ڕیزۆمەکان و تۆڕەکان گەیەنراو گەیشتوون بەو ڕەگەزانەی کە وەک ئەوان نین و سروشتی جیاوازیان ھەیە. بەمشێوەیە تۆڕێکی ئابووری بە ناچاری و بە پێویستی گەیەنراوە، پەیوەندە بە ئۆرگان و ڕێکخستنە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانەوە، واتە کۆنێکتە بەو ڕێکخراو ڕێکخستن و دەزگایانەوە کە، سروشتی کۆمەڵایەتی یان سیاسییان ھەیە.
ھێندە بەسە کە دەزگا دەستووریی و قەزاییەکان ببینین کە چۆنچۆنی دەتوانن بێنە ناو وەزیفە ئابوورییەکانەوە، بخزێنە ناو وەزیفە ئابوورییەکانەوە، یاخود چۆن تۆڕێک دەتوانێت لە گەڵ کۆمەڵێک ڕەگەزی دەزگایی و پێکھێنەریی دەوڵەتییدا خۆی کۆنێکت بکات و پەیوەندی ببەستێت. پرەنسیپی ڕیزۆم و بوونی ڕیزۆمی ئەوەی کە ھیچ ڕیزۆمێک لە ڕیزۆمێکی دیکە ناچێت و ھەمان سروشتی نییە. نامۆ بە ھەموو ئیدیایەکی ستاندار و بەڵگە نەویستی ژینیتیکی وەک بونیاد و ستراکتورێکی قوڵ و بێبن.
ئەم پرەنسیپەی رێزۆم لە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆدایە لە گەڵ ھیتیرۆژینێتی و جۆراو جۆری و ناسازیی ووەک یەک نەبوون، ئەمەش وا دەکات بە شَوازو شێوەیەکی ڤێرتوێلی ھەمیشە نا کۆتاو بێپایان بن لە ڕێگەی گۆڕینەوە وە، خۆیان لە موڵتیپلیستێیەکی کۆنکرێتی تۆڕگەلێکدا خۆیان پراوە بکەن و دەرکەون. تۆڕەکان ھەمیشە نا جێگیرو چەقنەبەستوون، ھەمیشە لە ناو ئیمکانی سەرلەنوێ خۆ ڕێکخستنەوەو خۆ فۆرمیولەکردندان بە بەردەوامی. پرەنسیپێکی دیکەی ڕیزۆم، لای دولوزو گواتاری، پرەنسیپی نەخشەسازیی و نەخشەییبوونی ڕیزۆمە، ئەمەش دانەبڕاو جیانەکراوەیە لە جۆراوجۆریی و ناچون یەکیی و وەک یەکنەبوون و فرەیی و ھەمە جۆری. دەربڕین و گوزارشتە لە غیاب و نەبوون و نا ئامادەیی مۆدێلێکی دامەزراو بە چەقکراو چەقبەستوو. واتە یەک مۆدێلی یەکلابووەوەو ساغکراوەو چەسپیومان نییە، ستراکتورێکی چەسپیوو نەگۆڕمان نییە. کارتەکە، نەخشەکە کراوەو واڵایە و لە ناو ھەموو ئاست و ڕەھەندەکانیدا کۆنێکت بووەو، کۆنێکتکراوە، گەیەنراو بە یەکگەیشتووە، پێکەوە بەستراوە، دەگوازرێنەوەو لە ھاتووچۆو گوزەرکردندان، ھەڵدەگەرێنەوەو سروشتێکی ھەڵگێرانەوەیان ھەیە، لە بارو گونجاو و مومکینن بۆ ھەموو بەخۆداچوونەوەو گۆڕانکاری و داڕشتنەوەی جۆراو جۆر.
ئەم ڕەگەزانە ھاوکارو یارمەتیدەرمان دەبن بۆ وەسفکردنی ئەو ” تۆڕەی” کە دەچێتە ناو کایەی ئابووریەوە و وەک بازار دەردەکەوێت، بەڵام بە ھەمانشێوەش لە ناو کایەی گوتارییدایە، دەچێتە ناو جێپێ قایمکردن و خۆ دامەزراندنێکی کۆنکرێتییەوە پێش ئەوەی لە بەارنبەر سنورو تخوبی تۆڕەکاندا وەستابێتەوە. ئەم پرسە بە ھەمانشێوەی تۆڕە لکێنراو بە یەکگەیشتووەکەوە ،لە گەڵ کایەی گوتارییدا بەردەکەوێت. ڕۆڵی تۆڕێکی ئابووری ڕۆڵی سەردەمێکی مێژوویی تایبەت دەگۆڕێت. وەک ئەوەی ” لوک بۆڵتانسکی و ئێڤ شیاپیلۆ لە کتێبی ڕۆحی نوێ کاپیتالیزمدا باسی دەکەن : ” فۆرمیولەبوونی تۆڕەکان ئەو ڕیالیتێ و واقیعە نوێیە نییە، کە چالاکی و جموجۆڵی بازاڕ ھەیبووە لەو سەردەمەی ئادەم سمیس دەوڵەمەندیی نەتەوەکانی نوسیوە، دەوڵمەندیی و گەلەکان، سامانی نەتەوەو گەلەکان.”ی نوسیوە.
ئەوەی کە وایکرد لە پاش جەنگی دووەمی جیھانی بە شێوەیەکی قوڵ و ڕیشەیی و بنچینەیی گۆڕانێکی ھینایە ئاراوە: پەیوەندی نێوان فەزای و پانتایی سیاسەت و کایەی ئابووری بوو. ئەمەش ئەو بەپرسھێنان و لە سەر ڕاوەستانەیە کە ھەردوو فەیلەسوفی سیاسیی دولوزی ” ئەنتۆنیۆ نگری و مایکڵ ھارت لە کتێبی ئیمپراتۆرد”ا سەبارەت بە گرنگی تۆڕ لە ناو بە جیھانیبوون و جیھانگیرییدا دەریان خستووەو پێشانیان داوە. کتێبێکی فەلسەفیی سیاسیی گرنگ و بێھاوتا سەبارەت بە سەرمایەو کاپیتالیزمی نوێ کە بە ئیماناسنتی کار دەکات و ئارەزووکان بەرھەمدێنێتەوە لە ناو ڕیزۆم و تۆڕدا.ئەوەی کە نوێ و تازەیە : بوون و ھەبوونی تۆڕێکی ئابووری نییە، بەڵکو بە یەکداچوون و زەواج و یەکانگیریی و ئاوێزانبوونێتی لە گەڵ فەزاو پانتایی سیاسەتدا.
لەم پنتەدا، ئەوان لە بەرانبەر وەستانیکی قولدان لە گەل کارەکانی میشێل وکۆ بە گشتی و کۆرسی : ” لە دایکبوونی بیۆ دەسەلات” لە کۆلێژ دو فرانس. لە ناو کارەکانی میشێل فوکۆدا سەبارەت بە بیۆدەسڵات ئێمە لە بەرانبەر تۆڕو پێداکوتان و خۆ داکوتانی تۆڕدا وەستاوین لە ناو فەزایەکدا. میشێل فوکۆ ھاوکارێکی زۆر نایابە بۆ شیکردنەوەکانمان سەبارەت بە تۆڕێک. ئێمە لێرەدا لە لە بەرانبەر مۆدیلێکی “بیۆ سیاسیی”داین کە ھاوشان و ھاو سەردەمە بە گەشەو پەرەسەندنەکانی دونیای ئابووری ئێستاو بەرھەمھێنانەوەی ژیان و دوورخستنەوەو لە بیرکردنی مەرگ و مردن و چوونە ناو بەرھەمھێنانی ژیانەوە، فەزای ئابووری لە ناو کاپیتالیزمی نوێدا سەر بە گوتاری بەرھەمھێنانەوەی ژیانە. بە یەکداچوونی دەوڵەت و ئابووری و بازاڕ. لێرەوە کاڵی و کرچی و توانەوەو نەمان و تێپەڕاندنی تخوب و سنوورەکان دەبینین لە نێوان سیاسی و ئابووریدا، بە شێوەیەک لە ناو فەزای سیاسییدا بە شێوەیەکی دامەزراو دەچێتە ناو قەڵەمڕەویی و قەڵەمڕەویی دروستکردنەوە. ھەر لە ناو سیستەمێکی تەداولیی و بڵاوبوونەوەدا میشێل فوکۆ شیکار و شیکردنەوەکانی سەبارەت بە چەمکی بیۆ دەسەڵات و بیۆ سیاسەت سەر ڕێگا دەخات، بە تایبەتر لە دەسگوتاری “ئاسایش، قەڵەمڕەو، دانیشتوان”. بەمشێوەیە ئێمە کایەو فەزایەکی ئابووریمان ھەیە،کەخۆی وەک تۆڕێک بیناکردووە. تۆڕێک ڕێکخستن و ئۆگانیزەکردنی ڕەگەزو شێوازی جیاوازە لە سەر زەویی، کە یەک مۆدی بوون و دەرکەوتنی نییە، کۆمەڵێک سنور ھەن، ئەم م سنورانە سنوری مومکین و مومکیناتن. جگە لە میشێل فوکۆش، لەمبارەوە فەیلەسوفێکی وەک Paul Virilo “پۆل ڤیریلۆ” ھاوکاریکارێکی نایابە.
با لێرەوە لە فەزای ئابوورییەوە بگوێزینەوە بۆ فەزای سیاسیی، بەڵام ئەوەمان لە یاد نەچێت پێکەوە بوونی فەزا و پانتایی و ڕووتەختەکان بە ئیماناست و بە شێوەی تۆڕ پیکەوەن و جیاکردنەوەو بەبەشبوون وسەربەخۆیی لە نێوانیانیاندا نییە، بەڵکو جۆراوجۆریی و فرەیی پێکەوە لکێنراو پێکەوە بەستراو، سەرباری سنورو تخوبە شوێنگەییەکان، بەڵام چەمک تێکدەشکێنرێن و بە یەکدا دەچن.
سەبارەتەبە ڕیزۆم و کارو پرۆسەی ڕیزۆمیی لە ناو سیاسیەتدا. ئێمە لە بەرانبەر ھەردوو کتێبی “ئەنتی ئۆدیپ و ھەزار ڕووتەخت”دا ، لە بەرانبەر دوو کتێبی تەواو فەلسەفەی سیاسییداین بە پلە ئیمتیاز. باسی ئەوەمان کرد کە چەمکی ڕیزۆم ڕیشاڵی پیکەوەبوونی ژێر زەوییی و ژێر خاکە، بە شێوەیەکی ئاسۆیی، پێکەوە بوونی پنتەکان و بە یەکگەیشتن و بەستنەوەو بەستراوەیی پینتەکانە نەک خودی پنتەکان، کۆمەڵێک ڕەگەزی جیاواز بە سروشت و بە وەزیفە، بەڵام لە ناو پەیوەندی تەنگاو تەنگ و لکێنراو جیانەکراوەودا.
چەمکی ڕیزۆم میتافۆر و ھاوشیێوەیی و چون یەکی نییە. ڕیزۆمێک لە ناو “خاکدا، لە ناو زەوییەکدا”، پەیوەندیکردن و پێکەوە بەستنەوەیەکی ھیتیرۆژینییە. ڕیزۆمێک مۆڵتیپلیسیتێیەکە، پێکەوە بوونێکی ڕەگەزەکانە کە بە ھیچ شێوەیەک لە ناو یەکێتی و یەکبوونێکی توانەوەو ونبوونی ڕەگەزەکاندا نیین، لە ناو یەک سێنتێزدا یەک ناگرن. سەرەتاو دەسپێکێک نییە، کۆتاییەک نییە، ئەوەی ھەیە تەنیا “نێوان و بە نێواندا چوون و تێپەڕینە، ھیرارکییەت و زنجیرەبەندییەکی ستوونی نییە، بوونێکی ترانسێندێنتاڵی نیی، بوونێکی دواخراو نییە، ھەموو شتێک بە نێواندا تێدەپەڕێت، ئەوەی گرنگە نێوەندو ناوەنجەکانە. لە ناو فەزای فەلسەفەی سیاسییدا، ھاوشان و ھاوڕێ لە گەڵ چەمکی ڕیزۆمدا، ئێمە لە بەرانبەر ڕەخنەیەکی ڕادێکاڵی وەستاوینەتەوە لە “نوێنەرایەتیکردن”، وەک چۆن بەرانبەر ڕەخنەیەک وەستاوینەتەوە لە “ئەقڵ”،.کاری دولوز ھاوسەردەم و ھاوچەرخە بە گوتاری ڕەخنەیی کەسانی تر بەرانبەر مۆدێرنیتێ، ئەقڵانییەت و نوێنەرایەتیکردن. دەکەوێتە سەرو چەمک و بیرکردنەوەی سوژە / ئۆبژەو لێکەوتەو پەیوەندییە دیالێکتیکییەکانیان، دژو پێچەوانەین بەرانبەر بە بیرکردنەوە یدال و مەدلولیی، دژین بەرانبەر لۆژێکی “یەک”، یەکی تیۆلۆژی، ئەقڵی و ڕۆحی، چینایەتی و ماھییەتگەراو جەوھەرخوازەکانی دیکە.
ھەموو شتێک لێرەیەو لە سەر ڕووتەختێک بە بێقوڵایی. دژ بە مێژوو ئایندەو یوتۆپیا. ئەمانە کۆمەڵێک چەمک و ئەکتی پراتیکی ناو فەلسەفەی سیاسیین لە ئەفلاتوونەوە تا ھێگڵ. کەواتە ئێمە وەڵامدانەوەیەکی دژمان ھەیە لە بەرانبەر نوێنەرایەتیکردنی جیھان و دونیادا. بۆچی ڕەخنەگرتن لە نوێنەرایەتیکردن؟ . دولوزو گواتاری کتێبێکیان نوسیوە لە ژێر کاریگەریی د ١٩٦٨دا. له ١٩٦٨ ئەکتێکی سیاسیی بەرگریی جیاواز تا ئاستی بەرھەمھێنانی نەوەیەکی فەلسەفیی جیاواز، جیاواز لە مارکسی و فرۆیدییەکان. واتە شۆڕشی ١٩٦٨ و لێکەتەوەو دەرکەوتەو جێکەوتەکانی شتی تریان وت. لەم سەروبەندەدا ئێمە لە بەرانبەر ڕەخنەگەلێکداین لە :
١ـ سیاسەتی دەزگایی، ئەو سیاسەتەی کە بە سەر ڕیفۆرمی دەوڵەت و دەزگای دەوڵەتییدا تێدەپەڕێت، ڕەخنەگرت لە حزب و ڕێکخراوو ڕێکخستنە سەندیکاییەکان.
٢ـ گەڕان و گەشت بە دوای پەیبردن و لەمسکردن و دۆزینەوەی شێوازێکی نوێ، شێوازێکی دیکەی ململانێکردن و خەبات و کێشمەکێش و بەرگری و ئەکتی بەرگریی لە ناو بە یەکداچوونی پەیوەندییەکانی دەسەڵاتدا. ڕەخنەگرتن لە نوێنەرایەتیی سیاسیی و سیاسییانەی خەبات و و بەرگریی مۆلێریی و ماکرۆیی. پەیبردن و دۆزینەوەو کەشفکردنی شێوازی دیکەی خەبات و بەرگریی کەمینەیی و مایکرۆیی ” میکرۆیی”. تەنانەت ڕەخنەگرتن لە ڕوناکبیری نوێنەرایەتیکەرو ڕوناکبیری شۆڕگێڕو حزب و پارتی ئاڤانگاردی و پێشڕەو، ڕەخنە لە ڕوناکبیری گەردوونی. لێرەدا، ئێمە لە ناو فەزایەکی سیاسی تەواو جیاوازی ئاسۆیی نا ھیرارکیی و نا نوێنەرایەتیکراو نا ڕێکخراویداین.
ئێمە لە فەزایکی سیاسی جیاوازی ململانێ و بەرگری و بەرەنگاری و کێشمەکێشداین. فرەیی و جۆراو جۆری سوبژێکتیڤێتی سیاسی و سوژەو سوژەسازی سیاسی و ھێڵەکان و سوبژێکتیڤاسیۆن لە ناو ھێڵەکاندا، جەنگ و بەرگری گەریلایی و ماکینەی جەنگ و بەرکەوتن لە گەڵ دەوڵەتداو شەڕو ئۆپۆزسیۆنی کۆچەری. ڕەگەزی جۆراو جۆری نا چون یەک، ڕیزۆمێک بە یەکەوە بەستن و بە یەکگەیاندنی ڕەگەزە جیاوازەکانە بە بەبێ بە یەککردن و چون یەک و وەک یەک کردنیان، بە بێ نوێنەرایەتیکردن، بەرگریی ئاسۆیی فراوان و ببەربڵاو.، بەرگریی ڕیزۆمی. لێرەدا، چەمکی ڕیزۆم واتە بەستەوەی ڕەگەزە جیاوازەکان و فرەیی ئاسۆیی و فرەیی و ھیتیرۆژینی پێکەو بوون و بە یەکەوە بوون ، بە بەبێ لە دەستدان و ونبوونی ناچوونیەکی و وەک یەکنەبوون، ڕەگەزگەلی بە یەکداچوو بەبێ ونکردن و توانەوە و ئاوابوونی سروشتی جیازوای ڕەگەزەکان. ئێمە لە بەانبەر ئەنتاگۆنیزمێکی تاک ڕەھەند و تاک ئاراستەو تاک ئاستدا نین، لە بەرانبەر تەنیاو تەنیا ئەنتاگۆنیزمی دوو چیندا نین وەک لای مارکسیزمی ئەرسەدۆکسی چەسپێنراوە. ئێمە لە ناو بەرگریی جۆراو جۆرو وەک یەکنەبووی کۆمەڵانی خەڵکداین ، سوژە و سوبژێکتیڤیتێ وەک تاکێک و وەک گروپیش, سوژەی جۆراو جۆرو نا چونیەک. جەستەیەکی پڕی بێ ئۆرگان. بێئۆرگانی کۆمەڵایەتی و سیاسی. ڕیزۆم بە یەکگەیاندن و کۆنێکتکردنی تەواوی سوژەو ئەکتە جیاوازەکانە.
ڕیزۆم واتە تێکشکاندنی فۆرمولەبوونە ھیرارکییەکان. ئاسۆیی بوون. ڕیزۆمێک بریتییە لە مۆڵتیپلیسیتێ، کۆمەڵێک ڕەگەزی پێکەوە بووی جۆراو جۆرو نا چون یەک، ھەمیشە کۆنێکتبوون و بە یەکگەیشتن و بەستنەوەی ھێڵەکان و کارکردن لە ناو ھێڵەکانی ھەڵھاتندا. چەمکی ڕیزۆم و پرەنسیپە ھاوبەشەکانی وامان لێدەکەن کە ئێمە داوەری و حوکمێک بە سەر ئەوەدا نەدەین کە چ ڕێگایەک لە پێشەوەیە، چ ڕێگایەک باشترو پێشکەوترە، چ ڕێگایەکی پراتیکی پێویستە بگرێتە بەر ، ئەمەش بۆ فەلسەفەو بۆ ئەکتی سیاسیش ھەر ڕاستە. ئێمە لێرەدا ڕیزۆم وەک ئەنتی میتۆدێک دەبینین زیاتر لەوەی میتۆدێک بێت.