خودگەرایی لەناو ئەوانیتردا.. وەک: گەوج،فریشتە، هاوەڵ

Loading

بەکر عەلی

هەموو مرۆڤێک بەپێی چییەتیەکەی خۆی هەڵگری جۆرێک لە گێلایەتییە، بەڵام هەموو کەسێک ئامادە نییە بەم پێوەرە خۆی هەڵبسەنگێنێت، بەڵکو هەمیشە ئەویتر بە گێل ناودەنێت. لەنێوان من و ئەویتردا جۆرە کۆمیونیکاسێۆنێکی تاوانبارکردن هەیە کە زۆرجار فەرامۆشکراوە و ئێمە بە هەموو گوتار و ئەدەبیاتی مرۆڤانەمانەوە سڵمان کردۆتەوە لەوەی بڕێک تیشکی بخەینە سەر. جۆرە کۆمیونیکاسیۆنێکی ئاوا لە خودی خۆیدا گەوهەری ڕەفتاری کۆمەڵایەتییانەی مرۆڤ پیشان دەداتەوە، مرۆڤ بە دیوێکدا وەک سەرزەنشتکەری ئەویتر، وەک ڕەخنەگر و تانەلێدەر لەویتر، بە دیوەکەی تریدا وەک ساویلکەیەک کە هاوشانی ڕەوتە کۆمەڵایەتییەکان ناڕوات، لەبەرئەوە هەمیشە فڕێدەدرێتە دەرەوەی ئێستا و دەرەوەی نێوبەندییە هەنووکەییە باوەکەی کۆمەڵگاوە. لە نێوان من و ئەوانیتردا جۆرە پەیوەندییەک هەیە کە دەشێت ناوبنرێت بە پەیوەندی خۆتەواوکردن. مرۆ هەمیشە بۆئەوەی خۆی لەناوجیهاندا ببینێتەوە دەبێت لەنێو ئەوانیتردا پەیوەندییەکی کۆمەلایەتی و وجودییانەی چنی بێت. واتە گەڕان بەدووی خود لەنێو خودی پەتی خۆمدا ڕوو نادات، بەڵکو هەمیشە لەویتردا خود خۆی دەبینێتەوە. خودگەرایی خەسڵەتێکی پەتی و دابڕاو نییە لە ئەوانیتر و لە جیهان و لەدەرەوە، بەڵکو خودگەرایی لەبنەڕەتدا لەگەڵ دەرەوەدا و لەناو جیهاندا و لای ئەویتر دەبینرێتەوە، هەموو خودێک بۆئەوەی خۆی بناسێت تەماشای ئەویتر دەکات تابزانێت چۆن ئەم دەبینێت. لێرەوەیە بوون بریتی نییە لە هەبوونی دابڕاو لەوانیتر، بەڵکو بوون لە بنەڕەتدا بریتییە لە پێکەوەبوون. بەڵام ئێمە بۆچی پێکەوەهەین وە چۆن پێکەوە هەین؟ ڕەنگە ئەمە دوو پرسیاری زۆر جەوهەری بن کە ئەم نووسینە بچووکە دەیکاتە تێزەی خۆی. لەکورتترین وەڵامدا دەمەویت سەرنجتان بۆ ئەمە ڕابکێشم کەوا ئێمە لەبەرئەوە پێکەوە هەین چونکە بوونی ئێمە بوونە لەناو ئەوانیتردا بۆیە ئێمە بەردەوام بەدوای منەکەی تری خۆماندا لەناو ئەوانیتردا دەگەڕێین، وە ئەم گەڕانەش بەشێوەی جۆراوجۆر پیادە دەکەین و چۆنێتی جیاوازی لێ دەکەوێتەوە، جارێک وەک دەسەڵاتدار، جارێک وەک دۆست، جاریک وەک تەڵەکەباز، جارێک وەک ساویلکە، جارێک وەک فێڵباز جارێک وەک گێل… کە هەموو ئەم شێوازانە لەدواجاردا دوو جۆر مرۆڤمان لەڕووی ئیتیکییەوە پێشکەش دەکەن: مرۆڤی جوان و مرۆڤی دزێو. مرۆڤی گێل و مرۆڤی تەڵەکەباز. مرۆڤی گەوج کە هیچ دەسەڵاتێک بۆخۆی ناخوازێت و هیچ نیازێکی وەهاش نادرکێنێت، بەرامبەر دەسەڵاتێکی باڵاگەرای هیرارشی کە دزێوەکان بەرجەستەی دەکەن. مرۆڤێک کە لەسەرەوە فەرمانی پێدەدرێت و مرۆڤێک کە هیچ سەرەوەیەکی لە سەرووەوە نییە.
مرۆڤی گێل/ گەوج لەم نێوبەندییەدا بریتییە لەو ساویلکەیەی گەمژانە ژیان دەگوزەرێنێت. لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا، گێل لە دیدی کۆمەڵگادا بریتییە لەو کەسەی کە لەڕووی مادییەوە سەرکەوتوو نەبووە، نەیتوانیوە هەلەکان بقۆزێتەوە و خۆی پێ دەوڵەمەند بکات، گەوج کەسێکە فێلباز نییە تا لە هەموو شوێنکاتێکدا خشتەکان بۆخۆی زەوت بکات و لێیانەوە دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت، ئەوە فێڵبازەکانن، ژیرەکانن وەها دەکەن. وێنەی گێل لە ئەندێشەی کۆمەڵگادا بریتییە لە کەسێکی نەدار و هەژار و بەلەنگاز کە نەیتوانیوە سامان و پلە و پایە و دەسەڵات بەدەست بهێنێت. ئەم وێنا زەقەی کۆمەڵ لەسەر مرۆڤی گێل هەیەتی، ئاماژەیە لەسەر هەبوونی جۆرە کۆمیونیکاسیۆنێکی پاتۆلۆگی و دەردەدار کە پێویست بە ڕوونکردنەوە و چارەسەرسازی ئەدەبی و تیراپی دەروونی و مۆرالی ورد هەیە، بەڵام لەنێو بواری فەرهەنگی دنیاکانی ئێمەدا چ جۆرە کۆششێکی لەو جۆرە نابینرێت کە خۆی بۆ ئەم بوارە تەرخان کرد بێت. ئەدەبیاتی ئێمە جۆرە گوتارێکی زۆر نەرم و شلی بۆ ئەم جۆرە تێڕوانینە هەیە، بێهۆ نییە فیگوری تاک وەک پاڵەوان، وەک کەسێکی بەزەبر بەرانبەر بە نەریتە باوەکان، وەک دژیار بە ڕووکەش و بە ڕێسا باوەکانی ڕۆژگارەکەی، وەک کەسایەتی قووڵاییەکانی ژیان و وەک پیادەکەری هونەری ژیان لە هیچ دەقێکی ئەدەبیماندا نابینرێتەوە. لەکاتێکدا بواری ژیانی ئێمە پڕە لە نموونەی زۆری مرۆڤی پاڵەوان و مرۆڤی جوان. ئێمە کە زۆرجار دەڵێین ئەدەب لەناو ژیاندایە و بۆ ژیانە، کەچی هیچ گوتارێک وەک ئەم گوتەیە زیانی بە هونەری ئەفراندنی ئەدەبی ژیانی ئێمە نەگەیاندووە. شتێک کە مایەی هەراسانکردنی ئێمەیە، بریتییە لە خاڵیبوونی ئەم کایەیە لەو هونەرەی نێوەڕۆکی ئیستاتیکیانەی ژیان بخاتەڕوو.
لەکاتێکدا ڕووبەرێکی فراوان لەئەدەبی کۆگەلی و لە دیمەنی ڕووکەشی ژیان و لە مەشقکردنێکی بێهودەییانەی ژیان و لە داڕزاندنی مۆتیڤە ڕۆحییەکەی ژیان زاڵە بەسەر ئاسمانی ئەم کایەیەدا. من یەکێکم لەو کەسانەی گەلێک جار ئاواتەخوازی دۆزینەوەی کەسایەتییەکی زبر، ڕەق، یاخی، ناباو و نادیالێکتیکی بووم، لەشێوەی پاڵەوانەکانی کافکا،کامۆ، سارتەر،بیکێت،هێرمان مێرفل، هەمنگوای و گەلێکی تر، بەڵام ئەفسوس هەمیشە نائومێد ماومەتەوە. ڕێکەوت نییە زۆرینەی ئێمە سەرسامی ئەدەبیاتی خۆرئاواین، کە لەو جۆرە فیگورانەی بە شێوەی جۆراوجۆر بەرهەم هێناوە. ئەمەش ئاماژەیە لەسەر خولیاییەکی قووڵی تاک لەنێو کۆمەڵگای ئێمەدا بۆ ئەو جۆرە شێوەژیانەی کە پاڵەوان، وەک مەشقکەری هونەری ژیان و وەک یاخیییەک، پیادەی دەکات، بەڵام گوتارێک، ئەدەبی بێت یان هونەری بێت، لە ئارادا نییە گوزارشتی لێ بکات.
لەڕووی زمانەوانیشەوە، ئێمە خۆمان لەناو کێشەیەکی گەورەدا دەبینینەوە، چونکە تا ئێستا ڕوون نییە جیاوازییەکانی نێوان، گێل، گەوج، دەبەنگ، گەمژە لە زمانی کوردیدا چییە و کام جۆرە کەسانە دەگرنەوە. بۆیە لەمڕووەشەوە هەر کەلێنێک هەبێت لێرەدا بە ئێمە پڕ ناکرێتەوە، تەنیا ئەوە نەبیت، دەستەواژەی گەوج یان گێل بۆ Idiot لەوانیتر بە شیاوتر دەزانم بۆیە لێرەدا زۆرتر ئەو دووانە بەکارهێنراون.
لە ئەدەبیاتی خۆرئاوادا کۆششەکانی دەستۆیەڤسکی و نیتچە و سلۆتەردایک کاریگەرییەکی تیۆری و پراکسیسیانەی فراوانی لەسەر هەموو بوارەکانی ژیانی دەروونی و ئیتیکییانەی مرۆڤ بەجێهێشتووە.
وەک دەزانین زوربەی پاڵەوانی ڕۆمانەکانی دەستۆیەڤسکی لە کەسانی چینی ژێرەوەن، لەکۆمەڵە نەوی و فەرامۆش و ئافەرۆزەکانن، کە شێوەژیانێکی زۆر ڕەق و زبر و ناجۆر و ڕیزپەڕ و نادیالێکتیکی دەژێنن. یەکێک لە دیارترین ئەو ڕۆمانانەی کە لێوەی مرۆڤی جوان، وەک مرۆڤێکی گێل بەرجەستە دەکات ڕۆمانی (( گەوج/ ئیدیۆت))ە. ئەم ڕۆمانە زۆر سەرنجی فیلۆسۆفێکی گرنگی وەک نیتچە ڕادەکێشێت و تیایدا گێلێتی وەک سیفەتێکی مرۆڤی جوان، وەک فریشتەیەک، وەک مەسیحێک دەستنیشان دەکات سیفەتێکی پاکی وەک ((مناڵانە)) و ((بەسام)) ی پێدەدات، و دوای سەد ساڵ لە نیتچەش فیلۆسۆف و کولتورناسی ئەڵمانی سلۆتەردایک سەرسامی خۆی بۆ ئەم تێمایە دەردەبڕێت و بگرە تەواوی فەرهەنگی خۆرئاوا دەکاتە قەرزارباری دەستۆیەڤسکی و نیتچە کە توانیویانە لەبارەی فیگوری گەوج و فیگوری فریشتەوە شت بنووسنەوە.
دیارە کۆمەڵگا پێکهاتەیەکی هۆمۆجین نییە، ڕاستە کۆبوونەوەی تاک وگروپەکانە لەسەر خوانێک و لەنێو دەڤەرێکدا جیهانیژیانێکی هاوبەش پێک دەهێنن، بەڵام لەنێو هەموو نێوبەندی و کۆنتێکستێکی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا هەمیشە تاک و ئیندیڤیدوم و دەستە و گروپی ناجۆر و ناتەبا و لادەر لەو دەڤەرە کولتورییە هەیە. ئەم مرۆڤانە دەخوازن لەدەرەوەی ئەو ڕەوتە باوە شێوەیەکیتری ژیان کە ناهۆمۆگینێتی کولتوریی پیشان دەداتەوە مەشق بکەن و نەکەونە ژێر گوشاری فاکتەرە ڕووکەشەکانی ئاپۆرەوە کە ئەمان شێوەژیانێکی زۆر ناهونەری و زیانبەخش بە نێوەڕۆکی ژیان دەژێنن. لەڕاستیشدا ئەمە نهێنی بەردەوامێتی ژیانە، چونکە نێوەڕۆکی ژیان بریتییە لەو هێزە هونەری و فەرهەنگییەی کە خودی ژیان دەبزوێنێت. بۆ ئەوەی ژیان بتوانێت بژی، گەرەکە تاکەکان و دەستە ڕوناکبیرییەکان مەشقی ڕۆحی پیادە بکەن و لەڕێی بایەخدانیان بەژیانی تێڕامانکردنەوە کۆشش بکەن بۆ چاککردنەوەی نێوەڕۆک و فۆرمی ئیستاتیکییانە و هونەرییانەی ژیانێک کە شێوە ئاپۆرەییە باوەکەی دایڕزاندووە. لەڕاستیدا گەر تەماشای هەموو کولتورەکانی مرۆڤایەتی بکرێت، یەکڕاست ئەوە دەبینین کە هیچ کولتورێک لەم داڕزانە ڕیزپەڕ نییە، هەروەک چۆن هیچ کولتورێک خاڵی نییە لە هەبوونی تاکەکەسە جوان و دەستە ڕوناکبیرەکانی کە پارێزەری هونەری ژیانن. هەموو کولتورێک وەک چۆن ئاپۆرەی بەدکار و نیهیلیستی هەیە، بە هەمان شێوە فیگوری ئەفرێنەر و ژیاندۆستیشی هەیە.
مرۆڤی ژیاندۆست، مرۆڤێکە خەم و پەژارەی مرۆڤەکانیتری هەیە، زۆرجار خۆی لە کێشەکانی ئەوانیتر هەڵدەقورتێنێت و بەشداری گرفتەکانیان دەکات بەبێ ئەوەی هەرگیز چاکەی خۆی لەبەرچاو بگرێت، زۆرجاریش سەرکێشی دەکات و لەئەنجامیشدا لەئەوانیترەوە بە گێل و گەوجێک تەماشا دەکرێت کە هیچ لەژیانی ئیگۆیزمانە تێنەگەیشتووە. لەڕاستیدا کەسی گێل، یان گەوج، یاخود دەبەنگ ڕاستە سیفەتێکی فریشتەیی هەیە، بەڵام هیچ وەک فریشتە نابێت ببینرێت، بەڵکو ئەو دووانەیەکی تری خودی خۆیەتی و دەگەڕێت بەدوای خۆتەواوکردندا لەگەڵ هەرکەسێکدا کە ڕێکەوتی بکات. گێل ئەو مرۆڤە جوانەیە کە ناتوانێت هیچ پەیامێکی بۆ ئەوانیتر هەبێت، ناتوانێت هیچ دەسەڵاتێک پیادە بکات لەبەرئەوە گەوجە. وەک سلۆتەردایک دەڵێت: (( گێل فریشتەیەکی بێ پەیامە… تەواوکەرێکی نێوەکی بێ مەودایە بۆ هەموو ئەو بوونەوەرانەی بەڕێکەوت پێیان دەگەین. پ. سلۆتەردایک. کایەکان. بەرگی یەکەم. بڵقەکان. ل ٤٨١)). بەڵام فریشتە سوبیەکتێکی ستوونیی و ئاسمانییە، وە هەمیشە هەڵگری پەیامێکە، لەبەرئەوە دەسەڵات و ئەوتۆریتێتی هەیە، بەڵام گێل سوبیەکتێکی سەرزەمینییانەیە و هیچ دەسەڵاتێکی نییە بەڵکو ئەو پتر ڕاشکاوەیی و کراوەیی هەڵگرتووە. فریشتە وەک فریادرەسێکی هیرارشی دەردەکەوێت کەچی گەوج یەکسانی و هاوتایی بەرجەستە دەکات.((بڵقەکان ل٤٨١)).
فریشتە لەناو سیستەمی دینی دا ئینفۆرماسیۆنی میتافیزیکیمان لەبارەی ڕزگارکەرەوە پێدەگەیەنێت، ئەو کەسێکی پەیامگەیەنەرە، بەڵام ڕزگارکەر لەناو سیستەمی گێلایەتیدا کەسێکی ناکەسە و هیچ نوێنەرێکی باڵای نییە.
سلۆتەردایک پێیوایە دەستۆیەڤسکی وەکو فیلۆسۆفی ئایین نووسیویەتی و توانیویەتی لەڕۆمانی ((گەوج))دا ئەم ((مرۆڤە تەواوجوانە)) کە میر میشیکینە بەرامبەر بە ((مرۆڤی دزێو)) دەربخات و نیتچەش لە ((دژەمەسیح))دا ئاماژەی بەسیفەتەکانی مەسیح دەدات و وەک: بەرجەستەکەری داڕزان دەستنیشانی دەکات.(( بەسام، مناڵانە، دەردەدار…. ئەم ڕووانە چۆن دەکرێت پێکەوە لە یەک کارەکتەری گەوج دا پێکەوە هەبن؟)). ل٤٨٢.
سلۆتەردایک ورد و قووڵ شوێن چەمکی گەوجناسی Idiotologie و فریادرەس یاخود ڕزگارکەرناسی دەکەوێت و بە سوود وەرگرتن لە دەستۆیەڤسکی و نیتچە ڕچەی میتافیزیکی دەشکێنێت و لەبری ئەوە چەمکی گەوج لە رەهەندە ستوونی و هیرارشییە فریشتەییەکەی دەخات و گرێی دەداتەوە بە خودی ناوەوەی مرۆڤەوە، بە هەناوی مرۆڤ وەک شوێنگەیەکی نێوەکی حەشاردانی ئەو سیفەتە پەنهانکراوانەمان.(( سلۆتەردایک لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا خەڵاتێکیان بەناوی میشیکین، کە پالەوانی ڕۆمانی گەوجەکەی دەستۆیەڤسکییە دامەزراندووە و هەر ساڵەی دەیبەخشنە کەسێک کە خۆی بۆ کاری مرۆیی تەرخان کردبێت، وەک هێمایەک بەوەی کە گەوج ستایی ژیرەکان دەکات)). لەڕاستیدا بەرگی یەکەمی کتێبی کایەکان بەهەموو قەبارەی خۆیەوە بەشێوەی جۆراوجۆری فەلسەفی و پسیکۆلۆگی و زانستی کارکردنە بۆ سەلماندنی تێزەی ئینتیمیتێت و نێوپەیوەستبوونی مرۆڤ لەناوەوە بە شتێکی دەرەوە. بەر لە سلۆتەردایک تا ئێستا هیچ قولاپێکی فیکری و پسیکۆلۆگی فڕێ نەدراوەتە نێو ئەو قووڵاییە مرۆڤانەیەوە، سلۆتەردایک ئەو قولاپە فڕێدەداتە نێو ئەو هەناوگە بێ بنەوە و تێڕوانینێکی فراوانترمان لەسەر خود و خودگەرایی لەناو کایەکان دا لا دەکاتەوە. چیتر خود بریتی نییە لە خودی خۆی و بەس، بەڵکو بریتییە لە و کۆنتاکتەی بەدەوروبەریەوە هەیەتی، خودگەرایی واتە پەیوەستگەرایی. تەواو وەک میر میشیکین کە لەڕێی ئەو ڕووداوانەی لەدەوریدا ڕوو دەدەن دەتوانێت ڕۆبچێتە نێو هەناوی هەموو یاریکەرەکانیانەوە. میشیکین وەک گەوجێکە کە خۆی بۆ هەموو شتێکی دەوروبەری تەرخان دەکات، ئەو نە لەبەر سیرێنەکان و نەلەبەر فریشتەکانیش گوێچکەی خۆی نەدەئاخنی، بەڵکو (( گوێچکەکانی و دەزگاکانیتری هەستکردن و وروژاندنی بۆ هاودووەکانی دەکردەوە. ل٤٨٣)). لەبەرئەوەش نا کە مناڵانە دەیتوانی بچێتە ناو ئەوانیترەوە ، بەڵکو مناڵانە لێرەدا واتە ئامادەبوون بۆ ئەوەی لەناو کێشەکانی ئەوانیتردا دەوری خۆت نەبینیت، بەڵکو خۆت (( بەتەواوکەری ئەوانیتر دابنێیت. ل٤٨٣)). لێرەدایە تێدەگەین سلۆتەردایک هەردوو وشەی گەوجایەتی و مناڵانە دەدات لەیەک. بەمپێیە گەوج یان گێل وەک دەستەواژەیەک بریتییە لە شوێنگەی من کە بەرانبەر بەوانیتر کاریگەر و چارەساز دەردەکەوێت، ئەگەرچی هیچ توانستێکی فریشتەیی نییە. ل٤٨٤. ئیدی سوبیەکتی گێلایەتی بریتییە لەو توانستەی ئێمە لەناوەوەماندا هەڵمانگرتووە و بە ڕێکەوتکردنی ئەوانیتر دەردەکەوێت. واتە گێل ئەو هاوشێوەیەی منە کە لە ئەوانیتردا بۆم دەردەکەوێت.
لێرەوە ئەرکی ڕاستەقینەی گەوج ئەوەیە کە هیچ پەیامێکی نەبێت، ئەو خۆی ناسەپێنێت، بەڵکو جوانێتی ئەم مرۆڤە لەوێدا متبووە کە تەنیا نزیکایەتی و هاوسێیەتی دادەمەزرێنێت و لێوەی تێگەیشتنێکی تر لەسەر سوبیەکت چێ دەکات تاوەکو لەناوــ جیهان داــ بوونێک بۆخۆی مسۆگەر بکات .((بڵقەکان ل٤٨٤)).
ئەو تاکانەی وەک چارەسەرکەری کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەردەکەون و بە خۆتێهەڵقورتاندنیان لە کاروباری ئەوانیتر دەیانەوێت خۆیان بەسەر ئەوانیتردا زاڵ بکەن، ئەوانە هیچ فریشتە نین و هەڵگری چ فەزیلە و پەسەندکارییەکیش نین. چونکە دواجار لەمڕێیەوە گەرەکیانە گوتاری دەسەڵاتی خۆیان ڕابگەیەنن. زۆرینەی چاکەکار و فریادرەسە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئاینییەکانی نێوکۆمەڵگاکانی دنیای ئیسلام لەم مۆدێلەن و لەنێو کولتوری ئاپۆرەدا بەهەڵە وەک فریادرەس و ڕزگارکەر ناسراون. لیرەوەیە قەیرانی مۆرالی و هۆشیاری لەو دنیایەدا خۆی تەشەنە دەکاتەوە و تەواوی دیمەنەکانی ژیان دەردەدار دەکات.
جا ئیتر ئەوەی بیەوێت لەو داڕزانەی ژیانی ئەو فەرهەنگە تێ بگات، بە بێ بینینی ئەم دیاردەیە بەڕێگایەکی هەڵەدا دەڕوات. بەداخیشەوە زۆرینەی تێگەیشتنی باویش تا ئێستا ئەوە بووە کە بەڕێگای هەڵەدا ڕۆشتووە.
ڕزگارکەر و چارەسەرکەر هیچ کاتێک لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی خۆی بەشداری کێشەکانی ئەوانیتر و جیهانی دەرەوەی خۆی ناکات، بەڵکو تەنیا لەبەرئەوەیە کە ئەوانیتر تەکمیلە بکەیت. لێرەدا گەر ئێمە سەرنجێک لە چەمکی قارەمان یاخود پاڵەوان بدەین، دەبینین ئەو کەسێکە هیچ دەسەڵات و سامانێکی مەبەست نییە، بەڵکو وەک جاویدێک دەمێنێتەوە کە هونەری پاراستنی ژیان لەناو جیهاندا مەشق دەکات، جاویدێک کە دواجار خۆیشی تیا بچێت هیچ دەربەست نابێت. وەک نیتچە دەڵێت: قارەمان باشترین ئیرادەی خۆلەناوبردنە.
مرۆڤەکان لەمڕۆژگارەدا زیاتر نوقمی فەرهەنگی ئاپۆرەیی و بەرخۆریین، فەرهەنگێک کە زیانی کوشندە و شکێنەر دەگەیەنێت بەژیان، لەبەرئەوە فیگوری قارەمان تا دێت زۆرتر و خۆرتر بۆ پاراستنی ژیان گرنگە. لەبەردەم کۆششی بە قارەمانبوون دا خود لەوەدا کە واز لە بەرژەوەندی و دەسەڵاتخوازی تایبەتی خۆی دەهێنێت، لەناو ئەوانیتردا پاراستنی ژیان ڕادەگرێت و ڕۆڵی ئەویش دەبێتە خۆتەواوکردنێکی ئیستاتیکییانە. فیگوری پێشمەرگە لە مانا دێرین و بێگەردەکەی خۆیدا بەرجەستەکەرێکی تەواوی ئەو کەسە بەسامەیە کە ژیان لە دۆخێکی پاسیڤەوە بە خۆقوربانیدان دەکاتە ژیانێکی ئەکتیڤ و زیندوو، دازاینی مرۆڤەکان لە ئاستێکی نەوییەوە دەگەیەنێتە ئاستێکی باڵا. ئەم فەزیلەتە لای کولتوری ئاپۆرەیی بە مەسەلەیەکی پڕوپووچ و بێهوودە دادەنرێت و ئەوەشی شوێنی بکەوێت شوێن کڵاوی بابوردوو کەوتووە، بۆیە زۆرجار ئەوانەی لەپێناوی ئەو بەها باڵایانەدا تێدەکۆشن و قوربانی دەدەن لەلایەن ئاپۆرەوە بە گەوج و گێل ناسراون…
بەمپێیە دەبینین گەوج کەسێکی سەرەکی نێو چیرۆکی ژیانی هیچ کەسێک نییە، بەڵکو: هاوەڵێک، یاوەرێک، هاوسێیەکی نادیارە، کەلە ((بەرمرۆڤ))ەوە دەمانگەیەنێتە ((سەروومرۆڤ)).

لەبارەی خود و هاوەڵەکانی…
دووانەکەم، هاوشێوەکەم
رۆح شتێکە هەمیشە میوانێکی هەیە. سلۆتەردایک.
ئەو سەرینەی لەناو مندالدانی دایکدا لەسەری دەخەوین بۆ هەمیشە لەگەڵماندایە. سلۆتەردایک.
مرۆڤ بوونەوەرێکە لەنێو پەیوەندییەکی نەبڕاوەدایە، لە هیچ کات و لە هیچ شوێنێکدا ناکرێت وێنای مرۆڤ وەک خودێکی پەتی و دابڕاو لە دەرەوەی خۆی بکرێت. هەموو مرۆڤێک هەڵگری کەسێکی ترە. دیوی ناوەوەی مرۆڤ بریتییە لەو کایە شوێنگەرایەی کە بەجۆرێک لەجۆرەکان دانیشتوویەکی تایبەت بەخۆی تێدایە. مرۆڤ لەناوەوە شوێنێکی گیانلەبەرە. دیوی ناوەوەی مرۆڤ دیوێکی خاڵی نییە، بەڵکو شوێنێکە لەنێوان خودی خۆی و ئەویتردا دابەش بووە. لەبەرئەوەیە هەموو ناوەوەیەک فرەجەمسەرە. لێرەوەیە مرۆڤ بۆئەوەی ناوەوەی خۆی ساتار بکات ئەوا پێویستە کەسێکیتر لەناوەیدا نیشتەجێ بکات. ناوەوە، وەک دیوە ڕۆحییەکەی خود پەناگەی ئەو خودەیترە کە یان دروستکەری خودی خۆمە یاخود تەواوکەری خودی خۆمە. مرۆڤ وەک خودێک، بەردەوام هاوبەشێکی لەگەڵدایە. لەم جۆرە پەیوەندییە نێوەکییەی خود، کۆجیتۆی دیکارت بەهەڵە دەکەوێتەوە، واتە چیتر من لەبەرئەوە نیم کە بیردەکەمەوە، بەڵکو من بیرم لێدەکرێتەوە، کەواتە من هەم. ئیتر وەهای لێدێت کە خود بەردەوام لەژێر تێڕامان و چاودێریکردنی خودێکی تردایە. بوونی من لەخۆمەوە سەرهەڵنادات، بەڵکو لە بینین و بیرکردنەوەکانی خودیترەوە. بوونی خود هەمیشە بوونێکی نێوپەیوەستییە، نێوپەیوەستی واتە پەیوەست بەشتێکی نێوەکی واتە ئینتیمیتێت، بەنموونە، دەشێت خۆشەویستی یان هاوڕێیەتی بریتی بن لەو کایەیەی کە هەموو خودەکان کۆدەکاتەوە و کایەیەکی نێوەکی هاوبەشیان بۆ ساتار دەکات. واتە خۆشەویستی یان دۆستایەتی بریتییە لەو کایەیەی کە جەمسەرەکان کۆدەکاتەوە و پێکەوە پەیوەستیان دەکات. لەدیدی سلۆتەردایک دا خۆشەویستی وەک هەستێکی پەتی نامێنێت بەڵکو مادام دووان پێکەوە پەیوەست دەکات ئیتر دەبێتە بوار و کایە، دەبێتە شوێنێکی گیانلەبەر بۆ بەیەکگەیاندنی جەمسەرەکان. لەناو ئەم بوار و کایانەدا ئیتر ئێمە دەرک بەوە دەکەین کەوا مرۆڤ تاک نییە بەڵکو دووان و زیاتریشە.
بەسەرهاتەکەی ئەفسانەی ئۆرفۆسیۆس و ئۆیریدیکە ڕەنگە دێرینترین ئەدەبیاتی ئەم جۆرە پەیوەندییە هەمیشەییە بێت. کاتێک ئۆیریدیکە دەمرێت و دەچێتە دنیای ژێرەوە، ئۆرفیۆس تەنیا بە حەزی بینینەوەی ئەو دەژی. واتە وەک سلۆتەردایک ڕاڤەی دەکات: دیاری ماڵئاوایی ئۆیریدیکە بۆ ئۆرفیۆس بریتییە لەو شوێن و کایەیەی کە تیایدا ئەلتەرناتیڤ و جێگرەوە دەبنە شتێکی شیاو. … واتە ئۆرفیۆس ئێستا لەناو ئۆیریدیکەدا مردووە، کەچی ئۆیریدیکە هێشتا لەناو ئەودا بە بەردەوامی لە جێگرتنەوەدا دەژی … بەمپێیە دەبینین مرۆڤ لەناوەوەی خۆیدا هەمیشە هەڵگری خودێکی دەرەکییە. تاک هەمیشە دووانە و تاکایەتی هیچ نییە جگەلەبەرەنجامی دابەشبوونەوەی دووانایەتی. لەناوەوە بوون لەڕاستیدا بریتیی نییە لە لەگەڵ خودبوونی پەتی و ئەبستراکت، بەڵکو لەناوەوەدابوون بریتییە لە لەگەڵ ئەویتردابوون. ئێمە لەناوەوەماندا هەمیشە ئەوەیتری دروستکەری خۆمان((کەدایکە)) هەڵگرتووە: ئەو سەرینەی لەناو منداڵدانی دایکدا لەسەری دەخەوین بۆ هەمیشە لەگەڵماندایە. بڵقەکان ل ٤٢٣. وە ئەوەیتری تەکمیلەکەری خۆمان ((کە یار و هاوڕێیە)) هەڵگرتووە.
لەزمانی کوردیدا کە خواحافیزی لەکەسێک دەکرێت دەگوترێت خوات لەگەڵ، یان خوا بتپارێزێت. لەڕاستیدا ئەم جۆرە هاوەڵیکردنە بەدەر لەمانا دینییەکەی پەیوەستە بە خودی سوبیەکتیڤیتێتی ڕۆحی مرۆڤبوونمانەوە. ئێمە هەمیشە فریشتە و پارێزەری خۆمان یاوەرمانە. هەموو تاکێک یاوەرێکی خۆی بۆ گیانپارێزی لەناودایە. هەموو کەسێک فریشتەی خۆی هەیە. هیچ کەس تاک و تەنیا نییە، هەمووکەس لەهەرە زووترین ساتەکانی لەدایکبوونیەوە یار و یاوەرو دۆستێکی لەهەناودا هەیە. سلۆتەردایک لە نەسکێکی گرنگی کتێبی کایەکاندا بەناوی (( فریشتە، دووانە، هاوشێوە)) دا ئەوم لێکدانەوە جینیالۆجییە لە دیویناوەوەی مرۆڤ دەکات و دەڵێت:(( هەموو لەدایکبوویەک لەدایکبوویەکی دووانەییە، کەسێک نییە بێ یار و هاوەڵ بێتە دنیاوە. هەموو تازە هاتوویەک ئۆیریدیکەیەکی بەدوواوەیە، کە خامۆش و نەناسراوەو بۆ تەماشاکردن دروست نەکراوە. … هەموو لەدایکبووەیەک دوو لەدایکبوونە. کایەکان. بەرگی یەکەم. بڵقەکان.ل٤١٩)).
ئەفرێنەری خود هاوەڵایەتی ژیان و بوونی هەموو خودێک دەکات، ئەگەرنا بۆچی ئێمە لەهەموو ڕۆژێکی لەدایکبوونماندا سڵاوی لێدەکەین، بمانپارێزێت و تەمەن درێژتر بین… ئەفرێنەرەکەمان ئەو ڕۆحەی ناوەوەمانە کە زیندەگیمان دەپارێزێت، ئەو فریشتەیەیە کە هاوەڵایەتیمان دەکات، ئەو ماتەریالەیە (( ماتەر وشەیەکی لاتینییە و وشەی موتەر /دایک هەر لەم وشەیەوە هاتووە)) کە وزەی ژیان و ژیاندنەوە و بوژاندنەوەمان پێدەبەخشێت.. لەڕاستیدا مرۆڤ بەبێ یاوەرێک ناکرێت بژی.. بۆیە ئێمە بەردەوام هەستدەکەین دووانین.. تەنانەت لەو کاتە شاعیرییانەشدا کە بانگەشە و پێرفۆرمانسی تەنیایی دەکەین ئێمە هەرگیز تەنیا نین، بەڵکو لە دیوی ناوەوەماندا لەگەڵ خودە دروستکەر و تەکمیلەکەرەکەمانداین و لەوێدا کایەیەکی ناوەکی چێ دەکەین کە دەرەوەشی لەخۆگرتووە. تەنانەت شێوازی گفتوگۆکردنی مۆنۆلۆگیش هەر سەلمێنەری تاکانەیی خود نییە، بەڵکو ئەو مۆنۆلۆگەش لەبنەڕەتدا دیالۆگێکە لەنێوان من و ئەوی تەواوکەرمدا، خود و خودە ئەفرێنەرەکەیدا. لە پەخشانی شیعریدا ئەم سیناریۆییە زۆر بە ڕوونی دەردەکەوێت. شیعری ڕیلکە لە ئەدەبیاتی ئەڵمانیدا و شیعری مەحوی لە ئەدەبیاتی کوردیدا دوو پارادیگمای شیعریین بۆ دوواندنی خودەکەی تری ناوەوەمان.
لەشیعری مەحویدا ئێمە دەکەوینە نێو کایەیەکەوە کە تیایدا خود دەکەوێتە وتووێژێکی بەردەوام ڕاستەوخۆوە لەگەڵ خوایەتیدا، خود پیویستی بەوەیە گیانپارێزەکەی خۆی، بەبێ هیچ نێوەندکارێک، بدوێنێت. لیرەوەیە، ئەوەی بیەوێت لە خودگەرایی و سۆفیزمی ئەو تێبگات، دەبێت لەم تێۆرییەوە کلیلی تێگەیشتن ساز بکات. تێوری ئاوێتەبوونی دەرەوە و ناوەوە، پەیوەستبوونی خود وئەویتر، رۆح و مێژوو، دیالێکتیک و نادیالەکتیک، بەخەسڵەتێکی زۆر شیعری و فەلسەفی لەناو جیهانبینی مەحویدا ئامادەیە. لێرەوەیە هەرکاتێک ئێمە قووڵ شیعری ئەو دەخوێنینەوە، ئەوسا تێدەگەین کە ئێمە تاک نین، بەڵکو جووتین، ئاوێتەیەکین و هەمیشە یار و گیانپارێزەرێکمان لەگەڵدایە.