دەسەڵات، گەمەو فێڵەكانی.
١
لە دواهەمین و یەكلاكەرەوەترین چارساتی دانوستان و گفتۆگۆكاندا بزوتنەوەی گۆڕان (عومەری سەید عەلی، جەلال جەوهەر، عوسمانی حاجی مەحمود..) دەنێرێت. لە كوێدا ؟ لەو شوێنانەی كە دوا بڕیاری تێدا دەدرێت، بەڵام هێشتاكە ئەم كاراكتەرانەش دوا دەسەڵاتی بڕیاردان نین و دەبێت لە ڕێستەكاندا پەیوەندی بە كاك نەوشیروانەوە بكەن، یاخود بگەڕێنەوە بۆ سەرچاوەی سەرەكی و دوا پنت و بڵندترین پنتی بڕیاردان، كە ئەویش دیارە كێیە!.
٢
دەرچوونی نەوشیروان موستەفاو جێهێشتنی بزوتنەوەكە و ونبوون و دووری لە بزوتنەوەو جەماوەری بزوتنەوەكەوە ئەو كەلێن و درزو پەرش و بڵاویی و بێسەروبەرییەی خوڵقاند كە دەبینرێت.هاتنەوەو گەڕانەوەی كاك نەوشیروان لە موعجیزەیەك دەچێت بۆ ئەوانەی چاوەڕوانی هاتنەوەی دەكەن. چاوەڕوانی گەڕانەوەی ئەم پیاوە بۆ ئێمە ئەو دۆخە سایكۆ-سۆسیۆلۆژییەیە كە هێشتا ئێمە لە ناو سەرمایەی كاریزمایی و پاڵەوانەكانی ڕۆژگاری شۆڕش و شاخداین نەك دونیای دام و دەزگاو گەمەی مەدەنی.
٣
دەسەڵات قودرەیەكی سەیری خۆگۆڕین و فۆرم گۆڕینی هەیە لەوەی بۆ فریودان و چاوبەستنی هەیمەنەلەسەركراوەكان تا پەی بە مەئلوفیی و عادەتیی و یەكڕەنگی دەسەڵات و گەمەكانی نەبەن. دەسەڵات گەمەو گەمەكەرە، دەسەڵای یاریی و یاساو ڕێساكانی گەمەكردنی هێزەكانە. گۆڕان فۆرمێكی پڕ لە ماسك و داپۆشراوی دەسەڵات و شەرعییەت و كاریزماو چیرۆك و حیكایەتەكانی نەوەی شۆڕش و شاخە، بەڵام بە گەمەو دەستبردن بۆ گەمەو یاری نەێ لە ناو پرسەو ڕێوشوێنی گەمەیەك كە نەبینرێت، یاخود چاوبەستن و فریودان لەناو ناونان و ناولێنانی نوێداقودرەت و توانای جیاوازبوونێكی كاتی و ڕاگوزەری هەبێت.
گۆڕان گردكردنەوەو كۆكردنەوەو خڕكردنەوەی سەرمایە حیكایەتی دابڕاو درزتێكەوتووی نەوەیەكی تازەو خەیاڵی تازە بوو لە ناو (تاكتیكگەلێكدا) كە مەحكوم و ناچاربوو ڕۆژێك هەر بكەوێتەوە سەر لەوح و جەوهەری پاسیڤ و شەڕی كۆنی هێزەكان و شەڕی هێزەكان.
هێزەكان بۆ بردنەوەو یەكلاییكردنەوەی ململانێی و شەڕێك دەست بۆ هەموو سەرمایەو میكانیزمێك دەبەن لە پێناو بردنەوەو بەلای خۆدا خستنی پارسەنگی هێزو تواناكانی. هەژاریی و كڵۆڵیی هێزە سیاسییەكانی دونیای ئێمەو دونیای ئیسلامی لەوێدایە كە ناتوانن هێزی نوێی جیاوازو دابڕاو بن لە هێزی پێش خۆیان و گوتاری ئەو هێزەی كە، لە هەناوییەوە لێی هاتوونەتە دەرەوە. هەر كردەو ئەكتێكی ئەم هێزە (جێابووەوانە) لە دەیان و سەدان شوێندا كرشەو حیكایەت و میكانیزمی ئەداكردنی هێزەكەی پێشەوەی خۆیان بە دیار دەخەن. نموونەی ئەو كۆبوونەوە چارەنوسسازانەی كە تەنیا گفتوگۆو نیقاشی بێزەنتی تێدا ئەنجام نادرێت، بەڵكو یەكلاكەرەوەو چركەساتی عەزم و جەزم و حەسمە.
٤
دونیای ئێمە هیچ بەرئەنجامێكی پۆزەتیڤ و ئیجابیی و داهێنەرانەی لە هێزە جیابووەوەكان نەبینیوە، واتە هێزێكی مونشەق و جیابووەوە نەیتوانیوە شتێكی نوێ پێشكەش بكات، تەنیا پاراستنی چەند بەرژەوەندییەكی كەسی و گروپی نەبێت لە گروپی دایكدا پێشێلكراوە. دونیای ئێمە پێویستی بە هێزی ڕادیكاڵی نوێیە كە چ سەروكارێكی لە گەڵ هێزەكانی پێش خۆییدا نەبێت، ئێمە لە مێژووی سیاسیی و ڕزگاریخوازیماندا دوو چركەساتمان هەیە، یەكەمیان دامەزراندنی پارتی و شۆڕشی ئەیلول و چركەساتی نەوەیەكی نوێ و تازەی پاش نسكۆی ١٩٧٥ كە، نەوەیەك وەك هێزو وەك ئەكتی سیاسیی و ئیدۆلۆژی خوڵقا كە تازەبوون.
ئەگەرچی جوڵانەوەو بزوتنەوەكانی دیكەی ئێمەیە هەموویان جیابوونەوەو ئینشیقاق و درزتێكەوتن بوو. دەكرا لە پاش ڕاپەڕین و نیوەی دووەمی نەوەدەكان و سەرەتای دوو هەزار كە پۆتۆنسیالێتی هەبوو بۆ كردەو ئەكتی نوێی سیاسی، هێزی نوێی سیاسی چالاك و خولقێنەری لێبەرهەم بهاتبایە. چون ئێمە لەو چركەساتانەدا سەروكارمان لە گەڵ كاڵبوونەوەی سەرمایەی شۆڕشگێڕیی و كاڵبوونەوەی چیرۆكی شاخ و پاڵەوانەكانی شاخدا هەبوو. ئێمە كەوتینە ناو سیاق و هەلومەرج و ڕێوشوێنی نوێ و تازەی جوڵەو ئەكتێك، نەوەیەكی نوێ پێكهات. ڕەخنەی جددی وەك پرۆژە، خەباتی مەدەنیی و فشاری سەندیكایی، جەنگی كەمینەیی و پەرشوبڵاو ڕامنەكراو. دروستبوونی ناڕەزایی و فشار لە ناو هێزە كلاسیكی و تەقلیدییەكانماندا. خەبات و بەرگریی و یاخیبوون و بەرەنگاری نەبردرابوونەوە دەرەوە و لە هەناوی هێزەكانماندا فشارو بەرگری دروستبوو ، خزو سرك و لوا بە شێوەیەك كە بێشوناس و نادیارو بڵاو بوون.
٥
بزوتنەوەی گۆڕان بە چەندین ڕوودا خەنجەرێك بوو لەو بەرگریی و بەرەنگاربوونەوەو و یاخیبوون و بەربڵاویی و كەمینەییانەی كە جێگوی بێئومێد بوون :
– بزوتنەوەی گۆڕان گەمەو فرت و فێڵی ئەو ئەكتەرە كلاسیكیی و تەقلیدیی و كۆنزەرڤاتوارەبوون كە، دەیانوویست بە كەر جۆرێك بووە هێڵێكی گەیەنەر دروست بكەن و كاریان لە باو پرۆسەو ڕێوشوێنی ئحتیواكردن و ئاشتكردنەوەی ئەم نەوەیە بێت.
-* هەوڵ و پرۆژەی دەسەڵات بوو بۆ ئەوەی لە فۆرمی ئۆپۆزسیۆنبووندا خۆی دەربخات، بزوتنەوەی گۆڕان هەوڵ و میكانیزمی پڕ لە گەمەو شاراوەی دەسەڵات و گەمەی دەسەڵات بوو بۆ بەردەوامیدان بە خۆیی و فراوانكردنی ڕووتەخت و فەزای هەناویی و لە خوارەوەبوونی خۆی.
– * وەختێك كە زانرا ناڕەزایی و بەرگریی و بەرەنگاری كەمینەیی و سەندیكایی و پەرشوبڵاو وون و نادیارە، لە ناو نادیاریی و بێشوناسیی گروپ و هێزو گردبوونەوە بچوكەكانیشدا، دەسەڵات ترس و بیمی هەیە، دەسەڵات زۆربەی جار كۆنترۆڵ و دیسپلین وندەكات، بۆیە بزووتنەوەی گۆڕان گەورەترین خزنەتكاری دەسەڵات بوو لە خڕكردنەوەو كۆكردنەوەو ڕێكخستنی هەوڵە پەرش و بڵاوەكاندا، وەك گەمەیەكی ترسناكی دەسەڵات، جا بزانێت یان نەزانێت شوناسێكی ڕێكخراوەیی و سیاسی پێبەخشین، بەخشینی چیرۆك و مۆراڵی كاركردن و بەرەنگاربوونەوەو بەرگرییەك كە زۆر پلە نایاب بوو بۆ دەسەڵات چونكە دەركەوتن و جۆیان دەرخست، ئەمەش شەڕەكەی بۆ دەسەڵات ئاسانتر گرد تا بیان ناسێتەوەو كەوڵی ڕامكردن و كۆنترۆڵكردن و ماڵیكردنەوەیان بدات. یاخود مامەڵەیەكی سیاسیی و گفتوگۆی بەخشین و وەرگرتن و دان و ستانیان لە گەڵدا بكات.
-* بزوتنەوەی گۆڕان هێزو ئەكت و كەس و سەرمایەی ناڕەزایی و بەرهەڵستكاری بردە دەرەوە و بەرەی لێدروست كرد. تا ئەو كاتەی بەرگریی و بەرەنگاریی و بەرهەڵستی لە ناو دەسەلاتی سیاسی ئێمەدا بوو، نادیارو بێشوناس و پەرشوپلاو بوو. بە چوونە دەرەوەی هێزی ناڕازی ئێمە دەسەڵات نەیارو دوژمنی ئاشكرای بۆ پەیدا بوو، لەوە كارەساتاوی تر ئەو دەنگە كەم و هێزە بجووكە ناڕازییانەی ناو هەناوی یەكێتی و پارتی یان بێدەنگ بوون یان پاشەكشەیان كردو چوونەوە باو هێزە كلاسیكیی و تەقلیدی و جەنگە كۆنەكەوە.
* بزووتنەوەی گۆڕان، نەوەو هێزێكی بێئوومێدو بێهیوای دایەوە دەستی هیواو ئومێدو موژدەی درۆزن و ساختە، بوو بە هۆی خۆكوژی نەوەیەك كە بە چەندین ساڵی دیكە ناكەوێتەوە سەرپێی خۆی و ناتوانێت هەڵسێتەوە. نەوەیەكی نائومێد كە تەنیا ئومێدێكبوو، خستییەوە ناو گەمەی پلەو پۆست و ئیمتیازات و خاڵیكردنەوەوە. كردنییەوە بە قوڕگی دەسەڵاتدا.
* گۆڕان و مێژووی دەركەوتنی ئەم ئەكتەی -ئۆپۆزسیۆنبوون لە فۆرمی گەمەكانی دەسەڵات و غەوغاو گەڕەلاوژەوقیژەقیژو، لێدان و چەپۆكێكی زۆر ترسناكبوو لە چەمك و ئەكتی سیاسیی ئۆپۆزسیۆنبوون درا.
- بزوتنەوەی گۆڕان بێحورمەتیكردن بوو بە نائومێدییەك كە دەكراو دەتوانرا هیواو ئومێدی گەورەی لەسەر هەڵبچنرێت* ڕادیكاڵبوونێكی بێفكرو هەژارو كڵۆڵ لە تیۆریزەو چەمكاندن. هەژاری لە ئەدەبیات و فكرو كردەی فكریی و تیۆریزەی ڕادیكاڵیی و ڕادیكاڵێتی تێۆریزەكراو. لە بری ڕاو سەرنجی ئینشایی و عاتیفی لەسەر دەسەڵات و ناشیرینكردنی دەسەڵات، نواندن و تەفسیركردنی دەسەڵات تەنیا وەك دەوڵەت و دەزگاو دەسەڵاتی دەوڵەتی، تەعریف و پێناسەی تازەی بۆ دەسەڵات و ئەرك و وەزیفەو پنتەكانی هەبوایە. بزووتنەوەیەكی بێفكر كە، ئەكتی سیاسی ئۆپۆزسیۆننانەی دەیان ساڵ بردە دواوەو لە باریبرد، تێكیدا، تەحریفی پێكرد، تەشویهی كرد
٦
ئەوە چییە وا دەكات بڕێكی زۆر لە خەڵك نەتوانن دەسبەرداری ئەو وەهمەببن كە ئەم بزوتنەوەیە چ جیاوازییەكی نییە لە ئەكتەرو سەرمایەو شەرعییەت و چیرۆكدا لە گەڵ تەواوی هێزەكانی دیكەی دونیای ئێمەدا؟ بۆچی وازهێنان و دەست لە كاركێشانەوەو پاشەكشەكردنی ئەكتەری وەك شاهۆ سەعید، دكتۆر زانا، دكتۆر جەعفەر، موحەمەد حاجی و …قەبوڵ نەكرێت و وەك خیانەتكارو پاشەكشەكەر لە پرۆژەو هەنگاوەكان تەماشا بكرێن ؟
كاتێك گۆڕان و گوتاری گۆڕان دەبینی لە نێوان دۆست و دوژمن دابەشكردندا زەڕڕەیەك جیاوازی نییە لە گەڵ تەواوی هێزەكانی دیكەی دوونیای ئێمەدا، دەبێت بێبیركردنەوەو بێ دوودڵیی و بێ قووڵبوونەوەو بئ گەڕان ئەوەمان لای ڕوون بێت كە، گۆڕان هیچ جیاوازییەكی نییە لە گەڵ ژێزەكانی دیكەدا، نەك جیاوازی نییە، بەڵكو گۆڕانخوازان توندترو ئیدیۆلۆژیترو كەللە ڕەقتر دونیا بەسەر دونیای و دوژمن و نیشتمانپەروەرو خیانەتكارو، ئەخلاقیی و بێ بێ ئەخلاقیی و بەرەی گەل و بەرەی ددەسەڵاتدا دابەش نەكەن.
ئەگەر هاتباو مێژوەی سیاسیی ئەم بزووتنەوەیە تەنیاو تەنیا تێكدانی ئەم ئەخلاقی دۆست/ دوژمن، باش/ خراپە بووایە، ئەوا بەرهەمێكیان دەبوو بە پلەیەك نەك تەنیا دونیاو فەزای سیاسی ئێمە، بەڵكو دونیاو فەزای فكری و ئەقڵانیش قەرزارباریان دەبووین.
ئەوانەی نایانەوێت گۆڕان وەك هەرهێزێكی دیكە ببینن و جیاواز نەیبینن لە هێزەكانی دیكەی دونیای ئێمە، هەندێكیان ئەو ئەكتەرە كۆنانەن كە گۆڕان دوا تیریانە لە ناو دونیای سیاسەتكردندا، هەندێكیان ئەو بێئومێدانەن كە ماندوون و ناتوانن جارێكی دیكە بەرهەڵستكاری بخولقێننەوە، هەندێكیان مەستی وەهم و خورافەی گۆڕان شۆڕش دەكات، هەندێك دیكەیان بەشیان لە پلەوپۆست و ئیمتیاز بە هۆی گۆڕانەوە دەست كەوتووە، هەندێكی دیكە بەهەر جۆرێك بووە لەو بڕوایەدان دەبێت بەرانبەر یەكێتی و پارتی هێزێك هەبێت….. وە چەندین پاساوی مانەوەو پاساو بۆ مانەوەی دیكە.
تەواو