خوان میرۆ؛ ژن و باڵندەیەک – پێشکەشە بە بیکاسۆ – زەیت لەسەر خام . “ Woman, Bird and Star (Homage to Picasso),” by Joan Miró, oil on canva

ئەو سەردەمەی سەرم دەمنابێ تێدا!


Loading

من چ بکەم کە سەری من دەمنابێت لەچەرخێکدا کە هەمووان سەردەمیبوون بەمەکینەی پینەو درۆیەکانی سیاسەت و سەرڕێژبوون بە وێنەکانی تەکنۆلۆژیا و ڕیزبەندی نیشتیمانی، سەرقاڵبوون بەئەزبەرکردنی ناوی ترۆمبێل و ناوی براندەکان، زۆربەی زۆریان بوونەتە هاندەری پێی یاریکەرە ناسراوەکانی تۆپی پێی جیهانی، لەکاتێکدا تۆپی زەمین لەتەنگژەدایەو تۆپی سەری مرۆڤەکانیش، لەمەیدانەکانی جەنگ و کۆچبەری و قەیرانگەلەکاندا تۆپ تۆپێنی پێدەکرێ.

چ سەرێک هەیە مایەی خۆی بپارێزێ، کاتێک هەمووان سەرگەردانی بازاڕی ئازاد کردوونیەتە تۆپەڵێک ئازار و تا سەر ئێسقان ئالوودەبوون بە ناوی بۆرسەو کۆمپانیاکان، ڕۆژانە هەر نرخی نەوت و برێنت و زێڕ بەرەو بەرزی هەڵدەکشێن نرخی مرۆڤیش کەمدەکات، تۆپی ئەو زەمینەش لە یاریگای ئەو سەرمایەداریەدا بەبەر شەقدەدرێ و بەناو سیستەمی هەمەجۆرە و بەدەڵ دادەڕێژرێتەوە.

ئەی چەندە سەختە لە سەردەمێک دا بژی کە زۆرسەرسوڕهێنەربێ سەرفراز و سەربەخۆ بیت، ژنێک بیت هەم هونەرپیشە هەم گیانباز، هەر لەیەک کاتدا بتەوێ ژنێکی چەلەنگ و پیاوێکی جەسوور بی، لەو ژیانەدا خواستت بێت ژنانە نەرمنەرم پێ لەسەر زەوی دابنێ و پیاوانە بێژی نا!

خوان میرۆ؛ ژنو باڵندەیەک - پێشکەشە بە بیکاسۆ - زەیت لەسەر خام . “ Woman, Bird and Star (Homage to Picasso),” by Joan Miró, oil on canvas.
خوان میرۆ؛ ژن و باڵندەیەک – پێشکەشە بە بیکاسۆ – زەیت لەسەر خام .

Woman, Bird and Star (Homage to Picasso),” by Joan Miró, oil on canvas.

ئەی خودایە چەند ئەستەمە ڕاستگۆ بیت و سەلامەت دەرچیت! ئەی چ هونەرە لەو ژیانەدا هەم بتەوێ بەتەنیا ڕابمێنی و هەم لەنێوانی پۆلە هاوڕێیەکانیشتدا قاقا لێبدەی، هاوغروری چیایەکان بی و وەک خاک سادە بمێنیتەوە، پیاوانە کار بکەی بۆ نیشتیمان و ژنانە کتێب بنووسی بۆ ژیان، بیرمەندانە وشەکان بپارزنی و شاعیرانە لەگەڵ با سەرهەڵگری، منداڵانە یاری بە دونیا بکەی گەورانەش بڕیاری تێدا بدەی..

 لاسەنگی من بە تۆش هاوسەنگ نابێت هاوڕێ، لەو جیهانەدا کە هەموو دەخوازن لە ژیاندا سەربکەون، من خواخوامە تەنها سەرگیر بم لە ژیان، سەر لەسەری خۆم دەرکەم چونکە سەری من نەعەوداڵی سەرمایەداریە نە بەسەرهەڵگەڕانە نە بەسەرکەوتن، نە سەرکورسی نە سەرۆک بوون نە سەروەزیران نە سەر مێزی سیاسی و نەسەرقەپاغ و نەسەرقافڵەیی دەخوازێ، بەڵکو تاکە سەودای سەر سینگی ئەو ئەستێرەیەیە کە منداڵانە دیتویەتەوەو ژنانە لە ئامێزی گرتووە.

تۆ سەیری چاوەکانم بکە، لەیەککاتدا چۆن بتوانن ژنانە گەرم بمێننەوە و پیاوانە سارد بڕوانن، ئەی چەندە دەستەوەستانم لەنيوان سەری ڕاستم و دڵی چەپمدا! نازانم چۆن لەنیوەی ڕێگادا پاشگەزببمەوە ؟ کە وەک ڕووباڕ ڕۆیشتووم چۆن دووبارە بۆ سەرچاوەکەم بگەڕێمەوە، چۆن بتوانم ژنانە سەربەرزبم و پیاوانە سەرباز، ژنانە ئاڵا هەڵدەم و پیاوانە دەستبکێشمەوە.

نازانم چۆن ژنایەتیم لە ٦٧ کیلۆ گۆشت کێش و نزیکەی ٢٠٠ بوتڵ خوێن و ١٨٠سم بەرزایی بەژندا دەحەجمێ؟ ئەو سەرە بەهەزاران سەوداوەو ئەو دڵە بەسەدان درزەوە و ئەو زمانە زینکراوە بە شیعرو ئەو سەدان چیایە لە نەسرەوتنە چۆن لە جێگایان تێمدابۆتەوە! ئەی چ تێکەڵەیەکی دژ بەیەکم و لە مەشقی فڕیندا چەندین جار سەربەرەوخوار خلۆر بومەتەوە، ئەی لەو ژیانەدا چەند هێدمەئامێزە ژنانە لەتاو دەردەسەری سەربپێچی و پیاوانەش لەسەرپێچی نەسڵەمیتەوە، ژنانە چۆک دانەدەی و پیاوانەش چەک ڕادەستکەیتەوە، ئەی چ هونەرە لەیەککاتدا ژنانە سەرت ژان بکاو پیاوانەش سەر بۆ نالەبارییەکانی ئەو ژیانە بلەقێنی، ژنانە قەره‌بوو بکەی و پیاوانەش قوربانی بدەی.

هاوبیری من.. تۆ دەزانی کاسەی سەری من کاسەیەکی جێگیر نییە، بەردەوام چەرخدەدا و دەسوڕێتەوە، ئەو کاسە دەم هەیە پڕپڕە لەشەراب دەم هەیە پڕپڕە لە مەرەکەب، دەم هەیە نغرۆ دەبێ لە وشەدا، دەم هەیە سەدان ئاڵای تێدا دەشەکێتەوە، هەر ئەو سەرە دەمی واهەیە بەندەرێکی قەرەباڵغە، دەمی واش هەیە هیچ یەک لە کەشتیەکانی ناگەڕێنەوە، ئەو کاسەسەرە دەمی واهەیە هێندە پڕ دەبێ لە ژیان تا لەسەریەوە دەڕژێ، دەمی واش هەیە لە هەرچی ژیان و مرۆڤە خاڵی دەبێ و بەتاڵ دەمێنێتەوە..

 تۆ دڵنیابە ئەو کاسەسەرە هیچ جۆرە سەودایەکی لەسەر نییە، چونکە ڕێچکەی هیچ ئایدۆلۆژیایەک چڵەپۆپی هیچ ئاین و ئاینزایەک، ڕەگی هیچ نەژادپەرستیەک لەناویدا پەلی نەهاویشتوەو ڕۆنەچووە، ئەو سەرە ژنانە بەها دابەشدەکات و پیاوانەش نرخ مەزەندە دەکات، ئەو سەرە پڕە لە خەیاڵی خامخام، لە کیشوەری نوێ لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئەستێرەی نەدۆزراوە، لەمانگی دەستکرد، ئەو سەرە لەساحێبی خۆی بترازێ هیچ جەستەیەکی تر بەخۆیەوە وەکو پایە ڕاگیری ناکا، نە بەهیچ نرخێک دەفرۆشرێ نەبەهیچ بەهایەک دەقرسێنرێ، ئەو کەللە هێندە سەربەستانە سەخت پەسەندە، پێی گرنگ نیە ئەگەر دە ئەوەندەی دی ئەو جیهانە بە دەستی پیاوانەوە ئابڵۆقە بدرێ..

 ئەو کاسەسه‌رە چۆن لەجێ دەرناچێت کە رۆژێ ژنانە شەڕ لەگەڵ تۆز دەکات و پیاوانە بەرد دەهاڕێت بۆ ژیان، هەموو سپێدان زوو، ئەو کاسەسەرە ژنانە دەخوازێ بە ئاوو کەف چ پیسی و دزێوی و خاشاکی ئەو جیهانە هەیە بیشواتەوە و هەموو ئاڵۆزییەکانی ڕێکبخاتەوە، پیاوانەش هۆشیاری لانەدان لەخەتەکانی ترافیک بێت و بەنداوانەش بەهەدەردەدان گلداتەوە!

 ئەی ئەگەر دەزانی چ لەو کەللەیه‌دا دەگوزەرێ؟! بڕوانە چۆن بێ پەروا و ژنانە دەست بەوشەکانەوە دەگرێ و مێرانەش پاشەکشێ ڕەتدەکاتەوە، ئەی چ سەختە ژنانە هەڵچنی و پیاوانە بیڕوخێنیتەوە، لەگەڵ ئاوێنەکان لە ململانێ دابی و هاوکات بەپێش پیاوان بدەیتەوە، ژنانە هاوار لە گەرووتدا قەتیس بکەی پیاوانەش دەنگ بەرزبکەیتەوە، وەک گێژەڵوکە پێچ بدەی تا ژنانە هەرچی درزەکانی ئەو ژیانە هەیە بە ئەسپایی پێکیانەوە بنوسێنتەوە، وەکو لقه‌ درەختی بەربارانیش بەرامبەر عەشق هەڵلەرزی، هاوکات توند پێی لەکەوشەکانی خۆت دا بچەسپێنی و وەکو کێو هەرگیز سەر نەنوشتێنیتەوە هەتا ئەگەر هەموو ئەو گۆی ئه‌و زەمینەش دەرئەنجامی سەر لەسەری پیاوان بقاڵێتەوە.

سەرکێشی من بە تۆش کێش ناکرێ هاوڕێ، من لەو ژیانەدا ژنانە هەنگاو هەڵدەنێم و پیاوانەش دەپەڕمەوە، ژنانە پێ دەچەقێنم و پیاوانەش بازدەدەم، دارستانانە بەرگەی شەختە دەگرم و کڵۆشەکرانە لەتفتی دا دەتوێمەوە، ئەی چ ئاستەنگە لەیەک کاتدا ژنانە بەربەرەکانی لەگەڵ تەمەن بکەی و پێشبڕکێ لەگەڵ باڵندەکان، ژنانە بەبێ زیان لەکودەتایەکان قوتاربی و پیاوانەش بەبرینەکانتەوە دووبارە بچیتەوە دانوساندنەکان! ژنانە ڕاستی دەستنیشان بکەی و پیاوانە پاساو بۆ چەوتی بهێنیتەوە.

سەربەستی من بەهیچ شتێک و بە کەس سست ناکرێ هاوڕێ، دە تۆ بوێرە لێم ڕامەمێنە بەڵکو باوەڕم پێبهێنە، باوەڕبهێنە کە سەری من دوورگەیەکە نغرۆ نابێت و لووتکەیەکە بەدەستەوە نادرێت، باوەڕبهێنە کە دڵی من پورە هەنگێکە کەم کەس دەوێرن نزیکی ببنەوە و پارچە ئاوریشمێکە کرمەکان پاش چنینی دەمرن، باوەڕبهێنە کە ئەو کەللەسەرە ژنانە ڕەقەو پیاوانەش سەخت، دانی پێدابنێ کە ئەو سەرە ئاڵای خاکێکی بێ دەوڵەتە زۆر ئەستەمە بۆ تاکە جارێکیش داگیرێ.

ئەی چەند زەبربەخشە، ژنانە هێوربی و هاوکات بەناو هاوکێشەکانی ژیانیشدا وورد تەیبکەی، ژنانە هەمیشە لە پێوانی کەوچکی شەکرو کەوچکی خوێ وریابیت و بێ پێوانەش خۆشەویستی ببەخشی، بێ ڕاوەستان بەسەربکەوی و بەتەقیەوە ببزووی نەوەک بتکەن کەوی، ئەی چەند قورسە ژنانە ئازارەکان ڕەنگ بکەی و بێدەنگانە زامەکان داپۆشی، ژنانە سەرکزبی و پیاوانەش سەرەڕۆ، ژنانە هۆگربی و پیاوانەش هەڵپەرست.

دیدەی ڕەوان، ئەو کاسەسەرە، لەیەککاتدا ژنانە خەیاڵ وەکو پۆلە پەپوولە هاتوچۆی تێدا دەکا و پیاوانەش ڕەگ لە ژیاندا چەسپ دەکا، بەبێ ترس ژنانە بە تەقەتەقی قۆندەرەکانی ڕکابەری ڕەقی زەوی دەکا و پیاوانەش ستوونی لەسەر قایم دەکا، ئەی چ ئەستەمە لەو ژیانەدا پاک دەرچی! چ دژوارە خاوەن سەرێک، دڵێک، پێنووسێکی بێخەوش و نەبەز بی! گەواهی دەدەم بەو دڵە گەرمەی تۆو بە ساردی ئەو ژیانە، ئەگەر چۆن بە پێچەوانەی ڕێڕەوی ڕووباردا مەلەوانی دەکەی، ئەوها ژیان نەکەی ئەوا هەرگیز سەربەرزناکەیتەوە.

بڕوانە لەو جیهانگیرییە فریودەرەی هەر جیهانی بچووک نەکردۆتەوە بەڵکو مرۆڤ و بەهایەکانیشی گچکە کردۆتەوە، ژنەکان بەرەبەرە قەبارەی ئەندامەکانی جەستەیان گەورە دەکەن و لەکاتێک دا قەبارەی مێشکیان بچووک دەبێتەوە، بەهەزاران پاڵەوان و ئەستێرەی ساختە نمایشی جوانی سەرکەوتن بەسەرهەموواندا دەکەن، چاوچنۆکی و شمەکخۆری ئاسایشی ئەو زەمینەی خستۆتە گەورەترین مەترسییەوە.

ئەی چ نەفەسبڕە ژنانە وەکو دەرخت لە ژیاندا بلاژێیتەوە و هاوشێوەی درەختیش پێشبینی بکەی کتوپڕ یان دەتبڕنەوە یاخود دەشکێی یاوەکو لەجێی خۆی وشک دەبێ و بەردەبێتەوە، هەمیشەش هەر بە پێوە سەوز بچیتەوە! چ ئاستەنگە گەر بتەوێ هەموو شتێک دروست لەسەر جێگای خۆی دابنێی، دەستهەڵگری بێ ئەوەی ڕەگ هەڵقەنی، ئەی چ قوڕسە لەیەککاتدا ژنانە سێبەری خۆت بپارێزی و پیاوانەش ببیتە سایە! ژنانە بەرپرسیار بی و پیاوانەش لێپرسراو، ژنانە سەرسامبی و پیاوانەش سامەرستۆ، ئەی چەند زەحمەتە هەموو بۆشاییەکان بەسەرڕاستی بە سەربەستی بە سامانی بێ خەوش پڕ بکەیتەوە. جا تۆ وەرە حاڵیم بکە بۆ هەتا سەرڕاستتر بیت ئەو ژیانە پتر لێت دەچێتە بەری چەپەوە!.

سەرسەختی من بەتۆش کەوی ناکرێ هاوڕێ، من تا ئێستاش نازانم نە ژنم نە ڕووبار؟ دەستم هەن یا باڵ! هەرگیز ناکەومە ژێر خشتەو هێڵکارییەکانی کات و شوێنی ئەو جیهانە، ئەو کەللەم چۆنی مەبەست بێت وا جوگرافیا دەبەزێنێ و بەناودەکەوێ، بێ ڕەچاوکردنی تەمەن و ڕەگەز و کات و سات، کوێی مەبەست بێت سەری پێدا دەکا، جارجار جێگۆڕکێ دەکا لەگەڵ کەللەی قەندێک و جارجارەش وەک کەللە بەفرێک بەستەڵەک دەکا.

من چ بکەم کە ئەو کەللەسەرە هێندەی بە قاقای پێکەنینی خۆشەویستێک گەرم دەبێ هێندە بە هەموو سامان و دارایی ئەو جیهانە گەرم نابێ، هێندەی بە شیعرێکی جوان دێتە جۆش بەهەموو زانست و تەکنۆلۆژیای ئەو جیهانە نایەتە خرۆش، بێوچان لەبری ژمارەکان وشەکان کۆگا دەکا، ئەو سەرە هێندەی دڕدۆنگی و پرسیارەکانی منداڵێک لەبارەی ئەو ژیانە سەراسیمەی دەکا، سەدان پەیام و هوتافی سیاسیەکان بۆ گۆڕینی ئەو جیهانە شلوێی ناکا.

ئەی چ ئاستەنگە ژنانە هۆگرببی و پیاوانەش هەڵپەسێری، ژنانە بە وشە سەروەری تۆمار بکەی و پیاوانەش بە هێما سەروەری پێشێل بکەی، بەدڵ هەموو جۆرە جێنشینێک ڕەتبکەیتەوە و لەڕیز و سەرەکانی ژیانیشدا چاوەڕوانی بکێشی، چەند سەختە لەیەک سەردا ژنانە هەڵە بکەی پیاوانەش هەل بقۆزیتەوە، ژنانە ئازاربکێشی و پیاوانەش ئازاربنۆشی، ژنانە ڕەزامەندبی و پیاوانەش ڕازگر، ژنانە بڕەویەوەو پیاوانەش بەردەوامبی، ژنانە فریونەخۆی و پیاوانەش فەرمان بدەی.

تۆ بزانە، سەردەردی من تەنها دەرەنجامی تێکئاڵانی وردە دەمارو ڕەقهەڵاتنی خوێنبەرەکانی ناو سەرم نییە، هەڵئاوسانی کۆدەماری مێشک و گرژبوونی ماسولکەکانی نیە،دەردە سەری من دەرئەنجامی چەوتانە دابەشکاری پشکەکانی ئەو جیهانەیە، لێکهەڵبڕینی بەشەکانی ئەو نیشتمانەیە، نەخشەکێشانی ئەو سنوورە سیاسەت کردانەیە، کورتهێنانی ئاسایشی ئەو هەسارەیەیە، پێگەبەندی ئەو کۆمەڵگایانەیە، ئەوسەرە لە ژانی ئەوە پەستێوراوە چونکە ئەو چەرخە هەر بەچەپدا دەسوڕێتەوە، هەرچەندە لە ژیان دا ژنان دووبەرابەر سەربازن بەڵام تۆپی ئەو زەویە هەرلەژێرپێ و لەسەردەستی پیاوان دەخولێتەوە.

ئە‌‌ی لەو رۆژگارەدا ژن بوون چ هونەرێکە و ژن مانەوە چ جۆرەهونەرمەندیەکی پێویستە،ئەگەر ژنێکی خۆڕسک بیت چەند ئەستەمە چاوەکانت جیاوازیان نەبێت لەگەڵ ووشەکانت، لێوەکانت پێچەوانە نەبزوون لەگەڵ هەستەکانت، دڵت سپی و خاو بپارێزی وەکو شیری پاکت، پەنجەکانت دژ نەبن لەگەڵ تێهزرینەکانت، پێکەنینەکانت پەرچەکردار نەبن لەگەڵ گریانەکانت، سەرت دڕدۆنگ نەبێت لەگەڵ دڵت، دەنگت تێکەڵ نەبێ لەگەڵ ڕەنگەکانت.

لێرەبەدوا سەرم لە هیچ سوڕنامێنێ چونکە باش دەزانم کە ئەو سەردەمە،سەردەمی سەرپشککردنی سەرمایەداریە و بە جۆرەها تەڵەو تۆڕ سەرهەڵدانی مرۆڤەکانی خەفەکردوە،سەردەمی سیخوڕی دێجیتاڵی،تەکنەلۆژیای بریقەدار و ئەدەب و هونەری تژی لە زڕە بانگەشەیەو ڕەسەنایەتی هەراسانکردوە، گێگاو مێگابایت پێشبڕکێیانە تا جێگای سەرت بگرنەوە و زەینت کوێرکەنەوە، ئیمێل، ئێس ئێم ئێس، ڤایبەر و سۆشیال میدیاکان وەک قولاپ لەسەرت گیربوون هەر هەتا لەسڵاوێکی لەدڵڕا و لە ڕامان لە چاوی ئەزیزێک دوورمانبخەنەوە، ئەو سەردەمە سەردەمی ئەوەیە سەری خۆت بکەیتە مایە بەس بۆئەوەی زیندوو بمێنیتەوە!

بەهەرحاڵ هاوچەرخە ئەزیزەکەم نیگەران مەبە، چونکە ئەو سەرە ئەگەر دەمیش نەبێ لەگەڵ ئەو سەردەمە دڵنیابە بەخۆڕسکی سەربەخۆیە، نە نزم دەبێت بۆ هیچ تاجێک نە دەچێتە ژێر هیچ جۆرە کڵاوێک نە دادەنەوێ بۆ هیچ دەستێک، نە شۆڕ دەبێ بۆ هیچ دەسەڵاتێک نە هیچ سەودایەک دەیگرێتەوە، ئەگەر دەهێندەش تراژیدتر ئەو جیهانە لە سایەی سەری پیاواندا لاسەنگ ببێ و شەڕی تێدا نەکوژێتەوە.

تەواو

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین