ئه‌مڕۆ به‌رایی کورده یه‌زیدیه‌کان گه‌یشته ئه‌وروپا، خۆم له سه‌ر سنووری نێوان هۆڵه‌ندا و به‌لجیکا له که‌مپی په‌نابه‌راندا، (حه‌سنا) ناوێکم دواند و ئه‌و گووتی: له کوردستانێکدا ئیدی جێگای ئێمه‌ی یه‌زیدی تێدا نابێته‌وه که به غه‌یره دین و چاوی که‌م ته‌ماشامان بکرێت… هه‌ر بۆیه بۆ هه‌تاهه‌تایه به‌جێمان هێشت.
مێرده‌که‌ی حه‌سنا گووتی: برای من، هۆکاره‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ کولتوری ئیسلام-ی(عه‌ره‌بی). له‌وه‌ده‌چێ کورده ئیسلامه‌کان بڵێن جا ئه‌وه داعش بوو تاوانی به‌رانبه‌ر ئه‌وان کرد، ئه‌ی ئه‌و هه‌موو ناهه‌قیانه‌ی پێشتر به‌رانبه‌رمان کران، بۆ نموونه سه‌ده‌ی ١٨ پاشای ڕه‌واندز کورد نه‌بوو ئێمه‌ی قه‌تڵ و عام کرد و له‌ژێر ناوی دینی ئیسلامدا ده‌ربه‌ده‌ری کردین؟
منیش به حه‌سنا و مێردهکهیم وت: ئێوه‌ی یه‌زیدیش به هه‌مان ده‌ردی مه‌سیحی و جولهکهکانتان لێ به‌سه‌رهات لەکوردستان، کورده ئیسلام مه‌زهه‌به‌کان… هه‌رده‌م به ئه‌قڵێکی ئیسلامی عه‌ره‌بی شۆڤێنستی له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه و دیانه‌ته‌کانی تردا هه‌ڵسووکه‌وت ده‌که‌ن، له کاتێکدا یه‌زیدی و مه‌سیحی و جوله‌که پێش هاتنی ئیسلام کوردستان نیشتیمانیان بووه، ئێوه‌ی یه‌زیدی کوردستان جێگای باو وباپیرانتانه و ده‌ست به‌رداری مه‌بن.
کوڕێکی گه‌نجی ته‌مه‌ن ٢٠ ساڵ که برای حه‌سنا بوو… حه‌سنا پێی گووتم که ژنه‌که‌ی له‌لای ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (داعش) تا ئه‌مڕۆش ده‌ست به‌سه‌ره، کوڕه گه‌نجه‌که به توڕه‌ییه‌وه هه‌ڵیدایه و گووتی: گرانه برام زۆر گرانه بۆ ئێمه، ئه‌زانیت من ٣ساڵ له سلێمانی کرێکار بووم، باوه‌ڕ بکه ئه‌وه‌نده ناهه‌قیان به‌رانبه‌ر کردم و به‌چاوی که‌م و جیاواز سه‌یر کرام و سوکایه‌تیم پێکرا ته‌واو بێزار بووم له ژیان.
درێژه‌ی ئه‌م لێدوانه ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی داهاتوو له گۆڤاری په‌نابه‌ر به زمانی هۆڵه‌ندی بڵاو ده‌بێته‌وه، پاشان به زمانی کوردی له ڕۆژنامه‌یه‌ک یان ماڵپه‌ڕێکدا بڵاوی ده‌که‌مه‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌م لێدوانه‌دا ڕاپۆرتێکم ئاماده کردووه له‌سه‌ر بڕگه‌ی ژماره شه‌ش له ده‌ستووری حکومه‌تی هه‌رێمدا، که ئه‌مه چه‌ند دێڕێکییهتی.
ساڵی ١٩٣٠ کورده‌کانی ده‌ڤه‌ری موسڵ و بادینان به‌ده‌سیسه‌ی حکومه‌تی ئه‌وسای عێراق… قه‌تڵ و عامی مه‌سیحییه‌کانی موسڵ-یان کرد و نێزیکه‌ی ٣هه‌زار که‌سیان لێ کوشتن، له کاتێکدا بوو که مه‌سیحییه‌کان له‌و ساڵانه‌دا داوای ئۆتۆنۆمی و هه‌رێمێکی جیایان ده‌کرد بۆ خۆیان، دوای ئه‌و ساڵانه گرفتی جوله‌که‌کان هاته گۆڕێ، جوله‌که‌کانی کوردستان ٢٨٠٠ ساڵ پێش ئێستا کاتێک له‌لایه‌ن ئهسیرییهکانهوه بارمته کران و هێنرانه کوردستان به سه‌رانسه‌ری وڵات‌دا بڵاو بوونه‌وه، که پێش ساڵی ١٩٤١ ژماره‌یان له کوردستاندا ٨٠ هه‌زار که‌س ده‌بوون، له عێراقدا دوو ئه‌وه‌نده، ئیمڕۆ ٣٢ خێزانیان له کوردستاندا ماون و ناوی خۆیان گۆڕیوه و له‌سه‌ر شوناسه‌کانیان نوسراوه ئیسلام، بڕۆ بیاندوێنه و ده‌فته‌ری یاده‌وه‌ریه‌کانیان بخوێنه‌ره‌وه بزانه چه‌ندێک له‌وان باوه‌ڕی به بیری زایۆنستییه؟! به‌پێچه‌وانه‌وه زیاتر خۆیان به کورد و کوردستانی ده‌زانن.
له ساڵی ١٩٤٨ کاتێک نوری سه‌عید له ڕۆژنامه‌ی جمهوری ئه‌وسادا ده‌ڵێت (جوله‌که‌کان هه‌موویان ده‌ستبه‌سه‌ر و ڕههینهن) له کوردستانیش ده‌ستده‌کرێت به تێکدانی گۆڕه‌کانیان و داگیر کردنی ماڵه‌کانیان، له چه‌ندین جێگای جیاجیا به‌رده‌باران ده‌کرێن و له سلێمانی و هه‌ولێر دهۆک و زاخۆ… خۆپیشاندان ده‌کرێت دژیان و خۆپیشانده‌ره‌کان ئه‌و ده‌م ده‌ڵێن: جوله‌که‌ی پیس بۆده‌ره‌وه.
له کوردستاندا له ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکدا هه‌رچی ئاسه‌واریان هه‌یه تێک ده‌درێت و ده‌سڕێته‌وه، بێجگه له‌وه‌ی له به‌غداد ١٣٢٠ که‌سیان لێ ده‌کوژن و ته‌عدا له ژنه‌کانیان ده‌که‌ن و مه‌مکی ده‌یان ژن ده‌بڕنه‌وه، ئه‌و جوله‌کانه‌ی شاری به‌غداد زۆرینه‌یان کورد بوون، لە وێنه کۆنه‌کانیاندا ده‌بینرێت که جلی کوردیان له‌به‌ردایه، ئه‌و ڕوداوه‌ی به‌غداد به (فه‌رهود) ناسراوه، ئه‌و وشه‌ی فهرهودهی که تاکو ئه‌مڕۆیش له‌ناو خه‌ڵکی کوردستاندا به‌کار دێت. ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه خه‌ڵکی کوردستان تاکو ئه‌مڕۆ هیچ جیاوازی ناکه‌ن له‌نێوان جوله‌که‌یه‌ک و زایۆنسێکدا، هه‌روه‌ک چۆن له‌ناو کولتوری ئیسلامدا به هه‌مانشێوه‌یه، له‌دوای ڕاپه‌ڕینی ساڵی ١٩٩١ وه ١٨ پیری کوردی جوله‌که له ئیسرائیل و وڵاتی غه‌ریبییه‌وه گه‌ڕاونه‌ته‌وه و له کوردستان کۆچی دواییان کردووه… ئه‌وه نموونه‌ی ئه‌وه‌یه که ئه‌وان هێشتا کوردستان به نیشتیمان و زێده‌ی خۆیان ده‌زانن.
دوای ئه‌و هه‌موو ناهه‌قیانه له‌مڕۆدا که ساڵی ٢٠١٥یه ئێمه‌ی کورد چۆن ده‌بێت به ڕه‌وای بزانین… له بڕگه‌یه‌کی دهستوورماندا بنوسرێت: نابێ هیچ یاسایه‌ك له هه‌رێمی كوردستان ده‌ربچێت، كه پێچه‌وانه‌ى بنه‌ما نهگۆرِهكانی شه‌ریعه‌تی ئیسلام بێت.