ئایا کورد دەکرێت عێراقی بێت؟

372

 

 فۆتۆی فۆتۆتگراف جه‌مال پێنجوێنی ؛ فریشته‌كان
فۆتۆی فۆتۆتگراف جه‌مال پێنجوێنی ؛ فریشته‌كان

لە ئەدەبیاتی ئەکادیمی دیبەیتەکی زۆر لەسەر ئەوە هەیە کە داخۆ شوناس (identity) خودییە (subjective) یان بابەتییە (objective)… خۆی لەڕاستیدا شوناس هەم خودییە، واتە مرۆڤەکان دەتوانن بەخۆیان شوناسێک بۆ خۆیان هەڵبژێرن‌, دەشکرێت شوناسێکیش ڕەتکەنەوە، هەم بابەتیشە، واتە کۆمەڵێک فاکتی بابەتی دەبنە هۆی دیاریکردنی شوناس بۆ مرۆڤەکان وەک شوێنی لە دایکبوون‌و دایک‌و باوک‌و زمان‌و هتد.

کەسێک لە دایکوباوکێکی کورد لەدایکبووبێت‌و لە ماڵەکەیاندا کوردی فێربووبێت بەگشتی دەبێتە کورد. کوردبوون لێرە شوناسی ئیتنی یان نەتەوەییە نەک نیشتیمانیی کە وابەستەی دەوڵەتە.

ئەو کەسە کوردە لە عێراق بەتەنیا لەبەرئەوەی کە لە وڵاتێک لە دایکبووە ناوی عێراق مەرج نییە ببێتە عێراقی. ڕونتربڵێم، کوردێک ئەگەر هەڵگری جنسیەی عێراقی‌و پاسپۆرتی عێراقی بێت مەرج نییە ببێتە کەسێکی عێراقی، چونکە عێراقیبوون شوناسێکی دەوڵەتییە، شوناسی دەوڵەتی لەئاکامی عەقدێکی کۆمەڵایەتی لەدایکدەبێت‌و هەر لەسەر ئەو ئەساسەش دادەمەزرێت، کە بنەماکەی ماف‌و ئەرکە، واتە هاوڵاتی (citizen). بەواتایەکی دیکە ئەو کوردەی لە عێراق دەژی بە جنسیەی عێراقی‌و پاسپۆرتی عێراقی ئەگەر بشبێتە عێراقی لەڕووی یاساییەوە عێراقییە نەک لە ڕووی کۆمەڵایەتی‌و ڕۆحی‌و زاتی.

کورد دەکرێت ببێتە عێراقی بەڵام تەنیا کاتێک کە دان بە مافە سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌و فەرهەنگی‌و کەلتورییەکانی نرا. ئەگەر ئەو مافانەی پێشێلکرا ئەوە دەبێتە عێراقییەک لە ڕووی یاساییەوە بەڵام لە ڕووی زاتییەوە لەوانەیە کەسەکە خۆی بە عێراقی دانەنێت، وەک ئەوەی ئێستا لە عێراق دەیبینین کە کوردێکی زۆر سەرەڕای ئەوەی کە هەڵگری جنسیەو پاسپۆرتی عێراقین بەلام لەڕووی زاتییەوە خۆیان بە عێراقی دانانێن. ئەمەش بەکورتی ئەوەمان پێدەڵێت کە شوناسی دەوڵەت ڕەهەندی زاتی‌و بابەتی هەیە بەڵام شوناسی ئیتنی‌و نەتەوەیی زیاتر ڕەهەندی بابەتیان هەیە.

ئەو کوردانەی کە تەنیا لەبەرئەوەی جنسیەی عێراقی‌و پاسپۆرتی عێراقیان هەیە خۆیان بە کورد دادەنێن بەگشتی بەهەڵە لە پرسی شوناس گەیشتون. لەنێو ئەو کەسانە کەسانێک هەن کە خۆی بەعێراقی دادەنێت لەبەرئەوەی جنسیەی عێراقی هەیە کەچی هەموو ژیانی خۆی تەرخانکردوە بۆ دژایەتیکردنی دەوڵەتی عێراقی‌و سەربەخۆیی بۆ کوردستان. ئەمە پارادۆکسێکە کە ئەو کەسانە تێیکەوتون.

بەکورتی کورد لە عێراق عێراقی نین چونکە بەدرێژایی تەمەنی دەوڵەتی عێراقی کوردان نەک هەر دان بە مافەکانیان نەنراوە بەڵکو دووچاری جینۆسایدو، پاکتاوی ڕەگەزیی‌و کۆچی بەزۆرەملێی‌ بوون، واتە ئەو عەقدە کۆمەڵایەتییەی کە گوتم بنەمای شوناسی دەوڵەتییە نەک هەر پێشێلکراوە بەڵکو هەر دروستنەبووە.

 

ته‌واو

 

 

You might also like More from author

Comments are closed.

error: Content is protected !!