ئه‌منه‌ سووره‌كه‌ی سلێمانی

یادەوەرییە تاڵەکانی ڕۆژگارێکی خوێناوی


Loading

ھەرچەند ھەردەم و ھەمیشە لەکات و شوێنە جیاجیاکاندا بەتەماشاکردن و ڕوانینە ئاسمان، خەنی بووم و خەنی دەبم؟! بەڵام ئەو دەمەی لە”‌ئەمنەسوورەکەی سلێمانی” زیندانی بووم و بۆ یەکەمجار کەبەدیواری یەکێک لەژوورە ئینفیرادییەکانیدا ھەڵزنام و لەدەلاقەکەیەوە ڕوانیمە ئاسمان، لەجێی ئەوەی وەک جاران بەبینینی ئاسمان خەنی ببم، بەشێوەیەکی سەیر و ھەژێنەر دڵم پڕبوو.
لەو ساتەوەختەدا‌زۆر بەقووڵی ھەستم بەدابڕان و ترازانی خۆم دەکرد؛ لەھەموو ئەو شتانەی کەدەکەوتنەدەرەوەی دیوارەکانی ئەو شوێنەی کەتێیدا زیندانی بووم.

ئیدی ڕوانینە ئاسمان لەدەلاقەی ژوورێکی ئینفیرادییەوە، تووشی نامۆبوونێکی قووڵی کردم، نامۆبوونێکی جوداو جیاواز لەھەموو ئەو نامۆبوونانەی کەپێشتر بەرانبەر شتگەلەجیاجیاکان ھەستم پێکردبوو؟! ڕەنگەیەکێک لەھۆکارەکانی ئەو چەشنەنامۆ بوونەشم، پەیوەست بێت بەوەی کەلەو ساتەوەختەی ڕوانینمدا، ئاسمانم وەک ئەو ئاسمانەنە  ھاتەپێش چاو کەپێشتر دەمناسی و پێی ئاشنا بووم…ئاسمان لەو ساتەوەختەدا وەک من نەیار و نا ئاشنا و نامۆ بوو بەخۆی و سەرجەم شتەکان؟

ئه‌منه‌ سووره‌كه‌ی سلێمانی
ئه‌منه‌ سووره‌كه‌ی سلێمانی

ئێوارەیەکی تەڵخی ساڵی ١٩٩٠

لەو ئێوارە تەڵخەدا، ھەر لەخۆمەوە کەوتمە سەیرکردنی ھەموو ئەلبوومەکۆنەکانم و وردبوونەوەلەزۆرێک لەوێنەکانی منداڵیم، بەتایبەتیش ئەو وێنانەی کەبەمنداڵی و پێکەوە، لەگەڵ باوکم پێش مەرگی گرتبوومان.
ئیدی لەو ساتەوەختەدا کەمن لەنێو یەکێک لەئەلبوومەکاندا توابوومەوە و زۆر بەقووڵی دەمڕوانییە یەکە یەکەی وێنەکانی؛ بەبێ ئەوەی ئاگادار بم، پتر لەپانزە، بیست کەسێکی سەر بەھێزەکانی ئەمنی ڕژێمی پێشووی بەعس، بەباز لەدیواری پێشەوەی خانووەکەمانەوە، ھاتبوونەنێو حەوشەکەمان و لەوێشەوە لەمیانی دەرکەی کراوەی ڕاڕەوەکەمانەوە، ژمارەیەکی زۆریان ھاتنەنێو ئەو ژوورەی کەمن و ئەلبوومەکانی گرتبووەخۆ.
ھەر یەکسەر و بێ سێ و دوو، بەرەو دەرکەی دەرەوە، بەکەلەپچەکراوی بردیانم و لەوێشەوە بەلاندکرۆزێک بۆ ” ئەمنی بەلدەی سلێمانی”.

ئەو شەوەم لەوێ بردەسەر و بۆ سبەی بەیانییەکەی، ھەر زوو چەند ئەمنێک ، پاش ئەوەی یەکێکیان بەپەڕۆیەکی تەڵخ و پیس چاوی بەستم … بەئۆتۆمبیلێک منیان بردە نێو ئەو زیندانە گەورەترسناکەی؛ کەدواتر زانیم ئەو شوێنە “مودیریەتی ئەمنی سلێمانی”یەو بە”ئەمنەسوورەکە” ناسراوە.

ئیتر ھەر کەبردیانمە ژوور، بەرەو ئینفیرادییەکان (زیندانی ته‌نیا) بردیانم و پاش ماوەیەکی کەم؛ بەچاو بەستراوی بەرەو ژووری ئه‌شكه‌نجه‌دان و لێكۆڵینه‌وه‌ (تەعزیب و تەحقیق) بردم .. وێڕای شیڕە شیڕ و ھوھاو دەنگەدەنگی بەئەنقەستی گاردەکان و تێھەڵدان؛ کەبۆ ترساندن بوو…
ھەر کەبرامەژووری تەعزیب و تەحقیق؛ بۆ یەکەمجار لەژیانمدا چاوم بەقولاپی ھەڵواسین و ئامێری دەستیی ئەشکەنجەدانی بەکارەبا کەوت و ھێندەی نەبرد دەستکرا بەئەشکەنجەدانم. سەرەتا ھەڵواسین و دواتر کارەبا و جۆرەکانی دیکەی ئەشکەنجەدانی فیزیکیی و سایکۆلۆژیی؛ لەنێو ئەو ژوورەسامناکەدا کەبۆنی ئارەقەی جەستەو خوێنی لێ دەھات.

ئەوانەی ڕاستەوخۆ کاری تەحقیق و تەعزیبی منیان لەدەستدا بوو؛ نەقیب “ماجید” و مفەوەز ” تاریق” بوون، ئەمە جگە لەتێھەڵدان و سووکایەتی پێکردنی بەردەوامی گاردەکانی دیکەی ئەمن؛ کەدووان لەوانەی بەتایبەت بەمنیانەوە گرتبوو، یەکێکیان ناوی “جومعە” و ئەوی تریشیان “ئەبودەلەف” بوو.

جا ئەم “ئەبودەلەف”ە، لەزلە لێداندا دەستی زۆر قورس بوو، سەرباری ئەوەی شێوازێکی زۆر تایبەتیشی ھەبوو.. سەری زیندانییەکەی دەخستە مابەینی ھەردوو دەستی، یان بابڵێین ھەر دوو دەستەزلەکانی دەخستەئەم لاو ئەولای سەری زیندانییەکە و زۆر بەخێرایی بەزله‌ لێدان دایدەگرتەوە.. من وەک خۆم یەکێک بووم لەو زیندانییانەی؛ کەئازاری بەسوێی ئەو زلە گەرم و قورسانەی “ئەبو دەلەف”م چەشتووە…

ژووری ئینفرادی (زیندانی ته‌نیا)
ژووری ئینفرادی (زیندانی ته‌نیا)

بەسەرھاتەکانی نێو ئەمنەسوورەکە

سێ ھەفتەی سەرەتام لەئینفیرادییەکانی نھۆمی دووەمدا بردەسەر و دواتر برامەھۆڵی سێ؛ کەئەویش ھەر دەکەوتە نھۆمی دووەمی زیندانەکە، جا بەمەبەستی خستنەڕووی ھەندێک لەو جەنگە سایکۆلۆژییانەی کەلەگەڵمان دەکرا، ئەوەندەی بتوانم لێرەدا ئاماژەبەھەندێک شت دەدەم؛ بۆ نموونە لەسەرما و سۆڵەی چلەی زستانی ئەو ساڵەی کەتێیدا زیندانی بووم، چەند جارێک ئێواران شووتییان بەژەم داینێ… دیارە ئێستاشی لەگەڵدا بێت؛ نەمزانی لەو سەردەمەدا کە میوە تەنھا لەوەرزی خۆیدا ھەبوو، ئەوان ئەو چەشنە شووتییە کۆڵە گچکانەیان لەکوێ پەیدا دەکرد، کەدەبوو وەک ژەم تەنھا یەک شووتیی بدرێت بەزیاد لە١٥ -٢٠ زیندانیی؟!

ئەمە جگەلەوەی کەجار جارە، گێزەر و کاھووی قووڕاویشیان بەژەم دەداینێ، ئەمە سەرباری ئەوەی ھەموو ژەمەخواردنەکانی تریش زۆر کەم و خراپ بوون، وەک نموونەیەک ئەو دەمانەی کەخورما وەک ژەم دەدرایە زیندانییەکان، ھەر یەکەمان تەنھا ٥-٦ دەنکەخوورمایەکی بەر دەکەوت و دەبا خۆی پێ تێرکردبا؟!.

جۆرێکی دیکەش لەو جەنگەسایکۆلۆژییانەی کەلەگەڵمان دەکرا و ھەردەمیش دووبارەدەبۆوە؛ بانگکردن و بردنی زیندانییەکان بوو بۆ تەحقیق و تەعزیب لەکاتی ژەمەخواردنەکاندا، یاخود بەئەنقەست لەکاتی ژەمەخواردنەکاندا، زیندانییە تازەدەستگیرکراوەکانیان لەمابەینی ھۆڵەکانی زینداندا ھەڵدەواسی و بەسۆندە و کێبڵ تێی دەکەوتن.  ئاشکرایە بۆ ئەشکەنجەدانی بەردەوامیشمان ھەر شتێکی خراپیان بەخەیاڵدا ھاتبا، بێ سێ و دوو لەسەریان تاقی دەکردینەوە؛ ڕەنگەناخۆشترینیان ئەو دەمانەبووبێت کەلەڕۆژە ھەرەساردەکانی زستاندا، سەتڵە ئاویان دەکردەژێرمان و ناچاریان دەکردین لەسەر پەتۆی تەڕ بخەوین، یان با بڵێین ڕابکشێین، چونکەخەوتن لەنێو ئەمنەسوورەکەدا و بەتایبەتیش لەو ئان و ساتانەدا؛ لەئاستەم نزیک دەبۆوە؟!

شایانی باسیشە لەنێو ھۆڵەکاندا لەبەر کەمی ئەو پەتۆ پیس و بۆگەنانەی کەدەماندا بەخۆماندا، دەبا سێ لەمبەر و سێ لەوبەری ھۆڵەکە، بەرانبەر بەیەک قاچ تێکەڵ بکەین و ئینجا ھەر سیانمان بەجیا دوو پەتۆ بدات بەخۆیدا، واتەسێ زیندانی پێکەوە دەبوو لەژێر دوو پەتۆدا، یان جار ھەبوو یەک پەتۆدا بخەوێت. لەھەمووشی ناخۆشتر ئەوەبوو، کەھەرگیز ساحیبەکانیان نەدەکوژانەوەو ئیشکردنی بەردەوامی ساحیبەکانیش لەزستاندا ھێندەی دیکە ھۆڵەکانی زیندانی ساردتر دەکرد. دیارە سەبارەت بەژوورە ئینفیرادییەکانیش؛ بەھەمان شێوە  ساحیبەکانیان ئیشی دەکرد، و زیندانییەکانی نێویان بەزستانان زێدەتر سەرمایان دەبوو. ئەمە جگە لەو دەنگە بێزارکەرە بەر‌دەوامەی کەلەساحیبەکانەوە دەھاتن و ھەر بۆ خۆی گەورەترین ئەشکەنجەدەری زیندانیی بوو، بەتایبەتیش زیندانیەکانی نێو ئینفیرادییەکان.

جا ئه‌گه‌ر یەکێک لەو شتە سەیرانەی کەلەو دەمانەی لەنیو ئینفیرادییەکاندا بووم، کەوتەبەرچاوم؛ نیوەڕۆیەکیان کەزۆرم برسی بوو، “ئەبو دەلەف” بەتووڕەبوون و بۆڵەبۆڵەوە، دەرکەی ژووری ئینفیرادییەکەی کردەوەو نەڕاندی و گوتی: ( خێرا سەتڵی پیساییەکەت بڕێژە).
بەپەلە بەرەو‌ئاو دەستەپیسەکەی بەشی سەرەوەی ژوورە ئینفیرادییەکان چووم، خێرا ئەوەی لەسەتڵەکەدا بوو، ڕۆمکردە نێو ئاو دەستەکە، و تاگەڕامەوە تەماشامکرد “ئەبودەلەف”، سەتڵی خواردنەکەمی دەرھێناوە( لەڕاستیدا لەنێو زیندانە ئینفیرادییەکاندا، ھەر زیندانییەک دوو سەتڵی دەدرایە؛ یەکێکیان بۆ ” میزوپیسایی و ئەویتریشیان بۆ خواردن”….). ئیتر لەو ڕۆژەدا زۆر زیاتر لەڕۆژانی تر شۆربای نسکێنەی بۆ کردمە نێو سەتڵەکە؛ واتەئەو سەتڵەی کەلەبنەڕەتدا سەتڵی” میز و پیسایی” بوو؟! ئەمەجگەلەوەی کەگاردەکانی ئەمن ھەر خۆیان جار جار بەمەبەستی ئەشکەنجەدانی سایکۆلۆژییانەی زیندانییەکان ئاڵوگۆڕیان بەسەتڵەکان دەکرد؟!

یەکێک لەشتەناخۆشەکانی تریش ئەو ڕۆژانە بوو کەبەزۆر ڕیشیان پێ دەتاشین و دەبوو کۆمەڵ کۆمەڵ بەشی سەرەوەی جلکەکانمان دابکەنین و ھەر یەکەمان پێش وەخت کەمێک ئاو بکەینە نێو یەکێک لەو بنەسەتڵە  “ماست یان ئایس کرێم”انەی کەپێشتر ‌وەک دەفر بەکارمان ھێنابوو.  بەپەلە لەژێر لێدانی کێبڵ و شەق و زلەدا، دەبوو لەدەرکەی ھۆڵی زیندانەکەوە بچینە ڕاڕەوەکە و لەوێ بەچیچکانەوە دابنیشین و بەدەستێک لەتەئاوێنەیەکی شکاوی ھێندەی سەد فلسیەکی جاران و بەدەستەکەی تریش گوێزانەکە بگرین. ئەمە لەکاتێکدا جگە لەجوێن و سوکایەتی پێکردن، تا لەڕیش تاشینەکەش دەبووینەوە، بەکێبڵ و شەق، بەسەرە لێیان دەداین. کاتێک ‌زیاد لەشوێنێکی ڕووکاری ھەر یەکێکمان زامدار دەبوو؛ گاردەکان بەبینینی ئەو خوێنەی کە لێرەو لەوێی دەموچاوی ھەریەکێکمان دادەچۆڕا، خەنی دەبوون و بۆ گاڵتەپێکردن و ڕابواردنیش یەکێک لەگاردەکان، بەتایبەتیش “ئەبودەلەف” دەیگوت:” پیرۆزتان بێت” و بەدواشیدا جڕت و دواتریش قاقای لێدەدا.

یادەوەرییەکانی ھۆڵی سێ

لەو شتانەی لەو ھۆڵەدا زۆر ئازاری دام، زانینی ھەواڵی گولە بارانکردنی برادەرێکی منداڵیم بوو بەناوی “ئاسۆ کەمال موکورجی”..بەسەرھاتەکەشم لەکۆنترین کەسی زیندانکراوی نێو ئەمنەسوورەکەوە بیست. ئەو زاتەی کەبەسەرھاتەکەی بۆ گێڕامەوە زیاد لەدوو-سێ ساڵ بوو لەوێدا زیندانی بوو. ئیدی بەڕێکەوت ڕۆژێکیان بەسەرھاتی گولە بارانکردنی”ئاسۆ”ی بۆ گێڕامەوە، کەچۆن ئێوارەیەکیان لیژنەی گولە بارانکردن ھاتوون، ناوی ئەو و چەند کەسێکی تریان خوێندۆتەوەو پاشان ھەر ئەو ئێوارەیەو دەست بەجێ لەحەوشەی ئەمنەسوورەکەدا گولە بارانکراون.
بۆ زانیاریش؛ لیژنەی گولە بارانکردنی زیندانییەکانی ئەمنەسوورەکە، سەرباری زۆری ژمارەیان کەدەھاتن بۆ بردنی زیندانییەکی دیاریکراو، چەکداریش بوون، لەکاتێکدا ھیچ کاتێکی تر گاردەکانی تر بەچەکەوە نەدەھاتنەنێو ھۆڵەکان و بەردەمی؟!

وەک خۆم رۆژی ٨/٣/١٩٩١، بۆ دواجار ئەو لیژنەی گولە بارانکردنەم تێدا بینی، واتە ئەو ڕۆژەی کەتێیدا ئازادبووین، پێش چەند سەعاتێک لەئازادبوونمان؛ کۆمەڵێک ئەمنی چەکدار ھاتن و”محەمەد” ناوێکیان لەگەڵ خۆیان برد و گولە بارانیان کرد، بەڵام دیارە لەو ڕۆژەدا ئەمنەکان نەپەرژاونەتەسەر جێبەجێکردنی گولە بارانکردنەکە بەپێی ڕێو ڕەسمی گولە بارانکردنی نێو ئەمنەسوورەکە. چونکە پێشتر و پێش گولە بارانکردنی ھەر زیندانییەک شۆڤڵێک لەحەوشەی ئەمنەسوورەکە دەکەوتەکار و ئەو خۆڵەی رێک دەخست؛ کەپێشتر لەشوێنی پێویستدا ڕۆکرابوو، ئەمەش بۆ چەقاندنی ئەو دارانەپێویست بوو، کەزیندانیەکانیان پێش گولەبارانکردن پێوە دەبەستەوە. زیاتریش ئێواران لیژنەی گولەبارانکردن دەچوونەنێو زیندانەکەو ھەر زیندانییەکیان مەبەست بایە دەیانبردو پاش کەمێکیش لەبردنی گوللەبارانیان دەکرد.

ھۆڵی یەک و مانگرتن

بەژێر زەمینی نھۆمی یەکەمی زیندانی ئەمنەسوورەکە دەگوترا ھۆڵی یەک. کاتێک ھێزەکانی ئەمریکاو ھاوپەیمانانی، دەستیانکرد بە بۆردوومانکردنی شوێنە ستراتیژییە”سەربازییەکانی” ڕژێمی پێشووی عێراق، ھەر لەدەستپێکی ئەو بۆردوومانکردنانەدا، شەوێک ھاتن و بەپەلە ھەموو زیندانییەکانی نھۆمی دووەمیان گواستەوەبۆ ھۆڵی یەک. دیارە سەر‌باری ساردو سڕیی و شێدارییە ھاوشێوەکەی لەگەڵ ھۆڵەکانی دیکەی ئەمنەسوورەکە، شوێنێکی تاریکیش بوو.

ئیدی کۆبوونەوەی یەکەمجاری ئەو ھەموو زیندانیە سیاسیەی کەلەیەک شوێندا ترنجابوونەیەک و بەشنەکردنی خواردن و خراپبوونی چەندێتی و چۆنیەتییەکەی لەچاو جاران. سەرباری گیرانی ئاودەستەکانی ھەر دوو بەرەی ھۆڵەکە، کەدەبوو بەقادرمەیەک بۆی بچیتە سەر، ئیتر کەئاودەستەکان گیران، ھێندەی نەبرد ھەرچی ئاو و پیسایی بوو، ھاتەژێرمان و بەمەش ھەموو لەش و جێگەمان بوو بەپیسایی، دیارە ئەو بارودۆخە ناتەندروستە و وەک ئاماژەشم پێدا خراپی خواردنەکان و ھەندێک ھۆکاری دیکەش بوونە مایەی یەکگرتنی سەرجەم زیندانییەکانی نێو ھۆڵەکە و ئەوەبوو ھەر ھەموومان بڕیارماندا کەمانبگرین.

ھەر ئەو ڕۆژە نیوەڕۆکەی، کاتێک خواردنیان ھێنا، یەک دوو زیندانی بەناوی ھەموو زیندانییەکانی ئەو ھۆڵەوە، لەو چەند گاردە ئەمنەی کەخواردنیان ھێنابوو، چوونەپێش و گوتیان: “ھەموومان بڕیارمانداوە کەنان نەخۆین”.

ئیتر ئەمنەکان بەمەزۆر شڵەژان و بەپەلەو ھەڵەداوان چوونەدەرێ و ھێندەی نەبرد کۆمەڵێک لە کاربەدەستەکانی ئەمنەسوورەکە، مەبەستم لەپلەدارەکانێتی، ھاتنەبەردەرکەی ھۆڵەکەو پاش ئەوەی کەزانییان چاوسوورکردنەوەو ھەڕەشەو گوڕەشە سوودی نییەو ھیچ زیندانییەکی نێو ئەو ھۆڵە ئامادە نییە ئەو چەشن و جۆرە خواردنانە بخوات کەتادەھات بەرەو خراپتر دەچوو، بەبێدەنگی چوونەدەر… پاش ماوەیەک، کاتێکمان زانی ژەمەخۆراکێکی زۆر و باش لەچاو ژەمەخواردنەکانی دیکەدا ھێنران و بەخێرایی دابەشیان کرد بەسەرماندا.

دیارە مانگرتنی خۆمان و دواتریش خۆپیشاندانی کەس و کاریشمان لەدەرەوەی زیندان، بووەمایەی ڕێدان بەمواجەھەکردنی کەس و کارمان و ھاتنی خواردن لەوانەوەبۆمان.
شایانی باسە ھەموو ئەو ئاڵوگۆڕەی کەپێشتر ئاماژەم پێدا، یەک دوو ھەفتەی تێپەڕنەکرد و کاتێکمان زانی کۆمەڵ کۆمەڵ جیایان کردینەوەو ڕەوانەی ھۆڵەکانی سەرەوەیان کردین. ئەمە لەگەڵ ئەوەی کە پێموایە ژمارەیەک لەو زیندانیانەی کەلەبنەڕەتدا لەھۆڵی یەکدا بوون، ھەر لەشوێنی خۆیاندا ھێڵرانەوە.

ئیتر ئەمجارەیان لەگەڵ کۆمەڵێک زیندانی تر، من وەک خۆم کەوتمەھۆڵی پێنجی نھۆمی دووەمی زیندانەکەو تا ڕۆژی ئازادبوونم، دەمە و نیوەڕۆی ٨/٣/١٩٩١، ھەر لەو ھۆڵەدا مامەوە.

 من وەک خۆم بەقاتێ بیجامەی ھاوینەوە گیرام و تا ڕۆژی ئازادبوونیشم ھەر ئەوەم لەبەردا بوو، واتەھەموو پاییز و زستانە تەڕو تووشە زۆر ساردەکەی ئەو ساڵەم بەجلی ھاوینەوە بردەسەر. مەبەستم لەم ئاماژەپێدانەدا ئەوەیە کەزیندانی چی لەبەردا بووایە، تا ئەو ڕۆژەی دەبرا بۆ دادگا یان گولە باراندەکرا، ھەر ئەوەبوو.

یەکێک لەشتە ھێجگار ناخۆشەکانی تریش؛ ناچاربوونمان بوو بەخۆشوشتن بەئاوی ساردی زستان، کەسەرمانی دەھێنایە ژان و دواتریش تا وشک دەبووینەوە، دەبوو لەسەرماندا ھەڵبلەرزین، جا نەدەکرا بۆ قورتاربوون لەو ئەشکەنجەیە، بەتەواوی دەست بەرداری خۆ شوشتن ببین؟! چونکە نەخۆشییەکانی پێست و خوورانی بەردەوامی زۆر شوێنی لەشمان؛ لەژێر کاریگەری جموجۆڵی ئەسپێ زۆرەکان، کەزیاتر بەشەوان دەکەوتنەجووڵەو جموجۆڵ؛ نەک ھەر کەسی زیندانیی ناڕەحەت دەکرد، بەڵکو بەتەواویی باری سایکۆلۆژیشی تێک دەدا…ئێستاش کەخوورانی بەردەوامی ئەو دەمی جەستەی خۆمم بیر دەکەوێتەوە، سەرباری ئەو ھەموو ئەسپێیەی کەبەڕۆژ لەمابەینی تەقەڵی چاکەت و پانتۆڵی پیجامەکەمدا خۆیان حەشار دەداو بەشەویش جەستەمیان دەکردە مەنزڵ و ئۆقرەیان لێدەبڕیم؛ مووچڕک بەھەموو بەدەنمدا گوزەر دەکات؟!
دەتوانم بڵێم ‌ئەو بوونەوەرەبچووکەی کەپێی دەگوترێت ئەسپێ و بەتایبەتیش ئەسپێیەکانی نێو ئەمنەسوورەکە لەئەشکەنجەدانماندا ھیچیان لەجەللادەکان کەمتر نەبوو!
ئەشکەنجەدانی ئەسپێیەکان ھەر لەگەڵ ڕاکشانمان و زیاتریش بەشەو دەستی پێدەکرد و تا بەیانی بەردەوام دەبوو. دەیان بوونەوەری بچکۆلە پێکەوە دەکەوتنە جووڵەو لێرەو لەوێ خوێنیان دەمژین، دواتریش شوێن گەستنەکانیان دەخووراو بەناچاری و خووراندنی زۆریش دەبووەمایەی زامدار بوونی شوێنە خوورێنراوەکەو ھەوکردنی، له‌به‌رئه‌وه‌  ناچاردەبووین گەر بەئاوی نیمچە بەستووش بێت خۆمان بشۆین. بەڵام ئاشکرایە خۆشوشتنی نێو زیندانی ئەمنەسوورەکە، ھەر بەناو خۆشوشتن بوو، ئەگینا لەڕاستیدا خۆشوشتنەکە بریتی بوو لەوەی، کەبەخێرایی یەک دوو سەتڵ ئاو بکەیت بەخۆتدا، لەکاتێکدا نەلیفکە ھەبوو نەسابوونێکی وات لەبەر دەستدا بوو کەکەف بکات، بەتایبەتیش بەو ئاوەساردە؟! سەرباری ئەوەی نەخاولیش ھەبوو خۆتی پێ وشک بکەیتەوە، ڕەنگە یەکێک لەئەشکەنجە زۆر ناخۆشەکانی دنیاش بۆ ھەر کەسێک ئەوە بێت، لەچلەی زستاندا ناچاری بکەیت، بەئاوێکی زۆر سارد خۆی بشوات. ئەمەجگەلەوەی زۆرجار ئەو دەمانەی خۆمان تەڕکردبوو، ئەمنەکان دەھاتن و دەبوو خێرا جلەکانمان لەبەر بکەین و پێشیان بکەوین بۆ ژووری تەحقیق و تەعزیب.

یادەوەرییەکانی ڕۆژی ئازادبوون

دەبێت ھەر لەسەرەتاوەئەوەبڵێم، بڕیاروابوو کەمن و کۆمەڵێک لەھاوڕێکانم.لە مارسی ١٩٩١ دا و لێرەو لەوێی شار، بەبەرچاویی خەڵکییەوە گولە بارانبکرێین، بەڵام ڕاپەڕینی جەماوەر بووە لەمپەری جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی جەللادەکانی ئەمنەسوورەکەو سەرانیان.
شایانی باسیشە بەو پێیەی من وەک خۆم لەو دەمەدا لەھۆڵی پێنجی نھۆمی دووەمی زیندانی ئەمنەسوورە کەزیندانی بووم، زیاتر ئاگاداری ڕووداوەکانی ئەو نھۆمە بووم. بۆ نمونە؛ ھەوڵدانی زیندانیەکانی ھۆڵی سێ لەناوەوەڕا؛ بۆ شکاندنی دەرکەی ھۆڵەکەیان، یان ئەو قازیفەیەی کەبەر دیواری ھۆڵەکەمان کەوت و با‌ش بوو بەتەوایی دیوارەکەی نەبڕی، ئەگینا زۆربەمان دەکوژراین، بەڵام ئەوەبوو زیاتر دیوارەکەی لەناوەوەڕا ھەڵتەکاند و گەچێکی زۆریش بەسەر من و برادەرێکی تردا ڕژا. کەھەردووکمان لەو دەمەدا لەژێر شوێنی پیاکێشانەکەدا دانیشتبووین.
لەڕێی ساحیبەو دەلاقەکانیشەوە توانیمان بەشێکی ئەو حەشامەتە گەورەیە لەجەماوەری ڕاپەڕیو ببینین.
بەھەرحاڵ دەمەو نیوەڕۆی ٨/٣/١٩٩١، ئەو ساتە مێژووییە بوو، کەھەرگیز مه‌زنده‌م نەدەکرد ببمە شاھید حاڵی و بەچاوی خۆم و لەنێو سامناکترین زیندانەوە، ئەو وەرچەرخانەگەورەیە ببینم و لەنزیکەوە گوێبیستی دەنگی شکانی یەکە یەکەی قفڵەکانی زیندانەکە ببم.

ئێستاش شێوەی ئەو کوڕە گەنجە باڵابەرزەم لەبەرچاوە، کەبەر لەوەی فیشەک بەیەکە یەکەی قفڵەکانی دەرکەداخراوەکانی نھۆمی دووەمەوەبنێت و بیانشکێنێت؛ ھاواری دەکرد و دەیگوت: بچنە دواوە.

پاش شکانی قفڵەکانی ئەو چەند دەرکەیەی ھۆڵەکەمان..ئیدی من وەک خۆم بەپێی پەتی و بەپیجامەیەکی ھاوینەوە، لەگەڵ ھەموو زیندانییەکانی نھۆمی دووەم، بەخێرایی وەک ئەوەی لەدۆزەخ ھەڵبێین،  بەپێ پلیکانەکاندا ھاتینە خوارێ و بیرمە کاتێک بەپێ پلیکانەکاندا ھاتمەخوارێ، گوێم لەگریان و پاڕانەوەی کەسێک بوو بەزمانی عەرەبی؛ بەڵام بەشێوە نەمبینی و ئەو دەم و دواتریش نەمزانی کێ بوو!؟.

فۆتۆ؛ شه‌ڕی ئه‌منه‌ سووره‌كه‌ ٧- ٨ مارسی ١٩٩١
فۆتۆ؛ شه‌ڕی ئه‌منه‌ سووره‌كه‌ ٧- ٨ مارسی ١٩٩١

یەکێک لەشتەسەیرەکان ئەوەبوو، کاتێک ئازادبووین؛ من وەک خۆم بەسەرسامییەوە، لەنێوەڕاستی گۆڕەپانێکی ئەمنەسوورەکەدا، ماوەیەکی زۆر ڕاوەستام، لەکاتێکدا ئەو شوێنە شوێنێکی زۆر خراپ بوو، چونکەھێشتاکە ئەمنەکان لەسەربان و شوێنە بەرزەکانی زۆربەی بیناکانی ئەمنەسوورەکەوە، لەگەرمەی شەڕدا بوون و‌خۆیان نەدابوو بەدەستەوە.

ئیتر ھەندێک لەو جەماوەرە ڕاپەڕیوەی کەلەپەناو پاسارەکانەوە تەقەیان دەکردو بەتایبەتیش ئەوانەی کەبۆ ماوەیەکی کەم، بەھۆی ھەر ھۆکارێکەوە بووبێت، لەتەقەکردن دادەبڕان و بۆ کورتەساتێک تێیان دەڕوانیم زۆریان پێ سەیر بوو کەزیندانییەکی تازە ئازادبوو، بەپیجامەوەو بەپێی پەتی بەرانبەر قەنناسی ئەمنەکان ڕاوەستابێت!.
بەھەر حاڵ؛ تا کەسێک ئاگاداری کردم کەئەو شوێنە مەترسیدارە و پێویستە لەوێدا نەمێنم، ھەر لەوێدا و بەوپەڕی سەرسامیەوە، دەمڕوانییە یەکێک لەڕووداوە ئاڵوگۆڕئامێزەکانی مێژووی دەڤەرەکە…

ته‌واو

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.

كولتور مه‌گه‌زین: یوسف عزه‌دین بۆ یه‌كمجاره‌ له‌جیاتی چیرۆكنوسین، بێ زیادوكه‌م، ته‌نها چه‌ند ساته‌وه‌ختی ئه‌زموونی زیندانی خۆی ده‌گێڕێته‌وه‌.