By Salvador Dali

ئەفسانەی پاکیزەیی

ئەفسانەی پاکیزەیی، وەهمی پشکنینی پەردەی کچێتی و “چاککردنەوەی” کچێتی

شیرین عبدوڵڵا


لە کۆمەڵگەی پیاوسالاری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وهەموو ئەو وڵاتانەی ژێر دەسەڵاتی ئیسلام، یەک شت کە ژنان لێی بێ بەشن، ئەویش سەربەخۆییە بەسەر فیکر وهەڵسوکەوت و جەستەی خۆیاندا… بەپێی دابونەریتی کۆنەپەرستانەی کۆمەڵایەتی، هاوژینی و سێکسکردن پێش هاوسەرگیری لەڕووی کۆمەڵایەتی و ئاینیەوە لەم کۆمەڵگەیانەدا بۆ ڕەگەزی مێ قبووڵ نییە و وەک تاوان مامەڵە دەکرێت.  لێرەوە ژن موڵکی تایبەتی پیاوە، وشەرەف وەک بارێکی سایکۆلۆژی پیاو وئامرازێکی کۆنترۆڵ و ژێر دەستەیی ژن، بەستراوەتەوە بە پاکیزەیی ژنەوە. هەر لەکەیەک وە یان گومانێک لەپاکیزەیی ژن دەرەنجامی یەکجار قورسی لێ دەبێتەوە و ەدەبێتە مایەی شەرمەزاری ونەفرەت لێکردن لەبەر لەکەدارکردنی ئابڕووی خێزانی و تووشی توندوتیژی وهەڵوەشانەوەی هاوسەرگیری وتەڵاق وتەنانەت کوشتن بە مەبەستی ‘سڕینەوەی عەیبە’ و ‘بەرگریکردن لە شەرەف’.

دیاردەیەک کە بە ڕادەیەکی بەرچاو لەزیادبووندایە ئەویش پشکنینی پەردەی کچێنی* (غشاء البکارە)، بە مەبەستی سەلماندنی پاکیزەیی کچ لە بەرامبەر مێرد و کەسوکاری ئەودا وە هەروەها کەسوکاری کچەکە خۆیدا. بە هۆی ئەوەی لە ‘بازاڕی هاوسەرگیریدا’ بەهای کچی پاکیزە لەسەرترە، ویان بۆ لابردنی گومان لەسەریان، وە وەک جۆرێک لە “تاقیکردنەوەی کاڵا پێش کڕین”، کچەکان یان لە ڕێگەی پۆلیس و دادگاوە، وە یان بە شێوەیەکی نهێنی لە کەرتی تایبەتدا، ولە هەردوو بارەکەدا، لە ژێر بارودۆخێکی کۆمەڵایەتی بێ ئەندازە گرژ و سەختدا، لەلایەن کەسوکاری خۆیان یان مێردەکانیانەوە، ڕاپێچی پزیشکی دادوەری وە یان کلینیکە پرایڤەتەکان دەکرێن تاکو لێکۆڵینەوە وپشکنین لە ڕابوردووی سێکسیان بکرێت.

بەڵام ئەم پشکنینە، چ ئەگەر لە ڕێی پۆلیس و دادگاوە ئەنجامبدرێت، وە چ بە شێوەی نهێنی لە کلینیکە پرایڤەتەکان، خۆی جگە لەوەی کە سوکایەتی پێکردنێکی تەواوە بەم کچانە وڕیسواکردنیانە، وتووشی بارودۆخێکی دەروونی زۆر سەخت و دژواریان دەکات، وبە جۆرێک لە دەست درێژی جەستەیی دادەنرێت، سەرەڕای ئەمانە هەمووی، لە ڕاستیدا ئەم پشکنینە ناتوانێت هیچ بسەلمێنێت وهیچ بنەمایەکی زانستی نییە. پشکنینی کچێتی تەنها وەڵامێکی سەقەتە بە، وتەعبیرە لە، خۆرافە وجەهلێکی کۆمەڵایەتی مێژوویی سەدان ساڵە وبەردەوامی بەمە دەدات.

بۆ هەندێک لەم گەنجانە کە لە ڕابوردودا تووشی دەست درێژی سێکسی بوون، ئەم پشکنینە دەبێتە هۆی بەبیر هێنانەوەی ڕووداوەکە (یان ڕووداوەکان)  ودووبارەبونەوەی ترۆما وتووشبوونی کێشەی دەروونی کە لەوانەیە بگاتە ڕادەی خۆکوشتن.

چاککردنەوەی پەردەی کچێتی

بە زیاد لەوەی کە ئەم پشکنینە ئازار بەخشە نازانستیە بەربڵاوە لە کۆمەڵگەدا، بەڵکو بەمەبەستی نەهێشتنی گومان و دووبارە درێژەدان بە ئەفسانەکە، چارەسەری ساختەش پەیدا بووە ولەگەشەدایە، ئەویش بە ‘دوورینەوە’ یان ‘چاککردنەوەی’ پەردەری کچێتی**.و هەبوونی ئەم ‘پێداویستیە کۆمەڵایەتیە’ و ئەو بارودۆخە کۆمەڵایەتییە ئاڵۆزەی تیایدا ئەنجامدەدرێت، باشترین فرسەتی خوڵقاندوە بۆ  قۆڵبڕین و کەڵک وەرگرتن وقازانج، کردوویەتی بە کاڵایەکی نموونەیی لە بازاڕی سەرمایەداری نیولیبراڵیدا. چاوپێخشانێکی خێرا بە ئینتەرنێتدا دەریدەخات پزیشک و کلینیکە تایبەتەکان وەک نەشتەرگەریەکی ‘جوانکاری’، کە هیچ سوودێکی بۆ تەندروستی کچەکە نییە، لەنێوان ١٠٠$ – ٤٠٠$  سەد دۆلار بۆ چوار سەد دۆلار بۆ پشکنین و ١٠٠٠$ تا ٣٠٠٠$  هەزار تا سێ هەزار دۆلار بۆ نەشتەرگەری دەستێنن. 

ئەوەی کە ئەم کاڵایە بێ سوودە، یان تەنانەت زیان بەخشە بە کچەکە، وە یان لە ڕووی مۆڕاڵیەوە قبووڵ نییە، ڕێگری نین لەبەردەم بازاڕی ئەم کاڵایەدا ودەسەڵاتدارانیش باکیان نییە و ڕێی پێ ناگرن چونکە لەگەڵ سیستەمەکەدا ناکۆک نییە.

کۆکردنەوەی زانیاری و ئامارەکانی ئەم پشکنین و نەشتەرگەریانە ئاسان نییە لەبەرئەوەی بە شێوەیەکی یەکجار نهێنی ئەنجامدەدرێن و زۆر جار فایلەکانی ئەم کەیسانە لەناو دەبرێت بۆ سڕینەوەی بەڵگە، هەروەها نە کچەکان و نە کەسوکاریان وە نە پزیشک و کلینیکەکان ئامادە نین زانیاری تۆمارکراو بدەن بەدەستەوە. بێگومان لە سایەی ئەم نهێنیکاریەدا ئەگەری زیان پێگەیشتنی کچەکان دوو قات دەبێت، ئەگەر تووشی هەر گرفتێک بن لەئاکامی نەشتەرگەریەکەوە ئەوا بەدواداچونی پزیشکی و هەروەها یاسایی زۆر زەحمەتە بۆیان.

شایانی باسە، نە پشکنینی کچێنی و نە ئەم نەشتەرگەریانەی ‘چاککردنەوەی’ کچێتی، لە هیچ کۆلیژێک و سیستەمێکی پزیشکیدا ناخوێندرێت وهیچ ستانداردێکی زانستی وڕێنمایی (گایدلاین) ێکی پزیشکیان بۆ نییە، هەر بۆیە بەشێوەی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێن و هەندێک جار لە لایەن کەسانێکەوە کە مەرج نییە هیچ ڕاهێنانێکی پزیشکیشیان هەبێت. دووبارە ئەمەش هۆکارێکی کەیە بۆ زیاد بوونی ئاڵۆزی وناڕۆشنی و بارێکی هەستیار کە دروست دەبێت بۆ ئەم کچانە.

بۆچی ئەم پشکنینە هیچ ناسەلمێنێت؟

چەند فاکتێک

پەردەی کچێنی بریتیە لە پارچە پێستیکی تەنک لە ناو زێی مێدا کە کردنەوەیەکی بچوکی تێدایە کە خوێنی مانگانەی لێوە دێتە خوارێ. ئەم بەناو پەردەیە هیچ وەزیفەیەکی بایۆلۆجی وفیسیۆلۆجی نییە، بوون ونەبوونی ئەم پەردەیە بەهیچ جۆرێک هیچ کاریگەریەکی لەسەر تەندروست و هەڵسوکەوت و بەکاربەری هیچ کام لە ئەندامەکانی جەستەی ژن نییە و نەبووە و نابێت، بەڵام گرنگە بزانین ئەو کەسانەی کە پەردەیان بەتەواوی داخراوە وکردنەوەی تێدا نییە، تووشی قەتیسبوونی خوێنی مانگانە دەبن وکیشەی تەندروستیان دەبێت وپێویستان بە چارەسەری پزیشکی هەیە.

جۆرەکانی ئەم بەناو پەردەیە لە زۆرێک لە میدیا و لاپەڕەکانی تۆڕی ئینتەرنەتدا هەیە و لێرەدا نایهێنمەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە  ئەم پەردەیە هەندێک جار ئەوەندە تەنکە کە لەکاتی سێکس کردندا بۆ یەکەمجار وە یان لە ئەنجامی زەبری دەرەکی ئەگەری هەیە بدڕیت، لەوانەیە یەک دوو دڵۆپ خوێن ببینرێت. لە هەمانکاتدا، وبە پێچەوانەی ئەو هەزاران وێنە و دایەگرام و ڤیدیۆ یوتیوبیانەی لە سەر ئینتەرنێت دەبینرێت، ئاوا ساف و ڕێک وپێک نییە، بەڵکو چرچ ولۆچە و قابیلی کشانە، واتە مەرج نییە بدڕێت و خوێنی لێ بێت. ئەم دڵۆپە خوێنەیە کە وەک بەڵگەی بێتاوانی بەکارهاتووە وچەندین سەدەیە کۆمەڵگەی بەشەری حوکم بەسەر ژناندا دەدات وکاتیک ئەگەر ئەم دڵۆپە خوێنە نەبینرێت گومان دروست دەبێت وتۆمەتی ناپاکیزەیی و بێمتمانەییان دەخاتە پاڵ و دۆزەخیان بۆ دادەگیرسێت و پاساو بۆ کوشتنیان دەکرێت بە بیانووی ئابڕوو چوونەوە… جگە لە سێکس، چەندین هۆکاری دەرەکی هەیە کە دەبێتە هۆی دڕاندن یان شکاندنی پەردە. لەوانە کەوتن یان بازهەڵدان، هەندێک جۆری وەرزش وەک سواری ئەسپ وپاسکیل … هتد. ئەم کەسانە کە بۆ یەکەمجار سێکس دەکەن خوێن نابینن.

ئەبێت ئاگاداری ئەوەش بین کە هەبونی خوێن لە کاتی جووت بووندا و یان لە پاش سێکس ودووبارە بونەوەی ئەم خوێنە لەوانەیە نیشانەی نەخۆشیەکانی کۆئەندامی زاووزێ بێت ودەبێت بە بێ دواکەوتن پشکنینی بۆ بکرێت تاکو چارەسەر بکرێت.

 

دژە ژنی بە ڕەسمی

لە کوردستان و لە ئێراق، پشکنینی پەردەی کچێنی “ غشاء البکارە“ لە لای لیژنەیەکی پزیشکی دادگایی کە لە ٣ سێ کەس پێکهاتووە دەکرێت، بێگومان  دوای هێنانی نوسراوێک لە لایەن پۆلیسەوە. واتە لەم کۆمەڵگەیەدا کە کۆنەپەرستی تێدا زاڵە، ئەم پراکتیکە دژە ژنانەیە ڕەسمیەتی هەیە، وژنان وەک تاوانبار سەیر دەکرێن. دەستگاکانی پۆلیس و دادگا لە خزمەتی دابونەریتی پیاوسالاری وکۆنەپەرستیدان، لەکاتێکدا کە ژنەکان هیچ جۆرە پاڵپشتێکی یاسایی وکۆمەڵایەتیان نییە، و ژیانیان بە ڕاستی دەکەوێتە مەترسیەوە. ئەم پراکتیکانە ئەڵقەیەکن لە زنجیرەی توندوتیژی دژی ژن و دەبێت قەدەغە بکرێن، نەک ڕەسمییەتیان پێ بدرێت.

پاش چەندین سەدە لەم کردەوە دژە ژنانەیانە لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٨دا کۆمەڵێک لە ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بانگەوازی قدەغە کردنی پشکنینی کچێتیان دەرکرد، لەبانگەوازەکەیاندا دەڵێن: “کچێتی یان پاکیزەیی وشەیەکی زانستی یان پزیشکی نییە، بیرۆکەی پاکیزەیی شتێکی کۆمەڵایەتی وکولتوری ودینییە، و گوزارشە لە جیاوازی و ژێر دەستەیی ڕەگەزی مێینە لە کۆمەڵگەدا..” ***

بەڵام کێشەکە ئەوەیە، کە هەرچەندە قەدەغە کردنی ئەم جۆرە دەستدرێژیانە بۆ سەر جەستەی ژنان هەنگاوێکی گرنگ و پێویستە، بەڵام بانگەوازێک بە تەنها گۆڕانکاری دروست ناکات و لە توندوتیژی دژی ژنان کەمناکاتەوە. بەڵکو دەبێت کۆتایی بەو بنەما کۆمەڵایەتیانەی کە سەرچاوەی نایەکسانی وتوندوتیژی جەندەرییە بهێنرێت… لە ڕاستیدا، تەنها ڕێگە یەک بۆ زانینی ڕابوردووی سێکسی کەسێک ئەوەیە لە خۆی بپرسیت، بەڵام تەنها کاتێک دەتوانرێت چاوەڕوانی وەڵامی ڕاستەقینە بیت کە ژنان سەربەخۆیی وئازادی تەواویان هەبێت لە هەڵبژاردنەکانیاندا وکاتێک کە کۆمەڵگە ڕێزی تەواو بۆ ئەم ئۆتۆنۆمیەیان دابنێت. بە بەدەستهێنانی ئەم ئازادیە، خۆشگوزەرانی هەمو کۆمەڵگە دەچێتە پێشەوە، وئەو کات پرسیارکردنەکە خۆی دەبێتە جێگەی پرسیار.


پەراوێزەکان 

* پشکنینی پاکیزەیی چییە: پشکێنەرەکە دوو پەنجە دەخاتە زێی کچەکەوە وە یان بە چاو سەیری دەکات و حوکم لەسەر ڕابوردووی سێکسی ئەو کەسە دەدات.

** ئەم “چارەسەرە” شێوازی جۆراوجۆری هەیە؛ هەندێکیان چەند ڕۆژێک پێش هاوسەرگیری، بە دەرزی ودەزوو دوو- سێ تەقەڵ دەدەن لە دیوارەکانی ناو زێی کچەکە، وە یان پارچە پێستێک لەبەشێکی تری ناو زێی بەکاردەهێنن، بۆی لە کاتی جووت بووندا شوێنەکەی بریندار بێت و خوێنی لێبێت.. لە هەندێک وڵات، چەند کەپسولێکی ورد بەکاردەهێنرێت کە دیوارێکی تەنکی هەیە و شلەیەکی سووری تیایە لەخوێن دەچێت، ئەم کەپسولە دەخرێتە ناو زێی کچەکەوە وبەهەمان شێوە وا دەردەکەوێت خوێنی لێ هاتووە.


*** https://www.who.int/news/item/17-10-2018-united-nations-agencies-call-for-ban-on-virginity-testing

 


تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌