Narmin Mustafa – Exhibition Museum of Contemporary Art Sulamani- 06.05-06.06.2017

حسین حه‌مه‌د؛ گۆڕستانی کەسە بێناوەکان


Loading

چیرۆكنوس؛ حسێن حه‌مه‌د

هەناسە بڕکێمە، دەنگی هەناسەم لە نەغمە ناسازەکانی مردن دەچێ، وەک بڵێی مردن بە شوێنمەوە بێ و منیش پەل وپۆم نەبێ بۆ ڕاکردن. درۆ نا، درۆ نەبوو; ڕاست بوو، هەر بەڕاستیش مەرگ هاوهەنگاو لەگەڵم ڕێی دەکرد، ڕێیەک نە من شارەزای بووم نە مردنیش. من ڕامدەکرد، ئەو ڕایدەکرد، یەک شوێن پێ هەبوو. ئەو ڕایدەکرد، من دەوەستام، شوێن پێی نەبوو. من ڕامدەکرد، ئەو دەوەستا، شوێنپێم هەبوو. تارماییە و شوێن پێی نییە، مردن.

لەژێر تریفە و کزە بای ئەو دارستانە پڕاوپڕ لە ترسانەدا چەند سەگێکی هار دوام کەوتوون، سەگ نا، سەگ نەبوون، جەندرمە و پاسەوانانی سەر سنوور بوون. کەوتم، هەڵسامەوە، ڕامکرد، ڕزگارم بوو، لەنێو چاڵێک و لەپاڵ دارێکی غەمبار خۆم حەشاردا. زستان بوو وەلێ نە هەورێک بە ئاسمانەوە بوو و نە کوندەپەپوویەکی چاو ئەبڵەقیش تا وەک سیخوڕێک سیخوڕیم بەسەردا بکا، دارستانێکی کش و مات، ئاسمان تەواو سایەقە بوو. لە جەنگەڵستان ڕامکرد، توشی وەهم بووم، کەوتمەوە جەنگەڵ، دڵنیام دیسانەوە لەو جەنگەڵە ڕادەکەم و دەچمەدەرێ بێ ئەوەی بکەومە ناو جەنگەڵێکی تر. سەرباز نەما، شەو تاریک و تاریکتر دەبوو، بەردەوام بووم لە ڕاکردن. نە ڕێگایەکم دۆزیەوە و نە گەیشتمە کۆتایی دارستانەکەش. لە پڕ هاتە بەرامبەرم، مارمێلکەیەکی لاوازی سیس نا، ورچێکی قاوەیی ورگ زلیش نا، بەڵکو گورگێکی ڕەشی قەترانی بوو. وەستام و شڵەژام، لیکی دەمی ئەو نا، دڵۆپە ئاوی ڕووباریش نا، تنۆکە ئارەقەیەکی ڕوخسارم بوو کەوتە عەرزەکە. درەوشایەوە، ئەستێرە نا، مانگ نا، ڕوناکی فڕۆکەش نا، چاوەکانی ئەو بوو بریسکەیان دەدایەوە. هەنگاوینا و هاتەپێش، خێرا سەیری دەوروبەرم کرد، چەقۆ نا، بەردیش نا، دارێکی نوک تیژی نیو مەتریم هەڵگرت. پڕیدامێ و لێمدا، قەفەسەی سینگی من نا، هی ئەو بوو کون بوو. کەوتە سەر زەوی و پەلەقاژەی بوو، هەناسەی خێرا دەدا، دوا ساتێک بێ یەک و دوو دڵی وەستا. قۆڵی چەپم بریندار بوو، بووم بە بکوژ، هی مرۆڤ نا، هی ئاژەڵێکی کێوی دڕندە. سەرما بوو; بەخۆم دادا، قەمسەڵە نا، بەتانیش نا، پێستی ئەستووری گورگەکە.

کات رۆیشت، منیش لەگەڵ ئەو، تا بوو بە سپێدە. جەنگەڵ تەواو، نەجاتم بوو، لە مردن نا، لە دارستان. دوا تۆزێ رێکردن کەوتمە گۆرستان، نزیک بوو لە دەریا، بۆنێک هاتە نێو لوتم، بۆنی بوخورد نا، بوخورد نەبوو، بۆنی لاشەی بۆگەن بوو. هەندێک بە ئاسمانەوە و هەندێکیش لەسەر کێڵی قەبرەکان نیشتبوون، نەورەس نا، نەورەس نەبوون، سیمورغیش نەبوون، قەڵەڕەشی باڵ ئاڵتونی بوون. دەبوا بە گۆرستان تێپەڕم بۆ چوونە ئەوبەر، ڕۆیشتم بەس بە هێواشی، ئازاری قۆڵم نەمابوو، لەبەردەم گۆرێک ئیستێکم کرد و وەستام، لەسەر کێڵی ئەو مردووە، ناو نا، ناو نەبوو، ژمارە نووسرابوو. مردووی ژمارە 997، لە تەنیشت ئەویشەوە مردووی ژمارە 998، گۆرێک نا، دوو نا، سێ نا، پێنج نا، دە نا، سەد نا، بە هەزاران گۆڕی بێناوی ژمارە لەسەری لێبوو. ئەی هاوار خەریک بوو شێت بم، ئەو هەموو خەڵکە بێناوە چی دەکەن لێرە؟ بۆ لێرە خەوتوون؟ مەگەر کوخێک، کەلاوەیەک، ماڵێک و مەنزلگەیەکیشان  نییە؟!، گەر نیازی خەوتنیان هەبوو هەر هیچ نەبوایە بچووبان لە کۆڵانە تاریکەکانی نیشتیمان خەوتبان نەوەک لێرە.

بوو بە هەور، ئاسمان غەریبانە ڕەش بوو. دەنگی دەریا، قیغەی قەڵەڕەش، گرمەی هەور و دەنگی پێی با، هەر زوو وایان کرد لە گۆرستانی ئەو کەسە بێناوانە بچمەدەرێ، نابادە لەو خەوە قوڵە خەبەریان کەمەوە. لەگەڵ دەسپێکردنی باران گەیشتمە کەنار دەریا، لە دوورەوە لەنێو شەپۆلەکانی دەریا بەدیار کەوت، نەهەنگ نا، نەهەنگ نەبوو، ئەسپی دەریا و ماسی باڵداریش نەبوو، یەختی ئەو قاچاغچییە بوو کە لەگەڵی رێکەوتبووم. لەژێر فرمێسکی هەورەکان چەند سەعاتێک چاوەڕوان بووین، وەک چۆلەکەی ژێر باران، تەواو تەڕ بووین. دوای سێ سەعات، چەندەها خێزان بەدیار کەوتن، کچ و کوڕ و ژن و پیاو و پیرەمێرد بوون، منداڵی شیرەخۆرەشیان لەگەڵ بوو کە لەنێو لانک نەبوایە خەوی لێنەدەکەوت، کەچی ئیستا هێناویانە تا دەریا لە باوەشی خۆی بیخەوێنێ. دەستەسڕی پێ نییە و بەردەوامە لە گریان، هەور. کابرای قاچاغچی هاواری دەکرد سەرکەون، وەلێ تۆفان و با ڕێگەیان بە شەپۆلی دەنگی ئەو نەدەدا تا بگا بە ئێمە. بەڕێکەوتین، شەپۆل و ئاو، پەستان و با، بەیەکەوە بەرپەچی هێزی کێشکردنیان دەدا، تا نوقومی ئاوازی فلووت ژەنە پیرەکانی دەریامان بکا.

ئێمە و چەتە تارمایەکانی دەریا، هاوڕێک لەگەڵ یەک دەڕۆیشتین، لەژێریشمانەوە قڕشە بێحەوسەڵە برسیەکان بە لەنجەولار رێیان دەکرد. یەختەکە هێند قەرەباڵەغ بوو بە حاڵ شوێنمان ببوویە، لەپڕ یەکێک لە دواوی دواوە کەوتە نێو ئاو، نەک هەر یەک کەس; دوان و سیان و تا دە کەسی بە دوا داهات.  مردن نزیکە، من گریام،ئەو گریا، منداڵ گریا، دەریا گریا، لە ترسی مردن نا، لە ترس و توڕەیی ئەو هەورە ڕەشە عەبا لەسەرانە. ئەی نیشتیمانی داماو، ئەی ئەو وڵاتەی هەر پارچەیەکت موڵکی کەسێکە و ئێمەش سەرگەردان، گەر تۆ تیکێک نانت پێداباین ئێستا نەدەبووینە خواردنی ئەو مەخلووقە ئاوییە بێڕەحمانە. دەنگم دەگا و نا،بە نێو با تێدەپەڕێ و تێناپەڕێ، کەس گوێی لێیە یان نا نازانم، من هەور دەکەمە نامەبەر و نامەیەکت بۆ دەنێرم، پڕ بە گەرووم هاوار دەکەم، خۆمان ڕۆ نیشتیمان، ئەی ئەو نیشتیمانەی پەلەی گەرمات دەگاتە پەنجا و قسوور  و هەورەکانیش ناتگەنێ، خوات لەگەڵ نیشتیمانی دایکم، ماڵئاوا  نیش …. تی …. مان …..

تەواو

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین

تێبینی: شێوازی گێرانەوەکەم نزیکە لە شێوازی گێرانەوەی  چیرۆکی ( تارمایی)ی  دابان عەتار.

تارمایی