بەپەرۆشییەوە چاوەڕێی دووەمین ڤیستیڤاڵی فیلمی سلێمانی بووم. لەوێدا زۆر کەسی بەتوانا و جوانم ناسی. لەو ڕۆژانەی دەچووم بۆ بینینی فیلمەکان زۆر فیلمی باش و خراپیشم بینین، لەوانەیە ڤیستیڤاڵی سلێمانیش وەک هەر ڤیستیڤاڵێکی تر بەدەرنەبێت لە نمایشی فیلمی خراپ. ئەمە شتێکی ئاساییە بەو مەرجەی کە فیلمی هونەری ئاست بەرزیشی تێدا نمایش بکرێت. من تا ئەو ساتەی فیلمەکەی دەرهێنەری بەتوانا و چێژمەند پەروێز ڕۆستەمی ”داهۆڵەکانیش دەمرن” (The Scarecrows Also Die)م نەبینی، هیچ بڕیارێکم نەدابوو کە لەسەر فیلمێکی ئەم ڤیستیڤاڵە بنووسم.
پەروێز ڕۆستەمی فیلمسازێکی کوردە، لە هەورامانی تەخت، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٧٥ەوە بە کاری هونەرییەوە خەریکە و هونەرە بینراوەکانی لە زانکۆ خوێندووە. ڕۆستەمی زیاتر لە ٢٥ خەڵاتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدەست هێناوە. یەکەمین فیلمی خۆی بەناوی ”گۆرانی وتن بۆ ڕووبارەکە” لە ساڵی ١٩٨٠دا دەرهێناوە. پاشان زیاتر لە فیلمی بەڵگەنامەیی (دۆکیۆمێنتاری)دا ئیشی کردووە، تاکو ساڵی ١٩٨٥ شەش کورتە فیلمی دروستکردووە. دواتر فیلمی داستانی دەرهێناوە کە فیلمی ”داهۆڵەکانیش دەمرن” یەکێکە لە فیلمە درامی و داستانییەکانی.
دوای لێڕوانین لەم فیلمە بەتەواوی کاریگەری لەسەردانام بەهۆی ئاست بەرزی و قاڵبوونەوەی توانای دەرهێنەر لەم کورتە فیلمەدا. دواتر پەیوەندیم بە دەرهێنەرەوە کرد، بۆ ئەوەی هەندێ قسە لەبارەی فیلمەکەیەوە بکەین ئەویش بە خۆشحاڵییەوە ئامادەیی خۆی نیشاندا و هەر لە ڕۆژانی ڤێستیڤاڵەکەدا گفتوگۆی فیلمەکەیمان کرد. باسی زۆر لایەنیمان کرد، ئەوەی جێی سەرسورمان بوو وەک خۆی باسی کرد زەحمەتی و ماندووبوونی دەرهێنەربوو، کە هۆکاری زۆر هەن بۆ ئەمە، بە ئیمکانیەتێکی کەمەوە فیلمێک لەو ئاستە بەرزە دروست بکات. ئەمە یەکەم نووسینمە کە لەسەر فیلمێکی کوردییە و لەسەر دەرهێنەرێکی بەتوانای کوردە، کە بۆ من جێگەی شانازی و خۆشحاڵییە. دوای گفتوگۆکەمان هیوام خواست و بە شایەنی ئەوەم زانی کە فیلمەکەی خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی کوردی ببات. بەخۆشحاڵییەوە دیارە دادیارانی ڤیستیڤاڵەکەش بەشایەنی ئەمەیان زانی و خەڵاتەکەی بردەوە.
ڕەنگە زۆرێک بپرسن ئایا کورتە فیلمێک شایەنی ئەوەیە کە نووسینێکی لەو شێوەیەی لەسەر بنووسرێ؟ بەلای منەوە لە سینەمادا کورتە فیلم گرنگی و بەهای خۆی هەیە، چونکە سەرەتای مێژووی سینەما بە کورتە فیلم دەستی پێکردووە، لە ئێستاشدا بووە بە بەشێکی گرنگ لە سینەما. هەروەها بە بۆچوونی من کورتە فیلم کارەکەی زۆر سەختترە لە فیلمی درێژ، چونکە کورتە فیلم زۆر دوور ناڕوات، دەبێت دەرهێنەر لە کەمترین ماوەدا پەیامی خۆی بە لێڕوانەر بگەیەنێ و کاریگەری لەسەر دابنێت، بۆ ئەوەی لێڕوانەر هەست بکات لە کارێکی هونەری دەڕوانێت. هەربۆیە کورتە فیلم ئیشکردنێکی پڕ وزە و زۆر چڕ و وردی هونەرییانەی دەوێت. کورتە فیلمی (داهۆڵەکانیش دەمرن) هەموو ئەو ئەدگارانەی تێدایە، بۆیە ئاستێکی هونەری زۆر باڵای هەیە.
فیلمەکەی پەروێز ڕۆستەمی کورتە فیلمێک بوو بە زمانێکی بێدەنگ، بەبێ دیالۆگ، بەڵام پەیامێکی زۆری پێدام کە پڕ وتەی نەوتراو بوون. لەم فیلمەدا دیمەنەکان سام و سەنگینییان هەیە، بەجۆرێک لێڕوانەریان هۆشسام دەکرد کە لە ئاستیاندا بوەستێ. ئەم فیلمە سەرەڕای بێدەنگییەکەی، بەڵام هەموو دیمەنەکانی بەشێوەی سینەماتۆگرافی خۆیان دەدوێن و هۆشی لێڕوانەر دەبزوێنن.
ئەم فیلمە ناونیشانێکی سیمبولی هەیە ”داهۆڵەکانیش دەمرن” ئەم ناونیشانە ئاماژەیە بۆ ئەوەی لەکاتی جەنگ و هەژەندەکاندا سروشت، ژینگە، ئاژەڵ و باڵندەکانیش دەمرن، لێرەدا داهۆڵ بووە بە سیمبول بۆ ئەم مردنە. ئاخر لە جەنگدا کاتێک مرۆڤ دەمرێت، ئەوا ئاژەڵ و باڵندەکان، تەنانەت داهۆڵەکانیش لەگەڵیدا دەمرن. دەرهێنەر لە هەڵبژاردنی ناونیشان و ئەکتەرەکاندا سەرکەوتووبووە، لە ڕێگەی ناونیشانەکەیەوە توانیویەتی ناوەڕۆک و پەیامی فیلمەکە بە لێڕوانەر بگەیەنێت. هەروەها هەردوو ئەکتەرەکە ئەماتۆرن بەو واتایەی ئەکتەری ئەکادیمی و پرۆفیشناڵ نین، ئەکادیمیانە خوێندبێتیان، بەڵکو ئەمە دەرهێنەرە ڕووحی کوردی لەناو ئەواندا ڕۆشن و بێدارکردۆتەوە.
”داهۆڵەکانیش دەمرن” فیلمێکی درامی داستانییە بە چیرۆکێکی کوردییانەی کامڵەوە باس لە دووهاوژینی پیر دەکات کوڕەکەیان و هاوژینەکەی لە ڕۆژی هاوسەرگیرییان لە بۆردومانێکدا لەکاتی جەنگی عێراق و ئێراندا لەدەستداوە، سەرەڕای ئەم هەژەندە هاوژینە پیرەکان ئومێدی ژیانیان لەدەست نەداوە. ئەمە مردن نییە دوای مردنی کەسی ئازیز کە لە کۆمەڵگای کوردیدا زۆر باوە، بەڵکو ژیانە بۆ جوانکردنی ئەو شوێنەی کە تێیدا دەژین. بەبێ ئەوەی ئەو هەژەند و مردنە لەبیربکرێ. لەو دیمەنەدا کە دایکەکە داهۆڵەکانی هەڵگرتووە، ئەمە وەک یادکردنەوەی لەدەستدانی کوڕ و بوکەکەی دەردەکەوێت.
لەم فیلمەدا پەیوەندی مرۆڤی کورد لەگەڵ سروشت لەگەڵ ژیان، پەیوەندییەکی ساغە بەو هەموو سەختی و شەڕەی لەنێویدا دەژین. هەروەک چۆن دەرهێنەر ویستویەتی وێنەیەکی جیاواز نیشان بدات، مرۆڤێکی بەقوربانیکراو نیشان نادات لە بەرگی کارەکتەرەکانیدا، بەڵکو ئەو وێنە گشتییە تێدەپەڕێنێت کە هەندێ لە دەرهێنەر و فیلمسازەکان بۆ تاکی کوردیان وێناکردووە و لەنێویدا بەچەقبەستوویی ماونەتەوە، بەوەی کە تاکی کوردی مەرگخوازە یاخود وەک قوربانی نیشانی دەدەن. بە پێچەوانەوە دەرهێنەر ویستویەتی دیوێکی تری ژیانی کورد نیشانبدات، تاکێکی پڕ ئیرادە و ژیاندۆست نیشان بدات، بەو غەمگینییەی لە ڕووخساریاندا دیارە بەڵام ئومێد و هیوای داهاتوو لەنێو چاوەکانیاندا دەدرەوشایەوە. تۆ کاتێ ئەو ئیرادە و هێزە پڕ ژیانە دەبینیت لەنێو ڕۆڵی کارەکتەرەکاندا تێدەگەیت لەو هێزە بەرەنگارییەی تاکی کوردی کە بەرانبەر بە داگیرکارانی و شەڕ و سەختییەکان هەیەتی، سەرەڕای هەموو ئەمانە توانیویەتی بمێنێتەوە و بەردەوام بێت.
دوو کارەکتەرەکە پاشماوەی ئەو چەکانەی بەجێماون یاخود گوللە تۆپەکان کۆدەکەنەوە و ڕەنگیان دەکەن و گوڵ و سەوزایی تێدا دەچێنن، یاخود گوللەکان دەکەنە کەرەستەی پێوستی و سادەی ڕۆژانە وەک تەپلەکی جگەرە، کەواتە هونەر دەتوانێت ئەرک و کارایی کەرەستەکان بگۆڕێ، ئاخر گوللە تۆپەکان پێشتر بۆ کوشتن و لەناوبردن بەکارهاتوون، ئێستا کراون بە کەرەستەی ڕۆژانە. هەموو ئەمانە ئیشکردنێکی وردەکارانەی دەبەخشییە فیلمەکە.
لەم فیلمەدا، هەست بە هاوسەنگی و هاوتایی جێندەری دەکرێت، چونکە (دوو هاوژینە پیرەکە) وەک یەک ڕۆڵیان لەنێو ژیانیاندا هەیە. هەردووکیان هاوشانی یەکدی قەوانی گوللە تۆپەکان ڕەنگ دەکەن و گوڵی تێدا دەچێنن. هەروەها دەکرێ بڵێم ئەمە ژیاندۆستی، ژینگەدۆستی و ئاشتیخوازی مرۆڤی کورد پیشان دەدات. هەروەک چۆن دیمەنەکان بەشێوەیەکی زۆر وردچنراون هیچ پچڕان و کەلێنێکیان تێدانییە کە لەپڕ بکەویت بەسەر دیمەنێکی تردا، چونکە لە هەندێ فیلمی کوردیدا ئەم پچڕانە زۆر بەڕوونی بەدیدەکرێ، ئەمەش باگراوەندی هونەری و مەعریفی دەرهێنەر نیشاندەدات. هەروەها بۆ مۆنتاژکردنێکی باش دەگەڕێتەوە هەروەک تیۆریزانی فیلم ڤێرتۆڤ ئایزنشتاین دەڵێ: ”مۆنتاژ شادەماری فیلمە”. بۆ من جووڵەی کامێرا و نیشاندانی دیمەنەکان بەو ڕیتمە هونەرییە لێکگرێدراوە زۆر جێی سەرنج بوو، دواجار گشت دیمەنەکان لە فەزایەکی پڕ ڕەنگدا نیشاندەدرێن، چونکە شوێن و فەزای فیلمەکە زۆر پڕ ڕەنگ و سادە و جوان بوو. هەروەها دەنگی سروشت هاوسەنگییەکی جوانی لەگەڵ نیشاندانی دیمەنەکاندا هەبوو.
تهواو